له‌وێدا، ته‌نیا
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د
(1)
دنیا به‌قه‌د له‌پی ده‌ستێک بچووک ده‌بێته‌وه
رێحان له‌وێ چاوی ده‌شوات
ئاسکێک به‌دووی جوانیێکدا غار ده‌دات
دڵی منیش له‌وێدا
ته‌پ ته‌پ له‌سینه‌م به‌رده‌بێته‌وه.
(2)
له‌وێدا زه‌مین بێ چاڵوچۆڵه
له بهیارێکی دارهشین ده‌چێت
له چاوی سه‌وزی من ده‌چێت
(3)
بۆنی رێحان له‌و ده‌سته ده‌فڕێت
له سینه‌ی وشه‌یێکی من ده‌نیشێته‌وه
(4)
دنیایێک هه‌یه ، ماڵێکی تێدایه
ئی رێحانێک و چاوی سه‌وزی چرایێکه
ئی دوو بوونه‌وه‌ر جوانن و بیر له جوانی ناکه‌نه‌وه
(5)
دنیایێک هه‌یه ماڵێکی تێدا ئی من و تۆیه
له‌و ماڵه‌دا گوڵدانێک رێحان هه‌یه
له‌و رێحانه‌دا دنیایێک بۆن هه‌یه و چۆڕ چۆڕ ده‌ڕژیته له‌پی تۆوه
له‌پی تۆش ،،، ئای له له‌پی تۆش......
(6)
گه‌ردونێک هه‌یه، به‌قه‌د مه‌مکی تۆ بچووک و به‌قه‌د لێوه‌کانت ته‌نک
له‌وێدا، من له ته‌نکایی لێوی تۆوه له بچووکی مه‌مکی تۆوه
ته‌پ ته‌پ ... دڵم .. وای دڵم!
(7)
ژنێک هه‌یه، ته‌نیا چرپه‌ی هه‌یه، بێده‌نگ، به هه‌ناسه
دنیایێک ده‌گۆڕێ...
له‌وێدا، ژنێک هه‌یه به هه‌ناسه دنیایێک ده‌گۆڕێت!
(8)
ماڵێک هه‌یه، ماڵی رێحانه
له‌وێدا.. بۆن دنیا خه‌لق ده‌کات،
له‌وێدا بۆن له ژنێکدا ده‌ڕژێته دنیا
(9)
دنیایێک هه‌یه، ژنێکی تێدا، هه‌میشه تاقانه
هه‌میشه مه‌ست به بۆنی رێحان
(10)
له‌وێدا زه‌مینێک هه‌یه، ته‌نیا
جوانی شین ده‌بێت، کانیاوێک هه‌یه
رێحان ته‌نیا
له‌وێدا سه‌ری خۆی ده‌شوات،
له‌وێدا دنیایێک هه‌یه پاک ده‌بێته‌وه.
(11)
له‌وێدا ژنێک، که‌ده رێحانه،
پیاوێک چرایه،
له‌وێدا دنیایێکی زۆر گه‌وره هه‌یه، ته‌نیا
کهدێک رێحان و چاوێکی سه‌وزی تێدایه.
(12)
دنیایێک هه‌یه ده‌ستکردی هه‌ناسه‌یێکه،
له شه‌وێکی بێده‌نگیدا له دایک بوو
هه‌ناسه‌که ته‌نیا گوتی
(قوربانت بم!) دنیایێک له شه‌وێکی بێده‌نگدا به‌ربۆوه
(14)
دنیایێک هه‌یه، وشه ته‌نیا
بۆنی رێحان ده‌دات،
ته‌می سه‌وزی چاوێکی هه‌ڵگرتووه
ته‌پ ته‌پ دلێک ده‌یبا.
(15)
له‌وێدا، دوو به دوو، بێده‌نگ
ده‌ڕژێنه نێو قاوه‌یه‌ک بۆنی رێحانی گرتووه
له‌وێدا دنیایێک هه‌یه
ژنێک ته‌نیا، پیاوێک ته‌نیا
دوو ناوی ته‌نیا، تاق و ته‌نها یێکدی ده‌نوسنه‌وه
(16)
له‌وێدا،مێردێکی دوور،
ژنێکی دوور،
وه‌ک خه‌ونێکی دوور، له چاوی یێکدیدا ده‌ته‌قنه‌وه.
(17)
پیاوێکی مات، ژنێکی بێده‌نگ
چاو ده‌بڕنه ماڵێک که لهدنیایێک هه‌یه.
له‌وێدا، دڵ ته‌پ ته‌پ، بانگیان ده‌کاته سه‌ر دنیایێک
ده‌نگ نا، خوا نا، هه‌ناسه درووستی کردووه.
(18)
ماڵێک هه‌یه، ژنێک هه‌یه، پیاوێک هه‌یه
هه‌موویان، هه‌ن،ته‌نیا
(19)
پیاوێکی به‌خته‌وه‌ر، ژنێک منداڵ ده‌کاته‌وه،
ژنێک مندال ده‌بێته‌وه، دڵی پیاوێک به خۆی ده‌داته‌وه
(20)
پیاوێک یه‌که‌مجاره، حه‌ز ده‌کات مه‌رگی ژنێک ببینێت
ژنێک یهکامجاره حه‌ز ده‌کات مه‌رگی پیاوێک ببینێت.
له‌ویدا، (ره‌بی مه‌رگت نه‌بینم،قسه‌یێکی ئه‌نانییه)
شهرتییان کردووه، که‌سییان به‌ری یێکدی نه‌مرن.
(21)
له‌وێدا، پیاویک هه‌یه، ژنێک هه‌یه،
ئیدی له‌وێدا دنیایێک هه‌یه، دڵ رێکیدهخا،
له‌وێدا، ئه‌قڵ بار ده‌کا
ماڵ بۆ که‌دی رێحانێک و جرایێکی سه‌وز جۆڵ ده‌کا.
له‌وێدا. پیاویک ده‌ڵێ دڵم وای، ژنێک ده‌لێ دڵم وای
له‌وێدا، ته‌نیا.
