![]() |
|
ده‌ســــه‌ڵاتی زمان له كـۆماری كــــورته شیعــردا : عه‌بدولخاله‌ق یه‌عقووبی |
|
ده‌ســــه‌ڵاتی زمان له كـۆماری كــــورته شیعــردا
عه‌بدولخاله‌ق یه‌عقووبی
ئێمه ئه‌گه‌ر (مه‌حوی) به زه‌ریای بیری عیرفانی و خێوی ئه‌ندێشه‌ی ئینسانی و ده‌سه‌ڵاتداری شیعری رێبازی سۆفیگه‌ری ده‌زانین، بێ گۆمان ئه‌وه زمانی شیعری(مه‌حوی) بووه دڵنیای كردووین كه‌وا باوه‌ڕمان به‌م بۆچوونه هه‌بێ.
نییه‌تی سیحری به‌یان، حیكمه‌تی شیعره ئه‌مما نییه‌تی قــــووه‌تی دڵ، قودره‌تی ئینشا “نالی”
“شیعر كاركردی جوانیناسانه‌ی زمانه” یان “هێرشێكی گه‌ڵاڵه‌دارو وشیاره بۆ سه‌ر زمانی روَژانه” ئه‌وه قسه‌ی رۆمن یاكوبسن، زمان‌ناس و نووسه‌ری رووسی (1896 ـ 1986) بوو ئه‌و كاته‌ی له ده‌لاقه‌ی زمانه‌وه، ده‌یڕوانییه دنیای شیعر. یاكوبسن ده‌ڵێ: ده‌ق دوو ده‌سته‌ن: ده‌سته‌ی یه‌كه‌م په‌یام و مانایه‌كی تایبه‌ت له رێگای زمانێكی ساكار و بێ‌گرێ و گوڵه‌وه ده‌رده‌بڕن. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ده‌قانه پێویست ناكا چاوی سه‌رنجمان ببڕینه زمانه‌كه‌ی. له‌م جۆره ده‌قانه‌دا، زمان وه‌ك ئاوێكی زوڵاڵ وایه، ئه‌وه‌ی له بنی‌دا بێ ده‌بینرێ، به‌وته‌یه‌كی‌تر زمان له‌م چه‌شنه ده‌قانه‌دا “تێداده‌چێ” ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته، مانای ده‌قه‌و به‌س، زمان چ نییه جگه له كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یاندن وتێگه‌یشتنی په‌یامی ده‌ق. ده‌قی زانستی ده‌كه‌وێته ریزی ئه‌م ده‌سته‌یه‌وه. رۆلان بارت ئه‌م زمانه‌ی به”په‌خشانی زانستی” ناودێر كردووه. له ده‌سته‌ی دووه‌مدا په‌یام وابه‌سته‌ی شێوه‌ی ده‌ربڕینه. له‌م ده‌سته‌یه‌دا پێچ و په‌ناو راز و ره‌مزی زمان به‌لایه‌نی باشی ده‌ق دێته ئه‌ژمار.ئه‌م ده‌قانه زمانێكی زیندوویان هه‌یه، زمانێك كه دنه‌مان ده‌دا تێی بفكرین و لێی وردبینه‌وه. ئه‌م زمانه جار و باره نائاسایی و ئه‌سته‌م ده‌نوێنێ، له‌وانه‌شه بڵێین له‌مپه‌رێكه له‌سه‌ر رێگای تێگه‌یشتن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێ له‌م ده‌سته‌یه‌دا، زمان بۆ گه‌ڵاڵه داڕشتن و تێگه‌یشتنی مانای بێ ئه‌ژماری ده‌ق رێ خۆش‌ده‌كا. له ده‌قی ده‌سته‌ی یه‌كه‌مدا توانا و ده‌سه‌ڵاتی خوێنه‌ر، بۆ خۆڵقاندنی مانای تازه كوێر ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ ئه‌گه‌ر زانست و زانیاریی خۆی وه‌گه‌ڕ بخا، له مانا‌و مه‌به‌ستی ده‌ق ده‌گا، كه‌چی له ده‌قی ده‌سته‌ی دووه‌مدا، خوێنه‌ر خوَی ده‌بێ له رێگای بیركردنه‌وه‌و خورد بوونه‌وه له پێچ و په‌ناكانی زمان مانای ده‌ق بخوڵقێنێ، وه‌ك چۆن یاكوبسن ده‌ڵێ:”مانای رسته‌ی ئه‌ده‌بی له شێوه‌ی ده‌ربڕینیدا كۆده‌بێته‌وه”. زمانی پراكتیك ـ ئه‌و زمانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی پێوه‌ندی گرتن به‌كاری دێنن ـ زمانێكی رۆژانه‌یه. له‌م زمانه‌دا ده‌نگ و وشه‌و رسته، خۆیان خاوه‌ن به‌هاو بایه‌خێكی ئه‌وتۆنین، ئه‌وه‌نده نه‌بێ ئامرازێكن له خزمه‌ت پێوه‌ندی گرتندا، به‌ڵام سیستمی زمانێكی تریش به‌دی ده‌كرێ كه له‌ودا مه‌به‌ستی پراكتیك زۆر له‌به‌ر چاو ناگیرێ ـ هه‌ر چه‌ند ته‌واو له بیریش ناكرێ ـ و ئه‌وه‌ی گرینگه ده‌ربڕینی زمانناسییانه‌ی ئه‌و سیستمه‌یه. به بڕوای یاكوبینسكی، شیعر باشترین نموونه‌ی ئه‌م “ سیستمی زمانێكی‌تر”ه‌یه.یاكوبینسكی، ساڵی (1919) رایگه‌یاند، زمانی پراكتیك هوَی بوونی خۆی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، واته له به‌ستێنی ئه‌ندێشه یان له‌كاتی پێوه‌ندی گرتنی مرۆڤه‌كاندا، به‌ڵام زمانی شیعر، بوونی خۆی له‌هه‌ناوی خوَیدایه. هه‌ر بۆیه ژان پۆل سارتر ـ یش له كتێبی “ئه‌ده‌ب چییه”دا ده‌بێژێ: “شیعر واژه وه‌ك په‌خشان به‌كارناهێنێ. ته‌نانه‌ت ده‌بێ بوترێ هه‌ر به‌كاری نابا واته له واژه”كه‌ڵك” وه‌رناگرێ، ده‌بێ بڵێم كه‌ڵكیان پێ‌ده‌گه‌یه‌نێ، شاعیر نایانه‌وێ زمان وه‌ك ئامراز به‌كار بێنن.. به دووی ئه‌وه‌دا نین جیهان ناودێر بكه‌ن.” شێوازی یاكوبسن، كاتێك له ده‌لاقه‌ی زمانه‌وه ده‌ڕوانێته دنیای شیعر، هه‌رگیز حاشا له مانا و مه‌به‌ستی ده‌قی شیعری ناكا. یاكوبسن ده‌یوت بۆ پێ‌زانین و لێزانینی مانای ده‌ق، ده‌بێ له زمانی شیعره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین نه‌ك به پێچه‌وانه‌كه‌ی، هه‌ر بۆیه ده‌یگوت:”لایه‌نی شاعیرانه‌ی ده‌ق له‌وه دایه كه‌واژه هه‌ر وه‌ك واژه به‌كاربهێنرێ، نه‌ك جێشینێكی ساده بۆ شتێك، یان ده‌ربڕینی هه‌ستێك”. موریس بلانشۆ، وه‌ك بڵێی پشتیوانی له بۆچوونی یاكوبسن بكا، ده‌ڵێ:” به‌رهه‌می شاعیرانه ده‌لاله‌تێكی مانایی تاقانه‌ی هه‌یه و بونیاده‌كه‌ی لێكاڵاناكرێته‌وه.. یه‌كه‌مین تایبه‌تمه‌ندیی ده‌لاله‌تی مانایی شیعر ئه‌وه‌یه كه هیچ چه‌شنه ئاڵوگۆڕێك له‌و زمانه‌ی كه‌پێی نووسراوه، قبووڵ ناكا. له زمانی ناشاعیرانه‌دا، هه‌ر رێك به پێچه‌وانه‌وه، شیعر هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌ی كه تێیدا نووسراوه بوونی هه‌یه مانای شیعر ته‌نیا له چوارچێوه‌ی شێوه‌ی ده‌ربڕینی شیعردا بوونی هه‌یه. هه‌ر كه بیچم و رواڵه‌تی ئه‌م شێوه ده‌ربڕینه بگۆڕدرێ، ماناش تێداده‌چێ و ئاسه‌واری نامێنێ. ئه‌و شته‌ی مانا به شیعر ده‌دا راست و رێك له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌دا كه شیعر هه‌یه‌تی تاق و جووتن” ئالێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، بۆچی زمانی شیعر به‌ته‌واوی بۆ وه‌رگێڕان ناشێ، چونكی به‌قسه‌ی یاكوبسن: له‌وه‌رگێڕانی شیعردا، ئه‌و ته‌ئویله‌ی وه‌رگێڕ له وشه‌ی ده‌كا ته‌رجه‌مه ده‌كرێته‌وه نه‌ك خودی وشه‌كه.” زمانی شیعر به‌كاری خوڵقاندنی ماناگه‌لی چه‌ند لایه‌نه دێت و گواستنه‌وه‌ی گشت ئه‌م مانایانه‌ش له رێگای وه‌رگێڕانه‌وه بۆ زمان یان شێوه ده‌ربڕینێكی نوێ ناگونجێ. كه‌واته شاعیر له رێگای شیعر نووسینه‌وه به‌رده‌وام هه‌لی نوێبوونه‌وه بۆ زمان ده‌ڕه‌خسێنێ و له‌م رێگایه‌شه‌وه مانای سواو و كۆن و رزیوی واژه فڕێ ده‌دا و رۆحێكی مانایی تورت و تازه به به‌ر واژه و ده‌سته‌واژه و به‌گشتی زماندا ده‌كات. لیڤی شتراوس ده‌ڵێ: “شاعیر مه‌یدان و مه‌ودایه‌كی تازه بۆ راڤه‌ی زمانی پێكدێنێ... وه‌ك بڵێی شیعر به‌رده‌وام له نێوان ئه‌م دوو یاسا دژوازه‌دا دێت و ده‌چێ: پرۆسه‌ی ئاوێته‌كردنی زمانی و پرۆسه‌ی لێكاڵاكردنه‌وه‌ی مانایی” لێره‌دایه قسه‌ی یاكوبسن وه‌دی دێ، وه‌ختێكی ده‌ڵێ:”به‌راستی شاعیر خوڵقێنه‌ری ئه‌و په‌ڕی زمانه(Meta language)”.باشه شاعیر چۆن ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی پێی بوترێ خوڵقێنه‌ری ئه‌وپه‌ڕی زمان؟! بێ‌شك ئه‌وشته‌ی له شیعردا پیرۆزه، مانا و مه‌به‌ستی پیرۆز نییه، به‌لكوو شێوه‌ی ده‌ربڕینی هه‌ر چه‌شنه مانایه‌كه. شیعر به‌یاننامه‌ی مافی مرۆڤــ نییه به‌چه‌ند رسته‌ی ئاخنراو له‌و وشانه‌ی ئازادیخواز و عه‌داڵه‌ت نوێن بن ده‌ست پێ‌بكا و به چه‌ند داوای ره‌وای ئینسانیش كۆتایی پێبێ. ئه‌گه‌ر له ده‌روازه‌ی زمانه‌وه سه‌ر به ژووری شیعردا نه‌كه‌ین، به‌سه‌ر بیابانێكی كاكی به‌كاكیی قسه‌ی نه‌سته‌ق و په‌یامی زه‌قدا ده‌كه‌وین.مالارمێ وته‌نی:”ئه‌وه زمانه ده‌دوێ نه‌ك نووسه‌ر... نووسین گه‌یشتن به‌و شوێنه‌یه زمان هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌بێ نه‌ك من.” به وته‌یه‌كی‌تر واژه‌و رسته‌و مانای ده‌قی شیعری، جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و واژه و رسته و مانایه‌ی كه له قسه‌یه‌كی ئاسایی‌دا ده‌بیسترێ یان له نووسراوی هه‌واڵنێرێكدا ده‌بینرێ، چونكه زمانی ده‌ربڕینی ئه‌م دوو جۆر دواندنه له دوو سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ: یه‌كه‌مینیان زه‌ینێكی دوور له جیهانی واقیع و تژی له‌هه‌ست و خه‌یاڵ، دووه‌میان عه‌قڵێكی واقیع خوازی نێو جه‌رگه‌ی جیهانی ماك(ماده). زمانی شیعر به‌ر له‌وه‌ی هه‌گبه‌ی هێندێك هه‌واڵ و مانا و مه‌به‌ست بێ،ده‌رفه‌تی خوَنواندنی لایه‌نی جوانیناسانه‌ی ئاخاوتنه. شیعر ئه‌گه‌ر بشیهه‌وێ له باری مانایی و فه‌لسه‌فییه‌وه شوێندانه‌ر بێ ده‌شێ په‌نا بۆ زمان ببا و به شاباڵی شێوه‌ی ده‌ربڕین به‌ره‌و نیشتمانی ئه‌ندێشه باڵ بگرێ. ئێمه ئه‌گه‌ر (مه‌حوی) به زه‌ریای بیری عیرفانی و خێوی ئه‌ندێشه‌ی ئینسانی و ده‌سه‌ڵاتداری شیعری رێبازی سۆفیگه‌ری ده‌زانین، بێ گۆمان ئه‌وه زمانی شیعری(مه‌حوی) بووه دڵنیای كردووین كه‌وا باوه‌ڕمان به‌م بۆچوونه هه‌بێ.
(مه‌حوی) به مانا یاكوبسێنێكه‌ی خۆلقێنه‌ری ئه‌وپه‌ڕی زمانه، زمانێك كه جیهانی عیرفان به شێوه‌یه‌كی نوێ، بۆ خوێنه‌ر، پێناسه ده‌كا و له هه‌مان كاتدا خوێنه‌ر خۆشی له رێگای ئه‌م جیهانه‌وه زمان به روانینێكی تازه‌وه تاقی ده‌كاته‌وه: چلۆن ئه‌و دێته چاوی من كه یه‌كسه‌ر عونصووری ئاوه مـه‌حاڵه من كه بچمـه دڵیه‌وه دڵ كیشوه‌ری بــــه‌رده شیعر له دوو رێگاوه شوێن له سه‌ر هه‌ستی خوێنه‌ر داده‌نێ: یه‌كه‌م راسته‌و خۆ واته له رێگای مۆسیقا و ریتمی واژه‌و رسته‌كانه‌وه، دووه‌م ناڕاسته‌وخۆ، له‌ڕێی وێنه‌گه‌لی خه‌یاڵی و ئیماژیكه‌وه، وه‌ك خه‌یاڵی بینایی كه باوترین جۆری وێنه‌گه‌لی خه‌یاڵی شیعرن. ئێمه ده‌زانین هه‌ر واژه‌یه‌ك سێ پاژی هه‌یه: (1) ده‌نگ (2) مانای قامووسی ـ فه‌رهه‌نگی(denotation) (3)مانای زیمنی یان ده‌قی (Connotation). ده‌نگی واژه هه‌ڵگری باری مۆسیقایی و ریتمیكی شیعره كه له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا ده‌توانێ جۆره تام و چێژێكی تایبه‌ت بدا به‌فه‌زا و مانای گشتیی شیعره‌كه. مانای فه‌رهه‌نگی هه‌ر ئه‌و مانا و واتایه‌یه كه له فه‌رهه‌نگی وشه‌دا بۆیان نووسیوه‌و له قسه‌و باسی رۆژانه‌شدا هه‌ر ئه‌ویان مه‌به‌سته. به‌ڵام مانای ده‌قی (زیمنی) كه ده‌لاله‌تی چه‌مكی ـ شی پێده‌ڵێن، ئه‌و واتا‌و مانایانه ده‌گرێته‌وه كه واژه ده‌یگه‌یه‌نێ ،واته شتێك پتر له‌وه‌ی به رواڵه‌ت له به‌رچاوه. ده‌سه‌ڵاتی شاعیر له‌م رێگایه‌وه ده‌توانێ، مانای زیاتر بۆ واژه به‌رهه‌م بێنێ بۆ نموونه: له كن پشكووتنی غونچه‌ی ده‌می، وه‌ك گوڵ، سه‌راسه‌ر گوێم گوڵــــی روخســاری ده‌رخا، نیرگس ئاسا، سه‌ربه‌سه‌ر چاوم (مه‌حوی) له‌م به‌یته‌دا ده‌نگی ئه‌م واژانه: سه‌رانسه‌ر، روخسار، نێرگس ئاسا، سه‌ربه‌سه‌ر، جۆره موَسیقایه‌كی نه‌رم و نیان ده‌خوڵقێنن كه مانای ئه‌ویندارانه‌و چه‌مكی عاتیفیی ئه‌و شیعره‌یان پتر كردووه. له لایه‌كی تره‌وه ده‌بینین “گوڵ” له دێڕی یه‌كه‌مدا ده‌كرێ هه‌مان مانای قامووسی خۆی هه‌بێ، كه‌چی گوڵی دێڕی دووه‌م مانایه‌كی ده‌قی هه‌یه و له مانای فه‌رهه‌نگیی وشه‌كه دوور كه‌وتوَته‌وه له شیرینی ئه‌تۆ، ئه‌ی خوسره‌وی ته‌ختی زه‌مین،ره‌نـگه بگاتـــه ئاسمــانــی بێستـــوون فـه‌رهـادی هــاوارم (نالی) له‌م به‌یته‌دا شاعیر خۆی فه‌رهاد نییه، به‌ڵكو ئه‌وه هاواری شاعیره بووه‌ته فه‌رهاد و به بێستوون‌دا هه‌ڵده‌زنێ و رووه‌و ئاسمان ده‌ڕوا. به بڕوای من لێره‌دا (نالی) دوو واژه‌ی فه‌رهاد و هاوارـ‌ی به شێوه‌یه‌كی زۆر نوێ، له زمانی شیعری كلاسیكی كوردیدا، به‌كارهێناوه. ئێمه چێژ له شیعری(نالی) وه‌رده‌گرین، چونكی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یاندا به ئه‌زموونێكی تازه ده‌گه‌ین، ئه‌زموونێكی تازه له قه‌له‌مڕه‌وی زمان و دوابه‌دوای ئه‌و، له قه‌له‌مڕه‌وی مانادا، هه‌ربۆیه زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌و شیعره‌ی له بۆته‌ی زمانێكی شیعریدا نه‌توابێته‌وه ناتوانێ سنووری مانای كۆن و واتای سواو ببه‌زێنێ و به‌كورتی جیهانێكی نوێی شیعری به‌رهه‌م بێنێ.
كورته شیعر و زمان كورته شیعر له‌و سه‌ره‌وه كه جۆره شیعرێكی كورته، مه‌ودایه‌كی به‌رته‌سكی بۆ نواندنی توانایی تاقیكردنه‌وه‌ی زمانیی شاعیر هه‌یه. كورته شیعر، ناخوازێ به درێژی و به‌وردی له جیهان و مرۆڤــ بدوێ، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ مروَڤــ و جیهان به كورتی و به‌گشتی راڤه‌ی خۆیان بكه‌ن و بۆ خوێنه‌ر بدوێن. كورته شیعر وێنه‌و ئیماژێكه له‌و شتانه‌ی ده‌وره‌یان داوین و ئه‌مانه‌وێ بیانبینین و بیانبینینه‌وه. كورته شیعر زیاتر له‌وه‌ی بابه‌تی لێكوَڵینه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی شتێك بێ، ده‌رفه‌تی دیتن و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شته‌یه:” له‌چركه‌ساته ده‌گمه‌نه‌كانی ژیان و مه‌رگدا ئێمه هه‌ر هاوار ده‌كه‌ین، له شت ناكۆڵینه‌وه”. كه‌واته راسته شاعیر له كورته شیعردا برووسكه‌ئاسا ده‌نووسێ، به‌لام ئه‌م نووسینه‌ی له سه‌ر چاوه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ كه ده‌كرێ ناوی بنێین: هه‌ست و نه‌ستی شاعیر، واته شاعیر هه‌ر به چه‌ند واژه‌ی كه‌م قۆناغێك له‌مێژووی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی شاعیرانه‌ی خوَی ده‌نووسێته‌وه، و به‌مجۆره ئه‌و شته‌ی له‌ماوه‌یه‌كی درێژدا پێی گه‌یشتووه له مه‌ودایه‌كی كورتدا ده‌ریده‌بڕێ. جار هه‌ر بۆیه له كورته شیعردا شاعیر پتر له‌وه‌ی له جیهانی میتافیزیك بدوێ، زۆرتر باسی شته راسته‌قینه‌كانی دنیای ده‌وروبه‌ر ده‌كا. به برۆای من له كورته شیعردا واژه‌به راستگۆیانه‌ترین شێوه له ماناكانی هه‌ناوی خوی ده‌دوێ. هه‌ر به‌و رێژه‌یه‌ش زمانی كورته شیعر زمانێكی پاڵێوراو و ره‌سه‌ن وبێ‌خه‌وشه. چونكه له كورته شیعردا ئه‌وه‌ی زه‌ین ده‌یدۆزێته‌وه، زمان به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ وه‌ری ده‌گرێ، واته بابڵێین زمان له سه‌ر چاوه‌ی سه‌ره‌كی و راسته‌وخۆی یه‌كه‌می بابه‌ت و (مه‌كشووف)ه‌كانی زه‌ینه‌وه پاراو ده‌بێ. به واتایه‌كی‌تر ئه‌و موچڕكه‌یه‌ی به زه‌یندا هاتووه و له‌و رێگایه‌وه زه‌ین له شتێك گه‌یشتووه و ئه‌وشته بووه‌ته بابه‌ت وهه‌وێن و ده‌سمایه و به گشتی زانیاریی شیعریی زه‌ین، هه‌ر ئه‌و موچڕكه‌یه به زمانیش دادێ و ئه‌و زانیارییه شیعرییه ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ڤه‌ری واژه‌و رسته‌و دێری شیعری. له كورته شیعری زۆر سه‌ركه‌وتوودا ته‌نانه‌ت ده‌كرێ بڵێین ئه‌م دوو قوَناغه به رواڵه‌ت جیاوازه، ته‌واو تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن، واته شاعیر هه‌ر له‌و چركه‌ساته‌ی كه له زه‌ینی‌دا شتێك كه‌شف ده‌كا و به شتێك ده‌گا، زمانی شیعریشی ده‌كه‌وێته گه‌ڕ و واژه‌كان به‌دوای یه‌كدا ریز ده‌كا زه‌ین و زمان ده‌بن به‌یه‌ك. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و شته‌ی زه‌ین تێی گه‌یشتووه واژه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌وشته‌ی زمان ده‌ریده‌بڕێ بابه‌ته. لێره‌دایه شاعیر ناتوانێ ئه‌و شته‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی زه‌ینیه‌تی خوَیدایه ئاوێته‌ی شیعره‌كه‌ی بكا، وه‌ك ده‌ڵێین زمان بڕووشێنێ و ده‌ستكردانه دایبڕێژێ. واته ئه‌وه‌ی له كورته شیعردا هه‌یه خۆكرده، خۆكرد به‌واتای ئه‌وه‌ی شاعیر شیعر دانانێ، شیعر خوَی له هه‌ناوی شاعیردا ده‌خوڵقێ، شیعر خوی ده‌زێ، خۆی هه‌ڵده‌دا و خۆی باڵا ده‌كا، به‌ڵام هه‌مووی له زه‌ینی شاعیردا. ئه‌وه‌نده نه‌بێ شاعیر رێگای پێده‌درێ ره‌وتی له دایكبوونی شیعری ناو زه‌ینی بنووسێته‌وه‌و به واژه بینوێنێ.”بیژه‌ن جه‌لالی” كورته شیعر نووسی به‌ناو بانگی هاوچه‌رخی فارس، له‌كورته شیعرێكی‌دا ده‌بێژێ: ده‌ترسم له‌كۆتایی شیعر، ئه‌و كاته‌ی ده‌ستم پیتی یه‌كه‌م ده‌نووسێ ئه‌و شاعیره‌ی به‌رله‌وه‌ی ته‌نانه‌ت دێڕی یه‌كه‌می نووسیبێ، ده‌زانێَ ده‌بێ دوایین دێڕی شیعره‌كه‌ی چۆن بێ و چ واژه‌گه‌لێكی بۆ ته‌رخان‌كا و له سه‌ر كام كێش و هه‌وا بیهۆنێته‌وه، ئه‌وه رێك وه‌ك ئه‌و هه‌واڵنێره وایه به‌ر له‌وه‌ی بیه‌وێ هه‌واڵه‌كه‌ی بنووسێ و بڵاوی بكاته‌وه ده‌زانێ راپۆرته‌كه‌ی له كوێوه ده‌ست پێده‌كا و چۆن كۆتایی پێدێت. كه‌واته له دوای نووسینی، به شتێكی تازه و نه‌زانراو نازانێ، چۆنكه پێش و پاش نووسینی هه‌واڵه‌كه هیچ شتێك نه‌گۆڕدراوه. هه‌واڵنێر شت كه‌شف ناكا، ئه‌وه‌ی ده‌یزانێ ده‌ینووسێ، به‌ڵام شاعیر دوابه‌دوای یان هه‌ر له چركه‌ساتی نووسینی شیعردا، ئه‌وه‌ی نایزانێ ـ زانین به‌و واتا تایبه‌تییه‌ی خوَی له دنیای شیعردا ـ ده‌ینووسێ، ئه‌وه‌ی له‌وه‌وپێشیش نه‌یدیتووه ده‌یخوڵقێنێ: كه‌س له شیعر ناگا به‌پێی په‌تی دێ و ئه‌و كاته‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه هێشتا قاقه‌زی سپی چاوه‌ڕوانێتی شیعر داسه‌پان قبووڵ ناكا، یان با بڵێین ئه‌و شیعره‌ی شتێكی جگه له ناوه‌وه‌ی خوَی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ گه‌وهه‌ری شیعر بوونی خوی ده‌دۆڕێنێ. شیعر منداڵی(خوڵقاوی) ناو زگی(مێشكی) دایكه(شاعیره)، خۆی كاتی خۆی له دایك ده‌بێ، ئه‌گه‌ر تۆ په‌له‌ی ئه‌وه‌ت هه‌یه زووتر له‌وه‌ختی خۆی ژیانی پێببه‌خشی بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامێكی پیرۆزی به گوێ‌دا بچرپێنی، ناجوامێرانه ده‌یكوژی. شیعری گه‌وره ئه‌و شیعره‌یه ته‌نیا به پێی پێداویستی له دایك‌بوون و زه‌ووره‌تی زینده بوون بنووسرێ، ئه‌و شیعره‌ی به بوَنه‌ی بۆنه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی بوونی شیعر بنووسرێ په‌یكه‌رێكی ده‌ستكردی بێ رۆحه كه نه تاقه‌تی دواندنی رۆحی مرۆڤی هه‌یه و نه توانای دركاندنی رازی جیهان.. نه‌ك به زۆر له دایكیان بوواندبێ. شیعر خۆره، خوَی هه‌ڵدێ، خۆشی ئاوا ده‌بێ: كاری شیعر نه ئاكامی بۆ هه‌یه نه‌سه‌ره‌تا شاعیر ئه‌و باخه‌وانه‌یه… به‌ڵام داخۆ ده‌بێ ده‌وری شاعیر له ره‌وتی نووسینی شیعردا چیبێ ؟ له چركه‌ساتی خوڵقاندن و كه‌شف و نووسینه‌وه‌دا شاعیریش خوی گشت هه‌ست و نه‌ستی ئاوێته‌ی زه‌ین و زمانی شیعره‌كه ده‌كا، واته شاعیر ده‌بێته ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و ماكانه‌ی كه بۆ خوڵقان و ئه‌فراندنی شیعر پێویستن. من شیعر هه‌میشه به‌و به‌فره ده‌شوبهێنم كه ویلیا‌م بلێیك دڵداری خوَی پێ ده‌شوبهێنێ و ده‌بێژێ: له ئێواره به‌فرییه‌كی رێبه‌ندانا بۆ كایه‌و شه‌ڕه تۆپه‌ڵ وه‌ده‌ركه‌وتم. كه كیژی به‌فرم دی وتم: ئه‌رێ بۆچ نایێته كایه‌وه…
|
Copyright (2008) Roshenbiry.com