دوای خوێندنەوەی هەر رۆمانێکی جوان ، نوسینەکە رستەیەک یان چەند
رستەیەکمان دەداتێ، بە گوێرەی تێگەیشتن و لێکدانەوەی نووسەرەکەش بۆ
نووسین و رۆمان و ئەدەب و ئەرکەکانی نووسەر و نووسین، رەنگە رستەیەکی
فەلسەفی، هونەری، وێژەیی، کۆمەڵایەتی و هتد.. یمان پێ ببەخشێت.
ئەو رستانەی من لەو رۆمانەدا خوێندمەوە زیاتر جۆرە رستەیەکن،
بنەماکەیان ئەزموونی کارئەکتەری رۆمانەکەیە، واتە ئەو قسانەی دەربڕین
لە تێگەیشتنی کارئەکتەرەکە دەکەن، زیاتر لە ئەنجامی ئەزموونەکانی
خۆیەوە، کە پێوەندی سۆزدارین بە کچەوە، درووست بوون. هەرچەندە
کارئەکتەرەکە خوێنەرە و سەرچاوەی خوێندنەوەکانی ئەدەب و فەلسەفەن،
بەڵام ئەو ئەوەندەی رستەکانی لە ئەزموونە جەستەیی و گیانییەکانی خۆیەوە
دەخوڵقێنێت، ئەوەندە لە شاعیر و فەیلەسوفەکانەوە دایانناهێنێت. ئەوەش
بەو مانایە دێت، کە ئەزموونی راستەوخۆی مرۆڤەکان پێکەوە سەرچاوەیەکی
گەورەیە بۆ درووستبوونی تێگەیشتن و رامانکردن لە ژیاندا. کارئەکتەرەکە
لە شوێنێکدا، (نیتچە) دەخوێنێتەوە، بەڵام هێشتا "خوا" لای ئەو زیندووە!
بەو واتایەی خوێندنەوە ئەو سەرچاوە کاریگەرە نییە، لەسەر شێوەی
وێنەکان، بەڵکو ئەزموونەکانی خۆی کاریگەرییان هەیە لەسەر
تێگەیشتنەکانیدا.
زۆرێک لە رۆمانە کوردییەکان، زیاتر فەلسەفاندنی ژیانن لە دیدی
نووسەرەکانەوە، لەوەی خۆی فەلسەفەی ژیانی کارئەکتەرێکی ئازاد بێت، واتە
کارئەکتەر هەمیشە مەحکومە بە رۆڵێک کە تێگەیشتن و سرووشتی نووسەرەکە
سنوورەکانی دیاری دەکات. لەو رۆمانەدا هەست دەکرێت کارئەکتەرێک تا
رادەیەک دەتوانێت بێ نووسەرەکە هەناسە بدات و ژیانی خۆی بژیەت. ئەو
تابلۆیەی ئەو تێیدایە بەو شێوەیە کۆتایی بێت کە واقیعی کارئەکتەرەکەیە
لە نێو رۆمانەکەدا، نەوەک واقیعی نووسەرەکە لە دەرەوەی رۆمانەکەدا.
هەرچەندە دەشبێت ئەو نووسینەش کۆمەڵێ تیمە و کەسی تێدا بێت کە راستەوخۆ
پێوەندییان بە ژیان و شوێن و دەمەکانی (زانا خەلیل) ە وە هەبێت، بەڵام
لە رۆمانەکەدا هەست بەوە ناکرێت، کە (زانا خەلیل) راستەوخۆ باسی خۆی
دەکات، وەکچۆن لە رۆمانی (گەشتێک بەرەو ژنەکان) هەستی پێ دەکرێت! بەڵام
دەگەڵ ئەوەشدا، سنوورێک هەیە، دەبێتە چوارچێوەی جوڵانەوەکانی
کارئەکتەرەکە. لەوانە هەر بۆ نموونە، سنووری (عاشقبوون، ئاوارەبوون ،
رۆژهەلاتی بوون و کوردبوون)
رستەکانی ئەو رۆمانە، بە شێوەیەکی سەرەکی سەبارەت بە بەختەوەری و چێژی
ژیان خۆیان پێشکەس دەکەن. بەختەوەرییەک کە لە ساتێکدا لەگەڵ عەشق لە
دایک دەبێت و لەگەڵ مردنیش کۆتایی دێت. چێژێک لە بەیەکگەیشتندا دنیا
رەنگین دەکات و لە لێکترازانیشدا دنیا خاپوور دەکات. رستەکان زۆر بە
کورتی پێمان دەڵێن: ژیانێکی کورت، هەموو شتێک تێیدا کۆتایی دێت. ئەوەی
دەشمێنێتەوە تەنیا ئەو وێنانەن، کە راگوزەرانە تێیدا بوورین! ئەوەی
دەمێنێتەوە تەنیا وشەیە بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە یان گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو
کەسانەی وەک مرۆڤ دێن و دەڕۆن!
پێوەندییەکان، وەهمێکن و تەنیا بە کەڵکی گێڕانەوە دێن، چونکە چێژ
لەوەدایە کە وەهمەکانمان لە رێی نووسین و گێڕانەوەوە بە جوانی نیشان
بدەین.
ئۆلگا بۆڕۆدینۆڤا دەڵێت:
(ژیان وەهمە و تەنیا لە رێی نووسینەوە جوان دەبێت. دواتریش ژیان لە
نووسیندا چێژدارترە لەوەی لە واقیعدا. رووداوەکانیش گێڕانەوەیان لە
رۆمانێکەوە چێژی تەواو دەبەخشن لەوەی لە واقیعدا کراوە.)
(نووسین، دەربازکرنی مرۆڤە لە وەهمێکەوە بۆ هەقیقەتێکی جوان و دواتریش
بۆ خەونی نەمریی!)
ئەوانە دوو رستەی سەرەکی کارئەکتەری ئەو رۆمانەن و دواتریش دەبنە رستەی
(زانا خەلیل)، ئیدی دەکرێت لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە کۆک بین، یان ناتەبا.
رۆمانەکە، لە خەونێک دەچێت، کە تێیدا بۆ چەند ساتێک حەز دەکەین لە جێی
کارئەکتەرەکە بین و لە ساتە کورتەکانی خۆشبەختیدا، چێژ وەربگرین. کەمێک
تامی ژن و سێکس و پێکەنین و پیاسە و خواردنەوە و باران و بەفر... بە
کورتی تامی ژیان بکەین و دواتریش بینووسینەوە و بۆ خوێنەرانی
بگێڕینەوە، تا چێژەکەمان بگاتە لووتکە!