![]() |
|
01/04/09 مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی له وشه‌دا درێژتر ده‌بێته‌وه: رِابه‌ر فاریق |
|
ده‌ق و لێكۆڵینه‌وه مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی له وشه‌دا درێژتر ده‌بێته‌وه ئێست له‌سه‌ر شیعری (ئێره باشترین جێگایه بۆ چاوه‌رِوانی)ی حه‌مه عه‌باس
رِابه‌ر فاریق
ده‌ق: ئێره باشترین جێگایه بۆ چاوه‌رِوانی ده‌قیقه‌یه‌ك زۆره چركه‌یه‌كیش هه‌روه‌ها ژیان هه‌مووی چه‌ند ده‌قیقه و چركه‌یه‌كه مردنیش هه‌روه‌ها.
ژیان چركه‌یه‌كه ته‌نها یه‌ك چركه له مردنا تێده‌گه‌ین و ده‌زانین (هیچ)ه مردنیش چركه یان به‌شێك له چركه‌یه‌كه ته‌نها له ژیاندا ته‌ختێكی شاهانه‌ی بۆ چۆڵ ده‌كه‌ین.
ژیان به مردنیشه‌وه چركه‌یه‌كه رِه‌نگه كه‌متریش به‌لاَم من لێره سه‌عاتێك ده‌به‌خشم به چاوه‌رِوانی سه‌عاتێك و پتریش. (*)
سه‌ره‌تا: ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه، واته: شیعری (ئێره باشترین جێگایه بۆ چاوه‌رِوانی)ی (حه‌مه عه‌باس)، شیعرێكه چرِ، هاوكاتیش قووڵ رِۆچووه‌ته نێو چه‌مكێكی هه‌ستیار و گه‌وره‌ی وه‌كوو (بوون) و له‌وێوه‌یش بۆ نێو دوالیزمی (ژیان) و (مردن)، دواتریش درێژ ده‌بێته‌وه و له وێستگه‌یه‌كدا ئێستێكی ساده‌ی وردی فره‌واته بۆ (چاوه‌رِوانیی خود) ده‌كا، دیاره ئه‌م ده‌قه، وه‌كوو قه‌باره، گه‌له‌ك كورته و له (18) دێردا به‌رجه‌سته بووه و به شێوازێكی جوداواز له‌م چه‌مكانه‌ی سه‌روه‌ی رِوانیوه. ئه‌م شیعره له (3) كۆپله پێكهاتووه و رِیتم و واته و وێنه‌ی هه‌مووشیان له‌نێو ئه‌م چه‌مكانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه كه ئاماژه‌م بۆ كردوون. به‌گشتی، پێكهاته‌ی شیعره‌كه له میانه‌ی تێگه‌لاَوكردنی شیعرییه‌ت و قسه‌دا خۆی نمایش كردووه و چیدی بۆشاییه‌كی نه‌هێشتووه‌ته‌وه تا ئه‌م دووانه وه‌ها ته‌ماشا بكرێن كه‌وا له‌گه‌ڵ یه‌كترییدا كۆك نیین، ئه‌م جۆره‌ی شێوازی ده‌قنووسین پێشتر كاری له‌نێودا كردراوه، به‌لاَم به نیسبه‌ت شیعری كوردیی تازه‌یه، پێشتر (پۆل ئێلوار) و (فروغی فه‌روخزاد) و (گرێك رِه‌ین) و (عومه‌ر خه‌ییام) و (تی. ئێس. ئیلیۆت) و (تامس هاردی) و (ستیك داگه‌رمان) و (ئێدوین ئارلینگتۆن رِابینسۆن) و گه‌له‌ك كه‌سی دیكه‌یش شیعره‌كانیان به‌م ئاراسته تێكچرِژاوه‌دا بردوون و به شێوه‌یه‌كی ئێستێتیكیی (قسه)یان گواستووه‌ته‌وه بۆ نێو ده‌ق و له‌گه‌ڵ زمانی شیعرییه‌تدا ئاوێته‌یان كردوون، هاوكات له‌نێو كورددا (سورخی) و (رِامیار مه‌حموود) و (ته‌ڵعه‌ت تاهیر) و (به‌شدار سامی) و (لازۆ) و (ئارێز سمكۆ حوسێن) و (رِێبین ئه‌حمه‌د خدر)یش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك چوونه‌ته نێو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی نووسینه‌وه، به‌لاَم ئه‌مه‌ی لێره‌دا ئێمه مه‌به‌ستمانه، ته‌نها ئه‌م ده‌قه‌یه و هیچی دی. ئێمه له‌م لێكۆڵینه‌وه رِه‌خنه‌ییه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئێست له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه بوندیادییه‌كانی میانه‌ی (شیعر) و (قسه) بكه‌ین به كۆمه‌كی شیعری (ئێره باشترین جێگایه بۆ چاوه‌رِوانی)ی (حه‌مه عه‌باس). پێكهاته‌ی ئه‌م ده‌قه له ئه‌نجامی ته‌ماشاكانی شاعیر، له پێكهاته‌ی ساكاریی (ژیان) و (مردن)ه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌بینین ئه‌م دووانه به قووڵیی (واته)ی خۆیان وه‌رگرتووه و شوێنپێیان وه‌كوو جواننووسییه‌ك له‌وێدا به‌جێ هێشتووه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان بۆ كردووه، تا ئێسته له‌نێو رِه‌خنه كوردییه‌كاندا سێبه‌ریشی دیار نییه، هاوكات وه‌كوو وه‌رگێرِانیش كتێبێك وه‌رنه‌گێرِدراوه كه‌وا له بنچینه و رِه‌هه‌نده‌كان و خاڵه هاوبه‌شه‌كانیان بكۆڵێته‌وه تا بتوانیین به‌هۆیه‌وه قووڵ بچینه نێو ئه‌م نووسینه‌وه و رِۆشنایییه‌كی جوداوازتر ببه‌خشین به‌م ده‌قه، به‌لاَم ئێسته‌یش ده‌توانین رِوانینه‌كانمان چرِ بكه‌ینه‌وه و به پووختی كۆببنه‌وه و ده‌رببرِدرێن، دواتریش ته‌ئویلی خۆمان ده‌رببرِین و شتێكی تازه بنووسین له‌باره‌ی ده‌قێك كه ده‌مانگه‌رِێنێته‌وه كن (عومه‌ر خه‌ییام)، به‌لاَم جوداواز و تازه‌گه‌ر.
نێوه‌رِۆك: ده‌قیقه‌یه‌ك زۆره چركه‌یه‌كیش هه‌روه‌ها ژیان هه‌مووی چه‌ند ده‌قیقه و چركه‌یه‌كه مردنیش هه‌روه‌ها.
له كۆپله‌ی یه‌كه‌می ئه‌م ده‌قه‌دا -ئه‌م كۆپله‌یه‌ی سه‌ره‌وه-دا به‌ره‌و رِووی جۆرێكی جوداواز له رِوانین ده‌بینه‌وه، به‌وه‌ی شاعیر هه‌ردوو چه‌مكی (ژیان) و (مردن) وه‌كوو دووانه‌یه‌ك و (چوونیه‌ك- ناجیاواز) ته‌ماشا ده‌كا، لێره‌وه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه پێمان بڵێ كاتێكی زیاد داندراوه بۆ ژیانكردن، هاوكاتیش بۆ مه‌رگ. ئه‌مه‌یش ده‌مانگه‌رِێنێته‌وه كن رِوانینێكی جوانی (هایدگه‌ر) كاتێك له‌باره‌ی مه‌رگ نووسیویه‌تی: (وه‌ك چۆن دایك كۆرپه له سكی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ، ئێمه‌یش مه‌رگی خۆمان له‌نێو خۆماندا هه‌ڵگرتووه.) كه‌واته: نكۆڵی‌كردن له سرِانه‌وه -له‌رِووی جه‌سته‌یی-، نكۆڵیكردنه له مانه‌وه وه‌ك كه‌سایه‌تیی نێو ده‌ق. ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له ده‌ق و رِسته‌گه‌لی نووسه‌ره مه‌زنه‌كان بده‌ین، ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه ژیان چ مانایه‌كی نییه كه شایسته‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان و ته‌ئویلكردنی جۆربه‌جۆر هه‌بێ، به‌لاَم ئه‌گه‌ر بێتوو له‌باره‌ی مه‌رگ سه‌رنجی گه‌وره بیرمه‌ند و ئه‌دیبه‌كان بده‌ین، -به گشتیی- رِوانینیان وه‌هایه كه ده‌شێ له‌نێو مه‌رگدا شتێكی وه‌همیی -وه‌كوو ئه‌ده‌ب- هه‌بێ كه كۆمه‌كی مرۆظ بكا بۆ به‌رده‌وامیدان به رِه‌وتێكی وێكنه‌چوو له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی، لێره‌وه ئه‌گه‌رێكی دییش قووت ده‌بێته‌وه: ئه‌دی بۆچی له‌م كۆپله‌یه‌دا هه‌مان رِوانین به‌رجه‌سته نییه؟ ئه‌مه پرسیارێكه ده‌روازه‌یه‌كمان بۆ ده‌كاته‌وه تا زێتر بچینه نێو قوولاَییه‌كانی ئه‌م دێرانه، واته: شاعیر، وه‌كوو خودئاگایه‌ك ناتوانێ ئه‌وانی دی بنووسێته‌وه، چونكه ئه‌ده‌ب پێش هه‌ر وه‌زیفه و كار دانه پاڵێك، ناخی نووسه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كۆڵێ و وه‌های لێده‌كا بیر له نه‌نووسینه‌وه‌ی ئه‌وانیدی بكاته‌وه، چونكه كاتێك ئه‌مه‌ی كرد، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ جۆرێك له حیكایه‌ت ئامێز بۆ فه‌زای ده‌قه‌كه ده‌كاته‌وه، ئێمه‌یش ئه‌وه باش ده‌زانین كه ئه‌ده‌ب ناكۆك نییه له‌گه‌ڵ حیكایه‌ت، به‌لاَم له‌باتی وی كار ناكا، ئاخر شیعر ته‌عبیر كردنه له كۆی خه‌مه بچووكه‌كان و ئازاره په‌نهان و ده‌روونیی و ئه‌قڵییه‌كانی خودی شاعیر، وه‌ختێك ئه‌مه‌یش ده‌نووسین، له ساده‌ترین رِسته‌دا مانیفێستی ئه‌م خاڵه ده‌كه‌ین: ده‌شێ ئه‌وانیدی بێن بۆ نێو پێكهاته‌ی ده‌ق، به‌لاَم له پێشیاندا (من)ێك هه‌یه كه توانسته‌كه‌ی ته‌رخانه بۆ خۆی، تا ده‌وروبه‌ر. ئه‌وه‌ی پێویسته جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێ، له رِوانگه‌ی ئه‌م شاعیره‌وه، ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه پراكتیزه كردراوه به شێوازێكی ئاكتیظ كه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئافراندنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌لاَم ئاخۆ ئه‌م پاڵنه‌ره چییه كه وه‌های كردووه ئه‌م شیعره ژیان و مردن له بۆته‌ی هاوچه‌شنی و هیچ نه‌به‌خشین و كورتیی و ساده‌ییدا بتوێنێته‌وه؟ رِاظه‌ی ئێمه بۆ ئه‌م پرسیاره وه‌هایه: ده‌شێ له‌مه‌وه هاتبێ كه بیركردنه‌وه له دوو چه‌مكی وه‌ها هه‌ستیار و فره‌رِه‌هه‌ند شاعیری گه‌یاندبێ به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه مادام له‌دوای ژیاندا ژیانێكی دیكه نییه قه‌ره‌بووی كێشه كوشنده‌كانی ئه‌م ژیانه رِابردووه‌ی ئێسته بكاته‌وه و سكێچی شادمانیی بنوێنێ، هاوكاتیش كاتێك كه مرۆ ده‌مرێ و له‌وێدا -نه‌بوون- په‌نایه‌ك نییه بۆ حه‌سانه‌وه‌ی ماندووبوونه هه‌میشه‌ییه رِۆحیی و فیزیكییه‌كان، ئیدی ئه‌مانه هیچ نیین، جگه له ده‌قیقه‌یه‌ك و رِه‌نگه كه‌متریش. له كۆپله‌ی دووه‌مدا، رِوانینێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك یه‌كانگیر له‌گه‌ڵ رِوانینه‌كه‌ی (هایدگه‌ر) خۆی نمایش ده‌كا، به‌و واته‌یه‌یه‌ی كه (به‌رجه‌سته‌كردنی مردن له‌نیو بووندا) خستنه‌رِووی دیوه نائومێده‌كه‌ی به‌رده‌وامبوونه له ژیان، له‌م رِوانگه‌یه‌وه شیعره‌كه ئافراندنی خۆی تێكه‌ڵ به ته‌جره‌به‌ی ئه‌وانیدی كردووه وه‌ك سازاندنی شوێنێكی هه‌میشه‌یی بۆ مردن:
ژیان چركه‌یه‌كه ته‌نها یه‌ك چركه له مردنا تێده‌گه‌ین و ده‌زانین (هیچ)ه مردنیش چركه یان به‌شێك له چركه‌یه‌كه ته‌نها له ژیاندا ته‌ختێكی شاهانه‌ی بۆ چۆڵ ده‌كه‌ین.
دوو دێری سه‌ره‌تای ئه‌م كۆپله‌یه، ته‌نها ئاماژه به هاتنی دێرگه‌لێكی دیكه ده‌كه‌ن، ئه‌گینا ئێمه پێشتر گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و وێستگه‌یه‌ی كه واته‌كانی كۆپله‌كه‌ی دی له كوێدا خۆیان شاردووه‌ته‌وه به ته‌واویی، به‌لاَم لێره‌دا ئیزافه‌یه‌ك هه‌یه كه وه‌ها رِاظه‌ی ده‌كه‌ین: كاتێك كه ژیان وه‌كوو (هیچ) ده‌بینین له رِوانگه‌ی ئه‌م شاعیره، سه‌ره‌تا پارادۆكسێكی نائاسایی له‌گه‌ڵ كۆپله‌ی پێشوودا ئاراسته و مه‌فهومی ده‌قه‌كه ده‌گۆرِێ و به‌ره‌و لایه‌كی دی ده‌یانبا، چونكه پێشتر ته‌نها ئه‌و مانیفێسته‌مان بینی كه پێكهاته‌ی بوون و نه‌بوون له‌كن شاعیر خاڵیین له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه مومكین و نامومكینن، یان به ده‌قیقه و چركه ده‌پێورێن و هه‌ردووكیان به‌ره‌و بۆشایی رِامانده‌پێچن و فه‌زایه‌ك ده‌خولقێنن بۆ فه‌راهه‌مبوونی پانتایییه‌كی دی بۆ ئه‌وه‌ی وشه تێیدا هه‌ست به بوونی خۆی بكا. ئه‌گه‌ر بێتوو باس له كاریگه‌ریی زمانی شیعر و زمانی ئاسایی (قسه) بكه‌ین به‌سه‌ر یه‌كتریی له‌نێو ئه‌م دوو دێره‌دا، ده‌شێ وه‌ها بنووسین كه سێبه‌ری هیچ كامێكیان وه‌كوو تارمایی نه‌كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌وی دی، به‌ڵكوو له‌وێوه رِژاونه‌ته نێو یه‌كتریی كه ئێستێتیكای شیعر قووڵتر بكه‌نه‌وه و له خزمه‌تی هه‌ڵكشانی ئیبداعدا بن، نه‌ك شتی دی. له دێره‌كانی دواتردا مه‌به‌ستی شاعیر ئه‌مه‌یه: تا ئه‌و كاته‌ی به‌رده‌وامبوون هه‌یه، هه‌ڵه و ناشیرینیی و ... هه‌ن، بوونی ئه‌مانه هه‌ندێك جار به هۆی درێژبوونه‌وه‌ی ژیانكردنی مرۆظه‌كانه‌وه‌ن، هه‌ندێك جاری دیكه‌یش په‌یوه‌ستن به هه‌ل نه‌رِه‌خساندن، به‌لاَم مادام جولاَنه‌وه و به‌رده‌وامیدان به جوانیی و كاره ویستییه‌كان هه‌یه، ئه‌مانیش دیوه‌كانی خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. ده‌شێ هه‌ر كه‌سێك ته‌ماشای ئه‌م كۆپله‌یه بكا، د‌رك به‌وه بكا كه قسه و شیعر به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی جواننووسیی تێكهه‌ڵكێش كراون، به‌لاَم تا ئه‌ندازه‌یه‌ك لێره‌دا زمانی ئاسایی زاڵه به‌سه‌ر شیعریی، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رِێته‌وه كه شاعیر هه‌وڵیداوه له ساده‌ییدا درێژبوونه‌وه به ئاراسته‌ی ده‌ق ببه‌خشێ و دواتر ئه‌نجامه‌كه وه‌ها نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵكوو ساده‌بوون و ساكاریی تێكچرِژاون و ئیدی شیعر وه‌كوو یه‌كه‌م پایه له‌بیر كردراوه بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داهێناندا، هه‌ر وه‌ختێكیش ئه‌م پرۆسه‌یه وه‌ها كه‌وته‌وه، مه‌فهوومی سه‌ره‌كیی شیعر بالاَنسی تێكده‌چێ و شتێكی دی وه‌ك شوێنگره‌وه ئاماده‌گیی ده‌بێ، ئه‌م شوێنگره‌وه‌یه له‌م ده‌قه‌دا كه ئێمه مه‌به‌ستمانه: ساكارییه. ئه‌م كۆپله‌یه، له‌میانه‌ی (ژیان و مردن) و (چركه و به‌شێك له چركه‌یه‌ك) چه‌قی به‌ستووه، به‌و مانایه‌ی كه نازانێ ناسنامه‌كه‌ی له‌كن مام له‌م چوار رِه‌هه‌ندانه‌یه، ئه‌مه‌یش زیان به شیعرییه‌ت و مانا و ده‌لاله‌ته قووڵه‌كان ناگه‌یه‌نێ و ته‌عبیر له بێهێزیی زمانی ده‌ربرِینی ئه‌م شاعیره ناكا، به‌ڵكوو ده‌رهاویشته‌ی ئه‌مه‌یه كه (گومان) وه‌كوو چه‌مكێكی پێویست و ئاماده، ناهێڵێ پێكهاته‌ی مه‌فهوومی شاعیر و به‌شێك له ده‌رئه‌نجامه چه‌شه‌ییه‌كه‌ی ده‌ق، به سانایی مانیفێستی رِوونبوونه‌وه بكه‌ن، ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌ر بونیادێك بۆ مانه‌وه‌ی شیعر به‌ره‌ورِووی چێژ و رِامانمان ده‌كه‌نه‌وه و ده‌بن به كۆمه‌ككاری ده‌ق بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ئێستی پتر بكا و پتر قووڵ ببێته‌وه بۆ نێو رِه‌هه‌نده نادیاره‌كان و به‌شیعربوونی قسه. له دوا كۆپله‌دا كه شاعیر كۆی واته‌كانی خۆی تێدا چرِ كردووه‌ته‌وه، ده‌كه‌وینه به‌رانبه‌ر رِوئیا و دنیابینییه‌كی جوداوازتر، واته: چه‌مكی (چاوه‌رِوانی) وه‌ك ئه‌وه‌ی هێزێكی ئه‌فسوونكێشی له‌گه‌ڵدا بێ، رِوانینه‌كانمان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و به‌ره‌و رِووی شتێكی دیمان ده‌كاته‌وه:
ژیان به مردنیشه‌وه، چركه‌یه‌كه رِه‌نگه كه‌متریش به‌لاَم من لێره، سه‌عاتێك ده‌به‌خشم به چاوه‌رِوانی سه‌عاتێك و پتریش.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی له‌م كۆپله‌یه‌ی دواییدا ده‌گه‌ین به كرۆكی ئامانجه‌كانی شیعره‌كه، هاوكات په‌ی به‌مه‌یش ده‌به‌ین كه شیعر و قسه له‌وێدا هێنده به ئێستێتیكیی و قووڵیی تێكچرِژاون كه ئه‌سته‌مه به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌م لایه‌نه بگه‌ین به وێستگه‌یه‌ك تا به‌یه‌كجاریی بوه‌ستین. ئه‌گه‌ر هه‌ندێك به وردیی ته‌ماشای ئه‌م كۆپله‌یه بكه‌ین ده‌رده‌كه‌وێ كه وشه‌كان تا ئه‌وپه‌رِی ساده‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆپله‌یه وه‌كوو قسه‌یش بگوترێ كێشه‌مان بۆ دروست ناكا، ده‌شێ ئه‌مه به یه‌كه‌م بونیادی مه‌زنیی ئه‌م ده‌قه‌یش وه‌ربگرین، چونكه له میانه‌ی ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا (شیعر-قسه) بینای هیچ ئاڵۆزییه‌ك رِۆنه‌نراوه و به‌م هۆیه‌شه‌وه حه‌قیقه‌تی تێكه‌ڵبوونه‌كه خۆی مانیفێست ده‌كا. لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (ئاگاییی نامۆبوونی خود) به سانایی ده‌رده‌كه‌وێ، به واته‌ی ئه‌وه‌ی كه شاعیر (ژیان و مردن به چركه‌یه‌ك یان كه‌متریش) ده‌شوبهێنێ له ئه‌زموونیدا، به‌لاَم ئه‌زموونه‌كه‌ی ته‌نها له‌نێو ژیاندا كردووه و هێشتا نه‌چووه‌ته نێو (بازنه‌ی مردن)ه‌وه-بازنه ته‌عبیر له كۆتاییی شته‌كان ناكا له‌م شوێنه‌دا، به‌ڵكوو وشه‌یه‌كی دیكه، یان ئه‌ڵته‌رناتیظێك نه‌بوو، بۆیه هه‌ڵمانبژاردووه-، هاوكات ناكرێ به‌سه‌ر ئه‌مه‌یش باز بده‌ین كه ئه‌و (مردن)ه‌ی له‌وێدا باس كراوه، رِه‌نگه په‌یوه‌ست بێ به حاڵه‌تێك كه خود له‌نێویدا تا ئه‌وپه‌رِی هه‌ست به نیگه‌رانیی ده‌كا و چیدی ده‌رگه‌یه‌كی نه‌ماوه تا لێیه‌وه ته‌ماشای شتێك بكا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قڵی فه‌نتازیی خۆیدا، له پاڵ ئه‌مه‌یشدا، ده‌بێ ئاماژه به‌مه بكه‌ین كه ئه‌وه فه‌نتازیا و خه‌یاڵی داهێنان لێ كه‌وتنه‌وانه‌ی شاعیرانن كه به جۆرێك له جۆره‌كان و له هه‌ندێك حاڵه‌ت و ده‌قدا سكێچی مه‌رگمان وه‌ها بۆ ده‌كێشن، وه‌ك بڵێی كه مومكین كه‌وتبێتنه‌وه و ده‌مێك بێ ئه‌زموونیان كردبێ. كاتێك ده‌كه‌وینه به‌رانبه‌ر ئه‌م سێ دێره:
به‌لاَم من لێره، سه‌عاتێك ده‌به‌خشم به چاوه‌رِوانی سه‌عاتێك و پتریش.
ده‌بێ ئێستكردنمان جوداوازتر و وردتر بكه‌ینه‌وه، چونكه ده‌سته‌واژه‌ی (لێره)، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ته‌مهه‌ڵگره و واته‌كه‌ی دیار نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ئێره) ئه‌و (شوێن)ه نییه كه هیچ كه‌سمان چووبێتینه نێوییه‌وه، بۆیه كۆی رِاظه‌كان رِێرِه‌وی خۆیان ده‌گۆرِن، چونكه هیچ شتێك نییه تا كۆمه‌كمان بكا بۆ گه‌یشتن به (ئێره)ی ئاماژه بۆ كردراو، به‌لاَم ئه‌مه‌یش واته‌ی ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه بێده‌نگییه‌ك درێژبكه‌ینه‌وه، كه‌واته: ده‌شێ (ئێره)ی ئاماده‌بووی ئه‌و كۆپله‌یه سیمبۆڵ بێ بۆ (ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن)، چونكه رِه‌نگه له‌وێدا بوون تا ئاستی (چركه) كورت بكرێته‌وه و به‌شێك له‌چاوه‌رِوانیی شتێكی نێو ئه‌م (ده‌ره‌وه‌بوون)ه‌یش هه‌ڵگری سه‌عاتێك بێ له پێكهاته‌ی ده‌قیقه‌یه‌كدا، ئه‌مه‌یش گه‌مه‌ی فه‌نتازیایه كه واته‌ی ئاواهیی هه‌ڵده‌گرێ. ئه‌و (چاوه‌رِوانی)یه‌ی له‌نێو ئه‌م كۆپله‌یه‌دا ئاماده‌گیی هه‌یه، ئه‌ویش (شوێن)ه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته نێو نادیارییه‌وه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌یش ده‌بێ به هۆی ئه‌وه‌ی كه خوێنه‌ر پتر خۆی ماندوو بكا، وه‌ك كۆپله‌كانی پێشوو، چونكه ئیدی هه‌م ده‌رئه‌نجام و كۆده‌كانی ده‌قه‌كه كه‌شف ده‌كا، هه‌م گه‌یشتووه‌ته ئه‌و جێگه‌یه‌یش كه گه‌ره‌كی به لێوردبوونه‌وه‌ی دی و قووڵبوونه‌وه‌ی دی هه‌یه. له دواجاردا، پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه له‌م كۆپله‌یه‌دا خۆی نمایان ده‌كا به ته‌واویی، به‌وه‌ی، هه‌م سه‌باره‌ت به (ژیان) و هه‌م سه‌باره‌ت به (مردن)یش وێنه‌یه‌ك به‌رجه‌سته بووه و (چاوه‌رِوانی)یشی كه‌وتووه‌ته سه‌ر، به‌ده‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌یش، چاوه‌رِوانی-به‌شێوازێكی دی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردراوه، واته: ناكرێ هه‌موو چاوه‌رِوانییه‌ك له (نه‌هاتنی كه‌سێك-شتێك)دا كورت بكردرێته‌وه و سه‌ڵت خۆی نمایش بكا، چونكه هه‌ندێك جار تا ئه‌و شوێنه‌یش درێژببێته‌وه كه له‌كنمان مه‌حاڵه، وه‌ك ده‌شبینین له‌م شیعره‌دا، شاعیر خۆی چاوه‌رِوانیی هه‌ڵبژاردووه، نه‌ك ناچاربوون، ئه‌م ناچارییه‌یش چ ده‌رهاویشه‌ی كه‌سی/ زه‌مه‌نێكی نادیار، یان ویست له پشت بێ.
ئه‌نجام: ئێمه له‌م لێكۆڵینه‌وه رِه‌خنه‌ییه‌دا، جودا له‌وه‌ی تیشكمان خستووه‌ته سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی پێكهاته‌ی شیعره‌كه، هاوكات رِوانینی خۆمان به ته‌واوی له میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی (شیعر-قسه) له‌م ده‌قه‌دا مانیفێست كردوون، ده‌شێ له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا پچرِان یان بۆشایییه‌ك ئاماده‌گیی هه‌بێ، ئه‌مه‌یش رِه‌نگه بۆ ئه‌و هۆكاره بگه‌رِێته‌وه كه تا ئێسته نه‌ك تیۆرییه‌كی تایبه‌ت به خۆمان نییه له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و، هاوكاتیش لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بونیاده‌كانی به‌یه‌كترگه‌یشتنی (شیعر-قسه)، به‌ڵكوو له لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش گه‌له‌ك لاوازین. كه‌واته: ئێمه، ئه‌وه‌ی له توانستی ئێمه‌دا هه‌بووه، له‌م باره‌یه‌وه نووسیومانه.
(*) ئه‌م ده‌قه‌ی (حه‌مه عه‌باس)، واته: (ئێره باشترین جێگایه بۆ چاوه‌رِوانی) له كتێبی كۆشیعری (جانتایه‌ك پرِ له به‌تاڵی)ی وه‌رگیردراوه، له وه‌شێنراوه‌كانی (بزاظی رِۆشنبیرانی نوێخواز)، زنجیره‌ی (39)، ل 59-60، ساڵی 2005.
|
|
2008 - 7 - 15 / AM 11:30 |
Copyright (2008) Roshenbiry.com