شەوی مانگ گیران
چیرۆكێكی بڵاو نەكراوەی گابریل گارسیا ماركیز
وەرگێڕانی بۆ فارسی: ئازیتا
لە فارسییەوە: دڵشاد خۆشناو
چەند ساڵێكە كە ماركیز خەریكی نووسینی بیرەوەرییەكانی خۆیەتی،
یەكەمی بەرگی بیرەوەرییەكانی بە ناوی (زیندوو بۆ گێڕانەوە) لە
لایەن دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی (سوی) لە مانگی نۆڤێمبەر لە پاریس
بڵاو دەبێتەوە. لە كاتەكانی بەتاڵیدا، كۆمەڵە چیرۆكێكیش ئامادە
دەكات كە لە هەشت چیرۆك پێكهاتوە بە ناوی (لە مانگی ئابدا یەكتری
دەبینینەوە) كە دەكرێت ئەو چیرۆكانە هەم بە جیاواز وەكو چیرۆكی
سەربەخۆ بیخوێنیتەوە هەم وەكو بەشێكی كتێبێكیش وەكو سەرەتا و درێژە
و كۆتایی ڕۆمانێك .(شەوی مانگ گیران) سێیەمین چیرۆكە لە كۆمەڵەیە:
بۆ ئانا ماگدالنا باخ، نهێنییەكانی تری ئەم ئوتێلە سەیر و
سەمەرەیە بە سادەیی ئەوانی تر نەبوو. جگەرەكەی كە داگیرساند،
ئامێری ڕێكخستنی ڕوناكی و دەنگ كەوتنە كار، دەنگێكی پیاوانە بە سێ
زمان ئاگاداری كردەوە كە جگەرە كێشان لەم ژوورەدا قەدەغەیە، تاقە
ژورێك بوو كە لەو شەوی جەژنە دەستی كەوتبوو. ناچار داوای یارمەتی
لە لێپرسراوی ئوتێل كرد، دوایی تێگەیشت كە هەر بەو كارتەی كە
دەرگای ژوورەكەی پێكردەوە دەتوانێت گڵۆپ و تەلەفزیۆنەكەش
دابگیرسێنێت و فێنككەرەوە و ئامێری پەخشی مۆسیقاش وەكار بخات.
كابرای ئوتێلەكە پیشانی دا كە چۆن دەتوانێت بە دوگمە
ئەلەكترۆنییەكان سەر بانیۆ خڕەكە، شلۆقاندنی وروژێنەرە سێكسیەكە
لە(چاكوزی)دا ڕێكبخات.
كێچ كەتبوە كۆڵی تا بزانێت ئەو شتانە چین، ئەو كراسەی كە لەبەر
هەتاوی گۆڕستانەكە لە عارەقەدا زەرد هەڵگەڕابوو، لەبەری كردەوە، بۆ
ئەوەی ئارایشتی قژی تێكنەچێت، كڵاوی گەرمای لەسەر كرد و خۆی دایە
دەست شەپۆڵە پڕ هەڵشوون و داچوونەكانی كەفەكان. ژمارە تەلەفۆنی
ماڵەوەی لە دەرەوە بە خۆشحاڵیەوە گرت و بە هاوارەوە باسی ئەو
حاڵەتە خۆشەی خۆی بۆ مێردەكەی كرد:
(نازانی چەندم پێویست پێتە)
بە جۆش و خرۆشێكەوە وروژاندی كە مێردەكەی لەوبەری تەلەكەوە، هەستی
بەو خرۆشەی ناو بانیۆكە كرد و گوتی:
(وای، لەبیرت بێت ئەمە قەرزاری منی.)
بۆ ئەوەی ناچار نەبێت دووبارە جلەكانی بپۆشێتەوە، پێیوابوو
دەتوانێت هەر لەو خەڵوەتگەیەیدا داوای خواردن بكات، بەڵام چونكە
نرخی خواردن بۆ ناو ژوورەكان گران بوو، بڕیاری دا وەكو خەڵكی
ئاسایی، نانی ئێوارەی لە كافتریای ئوتێل بخوات. لەگەڵ ئەوەی كە
كراسە ڕەشە ئاوریشمییە ڕاستەكەی بۆ مۆدێلێ ئەمڕۆكە زۆر درێژ بوو،
بەڵام لە ئارایشتی قژی دەهات. كراسی د كولتە هەستی نیوەڕوتی
پێدەبەخشی، لە جیاتی ئەوە خەناوكە، گوارە و ئەنگوستیلەكەی كە
یاقوتی زەمرودی عادی تێدابوو، رۆِحیەتی بەرز دەكردەوە و بریسكەی
چاوەكانی درەوشاوەتر دەكرد.
كاتێ كە بۆ شێو خواردن هاتەخوارێ، كاتژمێر هەشتی شەو بوو. خێرا
خواردنەكەی خوارد و چونكە عەسەبی بوو لە دەنگی گریانی منداڵەكان و
قیژەی كەڕكەری مۆسیقا، بڕیاری دا بگەڕێتەوە ژوورەكەی و ڕۆمانی
(رۆژی سێیانەكان) كە سێ ماتنتگ لەمەوبەر دەستی بە خوێندنەوەی
كردبوو، بخوێنێتەوە. ئارامی ڕێڕەوی ئوتێل هێنایەوە سەر خۆی. لە
كاتی پەڕینەوە لە بەرانبەر هۆڵی سەمادا ، دوو هاوسەری پیشەیی بینین
كە بە ناسكییەكی تەواوە سەمای(ڤالس ئیمپراتۆر)یان دەكرد. هێندە
چووبوە ناو سەماكەیان كە هەر لەوی ڕاوەستا تا ئەو دوو شوێنەیان بۆ
موشتەری ئاسایی بەتاڵ كرد.
دەنگێكی گەرمی پیاوانە لە پشتییەوە لە خەونەكەی ڕاپەڕاند:
(سەما بكەین؟)
هێندە نزیكی یەكتری ببونەوە كە بۆنی خۆشی لەشی پیاوەكە لەپشت
كرێمی دوای ڕیشتاشینەكە، دەگەیشتە لوتی. لەم كاتەدا لە تەنیشت
شانیەوە سەیرێكی كرد، تەنگەنەفەس بوو و بە پەرێشانییەوە گوتی:
(بمبورە، جلەكانم بۆ سەما گونجاو نییە)
پیاوەكە یەكسەر وەڵامی دایەوە:
(خاتوون، تۆ جل لەبەر دەكەیت نەك جل تۆ لەبەر بكات.)
لەم قسەیەدا، ئانا سەری سوڕما و بێ ئەوەی هەست بەخۆی بكات،
دەستێكی بە سینگە جوانەكەی، قۆڵە ڕوتەكانی و كەفەڵە تووندەكەی كێشا
تا دڵنیا بێت لەوەی كە بەو شێوەیەیە كە دەبێ ببێت. پاشان دووبارە
لەپشت شانیەوە سەیرێكی كرد، بەڵام نەك بۆ ئەوەی بیناسێت، بەڵكو بۆ
ئەوەی پیاوەكە ئاشنا بكات بەو چاوانەی كە شتێكی بەم شێ,ەیە جوان
هەرگیز نابینێتەوە، بە نازێكەوە گوتی:
(زۆر سوپاس، ئیدی هیچ پیاوێك لەم قسانە ناكات.)
لەم كاتەدا پیاوەكە لە تەنیشتی وەستا و بە بێ گوتنی هیچ وشەیەك
داوەتەكەی بۆ سەماكردن دووبارە كردەوە. ئانا ی ئازاد و تەنیا لە
دورگەكەی وەك بڵێی خەریكە دەكەوێتە چاڵێكەوە، بە هەموو هێزییەوە
چنگی گیركرد لەو دەستەی كە بەرەو ئەو درێژكرابوو. ئەوان سێ خول بە
شێوەی (ڤالس) ی كۆن سەمایان كرد. ئانا لە یەكەمین هەنگاوەكانی
سەما، لە پەروایی ئەو لە جوڵەكانیدا هەستی بەوە كرد كە ئەم پیاوە
دەبێ یەكێك بێت لە سەماكارە پیشەییەكان كە كارمەندی ئوتێلەكەیە بۆ
گەرمكردنی شەوانی ئوتێل. بە پاراستنی نێوانیان، خۆی بە دەستەكانی
ئەو سپارد تا لە سوڕانەوەی ڕنەئاسای سەمادا رێنیشاندەری بێت.
پیاو لە كاتێكدا چاوی لەچاوی ئەو بڕیبوو گوتی:
(تۆ پریڤار سەما دەكەیت)
ئانا دەیزانی كە ئەمە ڕاستە، ئەوەشی دەزانی كە بۆ پەلكێشكردن بۆ
سەرجێگا، هەر بەو جۆرە بە هەموو ژنەكانی تریشدا هەڵدەڵێت. كاتێ كە
نۆرەی دوەمین ڤالس گەیشت، پیاوەكە ویستی ئانا لەباوەش بگرێت،
بەڵاأم ئانا نەیهێشت نزیكتر بكەوێتەوە. كەواتە لە كاتێكدا كە لەش
ئانای وەكو گوڵێك بەسەر ئەنگوست دەبرد، هەوڵیدا وەستایانە سەما
بكات. لە ناوەڕاستی ڤالسی سێیەمدا، ئانا هەستی كرد ماوەیەكی زۆرە
دەیناسێت، پێیوانەبوو پیاوێك بە شێوازی كۆن، ڕواڵەتێكی بەم
جوانیەوە هەبێت: پێستێكی تەنك، چاوی ئاگرین، لەپشت برۆ پڕەكان،
قژێكی ڕەشی ڕۆنلێدراو كە بە هێڵێكی ڕاست لە ناوەڕاستەوە جودا
كراوەتەوە و دەسماڵێكی ئاوریشمی ڕەنگ كرێمی تایبەتی شوێنە گەرمەكان
كە لە سەر ڕوی ئەندامە باریكەكانی چاك دانیشتبوو، بە هەموویان
وێنەی پیاوێكی شیكپۆش و بە سەلیقەیان كامڵ دەكرد. هەموو شتێك وەكو
خۆنواندنەكانی ساختە بوو، لەگەڵ ئەوەش وا پێدەچوو چاوە یاویەكانی
تێنوی بەزەیی هاتنەوەن.
پاش دوایین خولی ڤالس، بەبێ پرسیاركردن لە ئانا، بەرەو مێزێكی برد
لە سوچێكی خەڵوەتدا، هیچ پێویستیش نەبوو كە بپرسێت: ئانا پێش ئەوە
پاشماوەی ڕوداوەكەی دەزانی و خۆشحاڵ بوو بەوەی پیاوەكە شامپانیای
ڕاسپاردبوو. ڕووناكییە نەرمەكەی هۆڵ كەشەكەی دڵگرتر كردبوو و هەر
مێزێك جۆرێك خەوڵوەتی خۆی هەبوو.
ئانا ماگدالنا لێكیدایەوە كە پیاوەكە نابێ تەمەنی پتر لە سی سالأ
بێت چونكە هیچ زانیارییەكی لە سەمای (بۆلرۆ) نەبوو. خۆی سەماكەی بە
ناسكییەكی تەواوە بەڕێوەبرد تا بەرانبەرەكەی ریتمەكەی فێربێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، نێوانی خۆی و پیاوەكەی دەپاراست نەوەك پیاوەكە هەست
بە گەرمی خوێنەكەی بكات بە شامپانیاوە لە دەمارەكانیدا. بەڵام
لەگەڵ ئەوەی حەزەكەی، پیاوەكە سەرەتا بە نەرمی و پاشان بەزۆری قۆڵ
و بازووی لەباوەشی گرت، ئانا لەسەر ڕانەكانی هەستی بەو شتە كرد كە
پیاوەكە دەیەویست وەكو نیشانەی فەرمانڕەوایی و دەستەڵاتی نیشانی
بدات. بە لێدانی ترپە لە دەمارەكانی و تەنگتر بوونی هەناسەكانی
نەفرەتی نارد و توانی دوەمین بتڵی شامپانیاكە ڕەت بكاتەوە. پیاوەكە
تێگەیشت و داوای لێكرد پێكەوە لە كەناری دەریا پیاسە بكەن. بۆ
داپۆشینی ناڕەحەتییەكەی، ئانا بە شەیتانییەكی دڵسۆزانەو گوتی:
(دەزانی من تەمەنم چەندە؟)
(پێم وا نییە تۆ تەمەنێكی وات هەبێت)
(كەواتە هەر ئەو تەمەنەم كە تۆ پێتوایە)
هێشتا ڕستەكەی تەواو نەكردبوو كە ماندوو بوو لەو هەموو درۆیە،
بڕیاری دا لەشی لە بەرانبەری ئەو هەڵبژاردنە مەحاڵ بكات: یا ئێستا
یان هیچ كات. لە جێی خۆی هەڵسا و گوتی:
(بەداخەوە.)
پیاوەكە لە شوێنێ خۆی ڕاچڵەكی و پرسی:
(چی بوو؟)
(دەبێ بڕۆم، شامپانیا لەگەڵ لەشی من سازگار نییە.)
پیاوەكە بەرنامەی گونجاوتری پێشنیار كرد، غافڵ لەوەی كە ژنێك
بڕیاری ڕۆیشتنی دا هیچ هێزێكی مرۆڤ یان خودایی ناتوانێت نەهێڵێت.
لە كۆتاییدا وازیهێ،ا و گوتی:
(مۆڵەت دەدەی بتگەیەنم؟)
(نا، پێویست ناكات. سوپاس بۆ ئەو شەوە فەرامۆش نەكراوە.)
ئانا هەر لە هەمان ساتی چوونەناو ئەسانسۆرەكە هەستی بە پەشیمانی
دەكرد، زۆور تووڕە ببوو لەخۆی بەڵام ڕازی بوو لەوەی كاردانەوەیەكی
گونجاوی هەبوو، ئەوەش جێگای دڵخۆشیدانەوەی خۆی بوو.
چوەوە ژوورەكەی، پێڵاوەكانی لەپێكردەوە، خۆی خستە سەر تەختەكەی و
جگەرەیەكی داگیرساند. هەر لەو كاتەدا زەنگی دەرگای بیست و نەفرەتی
بۆ یاساكانی ئەو ئوتێلە نارد كە تەنانەت لە كاتی خەڵوەتیشدا ڕیبَز
لە میوانەكانی ناگرێت، بەڵام ئەوە یاسا نەبوو لە دەرگای دەدا، پیاو
بوو.
لە كەشی نیوەتاریكی ڕێڕەوەكە، پیاوەكە لە پیاوە مۆمیایییەكانی
مۆزەخانە دەچوو. ئانا، بەبێ هیچ شەرمكردنێك هەر ئەوەی كە دەسكی
دەرگاكەی گرتبوو، تێیڕاما، بەڵام لەدواییدا وازیهێنا و هاتە ژوورێ،
پیاوەكە بە شێوەیەك هاتە ناوەوە وەك بڵێی ماڵی خۆیەتی و گوتی:
(فەرمووم لێناكەی بۆ هیچ؟)
(خۆتان پێشوازی لەخۆتان بكەن، چونكە من بە هیچ شێوەیەك نازانم ئەو
كەشتییە ئاسمانییە چۆن كار دەكات.)
بە پێچەوانەوە، پیاوەكە هەموو شتێكی دەزانی، بە لێهاتووی ڕێبەرێكی
ئۆركێسترا، ڕووناتكیەكەی كەم كردەوە، مۆسیقایەكی خستە سەر و لە
باڕە بچوكەكە، دوو پێك شامپانیای تێكرد. وا كەوتە یارییەوە وەك
بڵێی ئیتر خۆی نییە، بەڵكو ڕۆڵی ئانا دەگێڕێت.
بە سەلامەتی یەكتری دەیاننۆشی كە تەلەفۆنەكە زڕەی لێ هەستا. ئانا
بە مشەوەشییەوە وەڵامی دایەوە. لێپرسراوی ئاسایشی ئوتێل بوو بە
ڕوویەكی خۆشەوە ئاگاداری كردەوە كە دوای سعات 12ی شەو هیچ میوانێك
ناتوانێت لە ژوورەكان بمێنێـەوە، تەنیا ئەگەر ناوی لە دەفتەری
ئوتێل تۆمار كرابێت. ئانا، بە شەرمەوە قسەكانی پێ بڕی و گوتی:
(پێویست ناكات بۆم ڕوون بكەیتەوە، تكایە بمبورە.)
لە كاتێكدا وەكو چەوەندەر سوور ببوەوە تەلەفۆنەكەی دانایەوە.
پیاوەكە وەك بڵێی ئاگاداركردنەوەكەی بیستوە، بە ئیستدلالێكی سادە
تێیگەیاند.
(ئەوانە بەرپرسە دەمارگرژەكانن.)
بێ خۆ ماتەڵ كردن، داوای لێكرد پێكەوە بچنە كەنار دەوریا بۆ
تەماشای مانگ گیران. ئەم هەواڵە بۆ ئانا نوێ بوو، چونكە لە
منداڵییەوە عاشقی مانگ گیران بوو، هەموو شەوەكەشی لە بەرزەخی نێ,ان
دڵەڕاوكێ و خۆپاراستن بەسەر بردبوو، ئەمجارە ئیتر هیچ بیانوویەكی
جدی بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو پێشنیارە نەبوو. پیاوەكە گووتی:
(ڕێگای هەڵاتنمان نییە، ئەمە چارەنووسی ئێمەیە.)
هەرە ئەوەی كە باسی ئەوبەری سروشت كرا، پاشماوەی دڵەڕاوكێكانی
ئاناش لەناوچوون.
ئەو كاتە بە لۆری پیاوەكە بۆ تەماشای مانگ گیرانەكە بەرەو
لەنگەرگایەكی لاچەپ چوون كە دارستانێكی دارخورما لێبوو و هیچ
میوانێكیشی لێ نەبوو. لە ئاسۆدا نزمە ڕووناكیەكی گلۆپەكانی شار
بەرچاو دەكەوتن و لەو ئاسمانەی كە زەلال بوو، مانگی تەنیا و خەمۆك
دیاربوو.
پیاوەكە لۆریەكەی لە پشت دارخوورماكان شاردەوە، گۆرەوییەكانی
لەپێكردەوە، قایشی پشتی كردەوە و كوشنی لۆریەكەی كردەوە تا ڕێك
بوەوە. ئانا تێگەیشت كە لۆری تەنیا دوو كورسی هەیە و تەنیا بە
پاڵنانی دوگمەیەك دەبێتە تەختی نووستن. ئەوی تریش باڕێكی بچوك،
ئامێرێكی پەخشی مۆسیقا بە ساكسفۆن(فۆستۆ پاپتی) شوێنێكیش بۆ توالێت
بوو كە پێكهاتبوو لە ئینجانەیەكی جوڵاو كە كەوتبووە پشت پەردەیەكی
كەڕواوی. ئانا هەموو شتێك تێگەیشت و گوتی:
(مانگ گیران نییە. چونكە مانگ دەبێت كامڵ بێت، لە حاڵەتێكدا
ئەمشەو چارەگە ڕووە.)
پیاوەكە بە جۆرێك زاڵبوونەوە گوتی:
(كەواتە مانگیران دەبێت و جاری كاتمان هەیە.)
پێویستی بە پێشەكیەگی تر نەبوو، هەردووكیان دەیانزانی مەسەلە
چییە، ئانا دەیزانی كەلە یەكەمین خولی سەماوە، ئەمە تەنیا شتێكی
جیاوازە كە دەتوانێت پێشكەشی بكات. سەریسوڕمابوو لەوەی كە پیاوەكە
وەكو پەلكی پیاز توێژ توێژ و لە راستیدا داو بە داو، بە نوكی
ئەنگوست، لەبەری دەكاتەوە
لە یەكەمین خولدا، ئانا بێتاقەت بوو لەبەر ئازار و هەستی بە
بێڕێزییەكی گەورە و ترسناك دەكرد، وەكو مریشكێك كە خەریكن لینگەكان
لە ناوەڕاست شەق دەكەن. هەناسەی تەنگ بوو، عارەقەی ساردی لەشی
تەڕكرد، بۆ ئەوەی كەمتر لە پیاوەكە دەرنەكەوێت، یارمەتی لە غەریزە
سەرەتاییەكەی خۆی وەرگرت و ئەوكاتە هەردوكیان خۆیان دایە دەست
لەزەتە وەسفنەكراوەكانی ئەو هێزە دڕندەیەی كە بە نەرمی جلەوی
گیرابوو.
مەسەلەی ئانا ماگدالنا نەبوو كە پیاوەكە بناسێت. تەنانەت هەوڵی
نەدا كە بزانێ كێیە. تەنیتا سێ ساڵ دوای ئەو شەوە لەبیرماوە بوو كە
دەموچاوێكی خوێنینی غەمگینی لە تەلەفزیۆن بینی كە بە ناونیشانی
حۆقەباز و گەوادی بێوەژن تەنیا و تەڕەكان و بكوژی دوو كەس لەوان،
لەژێر كۆتنرۆڵی پۆلیسی كارائیب بوو.
سەرچاوە: مانگنامەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كلتوری لۆمۆند دیپلۆماتیك
بە زمانی فارسی.