24.01.2012

 

ئەو کوردە جوولەکانەی لە رۆژی کۆچیاندا فرمێسک لە چاویان نەڕژا،

بەڵام لە دووری کوردستاندا رۆژێک نەبوو چاویان لە فرمێسک داببڕێت..

شوان عوسمان

 

هیچ شتێک نیە درۆ لەگەل یادەوەری منداڵیدا بکات، چ شتێکیش لە بێگەردی ئەو منداڵییە پاکترە، ئەو رۆژانە وەکو گێڕانەوەیەکی مێژوویی تەمەنێکی پاک و سپی لە هەموو سەرەساتێکی خۆشی وناخۆشی دێن و دەچن و خۆیان دووبارە دەکەنەوە، بنەچەی لەدایکبوون بنەوانی نەشونمای یادەوەری و بنەمای کەسێتییەو هەمیشەیش لەبەردەم ئەو کەسە دێتەوە یاد و لەبەردەم دیدی بیرەوەریەکانیدا دووبارە دەبێتەوە..

ئەو یادەوەرییە گەنجینەیەکی رەسەنی تەمەنی کەسێتییە، هیچ کەسێکیش ناتوانێت خۆی لێ لابدات و وەکو سێبەرێکە و دابڕان لێی سەختە، هەموو زانست وفەلسەفەکان لە سەر ئەوە کۆکن کە هەرچی پیرۆزیی بوون ودۆگما(بەستەلەک) بوونێکی ئایدیالۆژیایە، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت رێگە لە گەڕانەوەی ئەو پیرۆزییەی منداڵی بگرێت وهەمیشە لە ناو هزردا گەنجەو پیر نابێت، ئنجا با ئایدیالۆژیایەکەش مرۆیی  یان ئاسمانی بێت

ناوندە دەروونی وهۆشمەندییەکان بە هیچ شتێک گەمارۆ نادرێن، هەروەها ناکرێت تا سەریش ئابلۆقە بدرێن، ئەوە مەحالە چونکە هەریەکەمان بە ئیرادەیەکی سەربەخۆی خۆمانەوە وابەستەین، هەر بەو ئیرادەشەوە دەتوانین سەربەخۆیی خۆمان بپارێزین، بۆیە بیرەوەریەکانی مرۆڤ ئازادن ودەستەمۆ نابن، رابردووی هەر کەسێک لە شتە پیرۆزەکانی ئەو کەسەیەو مایەی شانازیشە بۆ خۆی جارجارە چاوێکیان پێدا دەخشێنێتەوە، بۆیە دەستکارییان ناکرێ، لە هەر لایەنێکەوە بێت، هەرگیز لە شوێن خۆیانیش قەتیس نابن وهەمیشە لە سەر رەوتی گەڕانەوەی دیمەنە کۆنەکان دان، هەروەها دیارە لە یادەوەریشدا چەند چەمکێکی دیارو گرنگ هەن، ئەوان وەکو تەوەرێکی سەرەکی هەڵچوون و خۆپێچانەوە و گەڕانەوەی یادەوەری رۆلی بایەخدار دەبینن، ئەوانیش بریتین لە (زایەگای لە دایک بوون )،(ماڵ) ،(گەڕەک) و (نیشتمان).

لە دەسەڵاتی مرۆدا نییە ئەو چەمکانە لە گوزارشت کردنی بیرەوەریەکانیدا بایەخیان پێ نەدات، دیارە لە ناو ئەو چەمکانەشدا چەمکی (نیشتمان) لە هەموو چەمکەکانی دیکە گشتگیرترو با‌ڵاترو بە بەهاترە، هەروەها لە هەموو ئایدیایەکانیش زاڵتر خۆی دەنوێنێت، گەلێک رژێم ورێباز و یاساو رێسا و هۆشمەندی هەولیان داوە مرۆڤ وەکو تاک وچەند تاکێک لە ناو ژینگەی چەکەرە بوونی مرۆیی خۆیدا دەربهاوێژن، بەڵام هەولێکی نەزۆک وبێبەر بووە، هیچ مەبەست و ستراتیژێکی کەمخایەنی نەپێکاوە و ریسیان لێ بووەتەوە خوری.

(ئەنفال) لەوانەیە نموونەیەکی زیندوو بێت بۆ یەکانگیر کردنی بنەمای بابەتەکەم، دوژمن هەموو شتێکی کرد بۆ توانەوەی کورد، بەلام ئەوەی پێی نەکرا دەستەمۆ کردنی زاکیرەی منداڵێکی ئەنفالکراو یاخود سڕینەوەی ئاسەواری دێیەکەی لە ناو هزرە گچکۆکەی ئەو منداڵە ئەگەر بە قەوارەش گچکە بێت، بەڵام لە روانینی ئەوەوە شتێکی گەورە بوو بۆیە نەیاندەتوانی لە بیری دەربکەن، ئەگەرچی سەرجەم وێنە کۆنەکان رەشوسپیشن، بەڵام لە زاکیرە و بیرەوەری منداڵیماندا تابلۆیەکی رەنگینن وناشیرن نابن، زێدی لە دایکبوون ئەو فەزا زیندووەیە تامی شیرینی هەرگیز لا ناچێت، هەروەها کە سەخت نەبێت زاکیرە بگەڕێتەوە، ئاسانیشە ئەو زادە هەموو کاتێک بە کەلتوورەکەی خۆی ئاشنا ببێتەوە، ماڵ وێنەیەکی بچووکی نیشتمانە، لەوێوە زمانی زگماک چەکەرە دەکات وداب ونەریتیش لەگەلیدا نەشونما دەکات...

 ئەرمەنییەکان رۆژبەرۆژ سوورتر دەبن لە سەر ئەوەی گێڕانەوەی ئەو دەرفەتە تاریکانەی لە زاکیرە و مێژووی گەلەکەیاندا هەیە، جارێکی دیکە بە ستایل و ریتم و رەسمێکی کرێتتر و قێزەونتر لە هۆشمەندی و ئاوەزی نەوە و منداڵەکانیان وێنا بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەرگیز ناعەدالەتی ئەو کارەساتە و مێژووی زەبر و زەرەرمەندیەکانیان لە بەرامبەر تێڕوانین و بیرەوەری نەوەکانیان کاڵ نەبێتەوە و لە مێشکیانیشدا هەمیشە زیندوو ببێتەوە، هەروەها نەوە دوای نەوەش پەیامی ئەو ئەرکە و پاراستنی مێژووەکەش بۆ یەکتر بگوازنەوە، بە هۆی ئەوەشەوە ئەو گەلە تا ئێستا بە زیندوویی ماون، وەکو گەلێکی نەمریش بەردەوامن لە ژیان.

هەموو ئەوانە پێمان دەلێن ئاسان نییە تاکێک، کۆمەڵێک و گەلێک، خۆی لە خەیاڵی رابردوو و یادەوەری  هۆشمەندیی منداڵیی دابماڵێت، منیش دەمەوێ بەو سەرەتایە کەمێک درێژە، ئاوڕێک لە هەلوێستێک بدەمەوە و دەروازەیەکیش بۆ باسێک بکەمەوە کە کەمتر هەلوێستمان لە سەر کردووە و کاتمان بۆ تەرخان کردووە، ئەویش لە سەر وابەستە بوونی هاورەگەزی و (ئینتما)یە نەتەوەییەکەی (کوردە جوولەکاکانە)، ئەوانەی کە شێلگیرانە خۆیان بە نیشتمان و رابردووی دوێنێکەیان پابەند کردووە و نایانەوێت لە زاکیرەیاندا لە ناو بچێت و لە ناو زاکیرەی خۆشیان کۆن ببن، بە شێوەیەک رایەڵی هاوبەندبوونیان بەو خاک ونیشتمانەی ئێمە ئەوەندە توندوتۆل بووە لە رادەی وەفا و سۆز و پێوەندییەکی بۆرە خزمایەتی کاڵەوە دەرچووە و ئاقارێکی دیکەو رەهەندێکی دوور و قووڵتری بە خۆوە گرتۆتەوە کە خۆی لە مەسەلەی نەتەوایەتی و نیشتمانیەوە دەبینێتەوە...

ئەو (کوردە جوولەک)انەی رۆژانێک لە کوردستاندا وەکو ئێمە ژیاون بە جلوبەرگی کوردی و خۆراکی کوردی و بە کوردیەکی پەتیش بازاڕو شارو وڵاتیان گەرم کرد بوو، لە شینوشاییدا هاوخەمی بابوباپیرانی ئێمە بووینە، بەڵام بە ناچاری بە رووی بانگەوازی نیشتمانێکی هاورەگەزیی وئایینزاییەوە چوون، تا هەڕەشەی لەناوچوونیان لە سەر نەمێنێت، بە تایبەتی لە سایەی ئەو رژێمانەی بە بەردەوام لە هەولی ئەوەدا بوون قڕیان بکەن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە دەولەتێکی خودان ئاڵا هەبوو تا ئاسایشی نەتەوەییان بۆ دابین بکات، بۆیە دەستیان لە کوردستان و کورد بەر بوو، ئەگەرچی ئەوان دوێنێ لەو دووڕیانە چارەنووسسازەدا دەستیان بە ئاسانی بەر نەبوو، ئایا ئاسانە ئەمڕۆکە دەست لە رابردوو و زاکیرەی منداڵیان بەر بدەن ؟ ئایا ئەدی ئێمە چۆن دەتوانین دەست لە ئەوان هەڵگرین، ئەگەر ئەوان قەدەرو ئیرادەیەک بوو بارگەی سەفەریانی پێ تێکنا و رۆیشتن رابردووش وەکو قەدەری ئاو، ئاووئاو دەڕوات وناگەڕێتەوە؟

لە ئیسرائیلدا بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەوە، نزیکەی( ٢١٥ - ٣٠٠) هەزار کوردی- جوولەکە هەیە، بێگومان ئەوان وڵاتەکەی ئێمەیان کە وڵاتی دایکی ئەوانیشە بە خۆشی خۆیان بەجێنەهێشت، بەمە لە ژیانێکی بێ قەوارە و کیان لاوازەوە چوونە ناو وڵاتێکی بە ئاڵاو نیشتمانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیلێم ئەوان ئەگەرچی گەلێک بەختەوەرییان لە نیشتمانی دووەم بە دەست هێنا، بەڵام ناکرێت لە سایەی ئەو سێبەرەوە بەدبەختی وسەروەرییەکانی نیشتمانی یەکەمیان فەرامۆش بکەن و نیشتمانی تازە رۆحسوکیان نیشتمانی کۆنی ئێسکگرانیان لە بیر خۆی بباتەوە، بەلکو بە پێچەوانەوە ئەوان نەک هەر رابردوویان پشتگوێ نەخستووە، تەنانەت هەستی ئایینی و نەتەوەیی و کیانی نیشتمانی و بەهای ئاسایشی نەتەوەیی جوولەکەش نەبوونە رێگرێک لە گەڕانەوەیان بۆ مەڵبەندی یادەوەری و بیرەوەریەکانی منداڵی و هەرزەکارییان.

ئەوەتا بە گوێرەی هەموو ئەو چالاکییە هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری و نەتەوەییانەی ئەوان ئەنجامی دەدەن کە گوزارشت لە هەست و نەستێکی گەرمی غوربەتی و تاسەی ناسۆرییەکی گەڕانەوەی نەوەی کۆن ونوێیان دەکات بۆ وڵاتی کۆن، مایەی دڵخۆشیشە ئەوان بە ناسنامەیەکی کەلەپووری کوردی رەسەنەوە خۆیان نمایش دەکەن، نەک ناسنامەیەکی جوولەکەیی بخەنە روو، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی دڵسۆزی کەسێتی و نمەک پاکی کانزای رۆحیانە، ئەو راستیەش جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان دەستبەرداری یادەوەری و بیرەوەریەکانیان نابن، هەروەها هەرگیز ناتوانن لەو دەڤەرەی ئێمەدا تا سەر سەر هەڵبگرن، پابەند بوون و وابەستە بوونیان بەو خاک وئاو و هەوایەی کوردستان، خەسلەتێکی پاک وجوانی ئەوانە و دەستبەردارمان نابن. کەوابوو بۆ ئێمە دەست بەرداریان بین و دەستیان بۆ درێژ نەکەین؟

ئەو کەلتوور و کەلەپوورەی کە لە ئاوەز و هۆشمەندی و دڵ ودەروونیان کەلەکەی کرد بوو، لەوێ لەو وڵاتەی خۆیان وەکو ناسنامە و شەرەفێکی نەتەوەیی و کەرامەتێکی نیشتمانی کاری پێ دەکەن، لە پیادە کردنی ئەو بەها بەرزانەدا، هیچ شتێک نەبووەتە تەگەرە لە رێگەی ئەو پەیامەی لە دواییدا بۆتە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی، خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە لە پیادەکردنیدا، ئەوەش خۆی لەخۆیدا دڵسۆزیی ئەوانە لە بەرامبەر خاک ونەتەوەی کورد، بەردەوامیش ئەو هەستەیان لە لا دووپات بۆتەوە، بەراستی کۆمەڵە مرۆڤێکی مەزن وزیندوون،هاورەگەزی دڵسۆزو راستەقینەی گەلی کوردن .

(کوردە جوولەکەکان) هاوشانی جولەکەیی بوونی رەگەزە ئایینیەکەیان ناسنامە و رەگەزی نەتەوەیی کوردی خۆیان هەرگیز لە یاد نەچووە و هەمیشە منداڵ ونەوەکانیان بە بنچینە و رێزمانی زمانی کوردیەوە ئاشنا کردووە و قسەیان پێکردووە، من لەگەل چەند کەسێک قسەم کردووە لەوانە ژنە کوردێک بە ناوی (داکی هاژە)وە کە خۆی و مێرد و منداڵەکانی چەند ساڵێک لە (ئیسرائیل) نیشتەجێ بووینە کە لە رێگەی یەکێک لە ئەندامی بنەماڵەکەیان گەیشتوونەتە ئەوێ، دەیگووت :

" جوولەکە کوردەکان بە کوردییەکی گەلەک خاوین قسەیان لەگەل ئەکردین، قەت هەستمان ناکرد ئەوان زەمانێک بیت لە کوردستان دوور کەتبنەوە بە باشی لێیان تێئەگەیشتین، لە نەفسی وەختیش لە مابەینی خۆیان گەلەکجار بە زمانی (عیبری) قسەیان ئەکرد ".

من پێم وایە دەستەواژەی (جوولەکە کوردەکان)، بە هەڵە بەکاردەبردرێت، باشتر وایە (کوردە جوولەکەکان) بەکارببردرێت، چونکە ئەوان لێرە لە کوردستان چاویان هەڵێناوە و لەوێش ژیاون، ناسنامەی نەتەوەش بەر لە چەمکی ئایین دێت، نابێت بلێین (ئیسلامێکی کورد) بەلکو (کوردێکی ئیسلام)ە.

باوەر ناکەم (کوردە جوولەکەکان) لە هەر کات وشوێنێکدا ژیابن کورد و کوردستانیان لە بیر کرد بێت، ئەوەتە بە گوێرەی ئەو بەڵگەیە * ١ " زۆربەی پیاوماقووڵان و لێپرسراوە کوردەکان بریاریان دا رێکخراوێکیان هەبێت کە لە ژێر چەتری ئەو رێکخراوەدا کۆ ببنەوە . لەو چوارچێوەیەدا ساڵی ١٩٧١ نزیکەی ٣٨٠ مرۆڤی ناودار کۆ بوونەوە و لیژنەیەکیان لە سەرتاسەری ئیسرائیل پێک هێنا و کۆبوونەوەیەکی داخراویان ئەنجام دا، کۆبوونەوەکە لە کۆمەڵگەی (عۆزچیۆن) و بە بەشداری سەرۆک وەزیرانی ئەو کات و وەزیرەکان و ئەندامەکانی کنێسێت و خەڵکی ناوداری وڵات بەرێوە چوو. " بە گوێرەی هەمان سەرچاوەش ئامانجی سەرەکی ئەو مەبەستەشیان:

" یارمەتیدانی نەتەوەی کورد بۆ خوێندن، پەرەپێدان و پاراستنی سەرکردەکانیان، هەروەها پاراستنی داب و نەریتی ئایینی، هۆنراوە و گۆرانییەکان، هەڵپەڕکێ و سەما، چیرۆکی میللی و زمانی ئارامی-کوردی کە لە نێو کورددا ناسراوە... "* ١ دوای ئەمەش چەندین گۆڤارو نامیلکەیان دەرکردووە...

لەو کاتە بەولاوە بە رەسمی لە زۆربەی ئاهەنگە میللی ونەتەوەیی ونیشتمانیەکانی کورددا، ئەوان بە جلی کوردی و کەلەپووری کوردایەتیەوە، لە سەر تەختەی شانۆ و لە سەر رووپەڕی شاشەی تەلەفزیۆنەکان، وەکو کوردێکی رەسەن و راستەقینە گوزارشتیان لە هەست ونەستی کوردایەتی خۆیان کردووە، لەوانەشە پێشتر بە نارەسمی بە شێوەیەکی دیکە پێشوازیان لە بیرەوەریەکان کرد بێت، من بە گوێرەی جەند دۆکۆمێنتێکی رێگای (یوتیوپ)ەوە، زۆر چالاکی کوردی ئەوانم بینیوە، بە شێوەیەک ئاماژە بە کەلەپووری کۆنی گەلەکەمان دەکەن کە لەوانەیە ئاسان نەبێت بۆ نەوەیەکی نوێمان کە لە ناو کوردستاندا ژیا بێت ئەوها وەکو ئەوان بە جوانی و لێزانانە باسیان لێوە بکات...

بۆ نموونە خواردنە کۆن ویارییە کوردەوارییەکان، یاخود لە چەند دیمەنێکی سەر شانۆکانی (ئیسرائیل)دا لاسایی کردنەوەی چەند لاوێک دەنگی (حەسەن زیرەک)و گووتنەوەی (حەیران)و (لاوک) بە دەنگێکی بە سۆزو کوردانە کە دڵ ودەروونمان گەرم دەکەنەوە، هەروەها لە مەقامێکی کوردی نموونەییشدا وەسفی جوانی وسازگاری شاری (شەقڵاوە) دەکرێت من لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو شارەم یەکاویەک موچڕکێکی خۆشی و فێنک کەرەوەم بە جەستەدا رەت بوو،کتومت وامزانی ئەو کەسەی ئەو دەنگە دەچڕێت نامۆو نە ناسیاو نییە پێم، بەڵکو هاوخوێنی خۆمە و لە یەک رەگەز و بنەچەی هاوبەشدا هاویەکین .

بە گوێرەی لێکۆلینەوەیەکی * ٢ (نەعومی گالێ)ەوە کە ژنە پرۆفیسۆرێکی جولەکەیەو مامۆستای زانکۆیە لە (کۆلۆرادۆ) لە ژێر ناوی (ژنی کورد) کە من نوسینەکەم لە سەرچاوەیەکەوەکی ئینتەرنێتەوە بە زمانی ئینگلیزیەوە خوێندووتەوە، باسێکی تێرو تەسەل ودوورودرێژی مێژوویی نوسیوە سەبارەت بە کۆچی(کوردە جوولەکەکان) بەرەو (ئیسرائیل)، تێیدا کۆچی جولەکەی کوردەکانی بە سەر چەند گرووپ و چەند قۆناغێکەوە دابەش کردووەو لە باسەکەشیدا ئاماژەی بە کوردەکانی ھەموو پارچەکانی کوردستان کردووەو هەروەها شێوەی ژیان ونیشتەجێ بوونیشیانی دیاری کردووە، کۆچەکەش خۆی لە چەند جارێکەوە گرتۆتەوە جا دەلێت :

" یەکەمجار یەکەم گروپی کورد لە ساڵی ١٨١٢ ی پێش جەنگی جیھانی یەکەم چوونەتە (ئیسرائیل)... " .

هەروەها شوێنی ژیان وگوزەران و نیشتەجێ بوونیشیان یەکە یەکە دیاری دەکات، ئنجا باس لە کاری رۆژانەی پیاوو ژنەکان دەکات، سەرەتای ژیانیان بە خەریک کردنی کاری (کوشتوکاڵ)یەوە بووە، هەروەها دەڵێت : " کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی باب سالاری بووە، بەڵام ژنە کوردە جولەکەکان زۆر ئازادتر بوون لە ژنە جولەکەکانی دیکەوە.. "هەروەها دەلێت : " ئەو کوردە جولەکانەی لە دەڤەری زاخۆوە هاتوون زۆر زیرەک و چاڵاک بووینە... " .

هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە فۆلکلۆری ئیسرائیل نەیتوانیوە فۆلکلۆری کوردیان لە بیر بباتەوە، چونکە کوردەکان هەمیشە نوێنەری کوردان بوون، بە جلو بەرگی کوردی خۆیان بەشداریان لە فیستیڤاڵیە جیھانیەکان کردووە ،هەروەها دەڵێت :" ژنی کوردی جولەکە ھەردەم دەستەڕاستی پیاوەکانیان بوون وئەوەندە جیاوازیان لە نێواندا بەرچاو نەکەوتووە... ".

گڕوگەرمی (کوردە جوولەکەکان) بۆ وڵاتەکەمان، دەلالەتێکە بۆ ئەوەی خۆیان لە کەلتوورو کەلەپووری گەلی کورد جیا نەکردۆتەوە، لە زاکیرەی ئەوانیشدا هەمیشە رۆحێکی زیندوو هەبووە خەونی بە وڵاتی گۆرین بینیوە، هەرگیز ناکرێ بە هۆی پرینسیپ ودۆگمای چەمکی ئایینی ودروشمی سیاسیەوە، بەهاو رەهەندە پیرۆزەکانی نەتەوەو رابردووی منداڵیان لە بیر بکەن، بۆ ئەوان ئاسانتر بوو لەگەل ژیانی تازەیاندا ژیانێکی تازە دەست پێبکەن وهەموو سیماو بەهای نەتەوەیی وکوردییان بزر کردبایە ، بەڵام دیارە وانەبوو، ئاسانیش نەبوو وا بکەن..

من خۆم لەگەل خێزانەکەم رۆژێک لە (هۆلەندە)دا، سەردانی پێشانگایەکی نێودەولەتی (یاری لێگۆ)م کرد کە تێیدا هەندێک کاری تەکنیکی و یاری هزرییان بۆ لاوان ئەنجام دابوو کە لە لایەن (زانکۆێ تەکنیکی-دێلفت)ەوە ساز درا بوو، ئەو پیشانگایە بە گوێرەی وڵاتەکان دابەش کرا بوو، هەر بەشێک بە هۆی ئاڵای وڵاتەکەوە دەناسرایەوە، بە داخەوە تەنیا ئاڵای کوردی لێ نەبوو، من کە ئاڵای (ئیسرائیل)م دیت یەکاویەک بەرەو روویان چووم، دوو کچی شۆخی جوولەکەی لێ بوو منیش پێم گوتن (شالۆم) کە (سڵاو)کردنێکە بە (عیبری)، ئەوانیش بە بیستنی ئەو قسەیە بە بزەیەکی تەڕ بەرەو روومان هاتن وپرسییان: ئێوە کێن وخەڵکی چ وڵاتێکن.لەبەرئەوەی سەرمان رەش بوو ئەوان وایانزانی ئێمەش جوولەکەین، منیش لە وەڵامیاندا پێم گوتن ئێمە کوردین وخەڵکی (کوردستانی عێراقین)، یەکێک لە کچەکان بە روویەکی خۆشتر گووتی منیش دایکم کوردە و لە کوردستانەوە ژیاوە و لەوێ لەدایک بووە، بەڵام ناوی شوێنەکەی بە بیر نەدەهاتەوە، بۆیە یەکاویەک تەلەفۆنی دەرهێنا و قسەی لەگەل دایکی لە (ئیسرائیل)ەوە کردو بە زمانی (عیبری)ەوە لێی پرسی، ئەویش لە وەڵامدا پێی راگەیاند: لە شاری (زاخۆ) لە دایک بووم.

بەلای من ئەوەی سەیر بوو ئەوە بوو، چۆن ئەوها خێرا و ئەوەندە زوو لەیەکتر گەیشتین، دیارە ئەوەش لە سەرووی قەدەر و ئیرادەی ئێمەیە، شتێکی دیکەی نادیار هەیە وەکو هۆکارێک لە یەکترمان نزیک دەکاتەوە، ئەو هەستە لەوانەیە هەستێکی نائاسایی و لە دەرەوەی توانست و قودرەتی ئێمە بێت، بەڵام پێم وایە ئەوە هەستی نەتەوەیی سۆزی هاونیشتمانیە بە سەر هەموو هەستەکانی دیکەوە زاڵ دەبێت وهەرگیز ناتوانین خۆی لێ لابدەین و لە هەر دەرفەتێکی نائاگاییماندا دێتە دەنگ، لەوانەیە ئێستا لە بوونی ئەو رەهەند و جیاوازیە زەمەنی وخاک ونەتەوەییەدا ئاسان نەبێت هەردوولا لە زۆر شت ولە یەک خاڵدا کۆک بن وناتەبایی نەمێنێت، بەڵام بەر لەوەی (ئیسرائیل) وەکو کیانێک بانگەوازی وڵاتێکی جوولەکەیان بۆ بکات، دیارە لە وڵاتەکەی خۆیان ماڵێکی بەختەوەریان نەبووە، هەوەها ئاسایشی ژیان وسامانیان نەپارێزراوە، لە دەسەڵاتی ئێمەشدا نەبووە زامنێکی مانەوەیان بە سەلامەتی بۆ دابین بکەین، ئەم چارەنووسەش رووبەرووی جوولەکەی هەموو دونیا ببوەوە، دیاریشە لەوێ هەریەکە بە دوو ناسنامەوە ژیاوە، ئەوان کورد بوون و لە کوردی خۆشیان گومانێک لە گۆڕێدا نیە، ئەوان ئەگەرچی بەدەم بانگەوازەکەی جوولەکەیی بوونیان چوون کە خۆی لە دەنگی وڵاتی تازەوە دەدیتەوە، بەڵام دەنگی وڵاتی کۆنیان هەرگیز فەرامۆش نەکردووە..

(کوردە جوولەکەکان) لە سەردەمی خۆیدا لە کۆمەلگای ئێمەدا ئامادەیی زیندوویان هەبووە، رۆلیکی گەلێک گرنگیان سەبارەت بە پێشخستنی لایەنی ئابووری وتەنانەت لایەنی کۆمەڵایەتی وژیان وگوزەرانی کوردستان گێڕاوە، بە گوێرەی باسەکەی کاکە * ٣ (بەرزان ئەحمەد کوردەوە)ەوە کە لە شوێنێک دەلێت : " زۆر لە لاوو گەنجی شاری سلێمانی دەچوونە گەڕەکی جولەکان لەوێ بەهۆی ئەوەی ژن وکچی جولەکە مەدەنی ترو کراوە تر بوون.... " هەروەها دەلێت : " دیارە هەڵپەڕکێی رەشبەڵەک لە کاتی شایی وبۆنەکاندا بە زۆری لە گەرەکی جولەکەکاندا ئەکرا، چونکە ژنە جولەکەو وکچەکانیان جیا لەوەی لە کاتی شایی هەلئەپەڕین بە شێوەی رەشبەڵەک لە هەندێ کاتدا خۆیان گۆرانیان دەووت بۆ ئەوەی زیاتر هەڵپەڕکێیەکە گەرم وگوڕتر بێت... ".

ئەگەر لەو نموونەیەی سەرەوە بە وردی تەماشایەکی بەراوردکاری شارستانی وکراوەیی ومەدەنیەتی شاری سلێمانی بکەین کە وەکو مەڵبەندێکی رۆشنبیری وبزاووتنی سیاسی وئەدەبی وهونەری ئێستاو لەگەل رابردووی ئەوکاتیش جیاوازی بکەین، دەبینین روویەکی پێشکەوتن ومەدەنیەتی خەلکی ئەو شارە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی رەگەزی جوولەکە لە ناو ئەو کۆمەلگایەدا، لە کاتێکدا ئەگەر بێت وئەو شارە لەگەل شارەکانی دیکەی کوردستاندا بەراورد بکەین جیاوازیەکی فرەوان لە رووی ئاستی کۆمەڵایەتیەوە هەبووە، هاوکات رۆلی شارستانیانەی جوولەکەکانیش بەسەر لایەنە رۆشنەکانی کۆمەڵگای شارەکانی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێت...

من پێم وایە ئەو نموونە زۆر راستە، ئەوەش لەو رووەوە بە راست دەزانم ئەگەر بێت ولەگەل مەسیحیەکانی شاری (شەقڵاوە) دا بەرواوردێک بکەم، لە ناوەڕۆکدا زۆر لێک نزیکن، هەبوونی ئەو کۆمەڵە مەسیحیە لە ناو ئەو شارەدا هۆیەکی سەرەکیە بۆ پێشکەوتنی لایەنە کۆمەڵایەتی وشارستانیەکانی ئەو ناوچەیە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیشیان لێ وەرنەگیرا بێت، ئەوەندە بەسە کە هۆشمەندی ئاشتیخوازی وناشەڕانگێزی ورۆحی کراوەییمان لێیانەوە خواستووە...

هەر لەو سەرچاوەیەوە باسی ئەوە دەکرێت:

" (ساسۆن) یەکێکە لە (کوردە جوولەکەکان) وکە لە (ئیسرائیل) نیشتەجێیە دەلێت : بە پێی مێژووی قسەی پیرەپیاوانی کوردستان نەتەوەی کورد زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی دی رێزی جوەکانی گرتووە وەکو هاوڵاتیەکی کورد سەیری کردوون پاراستویانن وبە هیچ چاوێکی سووک وبێگانە سەیری کوردە جووەکانیان نەکردووە... ".

بە گوێرەی ئەوەی ماوەیەکە خۆم بە هەندێک سایتی ئینتەرنێتەوە خەریک کردووەو زانیاریەکانم زیاتر لەوێ سەرهەڵدەگرن، هەست دەکەم ئەو کۆمەڵە مرۆڤەی کە لە (کوردستان) ژیاون وئێستاش لە(ئیسرائیل) دەژین، بەر لەوەی خۆیان بە جوولەکە بزانن، خۆیان بە کورد لە قەڵەم داوە، جا لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستانەیان چ هەلوێستێک پێویستە ئێمە بیکەین ؟ چۆن شانبەشانی ئەوان لە بەرابمەر ئەو پرسە نەتەوەییەمان بە ئاگا بێینەوەو وەڵامێکی گونجاویان بدەینەوە ؟ ئەمەو زۆر پرسیاریش لەمێشکمدا رۆژانە دروست دەبن ولەوانەشە لە ناو سەری زۆر کوردی دیکەشدا هەبن، بەڵام ناکرێت لەوە بێدەنگ بین وبیرێکیش نەکەینەوە، جا با ئێمەش بە دەنگ گەڕانەوەی (فلاش باکی) خەیاڵ وسەردی بیرەوەریەکانی ئەوانەوە بچین وئامێزێکیان لە ئامێز وەرێنینەوە تا زەمەنی هەردوولامان کاتی بە بەرماوە...

هەبوونی ئەوان لە ریزی ئێمەو ئامادە بوونی هەست ونەستی ئەواینش لەگەلمان، هەڵوێستی سیاسی ونیشتمانی نەتەوەییمان بەهێزترو پتەوتر دەکەن، هەروەها ئەوان بۆ ئێمە دەبنە پاڵپشتێکی مەعنەوەی ونەتەوەیی وسیاسی، بەمە قازانج دەکەین نەک زەرەر، وابزانم رۆژی ئەوە نەماوە کە جورئەت نەکەین ولە ترسی هەستی نەتەوەیی نەتەوەی عارەب، خۆمان لەوان نزیک نەکەینەوە، بە تایبەتی ئەمڕۆکە کە ئاماژە سیاسیەکان وفاکتەرە جوگرافیاکان، زیاتر لە پێویست پێمان دەلێن پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی تاکە چارەسەرو کاری پلانرێژی دوارۆژمانەو واقعێکی راستەقینەیە نەک خەون، دەبێت بە وردی کاری بۆ ئەو پلانە بکەین، ئێمە لەو کارەشدا پێویستان بە کۆمەکی وهاریکاری دیپلۆماسی وسیاسی ئەوانە، چونکە جگە لەوەی ئەوان لە هەموو جیهان بەهێزترین ودەوڵەمەند ترین لۆبین(جالیە)ن، هاوکات ئەمڕۆکە لەگەل نەتەوەکانی دیکەی باڵا دەستی ناوچەکەمان ناکۆکن بە تایبەتی ئێستا لەگەل (تورک) ناتەبان، لە هاوکێشەکانی تەرازووی هێزو بەرژەوەندیەکان لەگەل یەکتر دوورن، بەرژەوەندیەکانی ئەوان لەگەل بەرژەوەندیەکانی کورد زیاتر لە جاران لەیەکتر نزیک دەبێتەوە... 

بە دوورکەوتنەوەی بەرژەوەندیەکانی نەتەوەکانی (ئیقلیم) لەگەل یەکتردا، بەرژەوەندیەکانی ئێمەش زیاتر ئاسۆی پرشنگداری دەردەکەوێت، ئەو (کوردە جوولەکانەی) لە پێناو وڵاتی تازەیان فرمێسکیان لە چاو نەڕژا، بەڵام پێم وایە ئێستا لە پێناو کوردستان وئەو رۆژانەی لە کوردستاندا تەمەنێکی خۆشیان بەسەر بردووە، چاویان پڕ لە فرمێسک بووە، دەبا لە بیریان نەکەین وبە گوڕتر پێشوازیان لێ بکەین، ئەو کات جوولەکە فرمێسکی نەڕشت، چونکە کۆچ کردنیان لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزو مەبەستێکی سەرەکی بوو، ئەوکات ئێمەی کوردیش لە دەسەڵاتمان دانەبوو قسەیەکی باش یان خراپ لە سەر ئەو کۆچەیان بکەین، تەنیا وەکو تەماشاکارێکی گوناهو بێچارە بێ ئەوەی بتوانین راستی ناوەوەمان دەرببڕین، بەڵام هەستمان دەکرد کاریتەی بنەوانی بنەماڵەکەمان لەپڕێکە لەیەکتر دەترازێت وبازاڕ پسپۆڕ ترین ودڵپاکترین بازرگان وئابووریزان وپیشەوەری کارزانی لە دەست دەچێت، لە دڵ ولە ناخەوەشمان زۆر گریایین وئەوانیش لەوێ کە خەونەکەیان بە واقیع بوو، زۆر فرمێسکیان بۆ ئەو رۆژە رەش وخۆشە هاوبەشانە هەڵڕشت، دەبا جارێکی دیکە ئەو فرمێسکانەی خۆمان تێکەلاو بکەینەوەو لە سایەی هەمان خاک و ئازاری هاوبەشدا لە جاران باشتر، هاوکار و هاوخەمی یەکتر ببینەوە.....

 

 

بۆ باباتەکەم سوودم لەو سەرچاوانە وەرگرتووە:

* ١ رێکخراوی نیشتمانیی جوولەکەکانی کوردستان لە ئیسرائیل له‌لایه‌ن دینۆ دانیاڵ- سێشه‌ممه‌، 06 یولیو 2010 06:25

* ٢ (نەعومی گالێ)- (ژنی کورد).

university of colorado law school . wolf lag bygga . boulder، co 80،309

• http://jwa.org/encyclopedia/article/kurdish-women

* ٣ جوولەکەکانی شاری سلێمانی نوسینی بەرزان ئەحمەد کوردە -باسی چواره‌م چالاکی ئابووری جولەکەکان لە (فێس بوک)ەوە.

* ماڵپەڕی فەرمی دەزگای ئیسرائیل-کورد- ٢٠١١.

http://www.israelkurd.com/index.php?option=com_content&view=article&id=146:2010-07-06-04-33-38

* بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی (گەلی کوردستان).

* هەروەها سوودم زۆر لە هاوڕێم کاکە (ئومێد عیسا) کردووە بۆ دۆزینەوەی چەند سەرچاوەیەک لەگەل سوپاسم.

هۆلەندە - ١\١٠\٢٠١١

 

 

 

 

 

 

 Copyright (2008) Roshenbiry.com