همایۆن ده نێو دڵی مندا
یان
من ده نێو دڵی ده‌نگدا
14/11/2010
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د
ماوه‌یێکه گوێ له "همایۆن" ده‌گرم. شه‌و نییه و رۆژ نییه و کات و ساتێک نییه. له ماڵ ، ئۆفیس، نێو ئۆتۆ و له‌سه‌ر پاسکیلهکهشم دا ئه‌و هه‌ر دهگوێمدا ده‌زرنگێته‌وه.
'با ستارهها، نه‌سیمێ فه‌سل،ناشهکیبا، شوق دۆست، نان، ئاب و ئاواز و قیژک گولی" جه‌ندین داونلۆدی یوتوب وهسیهتکردنی ئه‌زیزان ده رێی ئێرانه‌وه بۆ هێنان و ناردنی کاسێتێکی یان سیدییه‌کی، گۆڕینی کاسێت بۆ سیدی و په‌یداکردنی کۆپی و دواتریش گوێدانی به‌رده‌وام، له تاریکی و له رووناکی و له ژوروو له ده‌ره‌وه، شه‌و و به‌یانی، نیوه‌ڕۆ و ئێواره. به چه‌شنی ئه‌فیون و خراپتر له‌و .. به چه‌شنی با و جوانتر له‌و، به نه‌زمی هاژه‌ی رووبار نا .. به شێوه‌ی سووڕی خوێن ده نێو مندا.. گوێم له‌و کوڕه نا.. له‌و ده‌نگه گرتووه.. له‌و مرۆڤه نا .. له‌و گۆرانیبێژه... ئا "همایۆن" گۆرانیبێژانه گۆرانی ده‌ڵێ و هه‌ر گۆرانیبێژانه‌ش خۆی ده‌کوتێته دڵ و روح و خوێن و مرۆڤ ده هه‌ست و خۆشی و له‌زه‌ت و چێژ وه‌رده‌دات و خۆشێیکی سه‌یر مرۆڤ داده‌گرێت... یان نا من ئیشم به مرۆڤه‌کانه‌وه نییه، من ته‌نیا مه‌به‌ستم خۆیه.. که چاو داده‌خه‌م و به په‌ڕۆیێکی ئه‌ستوور ده‌یبه‌ستمه‌وه و "همایۆن" ده نێو دڵمدا ده‌ست ده‌کاته خوێندن... ئه‌و ته‌نیا گۆرانیبێژانه ده‌نگ و دڵ و روحی ده‌داته ده‌ست دنیا... به‌و گیانه‌وه به ئێمه و جه‌سته‌کانه‌وه وه‌رده‌بێت و هه‌ر به‌و خوێنه‌ش پێمانه‌وه ده‌نووسێت.
ئه‌و کوڕه نا.. ئه‌و کوره‌ی ده‌نگ و هه‌ست و موزیکه... که تێکه‌ڵ به خۆی ده‌بێت ، ده نێوان ده‌نگ و موزیک و وه‌ته‌ر و بای ئامێره‌کان و هه‌ناسه‌ی ئه‌و گوێیه‌کم ده‌وێت جوانی ئه‌وان ده یێکدی بینیته ده‌ر؟!
ده‌گه‌ڵ هه‌ندێ وشه و ئاه و په‌یڤ و ده‌نگدا، وس وس ده‌بم و دڵ و سه‌ر و دنیا راده‌وه‌شێنم و له بنی پێمه‌وه تا بچووکترین کونیله‌ی له‌شم خوێنم تێدا کهف ده‌کات و ده‌چمه ئاسۆیێکی دی، که له هه‌موو شت بچێت له‌وه ناچێت من تێیدا خه‌مبار بم و خۆم تێدا کوشتبێت، یان خۆم تێدا خنکاندبێت یان هه‌تا تێیدا توڕه بووبم و خۆم ئێشاندبێت.. ده‌گه‌ل "همایۆن" دا هه‌رگیز و تا ئه‌و ساته وه‌خته به ده‌نگی تر.. به هه‌وای موزیکی دی وا نهگهشاومهتهوه و ئاوێته‌ی نه‌وه‌ک همایۆن و گۆرانی و ده‌نگ نه‌بووم، به‌ڵکه خۆشم!
ئیدی سه‌یر ده‌بێت بۆ ژنه‌که‌م، بۆ براده‌ره‌که‌ی زانکۆ و بۆ ئه‌و که‌سه‌ی نایناسم و ده‌بینێت کابرایێک به‌یانییان ده‌نێو ئۆتۆکهیدا و ئێوارانیش ده‌سه‌ر پاسکیله‌که‌ی هه‌ر خه‌ریکی سه‌ر بادان و دڵ بادان و روح بادان و دنیا بادانه! سه‌یر ده‌بێت گۆرانی که‌سێک بکاته‌وه به خۆی و پڕ به‌ده‌نگی پێبکه‌نێت و هاوار بکات :"به‌خته‌وه‌ر خۆم!"
نزانم ئه‌و کوڕه فارسه، منی له‌وه بردۆته ده‌ر ده سنووری زمان و وشه و زانین و تێگه‌یشتن بوه‌ستم یان هه‌تا بڕۆم.. کۆمه‌ڵێ ناو و چه‌مکی بیر بردوومه‌ته‌وه،کۆمه‌ڵێکی دیکه‌شی خستۆته دڵمه‌وه.. ئه‌و دڵی کردمه‌وه، نه‌وه‌ک مێشک، جه‌سته‌ی ئازاد کردم، نه‌وه‌ک زمان، به‌ڕه‌ڵای کردم نه‌وه‌ک سه‌ربه‌ست، "ڤای دڵم ڤای دڵم"، ده شوێنێکی دیکه‌ش که ده‌ڵێ "دڵم ڤای دڵم ڤای"، گیانی من و گیانی حه‌لاج و مه‌ولانا و سوره‌وه‌ردی و خۆیشی ئاوێته‌ی یێکدی ده‌کات و دهمفڕێنێت به‌سه‌ر تاق و دیواری ناوه‌کان، بڵندتر.... له سنووری وڵاته‌کان دوورتر.... ده په‌رێزی نه‌ته‌وه و دینه‌کان قووڵتر.... ده‌مباته‌وه نێو خۆم و ده‌وێدا من هۆشهنگم و به ههموومهوه گوێ له ده‌نگ ده‌گرم. ته‌ماشای ده‌نگ ده‌که‌م، وه‌ک ره‌نگ ده‌نێو خوێنمدا روحم به چێژ نه‌زیف ده‌کات و منیش شل شل وه‌کئه‌وه‌ی لێوی ژنێک ده‌گرم، ئاوا ده‌م له‌سه‌ر قۆڵم داده‌نێم.. وه‌کئه‌وه‌ی نه‌رمه‌ی گوێی ئه‌زیزێک ده‌گرم ئاوا ده‌ست ده‌خه‌مه نێو دڵی خۆم و ئاوازه‌کان تێکده‌ده‌م.. چاوه‌کانم به پهڕۆیێک قایم تووند و تاریک ده‌که‌م، وه‌کئه‌وه‌ی ده شه‌وێکی تاریک‌دا، ده شه‌قامێکی تاریک‌دا، ژنێک به ماچ.. دڵم ،چاوم،روحم،خوێنم رۆشن ده‌کاته‌وه...
گوێدانه همایۆن نا.. گوێدانه دڵ و ته‌پ ته‌پ به‌ربوونه‌وه به نێو ده‌نگ و ئاوازه‌کانی همایۆندا، ده‌بنه کرده‌یێکی ئیرۆتیکی ،، ئیرۆتێکیێکی زۆۆۆۆۆۆۆۆر تایبه‌ت به جه‌سته‌یێک، که تازه گه‌یشتۆته نێو خۆی، جه‌سته‌یێک خۆی ئه‌وه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه که شوختێک ده سه‌ر دڵیدا هه‌یه! جه‌سته‌یه‌ک که تازه ئاقاره‌کانی سێکس و شه‌هوه‌ت و سۆفییه‌تی و چێژ ده یێکدیدا بهڕهڵادهکات! جه‌سته‌یه‌ک که زیندانی روح نییه و قه‌فه‌سی شه‌هوه‌ت و ئاسمانی شینی سێکس و هه‌واری فاکتێک نییه.. جه‌سته‌یه‌ک وه‌ک فانتازییا به‌سه‌ر خۆیدا ده‌ته‌قێته‌وه‌و بارانی ده‌نگ ده‌نێو خۆیدا ده‌بارێنێت و ته‌رزه‌ی عه‌شقێک ده‌خۆیدا شین ده‌کات و مرۆڤێک ده خۆیدا ده‌چێنێت.....
گوێدانه همایۆن .. روحدانه همایۆن، وه‌کئه‌وه وایه من ده‌ستی ژنێکم گرتبێت و .. ژنێک دڵی گرتبم و من له‌سه‌ر لێوه‌کانی ئه‌ودا تامی دنیا بکه‌م و ئه‌ویش ده چآوی مندا مهلهوانییهکی سه‌وز بکات. من بڵێم دڵم ڤای و ئه‌ویش بڵێت ڤای دڵم!
جهستهدانه همایۆن.. دڵدانه همایۆن، و به‌ڕه‌ڵاکردنی په‌نجه‌کان ده هه‌وادا بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادی خۆیان گه‌مه به با بکه‌ن و ده‌گه‌ڵ ئه‌و جوڵه‌یه‌ی ده‌نگی همایۆن به په‌نچه‌کانی ده‌به‌خشێت وه‌ک ئه‌وه وایه په‌نچه‌کانت له‌سه‌ر دڵی ژنێک بن و ده‌نگی دڵه‌که نه‌گاته ده‌ستت و به پهنچهکانتهوه ده‌بن مه‌مکی چه‌په‌ی له ده‌نگه‌که بگه‌رێیت، وه‌کئه‌وه‌ی په‌نچه‌کانت ده نێو پرچی ئهزیزێکدا ون کردبن و په‌نچه‌کان له‌خۆیان بگه‌ڕین و خۆیان نه‌بیننه‌وه، وه‌کئه‌وه‌ی ده‌ستت داخ بووبێت له‌سه‌ر پشتی ملی ژنێکی ئاگر!
ئه‌وه‌ی بڕوا ناکات با ده شه‌وێکی تاریک‌دا،چاوه‌کانی ببه‌ستێته‌وه و ده‌سته‌کانی ده‌گه‌ڵ ئاوازه‌کانی همایۆن راوه‌شێنێت و خه‌یاڵی بداته ده‌ست ده‌نگ...
ده‌نگی همایۆن بۆ من ده‌بێته ژن.. ژنێکی بێشه‌رم که ناترسێت بێت و بمباته ماڵی رێحان، بمبات و نهمداتهوه ده‌ست خۆم.. نهمداتهوه ده‌ست بێده‌نگی، نهمداتهوه ده‌ست ره‌نگه‌کانی منداڵیم و نهمداتهوه ده‌ست دایکیشم و بمبات، بمبات و ئاوێته‌ی ئاواز و ده‌نگم بکات، ئاوێته‌م بکات به خۆی و بمکاته چله رێحانێک و بمخاته به‌ر په‌رچه‌می یان ده نه‌قه‌بی مهمکانیدا مه‌ستم بکات!
ئای له‌و ده‌نگه که ته‌نیا ده‌نگ نییه.. هه‌ندێ سات هه‌ست ده‌که‌م، همایۆن هه‌ر ده‌نێو دڵی مندا گۆرانی ده‌ڵێت و هه‌ر ده‌نێو دڵی منیش‌دا ژنێک له دایک ده‌بێت و من و ئه‌و و ئه‌و ژنه ده‌ڕۆین و ده‌فڕین و غاردهدهین و گۆرانی ده‌ڵێن و به‌ڕه‌ڵا دهبارینه سه‌ر خۆمان و مه‌ستانه ده‌نێو خه‌ونێکدا ماڵێک له ده‌نگ درووست ده‌که‌ین و له تاقی ئاسماندا ده‌وه‌ستین و ناکه‌وینه خوار. به‌سه‌ر هه‌وره‌کاندا پیاسه ده‌که‌ین و ده‌بینه فانتازی و ئیدی نانیشینه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مانبات ده‌نگه، همایۆنه.
نایێمه‌وه من ده‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگه‌دا، به‌رده‌وام مه‌ست و خه‌وناوی و خه‌واڵوو به نێو خۆمدا ده‌بمه گه‌ردێکی ده‌نگ و به پفێک هیچم نامێنێت و وه‌ک گه‌ردیله به نێو ئه‌ودا وهردهبم و ده‌بمه گه‌ردی ده‌نگێک و زیاتر نا، گه‌ردێک که دواتر ره‌نگه له‌سه‌ر په‌ڕی رێحانێک، گه‌ڵای هه‌نارێک و پووله‌که‌ی ماسیه‌ک، یان خوناوی سێپه‌ڕه‌یه‌ک به‌ربێته‌وه نێو دڵی خۆی و دیسان بڵێته‌وه "ڤای دڵم ، ڤای دڵم"
