07.01.2012

 

لە بابەت (هێوری)ی (میلان کۆندێرا)ەوە.

21/09/2011

هۆشەنگ شێخ محەمەد

(میلان کۆندێرا)، نووسەر و فیلۆسۆفی چیکی، لە (یەکی نیسانی ١٩٢٩) دا لە دایک و باوکێکی چیکی لە دایکبووە. باوکی (لۆدفیک کۆندێرا) میوزیکزان بووە و سەرۆکی زانکۆی (جانکیک)ی وێژە و موزیک بووە. میلان لە باوکییەوە فێرە ژەنینی پیانۆ دەبێت، دواتریش موزیک و سینەما و وێژە دەخوێنێت. لە ساڵی ١٩٥٢ دەردەچێت و وەک مامۆستایەکی یارمەتیدەر کاردەکات، هەروەها لە کۆلیژی سینەما لە ئەکادیمیای پراگ بۆ هونەرەکانی نواندن دەبێتە وانەبێژ. لە ماوەی خوێندنیدا کۆمەڵێ شیعر و وتار و شانۆ بڵاودەکاتەوە، لە کۆمەڵێک کۆواری وێژەییش کار دەکات. لە ساڵی ١٩٤٨ دا دەبێتە شوعی، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ دا بە هۆکاری تێبینیکردنی مەیلە تاکیێتەکانی دەگەڵ (جان ترافولکا) دەردەکرێن، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٦ دا جارێکی دی دەگەڕێتەوە نێو حزب، بەڵام دیسان لە ١٩٧٠ دا دەردەکرێتەوە.

لە ساڵی ١٩٥٣ دا یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاودەکاتەوە، بەڵام بایەخێکی باشی پێنادرێت، کۆندێرا لە ساڵی ١٩٦٣ دا دوای بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی (عەشقە پێکەنیناوییەکان) وەک نووسەرێکی گرینگ دەناسرێت.

دوای هێڕشی یەکێیتی شۆرەوی بۆ سەر وڵاتی چیک لە ساڵی ١٩٦٨ دا کۆندێرا کارەکەی لە دەست دەدات. دوای ئەوەی لە (بەهاری پراگ) بەشداردەبێت. بۆ ماوەی پێنچ ساڵ نایەڵن نووسینەکانی بڵاو بکرێنەوە، بۆیە ١٩٧٥ دا ناچار دەبێت کۆچ بکاتە فڕەنسا، لەوێ لە زانکۆی (رین ببریتانی) کاردەکات. لە ساڵی١٩٧٨ دا لەبەر پەرتووکی (پێکەنین و بیرچوونەوە) رەگەزنامەی چیکۆسلۆڤاکی لێدەستێننەوە. لە  ساڵی ١٩٨١ دا رەگەزنامەی فڕەنسی وەردەگرێت.*

لە ساڵی ١٩٩٥ دا کۆندێرا بڕیار دەدات بە فڕەنسی بنووسێت، یەکەم رۆمانیشی بە زمانی فرەنسی (هێوری)یە.

* * * *

(هێوری) رۆمانێکی کورت و قەبارە گچکەیە، بەڵام پڕ و قەڕەباڵخە، کۆمەڵی کەسێیتی و کۆمەڵیک رووداو، مێژوو، ئێستا و ئاییندە، کارئەکتەری جیاواز و ناوازە، ریتمێکی خێرا و وردیش لەیەککاتدا. بابەتهایێکی سەربەخۆ و یەکانگیر دەگەڵ ئەوانیدی. شتەکان هەر لە رۆژهەلات و رۆژئاوای ئەوروپاوە بۆ ئەفریقیا بۆ ئاسیا، گەڕانەوە بۆ سەدەی هەژدەم و تێپەڕین بە ئێستا و وەستان لە کۆمەڵێ وێستگەی ئیدیۆلۆژی و فرمانڕەواییدا، شۆڕبوونەوە بۆ نێو ناخ و دەروونی کارئەکتەرە سەماکار و رووچوونە نێو ئەقڵی ئەو کەسانەی لەو رۆمانەدا، واتا بە (مرۆڤ و جیهان و ژیان) دەبەخشن.

میلان کۆندێرا لەو رۆمانەدا، وەک نیتچە وایە، دەیوێت، خوێنەر لە هەمبەر مرۆڤهایێکی رووت و ئەوروپایێکی بێ ماسک و رووپۆش دابنێت، خوێنەر بباتە جێگەیەک بە ئاشکرا مرۆڤەکان ببینێت کە باسی کۆمەڵێک چەمکی وەک (دادپەرەوری، مرۆڤایەتی، تاکایەتی، ئازادی و هتد....،) دەکات، لە ج بارێکی کۆمیدی-تراژیدیدا، مرۆڤەکان نابووت و ریسوا و شەرمەزار و خەمبار و گێل و پەڕاگەندە و بێ کەرامەت و بێ رەوشت دەکات. باس لەو مرۆڤە دەکات، کە ماسکەکانی فریا ناکەون ئاسوودەییەک بە ناخی ببەخشن و لە پێوەندییەکانی دەگەڵ ئەوانیدی و دەگەڵ خۆشیدا بەختەوەر بێت. فێڵ لە یێکدی کردن و فێڵ لە خۆکردن، زەمینەی جیهانێکە مرۆڤەکان تێیدا شووناسی ساختە بە ناوو چەمکەکان دەبەخشن، لە کۆتاییشدا شوناسێکی ساختە دەدەنە خۆیان، مرۆڤهایێکی ساختە، سیاسەتێکی ساختە و کۆمەڵگەیەکی ساختە و زانستێکی ساختە و راگەیاندنێکی ساختە و وڵاتانی ساختە و سەرۆک و سەرکردە و ئەکتەر و تەلەڤزیۆن و کۆڕ و کۆبوونەوەی ساختە، لە ئەنجامدا جیهانێکی ساختە پێشکەش دەکەن.

(میلان کۆندێرا) لەو رۆمانەدا، کەسێکی سەرەکی نییە، کارئەکتەر یان بە زمانێکی سێنترالیزمانە بڵێین(پاڵەوان)ی سەرەکی نییە، هەموو کارئەکتەرەکان، رۆڵێکی بەقەد یەکییان لە رۆمانەکەدا هەیە، رەنگە ئەمەش پێوەندی بە خودی نووسین و بیرۆکەکانی (کۆندێرا)وە هەبێت بۆ بابەتی ئەوروپا و سێنترالیزمی ئەوروپی، ئەو سێنترالیزمەی نیتچە زوو هێڕشی کردە سەر و بە ئەگەری لە نێوبردنی ئەورپای زانی، لەگەڵ ئەو بەهایانەی لە ئەنجامی ئەو خۆ بە سێنتەرزانینەدا دێنە گۆڕێ و ئەو رەوشتەی هەڵگرانی سێنتەر بەسەر دنیادا پەرشی دەکەن. لێرەدا لەو رۆمانەدا، سێنتەرێک نییە بەڵکو کۆمەڵێک پنتی پەڕاگەندە و پەرش و بڵاو وەک یێکدی، بەڵام دیسانەوەش دەرەنجامی ئەو رەوشتە_وێرانبوون_ ی کەساییەتییەکان کۆیان دەکاتەوە. ئەگەر نیتچە پێشبینی ئەو بارە ناهەموارەی ئەوروپا و مرۆڤایەتی کردبێت، ئەوە میلان کۆندێرا هاتووە و وێنەکانی ئەو راستییە نیشانی ئێمە دەدات و دەڵێت پێشبینییەکانی نیتچە لەسەر زەمینی راستییدا ببینن!

بە واتەیەکی تر، هێوری، وێنەی ئەو گۆڕانە خێراییەی ئەورپاییە لە پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلۆجیدا لەسەر حیسابی خەڵک و میللەتانی تری دنیا. هێوری بەرهەمی ئەو توندوتیژییەی ئەقڵییەتی خۆرئاوایە لە پیادەکردنی سیاسەت و بۆگەنی کردنی دەسەڵاتەکاندا. هێوری دزی و تاڵانکردنی ئەفریکا و ئاسیایە لەلایەن ئەوروپاوە. هەروەک چۆن دزینی (بەهار) ی ژیانیشە وەک ئەوەی (کۆندێرا) لەو رۆمانەدا ئاماژە بە دزینی (بەهاری پراگ) دەکات لە لایەن یەکێیتی شۆرەوییەوە.

لەو رۆمانەدا، جۆرەها دزی و تاڵانی و درۆی کەسەکان دەبینین کە روویانداوە و دزییەکانیش بە ماسکی جیاواز رووپۆش کراون، بەلام لە کۆتاییدا ئەوەی دەدزرێت چەمکەکانی ئازادی و چێژ و مرۆڤایەتی و کەرامەت و ئاییندەی کەسەکانە.

(هێوری) رۆمانێکە، شایانی خوێندنەوەیە، (ئەدیب نادر) لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی، من بۆخۆم بە دەیان وشەی کوردی نوێم لەو وەرگێڕانەدا دیتن کە واتاکانییان نازانم، وەرگێڕ زۆر پەراوێزی داناون بۆ روونکردنەوەی کۆمەڵێ بابەت. سەرباری شێوازی (كۆندێرا) خۆی کە کەمێک ئاڵۆز و پەڕاگەندەیە و هەمیشە خوێنەر دەبێت ئاگای لە کەس و زەمەن و رووداوەکان بێت و سوورگووم نەبێت، هەروەها هزرەکانی تۆخ و چڕو پڕن،چونکە زۆر قووڵ و و تژی بابەت و رووداوە و بە کەمترین وشەش دەریاندەبڕێت. وەرگێڕیش پێشەکییەکی لەسەر کۆندێرا و ئەو رۆمانە نووسیوە، کە من خۆم دوای خوێندنەوەی رۆمانەکە خوێندمەوە، نەوەک لە سەرەتادا. لە ترسی ئەوەی نەوەک رووداوەکانی رۆمانەکەم پێ بڵێ. بەڵام پێشەکییەکە خوێندنەوەییەکی وردی وەرگێڕە بۆ (هێوری) و بۆ (کۆندێرا)ش، دەروازەیەکی باشیشە، بۆ خوێنەرێک کا تازە _وەکخۆم ئاسا_ دەست بە خوێندنەوەی (میلان کۆندێرا) دەکات.

بە کورتی میلان کۆندێرا، نیتچەیەکە لە بەرگی رۆماننووسدا.

 

 

 

 

 

 Copyright (2008) Roshenbiry.com