هه‌ڤپه‌یڤینێک ده‌گه‌ڵ عه‌لی نانه‌وازاده
سازدانی: رِابهر فاریق
رِابهر فاریق: له نێو رِۆشنبیرانی ئێسته‌ی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك گرووپ ئاماده‌یییان هه‌یه، ئایا ئه‌و گرووپه ئه‌ده‌بییانه بنه‌مای ته‌ندروستیان هه‌یه بۆ درێژه‌دان به كاره‌كانیان؟ بۆچی ئه‌م جۆره گرووپانه، هه‌ر ده‌مێك- كه‌سێك وه‌ك "رِۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد" ده‌ناسێنن؟
عه‌لی نانه‌وازاده: من ده‌مێك ساڵه له كوردستان ناژیم و به راستی زۆر ئاگاداری باری فه‌رهه‌نگیی و رۆشنبیران له كوردستان نیم كه‌وایه ناتوانم له سه‌ر كه‌س و كهسهكانێك وه‌ك ناو یا گرووپ قسه بكه‌م.
به‌ڵام رۆشنبیر كه‌سانێكن كه هه‌ندێك له زۆر ده‌زانن و به‌و زانیارییه‌یان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ورێك له كۆمه‌ڵگا بگێرِن و ئاڵوگۆرِییهك پێك‌بێنن. تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا وه‌ك خانه‌كانی له‌شن كه ده‌یانه‌وێ خۆیان كۆپی بكه‌نه‌وه و له‌شی كۆمه‌ڵگا وه‌ك خۆی ته‌حویلی به‌ره‌ی نوێ بده‌نه‌وه به‌ڵام رووناكبیران ئه‌و خانانه‌ن كه نایانه‌وێ هه‌ر كۆپییه‌ك له باوك و باپیرانیان بن بهڵكهم به نیازن ئه‌گه‌ر خانێكی ته‌واو نوێ نه‌بن لانیكه‌م به گۆرِانهوه خۆ نوێ بكه‌نه‌وه.
نیچه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به وشتر و شێر ده‌شوبهێنی. وشتر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه باری سوننه‌ت و دابی به‌ره‌كانی به‌ر له خۆیان له پشت ده‌نێن و داواكاری باری قورس‌تر و پترن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ باری رابوردوو بگه‌یه‌ننه ئهمرِۆی گه‌له‌كه‌یان و دژی هه‌رجۆره ئاڵوگۆرِییهكن. ده‌یانه‌وێ وه‌ها بژین كه بوون، كۆپییه‌كن بن له باوك. به‌ڵام رۆشنبیر خاوه‌ن نا-ی پیرۆزه. ئه‌و نایه‌وێ بارهه‌ڵگر بێ. ئه‌و نایه‌وێ سه‌ر بۆ " تۆ ده‌بێ! " دابنوێنێ. ئه‌و ده‌یه‌وێ " من ده‌مه‌وێ! " دامه‌زرێنێ.
رۆشنبیر شێرێكی یاغییه. ئه‌و ئه‌هوه‌نی جه‌نگه‌ڵی كۆمه‌ڵگا تێكده‌دا. ئه‌و سوننه‌ته‌كان تێكده‌شكێنێ و به‌رامبه‌ر به سوننهتخوازان و شهریعهتخوازان و وشترهوانانهوه ده‌وه‌ستێ.
به‌ڵام رۆشنبیران رووی ئاڵوگۆرِییان له ده‌ره‌وه‌یه. ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان شهرِ ده‌كه‌ن و پرِیشكی ئاگره‌كه‌یان بۆ دوور داوێن. فزوولێكن كه كاریان به هه‌موو شته جگه له خۆیان. نیچه ده‌ڵێ: ئافراندنی بایخهنوێیهكان كارێكه كه شێریش نایتوانێ، به‌ڵام ئازادیی ئافراندن بۆ خۆ، بۆ ئافراوی تازه - ئه‌وه كارێكه كه ده ده‌سته‌ڵاتی شێر دایه.
بۆ ئافراندنی بایخهنوێیهكان پێویستی به شێوهگۆرِینێكی نوێ هه‌یه. رۆشنبیری شێر ده‌بێ سه‌ر له نوێ یا جۆرێكی دیكه له دایك بێته‌وه. شێر ده‌بێ ببێته منداڵ. هه‌روه‌ك چلۆن ده‌نكی دانه‌وێڵه ده‌بێ بچنه ژێر خاك هه‌تا شێوه‌ی دهنكیی جێ بهێڵن و ببن به گیا وه‌هاش ده‌بێ رۆشنبیر شێوه‌ی دهنكیی بگۆرِێ و ببێته گیای رۆشنبین. رۆشنبین وه‌ك منداڵ پاكیی و فه‌رامۆشیی و سه‌ره‌تاییه‌كی نوێیه. چه‌رخێكه خۆگهرِ، یه‌كه‌مین جوڵه، ئا-گوتنێكی پیرۆزه.
به‌ڵام گه‌یشتن به قۆناغی منداڵیی هاسان نیه و خودی نیچه‌ی رۆشنبیر نه‌یتوانی پێ ده‌و قۆناغه بنێ و به شێریی مرد و نه‌یتوانی پێ ده هه‌رێمی هه‌راوی پاكیی و فه‌رامۆشی بنێ. جوجكهیهك بوو كه سه‌ری له هێلكه‌یی ده‌ركێشا و ماوه‌یه‌ك له سه‌ر هێلانه پهرِ و باڵی وه‌شاند و نه‌یتوانێ خۆی باوێته باوه‌شی ئاسمان. جا ئه‌گه‌ر جوجكه رۆشنبیران جارِی مه‌لی گه‌وره‌ی رۆشنبیری كورد یا هه‌ركه‌سی دیكه‌یان لێدا تۆ باوهرِ مه‌كه هه‌تا ههڵفرِینی ئه‌و نه‌بینی.
رِابهر فاریق: كۆمه‌ڵگه و تاكی كوردی تا چه‌ند توانیویانه له‌گه‌ڵ رِهوتی گۆرِانه به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌ده‌بیاتدا رِێ بكه‌ن؟
عه‌لی نانه‌وازاده: ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر به‌رهه‌می تاكه كه‌سین. نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند كانیاوێكن كه كۆمه‌ڵگا له ئاوه‌كه‌یان كه‌لك وه‌رده‌گرن. ئه‌ده‌بیاتی كوردیی ئه‌ده‌بیاتێكی تازه‌یه و خاوه‌ن میراتێكی به‌رچاو نیه كه‌وایه ناكرێ ده‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی دراوسێ و ناوچه‌یی یا جه‌هانیی به‌راوردی بكه‌ین. ئه‌وه‌ش نه باشه و نه خراپ. به گشتی ئه‌ده‌بیات ئه‌گه‌ر بیر و بۆچۆن و روانینێكی تێدابێ كۆن نابێ و هه‌میشه تازه‌یه. رازی مانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵیك خاوه‌ن بیر و نووسه‌ر دوای سه‌دان و هه‌زاران ساڵ له‌به‌ر جه‌هانبینی و روانینی بهرفرهوانیانه له ژیان و له جه‌هان. ئێستاش ئه‌گه‌ر ده نێو كورد دا كه‌س یا كه‌سانێك بن كه خاوه‌نی دید و روانین و تێگه‌یشتنێك بن سانا خۆ تێكه‌ڵ به ره‌وتی ئه‌ده‌بیاتی جه‌هانی ده‌كه‌ن.
رِابهر فاریق: ئه‌و به‌ربه‌ستانه چین كه دێنه به‌رده‌م ئافراندنه‌وه؟ ئافراندن به هۆی به‌ربه‌سته‌كانه‌وه ده‌وه‌ستێندرێ، یانی: تاكه‌كان- گرووپ یان كۆمه‌ڵگه، ده‌توانن رِێگربن له خۆناساندنی ئافراندن دا؟
عه‌لی نانه‌وازاده: به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و به‌رهه‌می فیكریی له‌و شوێنه‌ی كه وه‌ك بیدعهتێك لێكبدرێته‌وه له لایه‌ن به‌شی شه‌ریعه‌تخواز كه مه‌یلیان له گۆرِان نیه به‌ریان ده‌گرترێ و له مێژوو دا گه‌لێك كه‌سی وه‌ها ته‌نانه‌ت له دار دراون یا فه‌وتێندراون یا تووشی زیندان و ئاواره‌یی بوون. به‌ڵی به‌ربه‌ست و به‌رگر هه‌یه به‌ڵام بیر ئه‌گه‌ر بیر بێ، هێزی مانه‌وه‌شی ده خۆی داده‌بێ و له ئاكام ده‌گاته ده‌ست خه‌ڵك و ده‌مێنێته‌وه.
رِابهر فاریق: به درێژاییی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، داهێنان هه‌بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێ، ئه‌مه‌ش له نالی و مه‌وله‌وی و سالم و كوردییه‌وه تا گه‌ییشتن به سه‌رده‌می ئهمرِۆ... به كورتی: ئافراندن پێوه‌ندیی به هه‌بوون و درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌بوونه‌ی مرۆوه هه‌یه و تا ژیانكردن له‌سه‌ر زه‌ویدا به‌رده‌وام بێت، ئه‌م رِهههندهش درێژه ده‌كێشێ... كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تا چه‌ند كراوه بووه له به‌رابه‌ر قبووڵكردنی ده‌قه نه‌مره‌كان دا؟ ئه‌وه ئاشكرایه كه ده‌قی رِهسهن (مه‌گه‌ر چۆن) هه‌رده‌م دژ به رِهوتی سه‌رده‌م و مێژوو ده‌كه‌وێته‌وه؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه، ده‌پرسم: ده‌وری مێژوو چییه له ناساندن و په‌رده‌پۆشكردنی داهێنان دا؟
عه‌لی نانه‌وازاده: من باوهرِم به زۆر نیه. یانی ئه‌گه‌ر بابه‌تێك یا رێگایه‌ك زۆرینه ههڵیبژێرێ ئه‌وه رێگه‌یه‌كی دروسته. كه‌وایه پێم وانیه كۆمه‌ڵگا بتوانێ رێگه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرێ و تاكه‌كان به شوێنی دا برِۆن، به پێجه‌وانه، هه‌میشه تاكه‌كان بوون كه هه‌وڵیان داوه رێگاگهلێك دامه‌زرێنن و كه‌س و كهساێك به‌و رێگایانه دا برِۆن. له ده‌قه نه‌مره‌كان نازانم مه‌به‌ستت چ دهقگهلێكه.
رِابهر فاریق: وهرگێرِان پردێكه بۆ به یهكترگهیاندنی دوو كولتووری جوایه‌زی دوو میلله‌ت، كه‌م تا زۆریش وهرگێرِی كورد ئه‌و هه‌وڵه‌ی داوه، كه كولتووری كورد ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات، به‌لآم له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا كهموكورِیی به‌رچاو (له گه‌لێك لایه‌نی فه‌رهه‌نگییه‌وه) ده‌بیندرێ؛ له وهرنهگێرِانی ده‌قگه‌لێكی زۆر، كه ده‌توانین وه‌كوو مه‌رجه‌ع سوودیان لێ وه‌رگرین. بۆ نموونه: له ئه‌ده‌بی فرِهنسی دا بێجگه له وهرگێرِانی كۆمه‌ڵێك شیعری پۆل ئێلوار و ئۆكتاظیۆ پاز و چه‌ند نووسه‌رێكی دی، ده‌قگه‌لێكی ئه‌وتۆی تر نین بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی ته‌نیا زمانی كوردی ده‌زانن، له باره‌ی زمانی فارسییشهوه، ته‌نیا نووسینگه‌لی سادقی هیدایه‌ت و فروغی فه‌رووخزاد و ئه‌حمه‌دی شاملوو و هوشه‌نگی گوڵشیری و چه‌ند نووسه‌رێكی دیكه وهرگێرِدراون، هه‌ندێكیش له وهرگێرِهكان وێنه‌ی ده‌قه‌كانیان شێواندووه. به حوكمی ئه‌وه‌ی فارسیزانی و (چیرۆكه‌كانی سادقی هیدایه‌تت وهرگێرِاون) له رِوانگهی تۆوه، كێن ئه‌وانه‌ی له‌و زمانه‌وه ده‌توانن (تا ئاستێك) به ده‌ستپاكی ده‌ق وهربگێرِن؟
عه‌لی نانه‌وازاده: هه‌روه‌كی كوتم زمانی كوردیی بۆ نوسین مێژوویه‌كی كۆنی نیه و زمانێكی ساوایه و پێوستی به زه‌حمه‌تێكی زۆر هه‌یه كه بێته سه‌ر پێ. وهرگێرِان یه‌ك له‌و بابه‌تانه‌یه كه هێز و وزه‌ی زمان و روانگه‌ی بیر و بۆچوونی خوێنه‌ران پتر ده‌كا. كه‌سێك كه ئێستا هه‌ر زمانی كوردیی بزانێ ئه‌و كه‌سه زانیاریی و روانگه‌ی به قه‌را ئه‌و كتێبانه ده‌بێ كه به كوردیی هه‌ن (ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تدارانه وهرگێرِدرابنهوه). بۆ وێنه ئه‌گه‌ر له تۆلستۆی هیچ كتێبێك وهرنهگێرِدرابێتهوه سه‌ر كوردیی ئه‌و كه‌سه‌ی كه هه‌ر زمانی كوردیی ده‌زانێ تۆلستۆی ناناسێ. ئه‌گه‌ر فیزێك به زمانی كوردی نه‌نووسرابێ چ له فیزیك نازانێ. من خۆم به كوردیی كه‌م ده‌زانم به‌شی زۆری دید و جه‌هانبینی خۆم له زمانی فارسی و زمانی دیكه وه‌رگرتوه یا له‌وانه‌یه ئێوه له عه‌ره‌بی وهرتانگرتبێ. من وهرگێرِانم به بوومی كوێری سادقی هیدایه‌ت ده‌ست پێكرد. مه‌به‌ستیشم ته‌نیا وهرگێرِان بوو. له دوایی هه‌ندێك وه‌رگێراوی فارسییم بینی كه برایانی باشوور وهریانگێرِابۆوه و هه‌ڵه‌ی یه‌كجار گه‌وره‌یان كردبوو وه‌ها كه ئه‌و نووسه‌ره به كوردیی ده‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌ره به فارسیی جیاوازییه‌كی یه‌كجار زۆریان هه‌بوو. خودی وهرگێرِان به تایبه‌ت شێعر كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته. وهرگێرِان هه‌ر دانانی وشه له جێگه‌ی وشه نیه. زمان و لهحهن، هه‌روه‌تر تێگه‌یشتن له جه‌هانبینی ده‌ق زۆر گرینگن. بۆ وێنه: چوارینه‌كانی خه‌ییام كه هه‌ژار وهریگێرِاوهتهوه سه‌ر زمانی كوردیی هه‌ر ئه‌و خه‌ییامه نیه كه به زمانی فارسی هه‌یه یانی ناكرێ منی كورد به‌و تێكسته‌ی كوردیی له سه‌ر روانگه و بۆچوونه‌كانی خه‌ییام بدوێم. ئه‌و ده‌قه‌ی هه‌ژار وه‌ك كار جوانه و من دژایهتییهكم ده‌گه‌ڵ نیه به‌ڵام وه‌ك ناساندنی خه‌ییام ئه‌مانه‌تدارانه نیه.
رِابهر فاریق: ئه‌گه‌ر بۆ رِابردوو بگهرِێینهوه، دهبینینه كه ئێسته‌ی یۆنان له به‌رابه‌ر سه‌رده‌می ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ و ئه‌وانیدی دا، فه‌لسه‌فه نه‌ك هه‌ر رِووی له كزبوون كردووه، به‌ڵكوو له‌م رِووهوه (به ده‌گمه‌ن نه‌بێت) باس له فه‌لسه‌فه‌ی ئێسته‌ی یۆنان ناكرێ، به‌و مانایه‌ی به‌رده‌وام بن له فه‌لسه‌فاندنن، ئه‌م دیده ولاَتێكی وه‌ك رِووسیاش ده‌گرێته‌وه. بۆ نموونه؛ ئێسته بێجگه له تۆڵستۆ و دۆستۆیظسكی، له جیهاندا باس له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و ولاَته (به شێوه‌ی به‌رفراوان) ناكرێ. ئه‌مه به نیسبه‌ت ئه‌و ولاَتانهوه، به نیسبه‌ت كوردزمانیشهوه: پێت وایه كورد ئه‌زموونگه‌لێكی ناوازه‌ی وه‌های هه‌بێ، كه به‌رده‌وام وه‌كوو سه‌رچاوه بگهرِێتهوه كنیان؟
عه‌لی نانه‌وازاده: من دیسان ده‌ڵێمه‌وه كه تاك ده‌ورگێره نه‌ك كۆمه‌ڵ. ئه‌گه‌ر ئهفلاتوونێك هه‌بوه له نێو گرێكهكان دا پێویست ناكا ئهفلاتوونهكان دووپات بنه‌وه. ئه‌و تاكانه ده‌توانن له فه‌رانسه یا له توركیه یا له نێو كورد دا په‌یدا بن و گرینگیش نیه به چ زمانێك ده‌نووسن. ده‌قی ره‌سه‌ن یا ده‌قی نه‌مر كه تۆ باسی ده‌كه‌ی كۆن نابن. ئه‌فلاتوون هه‌ر ماوه و هه‌ر تازه‌یه.
رِابهر فاریق: له ئێسته‌دا ده‌قگه‌لی ئه‌ده‌بیی وه‌هامان هه‌یه، كه (بۆ نموونه) وهربگێرِدرێنه سه‌ر زمانی سوێدی و له ئاستی به‌رهه‌مه ئێستێتیكییه‌كانی جیهان، یا ئه‌و زمانه‌دا، له كێبهرِكێ دا بن؟
عه‌لی نانه‌وازاده: هه‌ندێك به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كوردیی كراون به سویدیی به‌ڵام چه‌نده ده‌توانن بژین و بمێنن نازانم. هه‌ندێك به‌رهه‌م هه‌ن كه به گه‌لێك زمان ته‌رجومه ده‌كرێن و به میلیۆن تیراژ دێنه ده‌ر به‌ڵام زووش ده‌مرن و ده‌كه‌ونه كونجی كتێبخانه‌كانه‌وه.
رِابهر فاریق: ئه‌گه‌ر كه‌مێك وردبینه‌وه، ده‌بینین كه چیرۆكه‌كانی حه‌فتاكانی كوردستان، به‌رده‌وام ته‌میان به سه‌ره‌وه بووه، بۆ نموونه؛ له گه‌لێك لایه‌نه‌وه بارگاویكراون به ئایدیۆلۆژیا- فیكری پێشوه‌خت. هه‌ر ئه‌و "تهمـ"ـه‌ی ئه‌وسا، تا ئێسته‌ش له‌گه‌ڵ رِهوتی چیرۆكی كوردیدا رِێ ده‌كات، بهلاَم گۆرِانكاریی تێدا كراوه و زمانی شیعری به‌سه‌ر به‌شی زۆری چیرۆكه‌كانی ئێسته‌دا زاڵه، ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌كوو سیحری زمان خوێنه‌ر فریو ده‌دا. ئه‌و رِوانینه له به‌رابه‌ر كام له چیرۆكنووسهكاندا كورت ده‌هێنێ، یان ده‌توانین بڵێین: كامانه‌ن ئه‌و چیرۆكنووسانه‌ی دوور له تهمهكه و زمانی شیعریی، گۆرِانكاریی بنیاتییان له پێكهاته‌ی چیرۆكی كوردیدا كردووه؟
عه‌لی نانه‌وازاده: من دیسان په‌نا بۆ نیچه دهمبهوه كه ده‌ڵێ شاعیران زۆر درۆ ده‌كه‌ن. شاعیر ئاو شلوێ ده‌كا هه‌تا قووڵ بنوێنێ. ده‌قی ئه‌ده‌بی وه‌ك تاوسێك خۆ دهرِازێنێتهوه و پێی ناحه‌زی له بن ئه‌و پهرِه جوانانه ده‌شارێته‌وه. كه‌وایه خوێنه‌ر ده‌بێ خۆشی زیره‌ك بێ و بزانێ له چی دهگهرِی و چی ده‌وێ. به گشتی خۆراكی مه‌عنه‌ویی وه‌ك خۆراك ده‌چێ. كه‌سی برسی یا داواكاری خواردن ده‌بێ بزانێ چ خۆراكێك ده گه‌ده و ده مێشك و ده رۆحی ده‌كا و فریووی ده‌ره‌وه‌ی رازاوه‌ی چێشتخانه نه‌خوا.
رِابهر فاریق: به پێی ئه‌و ههوالاَنهی ده‌گه‌ن به كوردستان –ده‌ڵێم هه‌واڵ نه‌ك ئامار– رِۆمانی پۆلیسی و زانستی– خه‌یاڵی، له ئه‌وروپا تا دێ بره‌ویان پتر ده‌بێ و خوێنه‌رانیان رِوو له زیادبوون ده‌كه‌ن، بۆ جۆری دووه‌میان، رِۆمانی هاری پۆته‌ر نموونه‌ی زیندووه. پێت وایه هۆكار چییه كه تا ئێسته ئه‌م ئه‌زموونه له نێو كورداندا بوونی نییه؟ ئاخۆ ئه‌مه بۆ ته‌مبه‌ڵیی نووسه‌ران، یان هه‌لومه‌رج و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژین، دهگهرِێتهوه؟ یانیش: ئایا رِۆمانی بازارِی پێویست به هه‌بوون ناكات؟
عه‌لی نانه‌وازاده: ئه‌ورووپا له‌به‌ر باری باشی ئابووریی وه‌ختێكی زیادتر ده‌دا به دانیشتوانی به‌ڵام به‌داخه‌وه خه‌ڵك ئه‌و وه‌خته له به‌رامبه‌ر ته‌له‌ویزیۆن یا كۆمه‌ڵیك سه‌رگه‌رمیی دیكه ده‌سوتێنن. باری مه‌عنه‌ویی و ره‌وانیی له وڵاتانی ئهورِووپایی كزه و هه‌ر ئه‌وه‌شه كه كۆمه‌ڵیك نه‌خۆشی ده‌روونی كه لێره هه‌یه له كوردستان و وڵاتان دیكه كه باری ئابووریان باش نیه و خه‌ڵك ناچارن به شوێن بژیویان دا رابكه‌ن نیه. ئه‌و نووسراوانه‌ی كه خه‌ڵك كاتی پێده‌كوژن ده‌ق و ده‌رمانێك نین، به‌ڵكه حهبێكن كه ژانه‌سه‌ری ته‌نیایی پێده‌شكێنن.
رِابهر فاریق: نووسه‌ران هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ دنیادا له سهفهرگهلێك دان، ئاخۆ تۆ له‌و سهفهرانهتدا به كوێ گه‌ییشتووی؟
عه‌لی نانه‌وازاده: ژیان یانی سه‌فه‌ر و هونه‌ر یانی گێرِانهوهی ئه‌و سه‌فه‌رانه.
وه‌كوو كێوێك
ساڵهای ساڵ
به‌فر و باران
دڵۆپ دڵۆپ
ده نێو خۆ دا كۆ كردنه‌وه
هه‌تا رۆژێك
له پرِایی
لهپرِ به قه‌و ته‌قینه‌وه
بوونه كانی
ژوور و ده‌روون
ئه‌شكه‌وت ئه‌شكه‌وت
داڵان داڵان
ده‌ریایه‌كی بێپهی و بن
له سه‌ر ئه‌مما
سه‌رێكی چووك
ره‌وان و خۆش
شیرین شیرین
به‌ره‌و سه‌فه‌ر
مه‌نزڵ مه‌نزڵ
بۆ نێو گیانی ریشه و گیا
بۆ به‌رده‌می ئاسكی تینوو
تێشووی رێگای مه‌لی كۆچه‌ر
- وه‌هایه حاڵی یه‌ك نووسه‌ر -
