لایه‌نێکی سزادانه‌که‌م ده دادگه‌ی دهۆکدا
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د
09/12/2010
دوای ئه‌وه‌ی جه‌نابی قازی بڕیاره‌که‌ی خوێنده‌وه، من چاوه‌ڕێی دوو شتم نه‌ده‌کرد:
- ئه‌گه‌ر غهڕامهکه نه‌ده‌م، ساڵێک زیندانی بکرێم.
- ده‌بێت یه‌کسه‌ر، بێ دواکه‌وتن پاره‌که بده‌مه دادگه.
چونکه(2000000) دوو ملیۆن دینارم نه هه‌بوو و نه دهگیرفانیشم دابوو، پێم سه‌یربوو دادگه بیر له‌وه نه‌کاته‌وه من به‌و ده‌م و ده‌سته ئه‌و بڕه پاره‌یه له کوێ بێنم؟ رێگه‌شیان نه‌دام له دادگه‌دا بچمه ده‌ر و پاره‌که په‌یدا بکه‌م، گووتیان ته‌له‌فۆن بکه پاره‌که‌ت بۆ بێت! باشه داماننا که‌سم نه‌بوو داوای لێبکه‌م پاره‌م بۆ بێنێت؟ ئاخر ئایا دادگه وا ده‌زانێت هه‌ر شاعیرێک غه‌ڕامه کرا، ده‌بێت پاره‌ی غهڕامهکهی پێشوه‌خته له ماڵه‌وه ته‌قه‌ت کردبێت و ده رۆژی دادگه کردنیدا خستبێیتیه گیرفانییه‌وه؟!
هه‌ر چۆنێک بێت ته‌له‌فۆنێکم بۆ خزمه‌که‌م کرد و گووتم پێویستیم به‌و بڕه پاره‌یه‌یه!
تا پاره‌که‌م بۆ هات، وه‌ک ئه‌وه‌ی ماڵی قازیم دزیبێت، له‌به‌ر ده‌رگه‌ی قازی وه‌ستام بۆ ئه‌وه‌ی له چاوی پۆلیس بزر نه‌بم، چونکه ئه‌ویش _پۆلیسه‌که_ گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌یدای حاکم بێته ده‌ر و لێرهتان نه‌بینێت عاجز ده‌بێت"
خزمه‌که‌م هات و پاره‌که‌مان واسڵ کرد و وهسڵمان وه‌رگرت، دواتر وێنهیێکیان گرتین و په‌نچه مۆر و له دادگه هاتینه ده‌ر.
چه‌ند پرسیارێک تا ئێستاش ده مێشکمدان:
- گریمان ئه‌م پاره‌یه‌م پێ په‌یدا نه‌ببا. ئه‌وه ساڵێک له زیندان ده‌بووم. ساڵێک؟؟؟؟ ده‌و ساڵه‌دا ده‌کرا چ روو بدات؟
- ئه‌و غهڕامهیه نزیکه‌ی مووچه‌ی دوو مانگی منه. باشه ئه‌و دوو مانگه ئه‌گه‌ر پاره‌که بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی غهڕامهکه دانێم؟ باشه حاکم بیر ناکاته‌وه ئه‌و دوو مانگه من خێزانه‌که‌م به چی بژیێنم؟ "جه‌نابی حاکم گوو بده‌مه منداڵه‌کانم؟!!!" ئه‌و رسته‌یه‌م به خه‌یاڵدا هات!
- دڕنده‌یی ئه‌و سیسته‌می دادوه‌رییه؟! وشه‌ی دادوه‌ری! مه‌گه‌ر ته‌نیا ده وڵاتێکی دکتاتۆردا دادوه‌ری و دڕنده‌یی به‌و شێوه‌یه کۆببنه‌وه.
- حیکمه‌تی ئه‌و غهڕامهیه و به‌و شێوه‌یه ته‌نیا ئه‌وه‌یه، که ده‌سه‌لات به‌و قانوونانه پێمان بڵێت، شتێک بنووسن و له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه نه‌بێت، ئه‌وهاتان لێده‌که‌ین!
- قازی (3000) سێ هه‌زاردینارم لێخۆش‌بوو، له بڕی ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه سێ رۆژ گیرابووم. واته هه‌ر رۆژێک به هه‌زار دینار؟! ئه‌تخوا نووسینی یه‌ک وشه‌ی (کیر) غهڕامهکهی دوو ملیۆن دینار بێت و مانه‌وه‌ی مرۆڤێک به جووتێ گوونه‌وه ده زینداندا له شه‌وێکدا هه‌زار دینار بێت؟!! قانونی وا خاس ده کوێی ئه‌و دنیایه‌دا هه‌یه؟!
