هومایۆن شەجەریان
هونەرمەندێکی جوانی خوڵقێن
هۆشەنگ شێخمحەمەد
"ئەو کاتەی مرۆڤەکان لە رێسمانی جوانیدان ناتوانن تاوان بکەن"
مەحەمەد رەزا شەجەریان
کە لەسەر (هومایۆن) بنووسم، یەکسەر دەڵێم، ئەو گۆرایبێژە روحهەژێنە کوڕی (محەمەد رەزا شەجەریانە). من (هومایۆنم) لە رێی (شەجەریان)ەوە ناسی، شەجەریانیش لە ئاهەنگێکییەوە کە هەزاران کەسی هێنابووە حاڵ و پێش گوێچکە بە گیان تێکەڵی گۆرانییەکانی دەبوون. پێشموایە (شەجەریان) یش، پێش ئەوەی گۆرانیبێژ یان هونەرمەند بێت، مرۆڤێکە بە گیان و جەستە و ئەقڵ و سۆز و خەیاڵەوە تێکەڵی ژیان دەبێت.
هومایۆنیش، کە کوڕی ئەو مرۆڤەیە و پەروەدەی دەست و دڵ و بیری ئەوە،لە شەجەریان ناسکتر و نەرمتر و قووڵتر روودەچێتە نێوم.
ماوەیێکی زۆر نییە، بەڵام بەردەوام دەگەڵ دەنگی هومایۆندا رێ دەکەم و دادەنیشم و گوێ دەگرم و دەچمە حاڵی جۆراوجۆر و وەک ئەوەی بە نێو تەمدا رێ بکەم ئاوا دەگەمە نێو گیان و ئەندێشەکانی جەستەیەک کە بە چاو نابینرێن.
هومایۆن، وەک (شەجەریان) دە پەڕتووکەکەی(ئەندێشە و ئەزموون)*دا، دەڵێ، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، لە سفرەوە دەگەڵیدا دەستی پێکردووە. (شەجەریان)کە بە مامۆستا و ئوستادی موزیک و ئاواز و خوێندن گازی دەکەن و لە نێو فارس و میللەتانی دیکەشدا هەم بە دەنگی و هەم بە ئاواز و هەم بە شیعری سترانەکانی وەک گۆرانیبێژێکی تایبەت ناسراوە. هومایۆنیش دە نێو ئەو دنیایەدا هاتۆتە دەر و وەکخۆی ئاوێتەی بۆتەوە!
هومایۆن جگە لەو بەرهەمانەی دەگەڵ باوکیدا هەیەتی، چەندین کاری سەربەخۆیشی هەیە _ئەوەی من دەستم پێی راگەیشتووە_ (شوق دۆست،نەقش خیال،نسیم وسل،باستارەها، قیژک گولی،نان،اب و اواز) دەگەڵ چەندین کاری تر کە لە رێی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە پەیدا دەبن.
بۆ من گوێگرتن لە هومایۆن، پێش هەموو شتێک گوێگرتنە لە دەنگێک، کە خۆشی و ناسکی و میهرەبان دەڕژێنێتە ناخ و وەک خۆی، تایبەت و قووڵ دێتە نێوم و ئاوێتەم دەبێت، بێ ئەوەی بە باشی و بەتەواوی لە گۆرانییەکانی بگەم، لە هەر گۆرانیێکی کوردی زیاتر ئاوێتەی گیانم دەبێت و چێژم دەداتێ!
کرداری چێژ بەخشین و تام دان، لە سنووری زمان و تێگەیشتن و وشەکاندا ناوەستێت، بەڵکو دەچێتە شوێنێک کە لەسەرووی ئەو ناوانەیە، هومایۆن، لەیەک کاتدا قوڵایی باوکی نەوەک تەنیا لە گەرووی بەڵکوو دە گیانیدا هەڵگرتووە، لەهەمان کاتدا کلتورێکیش لە رێی گۆرانییەکانیدا ئازاد دەکات، کە کلتووری ئێرانە لە رێی وشە و ئاواز و روحی میللەتێک کە تێراوە لە هونەر و عیرفان و موزیک و سۆفیگەری و روحانییەت و مەعنەویات و سەرمایەی رەمزی مرۆڤ.
هومایۆن، تەنیا دەنگ و شیعر و موزیک نییە،روحێکە توانوییەتی بگاتە هەندێ شوێنی نادیار. کە گوێگر بە جەستە و گیان دەگەڵیدا دەڕوات و لەوێدا، پاک و بێگەرد و میهرەبان دەبێتەوە، یان دەوێدا کە شوێنی عەشقە!
وەلێ ئەوەی ئەو روحەی درووست کردووە چییە؟ بۆ ئەو روحە لای گۆرانیبێژێکی وەک هومایۆن دەبێت و لە لای زۆرانێکی دیکە نابێت؟ بۆ ئەو دەتوانێت بە زمانێکی دیکە و کلتورێکی دیکە من هەڵگرێت و گۆرایبێژێک کە خەڵکی سار و وڵات و کلتووری منە ناتوانێت ئەوە بکات؟!
من پێم وایە، لە پشت گۆرانییەکانیدا، لە پشت شیعر و ئاوازەکانیدا تێگەیشتنێک هەیە، ئەو تێگەیشتنە تەنیا تەماشای گۆرانی و کەرەستە و ئامرازەکانی ناکات، چاوی تەنیا لەسەر تەکنیک نییە، بەڵکو لە پاڵ ئەمانەشدا، ئەو ئاگای لە مرۆڤبوونی خۆیەتی، دەزانێت گۆرانی بۆ مرۆڤ دەڵێت و دەیوێت بەرەو ناشوێنێکی ببات، مرۆڤ بگوازێتەوە کاتێک، کە لەسەرووی کاتەکانی سەرقاڵبوون بێت بە دەرد و کارە بێزارکەرەکانی رۆژانە. مرۆڤ لە پێستی رەشی خۆیدا بباتە دەر و بیداتە بەر هەتاو!
ئەو تێگەیشتنەش، تەنیا لە شارەزابوون لە موزیک و خوێندنەوەی شیعرەکانی (حافز،سەعدی، مەولانا و خەیام)بەدینایێت، بەڵکە لەو سەودایە دێت کە گۆرانیبێژ دەگەڵی دەکات و وەکخۆی تێی دەگات و ئاوێتەی گیانی دەبێت و بە خوێندنیشی ئەو روحە پەخش دەکاتەوە.
(شەجەریان) دە کتێبەکەی دا، زۆر جەخت لەسەر "ناخ و بونیادی" مرۆڤ دەکاتەوە. منیش وەک گوێگر هەست بە بایەخی بەهای "ناخ و بونیادی" هەر کەسێک دەکەم، نەوەک تەنیا بۆ گۆرانیبێژان، بەڵکە بۆ گوێگرانیش، کە بە چ ناخ و بونیادێکەوە گوێ دەدەنە هومایۆن یان هەر گۆرانی بێژێکی دیکە!
"عەتری دەروون" ئەو ناوەی شەجەریان دەیداتە گیانی گۆرانیبێژ، ئەوە لە هومایۆندا، گەورە و قووڵ دەردەکەوێت، لە ڕێی ئاواز و دەنگ و وشەوە بە سانایی دەخزێتە نێوم و تەواو مەستم دەکات، دەمباتە ناشوێن و سەرووی کاتەکان، دەگەڵ ویدا، خەمی رۆژانە، دڵگرانییەکانم، تەپوتۆزی دەروون، نامۆبوونم بە خۆ و ئەو ژیانە، دەڕەوێتەوە. تێگەیشتنێکی دیکەشم پێدەبەخشێت سەبارەت بە هونەر و مەراقەکانی مرۆڤ، سەبەرەت بە ئەرکی روح و هەستەکانی مرۆڤ، لەبارەی عەتری ناخ و فڕینی جەستە و ئاوێتەبوونمان بە ئیڕادەی خۆمان و ئازادبوونی گیانمان لە مادییاتی سەردەمێک کە هەر چی جوانە دەناوماندا دەکوژرێت!
من رۆژانە گوێ دەدەمە همایۆن و رۆژانەش، کاژێک فڕێ دەدەم تا پیس نەبم، تا دنیای ماددە گەمارۆم نەدات و سەرمایەی رەمزیم تاڵان نەکات.
ئاوێتەبوون بە جوانی و دەنگ و وشە و ئاواز و نۆتە و دنبک و تەحریر و مەقامەکانی ئەو کوڕە جوانە، شادومانییە!
*محەمەد رەزا شەجەریان، ئەندێشە و ئەزموون، ئامادەکردن و وەرگێڕانی هێمن شەریف. چاپخانەی چوارچرا ژمارەی سپاردن(٧٠٤)ی ساڵی ٢٠٠٥ سلێمانی
