هه‌ڤپه‌یڤینێک ده‌گه‌ڵ دڵسۆز حه‌مه:
سازدانی: رِابهر فاریق
دڵسۆز حه‌مه یه‌كێكه له شاعیره ئافره‌ته‌كان، كه هه‌وڵی داوه تایبه‌تمه‌ندێتیی به ده‌قه شیعرییه‌كانی خۆی ببه‌خشێت و به هێمنیی بیر بكاته‌وه و به هێمنیی له نێو شاعیرگه‌لی شیعرقهرهباڵغ به په‌یڤی زمانانی تر، بناسرێته‌وه. له ساڵی (2009)دا كتێبی (به ته‌نیشت وتندا)ی به چاپ گه‌یاند، ئێمه له هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵێك وێستگه‌ی كتێبه‌كه‌یدا ئێستمان كرد و پرسیارگه‌لێكمان وروژاند، ئه‌ویش وه‌رامه‌كانی خسته به‌رده‌ممان. ئه‌م گوتوبێژه تایبه‌ته به‌و كتێبه‌ی و نه‌مانویست له‌سه‌ر پرسگه‌لی تر هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین. با بزانین دڵسۆز حه‌مه له هه‌مبه‌ر پرسیاره‌كانی كۆواری (نه‌وشه‌فه‌ق)دا چۆن ده‌په‌یڤێت:
پرسیار: تۆ یه‌كێك له‌و ئافره‌تانه‌ی كه گوت‌وبێژی رِۆژنامهڤانییان نه‌كردووه، یان من نه‌مبینیوه، ئه‌مه‌ش رِووبهرِووی ئه‌و پرسیاره‌م ده‌كاته‌وه، كه ئه‌گه‌رچی پاته بووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێویستیشه بپرسیم: ژیانی منداڵی و گه‌نجیت چۆن به‌سه‌ر برد، هاوكاتیش چۆن ده‌ستت به خوێندنه‌وه و نووسین كرد، له كاتێكدا وه‌ك له شیعری (به ته‌نیشت وتندا) ئاماژه‌ت بۆ كردووه –لاپهرِه 59 تا لاپهرِه 61ی كۆشیعره‌كه–، له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراو و ماڵی داخراوی كوردیدا" شاعیرێتی بۆ ژن عه‌یبه"؟
دڵسۆز حه‌مه: به داخه‌وه، ژیانی من خاڵی بوو له منداڵیی وگه‌نجێتی وه‌كو دوقۆناغی گرنگی ژیان به‌هه‌مو رِهههنده سۆزداری وخێزانی و جوانیه‌كانیه‌وه، پێم وایه سرِینهوهی منداڵی وه‌كو قۆناغێكی گرنگ له ژیانی ئینساندا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه كه به‌درێژایی ژیان ده‌كرێت مرۆڤ باجه‌كه‌ی بدات، پێش ناسینه‌وه‌ی حه‌رفه‌كان وده‌ستپێكردنی سه‌فه‌ری ژیان دڵرِهقی و نادادوه‌ری و دڵته‌نگیم ناسی، سهرهرِای زرنگی و سه‌ركه‌وتویی و زیرهكیم له قوتابخانه، كه تا ئێستاش زۆربه‌ی مامۆستاكانم هاورِێمن و هه‌میشه لهقوڵاییمدا دڵخۆش نه‌بووم به‌و تاكپهرِی و سه‌ركه‌وتویی و دیاربونهی خۆم له قوتابخانه‌دا، وا دیاره من هه‌ر لهههڵكهوتهی سروشتی خۆمدا كه‌سێكی گومانكه‌ر بوم، له ته‌مه‌نێكی هێجگار زوودا، له‌ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی منداڵیم به‌و هه‌موو توندوتیژیه له لایه‌ك، هه‌ڵكه‌وته‌ی رِۆحی خۆم له‌لایه‌كی دی وه‌كو كه‌سێكی پرِ له‌پرسیار كاریگه‌ریان هه‌بوبێت له‌سه‌ر فۆرمۆله‌كردنی كاراكته‌ری هونه‌ری من وه‌كو نووسه‌رێك، پاشان من سه‌ر به نه‌وه‌یه‌ك بوم كه ژیانی هاوته‌ریب به‌ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوم كه هه‌موومان ده‌زانین ئه‌و قۆناغه مانای ژیانكردن له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه و مه‌رگ و ترس و ئیرهاب و نائارامی و ژیان لهزیندانێكی خوێناویدا به‌هه‌مو كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال و كوشتن و برِین، گه‌نجێتی من له‌ژێر سێبه‌ری رِۆژانێكدا تێپهرِی كه قسه‌كردن و هه‌ناسه‌دان و بیركردنه‌وه باجیان له‌سه‌ر بوو، كه دووكه‌ڵی جه‌نگ و ئاگری جه‌نگ لێره و له‌وێ و به‌پانتایی وڵات‌دا گه‌مارۆی ژیانی دابووین، وڵات سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرِی تاوان و دڵرِهقی بوو زیاتر له زه‌مینێك بۆ ژیان، منیش وه‌كو زۆرێك له‌و مرۆڤانه‌ی كه نامه‌وێت له ژیاندا ملكه‌چ و ته‌ماشاچی بم، هه‌ر زوو له ته‌مه‌نێكی هێجگار گه‌نجیدا تێكه‌ڵ به ژیانی سیاسی و رِێكختنهكانی كۆمه‌ڵه‌ی رِهنجدهران بووم و سه‌رسه‌خت و ده‌روێشانه كارم ده‌كرد، له‌و ته‌مه‌نه‌ی كه ئیدی كچان سه‌رقاڵی نووسینی نامه‌ی دڵداری و سه‌ره‌تای خه‌وبینینی رِۆمانیسییانه و بیركردنه‌وه‌یه له‌و خونچه و چرۆیانه‌ی له جه‌سته و رِۆح ده‌كه‌ونه پشكوتن، من له‌و رِۆژانهدا سه‌قاڵی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و بڵاوكراوه ده‌ستنووسانه بوم كه بهرِێكخستنهكاندا ده‌هاته‌خواره‌وه، ده‌ستنوسه‌كانی شه‌هید ئارام و ئه‌و ئه‌ده‌بیاته ماركسیانه‌ی كه وهرگێررابوونه سه‌ر زمانی كوردی و ده‌بوو ئێمه بیانخوێنینه‌وه، ئیشكردن له رِێكخستن و خوێندنه‌وه‌و گرنگیدان به تێكۆشان له‌وسه‌رده‌م وكاته‌دا كه هه‌میشه سێبه‌ری په‌تی سێداره به‌سه‌ر حه‌وشه‌ی ماڵه‌كانمانه‌وه جۆلانه‌ی ده‌كرد كارێكی ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ژیانی پرِ مانا و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كردم، هه‌نووكه‌ش كه بیر له هه‌ندێك سه‌ركێشی و سه‌فه‌ر و هه‌ندێك له‌و چالاكیانه ده‌كه‌مه‌وه، پێم سه‌یره كه چۆن تیا نه‌چووم، له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌میشه هه‌بوونی چه‌ساندنه‌وه وهه‌ستكردن به ونبونی چه‌ند رِهههندێكی گرنگ له ژیانی سروشتیی رِۆژانهدا و هه‌ستكردن به‌و كهمایهسییانه مرۆڤ ده‌خاته سه‌ر بیركردنه‌وه، هه‌میشه خوێندنه‌وه ئه‌و دونیا زۆر گه‌وره‌یه بوو كه وه‌ڵامی زۆرێك له پرسیاره‌كانی ده‌دامه‌وه، پاشانیش نووسین، دیاره من ده‌زانم كه كۆمه‌ڵگای ئێمه خۆت واته‌نی ماڵی داخراوی كوردی له‌مپه‌ره له به‌رده‌م هه‌ڵكه‌وتنی ژنێكی نووسه‌ردا، به‌ڵام من به‌شبه‌حاڵی خۆم هیچ كارم به‌و كۆمهڵگایهوه نییه و ده‌مێكه ئه‌و ماڵهداخراوهم به‌جێ هێشتووه، كۆمه‌ڵگایه‌ك بێ ئاگا له ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی من، بێ ئاگا له ههربهرپرسیاریهتیهكی ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و ئینسانی به‌رانبه‌ر من، بۆ ده‌بێت بتوانێت رِێگر بێت له هه‌مبه‌ر دهنگههڵبرِینی مندا؟ هه‌میشه باوهرِم وایه كه ئینسان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ته‌واوی ژیانیشی نه‌بێت ئه‌وا برِێكی زۆر له دونیای خۆی له ده‌ست كۆمه‌ڵگا و هه‌رهێزێكی دی رِزگار بكات، كه ده‌یه‌وێت سنوور و له‌مپه‌ر له پێش خه‌یاڵ و ژیان و داهێنانی ئینساندا داده‌نێت، پێم وایه نووسه‌ری رِاستهقینه وه‌ختێك ده‌نووسێت مه‌راقی ئه‌و ته‌نیا گه‌یاندنی په‌یام و سه‌ركه‌وتنیه‌تی له داهێناندا، ته‌نانه‌ت بیر له سزا و باجهكانیشی ناكاته‌وه، من كه له زۆرینه رِاستگۆتر و هۆشیارتر بم، چاوی زیاترم بۆ دیتن هه‌بێت، هه‌ستی قووڵتر بۆ ده‌رككردن به ئازاره‌كان، ئیدی بۆچی ئاورِ بده‌مه‌وه له‌وه‌ی به‌جێماوه؟
پرسیار: با بێمه سه‌ر یه‌كه‌م شیعری كۆشیعرهكهت، واتا (نێوه‌ندی ده‌سته‌كان)، له‌وێدا باس له په‌رۆشیی پیاو ده‌كه‌یت ته‌نها بۆ جه‌سته‌ی ئافره‌ت، ئه‌مه‌یش گواستنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و رِهههندانهیه كه ده‌ست له سه‌ر برینی هه‌ره گه‌وره‌ی پیاو داده‌نێت، به‌و مانایه‌ی: پیاوی كورد –به گشتی– ته‌نیا وه‌كوو جه‌سته، وه‌كوو ئه‌كته‌ر سه‌رنج له ئافره‌ت ده‌دات، كه خۆی ده‌رهێنه‌ره و ده‌بێت جووڵه‌كانی ئافره‌ت له ژێر رِێنوێنییهكانی ئه‌ودا بن. چونكه كولتووری رِۆژههڵات، كولتوورێكی توندوتیژ و پرِ له "داواكار"ییه، له به‌رانبه‌ر ئه‌و داوایهیشیدا شتێكی دی، یان تهواوكارێك نییه و پێشكێش نه‌كراوه و ناكات؛ هه‌ست ناكه‌یت توندوتیژیی ئه‌م "پیاو"ه، له رِهههندێكهوه پێوه‌ندیی به كولتووره‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ی: له كولتووری ئێمه‌دا داواكاری و توندوتیژی باڵاده‌ستن، له به‌رانبه‌ر ئه‌مانیشدا به‌خشین و زمانی دیالۆگ زۆر كه‌مه؟
دڵسۆز حه‌مه: پێم وایه ئه‌م پرسیاره به ئاگا، یان بێ ئاگا، ده‌ستی بۆ زۆر بابه‌تی هه‌ستیار و فرهرِهههند بردووه، كه ده‌كرێت بابه‌تی نوسینی كتێبێك بێت، نه‌ك تاقه پرسیارێك، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م له‌یه‌كێك له‌و رِهههندانه قسه بكه‌م كه كاریگه‌ری كه‌لتور و په‌یوه‌ندی ژن و پیاوه له چوارچێوه‌ی پێناسه‌كانی كه‌لتوری كوردیدا، له‌پێشه‌كیدا قسه له‌سه‌ر شیعری نێوه‌ندی ده‌سته‌كانه، دیاره ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه ئێوه بۆتان كردووه، رِهنگه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی دونیابینی من بێت له‌و شیعره‌دا، كه وێنه‌ی ساته‌وه‌ختی تێكه‌ڵاوبونی دوو رِۆحه به ته‌واوی شكۆ و شكسته‌كانی خۆیانه‌وه، ئه‌و ساته‌وه‌خته ئیرۆتیكیه ئینسانیانه‌ی كه له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا چی له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ر چی له‌سه‌ر ئاستی ژیانی واقیعی ده‌گمه‌ن به‌رهه‌مهاتووه و به‌رهه‌م دێت، ئێمه سه‌ر به فهرههنگێكین كه به توندی و به رِادهیهك مرۆڤی له زاتی خۆی نامۆ كردووه، به تایبه‌تی له هه‌موو ئه‌و بنیاته ناوهكیانهی كه په‌یوه‌ندی به‌هه‌ست و سۆز و جه‌سته و دونیا زاتییه‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه، تا رِادهی دووكهرتبونی سایكۆلۆژی و ده‌رونی و ئینسانی و به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێك، كه ناتوانێت دڵنیا بێت له ناسنامه‌ی ئینسانی خۆی وه‌كو بونه‌وه‌رێك له ژیاند، بێگومان زۆر رِاسته كه كه‌لتوری رِۆژههڵات، به مانایه‌كی دی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی له رِۆژههڵاتدا كه ئێمه‌ی كورد به‌شێكین له‌و كولتوره، توندوتیژی یه‌كێكه له خاسیه‌ته‌كانی ئه‌و كه‌لتوره، یه‌كێك له‌و ناوه‌ندانه‌ی به‌رجه‌سته‌ی هه‌بونی توندوتیژی ده‌كات پێكه‌وه‌به‌ستنی دنیای نێر و مێیه، به‌مانایه‌كی دی فه‌رهه‌نگی ئێمه له‌سه‌ر باڵاده‌ستی نێر وپهرِاوێزخستنی ژن خۆی بینا كردووه، باڵاده‌ستی پیاو ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌سته له‌و فه‌رهه‌نگه‌ی ئێمه‌دا ئه‌مه‌ش به‌مانای له‌ته‌واوی پێكه‌وه‌گرێدانی ئینسانیانه‌ی نێر و مێدا، به‌تایبه‌تی له‌و ئاسته زاتی و په‌یوه‌ندیه تایبه‌تیه‌كاندا كه ده‌سه‌ڵاتی فه‌رهه‌نگ رِۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له فۆرمۆلهكردن و چوارچێوهخستنی ئه‌و پهیوهندیانهاد، چۆن ده‌كرێت چاوهرِووانی به‌رهه‌مهاتنی په‌یوه‌ندیه‌كی هاوسه‌نگی پرِ عه‌شق و متمانه و خۆشه‌ویستی بكه‌ین له نێوان دوو پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كه یه‌كێكیان زاڵه به‌سه‌ر ئه‌وی تردا، كه یه‌كێكیان هێندهدهسهڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ر ئه‌وی تردا دهرِوات تا رِادهی وێرانكردنی داگیركردنی ژیان و گۆرِینی چاره‌نوس و به‌ڵكو لێسه‌ندنه‌وه‌ی ژیان وبه‌كارهێنانی توندوتیژی، لێره‌دا خۆشویستی وبه‌شداریكردن وسێكس وپێكهوهبون هه‌مو ئه‌و پێكهاته رِۆحی وئینسانیانی ده‌چنه پێكهاته‌ی پێكه‌وه‌بونی ژن و پیاوێك مانا رِاستهقینهكانی دهگۆرِێت، پێكه‌وه‌بون وهاوسه‌نگی له نێوان دووبوونیدا كه دوو پێگه‌ی جیاواز كۆیان ده‌كاته‌وه په‌یوه‌ندیه‌كی پرِ ئیشكاله، وه‌كو ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندی به‌ستنه‌ی ژن و پیاوی ئێمه ده‌به‌ستێته‌وه، په‌یوه‌ندیه‌ك خاڵی له عه‌شق و له رِاستگۆیی و له جوانی و داهێنان، پێت سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم زۆربه‌ی پێكه‌وه‌بوونی ئێمه كه‌م تا زۆر به ده‌موچاوی رِاستهقینهی مرۆڤه‌كان خۆیانه‌وه نییه، ئه‌مه‌ش زۆرێك له گیانی داهێنان و ژیاندۆستی وزیندویی له رِۆحی مرۆڤدا خامۆش ده‌كات، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه ژیانی زۆربه‌مانی چۆڵ و بێ تام، جگه له هۆشیاری و توانای زه‌ینی خۆم بۆدهرككردن به‌و كه‌لێنه گه‌وره‌یه‌ی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا هه‌یه، وه‌ختێك له ئه‌وروپا و به‌واقیعی و له‌نزیكه‌وه، په‌یوه‌ندگرتنی ئینسانی وكۆمه‌ڵایه‌تی ژن وپیاوم بینی كه له كۆمه‌ڵگای ئازاد‌دا، له ئازادی‌دا چه‌نده مومكینه په‌یوه‌ندیه‌كی قوڵ و جوان و ئینسانی و رِاستگۆیانه بن، زیاتر كهمایهسیهكانی خۆمان له‌و لایه‌نه‌دا وهدیارتر ده‌كه‌وێت، دایالۆگ و قسه‌كردن هه‌میشه له نێوان دوو بنیات و دوو ناوه‌ند و دوو پێكهاته‌دا ده‌كرێت دایالۆكێكی زیندوو، پرِی ژیان و هاوسه‌نگی و رِاستگۆیی بێت كه ئه‌و دوو پێكهاته‌یه هاوسه‌نگ و دیدێكی یه‌كسانیان به‌یه‌كتری هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی قهمعیه له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاواز له‌وانه ئاستی په‌یوه‌ندی ژن و پیاو، ئه‌وا بێگومان ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش خاڵی ده‌بێت له دایالۆگ و به‌خشین و زمانی گفتۆگۆ، به‌ڵكوو یه‌ك له گرفتهگهورهكانی كۆمه‌ڵگای كوردی جگه له نه‌بونی فه‌رهه‌نگی گفتوگۆ و دایالۆگ و یه‌كتری قبووڵكردنه له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، تا ده‌گاته ئاستی سیاسی و دونیای رِووناكبیریمان.
پرسیار: خوێنه‌ری كوردی به ناونیشان فریو ده‌خۆن، نێونیشانی شیعره‌كانی تۆش سه‌رنجكێش نین، ته‌نیا هی كتێبه‌كه نه‌بێت، ئه‌مه‌یش به پێچه‌وانه‌ی شیعرهكانتهوهیه، كه هه‌م سه‌ركێشی و هه‌م سهرنجكێشییان تێدا ده‌بینرێت. له رِوانگهی تۆوه گرنگیی نێونیشان له شیعردا چۆن ده‌رده‌كه‌وێت، پێش خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، یان پاشان؟ هاوكاتیش، بۆچی نێونیشانی ده‌قێكت هه‌ڵبژارد بۆ نێونیشانی كتێبه‌كه، ئایا هه‌ست ناكه‌یت خوێنه‌ر وردتر له‌وانیدی سه‌رنج له‌و شیعره ده‌دات و ده‌یكات به كلیل بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگه – كۆده‌كانی – كۆشیعره‌كه؟
دڵسۆز حه‌مه: بێگومان تێكسته‌كه و ناونیشانه‌كه‌ی پێكه‌وه كارێكی هونه‌ری ته‌واو ده‌كه‌ن، ناونیشانیش وه‌كو هه‌ر دێرِ و ده‌سته‌واژه و بینایه‌كی هونه‌ری گرنگی خۆی هه‌یه له بیناكردنی میعماری تێكسته‌كه‌دا، من كێشه‌ی ناونیشان یان ناوی ده‌قم هه‌یه، زۆرجاران چه‌ند رِۆژێك دهخوزاێت تا ناوێك له ده‌قه‌كه ده‌نێم، بۆ هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی یه‌كێك له ده‌قه‌كانیش بۆ ناوی كتێبه‌كه، لهرِستیدا پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ش بنوسم له‌خه‌یاڵی خۆمدا ده‌مێكه برِیارم دابوو كه دیوانه‌كه‌م به ناوی (له پاییزێكدا ده‌مخوازێت) چاپ بكه‌م.
پرسیار: هه‌موو كتێبه‌كه‌ت پێشكێش به (دایكت) كردووه، نهێنیی ئه‌م پێشكێشكردنه له چیدایه، له كاتێكدا ده‌تتوانی پێشكێشی هاورِێیهكت: ئافره‌ت، یان پیاو، بكه‌یت، یان هه‌ر كه‌س و شتێكی دیكه؟
دڵسۆز حه‌مه: هه‌میشه پێشكه‌ش كردنی كتێب به كه‌سێك به‌هایه‌كی سیمبۆڵی وئه‌خلاقی هه‌یه ، به مانایه‌ك له ماناكان گوزارشت له خاڵێكی گه‌وره‌ی پێكه‌وه‌گرێدانی نووسه‌ر و ئه‌و كه‌سه، یان ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه كتێبه‌كه‌یان پێشكێش كراوه، دایكی من بونه‌وه‌رێكه كه ده‌توانیت وه‌كو نمونه‌ی قوربانیه‌ك چاوی لێ بكرێت قوربانی توندوتیژی و درِندایهتی ژیانێكی پرِ له ئازار وه‌كو ژنێكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ژنێك به‌درێژایی ژیان گوێی له وشه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی نه‌بوون، ده‌ستی میهره‌بانی ونه‌رمی پیاوێك به‌رده‌سته‌كانی نه‌كه‌وتووه، به پێچه‌وانه‌وه ژیانی ئه‌و ژیانی كۆیله‌یه‌ك بوه به هه‌موو مانا ئینسانی وئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیه‌كانه‌وه، كه‌سێك له پهرِاوێزدا هه‌مو مه‌ینه‌تیه‌كانی هه‌ڵگرتوه، له مامه‌ڵه‌ت توندوتیژی پیاوێكی دڵرِهقهوه هه‌تا كۆچ و جێهێشتنی یه‌كه یه‌كه‌ی جگه‌رگۆشه‌كانی ومانه‌وه و سووتانی له ته‌نهاییه‌كی بكوژدا، ئه‌م ئینسانه هیچ نییه له رِۆحێكی دیل و كه‌سێك ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كان گه‌یاندویانه‌ته قۆناغێك كه رِهنگه ئیدی نه‌زانێت كه ژیان رِهنگه رِوناكی تێدا هه‌بێت، توانی هه‌ستكردن به به‌خته‌وه‌ری له‌ده‌ستداوه، كه‌سێكه به هه‌موو ماناكان وه‌كو پاڵه‌وانی رِۆمانهكهی كافكا مه‌سخ بووه، دایكم هاورِێم نییه، مه‌ودایه‌كی فراوانی هۆشیاری وتێگه‌شتن له نێوانماندا هه‌یه، به‌ڵام به‌ندێكی سۆزداری ئینسانی گه‌وره ده‌مبه‌ستێته‌وه پێوه‌ی، وه‌فاداریم له‌هه‌مبه‌ر هه‌مو ئه‌و ئازارانه‌ی له ژیاندا ده‌یچێژێت شایانی ئه‌وه هه‌یه كه ئه‌و كتێبه‌ی پێشكه‌ش بكه‌م زۆریشی به‌لاوه خۆش بوو، بێ ئه‌وه‌ی له مانایه‌ك تێبگات، یان بتوانێت شیعرێكیان بخوێنێته‌وه.
پرسیار: له شیعری (به ته‌نیشت وتندا)، كه ده‌كه‌وێته لاپهرِه 59 تا 61ی كۆشیعرهكهت (له پاییزێكدا ده‌مخوازێت)، له دوا كۆپله‌دا، كه كۆی مه‌به‌ست و وێناكه چرِ ده‌بێته‌وه، هه‌ست به دیدێكی فێمێنیستیی ده‌كرێ، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ئێسته –به شێوه‌یه‌كی گشتی– ئازادیی "ئافره‌ت" له "پیاو" سه‌ندراوه‌ته‌وه. ئایا ئه‌و دیده فێمێنیستییه چۆن ده‌گوازیته‌وه بۆ نێو شیعر؟ پێت وایه ئه‌م شێوازی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه گونجاو بێت له به‌رانبه‌ر دڵرِهقییهكانی پیاو، له كولتووری داخراو و باوكسالاری ئێمه‌دا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه: ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ ئه‌م گوتنه نییه؟
دڵسۆز حه‌مه: پێم وایه ده‌كه‌وینه هه‌ڵه‌یه‌كی زانستی ومێژویی و مه‌عریفی زۆر گه‌وره‌وه كه له‌سه‌ر ئهمساتهوهخته مێژووییه‌ی خۆمان به‌و ساده‌ییه برِیار بده‌ین و بڵێین كه ئێسته (به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مافه‌كانی ئافره‌ت له پیاوان سه‌ندراوه‌ته‌وه)، سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادیه‌كانی ژنان له پیاوان له كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌بێت كه سیسته‌می سیاسی و ئیداری كۆمه‌ڵگا سیسته‌مێكی مه‌ده‌نی –یاسایی– دیموكراسی بێت، ده‌سه‌ڵاتی یاسا وئامرِازهكانی هه‌مواركردنی یاسای مه‌ده‌نی مۆدێرن دهستهبهركرابێت ،یاسایه‌ك كه ژن وپیاو به‌یه‌كسانی ته‌ماشا بكات، له‌لایه‌كی تره‌وه ئاستی هۆشیاری گشتی به‌رز و پانتایی جووڵه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ ئازادكرابێت له هه‌موو جۆرهدهسهڵات و ده‌ستتێوه‌ردانی فه‌رهه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریت، به‌ڵام ئایا ئه‌م پایانه له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی وئیداری ژیانی ئێستای كوردستاندا فهراههمكراوه؟ بێگومان نه‌خێر، ئیدی چۆن ئازادیه‌كانی ژنان له پیاوان سه‌ندراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئێمه یه‌كێكین له كۆمه‌ڵگا نه‌ریتیه‌كان، كۆمه‌ڵگا سه‌ركوتكه‌ر وچهپێنهرهكان، ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریت تێكه‌ڵ به ئایین لهرِهههنده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیدا رِهگورِیشهی به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا به شێوه‌یه‌ك داكوتاوه كه دواجار هه‌ڵاوردنی نێر ومێ توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی وكۆنه‌په‌رستی بهههمهێناوه، ئێمه كۆمه‌ڵگایه‌كین كه به‌ته‌واوی له سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی وسیاسیشدا به‌رجه‌سته‌ی پله‌دویی و نزمی پێگه‌ی ئینسانی ژن ده‌كه‌ین، به‌ڵكو ئه‌و سیسته‌مه هێنده رِهگ ورِیشهی قوڵی هه‌یه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بۆته به‌شێك له بیركردنه‌وه‌ی گشتی سیسته‌مه سیاسی وئیداریهكهی وڵاتیش، به‌هه‌رحاڵ، من وه‌كو مرۆڤێك پاشان وه‌كو ژنێك هه‌ست به غه‌درێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره ده‌كه‌م، رِۆژانه ژنبونم وهۆشیاریم له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه ئازاراویهدا به‌ریه‌كده‌كه‌ون كه فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیمان به‌رهه‌می هێناوه، دیاره بۆ خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی توندوتیژیدا نیم له‌گه‌ڵ توندوتیژی، له‌گه‌ڵ په‌رچه‌كرداری رِاستهوخۆدا نیم بێ هه‌بونی هۆشیاری قوڵ وزانست و مه‌عریفه و دونیابینی له‌هه‌مبه‌ر هه‌ر دیارده و رِوداوێكدا كه ده‌خوازین هه‌ڵوێستی له‌هه‌مبه‌ر وه‌رگرین، هه‌موو تورِهبونێك، رِهتكردنهوهی بۆچونێكی كۆنه‌په‌رستانه له هه‌مبه‌ر ژناندا لای من كارێكی گرنگه، به‌ڵام ده‌بێت هۆشیاری له‌پشته‌وه بێت، دیاره ده‌بێت له‌سه‌ر فێمێنیزم هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین پێش ئه‌وه‌ی به‌كاری بێنین، فێمێنیزم وه‌كو چه‌مكێكی زانستی وتیۆری ومێژویی قابیلی چه‌ند ته‌فسیر ولێكدانه‌وه‌ی جیاوازه و به‌رده‌وام له هه‌مبه‌ر گۆرِان و زیادكردن ولێكدانه‌وه‌ی نوێدایه، دیاره له مانای گشتیدا فێمێنیزم ئه‌گه‌ر تێرم ومانایهك بێت بۆ ئه‌و گوتاره‌ی كه دیفاع له مافه ئینسانیه‌كانی ژنان ده‌كات، ئه‌وا بێگومان بمه‌وێت یان نا، من وه‌ختێك وه‌كو ژنێك ده‌نگ ههڵدهبرِم له‌سه‌ر خۆم و مه‌ینه‌تی وپرس وگومانهكانم قسه ده‌كه‌م، تێكستێك ده‌نووسم، یهكرِاست ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌مان گوتار، گوتاری فێمنستی ،دیاره هه‌میشه ئه‌و گوتاره ده‌خوازێت ئه‌ڵته‌رناتیڤ بێت بۆ ئه‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه له‌وه‌وبه‌ر و له وه‌ڵامه‌كانی تریشدا باسمكردن، به‌ڵام ئیدی كام ئه‌ڵته‌رناتیڤ، من به‌شبه‌حاڵی خۆم دیدێكی مرۆڤدۆستانه‌ی –فێمنستیم هه‌یه زیاتر له‌دیدێكی فێمنستی ئه‌پستراكت، گوێزانه‌وه‌ی ئه‌م دی‌دا بۆ ناو شیعر ئۆتۆماتیكی رِودهدات چونكه من هه‌میشه وه‌كو ئینسانێكی ژن بێدودڵی گوزارشت له خۆم ده‌كه‌م، هه‌ندێك جار نادادوهریهكان هێنده دهمچهوسێنێتهوه هێنده ئازاردهخۆم، كه ژیان ده‌بێته سێوێكی بۆگه‌ن و به‌هه‌مو هێزم حه‌زده‌كه‌م بیكێشم به‌دیواره‌كه‌دا، هه‌ربۆیه رِهنگه دێرِێكی وابنوسم كه به‌قه‌د تاریكی و تورِهیی ئه‌وساته‌وه‌خته وه‌كو شیعری (به‌ته‌نیش وتندا) وكه‌سێكی وه‌كو تۆ به‌دیدێكی فێمنستی ته‌فسیری ده‌كات و ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ش رِهوایه.
پرسیار: زۆربه‌ی شیعره‌كانت ساده‌ن، هه‌ر بۆ نموونه: ده‌قه‌كانی (ده په‌نجه) و (..........) و (كچه‌كانی دراوسێم) و (گوناهی زیوین)، به‌ڵام قووڵ و مانادارن. من وا هه‌ست ده‌كه‌م تاڵێك موو هه‌یه له نێوان "ساده‌یی" و "ساكاری"دا، ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌قنووس نه‌یتوانی به سه‌ر رِوانین و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و فه‌نتازیای خۆی زاڵدا بێت، ئه‌وا ده‌قه‌كه‌ی بنیاتی خۆی له ده‌ست ده‌دات، ئه‌مه‌یش نه‌ك هه‌ر بۆ ده‌قی ساده، به‌ڵكوو بۆ ده‌قی ئاڵۆزیش وایه، واتا: ئه‌گه‌ر ده‌قنووس ئاگاداری خۆی نه‌بێت، زۆر به سانایی ده‌قه‌كه‌ی به سه‌ر وی‌دا زاڵ ده‌بێت. به‌شی زۆربه‌ی شیعره‌كانی تۆ ساده‌ن، به‌ڵام وه‌كوو له سه‌ره‌وه‌یش گوتم: قووڵ و مانادارن و خاوه‌نی ماهیه‌تی خۆیانن. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه چین كه ده‌قێكی ساده و قورس له یه‌كرتی جوایه‌ز ده‌كه‌نه‌وه؟ ئایا تۆ له‌به‌ر ئه‌وه به ساده‌یی ده‌نووسیت، تا خوێنه‌ر ماندوو نه‌كه‌یت، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی تێیدا ده‌نووسیت، برِیاری ئه‌وه ده‌دات كه چۆن بنووسیت؟
دڵسۆز حه‌مه: ده‌قی سه‌ركه‌وتو ئهودهقانهیه كه به‌زمانێكی مه‌فهوم مانایه‌كی قوڵ بداتهدهستهوه، ئه‌وه‌ش ئامانجی گه‌وره‌ی هه‌مو نوسه‌رێكه، چونكه گه‌شتن بهوقۆناغه، قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی قوڵ، گه‌یاندنی مانا و هه‌سته‌كانی ناوده‌ق به‌زمانێكی ساده، مانای زاڵبونی نوسه‌ره به‌سه‌ر زمان وده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی نوسه‌ره به‌سه‌ر نهێنی وپێچ وپه‌ناو جوانیه‌كانی زماندا، دیاره ده‌بێت زۆر به وریاییه‌وه هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین له‌سه‌ر پێناسه‌ی ده‌قی ساده‌و ده‌قی ئاڵۆز چونكهسادهیی و ئاڵۆزی جگه له زمان چه‌ند رِهههندێكی تر ده‌گرێته‌وه له‌وانه ناوهرِۆك و دونیابینی ناوده‌ق وبه‌كارهێنانی هونه‌ره‌كانی زمان و میپۆلۆجیا و دونیای ده‌ق ده‌گرێته‌وه كه ده‌كرێت له‌سه‌ر هه‌مویان هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین، به‌ڵام وادیاره لێره‌دا مه‌به‌ست له ناوهرِۆك وزمانه، من باوهرِم وایه شیعر له‌و ژانره ئه‌ده‌بیه جوان و ده‌گمه‌نانه‌یه كه رِێك هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ست وسۆز و رِهههنده ئینسانیه زاتیه‌كانی مرۆڤدا ده‌كات به‌هه‌مو هه‌ڵوه‌سته وگومان وپرسیار وئازاره‌كانی له‌هه‌مبه‌ر ژیاندا، له‌و ژانره ئه‌ده‌بیانه‌یه كه ئامرِازو مۆسیقای زمان ودونیاو سفیری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه‌جیای ده‌كاته‌وه له ژانره‌كانی تر، هه‌ر بۆیه من دژی تهحمیلكردنی شیعرم به بابه‌ت و زمان و دونیا و سفیرێك كه سفیری شیعر نه‌بێت، وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی كهدهخوزان فه‌لسه‌فه بكه‌نه شیعر، ئه‌مه وه‌كه به‌كارهێنانی ده‌هۆڵ وایه مۆسیقای ماته‌مینیدا، شیعر نه‌ك خاڵی نیه له‌فه‌لسه‌فه، به‌ڵكو مومكین نیه ده‌قێك بنوسین خاڵی بێت له دونیابینی وفه لسهفهیهكی تایبه‌ت له هه‌مبه‌ر ژیان وئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ده‌قه‌كه‌دا باسی لێوه‌كراوه، به‌ڵام گوزارشتكردن له دونیابینی وفه‌لسه‌فه له‌شیعردا ته‌واو جیاوازه له به‌كارهێنانی له ژانرێكی ئه‌ده‌بی تردا، دیاره ئه‌گه‌ر شیعر وه‌كو كۆنترین ژانری ئه‌ده‌بی له مێژودا ئه‌گه‌ر بیتوانیایه وه‌ڵام به‌ته‌واوی گوزارشتكردن ودهربرِینی گومان وپرسیاره‌كانی مرۆڤایه‌تی بداته‌وه، چی وه‌كو هونه‌ر وجوانی چی وه‌كو پانتاییه‌ك بۆ رِاڤهكردن وپرسیاركردن ئه‌وا نهرِۆمان ونه شانۆنامه‌و نه ژانره جیاوازه‌كانی تری نوسینی ده‌ق داده‌هات، هه‌ربۆیه لای من ده‌قی ساده‌و ئاڵۆز نیه، ئه‌وانه‌ی ئهمرِۆ له‌سه‌ر لاپهرِهی گۆڤار ورِۆژنامهكان ده‌یانخوێنینه‌وه و نازانین نوسه‌ره‌كه‌ی باس له چی ده‌كات، چیمان بۆ دهگێرِیتهوه، ئه‌وانه له بنهرِهتدا شیعر نین به‌ڵكو ده‌رهاویشته‌ی ورِێنهو رِیزكردنی وشه‌یه له‌لایه‌ن كه‌سێكی بێ‌ئاگا له رِهوشهنبیری وهونه‌ر وئیستاتیكا وبه‌رپرسیارێتی به‌رهه‌مهێننای ده‌قی شیعری، له‌ملاشه‌وه خه‌می پرِكردنهوهی لاپهرِهی رِۆژنامهی زۆر وبۆر كه ئهمرِۆ به‌رجه‌سته‌ی گه‌وره‌ترین سه‌رگه‌ردانی رِوناكبیری ده‌كات بۆخۆی یارمه‌تیده‌ره بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌وده‌قانه، گوناهێكی گه‌وره‌یه كه نوسه‌ر له‌سه‌روه‌ختی نوسینی شیعر یان رِۆمان یان هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا بیر له‌وه‌ی بكاته‌وه كه خهڵكبهئاسانی وبێماندوبون له ده‌قه‌كه‌ی تێبگه‌ن، یه‌ك لهوهزیفهكانی نوسین بهبرِوای من دروستكردنی گومان و نیشاندانی ئه‌و پانتاییه شاراوانه‌یه كه له زمان وژیاندا مرۆڤی ئاسایی نایانبینیت، ده‌بێت گومان و پرسیار بوروژێنێت و خوێنه‌ر توشی شۆك بكات، ده‌بێت هۆشیاری خه‌ڵك ئاستی هونه‌ردۆستی و هه‌ستجوانی خه‌ڵك بچیته ئاستی ده‌قه‌كانه‌وه نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه، نوسه‌رێكیش حورمه‌تی خوێنه‌ره‌كانی خۆی بزانێت ده‌قی ساده و مردوو و بێ گیان به‌رهه‌م ناهێنێت، من كه ده‌نوسم بیر له چه‌ند سێ شت ده‌كه‌مه‌وه، زمانێكی كورت و چرِ، هه‌ڵبژاردنی وشه‌كان، خوێنه‌ری زۆر هۆشیار وزیره‌ك، من بۆ خه‌ڵكی ساده نانوسم ، ساده به مانا مه‌عریفی ومیتافیزیكیهكهی .
پرسیار: د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا له دیمانه‌یه‌كدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه: "شیعر ته‌نها هه‌ر وێنه‌یه"، تۆیش زۆر بایه‌خ به وێنه‌ی شیعریی ده‌ده‌یت، به‌ڵام ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌م رِوانینهی ئه‌حمه‌دی مه‌لا ده‌گونجێیت؟ من زۆرترین وێنه له شیعرتدا ده‌بینم، هه‌ر بۆ نموونه: ده‌قی (ته‌نهایی) كه زیاد له چه‌ند وێنه‌یه‌كی له خۆگرتووه. ئه‌م بایه‌خدانه به وێنه، له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
دڵسۆز حه‌مه: بێگومان زۆر رِاسته كه شیعرنوسین مانای وێنه‌كردن به وشه‌كان، بایه‌خدان به وێنه‌ی شیعری له‌و دونیابینیه‌وه هاتوه كه شیعرنوسین ئامرِازهكانی به‌كارهێنانی زمان له‌شیعردا له رِێگای داهێنانی وێنه‌وه به‌رهه‌مدێت، شیعر لای من جگه ناوهرِۆكی بابه‌تی وئه‌و تێمایه‌ی كه لهناودهقهكهدا ئاماده‌یی هه‌یه، هه‌ڵبژاردنی مۆسیقای ووشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی كاریگه‌ر بۆخۆیان هه‌موی ئه‌و پێكهاتانهن كه ده‌چنه بیناكردنی وێنه‌ی شیعریه‌وه، من لهوكهسانهم كه زۆر بایه‌خ به وێنه ده‌ده‌م، به‌ڵكو شیعر نووسین نزار قه‌ببانی واته‌نی، وێنه‌كێشانه به وشه‌كان.
پرسیار: له ده‌قی (شار)دا، له یه‌ككاتدا هه‌م سوودت له بیركردنه‌وه، هه‌م له خه‌یاڵ، هه‌میش له ئه‌فسانه وه‌رگرتووه، جێبوونه‌وه‌ی ئه‌م سێ توخمه و سادهیییهكی بێهاوتاش له ده‌قه‌كه‌دا ده‌بینرێ، دواجاریش تراژیدیا، به‌و مانایه‌ی: كارئه‌كته‌ری شیعره‌كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی نائومێدی و هه‌روه‌تر بیركردنه‌وه‌یش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌گاته ئه‌نجامێك، كه ده‌زانێت ئه‌نجام نییه، ئه‌مه‌یش رِێك (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)ی بیر هێنامه‌وه، كه هه‌رده‌م سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌رده‌میش ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ره‌تا، بێجگه له‌مه‌یش، لێره‌دا بوونی مرۆڤ ده‌كه‌وێته به‌رده‌ممان، واتا: مرۆڤ سه‌ره‌تا نییه، كه‌چی ده‌ژیێت، كه دڵنیایشه ده‌مرێت! كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه موفره‌داته فیكری و فه‌لسه‌فییانه، هاوكاتیش تێكه‌ڵكردنیان به بیركردنه‌وه و خه‌یاڵ و ئه‌فسانه، چۆن له ده‌قێكی وه‌هادا، ته‌نانه‌ت كوردتیش، جێگه‌یان بووه‌ته‌وه؟ تۆ بڵێیت هونه‌ر ئه‌وه‌نده فراوان بێت، وه‌ك "دڵ"، كه شێركۆ بێكه‌س له شیعرێكی كورتیدا، كه وه‌ك پێشه‌كیی له كتێبی (رِوبار)دا دایناوه و وه‌هایه: "ئا ئه‌م دڵه بچكۆله‌یه/ كه هه‌ر هێنده‌ی ههرمێیهكه/ گه‌ردوون جێگه‌ی تیا بۆته‌وه و..."؟
دڵسۆز حه‌مه: شار جگه له بوونێكی میعماری وفیزیكی و ئاركۆلۆژی بونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژویی وئینسانیشه، جگه له دیوار و خانوو وكۆشك وتهلارهكان، جگه له شه‌قام و كۆڵان پردوتونێل وههمووبونیاده مادیه‌كان، بنیاتێكی رِۆحیشی هه‌یه كه مێژووی ژیان وحیكایهتی تاكه تاكه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و بونه جوگرافیه‌دا ژیان ده‌كات، مێژو وشێوازی پێكه‌وه ژیان، رِۆژانی سه‌خت ورِوداوه هاوبه‌شه‌كان ئهوساتهوهختانهی كه له‌و دژواری ورِوبهرِوبونهوهی چاره‌نوسی هاوبه‌شدا مرۆڤه‌كان هێنده له‌یه‌ك نزیكده‌كاته‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانی یه‌ك حیكایه‌ت بن شاره‌كانی ئێمه، به‌ڵام شار له‌م ده‌قه‌ی مندا ئاماژه‌یه بۆ جێگایه‌كی میتافیزیكی، بۆ ئه‌وشاره‌ی له ناخی هه‌ر رِۆحێكدا ده‌ژی، شارێك به مانای ئامانج و خه‌ون و شێوه ژیانێك شێوهدونیایهك بهورِهنگهی كه دڵی ئێمهدهخوزاێت، ئه‌وشاره‌ی هه‌تا مرۆڤ له‌ژێر جه‌بری فه‌رهه‌نگ و قورسایی ژیاندا بچه‌مێته‌وه گه‌شتن به‌ویش مه‌حاڵتر ده‌بێت، به‌ڵكو ئایا بۆ خۆی شتێك هه‌یه به‌ناوی ئامانج وگه‌شتن به هیوا؟ شتێك هه‌یه به ناوی به‌خته‌وه‌ری وگه‌شتن به جوانی ودادوه‌ری وعه‌شق وعه‌داله‌ت؟ جێگایه‌ك هه‌یه مرۆڤ له‌وێدا هه‌ست به یه‌كسانی و دادوه‌ری و هه‌ڵگرتنی هه‌مو ئهوسنورانه بكات كه مرۆڤ له چوارچێوه‌یدا هه‌ست به‌دیلی و بنده‌ستی وچه‌وساندنه‌وه‌ی خۆی ده‌كات؟ یان ئه‌مانه ئه‌و خه‌ونێكی بێهوده‌ن مرۆڤ هه‌رگیز ناگاته ئامانج، دیاره من له‌گه‌ڵ ژیاندۆستی وعه‌شقی زۆرم بۆ ژیان و جوانیه‌كانی هاوكات كه‌سێكی رِهشبینم، پێموایه ژیانی مرۆڤ، به‌ڵكو ته‌واوی مێژوی مرۆڤایه‌تی له هه‌وڵی به‌دیهێنانی دادوه‌ری و جوانیدا به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت، هه‌تا مرۆڤ له سه‌ر زه‌وی ژیان بكات، نادادوه‌ری و شهرِهنگێزی و چهساندنهوهش ژیان ده‌كات، گه‌شتن به‌جوانی و به‌خته‌وه‌ری رِێك وه‌ك رِهنجهكهی سیزیف وسه‌رخستنی به‌رده‌كه‌ی سه‌رشانی كارێكی بێهوده‌یه، هه‌ربۆیه گه‌شتن به‌شار به‌ومانایه رِهنگه مه‌حاڵ بێت رِوبدات، ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی تاك و گروپ وه‌كو هه‌ندێك دورگه‌ی سه‌وز له كیشوه‌رێكی سوتاودا لێره‌و له‌وێ له‌ژێر كاریگه‌ری هۆشیاری وهه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی كه‌م تا زۆر بونیان هه‌بێت، به‌ڵام گه‌شتن به فه‌زیله‌ت، بهشارێك وه‌ك هێما بۆ جوانی وفه‌راهه‌مكردنی خۆشه‌ویستی وعه‌داله‌ت له خه‌ونێك به‌وڵاوه چ نیه، ئه‌م پرسانه به‌درێژایی مێژوی فیكر وبیركردنه‌وه، له گریكه‌كانه‌وه تا سه‌رهه‌ڵدانی ئایین و فه‌لسه‌فه‌ی نوێ مرۆڤی به‌خۆیه‌وه سه‌رقال كردوه، دیاره به‌خته‌وه‌ری وعه‌داله‌ت و فه‌زیله‌ت وته‌واوی ئهودهستهواژه نه‌رمانه‌ی مرۆڤایه‌تی خه‌ونیان پێوه‌ده‌بینێت له‌و خه‌ونانه‌یه وه‌دیهاتنیان مه‌حاڵه، رِۆژگارانی ئهمرِۆ و باڵاكردنی شهرِهنگێزی وتوندوتیژی مرۆڤ تا ئه‌و رِادهیهی ئهمرِۆ به‌خته‌وه‌ری له مرۆڤ وسروشتیش سه‌ندۆته‌وه ئیدی بۆ خۆی بهرخهستهی ئه‌و دیده ده‌كات كه له شیعری (شار)دا هاتووه... ئه‌وشاره‌ی كه ئه‌سڵه‌ن نییه.
