نووسین له بارهی کتێبی کهسێکهوه، که سیگار دهکێشێ
خوێندنهوهیهکه بۆ کتێبی (کهسێک له پشت ئهم پهیڤانه سیگار دهکێشێ)ی
ڕابهر فاریق
کارزان ڕهحمان
کارتی کتێب ناسین:
کهسێک له پشت ئهم پهیڤانه سیگار دهکێشێ- شیعر
نووسهر: ڕابهر فاریق
نهخشهساز: لوقمان ڕهشیدی
چاپخانه: ڕۆژههڵات
چاپ: چاپی یهکهم، ههولێر 2009.
بهشی ههره زۆری ئهو دهقانهی به کوردی نووسراون، به تایبهتیش ئهو
کتێبانهی له چهند ساڵی ڕابردوودا بڵاو کراونهتهوه و کهوتوونهته
بهرچاومانهوه، کتێبی وههان، که ناتوانن له تهنیا لایهنێکیشهوه سهرنجی
خوێنهرانی به ئاگا ڕابکێشن، نهبوونی دهقی باشیش له نێو فهرههنگی
کوردیدا، کۆمهڵێک هۆکاری بنیاتی و فهرههنگی و درێژخایهنی بێ شووماری
ههن، بهڵام پێویست بهوه ناکات لێرهدا تیشک بخهینه سهر ئهو بۆشایی و
کهلێنانهی ئهدهب دروستی کردوون و به قهیرانهکانی خوێنهرانی خۆی کهمتر
کردووهتهوه. به بۆچوونی من، ههرگیز کێشه ئهوه نییه که زۆربهی کتێبهکان
کرێتن، بهڵکوو کێشهی جهوههری له ههمبهر پرسێکی وههادا، دهکرێت بهشێک
لهم خاڵانهی خوارهوه بێت:
1-خوێندنهوهی کتێبی قهبه و کرێت و ستایشکردنی.
2-وه دهنگنههاتنی ڕهخنهکاران و بێدهنگبوونی نێوهندی ئهدهبی و فهرههنگیی
میللهت.
3-سستبوونی پرۆسهی خوێندنهوه و تهشهنهکردنی پهتای نووسینی ساکار، له
پهنای ئهو ساکارییهشهوه بهرزبوونهوهی تیراژی کتێبهکان، به شێوهیهک که
تهسهوور ناکرێت و نا پێویسته.
4-گرنگیدانی دهزگا ڕاگهیاندن و ڕێکلامییهکانی وهک: ههر یهکێک له
–تهلهفزیۆن، سهتهلایت و ڕۆژنامه و گۆڤار و سایت و وێبڵاگهکان- بهو جۆره
کتێبانه.
5-ماهیهتدان و ڕهوایهتیدان به ڕهوتی ئاوهها.
6-درێژهپێدانی له لایهن گهنجان و "به ئهزموونـ"هکانهوه.
کۆمهڵێک هۆکاری تریش ههن، بهڵام ئهوهی لێرهدا من مهبهستمه، تهنیا
ئهدهبی کوردییه، ههروهها له نێو ئهدهبی کوردیشدا تهنیا ڕهههندێکی ئهو
باسهیه، که تهواو بووهته سهرچاوه و پهلوپۆی هاوێشتووه، به تایبهتیش له
دوای ڕٍاپهڕینهوه، که کۆمهڵێک قهڵهم به پاساوی مۆدێرننووسین و
پۆستمۆدێرنه و شیعری سیمبۆلی و سوریالی و دادایی و کۆمهڵێکی تر،
دهیانهوێ خوێنهری وشیار فریو بدهن و بهرهو ئاقاری وهها به کێشی بکهن،
که ئهمجۆره نووسینهی ئهو نووسهره ڕۆتینینووسانه نه پێوهندیی به پرۆسهی
نووسینی بهرپرسیارانهوه ههیه، نه ئهو ئاقارانهش که دهتوانن پێوهندیی
ئاگاییانه و بنهمایی لهگهڵ خوێنهر، یا نووسهردا بگرن.
له میللهتێکدا که قهڵهمی باش کهم بن، ههڵبهته نووسینی باشیش کهم دهبن،
نهک کتێب، که کتێب له مهعریفه و شارهزایی و ڕامانی ورد و خوێندنهوهی
چهندڕهههندییهوه دروست دهبێت. به دهگمهن دهبینین ئهو جۆره دهقانهی به
مردوویی له دایک دهبن، ئهفسوون و جوانیی له ماهیهتی خۆیاندا بشارنهوه و
خوێنهر (ههر هیچ نهبێت) به ڕهههندێکیان سهرسام و کاریگهر بکهن. کتێبی
باش، له نێو فهرههنگی ههژاردا بێدهنگیی له بهرانبهردا دهنوێنرێت و
ههوڵی تێپهڕاندنی به شێوهیهکی وهها دهدرێت، که خوێنهران –به گشتی–
نهیبینن، ئهمهش دهبێته هۆکاری ئهوهی نووسهر، به تایبهت له کۆمهڵگهی
کوردهواریدا، ههم بێ تاقهت ببێت له درێژهکێشانی پرۆسهی نووسین، ههمیش
لهو نێوهنده ئهدهبی و ڕۆشنبیرییهی، که له کن من نێوهندی ئهدهبی و
ڕۆشنبیریی نییه، پتر دوور بکهونهوه و پتریش له بڵاوکردنهوهی دهقی
ئهفرێنهرانهشیانن خۆیان به دوور بگرن. ئهو کتێبهی بهردهستمان، واتا
<کهسێک له پشت ئهم پهیڤانه سیگار دهکێشێ>،ی (ڕابهر فاریق) لهو
کتێبانهیه که له ماوهی ڕابردوودا چاپ بووه و تا ئێسته تهنیا گوتارێکیشم
له بارهیهوه نهدیوه که نووسرابێت و بڵاو بووبێتهوه، تهنانهت گوتاری
ڕهخنهییش، که ببێت به هۆکاری ئهوهی ڕێگهی داهاتووی نووسهر ڕۆشنتر
بکات. ههڵبهته کتێبی جوان، جا له ههر بوارێکدا بێت، ههرگیز پێویستی
بهوه نییه ستایشنامهی بۆ بنووسرێت، بهڵکوو ئهوه ئیشی ڕهخنهکار و
نووسهرانه، که تیشکی ڕوانگهکانیان بۆ سهر لایهنه تاریک و ڕۆشنهکانی
دهقهکه بگوێزنهوه و به وردی و له چهندین ڕهههندهوه بۆچوونی خۆیانی له
بارهوه بنووسن.
لێرهوه دهکرێت بێژین: له پهنای دهق و پهرتووکه خراپه
نهخوێندراوهکانیشهوه، چهند ساڵ جارێک، ئهویش به دهگمهن، کتێبێکی باش،
یان چهند دهقی شاعیرێک بڵاو دهبنهوه، بهڵام چونکه هێشتا ڕهخنه له نێو
فهرههنگی ئێمهدا ئامادهیی نییه، بۆیه ئهو دهقه باشانهش وهک چهندین دهقی
بێشووماری تری جوانی ساڵانی ڕابردوو، بهرهوڕووی نهخوێندنهوه و بزربوون
و خۆ لێ نهبانکردن و فهرامۆشیی بوونهتهوه، فهرامۆشکردنی دهقی جوانیش
لێرهدا ناوونیشانی کتێبێکی (بهڕۆژ ئاکرهیی)م وه بیر دههێنێتهوه، که
له پشت ئهم ناوونیشانهدا دهتوانین به شوێن ئهو مهبهستهوه بین که ههم
خۆی نواندووه، ههمیش ئێمه مهبهستمانه، خۆ دهکرێت له ڕهههندی تریشهوه
لێی بڕوانرێ و لێکدانهوهی بۆ بکرێت: کاتێک دهق ناخوێندرێتهوه و
ڕووبهڕووی فهرامۆشیی دهبێتهوه، ئهگهر بۆ زهمهنێکی دیاریکراویش بێت،
پۆشاکی مهرگی خۆی دهپۆشێت و جوانییهکانی له لایهن کهسانی ترهوه
دهگوێزرێنهوه و بهکاردههێنرێنهوه، که دهقیش بهرهوڕووی وهها دیاردهیهکی
ناشیرین بووهوه، له ئهنجامدا ئهو ڕهنگانهی له نێو خۆیدا ههڵیگرتوون و
به وشه و دهربڕینهکانیهوه پارێزگاریی لێ کردوون، ون دهبن و بۆ ههمیشهش
وهها دهمێننهوه.
ئێمه لێرهدا ههوڵدهدهین به کورتی خوێندنهوهیهک بۆ کتێبی <کهسێک له پشت
ئهم پهیڤانه سیگار دهکێشێ>ی ڕابهر فاریق بکهین. ئهوهی لهم کتێبهدا
دهیبینین (13) دهقی شیعرین، که دوا به دوای خوێندنهوهیان بۆمان
دهردهکهوێت ئهم کتێبه شیعرییه به جۆرێک له جۆرهکان ههوڵێکی جددییه، له
ههمانکاتیشدا جیاواز له شیعر و ئهزموونهکانی تهنانهت نهوهدهکان خۆی
نواندووه، ئهمهش کاتێک دهردهکهوێت، که به وردی سهرنج له وێنه و زمان و
دهربڕین و تهکنیک و فۆرمی شیعرهکان بدهین و ههندێک له کۆدهکانیش
بکهینهوه، ههڵبهته له ڕوانگهی خۆمانهوه.
کۆمهڵێک هۆکار وههایان له ئێمه کردووه خوێندنهوه بۆ ئهم کتێبه بکهین،
یهکێکیان ئهوهیه که جیاوازیی ڕوانین سهرنجی ڕاکێشاین، که دهتوانین
بڵێین ڕوانین له ههر شتێک، پێشتر له شیعری کوردیدا وهکوو ههبوون نییه،
بهڵکوو ئهوهی ههیه تهماشاکردنهوهیه، واتا دیتنهکان له چاوی تاکهکهس
خۆیانهوه سهرچاوه ناگرن، بهڵکو کهرهسهی ئامادهکراون و خوێنهری وشیاریش
پێویستی بهو کهرهسه چهندپاتهییانه نییه. کۆمهڵێک هۆکاری بنهڕهتی ههن که
دهبنه پاڵپشتی خوێنهر، بۆ ئهوهی شیعر بخوێنێتهوه و له ههندێک زهمهن و
حاڵهتدا له قسهی ڕۆژانه دوور بکهوێتهوه، بهڵام ئایا ئهمه دهبێته هۆی
ئهوهی بهردهوام لهبهر ئهم پاساوی دوورکهوتنهوه له قسهی ڕووت شیعر
بخوێنینهوه، چونکه شیعر لهوه قووڵتره به تهنیا له ڕهههندێکهوه بهرهو
لای خۆی پهلکێشمان بکات. وهکچۆن ناسنامه و تایبهتمهندیی شیعری، ههرگیز
له ڕێگهی چهندێتییهوه دهستهبهر ناکرێ، ئاوههاش شاعیری جیاواز و به ئاگا
ناتوانێت به نووسینهوهی چۆنێتیی دیتهکانی پێش خۆیهوه سهرقاڵ بێت،
بهڵکوو بهدوای ڕوانگه و ستایل و تهکنیک و فۆرم و ێنهی وههاوه دهبێت، که
دهتوانن ببنه پتهوترکردنی بنیات قۆناخهکانی ئهزموونی شیعریی شاعیرهکه.
لهم کتێبهی (ڕابهر فاریق)دا زۆرترین پانتایی وه بهر واقیع کهوتووه -به
لاتانهوه شتێکی سهیر نهبێت، چونکه مهبهستم ئهو شێوهیهی واقیع نییه
ههموان دهیومانه، بهڵکو لهوێوه دهدوێم که تاکی شاعیر مهبهستیهتی، یان
لێی دهڕوانێت-، ئهو واقیعه تاڵهی بهردهوام کۆمهڵێک شت له بهردهم مرۆڤدا
وهکو تابوو نیشان دهدات، شیعریش وهک ههر ژانرێکی تر دهیهوێ له
ڕهههندهکانی واقیع (ههڵبهته له چهند ڕهههندێکهوه، نهک له ههموان، ئهمهش
وهکو وهزیفه نییه) خهیاڵ بهرههم بهێنێت و بهرهوڕووی چهند لایهنێکی
جوانی خۆیمان بکاتهوه. ئهگهر ئهم بۆچوونهی سهرهوه وهک تیۆرییهک (تیۆریی
خۆیهتی) سهیر بکهین، یان بهوهوه بیبهستینهوه، دهبینین لهسهر دهستی
ڕۆمانسییهکانهوه پهرهی سهندووه و کهسێتی و کارئهکتهری یهکهمیش له وهها
حاڵهتێک و له وهها ئهزموونێکیشدا شاعیر خۆیهتی، که دهبێته خاوهن قسه و
ڕوانین و دونیابینیی خۆی.
له (گوننار ئێکێلۆفـ)ـیان پرسی: "بۆ بیۆگرافیای ژیانی خۆت
نانووسیتهوه؟"، ئهویش له وهڵامدا گوتی: "من له شیعردا ژیانی خۆمم
گێڕاوهتهوه" (2). کاتێک لهم ڕستهیهی (گوننار ئێکێلۆف)ی شاعیری ئهفرێنهر
ورد دهبینهوه، بۆمان دهردهکهوێ سهروکاری شاعیر، پێش ههر شتێک لهگهڵ
واقیعه، هاوکاتیش دهیهوێ له وهها دهریچهیهکهوه بوونی خۆی و ڕوانینی خۆی
و جیاوازیی خۆی وێنا بکات و له ههمبهر دهوروبهردا و ژیانی ڕۆتینیی
ئهوانی تردا، ژیان و ئهزموونی ئهو ژیانه له ڕێگهی شیعرهوه بگێڕێتهوه،
بهڵام به پاڵپشتیی فهنتازیا و سیمبۆل.
<چونکه ئافرهتێکم دهست نهکهوت
تا لهگهڵیدا بخهوم
ناچار
چهند ڕۆمانێکم کڕی
له نێویاندا چهند پاڵهوانێکی ئافرهتم دۆزییهوه
ههموویانم هێنایه ژوورهکهم
بهیانییهک چووم بۆ بازاڕ
که هاتمهوه
دایکم ههموویانی خستبووهوه شوێنی خۆیان> ل157.
له شێوه و شیکڵه بنهڕهتییهکاندا ئێمه ئهزموونهکانمان به هۆی
ههستهکانمانهوه وهردهگرین و دهیانناسینهوه و ئێستیان له سهر دهکهین،
بهڵام ئهنجامی ئهم وهرگرتن و ناسینهوه و ئێستکردنه، به بێ کهڵهکهبوونی
کاریگهرییه نهستییهکان، مهحاڵ دهکهوێتهوه، بۆیه که شاعیرێک دهیهوێ (بۆ
نموونه) له ئهزموونی ژیانی خۆیدا ڕۆژێکی بههار بگوازێتهوه بۆ نێو
پڕۆسهی نووسینیهوه، دهبێ چهپکێک له کاریگهرییه نهستییهکانی خۆی پێشکێش
بکات و زمانیشی له ئاسته ئاساییهکهی زمان چڕتر و پاراوتر بێت، له
ههمانکاتیشدا کۆمهڵێک وێنهی زۆرتر له خۆ بگرێت. کهواته، دهکرێت وێنهی
شیعریی وهک پێشکێشکردنی ئهزموونی ههستی، به هۆی زمانهوه پێناسه بکرێت.
لێرهدا ههندێک نموونهی شیعریی له کتێبهکهی ناوبراو، واته <کهسێک له پشت
ئهم پهیڤانه سیگار دهکێشێ>وه وهردهگرین:
<ئینجانهکه شکا
قهدی من و
دڵی تۆش
ههروهها!> ل148
ههروهها:
<له پهنای بهردێکدا
کلووی بهفر بهجێماوه
وهک ماچی تۆ
به لێومهوه.> ل146.
ههروهها:
<وهک دوا قهترهی ئاو
به تهوێڵتهوه وشک دهبم... > ل11.
دهتوانرێ بگوترێ ئهم چهند پارچه شیعر و شیعره کورتانه له ههمبهر
عهشقهوه ئێستیان کردووه. کاتێک مرۆڤ عاشقه، ههموو شتهکان لهبهرچاویدا
جوان خۆیان دهنوێنن و وردترین شتهکانیش خۆیان نیشان دهدهن و بایهخ
پهیدا دهکهن. یهکێک لهو لایهنانهی لهم چهند کورته/ چارچه شیعرانهی
سهرهوهدا سهرنجی ئێمهیان به لای خۆیانهوه ڕاکێشاوه، ئهوهیه که له ڕووی
دهربڕینهوه شیعرهکان خۆیان له شیعری ئهمڕۆ به دوور گرتووه (به شێوهی
ناڕاستهوخۆ)، ئهمهش له کاتێکدا دهڵێین که ئهم دهقه کورتانه باس له عهشق
دهکهن، بهبێ ئهوهی دهستهواژهی "عهشق"یش له نێویاندا بهدی بکرێت، یان له
خۆیانهوه بیپێچن. ئهم جۆرهی دهربڕین و نووسینه، له ڕهههندێکهوه
دهمانباته لای ڕۆمانهکانی خۆزێ ساراماگۆ، به تایبهت ڕۆمانی <گهڕان
بهدوای دوورگهی نهدۆزراوهدا> (3)دا، ڕهنگه خودی شاعیر لهم ئهزموونهیدا
سوودی له چۆنێتیی دهربڕین و ڕوانینهکانی خۆزێ ساراماگۆوه، وهرگرتبێت.
ڕوونی و شهفافیی ههر وێنهیهک لهم پارچه/ کورته شیعرانهی سهرهوهدا،
تهنیا پێوهندیی به ئاستی دیاربوونیانهوه نییه، بهڵکو له ههمانکاتدا بۆ
ئهوهش دهگهڕێتهوه شاعیر تا چ ئاستێک سوودی له وردهکارییه
کاریگهرهکانهوه وهرگرتووه.
ئهرکی شاعیر کهشفی بهردهوامه له نێو زماندا، ههروهها داتاشینی وشه و
وێنا و کهرهسه ڕووت و بهکارهێنراوهکانه، به ڕهندهی زمانهوه. ئهو (واتا
شاعیر) بهردهوام به دوای دۆزینهوهی ماناکانی پشت و پێش و تهنیشتهکان و
لایهنه نادیارهکانی ئهو وشانهوهیه، که به هۆی ئهو نهێنییهی وشهکان له
نادیارهوه لهگهڵ یهکتریدا ههیانه و (ئهو) دهیهوێ بیاندۆزێتهوه و
ئهزموونی خۆی له پاڵیاندا بهرهو گهشهکردنی پتر ببات، ئهمهش له
کاتێکدایه که ههمان ئهو وشانه دهکهونه تهنیشت یهکترییهوه و ماناگهلێکی
سهرسووڕهێنهر و ئهفسووناوی دهخوڵقێنن.
زۆر کهس به ههڵه لهو باوهڕهدان که شاعیر بهردهوام بهدوای وشهی جوان و
به شکۆدا دهگهڕێت، له بارێکدا ئهو شتهی شاعیر بهدوایدا وێڵه، به
ماناترین وشهیه:
<له باتی چڵم
وشهم له کهپووت دهرهێنا> ل124.
ههروهها:
<وهختێک پانتۆڵ لێ دهخوڕم
گۆرهوییهکهم دهکهوێته کهڵکهڵهی خۆکوشتنهوه> ل154.
ههروهها:
<"دڵی خۆم دهدهمهوه!"
به "قسهی خۆش"
به "یار"/ به "خۆم "
- ئاهـ/ ئهم دڵه بوو به چی؟> ل166.
ئهنجام:
ئهزموونێکی شیعریی جیاواز تهماشا بکهین، ئهم دهربڕینهشمان پشت به خودی
دهقهکان دهبهستێت، واتا لهوێوه سهرچاوهی گرتووه. ئهم دهقانه له
مافوورێک دهکهن که کۆمهڵێک نهخش و نیگار و ڕهنگوبۆی جیاوازیان له خۆ
گرتبێت. ئێمه له سهرهوهدا به کورتی خوێندنهوهمان بۆ چهند کورته/ پارچه
شیعرێکی کتێبهکه کرد، که دهکرێ بێژین ئهمه نهک تهنیا بهس نییه، بهڵکو
پێویسته له چهندین ڕوانگه و دید و ڕهههندی ترهوه لێی بڕوانین و وردتریش
له سهری بوهستین. ئهوهی لهمهش پێویستتره، ئهوهیه که ڕهخنهکار و شاعیران
و نووسهرانی تر له ههمبهر ئهو کتێبهدا ههڵوێستهی خۆیان بکهن، به تایبهت
ئهو کهسانهی چێژی لێ وهردهگرن و پێیان وایه ئهم دهقانه دهروازهی تریان
به ڕووی شیعری هاوچهرخی کوردی دا کردووهتهوه.
بهشی زۆری شیعرهکان، بێجگه له ههندێک له پارچهکانی دهقی <ڕهنگهکان
دامهگیرسێنه، له سووتان گهڕاومهتهوه ل140 تا ل158>، واتا: پارچهی ژماره
(13) و پارچهی ژماره (15)، که له ڕوانگهی منهوه لاوازن، لێرهدا لهو
ڕهههنده دهدوێم، که ئهو دوو پارچانه خوێنهر ناوهستێنن و ناتوانن تووشی
بیرکردنهوه و ڕامانمان بکهن، ههروهتریش تروسکایییهکی کهمی خهیاڵیان
تێدا دهبینرێت، ناکرێ شیعری ئهفرێنراویش بهدهر بێت لهم لایهنه
پێویستانه، که دهقی هاوچهرخ له خۆیهوه دهیانپێچێت. بهڵام ناکرێت و
نابێت، بهم پاساوانه کتێبهکه نهخوێنینهوه، بهڵکو وهک پێشتر ئاماژهم بۆ
کرد، پێویسته ههموو دهقهکان به وردی بخوێندرێنهوه. بێجگه لهمانهش،
کهوتووهته ژێر کاریگهریی دهقهکانی (بهڕۆژ ئاکرهیی)، به تایبهتیش کتێبی
<به تهما بووم له تهم بدوێم> (4).
جیا لهمانهی سهروه، ههموو شیعرهکانی نێو کتێبی <کهسێک له پشت ئهم
پهیڤانه سیگار دهکێشێ>، ههم له ڕووی زمان، ههمیش له ڕووهکانی وێنه و
تهکنیک و فۆرمهوه تایبهتمهندیی خۆیان ههیه، ئهمانهش وا دهکهن شیعری
هاوچهرخی کوردی ڕوو له ئاقاری تر بکات، گهنجانیش لێره بهدوا ئیش له نێو
شیعری پێش خۆیاندا نهکهن، بهڵکو به نێو ناخ و خهون و خهیاڵهکانیاندا
شۆڕببنهوه. له بارهی ڕهههندێکی تری کتێبهکهوه، که نێوهڕۆکه، پێمان
وایه، بهشی ههره زۆری شیعرهکانی نێو ئهم کتێبه، به شێوهیهکی گشتی ئیش
له نێو ههر یهکێک له چهمکهکانی "ڕهشبینی" و "تهنیایی" و "ترس" و
"بوون"، به شێوهی تر دهکهن، خوێنهریش ڕاستهوخۆ و نا ڕاستهوخۆ ههست به
وجوود و چۆنێتیی بهکارهێنانهکانیان دهکات، تهنانهت له ههندێک حاڵهتدا
ڕهشبینی دهگاته ئهو ئاستهی خودی خوێنهر له ههمبهر ئهو دۆخ و ڕهوتهی
ژیانی ئێستای کورد پێیدا تێدهپهڕێت، ڕهشبینتر بکات، بێگومان ئهمهش له
(نائاگایی)ییهوه، له (خود)هوه سهرچاوه دهگرێ. ئهوهی باسمان کرد، له
داهاتوودا بۆ شاعیر وهک زیندان وایه، دهشێ قوتاربوون لهو زیندانه شاعیر
بهرهو ئهفراندن ببات، مانهوهشی بهرهو پووکانهوهی هێز و توانستهکانی
دهرخا. لهدوای ئهم کتێبهشهوه، پێویسته ڕابهر بوهستێت (ناڵێم نهنووسێت)،
وهستان له بڵاوکردنهوهی شیعر، ئهمهش بۆ ئهوهیه تا له دواتردا بتوانێت
ڕهههندی تر بدۆزێتهوه. ئهوهی ماوهتهوه بیڵێم، ئهوهیه که له پاڵ (ڕابهر
فاریق)دا، چهند دهنگێکی تریش ههن، که جوان دهنووسن و له چهند ساڵی تری
داهاتووشدا دهتوانین پتر ههست به جیاوازیی ئهو دهنگه شیعرییانه بکهین.
پهراوێزهکان:
1-کتێبێکی بهڕۆژ ئاکرهیی-یه. زنجیرهی کتێبی (گوڵان). ساڵی 1998.
2-کتێبێکی ڕزگار شێخانی-یه. له بڵاوکراوهکانی زنجیرهی کتێبی (ڕهخنهی
چاودێر) ساڵی 2009.
3-کتێبێکی خۆزێ ساراماگۆ-یه. وهرگێڕانی: مهریوان ههڵهبجهیی. له
بڵاوکراوهکانی زنجیرهی کتێبی (ڕهخنهی چاودێر). ساڵی 2008.
4-کتێبێکی بهڕۆژ ئاکرهیی-یه. زنجیرهی کتێبی (گوڵان). ساڵی 2000.
Karzan_rahman@yahoo.com