سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: ئیدۆلۆژی نه تهمێکه به‌سه‌ر چیرۆکدا بکشێ، نه به‌ربه‌ستی داهێنانه، گرفت له چۆنێتیی رِوانگهی نووسه‌ره
سازدانی: رِابهر فاریق و شالاَو حه‌بیبه
پرسیار: به پێچه‌وانه‌ی –ده‌سپێك–ه‌وه، لای ئێمه "كۆتاییی چیرۆك" هیچی له باره‌وه نه‌گوتراوه، هیچ شرۆڤه‌یه‌كی تیۆریی له‌و باره‌یه‌وه نییه، بهلاَم ده‌بینم تۆ له كتێبی دووههمت دا، یانی له كتێبی (كاتێك كرمی ئاوریشم باڵ ده‌گرێ) و –بۆ نموونه– له چیرۆكه‌كانی (دره‌وشانه‌وه‌ی تاریكی، پێیان بڵێن په‌پووله‌كان نه‌كوژن، سه‌رچاوه و فه‌رامۆشی، مه‌یلی فرِین، پێم خۆشه پێ بكه‌نن)دا، له نێو كۆی كۆمه‌ڵێك چیرۆكی كورتدا، گرنگیی به‌رچاوت به كۆتایی داوه، به جۆرێك كه ئه‌فسوون و خاڵی وه‌رچه‌رخانی چیرۆكه‌كه ده‌خه‌یته كۆتایییه‌وه. ئه‌م پرِۆسهیه له ئاگاییتدا چۆن ئیشی تێدا ده‌كرێت؟ یاخود كۆتاییی چیرۆك چۆن ده‌توانێت ببێته خاڵی وه‌رچه‌رخان؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: من باوهرِم به‌وه هه‌یه که كه‌سێتیی چیرۆک نابێ کۆیله‌ی نووسه‌ر بێ، من کۆتایی به سه‌ر هیچ چیرۆکێکم دا داناسهپێنم، ئه‌وه كه‌سێتییه‌کانی ولاَتی چیرۆکن که جوغرافیای خۆیان دیاری ده‌که‌ن... کۆتایی به لای منه‌وه زۆر گرنگه، خاڵێکه، که خوێنه‌ر لهوێرِا ده‌چێ له خه‌یاڵ و فیکره‌وه و درێژه‌ی ئاکامی چیرۆک له ژیانی خۆیدا ده‌دا... له چیرۆکی (فریشته‌یه‌کی چاو به گریان)دا، من باسم له تفه‌نگێکی جووت لوول کردووه، ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی له کۆتایی دا "سه‌روان ئهردهلاَن" له عاله‌می مه‌ستیدا هاوکات ته‌قه له دوو که‌س بکا، یان له (دروه‌شانه‌وه‌ی تاریکی)دا ئه‌وه رِوحی تاریکی که‌سێتییه‌کان بوون کۆتایی‌یان سازکرد، نه‌ك من.
پرسیار: كه‌مێك دهگهرِێمهوه كن پرسه‌كه‌ی پێشوو؛ له مێژه ده‌ستپێكی چیرۆك وه‌ك نوقته‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر ده‌ناسێنرێ... ئه‌گه‌ر چیرۆك –هه‌ڵبه‌ت له نێو كورداندا– سه‌رنجكێش بێت، دهخویندرێتهوه، ئه‌گه‌ر نا، ناخوێندرێته‌وه. پێت وایه چیرۆك و رِۆمانه جوان و گه‌وره‌كانی دنیا ئه‌گه‌ر ده‌سپێكی باشیان نه‌بووایه هه‌ر ئه‌و رِۆمانانه ده‌بوون، كه هه‌نووكه هه‌ن؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: چۆنێتیی ده‌ست پێکردن ته‌کنیکه، ته‌کنیکیش که‌ره‌سه‌یه، نه‌ک مه‌به‌ست، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌ستپێكه رِۆمان به‌ره‌و کوێ ده‌با و له کوێدا سه‌ری وه‌ده‌ر ده‌نێ... رِۆمانه گرنگه‌کانی دنیا ته‌نیا له ده‌ستپێکدا به هێز نه‌بوون، به‌ڵکوو ده‌ستپێک که‌ره‌سه‌یه‌ک بووه له خزمه‌ت نێوهرِۆکدا. کۆتاییی چیرۆک له قالبی کلاسیک‌دا یانی کرانه‌وه‌ی گرێ، ئه‌و گرێیه‌ش ده‌کرا به ده‌ستی ئانقه‌ست ساز بێ و چاوی خوێنه‌ری پێ ببه‌سترێ، له چیرۆکی نوێ‌دا ئه‌و قانونه شکا، هێندێک نیشانیان دا ده‌کرێ کۆتاییی چیرۆک، یان کرانه‌وه‌ی گرێ بێته سه‌ره‌تای چیرۆک و له هێزی چیرۆکیش که‌م نه‌بێته‌وه، بۆ وێنه (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم)ی شێرزاد حه‌سه‌ن. چیرۆک له‌و کاته‌وه ده‌ستپێ ده‌کا، که پاڵه‌وانی چیرۆک بابی خۆی کوشتووه.
پرسیار: پێ ده‌چێ پێوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستیی سه‌یرت بۆ كه‌سایه‌تیی چیرۆكه‌كانت هه‌بێ، به جۆرێ، كه یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كان پێشه‌كیی كتێبی دووه‌مت بۆ ده‌نووسێت. برِواشت به زیندووییی كه‌سایه‌تیی چیرۆك هه‌یه. ئه‌مه –له لایه‌ن تۆوه– رِوون كردنه‌وه‌ی زیاتری پێویسته. ئاخۆ تۆ ئه‌و بۆچوونه‌ت وه‌لا ناوه، كه ده‌ڵێت كه‌سایه‌تیی چیرۆك له وشه و پیته‌وه خوڵقاوه؟ چۆن ده‌كرێت كه‌سایه‌تیی چیرۆك بوونێكی رِاستیی هه‌بێت، له كاتێكدا له چیرۆكی (سه‌فه‌رێكی رِاستی به دونیای خه‌یاڵی دا) ته‌واو ده‌سبه‌رداری واقیع ده‌بیت و رِهوتی چیرۆكه‌كه به فه‌نتازیا ده‌سپێریت؟ لێره‌وه پرسێكی دیكه دێته گۆرِێ، كه ده‌كرێت وه‌ك به‌شێكی جودا وهلاَم بدرێته‌وه؛ ئاخۆ خه‌یاڵ و واقیع كامه‌یان بهگهرِخهری سه‌ره‌كیی چیرۆكن؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: کێ له كه‌سێتیی چیرۆک به رِۆحی من ئاشناتره؟ من نامه‌وێ به ئانقه‌ست، وه‌ک ته‌کنیکێک سنووره‌کانی رِاستی و خه‌یاڵ تێکبشکێنم، به‌ڵکوو باوهرِم هه‌یه که خه‌یاڵ به‌شێک له رِاستییه، بگره زۆر رِاستی هه‌ن که هێنده گه‌وره‌ن، ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی هاتنیان ده‌کرێ خه‌یاڵ بێ... چیرۆک، که له ژیانه‌وه هه‌ڵقوڵی بێ، كهسێتییهکانیشی رِۆحیان ده‌بێ، له (ئینجیل)دا هاتووه: "رِووناکی به‌دی بێ، رِووناکی به‌دی هات"، یانی پێش ئه‌وه‌ی هه‌بوون هه‌بێ، وشه هه‌بوو، لێره‌دا هێز و پێگه‌ی وشه زۆر به جوانی باسیان لێوه کراوه، وشه‌یه‌ك که هه‌ڵگری باری قورسی گۆرِان و به‌دی هانتنه، ئینسان وه‌ک بوونه‌وه‌ری زندوو له چیرۆک، چێژی خۆی وه‌رده‌گرێ و کاریگه‌ریی تێدا ده‌بێ...
بنه‌مای ئه‌ده‌بیات له سه‌ر ئه‌ساسی پێکهێنانی گۆرِان له ئینسان دایه، ئه‌گه‌ر ئێمه وشه به بێ رِوح و مردوو بزانین، ئه‌دی ئه‌و گۆرِانکارییه له کوێوه دێ؟ من ده‌مه‌وێ خوێنه‌ره‌کان پاش خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانم، هه‌ست بکه‌ن که‌سێک، یان که‌سانێک پێیانناوه‌ته نێو ژیانیانمانهوه، که له‌مه‌به‌دوا به شێوه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین... چیرۆکی (سه‌فه‌رێکی رِاستی به دونیای خه‌یاڵی)دا، باس له‌و رِاستییه ده‌کا، که سه‌رچاوه‌ی خه‌یاڵه، ته‌واوی داهێنانه ئه‌ده‌بی و بگره زانستییه‌كانیش، هه‌موویان له پێشدا له خه‌یاڵه‌وه شکڵیان گرتووه، خه‌یاڵ لای ئێمه نه‌ناسراو و غه‌ریبه، ناگونجێ گرنگێتیی خه‌یاڵ له ده‌رفه‌تێکی وادا باس بكرێ.
پرسیار: چیرۆكی (په‌یدا و نا پهیداكانی رِۆح) به دیوێكدا وه‌ك گوت‌وبێژی نێوان چه‌ند كه‌سێك و به دیوێكی دیكه‌دا وه‌ك ده‌قێكی شانۆیی، خۆی ده‌نوێنێت، بهلاَم (گێرِانهوه) –سهرهرِای گوَرِینی رِوخسارهكانی– دیسانه‌وه توخمێكی گرنگی چیرۆكه‌كه‌یه. لێره‌دا ته‌كنیكێكی ورد ده‌رده‌كه‌وێت، كه پێچه‌وانه‌ی بوَچوونێكت ده‌سه‌لمێنێ، كه له پێشه‌كیی كتێبی یه‌كه‌م، واته له (دهرِۆم پێكه‌نینی ده‌ریا ببینم)دا نووسیوته و له پێشه‌كیی كتێبی دووه‌میشدا به نارِوونی ده‌بینرێت: چیرۆكه‌كانم له باری ته‌كنیكه‌وه كهموكورِییان زۆره... تا ئێره ده‌شێ رِوونكردنهوهی خۆت هه‌بێت. بهلاَم پرسه‌كه ئه‌مه‌یه: به گشتی، بۆچی له چیرۆكی كوردیدا گێرِانهوه وه‌ك توخمی سه‌ره‌كی ئیشی تێدا ده‌كرێت و توخمه‌كانی دی فه‌رامۆش ده‌كرێن؟ پێت وایه گێرِانهوه به ته‌نیا خوڵقێنه‌ری چیرۆكی باش بێ؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: چیرۆکی (په‌یدا و ناپهیداکانی رِۆح) هه‌روه‌ک له نێوه‌که‌یدا ده‌رده‌كه‌وێ، باسی که‌لێن و قوژبنه‌كانی رِوحی ئینسان ده‌کا، ته‌واوی چیرۆکه‌کانی ئه‌و کتێبه (وه‌ختێک کرمی ئاوریشم باڵ ده‌گرێ) پێوه‌ندییان به ناوی کتێب و پێشه‌کیی کتێبهكهمهوه هه‌یه، لێره‌شدا ئینسانێک له پله‌ی ته‌نیای دایه و له حهیوانبوون رِا دهرِوا، تا ده‌بێته باڵنده، ئه‌مه بۆ من نه‌ده‌گونجا جۆرێکی دیکه باس له گۆشه‌کانی رِوحی ئه‌و ئینسانه غه‌ریبه بکه‌م، هه‌ر که‌س شتێک له ئه‌و ده‌زانێ، هیچ کام هه‌موو شتێکی ئه‌و نازانن و هه‌ر تیشکێ ده‌خاته سه‌ر ناپهیدایهکی رِوحی ئه‌و و لایه‌نه شاراوه‌کانمان بۆ رِوون ده‌کاته‌وه، قاره‌مانی ئه‌و چیرۆکه‌ش کرمێکه که باڵ ده‌گرێ، كه‌سێتیی سه‌ره‌کی ئه‌و چیرۆکه له به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌یه‌کی شکاودا رِاوهستاوه و بووه‌ته چه‌ندین له‌ت، بهلاَم له کۆتاییدا ئه‌و له‌تانه ده‌بنه یه‌ک. گێرِانهوه لای من هیچ کات بایه‌خ نادا به نێوهرِۆک، هه‌ر وه‌ک کوتم من ته‌کنیک له خزمه‌ت نێوهرِۆک داده‌نێم، ئه‌نگۆ به زۆر شێوه‌ی دیکه ده‌توانن ئه‌و چیرۆکه دارێژنه‌وه، بهلاَم رِهنگه هیچیان بارته‌قای ئه‌و جۆره گێرِانهوه نه‌توانن هه‌ڵگری نێوهرِۆک بن.
پرسیار: به رِای تۆ، ئه‌وه چییه دنه‌ی مرۆڤ ده‌دات تا چیرۆك بخوڵقێنێ، له كاتێكدا ژیان بۆ خۆی چیرۆكێكی به‌رده‌وامه؟ ئاخۆ چیرۆك چی ده‌كات، كه ژیان نه‌یتوانیوه بكات؟ ئایا چیرۆك له ژیانه‌وه ئاراسته ده‌كرێت، یاخود چیرۆك خۆی ئاراسته‌ی ژیان ده‌كا؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: چیرۆکه‌کانی سه‌رده‌می کۆن و له ده‌ور ئاگردان دانیشتن نموونه‌گه‌لی باشن بۆ وهلاَمی پرسیاره‌که‌ت... ئێمه پاش چه‌ند سه‌ده هاتین ئه‌و چیرۆکانه‌مان نووسییه‌وه، دووباره‌مان کردنه‌وه بۆ مندالاَن، بگره گه‌ورانیش، ئه‌وه یانی نه‌مریی ژیان؛ چیرۆک هه‌ڵگری ژیانه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هۆی خوڵقانی ده‌کرێ زۆر لکی لێ بێته‌وه، بهلاَم به‌هێزترینیان باوهرِ به نه‌فه‌وتانی ژیانه، ئه‌گه‌ر چیرۆک نه‌با چیها ژیان تا ئێستا له نێو چووبوون، جا ئه‌و ژیانه خۆی ده‌کرێ، ژیانی نێو خه‌ون و حه‌زه‌کان بێت، یاخود ژیانی رِاستییهکی رِووتی وه‌رزێرێک. که وابوو: ژیان و چیرۆک لێک جودا نین، ده‌کرێ هه‌ر چیرۆکێ ته‌جروبه بکرێ، غه‌یری مومکینهکانیش ته‌جروبه‌ی رِهوانی ده‌کرێن.
پرسیار: به پێی ئه‌و ههوالاَنهی ده‌گه‌نه ئێمه –ده‌ڵێم هه‌واڵ نه‌ك ئامار– رِۆمانی (پۆلیسی) و (زانستی– خه‌یاڵی) له ئه‌وروپادا تا دێ بره‌ویان پتر ده‌بێ و خوێنه‌رانیان رِوو له زیادبوون ده‌كه‌ن، بۆ جۆری دووه‌میان رِۆمانی (هاری پۆته‌ر) نموونه‌یه‌كی زیندووه. پێت وایه هۆكار چییه، كه تا ئێسته ئه‌م ئه‌زموونه له كن ئێمه بوونی نییه؟ ئاخۆ ئه‌مه بۆ ته‌مبه‌ڵیی نووسه‌ران یاخود، هه‌ل و مه‌رج و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژین، دهگهرِێتهوه؟ یان رِۆمانی بازارِیی پێویست به هه‌بوون ناكات؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: ئه‌وه پرسیارێکی زۆر گرنگه و له‌مێژساڵه دڵهرِاوهکهی من بووه، وهلاَمهکهی زۆر کورت، هه‌ر له‌و کاته‌شدا گرنگه... له لای ئێمه گرنگی به هێزی خه‌یاڵ نه‌دراوه. هه‌ر وه‌ک کوتم؛ ته‌واوی داهێنانه گه‌وره و گرنگه‌کان هه‌موو سه‌رچاوه و ولاَتی له دایک بوونیان خه‌یاڵه، هه‌ر بۆیه ئه‌وروپا و بگره یه‌کێتیی سوڤێتی کۆن بایه‌خێکی زۆریان به خیاڵ داوه، له یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا به دنه‌دانی خه‌یاڵی مندالاَن زۆر کاری زانستی‌یان ده‌کرد و کردووه. ئیزاک ئاسیمۆف یه‌کێ له گرنگترین نووسه‌رانی ئه‌و بواره‌یه، که زیاتر له سێسه‌د کتێبی زانستیی خه‌یاڵی، یان پۆلیسیی نووسیوه، چیرۆکی پۆلیسیی ئینسان زیره‌ک ده‌کا، چیرۆکی زانستی، خه‌یاڵی ئینسان وا بار دێنێ که باوهرِی به به‌هێزیی داهێنانی خۆی هه‌بێ، هاوده‌میش پێگه و هێزی بێ سنووری خه‌یاڵ بزانێ.
پرسیار: ده‌مه‌وێت باسی شتێك بكه‌م به ناوی (رِاویی فێڵباز)... نازانم پێشتر ده‌رك به‌مه كراوه یا نا؟ له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی رِۆمانی (توونێل)ی ئه‌رنستۆ ساباتۆدا، هه‌ستم به‌وه كرد كه رِاوی –كه كه‌سی یه‌كه‌می تاك بوو– درۆم له گه‌ڵدا ده‌كات و ته‌نیا ئه‌وانه دهگێرِێتهوه كه خۆی مه‌به‌ستیه‌تی، هه‌تا گه‌ییشتمه ئه‌و باوهرِی رِووداوهكانی به‌و جۆره گێرِایهوهیه، كه پێی وابوو به‌و جۆره رِوویانداوه، نه‌ك له بنهرِهتدا به‌وجۆره رِوویاندابێت. ئاخۆ ئێمه چه‌ند ده‌توانین متمانه‌مان به رِاوی –به تایبه‌ت كه‌سی یه‌كه‌می تاك– هه‌بێت و دڵنیا بین فێڵمان لێ ناكا؟ ده‌شێت بڵێین ئه‌وه‌ی له پشت ئه‌و رِاوییهوه وه‌ستاوه دیوێكی شاردراوه‌ی خودی نووسه‌ره؟ ئه‌گه‌ر وایه نووسه‌ر تا چه‌ند ده‌توانێت جڵه‌و بۆ یاده‌وه‌ری شل بكات؟ پێت وایه رِاوی (من) كانگای بیره‌وه‌رییه‌كانی نووسه‌ر بێت، یاخود ئه‌ویش وه‌ك رِاوییهكانی دیكه بوونێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: رِاوی کاتێ به وشه‌ی (من) دێته مه‌یدان، دوو شته، یه‌که‌م، رِاوییهک که خودی نووسه‌ره و به سه‌رهاتی خۆی دهگێرِێتهوه، دووه‌م رِاوییهک که وه‌ها نیشان ده‌دا خۆیه‌تی، که‌چی که‌سێکی دیکه‌یه، بهلاَم له هه‌ردووکیاندا زۆر به سانایی خوێنه‌ر به دووپاتبوونه‌وه‌ی وشه‌ی (من) خۆی له جێگه‌ی رِاوی داده‌نێ، خۆشاردنه‌وه و فێڵبازیی رِاوی، پاشان خۆ وه‌ده‌رخستن، جۆرێک گرێ سازکردنه. ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی هه‌وه‌ڵ جار دڵێکی کێشاوه و تیرێکی له ناوی دا، نابغه بوو، ئه‌وه‌ی دووه‌م جار کێشایه‌وه خۆش سه‌لیقه بوو، ئه‌وه‌ی سێیه‌م جار کێشایه‌وه هیچیان نه‌بوو، چیرۆک له پێوندی له‌گه‌ڵ ته‌کنیکدا به ده‌ردی ئه‌و دڵه چووه.
پرسیار: ئه‌گه‌ر ورد له چیرۆكنووسی حه‌فتاكان برِوانین، ده‌بینین گه‌وره‌ترین كێشه‌یان ته‌كنیك بووه، هاوكات له گوتاره‌كانیاندا به‌كارهێنه‌ری زۆرترین وشه‌ی (داهێنان) و (نوێخوازیـ)ـن و خۆیان به كۆكه‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت هاتووه‌ته پێشچاو، ئه‌مه له كاتێكدایه كه وه‌ها نین. ئه‌و گوتارانه‌ی له ئێسته‌ی چیرۆكنووسانی هاونه‌وه‌ی خۆتدا ده‌یانبینی، تا چه‌ند له حه‌قیقه‌ته‌وه نزیكن؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: من له‌گه‌ڵ تۆ هاوده‌نگ نیم که گه‌وره‌ترین کێشه‌ی چیرۆکنووسانی ئه‌وکات ته‌کنیک بووبێ. من هیچ کات ته‌کنیکم پێ کێشه‌ی سه‌ره‌کی نه‌بووه و نییه، ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه بۆ داهینان گرنگه و ده‌وری سه‌رکی دهگێرِێ، جه‌وهه‌ره، واته نووسه‌ر قسه‌یه‌کی وه‌های هه‌بێ بۆ گوتن، که سه‌رنجی خوێنه‌ر رِابکێشێت و کارکردی له سه‌ر خه‌یاڵ و بیرمان هه‌بێ. له حه‌فتاکاندا چیرۆک‌نووسان له‌گه‌ڵ ته‌کنیک نامۆ بوون، هه‌ر بۆیه هه‌رچی نووسیویانه رِوون و به‌رچاوه، ده‌کرێ قه‌زاوه‌تی له سه‌ر بکرێ، بهلاَم ئێسته وه‌ها نییه؛ زاڵبوونی ته‌کنیک به سه‌ر رِوحی چیرۆکدا، وای کردووه به سانایی نه‌توانین چاک و خراپ له یه‌کتر جودا بکه‌ینه‌وه.
زۆربه‌ی چیرۆکه‌كانی ئهورِۆ ئاڵۆز و نارِونن، نووسینی چیرۆکی نوێ، له لای ئێمه به مانای ئاڵۆز نووسین و لێک تێنه‌گیشتن، تێگه‌یشتنی به‌شێکی به‌رچاو له چیرۆکنووسانی ئهورِۆ، به تابه‌ت تازهکارهكان له نوێخوازی، تێگه‌یشتنێکی سه‌قه‌ته، هۆیه‌ک ئه‌وه‌یه كه چیرۆک له ژیانی چیرۆک‌نووس و ته‌جره‌به‌کانی دووركه‌وتووه‌ته‌وه، بگره بێگانه بووه. فێربونی ته‌کنیک ئاسانه، یانی هه‌ر که‌سێک ده‌توانێ به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند چیرۆکی نوێی به نێوبانگ، یان چه‌ند کتێبێک له باره‌ی ته‌کنیکی چیرۆکنووسینه‌وه، فێر ببێ، بهلاَم داهێنان، که پێوندیی رِاستهوخۆی به ژیانی نووسه‌ره‌وه هه‌یه، له رِێگهی خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کتێبێكهوه به ده‌ست نایه.
ته‌کنیک گرنگه، بهلاَم به مه‌رجێ، كه بۆ داپۆشینی بێ ئیستعدادیی نووسه‌ر نه‌بێ، چونکه نه‌بوونی قه‌ریحه‌ی رِاستگۆیانهی نووسین و له ژێر ده‌مامکی ته‌کنیک خۆشاردنه‌وه، به که‌م زانینی هه‌ست و شعوری خوێنه‌ر و کلاَو له سه‌ر نانه. ته‌کنیک که‌ره‌سه‌یه بۆ گه‌یاندنی مه‌به‌ستی چیرۆک به لووتکه، خودی مه‌به‌ست نییه، بهلاَم له بابه‌ت حه‌قیقه‌ته‌وه ده‌بێ بڵێم زه‌حمه‌ته که‌سێک بتوانێ له رِووی چیرۆکه‌کانه‌وه به‌و ئاکامه بگا، که نووسه‌ر گه‌یشتووه‌ته حه‌قیقه‌ت، یان نا، حه‌قیقه‌ت مانا و مه‌فهومێکی قووڵ و بهربلاَوه و فیکر ناکه‌م، چیرۆکه‌کانمان ئاوێنه‌یه‌کی وه‌ها رِوون و رِوح نوێن بن، که نیشان بده‌ن تا چ ئاستێك به حه‌قیقه‌ت گه‌یشتووین.
پرسیار: رِوحی مرۆڤ (به تایبه‌ت نووسه‌ری چیرۆك) ته‌نها ئاوێنه‌ی خۆیه‌تی، یان له نێو مرۆڤدا هه‌موو ئه‌و به‌شه بچووك بچووكانه هه‌ن كه به‌شی تایبه‌تی ئه‌و نیین و هی هه‌موو مرۆڤایه‌تین؟ مرۆڤ جگه له خۆی، نیشته‌جێی هه‌زاران دیارده و ده‌نگی كپكراو و بێده‌نگی دیكه نییه، كه سه‌رچاوه‌كانیان ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی خوده‌وه؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: بێ شک رِوحی مرۆ شوێنی ده‌نگدانه‌وه و رِهنگدانهوهی ده‌نگ و سیمایه‌تی، نه‌ک به ته‌نیا کۆمه‌ڵی خۆی، بگره هه‌موو جیهانه، بهلاَم ئه‌وه‌ی که شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا چۆنه، پێوندیی به که‌سێتیی ئه‌و که‌سه‌وه هه‌یه. ئینسان هه‌یه گوێ بۆ ئه‌و ناخه پرِ هه‌را و هوریایه رِادهگرێ، هه‌میشه حازر نییه له بازنه‌ی خۆیدا بێته ده‌ر، ئینسان هه‌یه ده‌ڵێ من به قه‌ڵه‌م دنیا له به‌ند رِزگار ده‌که‌م، هه‌یشه ته‌واوی ژیانی خۆی له ئه‌فسانه‌یه‌کدا ده‌بینێ و هه‌وڵ ده‌دا به حه‌قیقه‌تی بگه‌یه‌نێ.
پرسیار: كه چیرۆك ده‌دوێ، چیی ده‌دوێ؟ ئایا خودێكی ناوازه و تایبه‌تمه‌ند ده‌دوێ، یان رِوحی گشتی؟ ئه‌وه منی مرۆڤه‌كانه كه قسه ده‌كات، یان منێكه ده‌لاله‌ت له ده‌نگێك ده‌كات له نێو خودی چیرۆكنووسدا نیشته‌جێیه و چیرۆكنووسی كردووه‌ته نا خود؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: زۆر گرنگه ئه‌وه بزانین نووسه‌ر له چ حاڵه‌تێکی رِۆحیدا چیرۆک ده‌نووسێ، که عارفێک خۆی وه‌سڵ به خودا ده‌بینێ و ده‌ست ده‌داته قه‌ڵه‌م و ده‌نووسێ، جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ ماتریالیستێک. نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفێکی کوردی رِهفیقم له مه‌هاباد، له ژێر دارێک رِادهوستێ، له ناکاو کچێ ده‌بینێ به ته‌نیشتیدا تێپهرِ ده‌بێ، له سه‌ر داره‌که کات و رِۆژی ئه‌و ساته ده‌نووسێ، پاشان زیاتر له سێ ساڵ هه‌موو رِۆژێ سه‌ری هه‌مان سه‌عات ده‌چێته ژێر داره‌که و رِادهوهستێ، ئه‌و فه‌یله‌سووفه که ده‌ستی به نووسینی چیرۆکێک له باره‌ی عه‌شقه‌وه کرد، به دڵنیاییه‌وه ده‌نگی جیاوازی ده‌بێ، ده‌نگێک که نوێنه‌رێتیی ناخی وروژاوی نووسه‌ر ده‌کا، زمانی چیرۆک به قه‌رای جیاوازی نووسه‌ران، ده‌کرێ جیاواز بێ، هه‌ر بۆیه چیرۆک هه‌یه زایه‌ڵه‌ی رِوحی گشتییه، چیرۆک هه‌یه رِهنگدانهوهی ناخی بریندار و سه‌رکوتکراوی نووسه‌ره.
پرسیار: ئه‌گه‌ر كه‌مێك وردبینه‌وه، ده‌بینین كه چیرۆكی هه‌فتاكان، چیرۆكێكه به‌رده‌وام ته‌مێكی به‌سه‌ره‌وه بووه، بۆ نموونه؛ له گه‌لێك لایه‌نه‌وه بارگاویكراوه به ئایدیۆلۆژیا، یان فیكرێكی پێشوه‌خت. ده‌توانین بڵێین ئه‌م (ته‌م)هی ئه‌وسا تا ئێسته‌یش له پاڵ چیرۆكدایه، بهلاَم گۆرِانكاریی تێدا كراوه و زمانی شیعریی به سه‌ر به‌شی زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی ئێسته‌دا زاڵه، ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌كوو سیحری زمان خوێنه‌ر فریو ده‌دا. ئه‌و رِوانینه له به‌رانبه‌ر كام له چیرۆكنووسهكاندا كورت ده‌هێنێ، یان ده‌توانین بڵێین: كامانه‌ن ئه‌و چیرۆكنووسانه‌ی دوور له‌و ته‌مه‌ی زمانی شیعر گۆرِانكاریی بنیاتییان له سه‌ر پێكهاته‌ی چیرۆكدا كردووه؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: من وه‌ك نووسه‌رێک، که شیعریش ده‌نووسم، بۆم ده‌رکه‌وتووه كه هه‌ر کارێکی ئه‌ده‌بی، یان هونه‌ری لهوپهرِی هه‌ڵکشان، کاتێ گه‌یشته ئهوپهرِی لووتکه، له شیعره‌وه نزیک ده‌بێته‌وه، من ئه‌وه‌م له کاری سینه‌ماییشدا دیوه، که وابوو: گرفت رِوحی زاڵی شیعر به سه‌ر چیرۆکدا نیه، به‌ڵکوو گرفته‌که ئه‌وکاته ده‌ستپێ ده‌کا، که لاسایی جێگه‌ی داهێنان ده‌گرێته‌وه. هێندێک بنووس پێیان وایه ئه‌گه‌ر لاسایی (گابریل گارسیا مارکیز) بكه‌نه‌وه و به زوبانی ئه‌و چیرۆک بنووسن، ئیتر به لووتکه ده‌گه‌ن، له حاڵێکدا ده‌کرێ به ئه‌ندازه‌ی ته‌واوی چیرۆک‌نووسان زوبان و تایبتمه‌ندیی نووسین هه‌بێ.
باسی ئیدۆلۆژی و چیرۆکت کرد، ئیدۆلۆژی نه تهمێکه به سه‌ر چیرۆکدا بکشێ، نه به‌ربه‌ستی داهێنانه، لێره‌دا گرفت له چۆنێتیی رِوانگهی نووسه‌ره، بۆ وێنه ئه‌گه‌ر چیرۆکنووسێکی مه‌زهه‌بی، چیرۆکی له‌گه‌ڵ نووشتهنووسین و دوعانووسین لێ تێکچوو، به‌رهه‌می کاره‌که‌ی دۆگمانه و زه‌ق و بێ داهێنان ده‌بێ، بهلاَم ئه‌گه‌ر به چاوێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌وه له ئیدۆلۆژیای خۆی رِوانی، به‌رهه‌می کاریشی ئه‌ده‌بی و پرِ له داهێنان ده‌بێ، یان کاتێك ئینسانێکی سیاسی چیرۆک بنووسێ و چیرۆک له خزمه‌ت سیاسه‌ت بگرێ، به‌رهه‌می کاری ده‌بێته به‌یاننامه و شوعار، که‌چی ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه له رِوانگهی ئه‌ده‌بییه‌وه له سیاسه‌تی رِوانی، که‌سێکی وه‌ك برێشت، یان داستایۆفسکی-ی لێ ساز ده‌بێ. رِۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) و (پاییزی بابسالاری)ی گابریل گارسیا مارکیز لێواولێون له رِووداو و بیری سیاسی، بهلاَم زوبانی ئه‌ده‌بی وه‌های کردووه ئێمه نووسه‌ر به رِۆماننووس بزانین، نه‌ک سیاسه‌تمه‌دار.
پرسیار: چیرۆكی ئێسته‌ی كوردی، به ده‌ر له گوتنی حه‌رام و حهلاَڵهكان، ده‌یه‌وێ چیمان پێ بڵێ؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: من پێم وا نییه چیرۆکی کوردی ته‌نیا له بازنه‌ی حهلاَل و حه‌رامدا خول بخوا، هه‌رچه‌نده نه‌ک حهلاَڵ و حه‌رام، به‌ڵکوو هیچ شتێکی دیکه به به‌ربه‌ستی چیرۆک نازانم. من دژی سنووردانان و بڤه و مه‌که‌م، نووسه‌ر سه‌ربه‌سته، ده‌توانێ به رِوحی خه‌لاقی خۆی له هه‌ر شتێک شاکار بخوڵقێنێ، مه‌گه‌ر شکسپیر له حهلاَڵ و حه‌رام شاکاری نه‌خوڵقاندووه؟ ده‌قی شانۆییی (هاملێت) بناغه‌که‌ی له سه‌ر ئه‌خلاقه، ئه‌وه‌ی که ئینسان نابێ خیانه‌ت بکات و که‌سێک سنووری حه‌رامه‌کان ببه‌زێنێ تووشی کاره‌سات ده‌بێ و...
من ناتوانم پێتان بڵێم چیرۆکی کوردی چی ده‌وێ و چیمان پێ ده‌ڵێ، پێویسته هه‌ر چیرۆکنووسێك خۆی بڵێ ده‌یه‌وێ چی بڵێ، من خۆم وه‌ك چیرۆكنووسێک به هه‌ر چیرۆکه‌ی ده‌مه‌وێ شتێ به خوێنه‌ره‌کانم بڵێم، کاتێ باسی مانا ونبووه‌كانی ژیان ده‌که‌م، کاتێ باسی ئیمانی ههڵفرِیوی به فیرِۆچوو ده‌كه‌م، کاتێ باسی ئه‌وین، کاتێکیش باسی که‌لێن و قوژبنه‌کانی رِوح و رِهوانی ئینسان و هتد ده‌كه‌م، هه‌ر جارێكیان گه‌ره‌كم شتێكه.
پرسیار: بۆچی رِێژهی زۆری خوێنه‌رانمان به دوای ئازاردا دهگهرِێن له نێو ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه ده‌یانخوێننه‌وه، بهرِاست، ئه‌گه‌ر رِۆمانێك ئه‌م لایه‌نه‌ی به شێوه سهڵتهكه ته‌وزیف نه‌كرد، خراپه؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: نازانم هۆی رِهوانی ئه‌و مه‌سه‌له چۆنه، بهلاَم تایبه‌ت به کورد نییه... تراژیدیا کۆنه‌کانی یۆنان، ئێسته‌ش خوێنه‌ری به نووسراوكراوهكانیان زۆره و چیها جار به شێوه‌ی فیل و شانۆش نمایش ده‌کرێن، بۆ وێنه گریمانه‌ی ئودیپ هیچ له نێوبانگ و لاینگرانی که‌م نه‌بووه‌ته‌وه، یان شانۆ تراژیدیه‌کانی شکسپیر.
پرسیار: پێویسته زۆر به وردی وه‌رامی ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه له لایه‌ن رِۆشنبیران و وهرگێرِان و نووسهرانمانهوه: بۆچی له‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا رِۆماننووسین و وهرگێرِان، به شێوه‌یه‌كی لێشاو له نێو كولتووری كوردیدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: رِۆماننووسین و وهرگێرِان له کو‌لتووردا سه‌رهه‌ڵناده‌ن، بهلاَم ده‌کرێ له درێژخایه‌ندا کاریگه‌رێتییان به سه‌ر کولتووره‌وه هه‌بێ. من پێم وایه نه‌ک به ته‌نیا رِۆمان و وهرگێرِان، به‌ڵکوو شیعر و له‌و ده‌یه‌ی ئاخریشدا کورته چیرۆک، لافاوێکیان به رِێ خستووه، ئه‌و لافاوه له کوردستانی باشوور زۆر به هێزه، هۆکاره‌کانی هه‌ر به‌شه‌ی له کوردستان جیاوازه، بۆ وێنه له باشوور بۆ کاری ئه‌ده‌بیی، به تایبه‌ت وهرگێرِان پاره ده‌ده‌ن، ئه‌وه ده‌کرێ وه‌ك هۆیه‌ک، هه‌ر چه‌نده بچووکیشه، بهلاَم ئاماژه‌ی بۆ بکرێ. له باشوور ئیمکاناتی چاپ و په‌خشی کتێبی کوردی زۆره و ئاسانکاریی بۆ ده‌کرێ، بهلاَم له به‌رانبه‌ر ئه‌و ئاسانکارییهدا رِهخنهی جددی و خوێندنه‌وه‌ی به هێز، ناكرێ بڵێین نییه، بهلاَم زۆر که‌مه، هه‌روه‌ك خۆت گوتت، پێوسته به وردی باسی ئه‌و هۆکارانه بکرێ، كه له گوتارێکدا باشتر ده‌گونجێ، نه‌ك له گوتوبێژێكی وه‌هادا.
پرسیار: بۆچی خوێنه‌رانی كورد له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌رترین و گه‌وره‌ترین رِۆمانی دنیادا، وه‌ها ههرِهمهكی پێشوازی له‌م ژانره ده‌كه‌ن؟ هاوكاتیش تۆ بڵێیت رِۆمان ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌موو بۆشاییه‌كانی (ئه‌ده‌ب) بێ؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: که رِۆمانێکی خاریجی به نێوبانگ بلاَو ده‌بێته‌وه، کاری ته‌بلیغ و پرِوپاگهندهی به‌هێزی بۆ ده‌کرێ، بۆ وێنه: رِۆمانی (هاری پۆته‌ر) ئه‌گه‌ر منێکی کورد نووسیبام، له‌وانه بوو گاڵته‌م پێ بکه‌ن، که‌چی له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و ولاَتانی دیکه‌ی دنیادا سهررهی بۆ ده‌گیرێ و به ملیۆنان نووسخه‌ی لێ ده‌فرۆشترێ، رِهنگه ئه‌و رِۆمانه بۆ منی کورد زۆر سهرنجرِاکێش نه‌بێ، بهلاَم دنیای ته‌بلیغات به سه‌رماندا ده‌سه‌پێنێ، که رِۆمانێکی به نرخه؛ مادامێکی خوێندنه‌وه‌ی خۆمان نه‌بێ و خوێنه‌ری جددی نه‌بین، نه ده‌توانین سوود له رِۆمانه به نرخه‌کان وه‌رگرین، نه ده‌توانین خۆمان له ژێر هێزی ته‌بلیغات رِزگار که‌ین.
پرسیار: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆرِن؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: واقیعه تاڵه‌کان هه‌میشه وه‌ك شه‌پۆلی په‌نگخواردوو له ناخماندا ده‌ژین و دهمانههژێنن، تا رِێگهیهك بۆ ده‌رێ ببینینه‌وه، ئه‌و واقیعانه که شکڵی ئه‌ده‌بی به خۆیانه‌وه ده‌گرن، بۆ وێنه كه دێنه نێو چیرۆکه‌وه، به‌شێک له هێز و قورساییی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌ست له ئازاری به‌رده‌وامیی نووسه‌ر به‌رده‌ده‌ن. به رِای من، گه‌وره‌ترین که‌ره‌سه‌ی داهێنان خه‌یاڵه، ئینجا بیر و هه‌ست، ته‌واوی غه‌یری مومکینه‌کان له پێشدا له خه‌یاڵه‌وه مومکین ده‌بن، چونکه بیر غه‌یری مومکین وه‌خۆ ناگرێ. من پێم وایه هێزی خه‌یاڵ له لای ئێمه زۆر به جددی ئاورِی لێ نه‌دراوه‌ته‌وه و له بایه‌خی بێ سنووری نهفکریوین، بگره زۆر به سووکیش لێیمان رِوانیوه.
پرسیار: نووسه‌ران هه‌میشه له سه‌فه‌ردان، سه‌فه‌رگه‌لی جوایه‌ز، تۆ له‌م سهفهرگهلهدا به كوێ گه‌یشتووی؟
سه‌ڵاح گوڵئه‌ندامی: گه‌یشتن به لووتکه سه‌خت نییه، گرنگ مانه‌وه‌یه. من له لووتکه‌وه هه‌ڵدێرام و له درێژه‌ی سه‌فه‌ری پرِ له رِهنجمدا، گه‌یشتمه به‌رزه‌خ، له ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ر، له هات و نههاتدام، بیر له لووتکه‌یه‌کی بڵندتر ده‌که‌مه‌وه، که له وێ رِا منداڵیم لێ دیار بێ. من بیر له‌وه ناکه‌مه‌وه چۆن بگه‌مه لووتکه، بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که گه‌یشتمێ چۆن بمێنمه‌وه و ههڵنهدێرێم.
