(تەمی
خۆر) رۆمانێکە، وەرگێڕ (ئەنوەر محەمەد ئەحمەد) لە ئەڵمانییەوە
وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کوردییەکی چاک و رەوان، هەروەک کارەکانی
دیکەی چونکە وەرگێڕی نێوبردراو، کاری دیکەی چاکیشی لە ئەڵمانییەوە
وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی هەروەک رۆمانی (ئیسکەندر)* ی هەمان
نووسەر، (لهبهر دهرگهى دهرهوه- ى ڤۆڵڤگانگ بۆرشێرت)** جێگەی
سرنج و ستایشە کە وەرگێر کاری چاک هەڵدەبژێرێت و چاکیش دەیانکاتە کوردی.
هێرمان شۆڵتز، لەو رۆمانەدا، بە جیاواز لە رۆمانی (ئیسکەندەر)، بەڵام
نزیکیش لە بیرۆکەکانی خۆی سەبارەت بە ژیان و ژیانکردن و بیرکردنەوە لە
ژیاندا، چەندین کەسیێیتی ئەڵمانی دیکەمان پێ دەناسێنێت، کە بە
گەرمییەوە سەرگەرمی ژیانن، کارئەکتەرە سەرەکییەکەی (ئالفرێد، یان
فرێدی) تەمەن پازدە ساڵیی، دەتوانێت بە کار و کردەوە و حەز و خولیاکانی
بۆ کۆتر و خۆشەویستی و وێنە و خەڵک و مەلەوانی و برادەرایەتی و دین و
ماڵ و باخچە و ژن و پاسکیل و هتد...، وێنەی ژیانێکی ریالیستی پڕ
رووداومان پێ ببەخشیت، رووداو گەلێک کە روویەکی دیکەی ژیانمان پێ
دەناسینن، روویەک کە فرێدی دەیبینێت و هەستی پێ دەکات و تێیدا بە قووڵی
دەژیێت.
ئەم رۆمانە سەرچاوەکەی رووداوە، هێرمان شوڵتز خۆی لەهەر ناسنامە و
پێناسەیەک بۆ چەمک و بابەتەکانی ژیان دا گرتووە، هیچ فەلسەفەیەک و
تەنانەت روانینێک و رایەکی راستەوخۆش لەسەر ژیان و ناوەکان و چەمکەکان
پێشکەس ناکات، هەر بۆ نموونە ئەگەر ئەو رۆمانە بە رۆمانی (ئۆلگا
بۆڕدینۆڤا)***ی زانا خەلیل بەراورد بکەم، _چونکە بەم دواییە
خوێندوومەتەوە_ ئەوە ناتوانین هەست بەوە نەکەین کە کارئەکتەرەکان چەند
جیاوازن لەم رووەوە، ئەوەی (ئۆلگابۆرۆدینۆڤا) ش زێتر لە رێی رووداوە
خۆی نمایش دەکات، بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام پێناسەکانی خۆی لەسەر
ژیان پاتە دەکاتەوە، بەڵام کارئەکتەری (تەمی خۆر) تاکە پێناسەیەکی
راستەوخۆش پێشکەش ناکات، بەڵکو ئەوە ئێمەین بە ناراستەوخۆ لەوە دەگەین،
کە ژیان لای ئەو کارئەکتەرە سەرگەرمیی و هەستکردن و شلبوونە بۆ خواست و
حەزەکانی کەسەکان. هەرچەندە ئەو رۆمانە سەرتاپای رووداوە، بەلام نەبۆتە
رۆمانێکیش ڤاڵا لە هەڵوەستەکردن و گەڕان بە نێو کۆمەڵێ بەڵگە و ئاماژەی
هزری و وەستان لەسەر ئەڵمانییای (هیتلەر) و دوای (هیتلەر) و
کاریگەرییەکانی پەروەدەی نازییەکان لەسەر نەوەیەک، کۆمەلێ ئاماژەی
ئاشکرا و راستەوخۆی لەوبارەوە تێدایە، بۆیە (تەمی خۆر) وەک بۆ نموونە
(شەش ساڵ لە ناو ژنە وەحشییەکانی ئەمازۆن) **** وەرگێڕاوی (زاهیر رەشید
پور)ی لێنەهاتووە، کە سەرتاپای نووسینەکە(٩٠٠ لاپەڕە) هەمووی رووداوە و
بای یەک هەناسەش خوێنەر هەڵوەستە لەسەر هزرێک ناکات.
(تەمی
خۆر) وێنەی ژیانە لەبەر تەمدا، تێیدا رووداو و کەسەکان، وەک ئەوەی لە
نێو تەمدا بن. هەوڵدەدەن رێگەیەکی روون بدۆزنەوە و بیگرنە بەر، بۆ
ئەوەی بە هەست و هزر و دڵ و خۆشەویستییەوە بژین و هەناسە بدەن. وەک
(ئەسکەندەر) رۆمانێکی ژیاندۆستە و ئەوەندەی باسی ژیانکردن دەکات،
ئەوەندە بیر لە ژیانکردن ناکاتەوە. ئەیوێت نیشانمان بدات، لە شوێنێکدا
مرۆڤەکان دوای شەڕ و مردن و بزربوونی هەزارەها کەس، سەرگەرمی ژیانن.
راستەوخۆ خۆیان دەخەنە نێو جەرگەی ژیان و هەر لەو پێناوەشدا سەفەر
دەکەن و دەگەڕێن و پێوەندییەکی توند لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندە و کەسەکان
درووست دەکەن.
تەمی خۆر. رۆمان
نووسینی هێرمان شوڵتز.
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد.
بڵاوکراوەی ئاراس، ژمارە ٨٠٧
چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٨
*
ئیسكهندهر/ هێرمان شۆڵتز، وهرگێرانى: ئهنوهر محهمهد ئهحمهد،
بڵاوكراوهى ئاراس. ژماره 802، چاپى یهكهم، ههولێر 2008
**
لەبەردەرگەی دەرەوە، ڤۆڵڤگانگ بۆرشێرت، وهرگێرانى: ئهنوهر محهمهد
ئهحمهد.
***
زانا خەلیل ، ئۆڵگا بۆرۆدینۆڤا، رۆمان، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٧،
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.
****
مەنوچێهری مۆتیعی، شەش ساڵ لە ناو ژنە وەحشیەکانی ئەمازۆن، وەرگێڕانی
زاهیر رەشید، بەرگی یەکەم و دووەم، بڵاوکراوەی خانەی چاپ و
بڵاوکردنەوەی چوارچرا ٢٠٠٦