ده‌زانى ... هه‌ندێك سات هه‌ن مرۆڤــ ده‌یه‌وێت هه‌ر گیز ئه‌وه نه‌ڵێت
و نه‌نووسێت، كه‌ده‌یڵێت و ده‌ینووسێت، چونكه زۆر باش ده‌زانێت
هه‌رچه‌ند بڵێت و بنووسێت هێشتا نه‌یتووانیوه تۆزقاڵێك له‌و شتانه
بڵێت و بنووسێت كه‌مه‌به‌ستییه‌تى، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كاتانه‌شه‌ن كه‌وا
له‌مرۆڤــ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت بیڵێت، بیڵێت و ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت
بینووسێت، بینووسێت. برِوام وایه ئه‌وشته‌ى ئیراده‌و ویست و ده‌مى
ئینسان نه‌یتووانى بیڵێت، نووسینیش نا‌تووانێت بیڵێت. به‌ڵام دواجار
هه‌ر ته‌نهاو ته‌نها نووسینیشه ده‌تووانێت ئه‌و شتانه بڵێت و
بیاننووسێت كه‌ناوترێن و ئیراده‌ى ئینسان حه‌ز به‌نووسینیان ناكات!
ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كى زۆر سه‌یره هاورِىَ ... له‌كاتێكدا واهه‌ست
ده‌كه‌ین نووسین هه‌موو شتێكى بۆ وتووین و هه‌موو نهێنى و ویستێكى بۆ
نووسیوین، كه‌چى سه‌یر ده‌كه‌ین نه‌ك وه‌ها كارێكى نه‌كردووه، به‌ڵك و
زۆر پێچه‌وانه‌ى بۆچوونه‌كانى ئێمه‌ش شتگه‌لێكى سه‌یرى نووسیوه (واته
نووسیومانه) ئه‌و ساتانه‌شى وا هه‌ست ده‌كه‌ین نووسین هیچى بۆ
نه‌وتووین و هیچى بۆ نه‌نووسیوین، كه‌چى ده‌بینین شتگه‌لێكى زۆر زیاتر
له‌و ویسته‌ى ئێمه هه‌مان بووه بینووسین، ئه‌و نووسیویه‌تى (واته
نووسیومانه)!!! ئه‌مه ئه‌و گێژاو و ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌منى به‌دواى
خۆیدا وێڵ كردووه‌و هه‌میشه له‌ناو وشه‌و كتێبه‌كاندا بۆى ده‌گه‌رِێم
و ده‌شزانم هه‌رگیزیش ناگه‌مه ئه‌نجام ... چونكه له‌رِاستیدا خۆشم
نازانم به‌دوواى چییه‌وه‌م، یاخود خۆم وا لێده‌كه‌م كه‌نه‌زانم
به‌دوواى چییه‌وه‌م. ئاخر نووسین چ باكى به‌وه هه‌یه من ده‌مه‌وێت
بڵێم چى و ده‌مه‌وێت چى بنووسم ..!؟
ئه‌م كورته پێشه‌كییه بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌پێتبڵێم نامه‌كه‌ت ئه‌و
هه‌سته‌ى دا به‌من ... ئیتر نازانم ئه‌م نامه‌یه كه‌ده‌ینووسم، چۆنى
ده‌نووسم. ئایا دژى ئه‌و ویسته ده‌بێت كه‌ده‌مویست بۆت بنووسم؟ یاخود
له‌و ویسته زیاترم بۆ ده‌نووسێت كه‌مه‌به‌ستم بوو؟ ... نازانم.
هاورِىَ ... هه‌ر رِۆژێك دوواى ئه‌وه‌ى كه‌نامه‌كه‌م بۆ ناردیت،
بارانێكى هێمن و ورد‌و له‌سه‌رخۆ بارى ... بارى ... بارى ... ئه‌و
بارانه له‌وجۆره بارانانه بوو كه‌له‌دوواى تۆفانه گه‌وره‌كان و
دوواى كاولبوونه گه‌وره‌كان و دوواى جه‌نگه گه‌وره‌كان كه‌به‌ملیۆنان
خه‌ڵكى ده‌بنه قوربانى، كه‌به‌سه‌ر داروپه‌ردوى وێرانه‌و لاشه سارد‌و
سرِه‌كاندا دێته خوارو جارێكى تر دروست و زیندوویان ده‌كاته‌وه.
ئه‌وبارانه هه‌مان هه‌ستى داروى په‌ردو رِووخاو و هه‌ستى هه‌مان
لاشه‌ى دوواى بارانبارینى دامىَ. ئه‌و رِۆژه هه‌ورێكى رِه‌ش و چڵكن و
مۆن، به‌ڵام ئاوێكى رِوونى لێده‌هاته ده‌ر. ئه‌و ساته كه‌سه‌یرى
هه‌وره‌كه‌م ده‌كرد به‌وشێوه ناشیرینه‌و ئه‌و ئاوه جوانه‌ش ده‌دات،
تێگه‌یشتم مرۆڤه ناحه‌زو دزێو و خراپكاره‌كانیش ده‌تووانن جوانى
ببه‌شنه‌وه، له‌برى شه‌رِو ئاژاوه‌و درِنده‌یى، وه‌ك چۆن هه‌وره‌كه‌ش
ده‌یتووانى به‌هه‌مان ئه‌و رِه‌شى و پیسییه بێته خوارىَ!
ئه‌و رِۆژه به‌نیازى نووسینى نامه‌یه‌ك بۆتۆ، خۆم ئاماده كرد‌و بۆ
دواجار (له‌وكاته‌دا) خواحافیزم له‌دایكم و له‌رِووخساره ماندو پرِ
حه‌سره‌ته‌كه‌ى كرد، ئه‌و رِووخساره‌ى كه‌هیچ هێزێك نییه له‌م
دنیایه‌دا ئه‌و ناسۆرو ماندووبوونه‌ى لێبسرِێته‌وه كه‌پێیه‌وه
دیاربوو. هاتم ... سه‌ره‌تا له‌ژێر ئه‌وبارانه‌دا سه‌رێكم له‌باخچه‌ى
گشتى دا‌و كه‌مێك له‌په‌یكه‌ره سارد‌و سرِه‌كان رِامام و به‌په‌رِۆیه‌كى
ته‌رِ نێچه‌وانى وشكهه‌ڵهاتووى شێخ رِه‌زام سرِیه‌وه‌و پێم وت: توخوا
مامه شێخ ئه‌گه‌ر ئێسته بمایتایه چیت به‌و كه‌سانه ده‌وت كه‌تۆو
هاورِێكانتى له‌م باخچه بێ‌گیان و بێ بوولبوول و بێ گوڵه‌دا وه‌ك و
به‌ردێكى بێ‌گیان و له‌به‌ردێكى بێ‌گیان نه‌خشاندون و چه‌قاندوون؟ به‌ڵام
هه‌رچه‌ندم كرد‌و كۆشام هیچى پێنه‌وتم، به‌ڵام خۆم وه‌ڵامه‌كه‌یم
ده‌زانى، وه‌ك چۆن ده‌زانم تۆش هه‌مان وه‌ڵام ده‌زانى. له‌وێ هاتمه
ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌و كتێبخانه‌ى گشتى هاتم ... له‌رِێگه كچێكى شۆخ و
شه‌نگم بینى، كه‌چاكه‌تێكى رِه‌شى له‌به‌ردابوو، به‌ڵام ئه‌و بارانه‌ى
كه‌ده‌بارى هه‌موو ئه‌و خۆڵبارانه‌ى كه‌چه‌ند رِۆژ له‌وه‌وبه‌ر هه‌بوو
كۆیكردبووه‌وه‌و ده‌تووت به‌یه‌كجار هه‌مووى به‌و چاكه‌ته رِه‌شه‌دا
كردووه كه‌ئه‌و خانمه له‌به‌رى بوو ... بۆئه‌وه‌ى پێى بڵێت: خانم تكا
ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده به‌فیزه‌وه مه‌رِۆ، ئه‌گینا پیست ده‌كه‌م. له‌و
كاته‌دا ویستم بچم پێى بڵێم: خانم با چاكه‌ته‌كانمان بگۆرِینه‌وه،
سه‌یركه چه‌ند پیس بووه، ئاخر ئه‌م بارانه بێرِووحمه نازانم بۆ واى
لێكردوویت، چۆن دڵى هاتووه ئه‌و خشت و خۆڵه‌ت به‌سه‌ردا ببارێنێت؟
به‌ڵام نه‌وێرام هاورِىَ ... چونكه ترسم له‌وه هه‌بوو پێمبڵێت:
نه‌خێر تۆ غه‌ڵه‌ت تێگه‌یشتووى .. ئه‌م بارانه منى زۆر زۆر خۆشده‌وێت
... ئه‌گه‌ر وانییه ئه‌دى بۆ چاكه‌تى منى والێكردووه‌و چاكه‌ته‌كه‌ى
تۆ هه‌روا خاوێنه؟ دڵنیاشبووم رِاستى ده‌كردو هه‌رواشبوو، بۆیه
كۆڵمدا.
هاورِىَ ... نازانم تووانیومه هیچ بڵێم و بنووسم یان نا؟ به‌ڵام
هیوادارم توانیبێتم. هه‌ندێكجار ئه‌وه‌ش هونه‌رێكى گه‌وره‌یه
كه‌له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شته زۆره‌ى پێته‌و ده‌ته‌وێت بینووسیت، وا
له‌به‌رانبه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت كه‌وا هه‌ستبكات هیچت نه‌وتووه، چونكه
هیچ نه‌وتنیش له‌هه‌ندێك شوێندا گه‌لێك له‌زۆر گۆیى باشتره!!!
هیوادارم به‌م نامه‌یه هه‌ندێكیتر له‌یاده‌وه‌رییه‌كانت بێنمه‌وه
یادو بتخه‌مه‌وه یادى رِابردووه‌وه، بۆئه‌وه‌ى لێى بێ‌ئاگا نه‌بیت،
چونكه رِۆلان بارت وته‌نى ( ئێستا له‌دڵى رِابردووه‌وه‌و
هه‌ڵده‌قوڵێت.) بۆ ئه‌وه‌ى ئێستایه‌كى قه‌شه‌نگ له‌رِابردوویه‌كى وێران
دروست بكه‌ین، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت نامه‌وێت له‌و یاده‌وه‌ریانه‌ت
بێنمه‌وه یاد كه‌عه‌زابت ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ تاڵى و غه‌مدا ده‌تكه‌نه
هاورِىَ ... ئیدى من هیچم نه‌ماوه كه‌بینووسم بۆت، وه‌ك چۆن هه‌ست
ده‌كه‌م هیچیشم بۆ نه‌نووسیویت ... چونكه هه‌میشه ئه‌وه‌ى
ده‌مانه‌وێت بینووسین به‌شێكى زۆر كه‌مى ئه‌وه‌یه كه‌له‌ناخماندایه‌و
ویستوومانه بینووسین ...
هه‌میشه له‌یادمیت ...
سلێمانى: كتێبخانه‌ى گشتى.
25/2/2009