10.01.2012

 

کارئەکتەری ئازاد

لە بابەت (یانزە خولەک)ی (پاولۆ کۆیلۆ) وە

هۆشەنگ شێخ محەمەد

٠٨/١٠/٢٠١١

 

 

لە خوێندنەوەی ئەو رۆمانانەی بە تایبەتی لەو دوو ساڵەی دواییدا کردوومن، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان رۆمانی کوردی و رۆمانە وەرگێڕدراوەکاندا دەبینمەوە. قووڵایی و فراوانی چیرۆکەکان و کەسێیتی کارئەکتەرەکان و ئەو رستە و ئاماژانەی نووسەر دەیانداتە خوێنەر جیاوازی گەورەیان لە نێواندا هەیە. نووسەری کورد هەمیشە گیرۆدەی خۆیەتی و ناتوانێت دەسبەرداری دەنگ و کەسێیتی و بیروباوەرەکانی خۆی بێت و بەسەر کارئەکتەرەکانیدا نەیسەپێنێت. نووسەری کورد هەمیشە فەلسەفەی خۆی، نەوەک ژیان، دیدی خۆی نەوەک ئی کارئەکتەر دەداتە خوێنەر. دەق دەبێتە دەقی نووسەر، نەوەک ئی کارئەکتەر. بۆیە من دەمێکە بیر لەوە دەکەمەوە، رۆمانێک بنووسم و زۆربەی کارئەکتەرە دەستبەسەرەکانی رۆمانە کوردییەکان لە دەست نووسەرەکانیان ئازاد بکەم!

چێژی خوێندنەوەی رۆمانە بیانییەکان لەیەکەم پنتدا ئەوەیە کە دەگەڵ کارئەکتەرێکی ئازاد خەریک دەبین، دەنگ و رەنگ و شەمایلی نووسەرمان لێ بزردەبێت. دەگەڵ کەسێکی ئازاد لە نووسەر دەگەڕێین و بە ژیان وەردەبین.

(یانزە خولەک)ی (پاولۆ کۆیلۆ)، یەکێکە لەو رۆمانانەی کە خاوەن کارئەکتەرێکی ئازادە لە دەسەڵاتی نووسەر. بۆ زانین کاتێک (کارئەکتەر) _ یان ئەوەی نووسەری کورد پێێ دەڵێت:" پاڵەوان"_ ئازاد نەبێت، ئەوە دەبێتە کەس. لە نێوان کەس و کارئەکتەریشدا جیاوازییەکی زۆر هەیە. کارئەکتەر ئەو زیندەوەرە ئازادەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی نووسەر لە پرۆسەی نووسیندا لە نێو رۆماندا خۆی خەلق دەکات و بە ئازادی ژیان دەکات. بەڵام کەس ئەو کۆیلەیەیە کە ئەرکەکانی نووسەر جێبەجێ دەکات بێ ئەوەی خۆی دەستی لە رووداوەکاندا هەبێت. کارئەکتەر رۆمان درووست دەکات. وەلێ رۆمان کەسەکان درووست دەکات. ئەمەش هەمووی پێوەستە بە خود و عەقڵ و روانینی نووسەرەکانەوە، کە بەداخەوە لە نێو رۆمانی کوردیدا کارئەکتەرێکی ئازاد و سەربەخۆم نەدیووە کە دەستی لە نووسەر ستاندبێت و خۆی رۆمانەکەی خۆی تەواو بکات! " کۆیلەکانی" رۆمانی کوردی لەدەست نووسەرەکانییانەوە ئازاد نەبوون و تا ئەو ساتەش کارئەکتەرێکی ئازاد لە دایکنەبووە.

دوای ئەوەش ئەوەی تێبینیم کردووە، لە نێوان کارئەکتەرەکانیشدا دوو جۆر کارئەکتەر هەن، یەکەمیان (ئەخلاقگەر) دووەمیشییان (نائاخلاقی) کە جیاوازی ئەو دوو کارئەکتەرەش ئەوەیە، یەکەمیان لەبەرامبەر (باشی و خراپی) شت و روودا و هەڵسوکەوتەکان هەڵوێست وەردەگرێت و لەبەر رۆشنایی وتاری دینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و رۆشەنبیری بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت و هەڵویستی خۆی واتە ئەخلاقی خۆی رادەگەیەنێت. بێباکانەش دەتوانێت درۆ، فێڵ، بەدرەوشتی، تاوان و هەر کارێکی خراپ ئەنجام بدات لە پێناو باشی واتە بەرژەوەندی خۆیدا.

بەڵام نائاخلاقی کەسێکە، ئازادە لە (باشی و خراپی)، هەڵوێست وەرگرتنی لە سۆنگەی بەرژەوەندییە مادی و رەمزییەکانەوە نییە، ئەو کەسێکە بڕوای بەو چەمکانە نییە کە لە بازنە ئەخلاقییەکاندا واتە لە سنووری وتارە دینی، سیاسی و هتد...، دەسوڕێنەوە. بڕواشی بەو بەهایانە نییە کە لەو بازنەیەدا لەدایک دەبن بۆ ئەوەی دواتر بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریان بێنێتەوە.

جیاوازی ئەو دوو کارئەکتەرە، جیاوازی دوو عەقڵییەت و جۆری بیرکردنەوەیە، جیاوازی دوو بینین و تێگەیشتنە بۆ مرۆڤ و چەمکەکان و دواتریش بۆ نووسین و رۆمانیش.

لە رۆمانی کوردیدا، کەسی کورد، چونکە هێشتا پێی نەناوەتە قۆناغی کارئەکتەریی، بۆیە هێشتا لە سنوورەکانی ئەخلاقگەریدا ژیان دەکات. نووسەری کوردیش هەر کەسێکە و لەو کەشوهەوا ئەخلاقگەرەدا هەناسە دەدات، بۆیە نابێتە کارئەکتەرێکی نائاخلاقی. بە ئاسانی دەتوانێت بێ ئەخلاق بێت، بەڵام نائەخلاقگەر نابێت.

ئەو رۆمانە، کارئەکتەرەکەی نائەخلاقگەرێکە بە بڕوا و دیتنە تایبەتییەکانی تێکەڵ بە ژیان دەبێت، بێ ئەوەی تۆڕی وتارە دینی و سیاسی و کۆمەلایەتی و کەلتووری و رۆشنبیرییەکان بەندی بکەن. ئەو بە بەها تایبەتییەکانی خۆی لە خۆشەویستی دەگەڕێت.

ئەگەر گەڕان لە خۆشەویستی چیرۆکی ئەو رۆمانە بێت و ئەو بابەتە بێت کە ئیرادەی کارئەکتەرەکە پاڵدەداتە پێشەوە، ئەوە ئەو گەڕانە لە سنووری هیچ بەها و شەرم و سنوورێکدا گیر ناخوات. کارئەکتەرەکە بە گیانی کەسێکی زیندوو، چالاک، ئازاد و بەڕەڵا گەڕان و سۆراخەکانی دەکات. بێ ئەوەی سنووری دین، وڵات و پێست و کەسەکان رایبگرن. گەڕانەکە هەر لە گەڕانی "سۆپەرمانی" (نیتچە)دەکات. کەسێک کە خودا دەکوژێت و شێواز و ناوەڕۆکێکی نوێ بە بەها و چەمکەکان دەبەخشێت.

(ماریا) بە سرووشتی بێگەردی خۆی، لە ئیڕادەی خۆیدا ئازادە لە (کچێنی، کەنیسە، ماڵ، وڵات، مشتەرییەکان، سەفەر، دەست بەردان لە پارە،کار و کەسەکان) بێ ئەوەی خەمبار بێت یان دڵخۆش، تاکە شتێک کە دواتر دەستبەرداری نابێت، (خۆشەویستییە) بەڵام ئەویش بە ئەخڵاق وئیڕادەی تایبەتی خۆی، نەوەک بە کاریگەری وتارێک.

دوای خوێندنەوەی ئەو رۆمانەش، ئەوەم بۆ دەرکەوتەوە، کە (نیتچە) وەکچۆن لە پشت (هێوری، میلان کۆندێرا) و وەکچۆن لە (له‌ ئاوێنه‌یه‌كدا، له‌ نهێنییه‌كدا ی یۆستاین گاردەردا) یە،ئەوە زۆر بەهێزیش لە پشت کارئەکتەری (ماریای یانزە خولەک)دایە.

بۆ من وەک رۆمان ئەوە یەکەم خوێندنەوەم بوو بۆ پاولۆ کۆیلۆ، وەلێ درکم کرد، کە کەسێکە دیدە فراوان و بەرچاو رۆشن. لە یازدە خولەکدا سەبارەت بە ژیان و مرۆڤ زۆر قسەی کردووە،تێگەیشتنێکمان دەداتێ کە ئەویش ئەوەیە، مرۆڤەکان بە پیاو و ژنەوە لە دوو خۆشەویستیدا دەگەڕێن، رەنگە بیدۆزنەوە و رەنگە نا، وەلێ گەڕانێکی بەردەوام هەیە و سێکس و کار و پارە و شەڕ و ئاشتی و سەفەر و بە کورتی ژیان لەو پێناوەدایە. مەسەلەکە تەنیا سێکس نییە، تەنیا یازدە دەقەی سەرگەرمی نییە لەگەڵ لەشفرۆشێکدا.

یازدە دەقە لە بابەت کۆمەڵێ بابەتی گرینگی وەک (خۆشەویستی، چێژ، ئازار،رۆژئاوا، ئەمریکای لاتین، سێکس، کار، لەشفرۆشیی، سەفەر،گەڕانەوە، رەوشت و زۆر بەهای تر) قسە دەکات، بەلام لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە لەسەر زمانی ماریا، ئەو کارئەکتەرەی لە سۆپەرمانی نیتچە نزیکە دەریاندەبڕێ. چونکە زۆر رۆمان و بەرهەم و نووسەر دەتوانن باسی ئەو بەهایانە بکەن، وەکچۆن فەیلەسوف و سیاسی و مامۆستای دینی و کۆمەڵایەتیش دەتوانن باسیان بکەن، وەلێ جیاوازی ئەدەب لە کایەکانی دیکە و رۆمان لە ژانرەکانی دیکە و بەرهەمی بیانی لە کوردی و جیاوازی پاولۆ کۆیلۆش لە نووسەرانی دیکە ئەوەیە کە چۆن باسی دەکات؟ بە تایبەتیش کۆتایی رۆمانەکە کە بەتەواوی لە دەستی پاولۆ کۆیلۆش دەردەچێت و خۆشی ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کا (ماریا) چی دەکات؟! بۆ من ئەو کۆتاییە دەستەوەستانی نووسەرە لەبەردەم کارئەکتەردا، وانەیەکیشە بۆ نووسەرانی کورد ئەوانەی خۆیان پێ پاڵەوان و قارەمان و ئەو جۆرە ناوانەیە و لە کاتێکدا کە تەنیا لە بچووکترین گۆشەی دنیادا گیرۆدەی وێنەی خۆیانن، ناتوانن کەسەکانییان بگەیێنە ئاستی کارئەکتەریی. ئەوا پاولۆ کۆیلۆ بەو هەموو فرەوانی و قووڵاییەی خۆیەوە ناتوانێت کارئەکتەرەکەی لە بندەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و بەو رێیەدا بیبات کە منی خوێنەر یان ئەوی نووسەر دەیەوێت.

(ماریا) نزیکترین کارئەکتەرێکی نائەخلاقییە و تەنیا خۆی سنووری کار و جەربەزەیی و ئەزموونەکانی خۆی دیاریدەکات، نە دین و نە کۆمەڵگە و نە کەسەکانی تر بەشدارنین لە نەخشاندنی رێگەکانی. خۆی سەروەری خۆیەتی، بە ئیڕادەی خۆیەوە دەچێتە باوەشی دنیا _سەفەرکردن بۆ سویسرا_ بە ویستی خۆی دەچێتە باوەشی پیاو _ هەڵبژاردنی کاری لەشفرۆشی_ بە خواستی خۆیشی داهاتووی خۆی دەستنیشان دەکات _ بڕیاری گەڕانەوە بۆ بەڕازیل و درووستکردنی کێڵگەیەک_ تەنیا خۆی بڕیاردەری چارەنووسی خۆیەتی.

پاولۆ کۆیلۆ، بە شێوازێکی زۆر سادە، بێ فەلسەفاندن، بێ پێچوپەنا رووداوەکان دەگێڕێتەوە. وەلێ بەهێز. نزانم زمانە ئەسڵییەکەی ئەو رۆمانە چۆنە، چونکە من بەکوردی ئەیخوێنمەوە. دەتوانم قسە لەسەر کوردییەکەی بکەم، بەلام کوردییەکە زمانی پاولۆ کۆیلۆ نییە، ئەگەر نا هەر چ نەبێت دەمووت دەبوایە ناونیشانەکەی (یازدە خولەک)بووایە، نەوەک (یانزە خولەک) چونکە (یازدە، کۆکراوەی یاز و ژمارە "دە"یە، وەلێ یانزە کۆکراوەی چ ژمارەیەکە، لای من دیار نییە) وەلێ زمانەکەی هیچ پاولۆکۆیلۆ هیچ قسەی لەسەر ناکەین، بەلام ئەوە دەڵێین کە شێوازەکەی ئەوەندە ساکارە، کە گێڕانەوە و نووسینی رۆژانە و دیالۆگی کورتی تێدایە. بە شێوەیەکی دینامیکی رووداوەکان گەشە دەکەن و سەردەکەون و دێنە خوارەوە. واتە هیچ لە رووی شێوازەوە سنوورشکاندنێکی وای تێدا نییە وەک بۆ نموونە وەک لە (هێوری، میلان کۆندێرا دا هەیە)، بابەتەکانیش وەک وتمان زۆربەی کەس و نووسەران دەتوانن باسیان بکەن. وەلێ خالی جیاواز و بەهێزی ئەو رۆمانە ئەوەیە، کە ماریا رۆمانەکە دەنووسێتەوە، نەوەک پاولۆ کۆیلۆ. کە ئەوەش گرانترین و قورسترین کارە پاولۆ کۆیلۆ ئەنجامیداوە و ئەمەش رۆمانەکەی جیاواز و بە بەها کردووە.

خوڵقاندنی کارئەکتەر کارێکی ئەوەندە قورس نییە لە رۆمانێکدا، وەلێ ئەوەی رۆمانەکە دە دەستی کارئەکتەرەکە بنێیت و ئەو بە هەوەست و ویست و ئیڕادەی خۆی بەڕێوەی ببات، ئەوەیان کارێکی سەختە، کە لێرەدا پاولۆ کۆیلۆ بەسەرکەوتوویی ئەنجامیداوە. سەرکەوتنەکەش بۆ خودیی کارئەکتەرەکە دەگەڕێتەوە، کە بە ئیڕادەیەکی ئازاد، نیمچە سۆپەرمانانە ژیان دەکات.

 

 

پاولۆ کۆیلۆ.

یانزە خولەک

لە ئینگلیزییەوە: ئەیوب نوری

چاپی سێیەم ٢٠١١

خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی قانع

 

 

 

 

 

 Copyright (2008) Roshenbiry.com