رِابه‌ر فاریق: ئایین له‌توانایدایه به‌رگری له ئازادی و فیكر
و ژیانی تاكه‌كه‌س بكا؟
ئازاد قه‌زاز:
ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ی ئه‌و ئایینه‌ی تێدایه، ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ئه‌و
ئایینه‌ی بۆ دامه‌زراوه، ئه‌وه دیاری ده‌كات كه ئایا ئایین
ده‌توانێت ئه‌و رِۆڵه ببینێت یان نه ْ. ئه‌گه‌ر مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی
هه‌ر ئایینێك بخوێنینیه‌وه، ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه له سه‌ره‌تادا
تاكێك بانگه‌وازی بۆ ئه‌و ئایینه نوێیه له دژی ئایینی باوی
ده‌سه‌لآتدار، كردووه. مه‌به‌ستم له ئایینی باوی ده‌سه‌لآتدار ئه‌و
ئایینه‌یه كه سه‌دان ساڵه ده‌سه‌لآتی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌لآتی سیاسیی
دانی پێداناوه و بووه‌ته به‌شێك له كولتووری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه و
ده‌توانێت داب‌و نه‌ریتی مرۆڤه‌كان دیاری بكات.
واته؛
ئایین له سه‌ره‌تادا ده‌نگی تاكه، دژ به‌ده‌نگی كۆمه‌ڵ ده‌دوێت،
پاشان كۆمه‌ڵ ئه‌و ئایینه بۆ خۆی قۆرخ ده‌كا و به ناوی ئه‌و
ئایینه‌وه سانسۆر ده‌خاته سه‌ر تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه.
هه‌ر
ئایینێك دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی تاكێكه، پێی ده‌ڵێن په‌یامبه‌ر.
په‌یامبه‌ر مرۆڤێكه، تاكێكه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك بنه‌مای ئه‌خلاقییه،
خاوه‌ن موعاناتی رِۆحییه، هه‌ستێكی ناسكی له خۆید گرتووه، بۆچوونی
سیاسی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و به دیدێكی عارفانه‌وه له ژیان
ده‌رِوانێت. ئه‌م تاكه مرۆڤه كه بۆچوونه‌كانی خۆی ئاشكرا ده‌كات،
زۆربه‌ی زۆری كۆمه‌ڵگه و به ده‌سه‌لآتی سیاسیشه‌وه، به‌ره‌نگاری
ده‌بنه‌وه. هه‌ركاتێك له‌و به‌ره‌ورِووبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو
بوو، وه‌ك نموونه‌ی موحه‌ممه‌د كه له سه‌رده‌می خۆیدا رِوویدا، یان
سه‌دان ساڵ پاش خۆی، وه‌ك نموونه‌ی عیسا، ئه‌وا كۆمه‌ڵگه به
كاوه‌خۆیی و به‌درێژاییی مێژوو ده‌كه‌وێته ژێركاریگه‌ریی ئه‌و ئایینه
نوێیه‌وه، كه له سه‌ره‌تادا هه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه خۆی رِێگرێكی
سه‌رسه‌خت بوو له رِێگه‌ی بلآوبوونه‌وه‌یدا.
رِابه‌ر فاریق: ئه‌م تاكه مرۆڤه چۆن ده‌توانێت به‌م كاره هه‌ستێ؟
ئازاد قه‌زاز:
له ئه‌نجامی تێفكرین و تێرِوانین و تێرِامان. هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندیی
تاك و كۆمه‌ڵ و خودا، لای ئه‌و په‌یامبه‌ره گۆرِانی به سه‌ردا دێت.
هه‌ر ئایینێك كه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا جێی خۆی گرت، ئه‌و ئایینه
ده‌بێت به سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی خودایی بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌و
ئایینه وه‌ك وه‌سیه‌تێك ئه‌و ئیلهامه له خوداوه بۆ كۆمه‌ڵگه
ده‌گوازێته‌وه. به ناوی پیرۆزگه‌راییه‌وه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه
تاكه‌كانی خۆی كۆنترِۆڵ ده‌كات. ئه‌م هاوكێشه‌یه له رِۆژئاوادا
گۆرِانێكی زۆری به سه‌ردا هاتووه، لێ له ولآتانی له مه‌رِ خۆماندا
هێشتا هه‌ر كارایه. ئه‌م پێشه‌كییه‌م بۆ ئه‌وه بوو كه بڵێم؛ تاك
ئه‌گه‌ر په‌یامبه‌ر بێت یان فه‌یله‌سوف، له‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه
په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵ به خوداوه ئه‌وجا بۆ تاك رِێكده‌خات، ده‌رده‌چێت
و خۆی جارێكی تر په‌یوه‌ندیی به خوداوه ده‌كاته‌وه. واته؛ له
كۆمه‌ڵگه یاخیی ده‌بێت و قاییل نابێت به‌و كولتووره و ئازادیی خۆی
وه‌رده‌گرێته‌وه. ئه‌و تاكه سه‌ربه‌خۆیانه خۆیان بیر له خودا
ده‌كه‌نه‌وه و گوێ بۆ كۆمه‌ڵگه ناگرن، ئه‌وانه رِاسته‌وخۆ
په‌یوه‌ندیی به خوداوه ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی من لێره‌دا
مه‌به‌ستمه، په‌یوه‌ندیه‌كی مه‌جازییه و سیمبۆڵه بۆ هه‌قیقه‌تێك.
بۆیه ده‌ڵێم ئایین له سه‌ره‌تادا ئازادی ده‌به‌خشێت و له كۆتاییدا
به‌ندیخانه دروست ده‌كات. چونكه تاكێك خۆی له به‌ندیخانه‌ی كۆمه‌ڵ
قورتار ده‌كا، پاشان كۆمه‌ڵگه ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌و تاكه پیرۆز ده‌كا
و ده‌یكاته‌وه به دۆگمایه‌كی تر و خۆیانی تێدا به‌ند
ده‌كه‌نه‌وه.
رِابه‌ر فاریق: ئایین كه‌نگێ به‌ربه‌ست دروستده‌كا؟
ئازاد قه‌زاز:
دوا رِسته‌ی وه‌لآمی پرسیاری یه‌كه‌م، وه‌لآمه بۆ ئه‌م پرسیاره‌ی
دووه‌متان. ئێمه گوتمان كه بیرێكی ئایینیی لای تاكێك ده‌خوڵقێت و
پاشان ده‌گوازرێته‌وه نێو كۆمه‌ڵ. كاتێ كه ئه‌و بیره ئایینییه
ده‌كه‌وێته نێو كۆمه‌ڵه‌وه، زۆر بنه‌مای سه‌ره‌كی و ئامانجی
بنه‌رِه‌تیی خۆی له ده‌ست ده‌دات. به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵ
و گرووپی تێده‌كه‌وێت و كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و رِاو بۆچوونی وه‌ها
نه‌شیاوی تێده‌كه‌وێت كه سه‌ر له مرۆڤ تێكده‌ده‌ن. ورده ورده
بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌كانی كاڵ ده‌بنه‌وه و بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی كار
ده‌كات. له پێناو پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه، دۆگمایه‌ك دروست
ده‌بێت و ده‌كرێته پیرۆزێك كه لادان لێی به هه‌موو چه‌شنێك
قه‌ده‌غه ده‌كرێت. تقوس و دروشم و سیمبۆڵی وه‌ها سه‌یروسه‌مه‌ره
دروست ده‌بن، مرۆڤ تێیاندا گێژو هورِ ده‌كرێت. سه‌ره‌رِای ئه‌مانه‌یش،
ته‌فسیر و ته‌ئویل و لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر بۆ ده‌قه ئه‌سڵیه‌كه به
گوێره‌ی كات و شوێن ده‌كرێن، كه زۆرجار له خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌دا
ده‌بێت و هه‌ندێك جاریش زیان به مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت. ئایینێك كه له
سه‌ره‌تادا چه‌ند بنه‌مایه‌كی ساده و ئه‌خلاقیی بوو، به تێپه‌رِبوونی
كات و له نێوه‌رِاست و كۆتاییی ته‌مه‌نی مێژووی ئه‌و ئایینه‌دا،
توراسێك داده‌مه‌زرێت، تا بڵێی ئاڵۆز ده‌بێت. جگه له به‌رژه‌وه‌ندیی
كه مرۆڤ ناچار ده‌كات به‌رگریی له ئایینی باو بكات، ترسێكیش لای
مرۆڤه‌كان دروست ده‌بێت بۆ پاراستنی ئه‌و توراسه، ناڵێم ئه‌و ئایینه،
چونكه ئه‌و ئایینه رِه‌ونه‌قی خۆی له ده‌ستداوه. ئه‌و ترسه‌ش،
ترسێكه هه‌ڵگرانی ئه‌و عه‌قیده‌یه خوڵقاندویانه. وه‌ها له خه‌ڵقی
ده‌گه‌یه‌نن، كه لادان یان بۆچوونێكی تری جیا له‌و عه‌قیده باوه،
خودا تورِه ده‌كات و مرۆڤ به‌ره‌و دۆزه‌خ ده‌بات. له‌م مه‌عمه‌یه‌دا
تاك به ته‌واوه‌تیی ون ده‌بێت و كارئه‌كته‌ری رِاسته‌قینه‌ی تێكده‌چێت
و له نێو كۆمه‌ڵدا نامۆ ده‌كرێت. هه‌ركاتێ ئایین گه‌شته ئه‌م دۆخه‌ی
سه‌ره‌وه، ئه‌وا ئیتر ئه‌و كاته‌یه كه ده‌بێت به رِێگر له
به‌رده‌م گۆرِاندا و له ئاست مه‌سه‌له گه‌وره‌كاندا خۆی داده‌خات.
ململانێی نێوان ئیسلام و سێكولاریزم وا له‌م پنته‌دا گیری خواردووه.
ئه‌گه‌ر به‌م چاوه‌وه مێژووی ئیسلام بخوێنیته‌وه، ده‌توانی ئه‌م سێ
قۆناغه جیاكه‌یته‌وه. موحه‌ممه‌د ئه‌و تاكه‌یه كه خۆی ئازاد ده‌كات
و هاوه‌ڵكانیشی ئازاد ده‌كات، نه‌ك له رِێگه‌ی بته‌كانه‌وه كه ئه‌و
سه‌رده‌مه باو بوو، به‌ڵكو خۆی رِاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به خوداوه
ده‌كاته‌وه. له رِێگه‌ی موحه‌ممه‌ده‌وه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب به سه‌ر
جیهانێكی تردا كرانه‌وه و پێشكه‌وتنێكی به‌رچاویان به خۆیانه‌وه دی.
به‌لآم ئه‌مرِۆكه ئیسلام بووه‌ته توراسێكی وه‌ستاو و دینامیكیه‌تی
نه‌ماوه و ترسی موسڵمانه‌كان و پاراستنی به‌رژه‌وندیی كه‌س و گرووپ و
ده‌سه‌لآتی سیاسیی كه‌سانی تر، وه‌های كردووه ببن به رِێگر له
به‌رده‌م گۆرِانی گه‌وره‌دا. هه‌ر لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم كه
بڵێم؛ هه‌روه‌ك له نووسینه‌كانی ترمدا ده‌یڵێم، مخابن له نێو كورددا
مرۆڤی وا هه‌ڵنه‌كه‌وتووه كه بتوانێ خۆی په‌یوه‌ندیی به‌و
هه‌قیقه‌ته‌وه بكات كه چه‌مكی خودا وه‌ك سیمبۆڵێك بۆ ئه‌و
هه‌قیقه‌ته به‌كار ده‌هێنین، تا بتوانێ نه‌ته‌وه‌ی كورد له ژێر باری
گرانی نه‌ته‌وه‌كانی: عه‌ره‌ب و تورك و فارس و ئه‌و توراسه‌ش كه كورد
خۆی خوڵقاندوویه‌تی، ده‌ربهێنێت و چاوی نه‌ته‌وه‌ی كورد به دنیایه‌كی
تری نوێ ئاشنا بكات، تا ئه‌و چاوه ئیدی هه‌ڵبهێنرێت.
رِابه‌ر فاریق: ئه‌ی بوونی ئایین و بوونی مرۆڤ؟
ئازاد قه‌زاز:
پرسیاری یه‌كه‌مت په‌یوه‌ندیی به سایكۆلۆژیاوه هه‌بوو. پرسیاری
دووه‌مت په‌یوه‌ندیی به سۆسیۆلۆژیاوه هه‌بوو. وه‌لآمه‌كانم، وه‌لآمی
سایكۆ-سۆسیۆ بوون. واته ده‌ره‌نجامی ئینته‌رئه‌كسی (كار له یه‌ككردنی
تاكه‌كان) دیارده‌یه‌ك ده‌خوڵقێت، ناوی ده‌نێین ئایین، به‌لآم پرسیاری
سێیه‌مت په‌یوه‌ندیی به فه‌لسه‌فه‌وه هه‌یه، واته قسه‌كردنه
له‌سه‌ر خودی بوون و بوونی مرۆڤ.
ئایین
رِێبازێكه له لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤ، كه مانایه‌كی تایبه‌ت به ژیان
ده‌به‌خشێت. ئه‌م جۆره لێكدانه‌وه‌یه، مرۆڤ له نێو چوارچێوه‌یه‌كی
فراوانتر له‌وه‌ی كه ده‌یبینێت، نیشته‌جێ ده‌كات. ئه‌م جۆره
لێكدانه‌وه‌یه، جگه له‌وه‌ی كه ئارِاسته‌یكی رِۆحی بۆ مرۆڤ
دیاریده‌كات، رِه‌نگ و رِوخسارێكی تایبه‌تیش به ژیانی رِۆژانه‌ی مرۆڤ
ده‌به‌خشێت. ئه‌م رِێبازه فه‌زای تاكێكی دابرِاوی گچكه
ده‌گوازێته‌وه بۆ نێو فه‌زایه‌كی فراوانتری رِێكخراو. كاتێك مرۆڤ خۆی
له نێو فه‌زایه‌كی فراوانتری رِێكخراودا ده‌بینێته‌وه، ئاسووده
ده‌بێت.
لێره‌دا
مه‌به‌ستم له ئایین پێش هه‌موو شتێك ئه‌و دیدگایه‌یه كه دنیای
پێده‌بینیت، مه‌به‌ستم له ئه‌و تقوس و دروشم و سیمبولآنه نییه كه
پاشان بۆی دروست ده‌كرێن. به‌م مانایه؛ ئایین جۆرێكه له رِێبازێكی
رِۆحیگه‌ریی سایكۆلۆژیی، مرۆڤ هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه
دایمه‌زراندووه، بۆ حه‌وانه‌وه‌ی خۆی. رِه‌نگه كه‌سێك بپرسێت: ئه‌ی
خودا له‌م كاره‌دا چ ده‌ستێكی هه‌یه؟ بۆ وه‌لآمی ئه‌م پرسیاره
بگه‌رِێوه بۆ كتێبی (مرۆڤ و ده‌سه‌لآت) كه ساڵی پار، واته 2008
چاپكراوه. هیچ رِێبازێكی تری وه‌ك زانست یان فه‌لسه‌فه ناتوانێ
جێگه‌ی رِێبازی ئایین بگرێته‌وه.
رِابه‌ر فاریق: واته بوونی ئاین و بوونی مرۆڤ به‌ندن به
یه‌كترییه‌وه، بۆچی؟
ئازاد قه‌زاز:
چونكه زانست خۆی به به بوونێكی پارچه‌پارچه‌كراوه‌وه خه‌ریك
ده‌كات، فه‌لسه‌فه له بوونێكی هه‌مه‌كی ده‌كۆڵێته‌وه، به‌لآم
ئایین به ناوی ئه‌و بوونه هه‌مه‌كیه‌وه ده‌دوێت. مرۆڤیش هه‌میشه
پێویستیی به‌وه هه‌یه خۆی له‌و بوونه هه‌مه‌كییه‌دا ببینێته‌وه.
خودا به زمانی كوردی ناوێكه یان سیمبۆڵكه بۆ ئه‌و بوونه
هه‌مه‌كییه و هه‌رگیز ئه‌و سیمبۆڵه به‌و هه‌قیقه‌ته یه‌كسان نابێت.
ئه‌وه‌ی كه گرنگه لێره‌دا بگوترێت، ئه‌وه‌یه كه مانا و چه‌مكی
ئایین و مانا و چه‌مكی ئه‌و هه‌قیقه‌ته له‌گه‌ڵ رِۆژگاردا ده‌گۆرِێت و
فراوانتر ده‌بێت و مانای تری لێ وه‌رده‌گیردرێت.
ئه‌مانه
زۆر به كورتی وه‌لآمی پرساره‌كانتن، ببووره كه كاتی ئه‌وه‌مان نییه
به درێژی شییان بكه‌ینه‌وه، هیوادارم سوودی بۆتان هه‌بێت.