![]() |
|
18/07/09 وتووێژی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن |
|
وتووێژی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن
ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: زۆربه‌ى خه‌ڵك، یان با بڵێم خوێنه‌رى نووسین و به‌رهه‌مه‌كانت، نازانن هه‌ندرێن كێیه، ناوى ته‌واوى چییه، له كوێ له دایك بووه، منداڵى و قۆناغه‌كانى هه‌رزه‌كارى له چ دۆخ و ژیانێكى خێزانى كۆمه‌لآیه‌تى و... هتد، به‌سه‌ر بردووه، وه‌لآمى ئه‌و پرسیارانه بۆ نه‌بووه‌ته جێگه‌ى بایه‌خ پێدانى ئێوه، ئایا ناكرێ رِۆشنایى بخه‌یته سه‌ر لایه‌نه سه‌رنجرِاكێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌و باسه؟ هه‌ندرێن: راستییه‌كه‌ی ئه‌و پرسیاره له یه‌ك كاتدا هه‌م دڵ‌بزوێن و هه‌میش دڵته‌نگه. چونكه به دیوێكه‌وه، ئه‌و پرسیاره ئاسۆیه‌كمان بۆ ئاوه‌لاَ ده‌كا كه سه‌فه‌ر به‌ره‌و لاواندنه‌وه، كولانه‌وه یان ئاوه‌لاَكردنه‌وه، به گۆهێنانی ئه‌و ئه‌زموونه بێده‌نگ كرا‌و، په‌نگخواردوو و داستانئاسایه یان نه‌گوتراوه بكه‌ین كه رۆژگاری منداڵیی و هه‌رزه‌كاری پێ ده‌ڵێن، به دیوێكی دیكه‌شه‌وه، ئاماژه بۆ رۆژگارێك بكه‌ین كه ده‌كرێ به قه‌ده‌رێك له نامۆبوون له شوێنی خۆت یان خه‌یالاَندنی ئه‌و خوده ره‌سه‌نه‌ی كه له كه‌سێكی تری گشتیی‌دا ده‌ناسرێته‌وه ناودێری بكه‌ین. ئه‌و رۆژگاره‌ی كه ره‌نگه ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئێستا، به هۆی ئه‌و دۆخه شله‌ژواوه‌ی كه ئه‌مرِۆ تێیدا ده‌ژی، كه ره‌نگه به‌شێك له هۆكرده‌كانی ئه‌و شله‌ژاوییه، به جۆرێك له جۆره‌كان، بۆ ده‌ستكورتی نه‌وه‌ی ئه‌و رۆژگاره‌ی من بگه‌رِێنێته‌وه، كه ده‌ستكورت بوو له‌وه‌ی وه‌رچه‌رخانێكی ژێره‌كییانه‌ی جڤاكیی و ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر بۆ نه‌وه‌ی ئێستا دابهێنێ. به هه‌مه‌حاڵ، من سه‌رچاوه‌ی پرس یان ئه‌و نادیارییه‌ی ژیانی منداڵیی، ناوی خۆم و شوێنكاته‌ی كه تۆ سۆراغی ده‌كه‌یت به ره‌هه‌ندی جۆره تاراوگه‌یه‌ك له شوێنی خۆت یان سه‌ره‌تای ره‌تكردنه‌وه‌ی ناو و شوێنگه‌یه‌ك كه به ویستی خۆم نه‌بووه یان ئه‌و منه ره‌سه‌نه نه‌بوو كه كه‌سایه‌تی ناوه‌كیی ئه‌و منه خۆكرده به ئاوێنه بكاته‌وه. هه‌ر ئێستا كه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دام وه‌لاَمێكی ساده‌ی برِواهێنه‌ر بۆ ئه‌و پرسیاره‌ت بدۆزمه‌وه، شه‌پۆڵگه‌لێك له هه‌ست و بیرۆكه‌ی خاو له زه‌ینمدا گنگڵ ده‌ده‌ن، كه شرۆڤه‌كردن یان به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌یان وه‌ك نامۆیی منداڵیی شوێنگه‌ی من ئاڵۆزن. به كورتی، ئاڵۆزی ناو ژیان و شوێنكاتی له دایك بوونی من، پێویستی به سه‌فه‌رێكی هێور به‌ره‌و رارِه‌وه‌كانی ئه‌و مێژووه نادیار و دۆخه نامۆیه‌ی رۆژگاری منداڵییمه‌وه هه‌یه. به‌لاَم به هۆی ئازار یان سه‌ختی ئه‌و سه‌فه‌ره‌وه، ته‌نیا ده‌توانم به گوزه‌رێكی به‌له‌ز چه‌ند دیمه‌نێك له‌و "نه‌زانراو"ییه‌ی منداڵیی خۆم و ئه‌و شوێنكاته، یان رۆژگاره نامۆیه بچنمه‌وه. نادیاریی ژیانی من، وه‌ك منداڵی زۆرێك له مندالاَنی ئاوزه‌ی خۆم له‌و ره‌وشه درِدۆنگه‌ی سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا، به‌شێكی پێوه‌ندی به ئاستی خوێنده‌وا‌ریی خێزان و گۆشه‌گیریی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو كه منی تێدا له دایكبووم و هه‌راش بووم، به‌شێكیشی پێوه‌ندی به چاره‌نووسی بنده‌ستیی و وابه‌سته‌یی بوونی كورده‌وه هه‌یه. له‌و ره‌وشه‌دا تۆ خۆت نیت به دڵی خۆت و زمانه‌كه‌ت ناوی خۆت و ناسنامه‌كه‌ت راده‌گه‌یه‌نی، به‌ڵكوو هێزی كولتوور و ده‌سه‌لاَتێكی بێگانه‌یه ئه‌وه‌ت به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت. به‌مجۆره به ده‌م ئه‌و ره‌وته‌وه ناسنامه‌ی تۆ ده‌بێ به بوونێكی بێده‌نگكراو یان به نامۆكراو؛ واتا تۆ هه‌میشه كه‌سێكی تریت. به‌ڵێ ئه‌و دۆخه‌ی ئاماژه‌م پێ كرد، چاوگه‌ی ئه‌و ناسنامه نادیارییه‌ی منه كه هه‌تا ئێستاش له ئارادایه. بۆیه من هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زووی منداڵییدا به شێوه‌یه‌كی خۆرِسك هه‌میشه به‌رانبه‌ر به ماڵ، ناو، نه‌ریت و پێوه‌ندییه‌كانی ماڵ، مه‌كته‌ب ده‌وروبه‌ره‌كه‌م هه‌ستم به نامۆیی ناو و شوێنگه، ناسنامه خودییه‌كه‌م و هاونیشتمانییه‌كانم ده‌كرد. ئه‌ڵبه‌ته تۆش ده‌زانی، له بنه‌رِه‌تدا ناوی ئێمه، ناسنامه‌كه‌مان به ئێمه نه‌به‌خشراوه. به واتایه‌كی دیكه: گه‌وهه‌رێك نییه له سه‌ره‌تاوه ئه‌و ناو و ناسنامه‌ی كه خوده ره‌سه‌نه‌كه‌مان ده‌رده‌برِێت، به ئێمه‌ی به‌خشیبێت، به‌ڵكوو ئه‌و ناو و ناسنامه كه‌سایه‌تییه ره‌سه‌نه گشتییه‌مان له ئاكامی پرۆسه‌یه‌ك له پێوه‌ندیی رۆشنبیرییه‌كه‌ماندا به‌رهه‌م د‌ێت. پرۆسه‌ی ئه‌و ته‌رزه ناسنامه‌ی كه هی خۆمانه؛ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی كه خودی خۆمانه، هه‌میشه به رِێگاوه‌یه، كۆتایی نایێ. هه‌رچۆنێك بێت، من هه‌ر له منداڵییه‌وه چێژم له گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵی هاوته‌مه‌نی خۆمدا نه‌ده‌بینی. نه‌مده‌توانی نه‌ریته‌كانی ماڵه‌وه قه‌بووڵ بكه‌م، بۆ نموونه، كه میوانمان ده‌هات حه‌زم نه‌ده‌كرد وه‌ك بچووكترین منداڵی ماڵه‌وه خزمه‌تی میوان بكه‌م، حه‌زم ده‌كرد وه‌ك یاخیبوونێك له به‌رانبه‌ر برا گه‌وره‌كانم و باوكم جگه‌ره بكێشم و ئه‌و شتانه نه‌كه‌م كه سه‌پێنراو بوون... تاد. بۆ نموونه، له دوای 1975ه‌وه كه رژێم له زۆربه‌ی قوتابخانه‌كاندا رۆژانه شیر و په‌نیری سێگۆشه و خوارده‌مه‌نیی به‌سه‌ر قوتابیاندا دابه‌ش ده‌كرد، كه‌چی من چونكه، وابزانم پۆلی سێ یان چواری سه‌ره‌تایی بووم، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاییه‌كی سیاسیی ئه‌وتۆم هه‌بێ، حه‌زم ده‌كرد ئه‌و په‌نیر و شیره ره‌ت بكه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش به جۆرێك له جۆره‌كان لای من یاخیبوون به دژی رژێمی به‌عسی بوو. جا رۆژێكیان كه "فه‌رِاش"ه‌كه‌ی مه‌كته‌بمان شیر، په‌نیری سێگۆشه و خورمای به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كردین، له خۆمه‌وه چه‌ند قوتابییه‌كی هاوپۆله‌كه‌م رازی كرد، كه له‌به‌ر ده‌رگای پۆله‌كه‌مانه‌وه ئه‌و په‌نیرانه به‌ره‌و ژووری به‌رِێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ماندا فرِێ بده‌ین. دواجار هه‌موو په‌نیره‌كانمان به دوای یه‌كدا هاوێژا. یه‌كسه‌ر به‌رِێوه‌به‌ره‌كه‌مان به خۆی و دار حه‌یزه‌رانه‌كه‌یه‌وه هاته‌ده‌ر و ئێمه‌ش چووینه‌وه ناو پۆله‌كه‌مانه‌وه. ئه‌و مودیره كه چه‌ند حه‌یزه‌رانێكی له ناو له‌پم دا، له خۆمه‌وه په‌لامارم دا. ئه‌وه یه‌كه‌م جارم بوو به ئاشكرا رووبه‌رِووی ده‌سه‌لاَتدارێك ببمه‌وه، كه به ئاگاییه‌كی سافیلكانه لای من هێمای ئه‌و رژێم و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نامۆبوونه كه‌سایه‌تییه‌م بوو. هه‌روه‌ك هه‌موو ئه‌و ئیشانه‌ی كه برا و باوكم پێیان ده‌سپاردم، هه‌موویانم ره‌تده‌كردنه‌وه یان ملكه‌چكردن به‌رانبه‌ریان ئازاری ده‌دام. به كورتی هه‌ستم ده‌كرد كۆی ئه‌و ژیانه، ژیانێكی سا‌خته‌یه بۆ من. شایه‌نی گوتنه، له‌و ته‌مه‌نه بچووكه‌دا، زۆر حه‌زم ده‌كرد ناوێكی كوردییم هه‌بێ. ئه‌مه‌ش ره‌نگه به‌شێكی پێوه‌ندی به‌و هه‌سته نامۆییه ساوایه‌وه هه‌بوو، كه به‌رانبه‌ر هه‌موو ژیان هه‌مبوو، هاوكاتیش له‌و ته‌مه‌نه‌دا مامۆستایه‌كمان هه‌بوو ناوی یوسف بوو خه‌ڵكی كه‌ركوك بوو، هه‌میشه ده‌یگوت تۆ برای بچووكمی، به ناوی فه‌رهاد بانگی ده‌كردم. هه‌ر له خوێندنی سه‌ره‌تاییدا زۆرێك له مامۆستا و ئه‌و یه‌ك دوو هاورِییه‌ی كه هاوپۆلم بوون حه‌زیان ده‌كرد ناوێكی دیكه‌م هه‌بووایه، بۆیه به ناوی تر بانگیان ده‌كردم. له پۆلی پێنج یان شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ستم به شیعر نووسین كرد، به‌لاَم به نازناوێك شیعرم ده‌نووسی. ئه‌وه‌بوو بۆ یه‌كه‌م جار له‌و قۆناغه‌دا هاورِێی هاوپۆلم ناسیح ئیمام، كه تا پۆلی چواری ئاماده‌یی پێكه‌وه بووین، شیعرێكی منی به نازناوێك، كه نازانم "ئاواره" یان "دڵدانه‌وه" بوو، نارد بۆ به‌رنامه‌یه‌ك، كه وابزانم ناوی "شیعری لاوان"، ئه‌گه‌ر زه‌ینم هه‌ڵه نه‌كا، شاعیرێك به‌ناوی مه‌دهۆش له رادیۆی كوردی به‌غدا به‌رِێوه‌ی ده‌برد. ئه‌وكات قه‌ت هێنده وه‌ك ئه‌و ئێواره‌یه دڵخۆش نه‌بووم كه له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ناسیح گوێمان له‌و به‌رنامه‌یه گرتبوو، له هیكرِا مه‌دهۆش به‌شێك له شیعره‌كانی منی خوێندمه‌وه. وامده‌زانی دنیا هه‌موو هی منه. هیچ شتێك هێنده‌ی بلاَوبوونه‌وه‌ی ئه‌و پارچه شیعره‌م مه‌ستی نه‌كردم. به‌لاَم ده‌ترسام ماڵه‌وه‌مان بزانن. ئه‌وكات و ئیستاش بۆ ماڵی ئێمه كتێب خوێندنه‌وه و شیعر نووسین و بلاَوكردنه‌وه، مه‌ترسیی یان فێره به‌ره‌لاَیی یان بێ مانایی بوو. ئه‌مه‌ش له ئاستی ماڵه‌وه‌دا، تووشی نامۆییه‌كی گه‌وره‌ی كردبووم. به‌مجۆره، من به هۆی ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه هه‌میشه ناوێكی ترم له بری ناوه‌كه‌ی خۆم له‌سه‌ر شیعره‌كانم ده‌نووسی. به‌مجۆره كورِی برایه‌كم هه‌بوو كه له خۆشم گه‌وره‌تر بوو، هه‌میشه به زۆری شیعره‌كانی له گیرفانم ده‌رده‌هێنا و بۆ براكانمی ده‌یخوێندنه‌وه. ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌ك بوو له گه‌ڵته‌كردن به شیعر و بێزاركردنی من له‌و كاره. كه ته‌مه‌نم كه‌مێك هه‌راشتر بوو، حه‌زم ده‌كرد به‌ره‌و ته‌نیایی و شوێنێك هه‌ڵبێم، تا بتوانم له‌و شوێنگه داخراوه و ناوه نابه‌دڵه رزگار بم و ئه‌و ناسنامه كه‌سایه‌تییه ره‌سه‌نه‌ی خۆم بم و په‌ره‌ی پێ بده‌م. دواجار رۆژێك بێ پاره سه‌رم به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵگرت. له‌وێ ئیشی به‌رده‌ستی نه‌جارییم كرد. به‌لاَم جارێك ماڵی عه‌ره‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ند داوایان له‌و قۆنته‌راتچییه‌ی كه من ئیشم له‌گه‌ڵدا ده‌كرد، كرد، كه له ماڵه‌كه‌یدا بناخه‌ی ژوورێكی بۆ دابنێ، ئه‌و قۆنته‌راتچییه منی برد بۆ ئه‌و ماڵه و كاره‌كه‌ی بۆ دیاریی كردم. ئه‌وه‌بوو ده‌بوو نزیك ده‌مژمێر چواری دوای نیوه‌رِۆ بێته دوام و بمباته‌وه بۆ ئه‌و هوتێله‌ی كه لێی ده‌خه‌وتم، به‌لاَم من دوای چه‌ند سه‌عات كه هه‌ستم به‌وه‌كرد خزمه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندێك ده‌كه‌م، وازم له كاره‌كه هێنا و هه‌تا سه‌عات چوار له ده‌وری ئه‌و ماڵه ده‌سوورِامه‌وه. كاتێك قۆنته‌راتچییه‌كه هات و بینی كاره‌كه‌م نه‌كردووه، حه‌په‌سا و وتی ئه‌وه بۆ ئه‌و كاره‌ت نه‌كردووه؟ منیش وتم: نامه‌وێ خزمه‌تی عه‌ره‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌م. كابرای قۆنته‌راتچی كه كوردێكی كۆیێ بوو و ده‌مێك بوو له به‌غداش ده‌ژیا، به ده‌م وه‌لاَمه‌كه‌ی منه‌وه پێكه‌نی و وتی تۆ لێت تێك چووه. مه‌به‌ستم له‌وه ئه‌وه‌بوو بڵێم، من تا به‌ر له پێشمه‌رگایه‌تیی، هه‌میشه هه‌ستم ده‌كرد له‌و شوێنه نامۆم؛ له شوێنێكی ترم؛ ناسنامه‌ی بوونی من له كه‌سایه‌تییه‌كی تردایه. ئه‌مه‌ش هه‌میشه هه‌ستی نیگه‌رانیی تێدا ده‌فراژاندم، دواجاریش ئه‌وه وای لێ ده‌كردم هه‌میشه ئۆقره نه‌گرم. به كورتی هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییمه‌وه تا هه‌رزه‌كارییش به‌رانبه‌ر هه‌موو شتێك هه‌ستم به نامۆییه‌كی گه‌وره ده‌كرد، كه ئێستاش ئه‌و هه‌سته بوو به ژیانێكی واقیعی. وابزانم ئه‌و باره ده‌روونییه بوو كه له ته‌مه‌نی منداڵییه‌تییدا تووشی سه‌ر ئێشه‌یه‌كی سه‌ختی كردم، كه دواجار له پێشمه‌رگایه‌تی زانینم ئه‌وه"میگرێن"ه، كه به عه‌ره‌بی "شه‌قیقه"ی پێ ده‌ڵێن. ئه‌و سه‌ر ئێشه‌یه له‌و ته‌مه‌نه‌دا وای لێ كردم یه‌ك مانگ له خه‌سته‌خانه بم و ئاگاشم لێ نه‌بێت. ئه‌ڵبه‌ت تا ئێستاش ئه‌و سه‌ر ئێشه كه هات وه‌ك كوره‌ی ئاسن وایه. وێرِای ئه‌مانه‌ش، به هۆی بوونی چه‌ند مامۆستایه‌كی جوانی وه‌ك، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، عومه‌ر مه‌عروف به‌رزه‌نجی بۆ یه‌كه‌م جار كتێبم خوێنده‌وه و هه‌ستم به چێژی شیعر و خوێندنه‌وه كرد. هه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ش هانی ئێمه‌ی قوتابی ده‌دا رۆژانه شیعر بنووسن و بخوێننه‌وه. له‌و رۆژه‌وه شیعر بووه په‌نا یان سێبوورییه‌ك بۆ ئه‌و هه‌سته نامۆییه‌ی كه هه‌مبوو. له‌وێوه شیعر بوو به فه‌نایه‌ك بۆ ئه‌و ناسنامه كه‌سایه‌تییه ره‌سه‌نه‌ی من یان سێبوورییه‌ك بۆ ئه‌و ته‌نیاییه روحییه له ئاگایی منداڵیی من به‌ده‌ره. ئه‌وه‌بوو یه‌كه‌م جار له رێگای ئه‌و مامۆستایه‌وه داستانی خه‌ج و سیامه‌ندم ناسی. دوای مه‌كته‌ب چوومه ده‌ره‌وه‌ی گوند تا ئێواره هه‌مووم له‌به‌ر كرد. شه‌وانه كه له ژوورێكدا ده‌یان له برا گه‌وره و خوشك و باوك و دوو دایكم ده‌خه‌وتن، له بری ئه‌وه‌ی ئه‌ركی مه‌كته‌ب بخوێنمه‌وه و بنووسمه‌وه، كه‌چی له‌به‌ر فانۆسێكدا به دزی ماڵه‌وه ئه‌و كتێبانه‌م ده‌خوێنده‌وه كه مامۆستا عومه‌ر مه‌عرووف به‌رزه‌نجی پێی ده‌داین. له‌و روانگه‌یه‌وه، ئه‌و نادیارییه‌ی ناو و شوێنگه‌ی من، پێوه‌ندی به‌و سه‌ره‌تاگه نامۆیه‌ی منداڵیی به‌رانبه‌ر بوونه‌كه‌ی خۆیه‌وه هه‌یه. دواجار لای من ئه‌و نامۆبوونه بوو به خودئاگاییه‌ك و سه‌رهه‌ڵگرتن له‌و ناوه و شوێنگه داسه‌پاوه، یان دابرِانێك له‌و ناسنامه كه‌سایه‌تییه‌ی كه هی من نه‌بوو، به‌ڵكوو هێزێكی ده‌ره‌وه‌ی من سازی كردووه. ئه‌مه‌ش بوو به سه‌فه‌رێكی رۆشنبیریی به‌ره‌و داهێنان و به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه كه‌سایه‌تییه‌ی كه له منداڵییه‌وه ببوو به پرسیارێك له ناخی مندا. به‌مجۆره، ئێستا لام وایه، هۆكردی نادیاریی ناو، شوێنه‌كه‌م، خودی نووسین، هه‌لاَتن له ماڵ، بوون به پێشمه‌رگه، په‌راگه‌نده بوون له هه‌نده‌ران و... تاد، زاده‌ی ئه‌و نامۆبوونه‌ی منداڵییه‌تی من بوو. به‌لاَم ئێستاش نازانم بۆ ئه‌و نامۆبوونه‌ی من له هاوپۆل، ماڵه‌وه و دانیشتوانی گونده‌كه‌مان له‌وانیتر نیگه‌راهێنه‌رتر بوو! چونكه هیچێك له هاوپۆله‌كان، ماڵه‌وه‌مان و خه‌ڵكی گونده‌كه‌مان، وه‌ك من تووشی ئه‌و نامۆبوونه و ئه‌و ئاكامه نه‌بوون كه من تووشی بووم. له‌وه ده‌چێ به تیشكێكی بزواوی ئه‌م وه‌لاَمانه‌وه، ئه‌و نادیارییه‌ی ناو و شوێنگه‌ی منی به‌دیار خستبێت؟ هه‌رچۆنێك بێت، له ئاخاوتنه‌كانی داهاتووماندا ئاكام و ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و پرۆسه‌ی نامۆبوونه له ژیانی مندا ده‌رده‌كه‌ون. به‌لاَم وه‌لاَمه فه‌رمیی یان ساده‌كه‌ی ئه‌و پرسیاره ئه‌وه‌یه، كه پێناسه‌ی من به‌گوێره‌ی "ده‌فته‌ر نفوس"ی رژێمی رابردوو، كه له 1976 به هۆی داوای قوتابخانه بوو یان نازانم، بێ ئه‌وه‌ی خۆشم ئاگام لێ بێت، ئه‌و ده‌فته‌ر نفوسه‌م هه‌بوو). هه‌ر بۆیه تا له شار ده‌ژیام به یادم نایێ، مه‌گه‌ر ناچاری نه‌بێ، نه ئه‌و ده‌فته‌رنفووسه‌م هه‌ڵگرتبێ و نه به هی ناسنامه‌ی خۆشم ده‌زانی، ناوی من: مه‌هدی حوسێن ئه‌حمه‌د، له‌ساڵی 1963، له ده‌ڤه‌ری كه‌ندێناوه‌ی هه‌ولێر له دایك بووم. ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: كه‌وابوو مندالأ و منداڵێتى، ئه‌و په‌رِه كاغه‌زه سپیه نییه، دڵخوازانه چیت بووێت له‌سه‌رى بنووسرێت، دواجار ئه‌ویش بوونه‌وه‌رێكه رِوانین و هه‌ستى خۆى هه‌یه، ئێمه‌یه‌ك كه خاوه‌نى ئه‌و خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنه نین و ژیانێكى ته‌ژى له ئازار و خێزان، یان دایك و باوكێكى ناته‌ندروستمان هه‌یه، چۆن ده‌توانین خۆمان له‌وه رِزگار بكه‌ین، پێتان وا نییه ئه‌وه بێت كرۆكى گرفته‌كه؟ هه‌ندرێن: روانگه‌ی منداڵ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بێ‌ئاگا، یان وه‌ك "په‌رِه كاغه‌زێكی سپی"، پێوه‌ندیی به جیهانبینی هزرڤانانی ناوه‌رِاست یان پێش رۆشنگه‌رییه‌وه هه‌یه. له‌وێدا به گشتی گریمانه فه‌لسه‌فییه‌كانی مرۆڤخوازیی (هومانیزم) و لایه‌نی هه‌سته‌كی به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی فێله‌سووفاندا زاڵ بوو. به‌مجۆره مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی چاك و گه‌ردوونی وێناده‌كرا. دیدی فێله‌سووفانی ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌وه بوو، كه منداڵ "كاغه‌زێكی سپی"، كه به لاتینی "تابوله راسه"ی پێ ده‌ڵێن، بێ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كه‌سایه‌تی له دایك ده‌بێ و مرۆڤه هه‌راشه‌كان، باوك، برا و ده‌وروبه‌ر به كه‌یفی خۆیان ئه‌و "كاغه‌زه سپی"یه پرِ ده‌كه‌نه‌وه. له سه‌ده‌ی دوازه‌دا توماس ئه‌كیونۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ی به‌كارهێنا و پاشان جۆن لوك له سه‌ده‌ی شانزه‌دا ئه‌و پێناسه‌ی كرد كه تا ئه‌مرِۆش له ئارادایه. به كورتی لوك پێی وابوو كه چۆن سه‌ره‌تا تێگه‌یشتنه‌كان به رێگای بینین و دواجاریش كۆی ئه‌زموونه‌كانه كه ئه‌و شێوه له منداڵ ده‌سازێنێ كه بتوانێ بیر بكاته‌وه. هاوكاتیش، ئه‌گه‌ر به بیرت بێت، رۆسۆ له رۆمانی "ئه‌میلا"دا هه‌مان بیرۆكه‌ی هه‌یه، لێ ئه‌و پێی وایه، چونكه منداڵ وابه‌سته‌ی مرۆڤه هه‌راشه‌كانه، بۆیه مرۆڤه هه‌راشه‌كان چۆن حه‌زبكه‌ن به‌مجۆره منداڵ په‌روه‌رده ده‌كه‌ن. ئه‌م كورتیله ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه بوو، كه بزانین سه‌رچاوه‌ی وێناندنی منداڵ وه‌ك "كاغه‌زێكی سپی"، له كوێوه هاتووه. دیاره دوای ئه‌و روانگه‌یه، له سه‌ده‌ی بیستدا له ئاستی په‌روه‌رده، كۆمه‌ڵناسیی و... تاد روانگه‌گه‌لی جیاواز سه‌باره‌ت به منداڵ و منداڵیی له دایك بوون، كه لێره‌دا ئه‌ركی ئه‌م ئاخاوتنه‌ی ئێمه نییه له‌مه‌رِ ئه‌و روانگانه‌وه بپه‌یڤێ. لێ ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرینگه، سه‌رنجدان یان ئاورِدانه‌وه‌یه له‌و منداڵ و منداڵییه‌ی كه وه‌ك تاكه‌كه‌سی جیاواز هه‌ڵگری سروشت و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌سته‌كیی و بنه‌ماگه‌لێكی نامۆن، مرۆڤه هه‌راشه‌كان ناتوانن به مه‌یلی خۆیان پرِی بكه‌نه‌وه. سه‌باره‌ت به منداڵیی خۆشمه‌وه، وه‌ك له وه‌لاَمی پرسیاریی یه‌كه‌مدا وتم، من له ژینگه‌یه‌كی یه‌كرِه‌نگ، داخراو و ژیانێكی وشك و به‌رته‌نگ له دایكبووم و له‌وێشدا ته‌مه‌نی منداڵییم به‌سه‌ر برد. له‌و ژینگه‌یه‌دا كه پێكهاتبوو له ماڵێكی ئازاراویی، ده‌وربه‌رێكی نه‌ریتی. به‌لاَم، وه‌ك وتم، هه‌ر زوو حه‌زم ده‌كرد هه‌موو ئه‌و پێوه‌ندییه قه‌تیسماو و نه‌گۆرِانه ره‌تبكه‌مه‌وه كه له نێوان كۆی پێوه‌ندی ئه‌ندامه‌كانی ماڵه‌كه‌مان له ئارادا بوو، هه‌رچه‌نده من بچووكترین منداڵی ئه‌و ماڵه بووم. له منداڵییه‌كی زوودا باوك و براكانم ناچاریان كردم هه‌م بچمه مه‌كته‌ب و هه‌میش لای مه‌لای گونده‌كه‌مان ببمه فه‌قێ. من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، بێ هیچ هاندانێك له ده‌وروبه‌رم و سه‌رچاوه‌یه‌كی رۆشنبیریی، هاوكاتیش كۆی خه‌ڵكی گونده‌كه‌مان و هاوته‌مه‌نه‌كانم دیندار و مرۆڤی ساده بوون، حه‌زم له‌و گوێگرتنی مه‌لای گونده‌كه‌مان نه‌بوو، كه رۆژانه ده‌بوو له دوای ئه‌وه‌وه "جزوو حه‌مه" بڵێمه‌وه تا ئه‌زبه‌ریان بكه‌م. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی ئه‌وكات منێكی منداڵ و بێ كاریگه‌ریی سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌وه‌ی كه ژینگه‌ی ماڵ و گونده‌كه‌مان بوو، نه‌ده‌چوومه باری ئه‌و فشارانه‌ی كه ده‌یانویست وه‌ك "كاغه‌زێكی سپی" پرِم بكه‌نه‌وه؟ له‌و هه‌سته سه‌ره‌تاییه‌وه، رۆژێكیان لاسارانه، وه‌ك جۆره گاڵته‌كردنێك، به هه‌ڵه چه‌ند دێرێك له دوای ئه‌و مه‌لایه گوته‌وه، وابزانم دێره‌كه ئه‌وها ده‌ستی پێده‌كرد "سیراته‌ل موسته‌قیم..."، منیش وتم "وسیراته‌ل سابوونه..."، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر شه‌قێكی لێدام. منیش هه‌لاَتم بۆ ماڵه‌وه. پاشان له ماڵه‌وه‌ش داركاریی كرام. به‌مجۆره ئه‌و خوێندنی فه‌قێیاتییه‌م لا ببوو به دێوه‌زمه. له خۆمه‌وه زۆر لێی ده‌ترسام. هه‌ر بۆیه، وابزانم، دواجار هه‌موو شتێكی ئیسلامم له‌به‌رچاو كه‌وت. دواجار هه‌رچه‌ند ماڵه‌وه زۆریان لێكردم، به‌لاَم من رازی نه‌بووم له‌و خوێندنه به‌رده‌وام بم. هاوكاتیش ده‌روێشه‌كانی گوند له شه‌وانی چوارشه‌ممه‌دا له‌ناو حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی گونده‌كه‌ماندا زیكریان ده‌كرد. به‌لاَم نازانم بۆچی زۆر حه‌زم له دیمه‌نی زیكر و بوونی ده‌روێسه‌كان ده‌كرد. بۆیه ئه‌و شه‌وانه به دزی ماڵه‌وه ده‌چوومه مزگه‌وت و له پشت ده‌رویشه‌كان به ترسه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه سه‌رم باده‌دا. ئه‌وه‌بوو شه‌وێكیان كه ده‌روێشه‌كان له ناو حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌كه‌دا زیكریان ده‌كرد و زۆر گه‌رمم ببوون، له حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌كه‌دا بیرێك هه‌بوو كه سه‌ری كراوه بوو و زۆریش قووڵ بوو، له كاتی سه‌ر باداندا كه خه‌ریكبوو گێژ ده‌بووم، له پرِ ئاورِم دایه‌وه، قاچێكم له سه‌ر ده‌رگای بیركه بوو. ئه‌گه‌ر به رێككه‌وت ئاورِم نادابایه‌وه، ره‌نگه بكه‌وتبامه ناو بیره‌كه. سه‌یر له‌وه‌یه هیچێك له منداڵه هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆم وه‌ك من حه‌زیان له سرووتی ده‌روێشه‌كان نه‌ده‌كرد كه شه‌وانی چوارشه‌ممه نمایشیان ده‌كرد! به گشتی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی ده‌روێسه‌كان ئه‌وكات هه‌م جۆره ترسێكی لای من هه‌بوو، هه‌میش جۆره جادوویه‌ك بوو منی ئاوێزانی خۆی كردبوو. به‌مجۆره له ته‌واو ژیانمدا ئه‌و دیمه‌نه‌ی ده‌روێشه‌كانم به یاد دێنه‌وه. بۆیه لێره له سوێد ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر سۆفیزم و ده‌روێشم خوێنده‌وه. دواجار له زانكۆ له به‌شی مێژووی هزردا كه كۆرسێك له‌سه‌ر جیهانبینی رۆژهه‌لاَت هه‌بوو، من وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌و كۆرسه، وتارێكم له‌سه‌ر سۆفیزم نووسی. كه‌واته ئه‌و هه‌سته سه‌ره‌تاییانه له یاده‌وه‌رییدا كه‌ڵه‌كه ده‌بن و دواجاریش ئێمه له ته‌مه‌نێكی تردا به رامانێكی تر ده‌یانخه‌مڵێنینه‌وه. یان رۆژانی هه‌ینی كه مه‌لا له مزگه‌وت خوتبه‌ی تایبه‌تی ده‌دا، هه‌موو خه‌ڵك ده‌چوونه نوێژ و پاشان نانیان ده‌خوارد. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی منداڵیش بچووباین بۆ نوێژی هه‌ینی، له ماڵه‌وه و ده‌وروبه‌ری خۆشه‌ویست ده‌بووین. رۆژێك له‌گه‌ڵ هاوپۆڵ و هاورِێیه‌كی گوندیم، كه ناوی هاشم نووری بوو، چووینه نوێژی هه‌ینی و له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌دا له ته‌نیشت یه‌كتر نوێژمان كرد. له كاتی دوعا خوێندندا مه‌لاكه باسی خێری كرد، منیش ره‌مه‌كییانه، بێ بیركردنه‌وه ده فلووسی ئه‌وكاتم هه‌بوو و له گیرفانم ده‌رهێنا و خستمه ناو ده‌ستی هاشم كه ده‌ستی كردبۆوه و دوعای ده‌خوێند. خۆشی ئه‌وه‌یه هاشم به پێچه‌وانه‌ی من زۆر ده‌م به پێكه‌نین بوو و بۆیه به ساده‌ترین شت ده‌تریقایه‌وه. جا كه ده فلووسه‌كه‌م خسته ناو له‌پی، پرِماندی و تریقایه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكه‌نیه‌نه‌دا پێاوێكی ته‌مه‌نداری گونده‌كه‌مان له ته‌نیشت ئه‌و نوێژی ده‌كرد، یه‌كسه‌ر به‌ر شه‌قی دا. له‌وكاته‌ی كه خه‌ڵكانی گوند به دڵ دوعایان ده‌كرد، ئێمه‌ش هه‌ردووكمان به پێكه‌نینه‌وه ده‌رپه‌رِین بۆ ده‌ره‌وه. هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا كه وابزانم پۆلی سێ و چوار بووم، مامۆستاكان له باوكمان وه‌ك جه‌لادێك بوون. بۆیه دوای مه‌كته‌بیش نه‌ده‌بوو ئێمه‌ی قوتابی به‌رانبه‌ریان گه‌مه بكه‌ین. رۆژێكی به‌هار بوو، وه‌ك لێم تێكچوو بێت، تۆپێكی په‌رِینم دروست كرد، چونكه ئه‌وكات ماڵه‌وه تۆپی پێیان بۆ نه‌ده‌كرِێن، هه‌وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی هیچ گه‌مه‌یه‌كی منداڵیشم نه‌بوو، حه‌زم ده‌كرد وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌به‌ر چاوی مامۆستاكان تۆپانێ بكه‌م. كورِی برایه‌كم هه‌بوو له ته‌مه‌نی خۆم بوو، زۆرم هه‌وڵدا یارییم له‌گه‌ڵ بكا، به‌لاَم ئه‌و له ترسی مامۆستاكان نه‌یوێرا. پاشان من به ته‌نیا له ده‌روه‌ی ماڵه‌وه له‌سه‌ر رێگایه‌ك كه به‌رانبه‌ر ماڵی مامۆستاكان بوو، ده‌ستم كرد به یاریكردن به‌و تۆپه په‌رِۆینه. ئێستاش له یادمه كات ده‌مه و عه‌سر بوو، كه مامۆستاكان بۆ پیاسه هاتنه ده‌ره‌وه و سه‌یری منیان ده‌كرد، منیش تاكوو زیاتر یاخی بوونی خۆم نیشانبده‌م، به گورِ و جۆشتر شووتم له تۆپه‌كه ده‌دا. به‌لاَم كه شه‌و داهات، لای من هاتنی به‌یانی دۆزه‌خ بوو، بۆیه حه‌زم نه‌ده‌كرد شه‌و كۆتایی بێت. سبه‌ینێكه‌ی كه چوومه مه‌كته‌ب مامۆستایه‌كیان زوو بانگی كردم و تێری لێدام. سه‌یر له‌وه‌یه، ئه‌و تۆپانێیه هه‌ر ته‌نیا منی تووشی ترس له تۆڵه‌ی مامۆستاكان نه‌كرد، به‌ڵكوو ئه‌و هاوپۆلاَنه‌ی كه له كاتی گه‌مه‌ی تۆپانێی ته‌نیای خۆمدا نه‌ده‌وێران نزیكم ببنه‌وه، هه‌تره‌شیان چوو بوو. خۆتان ده‌زانن، ئازار یان رووداوه تراژیدی/ كۆمیدییه‌كانی هه‌ر یه‌ك له منداڵی ئێمه، سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ن. لێره‌دا یه‌كێك له‌و رووداوه سه‌یرانه‌ی كه له‌و ته‌مه‌نه منداڵییه‌دا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار سه‌خت بوو، ناكرێ نه‌یگێرِمه‌وه: شه‌وێكیان دایكێكم دووپشكی پێوه‌دا، به‌و شه‌وه له ماڵه‌وه پیاڵه‌یه‌كی به تاڵیان دامێ و ناچاریان كردم بیبه‌م بۆ لای مه‌لای گونده‌كه‌مان تاكوو پرِی ئاوی بكا و دوعای له‌سه‌ر بخوێنێ و پاشان دایكم ئاوه‌كه بخواته‌وه و ئه‌و شوێنه‌ی پێ بشوا كه دووپشكه‌كه پێیه‌وه‌دابوو. منیش له ناخه‌وه هه‌م زۆر گاڵته‌یه‌كی ساویلكانه‌م به‌و برِوایه ده‌هات و هه‌میش زۆر شه‌رمم ده‌كرد بچمه ماڵی ئه‌و مه‌لایه. به‌لاَم ناچار له‌گه‌ڵ كورِی برایه‌كم به‌ره‌و ماڵی مه‌لا سابیر به‌رِێكه‌وتین. كاتێك چووینه ده‌ره‌وه نه ئه‌و و نه منیش حه‌زمان نه‌كرد بچینه ماڵی مه‌لا. له پرِ ئه‌وه‌م به خه‌یاڵ داهات كه بچین له حه‌وز‌ی بیره‌كه‌ی به‌ر ده‌رگای ماڵه‌كه‌مان پرِی ئاوی بكه‌ین و دوای بگه‌رِێنه‌وه ماڵ و بیده‌ینه ماڵه‌وه كه به دیار ئازاری دایكم وه‌ستابوون. من به كورِی براكه‌م گۆت ئه‌وه بۆ ماڵه‌وه نه‌گێرِینه‌وه، ئه‌ویش رازی بوو. كاتێك كه ماڵه‌وه به ده‌م دوعا خوێندنه‌وه ئاوی پیاڵه‌كه‌یان به ده‌م دایكمه‌وه ده‌كرد، وێرِای ئه‌و دیمه خه‌مگینه‌ش، پێكه‌نین منی داگرتبوو. دیاره ئه‌و چاره‌سه‌رییه ده‌بێ هۆكارێكی ئایینیی یان سرووشتی هه‌بێت. هاوكاتیش به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وكات له‌و گونده‌دا هیچ خه‌سته‌خانه و ده‌رمانێك نه‌بوو. بۆیه خه‌ڵك كه دووپشك یان ماری پێوه‌ده‌دا، یانیش نه‌خۆش ده‌كه‌وت ده‌بوو پیاڵه ئاوێك ببه‌نه لای مه‌لای مزگه‌وت یان پیاوچاكێك و ئه‌ویش دوعای له‌سه‌ر بخوێنێ و دواجاریش ئه‌و كه‌سه ئه‌و ئاوه بخواته‌وه. گێرِانه‌وه‌ی ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی منداڵی بێ كۆتایین. به‌لاَم ئه‌و نموونانه‌م بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه، كه سه‌رنج له‌و هۆكردانه بده‌ین، كه بۆ مندڵی نه‌بوو به‌و "كاغه‌زه سپی"یه. دیاره من وێرِای ئه‌و واقیعه‌ی ماڵ و ده‌وروبه‌ر، دڵگیرییه‌كی زۆرم به‌رانبه‌ر نهێنییه‌كانی سروشت هه‌بوو. دیمه‌نی ئه‌ستێره و ناوه‌كانیان. به تایبه‌تیش له شوانی هاویندا كه له‌سه‌ر بانی ماڵه‌كه‌ماندا له‌سه‌ر پشت درێژ ده‌بووم، تا دره‌نگی شه‌وان له جمه و بریقه‌ی ئه‌ستێران ورد ده‌بوومه‌وه. له‌وێ كشانی ئه‌ستێران له شه‌وانی هاویندا گیانی پرِ موچرِكه ده‌كردم. چونكه له حیكایه‌ته‌كانی دایكمه‌وه وا تێگه‌یشتبووم كه ئه‌ستێره جۆره بوونه‌وه‌رێكی ئاسمانین. هه‌روه‌ك نهێنی هه‌لاَتن و ئاوابوونی هه‌تاو، پرسیارێك بوو هه‌راسانی ده‌كردم. باران و گه‌واڵه، راكردنی خێرای ته‌می دوای باران، شین بوون و بۆنی گه‌رم و شێداری گیان و گوڵی ره‌نگا و رِه‌نگی به‌هاران، زه‌وی قاوه‌یی و خۆڵه‌پۆكی هاوینان، كه رۆژانه وه‌ك به هانا چوونێك میزم به‌و شوێنه خۆڵه‌پۆكانه‌دا ده‌كرد، وامده‌زانی تێنوویه‌تی ئه‌و زه‌وییه ده‌شكێنم. گێژه‌لوولكی هاوینان كه وه‌ك وێنه‌یه‌كی سیحری هه‌موو جۆره شته كه‌وتووه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرت و به تیژی خلۆر ده‌بۆوه و منی منداڵیش به تاسه‌وه به دوایدا غارم ده‌دا تاكوو له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ره‌و دوور دوور هه‌ڵمبگرێت. له‌وێدا له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر حه‌زم له سه‌یركردن و تێگه‌یشتنی هه‌ندێ له زینده‌وه‌ره، خشۆك، باڵنده و چۆڵه‌كان بوو. له‌وانه هاتنی قه‌تێ، كه لای من باڵدارێكی تا حه‌ز بكه‌ی جوان و ناسك، بێده‌نگ و دڵ‌بزوێن بوو، له هاوینان و گه‌رِانه‌وه‌یان بۆ شوێنه دووره‌كان له پاییزدا، ببووه پرسیارێك تا ته‌مه‌نێكی ته‌واو تێی نه‌گه‌یشتم. ئه‌وكات خۆزگه‌م به سه‌فه‌ری ئه‌و قه‌تێیانه ده‌خوارد. هه‌میشه كێویه‌تیی و ته‌نیایی ئه‌و باڵنده زینده‌وه‌رانه خه‌یاڵیان داگیركردبووم. ئه‌و هه‌ست و ئه‌زموونه ساوایانه، له پاڵ ئه‌و رووداوه ئازاراوییانه‌ی نێوان پێوه‌ندییه‌كانی ماڵ، نادادپه‌روه‌ریی نێوان خه‌ڵكه هه‌ژار و بێهێزه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌لاَتداره‌كانی گونده‌كه‌مان و... تاد، وه‌ك دوو جیهان له گیان و یاده‌وه‌ریی مندا له ململانێیه‌كی ئاڵۆزدا ده‌ژین. ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كه كه دواجار تۆ ناسنامه‌كه‌ی خۆتی له‌سه‌ر بونیات ده‌نێی. له‌و روانگه‌یه‌وه، دیدی من، منداڵ له ژێر ئه‌و ئازار و فشارانه‌ی كه تۆ باسیان ده‌كه‌ی، دوو ته‌رزه منداڵ و منداڵیی به‌رهه‌م ده‌هێنن: 1- منداڵ و منداڵییه‌كی كه‌مۆ، ملكه‌چ به‌رانبه‌ر مرۆڤه هه‌راشه‌كان؛ واتا ئه‌و "كاغه‌زه سپی"یه‌یه كه مرۆڤه هه‌راشه‌كان به كه‌یفی خۆیان پرِ ده‌كه‌نه‌وه. 2- منداڵ و منداڵییه‌كی یاخی. سه‌ره‌تا ئه‌و چه‌شنه منداڵه كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندنی خۆرِسكی تێدایه، كه نامۆیه به شوێنگه‌كه‌ی. ئه‌و منداڵه به ویستێك له هێزێكی ناوه‌كی كه به‌شێكی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تیی و به‌شێكیشی كاریگه‌ریی بوونه‌وه‌ره جیاوازه‌كانی سروشت و ئه‌و هه‌سته بینراو و ئه‌زموونه چكۆلاَنه‌ن كه وا له منداڵییمان ده‌كه‌ن نه مه‌یلی وابه‌سته بوون به ده‌سه‌لاَتدارانمان تێدا برِسكێ و نه خۆشمان خولیای ده‌سلاَتخوازیمان هه‌بێت. لێره‌وه ده‌كرێ ئه‌و ئازار و فشارانه‌ی كه له ژیانی خێزان و ده‌وروبه‌رمان هه‌ن و ئه‌وانیش به‌وانه‌وه ئێمه فرچكده‌ده‌ن، وه‌ك هه‌ستێك له بینینه ده‌ره‌كییه‌كان سه‌یریان بكه‌ین. ئه‌و ئه‌زموونگه‌له له ئازار و ژانه‌ی خێزان و ده‌وروبه‌رمانیش له یاده‌وه‌ریماندا كه‌ڵه‌كه ده‌بن و دواجاریش له‌و ململانێیه‌ی له له نێوان هێزی ناوه‌كیی و هێزی ده‌ره‌كیی ئێمه‌دا ده‌ستپێده‌كا، یان ئه‌و شێوه‌مان لێ ده‌سازێنێ كه نه‌ریتی ماڵ و ژینگه‌كه‌مان سازاندوویانه یانیش ئێمه به‌و هێزه ناوه‌كیی، ئه‌و هه‌ستی بینین و ئه‌زموونه زیندووانه‌ی كه له یاده‌وه‌رییماندا شوێنپێیان به‌جێهێشتووه ناسنامه خودییه‌كه‌ی خۆمان به‌رهه‌مده‌هێنین. ئه‌مه‌ش جۆره دابرِانێكی تاكه‌كه‌سییه له‌و ئازارانه‌ی خێزان و و ده‌وروبه‌ره‌كه‌مان، كه ره‌نگه شه‌رِی ئه‌و ئازارانه و ئه‌و ناسنامه خودییه‌مان، له تاراوگه‌ی شوێنیش هه‌رگیر هه‌دادانمان نه‌دا. لێره‌دا، به ته‌رزه شرۆڤه‌یه‌كی ئاوه‌لاَ له روانگه‌ی دێڤید هیومه‌وه، برِوام وایه كاتێك یاده‌وره‌ریی ئێمه‌ی منداڵ وه‌ك "كاغه‌زێكی سپی" به‌و ئازارانه‌ی، كه تۆ ئاماژه‌یان پێده‌كه‌ی، تژی ده‌كرێ، ئیتر ئێمه‌ی منداڵ به گوێره‌ی راده‌ی ویستی ناوه‌كیمانه‌وه هێدی هێدی له‌و ئه‌زموونه هه‌سته‌كییانه‌وه جۆره تێگه‌یشتنێك له ره‌نگ، شێوه مه‌یلی تایبه‌ت به خۆمانیانیان لێ ده‌سازێنین. ئه‌و هه‌ستكردنانه‌ش له یاده‌وه‌ریی ئێمه‌دا ده‌ژین و دواجاریش ئه‌وانه به شێوه‌ی جیاوازه‌وه له خه‌یالماندا ئاوێته‌یان ده‌بن و ده‌یانخه‌ملێنین. به‌مجۆره روانین و بیرۆكه‌كانمان له هه‌مبه‌ر بوونی خۆمان و ده‌وروبه‌رماندا ده‌خه‌مڵێن. دیاره له ده‌ستپێكدا ئه‌و بیرۆكانه به جۆرێك له جۆره‌كان بۆچوونگه‌لێكی نه‌خه‌مڵیوون كه له‌و تێگه‌یشتنه سه‌ره‌تاییانه‌وه هه‌ڵقوولاَون. لێره‌وه ئه‌و بیرۆكه ساوایانه‌ی منداڵیی و بگره تا ده‌گاته قۆناغی دوای هه‌رزه‌كاریی و پێگه‌یشتن، له‌و كێشمه‌كێشه ناوه‌كیی و ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه له دایك ده‌بن. دواجاریش له ته‌مه‌نی هه‌راشییدا ئه‌و بیرۆكانه له ئاستێكی رۆشنبیرییدا كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ده‌یانكه‌ین به بنه‌مایه‌ك بۆ ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی خۆمان روانگه‌گه‌لێك له ژیانماندا. له‌و روانگه‌یه‌وه، ده‌كرێ رزگاربوون له‌و ئازار و فشارانه‌ی خێزان و ده‌وروبه‌رماندا، كارێكی مه‌حاڵ نییه. بۆیه ده‌بێ ئێمه له‌وه بهزرین كه یاخی بوونی منداڵ و منداڵیی له به‌رانبه‌ر ئه‌و ئازار و خواستانه‌ی خێزان و ده‌وروبه‌ر، كه ده‌خوازن یاده‌وه‌ریی منداڵیی ئێمه به دڵی خۆیان پرِبكه‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌وه كاره كاریگه‌ریی له‌سه‌ر منداڵیماندا داده‌نێ، به هه‌مان شێوه‌ش ده‌كرێ به پێچه‌وانه‌یه‌كه‌یه‌وه بێ هیچ هۆكردێك به‌رجه‌سته ئێمه نه‌بینه ئه‌و منداڵه‌ی كه خێزان و ده‌وروبه‌رمان ده‌یخوازن. لێره‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌كی سه‌پێنراو له نێوان ئه‌و جۆره منداڵ و منداڵییه جیاوازنه‌دا نییه كه رۆڵی خێزان و ده‌وروبه‌ر، وه‌ك هۆكردێك، له وێنه‌ی خۆیاندا به‌رهه‌میانده‌هێننه‌وه. كه‌واته ئه‌و ناسنامه منداڵییه دابرِاوه له‌و ئازاره خێزانیی و فشاره جڤاكییانه‌دا، به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌رِوا كه له نێوان ئاڵوگۆرِكردنی پێوه‌ندییه‌كانماندا له ئارادایه. بنه‌مای ئه‌و ناسنامه تاكه‌كه‌سییه یان تایبه‌ته له‌و هه‌ستپێكردنانه‌وه له دایك ده‌بێ، كه سه‌ره‌تا وه‌ك پرسیار و گومان له پێوه‌ندییه باوه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌دا. به‌مجۆره له ته‌مه‌نی هه‌راشیماندا كار له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌كاندا ده‌كه‌ین، تاكوو ناسنامه تاكه‌كه‌سییه‌كه‌مان بخه‌مڵێنین. به‌مجۆره ئێمه له نێوان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه و فشارانه‌ی خێزان و ده‌وروبه‌رمان و مه‌یل و ئیشكردن له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌رییمانه‌وه، ناسنامه‌یه‌ك ده‌ستبه‌ر ده‌كه‌ین كه هی خۆمانه، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان ده‌خوازین، ئه‌وها ئه‌و "كاغه‌زه سپی"یه‌ی منداڵییمان پرِ ده‌نه‌خشێنین. دیاره منداڵیی ئێمه هه‌ڵگری هیچ ئه‌زموونێكی لێكچوو و ئاسانی راسته‌وخۆ نین، كه بتوانێ هه‌ڵگری تاقیكردنه‌وه جیاوازه‌كانمان بێت. كاتێك ناوه‌رِۆكی ئاگایی من له شوێنێكدا ئاماده‌یی نه‌بێت، كه‌واته منه‌كه‌ی خۆشم بوونی نییه. ئه‌وه یاده‌وه‌رییه كه وامانلێده‌كا شه‌پۆڵی هه‌میشه‌ی هه‌ستكردنه‌كانمان بناسینه‌وه، دواجاریش هه‌ر ئه‌و هه‌ستكردنانه‌شن به ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی، ناسنامه‌ی من ناودێر ده‌كرێن. كه‌واته گفتوگۆكردنێكی هه‌میشه یان ئاگاییه‌كی رۆشنبیریی له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ریی منداڵیی، وامانلێده‌كا بچینه‌وه ناو خۆمانه‌وه، ئه‌مه‌ش له دواجاردا ناچارمان ده‌كا ناسنامه‌یه‌كی جیاواز له‌و ناسنامانه‌ی، كه به رێگای په‌روه‌رده‌ی خوێندن، ماڵ و جڤاكه‌وه به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنرێن، بۆ خۆمان به‌رهه‌مبهێنین. به هه‌مه‌حاڵ، په‌رۆشخۆریی به‌ره‌و ئه‌و منداڵییه‌ته، وه‌ك په‌رۆشیخۆریی بۆ ناسنامه‌یه‌كی بێگه‌ردمان، هه‌رگیز كۆتایی نایێ. كه‌واته لێره‌دا با ئێمه‌ش، به ئاورِدانه‌وه‌یه‌ك له چرپاندن بۆ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی منداڵیی، له نیوه‌رێی ئه‌و سه‌فه‌ره‌دا پشووه‌ك بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ په‌رۆشخۆری گاڤی داهاتووی ئه‌و سه‌فه‌ره هه‌ڵكێشین ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: به‌م وه‌لآمه‌تان گوته‌یه‌كى (بۆرخێس) هاته‌وه بیرم، كاتێ كه‌ده‌ڵێ: گه‌وره‌ترین ساحیر ئه‌و كه‌سه‌یه سیحرێكى وا له خۆى بكات كه وه‌همه‌كانى خۆى له شێوه‌ى تارمایى سه‌ربه‌خۆدا بێته به‌رچاو، ئایا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه حاڵى رِاسته‌قینه‌ى ئێوه‌ش نه‌بووه؟ تا ئێستاش خه‌ونى له‌و جۆره ده‌بینن؟ شڵه‌ژاندن و خوڵقاندنى گومانبینى ژیان له منداڵى و هه‌رزه‌ییدا رِه‌نگدانه‌وه‌ى بۆ؟ هه‌ندرێن: خولیای بۆرخیس وه‌ك "ساحیر"ێكی دانسقه و رێزپه‌رِ ئه‌وه‌بوو، سنووری نێوان خه‌ون و ژیان مه‌حفبكاته‌وه، بۆیه مرۆ كه ده‌قه خه‌ونزانه‌كانی ده‌خوێنێته‌وه وا ده‌زانێ زنجیره‌یه‌ك له زینده‌خه‌و یان جیهانێكی ساحیرانه‌ی سه‌ربه‌خۆی ده‌خوێنێته‌وه. به‌مجۆره خودی بۆرخیس توانی ببێته ئه‌و ساحیره كه "تارمایی" خۆی و زمانه‌كه‌ی بكاته مه‌ته‌لێكی سه‌ربه‌خۆ. راستت ده‌وێ، دوور له به‌راوردكاریی، ده‌كرێ بڵێین، من له‌و ژینگه‌یه‌ی كه ئه‌زموونی منداڵیی هه‌رزه‌ییم تێدا به‌سه‌ر برد، هیچی ترم نه‌بوو له‌وه‌ی زیاتر بچمه‌وه ناوه‌وه‌ی خۆم. دواجار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جیهانه ناوه‌كییه هۆگریی و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا دروست بكا، له باڵه‌فرِێیه‌كی ره‌مه‌كیی زیاتر، هیچی تری نه‌بوو سێبوورییم پێ ببه‌خشێت. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا شۆرِبوونه‌وه‌یه به‌ناو ته‌نیاییدا. سه‌ره‌تا وتمان، لاته‌ریك بوونی من له روشی باوی مندالاَنی ئاوزه‌ی خۆم و بێزار بوون له پێوه‌ندییه دارِێژراوه‌كانی ماڵ و ده‌وروبه‌ر، جۆره فرِێدانێكی گۆشه‌گیریی و فرِێدانێكی ناچاری من بوو به‌ناو خه‌یالاَندن. ئه‌مه‌ش دۆخێكی تژی له ژانی ده‌روونیی دروستكرد. ئاكامی ئه‌مه‌ش گیرۆده‌ی ناخێكی راماوی كردم، كه له‌و ته‌مه‌نه‌دا ترسناك بوو. ئه‌و چوونه ناو خوده، رامانه به چاوی ناخ، سه‌ره‌تای تارمایی ئه‌و ته‌نیاییه بوو كه 27 ساڵه به دوامه‌وه‌یه. كه‌واته ئێستا، بێجگه له نووسینه‌وه‌ی ئه‌و تارماییه، خۆكردن به ته‌رزه ته‌رماییه‌ك نه‌بێت، رێگایه‌كی تر له به‌رده‌م ئه‌و ئه‌و بوونه ناوه‌كییه ته‌نیاییه نه‌ماوه‌ته‌وه. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی بوونی من، هه‌ڵكه‌وتی ئه‌و مندڵییه‌تییه، كه گه‌رِانه‌وه بۆی مه‌حاڵه. هه‌رچه‌نده له‌وه‌ته‌ی له سوێدم به دوای دۆزینه‌وه‌ی هۆكردێكی لۆژیكی ئه‌و هه‌ڵكه‌وته‌ی مندڵیی خۆم سه‌رقاڵم، به‌لاَم هه‌موو ئه‌و بیانۆیه لۆژیكیی و هه‌سته‌كیانه‌ی كه هه‌ن، هه‌دادانم ناده‌ن. دیاره له به‌راییرِا، له منداڵییدا ئه‌و "وه‌هم"انه سیحرێك نه‌بوون كه منداڵی له ئاستی ئاگاییه‌كی رۆشنبیرییدا فامی كرد بن، به‌ڵكوو مه‌حاڵی ئه‌و ئاشتبوونه‌وه‌ی منداڵی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌ی كه بۆ منی منداڵ و هه‌رزه به تاڵ بوو له هه‌موو دڵبزواندنێك. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌ست نه‌بوونی وه‌لاَمێكی سێبووری به‌خش بۆ كێشه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و درِدۆنگیی و گومانه منداڵییه‌ی، كه تۆ ئاماژه‌یان پێده‌كه‌یت، سه‌رگه‌ردان نه‌بین، هانا بۆ ئه‌و كۆپله شیعرانه ده‌به‌ین كه له كاتی جیاوازدا سۆراغی ئه‌و "تارماییه سه‌ربه‌خۆ"یه‌یان كردووه: "تۆ ناخێكی راماویت و له رارِه‌وی چۆڵستانێكدا، كات له سه‌متی رۆژێكی سه‌رقاڵ به ناوه‌ختییه‌كه‌ی ده‌چنێته‌وه. منداڵێك تا چاوبرِكا به رێچكه‌ی ناو دره‌خته‌كاندا غارده‌دا. بێده‌بگی له‌ناو یه‌كه‌ی خۆیدا ده‌پچرِێ و به‌ناو نادیاریدا په‌رشده‌بێته‌وه. غه‌ڵبه‌غه‌ڵبێك به‌ره‌و دواوه هه‌ڵتده‌گرێ: ئایا ده‌گه‌یته‌وه ئه‌وێ؟" (شیعری، ئاوێنه‌كانی خوێن، 2003) به‌مجۆره دواجار ره‌نگه سیحری ئه‌و منداڵییه، ئیستاش وه‌ك "تارماییه‌كی سه‌ربه‌خۆیی"، هه‌میشه، وه‌ك چۆن له منداڵییدا وامده‌زانی هه‌لاَتن له ماڵ و چوون بۆ ناو ئاپۆره‌ی شارێكی دووری وه‌ك به‌غدا، كه یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌لاَتنی من بوو، دواجار به‌ره‌و چیاكان، بوونه پیشمه‌رگه، له مه‌یلی فرِین، هه‌میشه سه‌رهه‌ڵگرتن به‌ره‌و جیهانێكی دیكه‌ی نادیار یان بێكۆتاییدا خۆی بنوێنێ: له‌ناوه‌كمرِا: با‌ڵگه‌لی په‌یڤه‌كان؛ كۆچگه‌لی ناوه‌كی، ئاورِێكی له‌سه‌ر سه‌ربانی هاوینییه. ها ئه‌وه رژانی ئه‌ستێران، له گه‌مه‌ی كۆچكوچه‌ی رێگای كاكێشان، برووسكه‌ی گلۆپی كۆلاره‌ی بن ئاسمان، چاوشلكێی ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ، له‌مدوی غوباری شه‌وانی پێده‌شتان، شاگه‌شكه‌ت ده‌كا: منداڵی ئه‌م ناوه‌ت. (شیعری، هه‌ندرێن، 2007) ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: له‌لاوێتى و هه‌رزه‌كاریدا، هه‌لآتن جۆرێك سه‌ركێشى و، فرِینیش باڵێكى به‌ره‌و چیا‌و پێشمه‌رگایه‌تى پێبه‌خشى، به‌رله‌وه‌ى جارێ باسه‌كه‌مان به‌ره‌و ئه‌وێ به‌رین، ده‌مه‌وێ بزانم چى لێسه‌ندى، چى له‌خه‌م و ئازاره‌كانت زیادو كه‌مكردن؟ هه‌ندرێن: له‌وه‌ده‌چێ چاره‌نووسی مرۆڤ، ئازار و چێژی خۆشییه‌كانی، له‌و سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه ره‌نگبگرێت كه هه‌وڵماندا له سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌ماندا پێناسه‌یه‌كی بۆ بكه‌ین. لێره‌وه چاره‌نووسه‌ی، ئه‌و له ده‌ست چوون و "خه‌م و ئازار"انه‌ی كه تۆ ئاماژه‌یان پێده‌كه‌ی له‌و سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه ده‌ستیان پێكرد كه هه‌ستم كرد ئه‌و ژینگه، ماڵ، گه‌مه‌كانی مندالاَن، نه‌ریتی ده‌وروبه‌ر، قوتابخانه و... تاد نامۆن به من. به‌مجۆره من به هۆی ئه‌و هه‌سته دژه به‌رانبه‌ر ئه‌و نۆرمه كۆمه‌لاَیه‌تییه، وه‌ك منداڵێكی گۆشه‌گیر له جیهانی مندالاَنی ئه‌و ژینگه‌یه بێبه‌ش بووم و هه‌میش له نازی ماڵ. دیاره شتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویسته، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له هه‌ر ته‌مه‌نێك بێت له‌گه‌ڵ ره‌وت، نۆرمه‌كانی ماڵ و ژینگه‌كه‌ی نه‌گونجێ، خوێنتاڵ ده‌كرێ. ئاكامی ئه‌مه‌ش گیرۆده‌بوونی ئازارێكی ناوه‌كیی، شه‌رِێكی نه‌برِاو‌ه‌یه له‌گه‌ڵ خودی خۆیی و ژینگه‌كه‌ی. مرۆڤ له هه‌موو جیهاندا داوای لێده‌كرێ تۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه بیت كه گشت خه‌ڵك به دڵیانه: گوێرِایه‌ڵی باوك، برا، مامۆستا، پیاو "نه‌ك ژن"ه ده‌سه‌لاَتداره‌كانی ده‌وروبه‌ر و جڤاكه‌كه‌ت بیت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوویت ئه‌وه تۆ هه‌میشه سه‌ركۆنه ده‌كرێی، له هه‌موو مافێكت بێبه‌شت ده‌كه‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ریسوات بكه‌ن. به‌مجۆره من وه‌ك چۆن له ته‌مه‌نی منداڵییدا كاته‌كانم به خۆزگه و خه‌ونبینین به هه‌وره كۆچكردووه‌كان، گێژه‌لوولكه‌ی هاوینه گه‌رمه‌كان، لاوفاوی ئه‌و بارانه به خوورِانه‌ی كه به ناو كه‌نده‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سه‌ریانهه‌ڵده‌گرت، ئه‌ستێره دووره‌كانی ژێر رێگای كاكیشان، سه‌رابی سه‌ر رووخساری چیایه دووره‌كان و... تاد به‌سه‌ر ده‌برد، ئیستاش، به هه‌مان روحه‌وه، به ئاوێته‌یه‌ك له هه‌سته‌وه‌ریی و ویستێكی هزریی، كوشته‌ی ئه‌و خه‌یالاَندن و مه‌یله مه‌حالاَنه‌م. ئێستا به ده‌م ئه‌و ئاخاوتنه‌وه ده‌ربرِینیكی نیكۆس كانتزاكیسم به یاد هاته‌وه كه نزیكه‌ی 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خوێندوومه‌ته‌وه. كانتزاكسی له "راپۆرتێك بۆ گریكۆ"دا، به رێگای راناوی "تۆ"ه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كا، كه مرۆڤه ئاساییه‌كان، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین ئاپۆره‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه له منداڵییه‌وه وه‌ك " كاغه‌زێكی سپی" به ده‌ستی گه‌وره‌كان پرِ كراوه‌نه‌ته‌وه ده‌كرێنه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پرسیاره‌كانیان؛ واتا خه‌ون، حه‌ز و ئامانجه‌كانیان دیاریكراو و ئاسانن: جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه نه‌ریتییه‌كانی ژیان، ماڵدانان، ژن هێنان/شووكردن، منداڵ دروستكردن و ئیش و خواردن، به‌لاَم، وه‌ك كانتزاكسی ده‌ڵێ، پرسیاره‌كانی تۆ، كه‌سێكی په‌رۆشخۆر، مه‌یلدار به ژیانێكی سه‌ربه‌خۆ، هه‌رگیز كۆتاییان نایێ. كه‌واته كاتێك ئه‌و گومانی منداڵییه‌ی من ژینگه و نه‌ریته‌كانییه‌وه ساده‌یی ژیانی منداڵیی و لاوایه‌تییه‌كه‌ی لێسه‌ندمه‌وه، ئیتر ئه‌و ئازار و خه‌مانه دوای ئه‌وه و ئیستاش هه‌میشه له زیاد بووندایه. چونكه من له‌و ته‌مه‌نه‌وه هاوورِه‌وتی منداڵ و هاوپۆله‌كانی ئه‌و ژینگه‌یه نه‌بووم، كه به چالاَكیی و نه‌ریته‌كانی ماڵه‌ویاندا به‌خته‌وه‌ر بوون. له‌وێوه من به ته‌نیا مامه‌وه. ئاكامی ئه‌و ته‌نیاییه‌ش بێماڵیی، له ده‌ره‌وه‌ی سرووتی ماڵ و ژینگه سرووته‌كه‌ی، برسییه‌تی، بێ پاره‌یی و ژیانێكی سه‌هه‌نده‌یی بوو. دواجار هاوپۆڵه‌كانم نه له‌گه‌ڵ نه‌ریت و پێكهاته هاراركییه‌كانی ماڵ، گون و قوتابخانه تووشی گرفت بوون، نه له ماڵ تۆران، نه بوونه پیشمه‌رگه. هه‌موویان وه‌ك میراتگریی خێزانه‌كانیان كاسبییه‌كیان دۆزینه‌وه، ژنیان هێنا، منداڵیان دروستكرد، (ئێستاش هه‌ندێكیان، وه‌ك میراتگرانی پێشمه‌رگایه‌تی، خاوه‌ن ده‌سه‌لاَتی سیاسیی، ئیداریی و مووچه‌ی باشن! پیرۆزیان بێت). ئه‌و دۆخه له ته‌نیایی و یاخیبوونه هه‌سته‌كییه‌ش به‌وه‌نده كۆتایی نه‌هات كه به‌رده‌وامی ژیانی رۆژانه‌ی سه‌ختتر ده‌كرم، به‌ڵكوو له هه‌موو ئه‌وانه‌ش مه‌ترسیدارتر، تێكه‌لاَوبوونی من بوو به رێكخستنی "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان" و نواندنی چالاَكی سیاسیی و عه‌سكه‌ریی له‌و ته‌مه‌نه هه‌رزه‌ییه‌دا. ئاكامی ئه‌مه‌ش، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، ئاشكرابوونی ئه‌و چالاَكییه سیاسییه‌ی من و هاتنه دوام بۆ قوتابخانه و راوه‌دوونانم له لایه‌ن ئه‌منه‌كانی رژێمی لێكه‌وته‌وه. ئه‌مه‌ش دواجار، وه‌ك ئه‌زموونی منداڵیی، رووبه‌رِووی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختی كردمه‌وه: یان ده‌بوو به شێوه‌یه‌كی سه‌ركێشانه به‌ره‌و چیا و بوون به پێشمه‌رگه سه‌رهه‌ڵگرم، یانیش خۆم راده‌ستی قه‌ده‌ری رژێمی به‌عس و لۆمه‌كانی ماڵه‌وه بكه‌مه‌وه. به‌مجۆره، وه‌ك به‌رده‌وامییه‌ك له سه‌نگه‌ساریی منداڵییم، ره‌مه‌كیی و هه‌سته‌كییانه، بێ بوونی ئاگاییه‌كی رۆشنبیریی و سیاسیی، بێ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كم له ئاكامه‌كانی ئه‌و سه‌رهه‌ڵگرتنه هه‌بێت، رێگای یه‌كه‌مم هه‌ڵبژارد. له ده‌ستپێكدا ئه‌و ته‌رزه لاملییه‌ی منداڵیی به تێكه‌لاَوییه‌ك له چێژی ئازادیی، دوور له سنوور و مه‌رجه‌كانی ماڵ و ده‌وروبه‌ر، ئازار و خه‌م ده‌ستی پێكرد: له ژیانی ساده‌ی گونده‌وه بۆ ژیانی نادیاریی شار، ئازاد بوون له كۆنترۆڵی ماڵ و ژینگه‌یه‌كی به‌رته‌نگ، به‌رهه‌ڵدانی هه‌ست و خۆدانه ده‌ست سه‌ره‌سوورِه و رزگار بوون له ژیانێكی بنده‌ستییه‌وه بۆ چه‌شنه ژیانێكی مه‌یله و سه‌ربه‌خۆ و... تاد. هاوكاتیش ئه‌گه‌رچی له مه‌رجی نه‌ریت و سنووره‌كانی ماڵ و ده‌ورووبه‌ر رزگار بووم، به‌لاَم ئه‌و ژیانه سه‌ربه‌خۆیه‌ی ناو شار مه‌رجێكی دیكه‌ی له به‌رانبه‌ر ئازادی ژیانم قووتكرده‌وه ئه‌ویش: مه‌رجی ئابووریی بوو. لێره‌وه ئه‌و ئازاره‌ی ژیان له چوارچێوه‌ی ماڵه‌وه بوو به ئازاری كۆی جڤاك. كه‌واته ئه‌و لاملیی، گومان و دژایه‌تییه‌ی منداڵیی من به‌رانبه‌ر ماڵ گه‌یاندمی به دورِیانێك، كه هه‌م گه‌رِانه‌وه بۆ ماڵی منداڵیی مه‌حاڵ بوو و هه‌میش دڵنیایی له رێكردن به‌ره‌و ماڵێكی سه‌ربه‌خۆی داهاتوو. به‌مجۆره به ده‌م ئه‌و مرِكێش مرِكیشه ناوه‌كیی و سه‌رمه‌ستییه ده‌ره‌كییه‌ی ئه‌و ژیانه‌وه نارِه‌زایی و ململانێیه‌كان هه‌ر له ئاستی ماڵ و ژینگه‌یه‌كی گوندییه‌وه نه‌مایه‌وه، به‌ڵكوو بوو به نارِه‌زایی و ململانێیه‌كی مه‌تریسداتر له‌گه‌ڵ كۆی سیسته‌می سیاسیی و جڤاكییدا. هاوكاتیش به ده‌م ئه‌و دۆخه‌وه سرووتی ژیان و شته‌كانی گوند، بۆن و ره‌نگی وه‌رزه‌كان، نووستن له‌سه‌ر بانی ماڵه‌وه، كشانی ئه‌ستێره‌كان، رۆچوون له درێژایی رێگای كاكێشان، بۆنی خۆڵه‌پۆكی گه‌رمی هاوینان به ده‌م میزكردنی رۆژانه‌ی منداڵی به‌سه‌ریا، په‌نگدانه‌وه‌ی بۆنی دوای بارانی خاك له پاییزان، شه‌پۆڵی سه‌وزی كێڵگه‌ی گه‌نم و جۆكان، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه په‌رِ بۆر و ئه‌زبه‌ركردنی ئه‌و كۆپله شیعرانه‌ی كه مامۆستا عومه‌ر مه‌عرووف به‌رزه‌نجی به قه‌رز پێ ده‌داین، سه‌ردوولكه ناخگیره‌كانی دایكم كه نه‌مده‌زانی ئه‌و په‌رۆشیی و وه‌رِسییانه بۆ كام یادگاردیی بوون و ئه‌و سۆزانه له كام سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵده‌قوولاَن و به‌ره‌و كوێش منیان هه‌ڵده‌گرت، جریوه جیریوی به‌یانیانی نێره و په‌رِه‌سێلكه نیره و مێیه‌كانی ناو هێلانه‌ی بنمیچی ماڵه‌كه‌مان، غوبار، هورِه‌بای هاوینان كه هه‌میشه تووشی سه‌ر ئێشه بوورانه‌وه‌ی ده‌كردم و ... تاد بوون به جیهانێكی خه‌یاڵیی و وه‌رِسییه‌كی روحیی، رۆژگارێكی كه گه‌رِانه‌ی مه‌حاڵ بوو. لێره‌وه، به واتای سارته‌ریی، چاره‌نووسی ئه‌و منداڵییه‌ی من له‌و جیهانه رارِایه‌دا، وه‌ك هه‌تیوێك، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌و خود ئازاده، بێجگه له تاقیكردنه‌وه و چێژوه‌رگرتن له‌و بوونه سه‌هه‌نده و گه‌رِان و سه‌ركێشییانه، هیچ بوارێكی دیكه‌ی له‌به‌رده‌م نه‌ماویه‌وه. كه‌واته چێژی ئه‌و منداڵییه‌ی من له‌ناو ئه‌و ژینگه سنوورداره و رۆژگاره‌دا، له هه‌ستكردن و ئاگاییه‌كی ناوه‌كیی له هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌تیووییه‌دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێته‌وه، كه ئه‌و خودئاگاییه له‌و رۆژگاره و ژینگه به‌رته‌نگه‌دا، دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌ن بوو. لێ زیانه‌كانی ئه‌و هه‌ڵشاخانانه‌ی منداڵیی و هه‌رزه‌یی، یان خودئاگاییه‌ی منداڵیی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مرِۆ من دوای 27 ساڵ زیاتر به‌سه‌ر بردنی كۆی ژیانی لاویه‌تی به پێشمه‌رگایه‌تیی و ته‌مه‌نی هه‌راشی به ژیانی تاراوگه‌یی، له ماڵ و كۆی كوردستاندا نامۆم؛ له ماڵ و ده‌وروبه‌ری رۆشنبیریی و سیاسیی كوردستاندا هه‌روه‌ك كه‌سێكی تر بم، تارماییه‌كی پێناسه‌نه‌كراو بم. ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: كاكه هه‌ندرێن، جارێ نه‌مویستووه برِۆینه نێو دنیایى ئه‌ده‌ب و ژیانى سیاسى و رِوانگه‌ى بنه‌رِه‌تى فكریتان، لێره به‌دواوه گفتۆگۆكه‌مان پێ ده‌نێته ئاستێكى قوڵتر، جگه له‌وه‌ش خوێنه‌رێكى باشى شیعر و نووسینه‌كانى ئێوه بووم، دڵنیابه هه‌وڵمداوه لێره و له‌وێ سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندى ژیان و لێكدانه‌وه و رِوانگه‌ى فیكریتان زۆرتر زانیارى ده‌ست بخه‌م، ته‌نها هیوادارم ماندوو نه‌بن، به‌رده‌وام له ته‌ندروستیتان ده‌پرسم. ئه‌گه‌رچى سه‌باره‌ت به خوێندن و پێكه‌وه‌نانى ژیانى هاوسه‌رێتیتان، چییه‌كتان بۆ باس نه‌كردووم، سه‌ره‌رِاش پێم وایه هه‌ندرێن زۆرتر ئاوێته‌یه‌ك بێت له خه‌یالآت و ئه‌زموون وه‌ك له‌وه‌ى تارماییه‌كى پێناسه‌نه‌كراو، ئێوه بیرورِایه‌كى جیاواتان هه‌یه؟ هه‌ندرێن: ئه‌وه به‌سه‌رچوو كه ئێمه به دوای لێك جیاكردنه‌وه یان ئاوێته‌كردنی خه‌یاڵ و تارمایی خۆمانه‌وه بین. تارمایی خۆی سێبه‌ری خه‌یاڵه، هه‌روه‌ك ئه‌زموونه‌كانی من له چرِی یان په‌رته‌وازه‌یی خه‌یاڵه‌كانن. بێ ئۆقره‌یی منداڵیی من، هه‌روه‌ك بوون به منداڵێكی بێ ئۆقره، له جێنشینبوونی خه‌یاڵه‌وه‌یه. له‌وێدا ئه‌و منه هه‌میشه له‌گه‌ڵ تارماییه‌كانی خه‌یاڵه‌كانی خۆیدا له گفتوگۆیه‌كی بێكۆتایی، تۆران و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی نیگه‌ران دایه. ده‌مویست بڵێم، خه‌یاڵ رووی ده‌ره‌وه؛ ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م دیمانه‌ی تارماییه. وه‌لێ گرینگی ئه‌و "ئه‌زموون و خه‌یاڵه"ی من له‌وه‌دایه، كه ئه‌و "ئاوێنه"یه بێت هه‌میشه ره‌سه‌نایه‌تی یان شوێنپێیه‌كانی خۆی ئاوێنه‌بكاته‌وه. لێره‌وه من پێم خۆشه هه‌رگیز له پێناسه‌یه‌كدا به‌رجه‌سته نه‌كرێمه‌وه. چونكه مرۆڤ كه پێناسه‌كرا، نه به خۆی مه‌یلی گه‌رِان به دوای په‌نامه‌كی پرسیاره‌كانی تێدا ده‌مێنێ و نه بۆ ئه‌وانیتریش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی نادیار، دڵ‌بزوێن ده‌مێنێته‌وه. به‌مجۆره حه‌زی من ئه‌وه‌یه، هه‌میشه به‌رِێوه‌بوونه؛ به‌ره‌و ئه‌و كه‌سه‌ی دیكه، خوده ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆم سه‌فه‌ر بكه‌م. جێنشینبوون له خه‌یاڵ، ئه‌و جووله‌یه كه بوون به باو، یان بودا واتانی: له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مدا چوارچمكی روونیشم؛ واتا مه‌رگ ره‌تبكه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنپێی ئه‌زموونه‌كانی ژیان و رامانه‌كانم بوونم شه‌به‌نگی بنوێنن. لێ ئه‌گه‌ر تۆ، به لای كه‌مییه‌وه، به تیله‌ی چاوێكته‌وه شیعره‌كانی منت خوێندبێته‌وه، ده‌توانی شه‌به‌نگی ئه‌و "خه‌یالاَت و ئه‌زموونانه"ی ژیانی به‌دی بكه‌یت. ده‌با وه‌ك هانایه‌ك په‌نا بۆ ئه‌و رامانه شیعرییانه به‌رین، كه له‌وێدا وردتر شه‌به‌نگگه‌لی ئه‌و "خه‌یالاَت و ئه‌زموونانه" خۆیان نمایشده‌كه‌ن: " باڵێك له رۆح و جه‌سته‌شم رۆناكی هه‌نار. من چیتر به راڤه‌ی سه‌رهاتی هه‌بوونێك سه‌رقاڵ نیم ماڵه‌كه‌م ده‌نگێكه، له سروودی باڵنده و زایاڵه‌ی ئه‌زموونێك." (باڵه‌فرِه‌ی په‌یڤه‌كان به‌ده‌م رووتبونه‌وه‌ی هه‌ناره‌وه) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و "خه‌یالاَت و ئه‌زموونه" منداڵییه ببنه شه‌به‌نگێك له ئه‌زموونی پیرییه‌تیدا، پێویسته به‌ره‌و زمان بگه‌رِێینه‌وه، كه جه‌سته‌ی شیعره: "منداڵێك له جیاتی گۆڵئه‌ستێره‌یه‌ك، شه‌وبۆیه‌ك بۆ هه‌تاو درێژ ده‌كا." (باڵه‌فرِه‌ی په‌یڤه‌كان به‌ده‌م رووتبونه‌وه‌ی هه‌ناره‌وه) به‌ناو بارانی یادوه‌رییه‌وه هاتی، تۆ ئه‌ی به‌ره‌به‌یانی پیریی." تۆ ده‌زانی له جڤاكێكی وه‌ك كورددا، ئه‌گه‌ر تۆ له بارتدا بێت ببیته ئه‌و "كاغه‌زه سپی"یه، مه‌یسه‌ركردنی پێناسه‌كه‌ت كارێكی سه‌خت نییه. چونكه ئه‌وه خۆت نیت ئه‌و پێناسه‌یه دیاریكراوه ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌یته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌وه بنه‌ماڵه و مه‌رجه ره‌مه‌كییه‌كانی جڤاك، نه‌ریته باوه‌كانی جڤاكه كه ئه‌و پێناسه‌یه به تۆ ده‌به‌خشن. ئه‌مرِۆش ئه‌و پێناسه‌یه باوه له چه‌ند شتی مایه‌كیدا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه: بوون به كه‌سێكی گه‌مه‌باز، وابه‌سته‌بوون به حیزبێك، ماشێنێك، خانووه‌كی كه‌مێك گران، ژن هێنان. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر یان شاعیرێك بوویت ئه‌وه‌ی ده‌توانی به نووسینی چه‌ند شیعرێكی "ئاشقانه" و به‌كارهێنانی زمان و شێوازێكی ئاسۆیی، جار جاره‌ش ره‌خنه له گه‌نده‌ڵیی و هاوكاتیش په‌سندانی سه‌رۆكێك و... تاد، ناسنامه‌كه‌ت ناسراو بێت و ببیه كه‌سێكی به‌خته‌وه‌ر. من له‌وه‌ته‌ی هه‌م به دژی ئه‌و ره‌وته رۆیشتووم. بۆیه من هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه ساوایه‌ی منداڵییوه هه‌میشه خوێندكارێكی لامل بووم، گرینگیم به ئه‌ركی مه‌كته‌ب نه‌داوه و له خۆشمه‌وه ئه‌و خوێندكاره گوێرِایه‌ڵ و مۆده‌خوازه نه‌بوومه. له ده‌ستپێكی گفتوگۆكه‌مانه‌وه هه‌وڵمدا، وه‌ك خۆی و زۆر ساكارانه، تیرێژێك له‌و ئه‌زموونی منداڵیی و هه‌رزه‌یی خۆم بچنمه‌وه، لێ وێده‌چێ نه‌متوانیبێت له‌مدیو ئه‌و بوونه نمایشكراوه‌ی خۆمدا كۆی ورده‌كارییه‌كان یان ژیانه‌كانی ئه‌و قۆناغانه رۆشنبكه‌مه‌وه. له‌وه‌دا ویستم بێژم، من تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی خۆم له پرینسیپێك ده‌بینی كه هه‌موو ژیانی ده‌گرته‌وه، واتا لای من، هه‌ڵوێست وه‌رگرتن هه‌ر ته‌نیا له بوارێكدا نه‌بووه، به‌ڵكوو كۆی نه‌ریته جێگیره‌كان بوو. له‌وێدا ئه‌و شێوه ژن هێنانه بۆ من زیندان یان نه‌ریتێكی پووچ بوو، هه‌روه‌ك ئێستاش لام پووچه. چونكه ئه‌و نه‌ریتێكی جڤاكیی و ئایینی باوه و مرۆڤ خۆی ده‌كاته دیلێكی ئه‌و سنوورانه‌وه. له‌وێدا ئه‌ڤینداریی ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆتكردنی مه‌یله‌كانی مرۆڤ. به كورتی ئه‌و ژنهێنانه به‌شێكی بنه‌رِه‌تییه له‌وه‌ی كه تۆ خۆت بده‌یته ده‌ست ئه‌و نه‌ریته بۆماوانه‌ی كه وه‌ك ئه‌و "كاغه‌زه سپی"یه، ئه‌و خوده‌ی تۆ پرِ بكرێته‌وه . من ئه‌وكات، نه‌ك ئێستا به هۆی ئه‌وه نییه كه له سوێدم، گاڵته‌م به‌و شێوه نه‌ریتییه‌ی ژنهێنانه ده‌هات. بۆیه مه‌حاڵ بوو ژن به‌وجۆره بێنم كه باو بوو و ئێستاش هه‌ر وا باوه. من حه‌زم ده‌كرد ئه‌ڤینداری كیژێك بـ‌م، كه دانسقه بێت، ئازاد بێت، برِوای به ژن و مێردایه‌تییه‌كی نه‌ریتیی نه‌بێت، شۆرِشگێرِ، دژی به‌عس بێت، به كورتی به مانای روحی ئه‌وكاته‌م یاخی بێت. دیاره ئه‌و ژیانه ئیدیالییه و كیژه یاخییه كورده‌شم ئێستاش نه‌بینیوه‌ته‌وه. به‌ڵێ، پیش‌تر وتم، له ته‌مه‌نی پانزه شانزه ساڵیدا له ماڵه‌وه سه‌رمهه‌ڵگرت، ماوه‌ی ساڵێك له كۆنه خانوویه‌ك ژیام، كه وێده‌چێ ته‌مه‌نی به قه‌د قه‌لاَی هه‌ولێر بێت. ئه‌و ته‌لاره هوتێلێك بوو كه ئه‌وكات ناوی "هوتێل خانزاد" بوو. ئه‌و هوتێله ده‌كه‌وێته سه‌ر "چایخانه‌ی مه‌چكۆ". من له‌و ژووره ده‌ژیام كه ده‌كه‌وێته سه‌ره‌تای ئه‌و په‌ییژانه‌ی كه به‌ره‌و په‌یكه‌ره "داماوه‌كه‌ی"ی ئێستای ئیبن مسته‌وفی ده‌چێت. ژیان له‌و هوتێله زه‌نگینترین و سه‌رمه‌سترین ئه‌زموونی لاویه‌تی من بوو. ئه‌وكات ئه‌و "هوتێل خانزاده" لانه‌ی مرۆڤه لانه‌وازه‌كان، شێته جوانه‌كانی هه‌ولێر، ئه‌و خه‌ڵكه گوندییانه‌ی كه بۆ سه‌ردان یان شت فرۆشتن ده‌هاتنه هه‌ولێر كه زۆربه‌یان هی لای خۆشناوه‌تی بوون، كورِباز و ژنی لاونه‌وازه و هه‌موو مرۆڤه سه‌یره‌كانی كوردستان و بگره عێراق و میسریش بوو. رووداوه سه‌یره‌كانی شه‌وانه‌ی ئه‌و هوتێله بۆ من دڵفرِێن بوون. شه‌وانه دره‌نگ هه‌میشه ئه‌و شێته گه‌نج و جه‌سته ساغ و سه‌ر سفره، چورچه، كه یه‌كێك له شێته سه‌یره‌كانی هه‌ولێر بوو، ده‌هات له‌و هوتێله بخه‌وێ. كاتێك ئه‌و پیاوه‌ی كه له په‌سگه‌ی ئه‌و هوتێله كاری ده‌كرد، رێگای به چورچه شێت نه‌ده‌دا، چورچه‌ش ده‌یكرده رۆژی عه‌شر، هاواری ده‌كرد و شه‌رِه قۆچانێی له‌گه‌ڵ دیوار ده‌كرد و تا ده‌رگای لێ نه‌كراباوه وازی نه‌دهێنا. زۆر گوناح بوو. ئه‌و كابرایه لیقنه‌ی كه خۆی هۆمۆسێكسوال بوو، هێنده بێ ره‌حم بوو، تا چورچه سه‌ری خوێنی لێنه‌چۆرِاباوه، نه‌یده‌هێشت بێته ژووره‌وه. كاتێك چورچه ده‌هاته ناو هوتێله‌كه، من ده‌مهێنا بۆ ژوره‌كه‌ی خۆمان، كه وابزانم له‌و ژووره بچووكه‌دا سێ چوار كه‌س بوو ده‌ژیاین. ئیتر چورچه ده‌ستی ده‌كرد به قسه سه‌یره‌كانی خۆی. یه‌كێك له‌و سه‌ربردانه‌ی كه چورچه بۆی ده‌گێرِاینه‌وه، گانكردن بوو له‌گه‌ڵ ژنه هولێرییه‌كان. چورچه چونكه له‌شێكی تۆكمه و جوانی هه‌بوو، دیار بوو ئه‌و له‌شه رێك و سه‌ره سفره‌كه‌ی بۆ ژنانی ئه‌وكات زۆر سێكسی بوو. چورچه رۆژانه به ناو كۆلاَنی گه‌رِه‌كانی "ته‌عجیل"، "عه‌ره‌بان"، "ناو قه‌لاَت" و ئه‌و ده‌وروبه‌ره ده‌سوورِایه‌وه، جا كه چورچه، به تایبه‌تی نیوه‌رِۆیان، به‌و كۆلاَنانه تێده‌په‌رِیی، ئه‌و ژنه ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی كه مێرده‌كانیان له ماڵ نه‌ده‌بوون، ده‌ینابرده ژووره‌وه سواری خۆیان ده‌كرد. دیاره ئه‌و توێژه ده‌وڵه‌مه‌ند و توركمانانه‌ی ناو هه‌ولێر هه‌میشه داخراون، بۆیه ژنه‌كانیان بواریان نه‌بوو وه‌ك ژنی گه‌رِه‌كه هه‌ژاره‌كانی تر بێنه ناو شار و چاوبازیی خۆیان بكه‌ن. هه‌ره‌وه‌ك له‌و هوتێله‌دا پیاوێكی جوامێرم ناسی، كه ناوی عه‌بدولرِه‌حمان بوو، بۆ ئه‌وكات سه‌رنجكێشترین مرۆڤی كورد بوو كه ناسیبێتم. ئه‌و پیاوه به هۆی بێكه‌سییوه 20 ساڵ زیاتر بوو له ژوورێكی 10 یان 15 مه‌تری تاریكدا ده‌ژیا. عه‌بدولرِه‌حمان رۆژانه، به قسه‌ی خۆی، ته‌نیا دوو سه‌عات له نزیك پارێزگای هه‌ولێر كاری وێنگرتنی شه‌مسی ده‌كرد. نزیك نیوه‌رِۆیان به خۆی بوتێلێك ئاره‌قه‌وه ده‌هاته‌وه و كه‌مێك ده‌خه‌وت و پاشان تا ئێواره ده‌یخوارده‌وه. دوای ئه‌وه ده‌چوو بۆ "نادی مامۆستایان" و له‌وێ ده‌یخوارده‌وه و شه‌و به خۆی بوتێلێكی تری عاره‌قه‌وه ده‌هاته‌وه. ئه‌و كابرایه، ئه‌وكات بۆ من زۆر سه‌رنجكێش بوو، چونكه دوای ئه‌وه‌نده خواردنه‌وه، نه‌ك هه‌ر وه‌ك سه‌رخۆشان تێكنده‌چوو، به‌ڵكوو ده‌بوو به جوانترین قسه‌كه‌ر و پیاوێكی هێمن. شه‌وانه ده‌چووم له‌گه‌ڵی داده‌نیشتم و ئه‌ویش باسی ژیانی خۆی بۆ ده‌گێرِامه‌وه. ژیانی سه‌یر و بێكه‌سی ئه‌و بۆ من له رۆمانێكی سه‌یر ده‌چوو. به كورتی یه‌كه‌مجار له شه‌وێكی به‌هاردا لای ئه‌و پیاوه ئاره‌قم خوارده‌وه. دوای خواردنه‌وه كه له حه‌وشه‌كه‌ی هوتێله‌كه، كه وه‌ك بالكۆنێكی گه‌وره وایه، خه‌وتم، ته‌واوی شه‌و گێژ بووم. به‌یانی كه هه‌ستامه‌وه، له‌سه‌ر قه‌له‌وێره‌كه‌م كه‌وتبوومه سه‌ر زه‌وی. به‌هه‌مه حاڵ، چنینه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و چیرِۆكانه و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر من، لێره‌دا باسناكرێن. پێش ئه‌و ساڵه‌ی كه هاتمه ئه‌و "هوتێل خانزاده"، له دیبگه پۆلی چواره‌می ئه‌ده‌بیی بووم. به‌لاَم كۆتایی ئه‌وساڵه، به هۆی فشاری ماڵه‌وه و بێپاره‌ییه‌وه، چووم بۆ "ئاماده‌یی برینپێچی" كه له هه‌ولێر تازه ده‌ست پێ كردبوو. گوایه دوای ته‌واوكردنی سێ ساڵ، ده‌متوانی یه‌كسه‌ر كار بكه‌م. من زۆر رقم له‌و خوێندنه ده‌بۆوه. چونكه حه‌زم ده‌كرد به‌شی ئه‌ده‌بی بخوێنم و دوای بچم له زانستگا ئه‌ده‌ب یان بابه‌تێك به دڵی خۆم بخوێنم. هه‌رچۆنێك بێت، له‌و ماوه‌یه‌ی كه له‌و هوتێله‌دا ده‌ژیام، بێ پاره بووم، بۆیه ماوه‌ی ساڵێك به‌یانیان نابه‌دڵ بێ نان خواردن ده‌چوومه مه‌كته‌ب و ئێواران یان دوای مه‌كته‌ب گه‌زێكم ده‌خوارد. ئه‌وكات رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین، كه براده‌رێكی دڵسۆزی هاوپۆڵ هه‌بوو، كه دوایش بووین به هاوخه‌بات و پێكه‌وه‌ش چووینه شاخ ، زۆرجار یارمه‌تی ئابووریی ده‌دام. پاشان ئه‌و ساڵه له پشووی هاویندا چوومه بۆ به‌غدا و له‌وێ كارم كرد. به‌مجۆره بووم به خاوه‌ن كه‌مێك پاره. پاییزه‌كه‌ی كه هاتمه‌وه، ماڵی خوشكێكم خانوویه‌كیان له گه‌رِه‌كی "كوران" كرِیبوو كه به هۆی نه‌فرۆشتنی خانووه كۆنه‌كه‌یان، ئه‌و خانوویه‌یان بۆ من ئاوه‌لاَكرد كه لێی بژیم. هۆی ئه‌وه به‌وه‌بوو كه گوایه من له‌و به‌ره‌لاَییه رزگار ده‌كه‌ن. ئه‌وكات ئاسایی نه‌وبوو له‌و گه‌رِه‌كه‌دا كورِێكی لاو به ته‌نیا بژیت. له‌وێدا ماڵێك به‌رانبه‌ر ماڵه‌كه‌ی من بوو، ئه‌و ماڵه كیژێكی ژیكه‌ڵه‌ی هه‌رزه‌كاریان هه‌بوو، ئاشقم بوو. ئه‌و كیژه رۆژانه ده‌هاته سه‌ر بانی ماڵه‌كه‌یانه‌وه، كه ده‌یرِوانییه ناو حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی من. راستییه‌كه‌ی ئه‌و كیژه زۆر سه‌ركیش بوو، چه‌ندان به شه‌و و رۆژ له ده‌رگاكه‌ی ده‌دام و ده‌هاته لام. جا خۆشی له‌وه‌دا بوو، ئه‌و كچه حه‌زی له ده‌ستبازیی ده‌كرد، كه‌چی من باسی كتێب و شۆرِشم بۆ ده‌كرد. ئه‌ویش ده‌یگوت تۆ چیت پێخۆشه من وا ده‌كه‌م. جا من بۆ ئه‌وه‌ی لێم دوور كه‌وێته‌وه، ده‌مگوت ئه‌گه‌ر بچمه شاخ له‌گه‌ڵ دێیت، ئه‌ویش ده‌یگوت من دڵم نایێ تۆ به ته‌نیا بژیت، كێت حه‌ز لێیه، دێم له‌گه‌ڵتدا. به‌ڵێ له‌و قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ندان كیژ و ژن ئه‌ڤینداریم كردووه، به‌لاَم من له ناخه‌وه مه‌یلێكم بۆ ژنهێنان نه‌بووه. هاوكاتیش هه‌ر له‌و هوتێله و ئه‌و خانووه‌ی كه ته‌نیا لێی ده‌ژیام، كه‌وتمه ناو سیاسه‌ت و خه‌باتی نهێنییه‌وه. له‌وێدا نه‌خشه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌بوو كیژی ده‌وڵه‌مه‌ندترین هه‌ولێر بفرِێنین و له ماڵه ته‌نیاكه‌ی مندا دیلی بكه‌ین، تاكوو پاره‌یه‌كی زۆر له باوكی وه‌ربگرین و بینێرین بۆ "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران"، كه ئه‌وكات وا فێركرابووین، كۆمه‌ڵه له یه‌كێتی جیاوازه! به‌هه‌مه‌حاڵ، من كه له 1981 دا پێوه‌ندییم له‌گه‌ڵ "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران" له لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه ئاشكرا بوو، له خوێندكاری پۆلی پێنجه‌می"ئاماده‌یی برینپێچی هه‌ولێر" بووم. بۆ مه‌سه‌له‌ی ژنهێنان، كه سۆراغی ده‌كه‌ی، گوتم كه من ئه‌و رۆژگاره، هه‌روه‌ك ئێستاش، روانینێكی زۆر ئیدیالانه یان رادیكالانه‌م هه‌بوو بۆ ژیان به گشتی و به تایبه‌تیش پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی. بۆیه ئێستاش له‌و چوارچێوه‌دا من ژنم نه‌هێناوه. به‌لاَم هه‌م له شاخ ئاشق بوومه و هه‌میش له‌وه‌ته‌ی له سوێد ده‌ژیم، به شێوازێكی ئاوه‌لاَ، هاورِێیانه، له‌گه‌ڵ چه‌ندان ژن ژیاوم و ئیستاش ئازادانه له‌گه‌ڵ ژنێكی سوێدیی ده‌ژیم، كه له خوێندنی فه‌لسه‌فه‌دا هاوپۆلم بوو. كه‌واته من له كۆی ئه‌و "خه‌یالاَت و ئه‌زموون"نانه‌وه، له ئاوێته‌بوونێكی نێوان "خه‌یاڵ" و "تارماییه‌كی سه‌ربه‌خۆ"دا، شه‌به‌نگگه‌لێكی بزواوم. به‌لاَم من، به پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی مێگه‌لیی نووسه‌ریی كورد، ئه‌وكاته بوونم ده‌ناسرێته‌وه، كه شه‌و چاوی لێكنا؛ كه بێده‌نگی ده‌ستیپێكرد. لێره‌وه من هه‌ر له منداڵییه‌وه وه‌ك چۆن دژی هه‌موو هه‌راركیی، ده‌مرِاستیی ده‌سه‌لاَتداره‌كانم، به هه‌مان شێوه‌ش مه‌یلێكم بۆ ده‌مرِاستیكردنی نییه. بۆیه له‌وێ، ئه‌و شه‌به‌نگه‌ی من، نامۆیه. لێره‌دا، ئه‌گه‌ر نه‌متوانێبێت به‌رسڤێكی ئه‌و "خه‌یالاَت و ئه‌زموونه" په‌رته‌وازانه چرِ بكه‌ینه‌وه، ده‌كرێ دوای ئه‌و گفتوگۆیه به‌رهه‌ڵدراوه‌مان، به نیگایه‌ك له‌و كۆپلانه‌وه، به دیمانه شه‌به‌نگێك له‌و "خه‌یالاَت و ئه‌زموونانه"ه‌وه سێبووری خۆمان بده‌ینه‌وه: "له گه‌رِانتدایه مانایه‌ك له مانا و له یادتدایه كۆچه‌كه‌ت. باڵێك له رابردوو و رۆچوونێك له دڵی داهاتوو: جووته باڵێكه هه‌بوونی په‌یڤی من، ئاسۆكه‌م. ........ ئازارێك له چریكه‌ی جه‌سته‌وه نمایشێك له یادی شه‌رِه‌كان، لێره‌وه بۆ ئه‌وێ، له خه‌ودا راده‌بی: نه لێره و نه له‌وێی. له نێوان دوو ماوه؛ دوو ولاَتی نامۆدا، خه‌ونێكه په‌رت و بلاَو ده‌جمێ، ده‌په‌یڤێ: ئه‌م منه! (هه‌روا باڵه دره‌وشاوه‌كان) ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: ئه‌گه‌ر باش لێتان تێگه‌یشتبم، هه‌ندرێن له‌منداڵییه‌وه پێى وابووه مرۆڤ پشتى به‌ئاین و ئایدۆلۆژیه‌كان به‌ستووه تاژیان و، چاره‌نووسى دیارى بكا‌و به‌رِێوه‌ببات كه‌دواجار ئه‌وه‌ش نه‌بۆته مایه‌ى دڵنیابوونى چۆنایه‌تى تر‌و به‌خته‌وه‌رتر ژیانى، كه‌واته ده‌بێ چ ئارِاسته‌یه‌ك وه‌ربگرێ؟... هه‌ندرێن: راستییه‌كه‌ی مه‌به‌ستی من نه ئه‌وه‌یه و نه ئه‌مه‌ی تریش. ئه‌وه‌نده‌ی من هه‌وڵمدا ئاراسته‌ی ئه‌م گفتوگۆیه‌مان دیاری بكا، كیشه‌ی ئایین وه‌ك خۆی یان ته‌رزه ئیدیۆلۆژییه‌ك نه‌بووه، به‌ڵكوو پرسی ئێمه له‌سه‌ر منداڵییه‌كی لامل یان نه‌سازاو له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆرم، نه‌ریت و سنووره دیاریكراوانه‌یه كه كۆمه‌ڵ به پاڵپشتی ئایین یان جۆره ئیدیۆلۆژییه‌كی ره‌ها و بالاَده‌ست به‌سه‌ر ژیاندا، له شێوه‌ی نه‌ریت و نۆرمه جڤاكییه‌كاندا دایده‌رِێژێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته جیهانبینییه‌كی باو و دواجاریش ده‌بێته پێوانه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌خته‌وه‌ریی یان نووشستییه‌كانی مرۆڤ. دیاره له هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان لایه‌نگیر یان هاورِای ئه‌و برِوا ئایینی و ئیدیۆلۆژیانه بن كه جڵه‌وی جڤاك ئاراسته ده‌كه‌ن و پێناسه باش و خراپه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته ئه‌و مرۆڤانه له روانگه‌ی به‌ها و پێوانه‌كانی ئه‌و ئایین و ئیدیۆلۆژییه‌وه، به‌خته‌وه‌ر و سه‌ركه‌وتوو ده‌ژمێردێن. ئه‌ڵبه‌ته له كۆمه‌ڵگای كوردییدا نه‌ریته كۆنه‌كان، ده‌سه‌لاَتی خیڵ، ئیدیۆلۆژیی حیزبه‌كان راسته‌وخۆ یان نارِاسته‌وخۆ به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی پشت به به‌ها، ره‌وشت و روانگه ئایینییه‌كان ده‌به‌ستن. هه‌ر بۆیه تا ئێستاش ئایین "ئه‌فیون"ی كۆمه‌ڵگای كوردییه. ده‌سه‌لاَتداره ته‌ڵه‌كه‌بازه‌كانی رۆژهه‌لاَت به گشتیی و به تایبه‌تیش ده‌سه‌لاَتداره ئایینی، خێڵه‌كیی، سێكولاره‌كان به چه‌پ و راسته‌كانیانه‌وه به‌ردوامییه‌كن له ئاكار و پێكهاته‌ی ده‌مرِاسته‌كانی ئیسلامی سیاسیی. هه‌موو ئه‌و ئیدیۆلۆژییانه ده‌ست له ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ به‌ها، پێوانه سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌كانی ئایین سوورن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌به‌دیی خۆیان، تاكوو به‌رده‌وام توانا، روح و به‌هره جیاوازه‌كانی تاكه‌كه‌سه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ تێكبشكێنن. لێره‌وه پرسی ئه‌و تاكه‌كه‌سانه دێته ئاراوه كه به پیچه‌وانه‌ی ئه‌و پێوانه‌گه‌له كه ده‌سه‌لاَتێكی به رووكه‌ش سێكولار و به روح و ئاوه‌ز هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ هێزه ئایینییه‌كان بۆ پرسی به‌خته‌وه‌ریی سه‌پاندوویانه. به‌ڵێ ئه‌وكات و ئێستاش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان و پێناسه‌كانی ژیان دیاریده‌كا، هێزه كۆنخوازه‌كانی ناو جڤاكی كوردیین. ئه‌وكات ئه‌و هێزگه‌له كۆنخوازه كوردییه، كه پێكهاته‌یه‌كن له ده‌مرِاسته ئیسلامییه‌كان، خێڵه‌كیی و به‌ناو نووسه‌ر و سیاسییه تاڵه‌كه‌بازه‌كانی دیكه‌ی جڤاكی كوردیی. ئه‌و هێزه‌ش ئه‌وكات و ئێستاش دژی هه‌موو تاكه‌كه‌س و ره‌وتێكی نوێخوازی كورد بوونه. بۆیه هه‌میشه هه‌وڵیانداوه به رێگای به‌ها ئایینییه‌كان و ورووژاندنی نه‌ریته قه‌تیسماوه‌كان، كه له ناخی جڤاكی ئێمه‌دا كاران، ئه‌و تاكه‌كه‌س و ره‌وته نوێخوازانه تێكبشكێنن. به‌مجۆره چونكه ئه‌و هێزه كۆنخوازه خۆراكی به‌هێزی خۆی له‌و پێكهاته فره‌وانه‌ی ناو جڤاكی ئێمه‌وه وه‌رده‌گرێت، بۆیه توانیوویه‌تی ئه‌و تاكه‌كه‌س و ره‌وته نوێخوازه هه‌میشه تووشی شكست بكا. لێره‌وه من یه‌كێكم له‌و تاكه‌كه‌سانه‌ی كه به خته‌وه‌ریی ژیان له ئازادیی و ئاوه‌لاَیی، برِوابوون به ویست، ئاوه‌ز و توانا جیاوازه‌كانی مرۆڤه‌وه سه‌یركرده‌وه نه‌ك ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ یان پێوه‌ندییه‌كی دارِێژراوی نه‌گۆرِ. كه‌واته یه‌كێك له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی نامۆبوونی مرۆڤگه‌ل یان یاخی بوونی تاكه‌كه‌سگه‌ل له جڤاكی ئێمه‌دا، پێوه‌ندی به‌و جیهانبینییه ئایینیی و نه‌ریتخوازه قه‌تیسماوه هه‌یه كه بوار بۆ خۆی نه‌بێ بۆ كه‌سی تر ئاوه‌لاَ ناكاته‌وه كه چیژ له‌و به‌خته‌وه‌رییه وه‌ربگرێ كه خۆی برِوای پێیه‌تی. به‌مجۆره ئاراسته‌ی من هه‌ر له منداڵییه‌وه، وه‌ك به‌رته‌كێكی هه‌سته‌كیی یان خودیی، له‌و تێگه‌یشتنه‌وه ده‌ستیپێكردووه. له یادمان نه‌چێ، مرۆڤ كه ده‌بێ بێبه‌رییه له سنوور و چوارچێوه‌كانی ژیان، لێ دواجار ئه‌وه مرۆڤه ده‌سه‌لاَتداره‌كانی جڤاكن به رێگای ئایین و نه‌ریته‌كانه‌وه له قاڵبی ده‌ده‌ن. لێره‌وه هه‌ندێ مرۆڤ هه‌ر له منداڵییه‌وه ئاسان نییه له‌و قاڵبه دارِێژراوانه‌دا سندم بكرێن. به‌و شێوه‌یه له نێوان ئه‌و تاكه‌كه‌سه نه‌گونجاو یان نارِازیی و ده‌سه‌لاَتدارانه‌ی جڤاكه‌وه، ململانێ ده‌ستپێده‌كا. كه‌واته ره‌نگه به‌شێك له‌و هۆیانه بێت كه من ئاراسته‌یه‌كی ترم به دژی ئه‌و ئاراسته باوه‌ی هاوپۆل و خه‌ڵكه وابه‌سته‌كانی ئه‌و ژیانه سنووردار و سه‌پێنراوه گرتبێته‌به‌ر. له‌و روانگه‌یه‌وه، ئه‌و نۆرمه نه‌ریتیی و ئایینیانه‌ی كه له ته‌مه‌نی منداڵیی مندا باو بوون، ئێستاش له كوردستاندا ئه‌و نۆرمه نه‌ریتیی و ئایینیانه‌ن به شێوه‌یه‌كی ئاڵۆزتر و ته‌ڵه‌كه‌بازانه‌تر بالاَده‌ستن. لێره‌وه ئه‌وكات و ئێستاش، ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی یان سه‌روه‌ریی و به‌رهه‌مداریی مرۆڤی كورد له‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه، كه وه‌رچه‌رخانێك له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ی ئه‌و ده‌سه‌لاَته ئه‌خلاقییه ئایینیی و سیاسه‌ته ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌ی ده‌مرِاسته سیاسیی و رۆشنبیرییه‌كان دروستبكا. وه‌لێ به ده‌ر له‌و په‌رۆشخۆرییه‌م بۆ كۆی مرۆڤی كورد، من هه‌ستده‌كه‌م هه‌میشه به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌م كه له چێژی نامۆییه‌كی هه‌ڵبژێردراو بترازێ، چاوه‌رِواێی ئامانجێكی تر نیم. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ره‌وتێكه له پرینسیپی تاكه‌كه‌سیی. لێ ئه‌م ره‌وته‌ش، به‌لای كه‌مییه‌وه، به‌هایه‌كی جوانناسیی به‌رهه‌مده‌هێنێ. ئه‌وه‌ش، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن و مه‌رجه قورِسه‌كانی ژیان نه‌مگلێنن، به‌خته‌وه‌رییه. ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: كه‌واته رِۆژهه‌لآتنشینان و، له‌و نێوه‌شدا ئێمه‌ى كورد به‌تایبه‌تى ته‌ژیكراوین له‌وێنه‌و بیروباوه‌رِو بۆچوونگه‌لێكى وه‌ها كه‌كۆمه‌ڵگه‌و ئاین و ئه‌وانى تر به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوین، پێتان وانیه بشێ ئێمه‌ش خاوه‌ن مه‌زه‌نده‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى خۆمان بین هه‌روه‌ك مه‌زه‌نه‌ى منداڵێكى تازه له‌دایكبوو؟.. هه‌ندرێن: ده‌كرێ له گۆشه‌نیگای به‌راییه‌وه هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بین، كه ئێمه‌ی كوردیش وه‌ك به‌شێك له جڤاكه‌رۆژهه‌لاَتنشینه‌كان، له‌ناو چوارچیوه‌ی نه‌ریتی كۆنینه، جیهانبینییه قه‌تیسماو و به پیرۆزكراوه‌كانی ئایین و بیرۆكه‌ی رووكه‌شی ده‌ره‌كییه‌وه گیرمان خواردووه. لێ، من له كۆپله‌ی دوایی پرسیاره‌كه‌ت؛ واتا: "ئێمه‌ش"، كه ده‌شێ "خاوه‌ن مه‌زه‌نده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بین هه‌روه‌ك مه‌زه‌نده‌ی منداڵێكی تازه له دایكبوو"، تێناگه‌م؟ ئایا مه‌به‌ستت له‌و "ئێمه‌ش"ه، تاكه‌كه‌سه‌كانی كورده یان خودی جڤاكی كورد؟ له‌وه‌ش بترازێین، له بنه‌مادا كێشه‌ی رۆژهه‌لاَتنشینه‌كان ئه‌وه نییه كه به روانگه‌گه‌لی ئه‌وانیتر و شرۆڤه نائاوه‌زییه‌كانی ئایینه‌وه گۆشكراوه، به‌ڵكوو كێشه‌كه‌دا له‌وه‌دایه، كه ئێمه‌ی رۆژهه‌لاَتیی ویستی ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌مان تێدا نییه كه ئه‌و روانگه و تێرِاوانیینه ئایینییانه بكه‌ین به بنه‌مایه‌ك بۆ رزگار بوون له‌و شه‌رِه به‌رده‌وام و تووند و تیژیانه‌ی كه ژیانمانی وێرِانكردووه. دیاره هه‌موو جڤاكه‌كان، به جۆرێك له جۆره‌كان، به وه‌رگرتن و كاریگه‌ریی روانگه‌كانی ئه‌وانیتره‌وه گه‌شه‌یان سه‌ندووه. لێ كێشه‌ی رۆژهه‌لاَت ئه‌وه‌یه نه ده‌توانێ له روانگه خۆماڵییه‌كانی خۆیه‌وه ناسنامه‌یه‌كی لایه‌ق به خۆی بسازێنێ و پێكڤه به كۆویستێكی هاوبه‌ش له ژیانێكی ئازاد‌دا بژیت و نه ده‌شتوانێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و وابه‌سته‌بوونه به روانگه و بۆچوونه‌كانی ئه‌وانیتریش بێت. لێره‌وه قه‌ده‌ریی، هێمنی شاعیر واته‌نی، "به ده‌ستی دیله‌وه دیله"؛ كورد كوشته‌ی روانگه و شێوه‌ی ده‌سه‌لاَتی ئایینێكه جڤاكگه‌لێكی وه‌ك عه‌ره‌ب، فارس و توركه كه خۆیان پاشكۆی ئه‌و روانگه له قوتووكراوانه‌ی ئه‌ویتره، هه‌روه‌ك سه‌ر به شێوه جیهانبییه‌كی وشكه‌رِۆی ئایینێكی وه‌ك ئیسلامه، كه خۆی هیچ رۆڵێكی له شرۆڤه‌كردن و پیاده‌كردنی ره‌هه‌نده گونجاوه‌كانی ئه‌و ئایینه‌دا نییه. بۆیه "مه‌زه‌نده‌كانی ئێمه‌ش" (ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌تان، مه‌به‌ستی تاكه‌كه‌سی كورد بێت) له‌گه‌ڵ له دایكبوون و گاگۆلكه كردنمانه‌وه به‌و روانگه و په‌یامه ئایینییه له قالبدراوانه ده‌مكوت ده‌كرێن. هه‌ڵبه‌ته له ده‌سپێكه‌وه ئه‌و روانگه و په‌یامه ئایینییانه‌ی ئه‌ویتر به شێوه‌یه‌كی ره‌مه‌كی، خێزان و ده‌وروبه‌رمان به شێوه‌یه‌كی ده‌ڤۆكیی و مامه‌ڵه‌كردن و پێوه‌ندییه‌كانیانه‌وه به‌و روانگه و په‌یامه به‌سته‌ڵه‌كانه‌ی ئایین فرچكمان ده‌ده‌ن و دواجاریش به رێگای قوتابخانه، نه‌ریتی ده‌مكوتكردن و شێوازی وانه وتنه‌وه‌ی مامۆستا و سنووره‌كانی كۆلاَن و ژینگه‌كه‌مانه‌وه، ئه‌و مه‌زنده خۆیه‌كییانه‌ی خۆمان لێده‌سنرێنه‌وه. له‌و روانگه‌یه‌وه، راسته، هه‌روه‌ك پێستریش گوتمان، سه‌ره‌تا ئێمه‌ی زارۆك جیهانێكی ئاوه‌لاَین، هه‌ندێكمان هه‌ر زوو خاوه‌ن خه‌یاڵ و بنه‌مای كه‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی خۆمانین، ئه‌و روانگه و نه‌ریته باوانه‌ی ئایین و جڤاكه‌كه‌مان ناتوانن كه‌وییمان بكه‌ن، لێ له دواجاردا زۆرینه‌مان شێوه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌مان لێ دروست ده‌بێ كه له ماڵ، قوتابخانه و ژێنگه گشتییه‌كه‌ماندا بالاَده‌ست و نموونه‌ی مرۆڤ یان به‌های سه‌ركه‌وتوون. لێره‌وه، وه‌ك مه‌رجێكی سروشتی، به‌شێك له ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌بینه خاوه‌ن مه‌زانده‌یه‌ك كه دژی ئه‌و وێنه‌یه له ژیان بوه‌ستیینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه ئه‌و ته‌رزه منداڵه خاوه‌ن مه‌زه‌نده و مه‌یله ره‌مه‌كییه له ئازادییه هه‌ر زوو، به هۆی ئه‌و ره‌وتاره تووند و تیژ و زاڵمانه‌ی خێزان، خوێندگا و ده‌سه‌لاَتی سیاسییه‌وه، تووشی پرۆسه‌یه‌ك له ژیانی خوێنتاڵكردن و چه‌وسانه‌وه ده‌بێته‌وه. بۆیه، ره‌نگه، یه‌كێك له‌و په‌روه‌رده ره‌هایه‌ی جڤاكی ئێمه بێت، كه هه‌میشه نه‌وه دوای نه‌وه هه‌مان وێنه له مرۆڤه وابه‌سته و نه‌ریتخواز به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. به‌مجۆره منداڵێكی له‌و چه‌شنه یاخییه له جڤاكێكی وابه‌سته به روانگه‌گه‌لی وابه‌سته و جیهانبینی ئایین وشكه‌رِۆ، پرۆسه‌یه‌ك له شه‌رِێكی هه‌میشه كۆتایی نه‌هاتوو. كه‌واته ئه‌گه‌ر ئێمه له بنه‌رِه‌تدا خاوه‌ن مه‌زه‌نده‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆشمان بین، به‌لاَم له دواجاردا سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و مه‌زاندانه له ئاستێكی ناوه‌كیی نه‌بێت، هیچ بوارێكی ده‌ره‌كیمان بۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه پێ نابه‌خشێ. له‌و ره‌وشه ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه ناچار ده‌بین خه‌ون به ژیانێكی خه‌یاڵیی یان ژیانێكی دوور له ژینگه‌كه‌مان یان بوونێكی مێتافیزكیی ببینین. ئه‌و ره‌وشه‌ش؛ واتا وێنه‌ی ئه‌و جڤاكه نه‌ریتیی پاشكۆیه‌ی روانگه ده‌ره‌كیی و ئایینییه پیاده‌كردنه وشكه‌رِۆیه، له هه‌ر قۆناغێكدا ئه‌و مرۆڤانه‌ی ناچار كردووه یان له گۆشه‌گیرییدا بتلێنه‌وه یان روو له بزاڤێك بكه‌ن كه گوایه هه‌ڵگری خه‌ونه‌كانییه‌تی یانیش وه‌ك ئێستا باوه سه‌ر بۆ هه‌نده‌ران هه‌ڵبگرن. به‌مجۆره راستییه‌كه‌ی هه‌بوونی مه‌زه‌نده‌ی سه‌ربه‌خۆ له جڤاكی ئێمه‌دا، له ئێستا و ره‌نگه داهاتووی نزیكیشدا، له خوێنتاڵبوون زێتر هیچ ئاكامێكی دیكه‌ی نییه و نابێت. لێ ده‌سته‌ربه‌ردار بوونی مرۆڤ له مه‌یل و ویسته سه‌ربه‌خۆكانی خۆی به زۆره‌كیی و ملكه‌چبوونی له هه‌مبه‌ر ئه‌و نه‌ریت و روانگه له قوتووكراوانه‌ی ده‌ره‌كیی و ئایینییش، جۆرێكی تره له خوێنتاڵبوون و ده‌عه‌جانبوونی مرۆڤ، بۆیه ده‌كرێ بوونی ئه‌و تاكه‌كه‌سگه‌له خاوه‌ن مه‌زه‌نده و ویسته سه‌ربه‌خۆییه له پرۆسه‌یه‌كی درێژخه‌یاندا جڤاك تووشی لێكانگیربوونه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كیی بكات و له ئاكامی ئه‌مه‌شدا ئه‌و جڤاكه ناچار بێت گۆرِان و وه‌رچه‌رخانی به‌سه‌ردا بێت. ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: باشه، دروست ئه‌وه وه‌لآمى ته‌واوه‌تى پرسیاره‌كه‌ى من بوو، ئێستا ده‌مه‌وێ بپرسم تۆ هه‌رگیز له‌رِووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ى خۆت ترساوى، به‌واتایه‌كى تر، ترست له‌وه هه‌یه رِۆژێك له‌رِۆژان رِووبه‌رِووى خۆت ببیته‌وه؟ هه‌ندرێن: مرۆڤ ئه‌گه‌رچی زۆرجار و له به‌شێك له قۆناغه‌كانی ژیاندا به لاملییه‌كی زۆره‌وه برِوای به خودی خۆی هه‌یه، لێ هاوكاتیش ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆڤه سه‌روكاری له بواری خوێندنه‌وه یان جۆره جینابینییه‌كی مرۆڤخوازیی ئیدیالیی گوزه‌راندبێت دوای ئه‌زموونگه‌لێك له ژیان، خوێندن، خوێندنه‌وه، سه‌ركه‌وتن و دۆرِانه‌كان، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كه‌وێته شه‌رِ یان ململانێكی ناوه‌كی هه‌میشه‌وه. چونكه كردنی كرده‌ی نووسین و گه‌رِان به دوای ژیانێكی بێگه‌رد، گه‌یشتن به جڤاكێكی دادپه‌روه‌ر، یه‌كسان، سه‌روه‌ر و... تاد به پرینسیپێك له ژیان، خۆی له خۆیدا ئاراسته‌یه‌كه به دژی خودی ئه‌و واقیعه‌ی كه تێیدا ده‌ژین. به واتایه‌كی تر: له‌و رۆژه‌ی كه من له منداڵییدا له ئاستێكی هه‌سته‌كییه‌وه له‌و ژیانه باوه‌ی ماڵه‌وه و ژینگه‌كه‌م بێزار بووم و دواجاریش ئه‌و به‌رته‌كه هه‌سته‌كییه به‌ره‌و خه‌یالاَندنی ژیانی ناو كتێبه‌كانی بردم، كه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا به‌ره‌و ژیانێكی سه‌ختی پیشمه‌رگایه‌تی بردم تاكوو ئه‌و ژیانه له خه‌یالاَندنه‌وه بكاته ژیانێكی ئه‌زموونیی، ئیتر ئه‌و "رووبه‌رِوو بوونه‌وه"ی خۆمه بۆته ململانێیه‌كی ناوه‌كی من. به‌لاَم وێرِای ئه‌مه‌ش، به گشتی" ترس له‌و رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی خۆم"، هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌بووه له ژیانی مندا. لێره‌وه ئێمه ده‌بێ بزانین كه له كام جۆره "رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی خۆم ترساوم" و ده‌ترسێم؟ ئایا ئه‌و ترسانه له به‌رانبه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وانه‌یه كه گونجان له‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه باوه‌ی ده‌روروبه‌رمان سه‌ختده‌كه‌ن؟ راستیه‌كه‌ی له ئاستی ناوه‌كییه‌وه هاوكات له‌گه‌ڵ برِوابوونم به‌و ژیانه‌ی كه وه‌ك ئاكامێك له ره‌فتار تێگه‌یشتنه‌كانم و پرسیارانه‌ی كه به خۆیانه‌وه ئاوێزانم ده‌كه‌ن، هه‌میشه له برِوا و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌كانی ئه‌وانیترم تێدا ئاماده بووه. به‌مجۆره ئه‌گه‌ر مرۆڤ بوونه‌وه‌رێك بێت له گومان و یه‌قین، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ژیان بریتی بێت له شادیی و دڵته‌نگیی، ئه‌گه‌ر تاكه‌كه‌سێك له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌و تاكه‌كه‌سانه‌ی كه هه‌ڵگری په‌رۆشخۆریی یان لایه‌نگریی گۆرِانی جڤاكه‌كه‌ی بێت، دواجاریش دوای ئه‌وه‌ی ئاكامی كۆی ئه‌و خه‌ون و هه‌ڵوێسته كرده‌ییانه خاكه‌سار بوون، ئیتر مرۆڤ، وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه، ناچار ده‌بێ به ئاورِێك له‌و ئه‌زموونگه‌له بداته‌وه كه روویانداوه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌كه له توانا، برِوا و كرده‌كانت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه به‌شێك بێت له پرسی "رووبه‌رِووبوونه‌وه"، ئه‌وه من دوای ماوه‌یه‌ك له پێشمه‌رگایه‌تیی، كۆتایی هاتنی ئه‌و پێشمه‌رگایه‌تییه به هۆی خۆبه‌ستانه‌وه‌ی حیزبه كوردییه‌كان به شه‌رِی ئێران-ئێراق و نه‌بوونی بنه‌ما و پرینسیپی شۆرِش له به‌رِێوه‌به‌رانی بزاڤی كوردیی و... تاد، ئاكامی ئه‌مه‌ش سه‌رگه‌ردانیی و ئه‌واره‌یی من وه‌ك سه‌دان له‌و پێشمه‌رگه و هاوولاَتیانه‌ی كه به هۆی خه‌مخۆرییان بۆ زێد و سه‌روه‌ریی خۆیان سه‌رگه‌ردان بوون و دواجاریش گه‌یشتنی ئه‌و بزاڤه به‌و ئاكامه‌ی كه ئێستا ده‌یبینین، هه‌موو رۆژێك له شه‌رِێكی بێده‌نگ و سه‌ختی خۆمدا به‌سه‌ر ده‌به‌م. ئه‌و "رووبه‌رِووبوونه‌وه"ش هه‌ر ته‌نیا له ئاستێكی ماریفی یان ره‌خنه‌یی من له هه‌مبه‌ر ئه‌و ره‌وشه تاكه‌كه‌سیی و چاره‌نووسه به كۆمه‌ڵییه‌دا نییه، به‌ڵكوو له ئاستی روحی و خه‌ونه‌كانیشمدان. به‌ڵی، له‌وه‌ته‌ی تێگه‌یشتووم كه تیۆریی رووت كافی نییه بۆ گۆرِانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵ و به‌خته‌وه‌ریی و كۆتایی پرسیاره‌كان، ئاوێزانبوون به "زانین"، كه دواجار ده‌بێته پرسیارێك له "نه‌زانی" و دۆشدامان به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ی بوون ، تێگه‌یشتن له سرووشتی مرۆڤ، چه‌قینی جڤاكی كورد له سوورِانه‌وه به ده‌وری نه‌ریته نه‌گۆرِه‌كانی، مه‌حاڵی ژیانێكی شكۆدار له ولاَته‌كه‌ی خۆم، بێ ناسنامه‌یی، بێ ماڵیی و... تاد، هه‌میشه له‌گه‌ڵ خودی خۆم له شه‌رِێكی بێده‌نگدا ده‌ژیم. له هه‌ندێ كاتدا ئه‌و "رووبه‌رِووبوونه‌وه"یه به‌ره‌و هه‌وڵی خۆكۆشتن، ئازاردانی خۆم و خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌می په‌لكێشكردووم. به‌مجۆره ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و "رووبه‌رِووبوونه‌وه"خودییه به ده‌ر بێت، ناكرێ هه‌ڵگری بوێرییه‌كی ناوه‌كیی هزراندنی بوونه‌كه‌ی و ئازادیی ژیانه‌كه‌ی خۆیی و جڤاكه‌كه‌ی و مرۆڤایه‌تیش بێت. به كوردی سه‌رچاوه‌ی "رووبه‌رِووبوونه‌وه"ی خود، له ماڵی جیاواز بوون، گومان له‌و ره‌وش و ئاسته‌ی ژیانی مرۆڤه‌وه ریشاژۆیه. به‌مجۆره ئه‌و "رووبه‌رِووبوونه‌وه"یه به‌شێكه له تامی ئه‌و ژیانه‌ی كه له جیهانی بیركردنه‌وه‌ی خودی مرۆڤ و بوونه‌كه‌یدا ئاماده‌یه. شه‌به‌نگی ئه‌و ژیانه‌یه كه دواجار له‌گه‌ڵ رۆچوون به‌ناویدا، تووشی پرسیارمان ده‌كا. هه‌ندێك جاریش ده‌كرێ ئه‌و "رووبه‌رِووبوونه‌وه"یه له ترسمان به‌رانبه‌ر مه‌رجه‌كانی ژیانه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات. له‌وێدا تۆ هه‌ست ده‌كه‌ی چیتر ناتوانێ به‌رگه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه بگریت كه ژیان، یان جڤاك و نۆرمه‌كانی دوای ده‌كه‌ن. هه‌ندێ جاریش ئه‌و "رووبه‌رِووبوونه‌وه"یه له نه‌مانی مانا، تام و به‌های ئه‌و ژیانه‌وه ده‌مته‌نێته‌وه، كه ئیتر ئومێدێكی نزیك بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی ئه‌و مانا، تام و به‌هایانه له ئارادا نییه. به‌مجۆره من بوونه‌وه‌رێكم له نێوان ترسی له ده‌ستدانی ئه‌و خود و یاده‌وه‌رییه‌كانیدا، هه‌میشه له شه‌رِێكی بێده‌نگی ناوه‌كییدا ده‌ژیم. ئه‌و شه‌رِه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و زانینه‌كان، ئاڵۆزتر و دۆشدامانتره. لێ ئه‌و شه‌رِه زیاتر ده‌گه‌رِێته‌وه بۆ ئه‌و فشارانه‌ی كه ئه‌و رۆژگاره بووده‌ڵه رۆژانه به مه‌رجه رووكه‌شه‌كانی ناچارم ده‌كه‌ن؛ واتا ئه‌و به مێگه‌لبوون و به كالاَبوونه‌ی مرۆڤی كورد و جیهانه‌ی كه بوارێكی بۆ شكۆمه‌ندیی نه‌هێشتۆته‌وه. هاوكاتیش من هه‌میشه هه‌ست به به‌رپرسیارییه‌كی روحی ده‌كه‌م به‌رانبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی كه منیان خۆشویستووه و منیش نه‌متوانیووه، به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، وه‌ك ده‌خوازێ ئه‌مه‌كدار بم به‌رانبه‌ریان یان ئه‌و ئه‌ركانه راپه‌رِێنم كه ده‌بێ رایانپه‌رِێنم. كه‌واته من له ترسی مه‌حاڵبوونی ئه‌و ژیانه شكۆمه‌نده‌ی كه من خوازیاریمه، ده‌شزانم مه‌یسه‌ریش نابێت، رۆژانه له "رووبه‌رِووبوونه‌وه"ی خۆمدام. ئه‌رسه‌لان مه‌حموود: باسى ئه‌زموون و پێشمه‌رگایه‌تى و ئه‌ندامێتى رِێكخستنه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى رِه‌نجده‌ران، پێشووتریش میوانخانه‌كه‌ى هه‌ولێر و سه‌رده‌مى خوێندنت وه‌ك جۆره شێتخانه‌یه‌ك بۆ كردم، ئێستاش باسى خۆكوشتن، ده‌پرسم ئێوه له كوێوه بۆكارى سیاسى و حزبى، پاشان پێشمه‌رگایه‌تى ده‌ستتان پێ كرد، له كوێ و چۆن و له به‌رچى كۆتاییان پێ هات، مه‌به‌ستتان له خۆبه‌ستنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى كورد به شه‌رِى ئێران عیراق و بێ بنه‌مایى شۆرِش له رِابردوو ئێستادا چی بوو؟ چییه؟ له لایه‌كى تره‌وه، ده‌پرسم: ئه‌وه‌ى مرۆڤ به‌ره‌و شێتى و خۆكوشتن ده‌بات چییه، دواجار ئه‌م دوانه مرۆڤ به‌ره‌و كوێ رِاپێچ ده‌كه‌ن؟ هه‌ندرێن: مرۆڤ، به تایبه‌تیش مرۆڤی كورد كه له خۆی ده‌پرینگێته‌وه، پێیه‌كی له‌ناو ویست و پێیه‌كیشی له‌سه‌ر لێواری بۆشایی ناوه‌كیی خۆی دایه. دیاره له بنه‌رِه‌تدا ئه‌وه هه‌ستی له ده‌ست چوون و ته‌نیاییه كه مرۆڤ هانده‌ده‌ن روو له نزیكبوونه‌وه و كاركردن له كه‌سانی تر یان كاری هه‌ره‌وه‌زیی له‌گه‌ڵ گرووپ و رێكخراوه‌كان بكا. لێره‌وه په‌نابردنی مرۆڤ بۆ خۆكوشتنیش شێوازێكه له پرۆسه‌ی ئه‌و له ده‌ست چوون و ته‌نیاییه یان رۆچوون به‌ناو ئه‌و بۆشاییه‌ی بووندا. به‌مجۆره مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی واتایه‌ك به بوونه‌كه‌ی ببه‌خشێ یان له سێبورییه‌ك به‌و له ده‌ست چوون و ته‌نیاییه رسكاوه‌ی ناو روحی ببه‌خشێ، خۆی له‌و تاكه‌كه‌س، گرووپ و رێكخراوانه ده‌بینێته‌وه كه له قۆناغه‌كانی ژیانیدا تاكوو واتایه‌ك به بوونه‌كه‌ی ببه‌خشێ، یان له‌و ململانێیه‌ی نێوان ویست و بۆشاییه ناوه‌كییه‌ی رزگاری ده‌كا. به‌مجۆره به‌ره‌و شێتیی و خۆكوشتنیش، شێوه‌یه‌كه له دووتابوونی ئه‌و شه‌رِه‌ی نێوان ویست و بۆشاییه ناوه‌كییه‌ی مرۆڤ. مرۆڤ به ویست و هه‌وه‌سه‌وه به‌ناو واتایه‌ك یان پرسیارێكی بوونه‌وه رۆنه‌چی، نه سێبه‌ری شێتبوون و نه مه‌راقی خۆكوشتیش به‌رۆكی ده‌گرێت. لێره‌وه به‌ره‌و شێتبوون و خۆكوشتن، تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی روحه له ئاوه‌ز؛ راپسكانی روحه له ده‌ستی بیانۆ و گه‌مه‌كانی به ده‌م له ده‌ست چوونی خه‌ونی ئه‌و ژیانه‌ی كه مرۆڤ ده‌یكات ماڵی روحی. به‌ڵێ ئه‌و مه‌یله بۆ شێتبوون و خۆكوشتنه، ئاورِدانه‌وه‌یه‌كی ئێستای حوزنباری مرۆڤێكی حوزنباره به‌ره‌و رابردووه‌كه كه وه‌ك ته‌مێك یان سه‌رابێك به‌سه‌ر یاده‌وه‌رییدا كشاوه، ئه‌و سه‌رابه‌ش هه‌ڵمی روحه به ده‌ست چۆكدادانه‌كانی ئاوه‌ز. له‌و دۆخه‌ی بووندا مرۆڤ تارماییه‌كه له تاراوگه، نامۆبوون و بێماڵیی. ره‌نگه له‌و رۆچوونه‌ی روح به‌ناو تاراوگه‌بوون، نامۆبوون و بێماڵییه‌دا، ئاورِدانه‌وه‌ی چاوه ته‌رِه‌كانی روح به‌ره‌و رابردوویه‌كی له ده‌ست چوو، سێبووری مانه‌وه بدا، ئه‌گینا له ناخی ناخدا ژیان خۆڵه‌مێشكه له سووتانه بێده‌نگیه‌كانی ناوه‌كیی. وێدچێ چركردنه‌وه‌ی پرسی شێتبوون و خۆكوشتن، مه‌حاڵ بێت، لێ: " ساردییه‌ك له لۆچه‌كانی رووتدا ده‌چۆرِێته‌وه. چه‌قۆیه‌ك توورِده‌ده‌یته ناو گۆماوی بێده‌نگییه‌وه: ته‌رمێك به‌سه‌ر شانی كۆلاَنێكه‌وه، وه‌ك كه‌شتیه‌وانێكی كاركه‌نار، له بورجه‌كانی زه‌ریای ژێر كازیوه‌ی مانفا ده‌رِوانێ. به‌ره‌و دواوه هه‌نگاو ده‌نێی: گه‌رمییه‌ك به قاچه‌كانته‌وه ده‌ئاڵێ و شنه‌یه‌ك له قوولاَییه‌كانی جه‌سته‌دا، ختۆكه‌ت ده‌دا. روخسارت ده‌خه‌یته نێو له‌په‌كانته‌وه، تارماییه‌كی راپسكاو له ئاوێنه‌ی خوێنی سه‌ر عه‌ردی ژووره‌كه‌تدا، خۆی ده‌نوێنێ. ....... خه‌ونه‌كان به‌ناو ده‌نگته‌وه داده‌رِمێن، ده‌نگه‌كان به‌ناو خه‌ونه‌كانته‌وه راده‌سێن." (ئاوێنه‌كانی خوێن، 1999.7، ستۆكهۆلم)
ئه‌مه‌یان تیشكێك له‌مه‌رِ "به‌ره‌و شێتبوون و خۆكوشتن" و ئاسۆیه‌كانی. لێ سه‌باره‌ت به‌و سه‌ره‌تایه‌ی تێكه‌لاَوبوونی من به سیاسه‌ت، پرسی: "بوون یان نه‌بوون"ه بوو. ئه‌مه‌ش دواجار، به هۆی ئاماده‌یی دڵبزوێنی تاكه‌كه‌سگه‌لێك له‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌نی مندا، به‌ره‌و رێزی "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان"ی ئه‌وكات راپێچكردم. ئه‌ڵبه‌ته، له كن من، هه‌ر دوای سه‌ره‌تای هه‌شته‌كانه‌وه ئه‌و "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران"ه مانای خۆی له ده‌ستدا. چونكه نه‌یتوانی وه‌ك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆ ویستی ئه‌و گرووپ و تاكه‌كه‌سانه ده‌ربرِێت كه وه‌ك تاكه‌كه‌سگه‌لێكی مه‌یل وه‌رچه‌رخێنه‌ر له‌و نه‌ریته سیاسیی و كولتوورییه‌ی جڤاكی كوردیی له‌و قۆناغه‌دا له دایكبوون. به‌هه‌مه حاڵ، كاتێك تۆ وه‌ك تاكه‌كه‌سێك ده‌گه‌یته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئه‌و ژیانه تامی ئه‌و واتایه نابه‌خشێ كه بوونی تۆ به دواییدا ده‌گه‌رِێ، ئیتر پرسیارگه‌لی وه‌ك: گه‌لۆ ئه‌و ژیانه چ مانایه‌كی هه‌یه؟ بۆچی ده‌بێ ئه‌وه بكه‌ین و ئه‌وه نه‌كه‌ین و... تاد؟ كه‌واته له بنه‌چه‌كه‌دا ئه‌و ته‌نیاییه‌ی مرۆڤ له بوونه‌كه‌یدا پێوه‌ندیی به ئاماده‌یی هه‌میشه‌ی "نه‌بوون"، مه‌رگه‌وه هه‌یه. كاتێك مرۆڤ وه‌ك تاك یان كۆكه‌س به هۆی مه‌رجگه‌ل و هۆكارگه‌لێك ناتوانێ به‌و شێوه‌یه بژی كه ده‌خوازێ ئه‌وده‌مه ئاماده‌یی نه‌بوون، بێ‌ئومێد بوون به‌رانبه‌ر ئه‌و ژیانه قووڵتر ده‌بێته‌وه. كه‌واته ئه‌و پێشهاتانه له ژیانی مندا ده‌رهاوێشته‌یه‌ك بوون له‌و پرسی "بوون و نه‌بوون"ه‌وه. به‌مجۆره دۆخی ته‌نیایی مرۆڤ له‌به‌رده‌م پرسی بوون، یه‌كێكه له پرسه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان. ئێمه ئه‌وكاته تووشی په‌ژاره‌یی و ته‌نیایی ده‌بین كاتێك به ژینگه و ده‌سه‌لاَتێكی سیاسیی و نه‌ریتی گه‌مارۆده‌درێن كه دواجار بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ته‌نیاییه رزگار بین، بوونه‌كه‌مان فه‌رامۆش نه‌كه‌ین، ره‌نگه په‌نا بۆ كاری سیاسیی و بگره نووسین و خۆكۆشتنیش ببه‌ین. به‌لاَم هاوكاتیش ئه‌وه‌ی كه وامانلێده‌كا هه‌ست به‌و په‌ژاره‌یی و ته‌نیاییه، نه‌بوونگه‌راییه بكه‌ین، هه‌ر ته‌نیا هۆكردی سیاسیی و جڤاكییه‌كی دیاریكراوی نییه، به‌ڵكوو ده‌كرێ ئه‌و هه‌ستكردنه به ته‌نیاییه لای من یان مرۆڤێكی دیكه هۆیه‌كی دیاریكراوی نه‌بێت. چونكه ئه‌و هه‌سته، به واتای ڤالێری، به شێكه له تامی ژیانمان. ئه‌و دۆخه له ته‌نیایی و نیگه‌رانییه كه وامانلێده‌كا له‌به‌رانبه‌ر ژیاندا هه‌ست به ده‌سته‌وه‌ستاوی بكه‌ین، تێگه‌یشتنه له‌و ژیانه گه‌مارۆدراوه‌مان كه دواجار ده‌بێ به مه‌رگ كۆتایی بێت. هایدگه‌ر روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجكێش بۆ ئه‌و هه‌ست به په‌ژاره‌یی و بێئومێدییه‌ی مرۆڤ ده‌كا: "په‌ژاره‌یی بریتییه له‌وه‌ی كه ژیان (پرۆسه‌ی بوون) نزیكایه‌تییه‌ك له نه‌بوونی، شیانی بوونی نه‌بوونیی ده‌پۆشێ، بۆیه بوونی مه‌رگ سه‌ره‌كیترین په‌ژاره‌ییه. به‌مجۆره شێتبوون و روو كردنه خۆكوشتن له‌وكاته‌دا ده‌ستپێده‌كا كه مرۆڤ هه‌ست ده‌كا نه‌بوونی، پرۆسه‌ی بووناندن ژیانی پۆشیووه یان بوون ئه‌و شكۆمه‌ندییه‌ی خۆی نه‌ماوه. لێره‌وه له بنه‌رِه‌تدا پرسی بیركردنه‌وه له بوونێكی شكۆمه‌ند، تۆ ببیته خۆت یان له بووندا بیت. ئه‌و ده‌میش، له ناوه‌رِاست و كۆتایی حه‌فته‌كان بوونی من یان كۆی ئه‌و نه‌وه‌ی به‌و نه‌بوونه‌ی كۆی كورد گرێدرابوو. ئه‌وكات ئه‌و ته‌نیاییه‌ی مرۆڤ یان من، له روانگه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ی كه من به‌و ته‌مه‌نه لاوییه‌وه تێكه‌لاَوی بووم، به كێشه‌ی بنده‌ستی كورد، بالاَده‌ستی رژێمی به‌عسه‌وه ده‌به‌سترایه‌وه. من پێم وابوو، ئه‌و هه‌سته به ته‌نیایی و بێزارییه‌ی من به‌رانبه‌ر به ژینگه و نه‌ریته بالاَده‌سته‌كانه‌وه، پێوه‌ندی به كۆی سیسته‌می سیاسیی یان دۆخی بنده‌ستی كورده‌وه هه‌یه، بۆیه ئه‌و تێگه‌یشتنه منی هاندا كه خۆم له‌و تاكه‌كه‌س، گرووپ و دواجاریش "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان" نزیك بكه‌مه‌وه، تاكوو ئه‌و دۆخه له بنرِا بگۆرِدرێ كه منی تووشی ئه‌و ته‌نیاییه ناوه‌كییه كردبوو. كاتێك من برِیارمدا له ماڵ و ژینگه به‌رته‌نگه‌كه‌ی ماڵ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی رزگار بم، كه‌وتمه به‌رده‌م ژیانێكی تر. ئه‌و ژیانه‌ش، وه‌ك وتم، له "هوتێلی خانزاد"، كه په‌ناگه‌ی بێ‌ماڵ، شێت، میسریی و میوانه ئه‌و میوانه هه‌ژارانه‌ی دێهاته‌كان بوو. دوای ئه‌مه‌ش له مالێكدا به ته‌نیا ژیام. له‌و ژیانه جیاوازه‌دا پرسی ئازادی له ده‌سه‌لاَتی ماڵ و ده‌وروبه‌ره‌وه بوو به پرسی ده‌سه‌لاَتی رژێمی به‌عس و سنووره‌كانی. ئه‌مه‌ش تووشی جۆره ته‌نیاییه‌كی فره‌وانتری كردم. بۆیه رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌لاَته وایلێكردم راسته‌وخۆ له‌و تاكه‌كه‌س و گرووپانه‌وه نزیك ببمه‌وه كه هه‌ڵگری هه‌مان خه‌می من بوون. لێره‌وه مرۆڤ، به واتای هێگل، ناچاره رۆڵه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بێت. له‌و سه‌رده‌مه، كۆتایی حه‌فتاكان بۆ ئه‌وه‌ی مرۆی خوێنه‌ر یان نووسه‌ر رۆله‌ی ئه‌و رۆژگاره‌ی خۆی بێت، توانای هاندان و سه‌رنجكێشانی خه‌ڵك بۆ په‌یامه‌كانی هه‌بێت، ده‌بوو خاوه‌ن رۆشنبیرییه‌كی شۆرِشگێرِانه یان راستتر بێژم، ده‌بوو كه‌سێكی ماركسیی، گیڤاره‌یی و هاوكاتیش له بواری فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازییه‌وه نزیك بێت. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به‌و ره‌وته ماركسیزم و بوونخوازییه‌وه هه‌بوو كه له‌و رۆژگاره‌دا له رۆژئاوا و رۆژهه‌لاَتیش بالاَده‌ستبوون. له بواری شۆرِگێرِییه‌كی كرده‌ییه‌وه، گیڤارا روحی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، هه‌روه‌ك تێزه‌كانی ماركسیزم و به تایبه‌تیش وته‌كانی هۆشی منه، ما‌و، رۆجیه دۆبرێ، ترۆتسكی و... تاد سه‌رچاوه‌ی تێگه‌یشتنی سیاسیی بوون و كتێبه‌كانی سارته‌ریش سه‌باره‌ت به به‌ستانه‌وه‌ی بوونخوازی له‌گه‌ڵ ماركسیزم، به گورِ و جۆشترین بابه‌تی ئه‌و خوێندكار و نووسه‌رانه بوون كه من وه‌ك گه‌نجێك تازه تێكه‌لاَویان ببووم. هه‌ر بۆیه من ئه‌وكات به هه‌موو ویستی ناخمه‌وه، وامده‌زانی له‌ناو جه‌رگه‌ی جیهان، ژیان ئاماده‌م؛ به ده‌م شه‌پۆڵی وسیتی رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی ماڵ، جڤاك و رژێمی زه‌به‌لاحه‌وه، خۆم به گیڤارا ده‌زانی. به‌ڵێ، بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌و رۆژگاره‌ی كه منی له نێوان فشاری ماڵ و ده‌سه‌لاَتی رژێمی به‌عسه‌وه سه‌رگه‌مكردبوو، گۆرِانی ئه‌و ئاوه‌زه خێڵسالاره‌ی بزاڤی سیاسیی كورد و دابرِانی جڤاكی كورد بوو له‌و دۆخه بنده‌ستیی و نه‌ریتییه‌ی كه سیخنانخی كردبوو. لێره‌دا كۆی ئه‌و جیهانبینییه‌ی كه من و هاوه‌ڵه‌كانی سه‌رقاڵكردبوو چرِ ناكرێته‌وه، لێ ئه‌وكات ئه‌و تێرِوانینه، به هۆی ئه‌و هه‌ره‌سه كتوپرِ و تراژیدیایه‌ی 1975ه‌وه، توانی زۆرینه‌ی گه‌نجی كورد بورووژێنێ. هه‌رچۆنێك بێت، له‌و دۆخه‌دا وه‌ك چۆن له منداڵییدا نه‌مده‌توانی ئه‌و ده‌سه‌لاَته هاراركییه‌ی ناو خێزان و ده‌سه‌لاَتی مامۆستا و پیاوه بالاَده‌سته‌كانی ناو گونده‌كه‌م قبووڵ بكه‌م، ئه‌و قۆناغه‌ش رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی قوتابیانی سه‌ر به به‌عس له له قوتابخانه و لایه‌نگرانی به‌عس له ده‌وروبه‌ره‌كه‌م بوو به ئه‌ركێكی نه‌ته‌وایه‌تیی و رۆشنبیریی من. به‌مجۆره به رێگای هاوپۆلێكمه‌وه، چه‌ندان كورِی چالاَكی "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران"م ناسی. ئه‌و ناسینه‌ش بوو به پێوه‌ندییه‌كی سیاسیی، چونكه ئه‌وكاته پێوه‌ندیی هاورِێیایه‌تی زۆرینه‌ی ئه‌و نه‌وه‌ی من، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رانبه‌ر رژێمی به‌عس و روحی شۆرِگێرِیی بوو. ئه‌وكات له ئاستی شكۆمه‌ندیی و ئاكاره‌وه، به‌عسی بوون و بێ هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی شۆڤینی به‌عس به دژی كورد بووده‌ڵه‌یی، سه‌رشۆرِیی و خیانه‌ت بوو. به‌مجۆره من به سه‌رگه‌رمییه‌كی زۆره‌وه كه‌وتمه چالاَكی سیاسیی له‌گه‌ڵ ئه‌و بزاڤه نوێیه‌وه. لێره‌دا ناكرێ كاریگه‌ریی ئه‌و كورِه بێده‌نگ و سیاسییه ئیدیاله له یاد بكه‌م، كه بۆ من وێنه‌ی شۆرِشگێرِییه‌كی به‌رِاستی، له خۆبووردوو و خاوه‌ن كتێبی به‌هاداری رۆشنبیریی و سیاسیی ئه‌و رۆژگاره‌ی لاویه‌تیی من بوو. موحسین سیاسیی، رۆژانه به رووخساری جیاواز و بلاَوكراوه‌ی كۆمه‌ڵه و هه‌ندێك جار ده‌مانچه‌وه له هه‌ولێر ده‌سوورِایه‌وه. كاتێك كه له ژوورێكدا له گه‌رِه‌كی "كوران" به ته‌نیا ده‌ژیام، ماڵه‌كه‌م بوو به شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵه كه موحسین سیاسیی به‌رپرسیی بوو. ئێواران له‌گه‌ڵ موحسین، رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین، هه‌ندێك جار به‌رێز حه‌وێز، سه‌باح شوكریی و ئه‌وانی تر كه ناوم له یاد نه‌ماون ده‌چووین بۆ "چایخانه‌ی مه‌چكۆ"، "عه‌بۆ" و ئێوارانیش له "گازینۆی لیالی" كۆده‌بووینه‌وه. رۆژانه موحسین سیاسیی له‌گه‌ڵ ده‌هاته‌وه ماڵه‌كه‌م، كه ئه‌وكات ئه‌و به ته‌نیا ژیانه، بوونی ماڵێك كه تۆ به ته‌نیا تێیدا بژی، ده‌گمه‌ن بوو. بۆیه له‌گه‌ڵ موحسین سیاسیی به‌رنامه‌مان دانا چه‌ندان خه‌ڵكی سه‌ر به رژێم دزین و له‌و ژووره‌ی مندا حه‌شاریانبده‌ین. مخابن، له سه‌ره‌تای پاییزی 1981دا موحسین سیاسیی (كه به‌داخه‌وه ناوی باوكیم له یاد نه‌ماوه) له‌گه‌ڵ ناسر كرێكار، كه ئه‌ویش یه‌كێك له‌و كورِه جه‌ربه‌زانه‌ی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵه بوو له هه‌ولێر، به مه‌به‌ستی كوشتنی پارێزگاری هه‌ولێر، كه ناویم له یاد نییه، به خۆیان و ده‌مانچه‌وه ده‌چنه ناو پارێزگای هه‌ولێر و له‌وێدا ئاشكرا ده‌بن و ده‌گێرێن. حه‌فته‌یه‌ك دوای گیرانی موحسین، به هۆی ئه‌وه‌ی من ئه‌درێسی ماڵه نوێیكه‌م نه‌دابوو به مه‌كته‌ب، به‌ڵكوو هه‌مان ئه‌و ئه‌درێسی "هوتێل خانزاد"م له مه‌كته‌ب مابوو، بۆیه ئه‌منی به‌عس به دوای من و رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مینه‌وه هاتبوون بۆ قوتابخانه. به‌لاَم ئێمه به هۆی گیرانی موحسین سیاسییه‌وه نه ده‌چووینه‌وه مه‌كته‌ب. پاشان ئه‌منه‌كانی به‌عس داوایان له كورِێكی هاوپۆلم به ناوی نه‌جات، كه یه‌كێك بوو له یه‌كێتی قوتابیانی مه‌كته‌به‌كه‌مان، كردبوو ئه‌درێسی من بدۆزێته‌وه، كه ئێستا، وه‌ك بیستم له "گه‌رِه‌كی كرێكاران" عیاده‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌ویش به رێگای هاورِییه‌كی هاوپۆلمه‌وه په‌یامی بۆ ناردم كه ئه‌من ئه‌ویان راسپاردووه ئه‌درێسی بدۆزمه‌وه، بۆیه داوای كردبوو كه من خۆم رزگار بكه‌م. هه‌روا ئه‌منه‌كان به نه‌جاتیان وتبوو ئه‌گه‌ر من ئه‌و كاره نهێنییه بزانم، ئه‌و له جێگه‌ی من ده‌گرن. به‌هه‌مه حاڵ، من چیتر نه‌چوومه‌وه مه‌كته‌ب. وێرِای هه‌راسانی به ده‌ست ئه‌و قه‌ده‌ره‌ی ئاشكرابوونه‌وه، لێ وه‌ك گوتم، هه‌ستم ده‌كرد تارماییه‌كی جه‌ربه‌زه‌م له هه‌ولێردا ده‌سوورِێمه‌وه. به‌مجۆره نزیك یه‌ك مانگ له ره‌وشێكی نیگه‌ران و سه‌رمه‌ستانه‌دا له هه‌ولێردا مامه‌وه. هه‌ندێك جار ده‌چوومه ماڵی به‌رِێز حه‌وێز یان رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین، كه ئه‌ویش ئێستا له هه‌ولێر ده‌ژی، كه ئێمه هه‌ردووكمان سه‌ر به‌و كۆمیته‌ی "كۆمه‌ڵه" بووین كه موحسین سیاسیی به‌رپرسیی بوو. به‌مجۆره من و رۆسته‌م برِیارماندا ببین به پێشمه‌رگه. راستییه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه، واتا 1981 به شێوه‌یه‌كی سه‌یر رێكخستنه‌كانی "كۆمه‌ڵه" له كوردستاندا ئاشكرا ده‌بوون. پاشان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه هه‌بوو كه یه‌كێتی به مه‌به‌ست ئه‌و رێكخستانه ئاشكرا ده‌كا تاكوو ریزی پێشمه‌رگه‌ی زۆر بكا بۆ شه‌رِ كردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی "جود" كه تازه دروستكرابوو، یان خه‌ریكبوو دروست ده‌كرا! به‌لاَم من ئێستاش به شێوه‌یه‌كی دروست به‌ڵگه‌یه‌كم نه‌دیووه كه ئه‌و بانگه‌شانه پشترِاستبكه‌نه‌وه. به هه‌مه‌حاڵ، چونكه ئێمه له كۆمیته‌كه‌مان دابرِابووین، بۆیه نه‌مده‌زانی چۆن بگه‌ینه ناو ئه‌و ناوچانه‌ی كه پیشمه‌رگه‌ی یه‌كێت لێ بوون. بۆیه به‌رِێز حه‌وێزه‌وه، كه ئه‌ویش سه‌ر به كۆمیته‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵه بوو، به كورِێكی ناساندین كه ناوی شاخه‌وان بوو، ئه‌و كورِه ئه‌ركی بردن و رێنیشانده‌ری ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی كۆمه‌ڵه بوو بۆ ناو پیشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. به‌مجۆره من و رۆسته‌مه له به‌یانییه‌كی زوودا، كه شه‌وه‌كه‌ی له هوتێلێكی نزیك له "نه‌قلیاتی هه‌ولێر"دا خه‌وتین، به ئوتومبێلێكه‌وه به رێگای شه‌قلاَوه بۆ خه‌لیفان رۆشیشتن و له‌وێشه‌وه سواری پیكابێكی "توێتا"ی سپیه‌وه له‌گه‌ڵ گوندنشینه‌كانه‌وه به‌ره‌و "بالیسان" رۆیشتین. راستییه‌كه‌ی ئه‌وكات ئه‌و جۆره رۆیشتنه سه‌ركێشێیه‌كی مه‌ترسیدار و هاوكاتیش به چێژ بوو. مه‌فره‌زه‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانیی له "بالیسان" بوو، كه نه‌وشێروان مسته‌فا سه‌رپه‌رشتی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه بوو. له‌وێ بۆ یه‌كه‌م جار شه‌رِی نێوان سۆسیالیست و یه‌كێتییم بینی. له یادمه به هۆی ئه‌و شه‌رِه‌وه، بناری چیای "هه‌ورێ" گرِی گرتبوو. چه‌ند رۆژ له دۆڵی بالیسان و مه‌له‌كان ماینه‌وه. پاشان ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه داوای له من كرد له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ك كه "هاورِێ كاوه" به‌رپرسیی بوو بچم بۆ "ناوزه‌نگ". له‌و رۆژه‌وه له رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین دابرِام. دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه له "ناوزه‌نگ"، رۆژێك ئه‌و هاورِێ كاوه هاته لام و داوای كرد دوای حه‌فته‌یه‌كی تر به "خه‌ت مایل" له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر بچمه ناو "له‌شكری ئیسلامی"، كه ئه‌وكات له ئێرانه‌وه چه‌كیان وه‌رده‌گرت، یان هێزێكی سه‌ر به ئێران بوو. راستییه‌كه‌ی ئه‌وكات ئه‌و كاره بۆ من زۆر سه‌خت بوو. چونكه من زۆر دژی ئیسلامی و ئیسلامی بووم، بۆیه له‌به‌ر كاری سیاسییش نه‌مده‌توانی ئه‌و یارییه تێبگه‌م. به‌مجۆره زۆرم هه‌وڵدا له‌و ئه‌ركه سه‌خته رزگار بم، به‌لاَم بێسوود بوو. هاورِێ كاوه وتی ئێمه برِوامان به ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه، بۆیه كه ئه‌و ئه‌ركه‌مان پێ سپاردن نابێ ره‌تیكه‌نه‌وه و كه‌سیش به‌وه بزانێت. من تا هاتنی ئه‌و رۆژه له نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی ناوه‌كییدا ده‌ژیام. هاوكاتیش له‌و ده‌مه‌دا وه‌فدێكی رژێم بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی هاتبوو بۆ ده‌وروبه‌ری ناوزه‌نگ، كه به روانگه‌ی ئه‌وكاتی من، گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس، له تێگه‌یشتن به‌ده‌ر بوو. من له باره‌گایه‌كدا له‌گه‌ڵ چه‌ند دكتۆرێك و كه‌سانی تر ده‌ژیام، كه ئێستا ته‌نیا ئه‌و دكتۆر زریان عوسمانه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستیم له یاده، كه زۆر دژی گفتوگۆكردن بوو له‌گه‌ڵ به‌عسدا. له یا |