10.08.2011

 

 

چەند شیعرێکی فدريكو جارسيا لوركا

 Federico Garcia Lorca

و: هۆشەنگ شێخمحەمەد

 

(١)

سروودی سوارچاک

 

قورتوبە

من دوورم و.. تەنها

مایینێکی رەش.. مانگێکی زل

گیرفانم تژی زەیتونە

هەرچەندە شارەزای رێگاکانم

بەڵام هەرگیز ناگەمە قورتوبە

 

لە رێگەکاندا.. لە نێو بادا

ماینێکی رەش .. مانگێکی سوور

لەسەر تاوەرەکانی قورتوبە

مەرگ تەماشام دەکا

 

ئای رێگا چەند درێژە!

ئای ئەی مایینە ئازاکەم

ئای ئەو مردنە دەبێت چاوەڕێم کات

پێش ئەوەی بگەمە قورتوبە

 

قورتوبە

من دوورم و .. تەنها

 

 

 

 (٢)

ماڵئاوایی

 

کە دەمرم

بانێژەکەم بە کراوەیی بەجێدێڵم

 

منداڵە گچکەکە پرتەقاڵ دەخوات

(دەتوانم لە بانێژەکەمەوە ببینم)

 

جووتیارەکە گەنم دەدوورێتەوە

(دەتوانم لە بانێژەکەمەوە ببینم)

 

کە دەمرم

بانێژەکەم بە کراوەیی بەجێدێڵم!

 

 

 

(٣)

خۆکوشتن

 

(رەنگە ئەو ئەندازە و ماتماتیکەکەی نەزانێت)

 

کاتژمێر دەی بەیانیێک

گەنجەکە بیری چوو

دڵی بە خێرایی پڕی

باڵی شکاو و گوڵی قاقەزی دەبوو

 

هەوڵیدا ئاگای لە دەمی بێت

بەڵام  تاکە وشۆکەیێک مایەوە

کە دەستکێشەکانی داکەلاندن

خۆڵەمێشێکی ورد و لاواز لە لەپەکانی پەرشبوون

لە بانێژەکەوە .. تاوەرێکی دیت

هەستی کرد خۆی بانێژەکە و تاوەرەکەیە

بێگومان تێبینیشی کرد کاتژمێرە قۆدییەکە  

 لە نێو چوارچێوەکەیدا چاودێری دەکات

بینی سێبەرەکەی لەسەر قەنەفە سپییە حەریرییەکە

بە ماندوویی درێژ دەبێت

 ئینجا مناڵەکە بە زیرەکی و  زەینی ماتماتیکیی خۆی

ئاوێنەکەی بە بیور شکاند

کە وردووخاش بوو.. رووبارێک لە سێبەر رژا

تا ژوورە وەهمییەکەی نگووم کات

 

 

 

(٤)

گۆرانی یەکەم ئارەزوو

 

لە سبەینەی سەوزدا

ویستم دڵێک بم

دڵێک..

 

لە ئێوارەی تەڕدا

ویستم شالوورێک بم

شالوورێک

 

ئەی رۆح

رەنگی پرتەقاڵ بگرە

ئەی روح

رەنگی خۆشەویستی بگرە

 

لە سپێدەی چالاکدا

ویستم خۆم بم

وەک دڵ

لە کۆتایی ئێوارەشدا

ویستم دەنگم وەک شالوور بێت

 

 ئەی رۆح

رەنگی پرتەقاڵ بگرە

ئەی رۆح

رەنگی خۆشەویستی بگرە

 

 

 

http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=lsq&shid=584&start=0

 

 

 

 

 

 Copyright (2008) Roshenbiry.com