خوێندنەوەی (زیندووم بۆ ئەوەی بگێڕمەوە) ی (گابریل گارسیا مارکیز)
یەکێکە لەو بەرهەمانەی بە رادەیەکی بێ وێنە چێژبەخشە، ئەگەر ناوێک بەو
پەرتووکەدا ببڕم (کتێبی چێژ) دەبێت. وەک رۆمانەکانی مارکیز، بابەتگەلی
وەک (هەژاری، خوێندنەوە، لەشفرۆشیی، کوشتن، شەڕ، شەونخوونی، پەرتووک،
رۆشنبیری، کار، کۆلێژ، سیاسەت، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، قەشە، سەرسەری و
لۆتی، خێزان، دایک و باوک و بنەماڵە، سەفەر و گەڕان،فڕین و مەلە و
رۆیشتن،مێبازی، نووسین، خۆپیشاندان، سەرخۆشبوون،تەمەن، پیری،
نەوجەوانی، کچێنی و هتد....)
لە نێوان ریپۆرتاژ و رۆمان نووسیندا (مارکیز) لە دایک دەبێت. ئەو
مارکیزەی ئێمە لە رێی نووسینەکانییەوە دەیناسین و خۆشماندەوێت. لێرەدا
لەو بەرهەمەدا، (مارکیز) پاشخانی هزری، ئابووری، خێزانی، جوگرافی،
مێژوویی، رۆشنبیری، ئەخلاقی، سیاسی، کۆڵۆمبیایی، کاریبی و لاتینی خۆی
دەداتە خوێنەر، بە شێوازێک کە وەک رۆمانەکانی چێژبەخشە.
گێڕانەوە، بۆ هەر کەسێک، چێژی تایبەتی خۆی هەیە. بەتایبەتیش کە
گێڕانەوەکە شەمایلی چیرۆکێکی هونەری وەردەگرێت و دەتوانێت هەڵمانبگرێت
و بمانباتە سەردەم و کاتی چیرۆکەکە. (مارکیز) لەو بەرهەمەدا خۆیشی باسی
بایەخی ئەو گێڕانەوانە دەکات، کاتێک رۆژنامەنووس بووە پەی پێبردووە. و
دەزانێت ئەگەر کەسی گێڕەرەوە بە شارەزایی بیکات چۆن خەڵک و خوێنەر
ئاشوفتە و شەیدای چیرۆکەکان دەبن و رۆژنامەکانیش پڕ فرۆش دەبن؟!
(مارکیز)
پەیامی لەو بەرهەمە هەر چییەک بێت، ئەوە خۆی خاوەنی پەیامی خۆیەتی، بۆ
خوێنەرێکی وەک من، ئەو پەرتووکەی دەبێتە چەند بڕگەیەک و بابەتێکی
زیندوو. ژیانی مارکیز خۆیشی چیرۆکێکە و شایانی گوێلێگرتن و
خوێندنەوەیە، چیرۆکی ئەو کابرایە، کۆمەڵێ جومگەی کاریبی و لاتینی لە
لایەنە سیاسی و رۆشنبیری و مێژووییەکەیدا ئاشکرا دەکات. کۆمەڵێک رووداو
و بەسەرهاتی جیاواز کە دەکرێت ببنە کۆمەڵێ دەریچە بۆ روانینە ئەمریکای
لاتین لە سەد ساڵی رابردوویدا، هەروەها گەڕانێکیشە بە نێو رۆشنبیری
میللەتێک دا لەسەر زمانی (باپیر و دایک برا و هاوڕێیانی مارکیز) و
دەگەڵ چیرۆک و بەسەرهاتی کەسەکانی دیکەی نێو ژیانی (مارکیز)دا کە
بەراستی زۆرن، بە شێوەیەک قەت ناکرێت ناو و کارئەکتەری ئەو کەسانەمان
لێ ون نەبێت. خوێنەر ناتوانێت بە یەک خوێندنەوە ئەو هەموو ناو و
کارئەکتەرانە هەرس بکات و بناسێت، بەڵام دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی هزرێک
یان وێنەیەکی پانۆرامایی لەسەر خێزانەکەی وەربگرین، کە دواتر بەلایەنی
کەمەوە دەبێتە وێنەیەکی بچووککراوەی کۆڵۆمبیا.
جگە لەو ئەرک و بابەتانەی ئەو پەرتووکە پێشکەشی دەکات، (مارکیز)
لەوەمان دەگەیەنێت کە ژیانکردن بێ گێڕانەوە تەواو نابێت. زیندووبوون
گێڕانەوەی ژیانە. ئەو رووداو و کەسانەی لە گەڵ ئێمەدا و دەنێو ئێمەدا
لەیەک ماڵ، گەڕەک، شار و وڵاتدا ژیاون. ئەو بابەتەی کەسەکان و شتەکان
نەمر دەکات و چێژێکی زیاترییان پێدەبەخشێت:(گێڕانەوەیە) گواستنەوەی
رووداو و کارەسات و کارئەکتەری کەسەکان بۆ بەر دیدە و نێو دڵ و مێشکی
کەسەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بزانن کەسێک، میللەتێک، مرۆڤهایەک بەو خوێن و
رەنگ و دەنگ و ناوەڕکەوە هاتن و لە سوچێکی ئەو دنیایەدا لە سەردەمێکدا
ژیان و مێژوویەکیان درووست کرد، مێژووەکە تەنیا بۆخۆیان نییە، بەڵکو لە
رێی گێڕانەوەدا دەگوێزرێتەوە بۆ شوێن و دەمی دیکە و دەبێتە ماڵی
هەموومان.
جێژی گێڕانەوە، بۆ گێڕەرەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە تایبەتمەند و
خۆشییە. ئاشکراکردنی سەرچاوەی رۆشنبیری و وڵات و مرۆڤپەروەریی و سەیران
و گەڕان و پێوەستبوون بە نووسین و خوێندنەوە و ژن و سەرمەستی و
سەربەستی و هتد...، تامێکی تایبەتی و بایەخێکی بێ وێنەی بۆ خودی
گێڕەرەوە هەیە، چونکە لەو ریێیەدا کردەوەکانی ئاشکرا دەکات. ئەو
خۆئاشکرا کردنە، مەبەستی هەر گێڕەرەوەیەکە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت بەو
جۆرە ژیام و بەو جۆرەش نەژیام، رەنگە هەندێجار خودی رووداوەکان زۆر
خەفەتبار و کارەساتبار بووبن لە کاتی روودانیاندا، بەڵام لە گێڕانەوەدا
چێژێکی تایبەت بە خودی قسەکەر دەدەن! وەک ئەوەی باس لەوە بکەیت:
(ناحەزەکەم بینی بە غروری بریندارەوە لە تەنیشت قەڕەوێلەکە وەستابوو و
بە بێدەنگی لێم ورد دەبوەوە. ئەوەندە ترسام کە هەناسەم بە بەردا
نەهاتەوە و ئەوەندەی نەمابوو بخنکێم. ژنەکە کە وەکو من روت بوو ویستی
بکەوێتە بەینەوە،بەڵام هاوسەرەکەی بە لوولەی دەمانچەکەی پاڵی پێوەنا) ل
٢٦٩، بەڵام دوای دەربازبوون لەدەست مردن و لەدەست هەژاری و لەدەست باوک
و خوێندنگەو رووداو و کەسەکان، ئەوە ئەو ئەزموونانە دەبنە سەرچاوەی
چێژێکی لە بننەهاتوو بۆ گێڕانەوە و گواستنەوەیان بۆ کەسەکانی دیکە.
هەروەها بۆ کەسەکانی دیکەش گرینگ و چێژدارە لە رێی گوێگرتن و
خوێندنەوەدا بەشداری ئەزموونی ناوازە و تایبەتی کەسەکانی دیکەدا بکەن.
واتە هەم لەلای گێڕەرەوە و وەرگردا، شتێکی هاوبەش هەیە کە ئەویش چێژ
وەرگرتنە لە گێڕانەوە و گوێگرتندا. خودی ئەو گێڕانەوەیە، زیندووبوون و
گەرمایی بە گیانی هەردووکیاندا دەبەخشێت.
وەک لەو بەرهەمەش بۆمان دەردەکەوێت، مارکیز لە منداڵی و گەنجییەتیدا،
چۆن گوێی لە چیرۆکەکانی باپیری و بەسەرهاتی دایک و باوکی گرتووە، و چۆن
دیقەتی داوە ئەوان چەند سەیر و شارەزا چیرۆکەکانییان گێڕاوەتەوە،
دواتریش ئەو گێڕانەوانە نەوەک تەنیا بوونەتە سەرچاوەی نووسین و
بەرهەمەکانی،بەڵکو وەک خۆی وەسفی دەکات : (کە لە تەمەنی پەنچا ساڵیدا
بڕیارم دا ئەو بەسەرهاتە بکەمە تەوەری رۆمانی عەشق لە ساڵانی کۆلێرا،
نەمتوانی سنوری واقیع و خەیاڵ – ژیان و شیعر – لە یەکتر جیا بکەمەوە.)
لاپەڕە( ٥٧)
یان لە لاپەڕە (١٠١) دەنووسێت: (ئەوانەی منیان لە تەمەنی چوار ساڵیدا
بینیبوو، دەیانوت مناڵێکی بێڕەنگ و سەربەژێر بووم، ئەو کاتانەشی قسەم
کردووە تەنها هەندێک شتی بێسەروبەرانەم وتوە، ئەمەس لە کاتێکدا کە
زۆربەی چیرۆکەکانم گێڕانەوەی بەسەرهاتە ئاسایەکانی ژیان بوون کە من بە
هۆی هەندێک وردەکاری سەرسوڕهێنەرەوە، سەرنج راکێشترم دەکردن بۆ ئەوەی
سەرنجی گەورەکان رابکێشم و حسابێکم بۆ بکەن. باشترین سەرچاوەی
بۆهاتەکانم وتووێژی مرۆڤە گەورەکان بوو کە لەبەر چاوی مندا بە ئارەزووی
خۆیان هەموو جۆرە قسەیەکیان دەکرد لەبەرئەوەی وایاندەزانی لێیان
تێناگەم، یان بە ئەنقەست بە پێچوپەناوە قسەیان دەکرد بۆ ئەوەی لێیان
تێنەگەم، بەلام تەواو پێچەوانە دەکەوتەوە: وەکو ئیسفنج هەموو شتێکم
هەڵدەمژی، لق و پۆپەکانیم هەڵدەوەشاند و بە کەمێک دەسکاری وێنەکەیم
دەگۆڕی، ئەو کاتەی هەمان قسەم بۆ ئەو کەسە باس دەکردەوە کە خۆی بۆی
گێڕابوومەوە لە لێکچونی ئەوەی من دەموت و ئەوەی لە خەیاڵی خۆیدا بوو،
سەری دەسوڕما)
خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە، یادەوەری خوێنەر چالاک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی
بگەڕێتەوە نێو ئەو ژیانەی لە پشت خۆیدا بەجێیهێشتووە. سەردەمی منداڵی و
هەقایەتەکانی باوک و دایک و باپیر و داپیرە، ئەو خانووەی مرۆڤ لێی لە
دایک بووە، لێی گەورە بووە، فێرە قسە و رۆیشتن و خوێندن و ژیان بووە.
هەموو ئەو یادەوەرییانە، لەو سەردەمەی ئێستاماندا پێویستن بۆ ئەوەی
بگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک هێشتا بێگەرد و پاک و رەوان بووین. وەختێک
ژیکەلە و بێ فرتوفێڵ و شەیدای ژیان بووین، ئاشوفتەی خۆشەویستی و خەون و
سرووشت و سەرمایەی رەمزی خۆمان بووین.
بەکورتی هیوادارم دەستی هەر کەسێک بەو پەرتووکە را بگات، بیخوێنێتەوە،
چونکە (مارکیز) باسی دەیان رووداو و سەدان کەس دەکات، کە گوێگرتن لێی
دەمانگێڕێتەوە بۆ سەروەختێک کە جوانتر و خۆشەویستتر و بێگەردتر بووین.
بەتایبەتی بۆ کەسانێک، کە تەمەنییان هەڵکشاوە و دەمێکە منداڵییان بە
جێهێشتووە.
* * * * * *
یەکێک لەو خاڵانەی ئەو بەرهەمەی جوان کردووە، جوانی گێڕانەوەی ئەو
یادەوەرییانەیە، رەنگە رووداوەکانی ئەو یادەوەرییانە، بۆ ئێمە و لە
ژیانی ئێمەشدا، روویان دابێت و زۆر غەریب نەبن، کەسوکاری ئێمەش وەک
کەسوکاری (مارکیز)بن، رەنگە دایک و باوکی ئێمەش جیاوازییەکی زۆر
گەورەیان لەگەڵ باوانی (مارکیز) نەبێت، رەنگیشە زۆرێک لە ئێمە بەقەد
(مارکیز) خوشک و برا و پوورمان هەبێت، دیسان رەنگیشە بەقەد کۆڵۆمبیا
شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانیمان دیبێت، بەڵام دەگەڵ هەموو ئەو
وێکچوونانەشدا، دیسان ئەو بەرهەمەی (مارکیز) نابێتە بەرهەمێکی ئاسایی و
تێپەڕ. چونکە ئەو کابرایە دەزانێت چۆن شتەکان بگێڕێتەوە و بچێتە نێو
رووداو کەسایەتی و بابەت و شتەکان. بە جۆرێک کە هەست دەکەین ئەو
کابرایە نەوەک لەگەڵ شتەکاندا، بەڵکو دەنێو شتەکاندا ژیاوە. کە دەگەڵ
دایکی سەفەر دەکات، چەند ئاگای لە جەستەی دایکییەتی ئەوەندەش ئاگای لە
گیانییەتی، دەگەڵ کەسەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، بە شێوەیەکی وەها سەرنج
دەداتە رووخسار و جلوبەرگییان تا دەچێتە نێو دڵ و دەروونیان. جوان
لەسەر جەستەو شەمایل و کنجەکان دەوەستێت و دواتریش جوانتر قوڵ دەبێتەوە
نێو فرمێسک و گریان و قسە و دەروونی کارئەکتەرەکان.
لە باسەکانیشدا، هەمیشە زەبرێک دەبەخشێتە وشە لە رێی وەسفە قوڵەکانی کە
دەیانگەیەنێتە رادەی شرۆڤەکردن. هەر بۆ نموونە لە لاپەرە (٣٤) دا
دەنووسێت: ( دوکتۆر ئالفرێدۆ بابوسا لەو ژوورە بوو، پیرتر لە هەموو
مرۆڤەکان و سەرجەم بوونەوەرە پیرەکانی سەر زەوی و دەریا، بە بێ پێڵاو،
لەسەر هاماکایا ئەرقیتۆنە ئەبەدیەکەی پاڵکەوتبوو، بیجامە ئەفسانەییەکەی
کە لە لۆکەی رەنگنەکراوبوو لە عەبای تۆبەکارەکان دەچوو)
خاڵێکی دیکەش کە گرینگە و لەو نووسینەدا هەستی پێدەکرێت، ئەویش زەبری
شوێن و ناو و دواتریش ژیانە لە لای مارکیز، کە ئەو زەبرانەش دواتر
هەموویان دەگوێزێتەوە نێو وشە، نێو نووسین.
ئەو لە هەموو شتێک ورد دەبێتەوە، لەباپیری و لە قسەکانی، لە دایکی،
ناوی گوندەکان، دارستانی مۆز، دەریا، منداڵبوون و هتد...، جگە لەمەش
هەموو کەس و شتەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە کە (مارکیز) هەستی
پێدەکات. یان باسی سەرچاوەی ئەو هەستەی دەکات کە بەرامبەر بە شتەکان
هەیەتی. هەر بۆ نموونە لە لاپەڕە (١٦) دا، ئەو پەرەگرافە دەنووسێتەوە:
(لە "سیێنا گراندی" دەپەڕینەوە، کە یەکیکیتر بوو لە ئەفسانەکانی
سەردەمی مکاڵیم. چەند جارێکیتر، ئەو دەمەی باپیرم سەرهەنگ نیکۆلاس
ریکاردۆ مارکیز میخیا کە نەوەکانی بە پاپالیلۆ بانگیان دەکرد منی بۆ
بینینی دایک و باوکم لە ئاراکاکاوە دەبرد بۆ بارنکیا بە کەشتی بە وێدا
رۆشتبوین. باپیرم ئەو دەمەی باسی فرەرەنگی و سروشتی پێشبینی نەکراوی
ئەو روبارەی بۆ دەکردم، کە هەندێک جار لە زۆنگوو هەندێک جاری تریش لە
ئۆقیانوسێکی سەرکێش و هەڵچوو دەچێت، پێی وتبوم: " نابێت لە سیێناگا
بترسی بەڵکو دەبێ رێزی بگریت")
ئیدی بەرامبەر بە دەریا و چیا و سرووشتی وڵاتەکەی، لە شوێنی تردا وێنەی
ئەو پەرەگرافەی سەرەوە دووبارە دەبنەوە، وەک باپیری پێی دەڵێت
:
(ئەوە دەریایە
بە دڵێکی شکاوەوە لێمپرسی ئەی کەنارەکەی ئەوبەرەوە چۆنە، ئەویش بە بێ
هیچ دوودڵییەک وتی:
هیچ کەنارێک لەوبەرەوە بوونی نییە)ل ١٩.
یان دەڵێ: (رەنگە دایکیشم بە هەمان شێوە لە دەریای سێیاناگای روانیبێت،
لەبەر ئەوەی هەر ئەوەندەی لە لای چەپی عەرەبانەکەوە دەریاکەی بینی،
هەناسەیەکی گەرمی هەڵکێشا و وتی: هیچ دەریایەک نابێتە دەریای ریۆهاچا!)
ل ٢٠
ئیدی ئەو وێنە و دەستەواژانە زۆرن، کە دەتوانین لەسەریان بوەستین،
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین بە درێژایی گێڕانەوەکان، زەبری روودا و وشە
و ژیانی مارکیز خۆی دەردەخات، کە لە کۆتاییدا ئەوەی بۆ خوێنەر
دەمێنێتەوە، هەستکردنە بە چێژ و جوانی مرۆڤێک، کە رەنگە کتومت وەک
باوکمان، برا گەورەمان یان هەتا وەکخۆمان بێت!
لە کۆتاییدا، سوپاس بۆ وەرگێری کوردی ئەو بەرهەمە، (پێشڕەو حسێن) کە
ماندووبوون بە کارەکەیەوە دیارە و لە هەندێ شوێنیشدا، شارەزایانە
دەستەواژەی کوردی داناون، کە هەست دەکرێت، کوردییەکی رەوانە. جگە لەمەش
دەکرێت هەندێ رەخنە لە زمانەکە بگیرێت، کە لەهەندێ شوێندا، لە رووی
رێزمانییەوە، پاش و پێشی فرمانەکانی تێدایە، لە هەندێ شوێندا
کوردییەکەی بە هۆی قوتدانی پیتی (د) دا لەنگ بووە، لە هەندێ شوێنێ
تریشدا بەتایبەتی سەد لاپەڕەی کۆتایی هەڵەی چاپی تێدایە بەتایبەتی لە
گۆڕانی ( َ)ئەو هەفتە بچووکەی لە سەر پیتی (ی) یان (ڵ) ڵئی قەڵەو
دادەنرێت بووە بە پیتی (چ)