بۆ خوێندنه‌وه‌ی پێشه‌کی و به‌شی یه‌که‌می ئه‌م بابه‌ته ئه‌وانه‌ی
خواره‌وه کلیک بکه
حه‌لاج و
ئیڕاده‌ی به‌ڕه‌ڵایی
حه‌لاج
:
ژیان و رۆشه‌نبیری
خوێندنه‌وه‌ى حه‌لاج
هۆشه‌نگ
شێخ محه‌مه‌د
حه‌لاج وه‌ك سۆفى و وه‌ك نووسه‌ر
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ حه‌لاج بخوێنينه‌وه، ئه‌وه سه‌ره‌تا ده‌بێت دوو
وێنه‌ى حه‌لاج لێك جياكه‌ينه‌وه، يه‌كه‌ميان حه‌لاجى سۆفييه و
دووه‌ميشيان حه‌لاجى شاعير و نووسه‌ره.
له وێنه‌ى يه‌كه‌مدا، سۆفيبوونى حه‌لاج ده‌بێته هه‌بوون و
نووسه‌رييه‌كه‌ى ده‌بێته ماهييه‌ت، له دووه‌ميشياندا به
پێچه‌وانه‌وه، نووسه‌رييه‌كه‌ى ده‌بێته هه‌بوون و ماهييه‌ته‌كه‌ى
سۆفى.
له هه‌ردوو وێنه‌كه‌شدا، ئێمه پێويستيمان به هه‌بوون و
ماهييه‌تى هه‌يه، واته هه‌م به‌رهه‌مه‌كانى و هه‌م سۆفى بوونى و
ژيان و مردنى.
ره‌نگيشه ئێمه نه‌توانين هه‌بوونى حه‌لاج و به‌رهه‌مه‌كانى لێك
جيا بكه‌ينه‌وه، چونكه حه‌لاج و سۆفيبوون و نووسين و هزر و
هه‌بوونى خۆى وه‌ها ئاوێته‌ى يه‌ك ده‌بن كه ده‌رفه‌تێك
نامێنێته‌وه بۆ ئێمه بۆ ئه‌وه‌ى ژيان و هه‌بوون و مردن و
نووسينه‌كانى لێك جيابكه‌ينه‌وه.
دياره ئه‌و پرسياره (نووسينه‌كانى هه‌ر نووسه‌رێك يان
فه‌يله‌سوفێك سه‌رچاوه‌كه‌ى چه‌ند هه‌بوونى نووسه‌ر يان
فه‌يله‌سوفه و چه‌نديش سه‌رچاوه‌كه‌ى بيركردنه‌وه‌ى نووسه‌ر يان
فه‌يله‌سوفه؟) بۆ زۆرێك له فه‌يله‌سوفان و نووسه‌ران دابمه‌زرێت،
دياريشه ئه‌م پرسياره زۆر جار پێشبه‌ركراوه و ره‌نگيشه له
وه‌ڵامدانه‌وه‌دا بگه‌ينه ئه‌وه‌ى ببينين هه‌ندێ نووسه‌ر و
فه‌يله‌سوف به‌رهه‌مه‌كانييان په‌يوه‌ندييه‌كى ئه‌وتۆى به
هه‌بوونى ئه‌وانه‌وه نه‌بووبێت و زياتر به‌رى بيركردنه‌وه‌يان
بووبێت.
به‌ڵام بۆ حه‌لاج ئه‌و پرسياره دانامه‌زرێت، چونكه حه‌لاج
هه‌بوونى خۆى ئاوێته‌ى سۆفيگه‌رى ده‌كات و نه‌وه‌ك ته‌نيا به
بيركردنه‌وه ده‌بێته سۆفى يان وه‌ك كه‌سێك له ده‌ره‌وه‌ى سۆفى
بووندا بير له سۆفيگه‌ريى بكاته‌وه. ئه‌و كه ده‌بێته سۆفى بير
له سۆفى بوون ناكاته‌وه، به‌ڵكو سۆفييانه بير ده‌كاته‌وه، به
پێچه‌وانه‌ى ئه‌و فه‌يله‌سوفانه‌ى بير له فه‌لسه‌فه
ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام فه‌يله‌سوفانه بير ناكه‌نه‌وه، يان ئه‌و
ئه‌ديبانه‌ى بير له ئه‌ده‌ب ده‌كه‌نه‌وه ، به‌ڵام ئه‌ديبانه بير
ناكه‌نه‌وه.
دياره جياوازييه‌كى گه‌وره له نێوان ئه‌و دوو جۆره ئه‌ديب و
فه‌يله‌سوفانه هه‌يه كه به دوو شێوه و ناوه‌رِۆكى جياواز
ته‌ماشاى هه‌بوون و بيركردنه‌وه و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و ته‌واوى
ژيان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها كه باسيش له راستى و درۆى نووسه‌ران و فه‌يله‌سوفان
ده‌كرێت و ئه‌و پرسياره دێته گۆرِێ كه (ئايا پێويسته نووسه‌ر
يان فه‌يله‌سوف پێگيرى ئه‌و بيرانه‌ى بكات كه له‌به‌رهه‌مه‌كانيدا
باسيان ده‌كات؟) دياريشه ديسان حه‌لاج به‌سه‌ر ئه‌م پرسياره‌دا
باز ده‌دات و نووسين و فه‌لسه‌فه‌كه‌ى وه‌ها ئاوێته‌ى هه‌بوونى
ده‌بن تا فه‌ناى ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و خۆى به‌رهه‌مه‌كانى ده‌كاته
رێگه‌يه‌ك بۆ فه‌نابوون و له ناوچوونى فيزيكى خۆى.
له‌لايه‌كى ديكه‌شه‌وه كه باس دێته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئايا
نووسين ئامانجه يان كه‌ره‌سته؟ ئامانج بێت به‌وه‌ى نووسه‌ر له
ده‌ره‌وه‌ى نووسين شتێك نه‌ڵێت و نووسين له پێناو نووسين بێت.
كه‌ره‌سته‌ش به‌و مانايه‌ى نووسين ئامانجێكى سياسى يان
كۆمه‌ڵايه‌تى يان رۆشه‌نبيرى يان فه‌رهه‌نگى يان زمانه‌وانى يان
ئه‌خلاقى يان په‌يامێكى مرۆڤايه‌تى پێ بێت؟
ديسان ره‌نگه حه‌لاج به‌سه‌ر ئه‌م پرسياره‌شدا بفرِێت و ئێمه
نه‌توانين به‌و پێوه‌ره بيخوێنينه‌وه.
دواى ئه‌وه‌ش ئايا ره‌وايه ئێمه نووسينه‌كانى حه‌لاج به
(گه‌مه‌يه‌كى) ئه‌ده‌بى يان فه‌لسه‌فى يان روحى يان زمانه‌وانى يان
ئه‌خلاقى هتد.. تێبگه‌ين و بيخوێنينه‌وه؟ ره‌نگه حه‌لاج به‌سه‌ر
ئه‌م (گه‌مه‌يه‌ش)دا باز بدات و نه‌توانين له‌و فۆرِمه‌شدا به‌ندى
بكه‌ين.
ئيدى ئێمه چۆن حه‌لاج بخوێنينه‌وه؟ به‌وه‌نده وازبێنين كه
نووسينه‌كانى وه‌ك هاوارى روحى حه‌لاج تێبگه‌ين و راڤه‌ى عيشقى
خوداييانه و خۆشه‌ويستييه بێ وێنه‌كه‌ى بكه‌ين؟ ته‌نيا به‌وه
وازبێنين كه حه‌لاج شه‌هيدى خۆشه‌ويستى خودايه و ته‌نيا له‌و
فۆرِمه‌دا به‌ندى بكه‌ين؟
يان هه‌تا ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ى حه‌لاج له ته‌قينه‌وه‌ى زمانى
سۆفيگه‌رييدا وه‌رگرين و به كاشيفى زمانێكى دا بنيێن كه تا پێش
ئه‌و ئاشكرا نه‌كرابوو؟
ره‌نگه ئێمه لێره‌دا له به‌رامبه‌ر هه‌ندێ هه‌قيقه‌تى رێژه‌يى
بوه‌ستين و بڵێين ده‌كرێت له‌و گۆشه نيگايه‌وه ته‌ماشاى بكرێت
وه‌ك چۆن كراويشه. هه‌روه‌ها له ته‌وه‌ره‌كان و پرسياره‌كانى
ديكه‌شدا كراوه و ده‌كرێت حه‌لاج بگيرێت و به‌رهه‌مه‌كانيشى له
ناو ميتۆدێكى ره‌خنه‌ييدا به‌ند بكرێن وه‌ك چۆن خۆى له ژيانيدا
چه‌ندين ساڵى له زينداندا برده سه‌ر و دواييش له خاچيان دا.
به‌ڵام من پێموايه هه‌ر خوێندنه‌وه‌يه‌ك بۆ حه‌لاج به‌و فۆرِم و
شێوازانه‌وه ناتوانن شتێكى نوێمان سه‌باره‌ت به حه‌لاج پێشكه‌ش
بكه‌ن، ره‌نگه زۆر لايه‌نى هه‌بوون و ئه‌ده‌بى و سۆفيگه‌ريى و
زمانى حه‌لاجمان بۆ روون و پرِشنگدار بكه‌ن، به‌ڵام ره‌نگه هێشتا
ئه‌وه به‌س نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه بگه‌ين كه حه‌لاج ته‌نيا
ئه‌وه‌نده نيه، ته‌نيا ئه‌و فۆتۆيانه نيه كه تا ئێستا
وێنه‌يان گرتووه.
يه‌كێك له ديارترين فۆتۆكانى حه‌لاج ئه‌وه‌يه كه سۆفى يه.
ئه‌ده‌بى سۆفيگه‌ريى له شعر و په‌خشاندا ئه‌ده‌بێكى ده‌وڵه‌مه‌ند
و خاوه‌نى ناوى گه‌وره‌يه، كه دياريشه حه‌لاج يه‌كێكه له
ناوه هه‌ره دياره‌كانى.له سۆفيگه‌ريى دا شعر و په‌خشان به
زمانێكى تايبه‌ت و ره‌مز و بابه‌تى تايبه‌ت و مه‌به‌ستى تايبه‌ت
ئه‌ده‌بێكى تايبه‌ت به‌رهه‌مهاتووه كه ناكرێت وه‌ك ئه‌ده‌بێك له
ده‌ره‌وه‌ى سۆفيگه‌ريى دا بخوێندرێته‌وه.
چونكه تايبه‌ته به سۆفيگه‌ريى. حه‌لاج وه‌ك سۆفييه‌ك و تاكێكى
ئه‌و دونيايه تايبه‌ته و نووسه‌رێكى تايبه‌تى سۆفيگه‌ريى يه،
خاوه‌ن تايبه‌تمه‌ندى خۆيه‌تى، ره‌نگه حه‌لاجيش له رووى شێوه‌دا
وه‌ك زۆربه‌ى سۆفييه‌كان شعرى به (جۆره‌ها قافيه نووسيبێت و زۆر
له بابه‌ت و مه‌به‌سته‌كانى سۆفييانيشى به شعر و په‌خشان
ده‌ربرِيبێت. هه‌ر له خۆشه‌ويستى خودايى و فه‌نابوون له زاتى
ئيلاهيدا و مه‌ديحى پێغه‌مبه‌ر و وه‌سف و زوهد و دوعا و
پارِانه‌وه و ته‌سبيحات و غه‌زه‌لدا).(18)
دياريشه يه‌كێك له تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى ئه‌ده‌بياتى سۆفيگه‌ريى
دا (شه‌تحات)ه. شه‌تحه يان شه‌تحه‌كانى سۆفييان بايه‌خێكى گرنگى
هه‌يه له ئه‌ده‌بى سۆفيگه‌ريى دا، دياره زۆربه‌ى سۆفييه‌كان
شه‌تحه‌ى تايبه‌ت به خۆيان هه‌يه و حه‌لاجيش له‌م رووه‌دا
سۆفييه‌كى بێ وێنه‌يه.
پێش ئه‌وه‌ى بچينه سه‌ر شه‌تحه‌كانى حه‌لاج با كه‌مێك له‌سه‌ر
شه‌تحه بوه‌ستين.
شه‌تحه.
(ئه‌و ده‌ربرِينه‌يه كه ده‌روون يان نه‌فس هه‌ستى پێ ده‌كات،
كاتێك بۆ يه‌كه‌مجار له حه‌زره‌تى خوداييدا ده‌بێت، د‌رك ده‌كات
كه خودا ئه‌وه و ئه‌ويش ئه‌وه. ده‌گاته يه‌كبوون. كه له
ئه‌نجامى وه‌جدێكى توند خاوه‌نه‌كه‌ى ناتوانێت بيشارێته‌وه.ده‌ست
ده‌كات به باسكردنى له‌سه‌ر زمانيدا. له‌ويادا ئه‌م شووناسه
جه‌وهه‌رييه ده‌دۆزێته‌وه كه وه‌ستاوه له نێوان عه‌بدى
گه‌يشتوو و مه‌عبودى گه‌يه‌نراو به‌و.به زمانى هه‌ق قسه ده‌كات.
چونكه ئه‌و و هه‌ق ده‌بنه يه‌ك شت. لێره‌شدا گووتار ده‌گۆرِێته
سه‌ر زمانى قسه‌كه‌ر كه پێشتر له حاڵى موناجات دا به شێوه‌ى
موخاتب قسه‌ى ده‌كرد و له حاڵى زكريشدا به شێوازى غايب. به‌ڵام
ئايا كێ موخاتيبه و كێ موخاته‌به، واته كێ قسه ده‌كات و كێش
قسه‌ى بۆ ده‌كرێ. راستتر ئه‌وه‌يه هه‌دووكيان ببنه يه‌ك. بۆيه
لێره‌دا ئه‌ويديكه‌يه‌ك نيه گوتارى ئاراسته بكرێت. ئه‌مه‌ش
بنه‌چه‌ى ته‌حريم كردنى قسه‌كردنه له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له
ده‌رووندا رووده‌دات له‌و حاڵه‌دا. ئه‌وه‌ى له‌و حاڵه‌ته په‌نهانى
ده‌روون ئاشكرا بكات شه‌تحه ده‌ه‌دات.)(19)
واته شه‌تحه قسه‌كردنى ده‌روونه له حاڵه‌تى وه‌جددا. كه
ده‌روونى سۆفى هه‌ست ده‌كات له‌گه‌ڵ خوادا بۆته يه‌ك واته
(يه‌كبوون) دروست بووه، دياره ته‌حريم كردنى دوان و ئاشكراكردنى
حاڵى نه‌فس له‌م (يه‌كبوونه‌دا) مه‌ترسيداره، نه‌وه‌ك ته‌نيا
قسه‌كردن، واته بابه‌ته‌كه (يه‌كبوون) ى سۆفى و خوا شتێكه
قابيلى قسه‌كردن و ئاشكرا كردن نيه. واته كفركردنه‌كه
راگه‌ياندنى ئه‌و يه‌كبوونه‌يه كه سۆفى ده‌ريده‌برِێت.
دياريشه يه‌كبوون له لاى سۆفييه‌كاندا ته‌نيا يه‌ك جۆر نيه، و
يه‌كبوونيش سه‌ره‌تا له سه‌ر ده‌ستى رابيعه‌ى عه‌ده‌وى و
به‌ستامييه‌وه رێگه‌ى بۆ خۆش ده‌كرێت، (پێش رابيعه‌ى عه‌ده‌وى
قوتابخانه‌ى (حه‌سه‌نى به‌سرى و ئيبراهيمى ئه‌دهه‌م)
سرووشته‌كه‌يان، سرووشتى له خوا ترسان و له‌دۆزه‌خ تۆقاندن بوو.
به‌ڵام قوتابخانه‌ى رابيعه‌ى عه‌ده‌وى و زوننونى ميسرى له‌سه‌ر
خۆشه‌ويستى بنيات نراو حاڵ و مه‌قامه‌كانييان بۆ دارشت و به‌لاى
ئه‌وانه‌وه گه‌ردوون بريتى بوو له سروودێكى بێگه‌رد و برايه‌تى و
چاكه‌ى گشتى ) (20)
له لايه‌كى ديكه‌وه كفربوونى يه‌كبوون له‌گه‌ڵ خوادا
سه‌رچاوه‌يه‌كى ديكه‌ى گرنگى هه‌يه، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه كه بينينى
خودا كه موجيزه‌يه‌كه و وێستگه‌يه‌كى گرنگه له موجيزه‌كانى
پێغه‌مبه‌رى ئيسلام مه‌حه‌مه‌د. چونكه بينينى خودا نه‌وه‌ك ته‌نيا
بۆ سۆفييه‌كان به‌ڵكو بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كانى ديكه‌ش
هه‌ڵنه‌كه‌وتووه، (موجيزه‌ى ئيسراو ميعراج، موجيزه‌يه‌كه ئه‌وه
نيشان ده‌دات كه خودا چ رێزێكى له پێغه‌مبه‌ر ناوه و ديتن و
موشاهه‌ده‌ى بۆ پێغه‌مبه‌ر مه‌يسه‌ر كردووه، ديتن و موشاهه‌ده‌ش
بۆ سۆفييه‌كان حه‌ز و حاڵێكى داواكراو بووه) (21) سۆفييه‌كانيش
هه‌ميشه هه‌وڵيان داوه بگه‌نه حاڵێك تا تيايدا بگه‌نه حاڵى
موشاهه‌ده و به دل خوا ببينن. حاڵى موشاهه‌ده پايه‌يه‌كه كه
سۆفى خواى تيادا ده‌بينێت. بۆيه وێستگه‌ى ئيسرا و ميعراج گرنگه
بۆ سۆفى تا تيايدا بگاته حاڵى موشاهه‌ده و خوا به‌ده‌ى بكات.
وێستگه‌يه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى روحى سۆفى به‌سه‌ر هه‌سته‌كانى و حه‌زوو
ئاره‌زووه دنياييه‌كانيدا سه‌ركه‌وێت و باڵا بكات و بگاته به‌دى
كردنى خوا. ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر به موجيزه‌ى ئيسرا و ميعراج
گه‌يشته به‌دى كردنى خوا و موشاهه‌ده. ئه‌وه سۆفييه‌كان به
ميعراجێكى روحييه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بگه‌نه خوا.
كاتێكيش سۆفى ده‌گاته ئه‌و حاڵه . ئه‌وه قسه‌كردنى سۆفى
ده‌بێته فه‌رمووده‌ى قودسى، واته ئه‌و قسانه‌ى له‌لاى خوداوه
له‌سه‌ر زمانى سۆفى ده‌ووترێنه‌وه، وه‌ك دياره (حه‌ديسى قودسى)
ئه‌و فه‌رموودانه‌ن كه خوا له‌سه‌ر زارى پێغه‌مبه‌ر دركاندوونى،
بۆيه كه سۆفيش له‌و حاڵه‌دا قسه ده‌كات، وته‌كانى ده‌بنه
فه‌رمووده‌ى قودسى و قسه‌ى خودا، به‌م شێوه‌يه‌ش سۆفييه‌كان
ده‌گه‌نه پايه‌ى پێغه‌مبه‌ر ئه‌گه‌ر بڵندتريش نه‌بن!به‌تايبه‌تيش
له شه‌تحه‌كانى (به‌ستامى) ئه‌وه به ئاشكرا دياره كه به‌ستامى
پايه‌ى له پايه‌ى مه‌حه‌مه‌د بڵندتره. به‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ر
نه‌يتوانيوه روحى وه‌ك روحى به‌ستامى به بێگه‌ردى باڵا
بكات.به‌ستامى پێى وايه ئاسۆ و سنوورى پێغه‌مبه‌ر حسيه.
به‌مانايه‌كى حسى باسى به‌هه‌شت و ئاگر ده‌كات و دووره له
ته‌جريدى ره‌هاى روح. به‌ڵام سنوور و ئاسۆى به‌ستامى له نوره و
پێغه‌مبه‌ره‌كانيش له ژێره‌وه‌ى ئه‌ون. پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ته‌نيا
داواى لێبووردن له خوا ده‌كه‌ن كه له ملله‌ت و ئوممه‌ى ئه‌وان
خۆش بێت، به‌ڵام شه‌فاعه‌تى به‌ستامى بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كانه،
چونكه ئه‌وه كارێكى سه‌ير و ئه‌نتيكه نيه؟ مرۆڤه‌كان له
تۆپه‌ڵه قورِێك زياتر نين، ئايا پێى زۆره خودا داواى شه‌فاعه‌تى
تۆپه‌ڵه قورِێكى لێ بكات. دواتريش به‌ستامى كه له
پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌رزتر ده‌بێت ده‌گاته خودابوون، ئه‌و و خودا
ده‌بنه يه‌ك شت. پێشتر خودا ئاوێنه‌ى ئه‌و بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و
ئاوێنه‌ى خودايه.واته له پێشدا ئه‌و به‌دووى خواوه بوو، به‌ڵام
ئێستا خودا به‌دووى ئه‌وه و نموونه‌ى باڵاى خۆى له‌و
ده‌بينێته‌وه.
بۆيه حه‌لاج ده‌ڵێ:( استخراج مالك بما عليك مما سبق لك لتسعى فيه)
واته‌ى ئه‌وه‌يه بۆ عه‌بد حه‌قيقه‌ته خوداييه‌كه‌ى بێته ده‌ر
كه هه‌بووێكى له پێشتره. له‌سه‌رييه‌تى كه به‌دى ده‌كات جارێكى
ديكه بيگێرِێته‌وه. ئه‌مه‌ش به ئه‌داكردنى ئه‌و مافى چاودێرى و
ئه‌ركانه‌ى به‌رامبه‌ر به هه‌ق له ئه‌ستۆى دايه.له‌وێدا ئه‌وه‌ى
بۆ ده‌نووسرێ كه هه‌يبوو،واته له ناسووته‌وه ده‌گۆرِێته سه‌ر
لاهوت. يه‌كبوون له نێوان هه‌ردووكياندا رووده‌دات.يان به
واتايه‌كى دى ناسوت نامێنێت و ته‌نيا لاهوت ده‌مێنێته‌وه، چونكه
ئه‌و له ئه‌سڵدا هه‌بووه. بێ ناسوت لاهوتييه‌كه‌ى ده‌سه‌لمێ)
(22)
ئامانجى وه‌جد يه‌كبوونه به خودا، يه‌كبوونێكى ته‌واو، واته
عاشق و مه‌عشوق ببنه يه‌ك، له جه‌وهه‌ر و له سرووشت و توانا و
كرداردا.ئاماژه‌دان به يه‌كێك هه‌مان ئاماژه‌يه به ئه‌ويدى.
ئينجا ئاماژه بزر ده‌بێت چونكه ئاماژه‌پێدراو ده‌بێته عه‌ده‌م.
ته‌نيا واحدێكى ئه‌حه‌د ده‌مێنێ كه هه‌مووه له هه‌موودا.
لێره‌دا جياوازى له نێوان يه‌كبوون و حلولدا سه‌رهه‌ڵده‌دات
چونكه يه‌كبوون (بريتييه له به‌دى كردنى يه‌ك وجودى ره‌ها، كه
هه‌موو شته‌كان به هه‌بوونى ئه‌و يه‌كه‌وه هه‌ن و له‌خۆياندا
عه‌ده‌من) (23) به‌ڵام حلول پێويستى به دوو شت هه‌يه، له لاى
حه‌لاج ( له‌ناوچوونى ويستى مرۆڤه له‌ناو ويستى خوادا، واتا
نه‌مانى منێتييه.)(24)
به‌كورتى مه‌رجه‌كانى شه‌تح لاى سۆفييه‌كان وه‌ك به‌ده‌وى
ده‌يانژمێرێ ئه‌مانه‌ن:
-
وه‌جدێكى توند.
-
ئه‌زموونه‌كه ئه‌زموونى يه‌كبوون بێت.
-
سۆفى له حاڵه‌تێكى سه‌رخۆشيدا بێت.
-
له ناوه‌وه‌يدا گوێى له ده‌نگێكى خودايى بێت بانگى بكات بۆ
يه‌كبوون.و رۆڵه‌كانييان بگۆرِنه‌وه.
-
ئه‌مه هه‌مووى له حاڵه‌تێكدا رووبدات كه سۆفى له بێ
ئاگاييدا بێت.
دياريشه سه‌ره‌تا شه‌تح ديارده‌يه‌كى سۆفيگه‌رى ئاسايى بووه له
ئيسلام‌دا تا سه‌رده‌مى حه‌لاج. له لاى رابيعه‌ى عه‌ده‌وى و ئيبن
ئه‌دهه‌م شه‌تح وێنه يه‌كه‌مينه‌كانى خۆى وه‌رده‌گرێت،(ره‌نگه
رابيعه يه‌كه‌م كه‌س بووبێت له باخچه‌كانى سۆفيگه‌ريدا.به شعر و
په‌خشان ئاوازه‌كانى خۆشه‌ويستى گووتبن له شعرێكيدا ده‌ڵێ:
احبك
حبين،حب الهوى
وحبا
لأنك أهل لذاكا
فأما
الذي هو حب الهوى
فشغلي
بذكرك عمن سواكا
واما
الذي أنت اهل له
فكشفك
للحجب حتى اتاكا
فلا
الحمد في ذا،ولا ذاك لي
ولكن
لك الحمد في ذا وذاكا(25)
هه‌روه‌ها (سه‌ورى) له رابيعه ده‌پرسێت هه‌قيقه‌تى ئيمانت چيه؟
ده‌ڵێ: له ترسى ئاگر نه‌مپه‌رستووه،له خۆشه‌ويستى به‌هه‌شتيش نا
تا وه‌ك كرێدارێكى خراپ بم، به‌ڵكو له خۆشه‌ويستى و شه‌وقه‌وه بۆ
ئه‌و، په‌رستم) هه‌روه‌ها ئه‌بوئه‌لقاسم ده‌ڵێ رابيعه له
موناجاتێكى دا ده‌ڵێ: (خوداى من،به‌ئاگر دڵێك ده‌سووتێنى كه
خۆشيده‌وێى؟)(26)
به‌ڵام (به‌ستامى له‌ساڵى 261 كۆچى به‌رامبه‌ر به 875 زايينى
مردووه) فۆتۆيه‌كى ئاشكرا به شه‌تحه‌كان ده‌به‌خشێت. وه‌ك
له‌سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێدا شه‌تحه‌كانى به‌ستامى ده‌گاته
پله‌ى ئه‌وه‌ى پايه‌ى له پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌رزتر بێت و روحيشى
له‌وان بێگه‌رد و باڵاتر بێت و دواتريش ده‌گاته يه‌كبوونێكى
ته‌واو له‌گه‌ڵ خوادا.
دواى ئه‌وه‌ى حه‌لاج ده‌ست به شه‌تحه‌كانى ده‌كات، شه‌تحه‌ى
سۆفيگه‌رى ئيسلامى ده‌چێته قۆناغێكى نوێوه. به شێوه‌يه‌ك كه
خوێندنه‌وه‌ى شه‌تحه‌كانى به‌ستاميش هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت.
(جونه‌يد) كه يه‌كێك بووه له‌وانه‌ى رقى له حه‌لاج
بۆته‌وه(وه‌ك به‌ده‌وى ده‌ڵێ) و ئينكارى شه‌تحه‌كانى حه‌لاجى
كردووه. حه‌لاجيش به شه‌تحه‌كانى به‌ستامى ئاگادار كردۆته‌وه.
بۆيه‌شه جونه‌يد هه‌ڵساوه به راڤه‌كردنى شه‌تحه‌كانى به‌ستامى و
له پايه‌ى به‌ستامى كه‌م كردۆته‌وه به‌وه‌ى به‌ستامى هه‌رچه‌نده
حالێكى گه‌وره‌ى هه‌بووه به‌ڵام له حاڵى سه‌ره‌تايى دا
ده‌رنه‌چووه و ده‌ڵێ : وشه‌يه‌كم لێى نه‌بيستووه به‌ڵگه بێت بۆ
ته‌واوبوون و كۆتايى) (27)
هه‌روه‌ها (شبلى) ش دواى كوشتنى حه‌لاج سه‌باره‌ت به به‌ستامى
ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر هاتبا به‌ستامى له زه‌مانى ئێمه بوايه له‌سه‌ر
ده‌ستى هه‌ندێك له منداڵه‌كانى ئێمه ئيسلام ده‌بوو) به‌و
واته‌يه‌ى ئێستا موريده‌كانى ئێمه له به‌ستامى زيره‌كترن و
ئيسلامبوونيشى له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌وان ئاماژه‌يه بۆ كافربوونى
به‌ستامى وه‌ك حه‌لاج. چونكه شبلى له كاتى كوشتنى حه‌لاجيش
ئينكارى رايه‌كانى ده‌كات و نه‌فره‌ت له هه‌ڵوێستى حه‌لاج ده‌كات.
به‌ده‌وى پێى وايه شبلى به دوو قۆناغدا تێپه‌رِيووه، يه‌كه‌ميان
قۆناغى پێش كوشتنى حه‌لاجه و دووه‌ميشيان قۆناغى دواى كوشتنى
حه‌لاجه، چونكه تا پێش كوشتنى حه‌لاج شبلى چه‌ندين شه‌تحه‌ى
هه‌يه كه زۆر له شه‌تحه‌كانى به‌ستامى ده‌چن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ
له شه‌تحه‌كانى دووباره‌كردنه‌وه‌ى شه‌تحه‌كانى به‌ستامين. به‌ڵام
دواى كوشتنى حه‌لاج شبلى ده‌گۆرِێت و هه‌ڵويستيشى زياتر له
تۆبه‌كارێك ده‌چێت.
كوشتنى حه‌لاج به‌و شێوه درِنده‌يه، دياره ئه‌و په‌يامه‌ى له
پشت بووه بۆ سۆفييه‌كان كه هه‌ر سۆفييه‌كه وه‌ك حه‌لاج بدوێت و
قسه بكات و په‌نهانييه‌كان ئاشكرا بكات ئه‌وا چاره‌نووسى له
چاره‌نووسى حه‌لاج باشتر نابێت. واته په‌يوه‌ندييه‌كى نوێ له
نێوان سۆفيگه‌رى و چاره‌نووسى سۆفييه‌كاندا دروست بوو.
دياره تا پێش حه‌لاج زمانى سۆفييه‌كان زمانێكى تايبه‌ت بوو و
ته‌نيا ئه‌و ده‌سته بژاره‌يه تێى ده‌گه‌يشت كه سۆفى بوون، كه
به‌يه‌ك زمان ده‌ياننوسى و له يه‌كترى تێده‌گه‌يشتن، زمانێك بوو
ره‌مزى و گرێيه‌كانيش ته‌نيا به سۆفييه‌كان ده‌كرايه‌وه.
به‌ڵام حه‌لاج هاتوو ئه‌و سرووشته‌ى سۆفيگه‌رى وێران كرد،
نهێنييه‌كانى بۆ خه‌ڵكى دركاندن و وه‌ك به‌ستامى يه‌كبوون و
حلولبوونى راگه‌ياند بێ ئه‌وه‌ى بترسێت.
دياره ده‌رچوون و لادانه‌كانى حه‌لاج لێره‌دا جێگه‌ى باسن كه
سرووشتى حه‌لاج له‌گه‌ڵ سۆفى بوون و زمان و بابه‌ته
تايبه‌تييه‌كانى سۆفيگه‌رى دژ دێته‌وه. دياره سۆفيگه‌رييه‌كه‌ى
حه‌لاج له جۆرى سۆفيگه‌رى فه‌لسه‌فى يه، كه ئه‌مه‌ش له زۆرێك
له سۆفييه‌كانى دنياى ئيسلامى جيا ده‌كاته‌وه، چونكه وه‌ك
دياره سه‌رچاوه‌ى سۆفيگه‌رى له ئيسلام‌دا له (زوهد)ه‌وه
سه‌رچاوه‌ى گرتووه. كه زوهد يه‌كه‌م قۆناغى سۆفيگه‌رى ئيسلامييه
و له كۆتاييه‌كانى سه‌ده‌ى دووه‌مى كۆچى يه‌وه ده‌ست پێ
ده‌كات.كه له‌و قۆناغه‌دا بيروباوه‌رِه‌كان ئيسلامى بوونه بێ
ئه‌وه‌ى كاريگه‌رى بيرو باوه‌رِى ديكه‌ى وه‌ك ئێرانى و زه‌رده‌شتى
و هيندى و يۆنانى و فه‌لسه‌فى به‌سه‌ره‌وه بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ
حه‌لاجدا ده‌بينين به هۆكارى سه‌فه‌ر و گه‌رِانه‌كانى حه‌لاج بۆ
هيندستان و زۆ شوێنى ديكه و ره‌نگه بنه‌چه ئێرانييه‌كه‌ى
ته‌وژمێكى گنوسيانه‌ى پێ به‌خشى و هه‌روه‌ها راگه‌ياندنى حلول و
دۆزينه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێ به‌هانه له قورئان خۆي‌دا بۆ حلول له زاتى
خوداييدا ره‌هه‌ندێكى فه‌لسه‌فييانه‌يان به سۆفيگه‌رى به‌خشى.
لێره‌دا تێبينى ده‌كه‌ين كه حه‌لاج ده‌بێته خاوه‌ن
فه‌لسه‌فه‌يه‌كى نوێ بۆ سۆفى بوون، كاتێكيش بيرو رايه‌كانى
راده‌گه‌يه‌نێت، گوێ به‌وه نادات، كه جلى سۆفييه‌كان فرِێ بدات و
له‌و ره‌وته باوه له شێوازيشدا ده‌رچێت،ئه‌وه ئاماژه‌يه كه
حه‌لاج گيانێكى ياخى و بێ منه‌تانه‌شى له سۆفى بوون هه‌يه و
ئازادى بيركردنه‌وه‌ى خۆى ناداته ده‌ست بنه‌ما باوه‌كانى
سۆفيگه‌رى. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زۆر به‌ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى
جلى سۆفييان ده‌بێت وه‌ك ره‌مزێك بۆ ئازادى بيركردنه‌وه‌ى خۆى و
گه‌رِانى به‌رده‌وامى به‌دووى هه‌قيقه‌تى سۆفى بوون و حلول بوون و
به‌خشينى به‌هايه‌كى نوێ به سۆفيگه‌رى. ره‌نگه يه‌كه‌م ده‌رچوون
له رێساكان لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات به‌وه‌ى له سه‌رچاوه‌ى
غه‌يره ئيسلام و خوێندنه‌وه‌ى تايبه‌ت و نوێ تريش بۆ ئايه‌ته‌كانى
قورئان و راگه‌ياندنى حلول بوون سه‌ره‌تاى ئه‌و ئيرِاده‌يه بێت بۆ
موماره‌سه‌كردنى خۆى له ناو حه‌لاجدا.
رووكردنه شه‌تحه‌كان و ده‌نگ هه‌ڵبرِينى بێ ترس له پێش يار و
نه‌يارانيدا، ده‌ستكارى كردنى ئاشكراى روكنه‌كانى ئيسلام و دواتريش
ته‌قينه‌وه‌ى به‌ناوبانگترين فه‌رمووده‌كانى (ئه‌نا ئه‌لحه‌ق)
ئيراده‌ى حه‌لاج بێ هه‌ست كردن به لێپرسينه‌وه، به ترسان، به
سڵه‌مينه‌وه له ده‌سه‌ڵات، له خودا، له عه‌داله‌ت، له دين و
له مرۆڤ و هتد...، هه‌تا له ئيرِاده‌ى خۆيشى ، بانگى گه‌وره‌ى
خۆى راده‌دێرێ و چاوه‌رِێى ئه‌و چاره‌نووسه ده‌كات كه
به‌رِه‌ڵاييه‌كه‌ى بيگه‌ينێتێ.
لێره‌وه ده‌گووترێت ئه‌وه بڵيێن خوێندنه‌وه‌ى حه‌لاج، سه‌ره‌تا
ده‌بێت به‌و شه‌تحانه‌وه تێپه‌رِێت كه ئه‌و له ژيانيدا
رايگه‌ياندوون و هاواره‌كانى روح و ئيرِاده‌ى خۆى بۆ فرِين و
به‌رِه‌ڵابوون پێ ده‌ربرِيوون. شه‌تحه‌كانى حه‌لاج ئه‌و
سه‌رچاوه‌يه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌يه‌كى نوێ به حه‌لاج
ببه‌خشن، دوور له‌وه‌ى نووسه‌رێك يان فه‌يله‌سوفێك يان سۆفييه‌ك
يان كه‌سێكى بێ دين يان ئيمان‌دار بێت، بێ ئه‌و دوو وێنه‌يه بۆ
دۆزينه‌وه‌ى فۆتۆى سێيه‌مى حه‌لاج.