![]() |
|
رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: ژیان به بێ فه‌نتازیا و خه‌یاڵ، به تاڵه له ئێستێتیكا، بۆیه به بێ ئێستێتیكا ناتوانین چركه‌ساته جوانه‌كان ده‌سگیر بكه‌ین.12/07/09 |
|
رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: ژیان به بێ فه‌نتازیا و خه‌یاڵ، به تاڵه له ئێستێتیكا، بۆیه به بێ ئێستێتیكا ناتوانین چركه‌ساته جوانه‌كان ده‌سگیر بكه‌ین. سازدانی: رِابه‌ر فاریق
- ئه‌گه‌ر ئێمه رِه‌خنه‌یه‌كی باش و میتۆدیی به‌هێزمان هه‌بێت، سالآنه ده‌بینه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك شاكاری ئه‌ده‌بیی جوانیش. - مه‌رج نییه له ئێسته‌دا شتێك هه‌بێت كۆده‌نگی چێژی دروستبكات له نێو كۆمه‌ڵدا، وه‌كوو ئه‌وه‌ی ئێمه له رِابردوودا بینیومانه. - پێوه‌ندیی نووسه‌ر ــ خوێنه‌ر، پێوه‌ندیییه‌كی هاوشان و ئاكتیڤه و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌قدا بونیادنراوه، واتا ئه‌گه‌ر ده‌ق نه‌بێت، ئه‌و جۆره پێوه‌ندییه‌ش بوونی نابێت. - ته‌مومژ مانای كامڵنه‌بوونی زمانی گوزارشته، مانای نه‌بوونی كه‌ره‌سه‌ی زمانه‌وانیی پێویسته، بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق. - شیعر ئه‌گه‌ر له هه‌ندێك قۆناغدا رِۆڵی وشیاركه‌ره‌وه و به‌رگریكار و هاندانی رِۆحی جه‌ماوه‌ری بینیوه و بووه‌ته به‌شێك له مقاوه‌مه و فێرخوازی، ئه‌وه له ئێسته‌دا ئه‌و رِۆڵه هیچ مانایه‌كی نه‌ماوه و شیعر بریتییه له گه‌یاندنی خولیای ناوه‌وه‌ی رِۆحی مرۆڤه‌كان. - ئێمه هێشتا پیاوه‌كانمان ئازاد نین، چۆن ده‌توانین داوای ئازادبوونی ژنان بكه‌ین؟
رِابه‌ر فاریق: (لێسینگ) رِوانینی وه‌هایه: (هه‌ندێك كه‌س بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه رِه‌خنه رِه‌سه‌نایه‌تیی له مرۆڤدا كاڵده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من رِه‌سه‌نایه‌تی و داهێنانم هه‌بن، ئه‌وا له رِێگه‌ی رِه‌خنه‌وه به‌ده‌ستم هێناون). ئه‌م رِسته‌یه‌ی لێسینگ له كوێوه ناكۆك، یان ته‌با ده‌كه‌وێته‌وه له‌گه‌ڵ (داهێنه‌ر) و (داهێنان)ی ئه‌ده‌بیی؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئسماعیل: پێم وایه ئێمه ناتوانین رِه‌خنه بخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی داهێنانی مرۆڤانه‌وه. به بێ رِه‌خنه، به بێ پرِۆسه‌یه‌كی رِه‌خنه‌ییی جیددی، ئێمه چۆن ده‌توانین كاری رِه‌سه‌ن و ساخته له یه‌كتری جودا بكه‌ینه‌وه؟ چۆن ده‌توانین شاكار و ده‌قی مردوو له یه‌كتری جودا بكه‌ینه‌وه؟ رِه‌خنه پرِۆسه‌یه‌كی گرنگ و بالآیه، هه‌رگیز نا كۆك و نا ته‌با و دژكار نییه له‌گه‌ڵ پرِۆسه‌ی داهێناندا. له‌و رِوانگه‌یه‌وه هه‌رگیز داهێنه‌ر و رِه‌خنه‌گری جیددی له یه‌كتری دانابرِێن و جودا ناكرێنه‌وه، ئێمه‌یش ناتوانین هیچ هێڵێك ده‌ستنیشان بكه‌ین كه ئه‌و دوو كه‌سه له یه‌كتری داببرِێنن. تۆ ته‌ماشاكه؛ رِه‌نگه ئێمه سالآنه كۆمه‌ڵێك ده‌قی جوانی ئه‌ده‌بیمان هه‌بێت و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی جوانمان هه‌بێت، به‌لآم ئه‌و به‌رهه‌م و ده‌قه ئه‌ده‌بییانه ناگه‌نه خوێنه‌ر و نابنه به‌شێك له پرِۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و شوێنگه‌یه‌كی وه‌ها داگیرناكه‌ن له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه خاوه‌نی پرِۆسه‌یه‌كی مێژوویی و قووڵی رِه‌خنه‌یی نین، خاوه‌نی رِه‌خنه‌گری میتۆدیی به توانا نین و ژماره‌ی رِه‌خنه‌گره جیددییه‌كانمان له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌رِ ناكه‌ن. كه‌واته؛ له لایه‌ك لێشاوێك ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌ن، نووسه‌ری به‌رهه‌مهێن هه‌یه، له لایه‌كی تریشه‌وه چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی رِه‌خنه‌گری جیددی هه‌ن، بۆیه پرِۆسه‌كه ئاڵۆز و نا ته‌واو و لاسه‌نگه. پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه رِه‌خنه‌یه‌كی باش و میتۆدیی به‌هێزمان هه‌بێت، سالآنه ده‌بینه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك شاكاری ئه‌ده‌بیی جوانیش، چونكه رِه‌خنه‌گری به توانا ده‌توانێت ئه‌و شاكارانه بخاته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه و شرۆڤه‌كردن و ده‌بێته به‌شێك له پرۆسه‌ی بازارِپه‌یداكردنیش بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه و خوێنه‌ری زۆرتر و جیددیتریش كێش ده‌كات بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه. رِابه‌ر فاریق: یه‌كێك له رِوانینه‌كانی (دێرك واڵكۆت) وه‌هایه: (ئه‌ده‌ب ده‌می زامێك هه‌ڵده‌داته‌وه، قووڵتر له‌و زامه‌ی مێژوو هه‌ڵیده‌داته‌وه). ده‌توانین به‌م شێوه‌یه بڵێین: لێكۆڵه‌ر و رِه‌خنه‌گری كوردیی قووڵتر ده‌چنه نێو پێكهاته‌ی ده‌قه‌كان؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: پێم وایه ئه‌و جۆره بۆچوونانه رِێژه‌یین، ئێمه پێش ئه‌وه‌ی ئاوا به شێوه‌یه‌كی ئه‌پستراكت بدوێین و قسه‌بكه‌ین، پێویسته بزانین باسی چ رِه‌خنه‌یه‌ك ده‌كه‌ین؟ باسی چ میتۆدێك و چ جۆره رِه‌خنه‌گرێكی كوردی ده‌كه‌ین؟ رِه‌خنه كۆمه‌ڵێك تێرِوانین و جیهانبینیی تازه‌مان ده‌خاته به‌رده‌ست كه ئێمه وه‌كوو خوێنه‌ری ئاسایی ناتوانین له نێو ده‌قدا دركی پێبكه‌ین، رِه‌خنه دێت په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ئه‌و گوتاره ئه‌ده‌بییه‌ی كه ده‌ق هه‌ڵگرییه‌تی. با ئه‌وه‌ش له بیر نه‌كه‌ین كه چه‌مكی رِه‌خنه مه‌رج نییه ته‌نها مه‌به‌ست تێكشكاندن و رِیسواكردنی ده‌ق و نووسه‌ر بێت، به پێچه‌وانه‌وه، پرِۆسه‌ی رِه‌خنه‌یی لووتكه‌ی به‌رزی كاری ئه‌خلاقییه له نێو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا و له نێو چوارچێوه‌ی ئه‌خلاقییاتی خوێندنه‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، لێره‌دا پرِۆسه‌ی ئه‌خلاقی خوێندنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق یه‌كده‌گرن و ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌بن. بێگومان ئه‌گه‌ر بگه‌رِێمه‌وه سه‌ر وه‌لآمی پرسیاری پێشووتر، تێده‌گه‌ی بۆچی من رِه‌خنه‌گره‌كانی كوردم به ژماره‌ی په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ستنیشانكرد، چونكه رِه‌خنه و ئه‌خلاقی خوێندنه‌وه له لای ئه‌و كه‌سانه‌دا ئاوێته‌ی یه‌كتری بوون، له كاتێكدا من ئه‌و ئاوێته‌ی خوێندنه‌وه و ئه‌خلاق، له لای به‌شی هه‌ره‌زۆری رِه‌خنه‌گر و خوێنه‌ره‌كانی تری ده‌قی ئه‌ده‌بیی نابینم. ئینجا جگه له پرسی ئه‌خلاقیی، مه‌سه‌له‌ی خوێندنه‌وه‌ی باش و خراپ، خوێندنه‌وه‌ش وه‌كوو دوو چه‌مكی رِه‌خنه‌یی بوونیان هه‌یه و كێشه‌ی زۆریشیان هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر رِه‌خنه‌گر نه‌توانێت به وشیارییه‌كی رِه‌خنه‌ییی به‌رزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو چه‌مكه دا بكات، ئه‌وه هه‌رگیز نابێته رِه‌خنه‌گرێك كه بتوانێت بچێته نێو قولآییی ده‌ق و بونیادی شاراوه‌ی ده‌ق بخوێنێته‌وه. من كۆمه‌ڵێك ده‌قی رِه‌خنه‌یی ده‌بینم، به‌لآم ئه‌و قووڵییه نابینم له كاتی خوێندنه‌وه‌دا، پێشم وانییه هێشتا رِه‌خنه‌گری كوردی بووبێته خاوه‌نی میتۆدی رِه‌خنه‌ییی تایبه‌ت، تا بتوانێت وشیارانه پێرِه‌وی بكات. ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاوێته‌یه‌كه له كۆمه‌ڵێك رِێباز و میتۆد و تیۆریی رِه‌خنه‌یی، به بێ ئه‌وه‌ی گه‌یشتبێته ئاستێكی به‌رز له پرِۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا. رِه‌خنه‌گر پێش هه‌موو شتێك، ده‌بێت له ئاستێكی به‌رزی مه‌عریفیدا بێت و شاره‌زاییی له قوتابخانه رِه‌خنه‌ییه‌كان هه‌بێت و بزانێت چ ده‌قێك هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وه‌ش وه‌كوو ئاماژه‌م بۆ كرد، من بۆ خۆم ته‌نها له نووسینی چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی دیاریكراو به‌دی ده‌كه‌م. رِابه‌ر فاریق: پێوه‌ندیی نێوان (ده‌ق) و (چێژ) له نێو ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا تا دێ كاڵ و كاڵتر ده‌بێته‌وه و تا ئێسته‌یش ئێستگه‌لێك بۆ ئه‌م دوو زاراوانه نه‌كراون له لایه‌ن رِه‌خنه‌گرانمان - ئه‌گه‌ر برِیاره رِه‌خنه‌گرمان هه‌بێ-. بۆئه‌وه‌ی تێكه‌ڵاوبوونێكی رِه‌یشئاژۆیی بخوڵقێنین پێویسته له كوێوه ده‌ستپێ بكه‌ین؟ رِێبین رِسوڵ ئیسماعیل: من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی تۆدا نیم، بۆیه رِێگه‌م بده رِوونتر بۆچوونی خۆم پیشانبده‌م. ده‌ق و چێژ هه‌رگیز له یه‌كتری جودا ناكرێنه‌وه، تۆ چۆن ده‌توانی دابرِان له نێوان ده‌ق و چێژدا بكه‌یت، ئه‌وه پرِۆسه‌ی داماڵینی خوێنه‌ره له ده‌ق، ئه‌وه‌ش پرسیارێكی رِێژه‌یییه... من تێده‌گه‌م تۆ ده‌ته‌وێت ئاماژه بۆ كاڵبوونه‌وه‌ی چێژ بكه‌یت له نێو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، یان وه‌كوو ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له نووسه‌ره به ته‌مه‌نه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، گوایه نه‌وه‌ی نوی بوونه‌ته هۆی داماڵینی چێژ له ده‌ق و دابرِانیان دروستكردووه له نێوان ئه‌و دوو چه‌مكه‌دا. ئه‌وه بۆچوونێكی زۆر سه‌له‌فییانه‌یه و ئێمه ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه هه‌موو سه‌رده‌مێك نووسه‌ر و خوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ئه‌سته‌مه بتوانین ئه‌زموونی نه‌وه‌یه‌ك به‌سه‌ر نه‌وه‌یه‌كی تردا بسه‌پێنین، چونكه ئه‌گه‌ر وامانكرد، ئه‌وه ئێمه به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك نه‌وه‌ی كۆپیكراوی یه‌كتری به‌رهه‌م دێنین كه هه‌مان چێژ و سه‌لیقه و رِێبازی ئه‌ده‌بییان هه‌یه له نووسیندا، به‌وه‌ش دیاره له نێو زه‌مه‌ن و كاتێكی دیاریكراودا ده‌چه‌قین. پێش هه‌موو شتێك ئێمه ده‌بێت دان به‌وه دابنێین كه چێژ و سه‌لیقه و تێرِوانینی نه‌وه‌ی ئێمه جیاوازه له نه‌وه‌ی پێش خۆمان، ئاسایییه ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی دوای خۆشمان جیاوازتر بن له ئێمه، ئه‌مجۆره نۆستالیژییه‌ته هیچ ئه‌نجامێكی نییه، ئه‌و جۆره سۆزه بۆ رِابردوو خه‌یاڵێكی نه‌خۆش به‌رهه‌م دێنێت كه ناتوانێت بچێته نێو زه‌مه‌نه تازه‌كان، به مانا هێگڵییه‌كه‌ی. به‌و مانایه بێت، سه‌رده‌می ئێسته نووسه‌ری خۆی، چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه ئه‌و جۆره چێژ و خوێنه‌رانه له‌گه‌ڵ رِابردوودا جیاوازن، ئێمه‌ش ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین كه چێژی خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه گۆرِاون و ده‌گۆرِێن، بۆیه مه‌رج نییه له ئێسته‌دا شتێك هه‌بێت كۆده‌نگی چێژی دروستبكات له نێو كۆمه‌ڵدا، وه‌كوو ئه‌وه‌ی ئێمه له رِابردوودا بینیومانه. رِابه‌ر فاریق: بۆچی رِه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه، به شێوه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێ، له كاتێكدا ده‌بوو ئێسته زیاتر له جاران بایه‌خی پێدرابا؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: ئێمه له بواری میتۆدی رِه‌خنه‌ییدا زۆر له دواوه‌ین و هه‌رگیز هه‌نگاوی گه‌وره‌مان نه‌هاوێشتووه، ئینجا ئه‌گه‌ر به گشتی له بواری تیۆری رِه‌خنه‌ییدا ئه‌وه وه‌زعه‌كه بێت، بێگومان له بواری رِه‌خنه‌ی به‌راوردكاریدا خۆ حاڵه‌كه باشتر نابێت. من پێم وایه رِه‌خنه‌ی به‌راوردكاری زۆرتر سیمایه‌كی ئه‌كادیمیییانه‌ی هه‌یه و ده‌بێت له ئه‌كادیمیاوه بێته پێشه‌وه، چونكه زۆرتر پێوه‌ندیی به شێوازی خوێندنی ئه‌كادیمی هه‌یه و هه‌موو رِه‌خنه‌گرێك سانا نییه بتوانێت بێته نێو ئه‌و بواره‌وه، ئینجا مه‌سه‌له‌ی شاره‌زایی له زمانی بێگانه‌ش رِۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له پێشخستنی ئه‌و جۆره رِه‌خنه‌یه‌دا. ئێمه تا ئێسته شاره‌زاییمان له زمانی بێگانه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته و له نێو ئه‌كادیمیاشدا كه‌متر بایه‌خ به‌و بواره دراوه، خۆ ئه‌گه‌ر بایه‌خیشی پێدرابێت، ته‌نها بۆ نامه‌یه‌كی ماسته‌ر و دكتۆرا بووه، دواتر رِه‌نگه ئه‌و نامه‌یه هه‌ر چاپیش نه‌كرابێت، تا وه‌كوو كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی رِه‌خنه‌یی سوودێكی زۆرتری هه‌بێت. به‌داخه‌وه، خوێندنی ئه‌كادیمی و بالآ له‌ولآتی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌یه‌كی به‌رزتره، ئه‌وه‌نده بۆ گه‌یشتن نییه به پلیه‌كی به‌ررزی مه‌عریفی و تیۆریی. ته‌ماشاكه؛ بزانه سالآنه چه‌ند كه‌س له زانكۆكانی كوردستاندا ماسته‌ر و دكتۆرا له بواری ئه‌ده‌ب و زماندا به ده‌ست دێنن، هه‌روه‌ها ته‌ماشاكه چه‌ند كه‌س له‌وانه به‌رِاستی ده‌توانن داهێنانێكمان پێشكه‌ش بكه‌ن و شتێكی تازه‌مان بۆ بخه‌نه‌رِووو كه ئێمه نه‌یزانین و هه‌ستمان پێی نه‌كردبێت؟! زۆرجار نامه‌ی دكتۆرا و ماسته‌ری وا ده‌خوێنمه‌وه، شه‌رم دامده‌گرێت كه ئه‌و جۆره نووسینانه وه‌كوو لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی پۆلێن بكرێن. رِابه‌ر فاریق: شیعر و چیرۆك و رِۆمانی كوردی، تا چ ئاستێك توانیویانه سوودێكی ته‌ندروست له ئه‌ده‌بیاتی جیهانیی وه‌ربگرن و له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ده‌ب و (داهێنان)ی كولتووری كوردیدا به‌كاری بێنن؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: من نازانم مه‌به‌ستت له سوودێكی ته‌ندروست چییه؟ ئایا سودێك هه‌یه ته‌ندروست نه‌بێت؟ پێم وایه ئێمه ده‌بێت خۆمان له‌و جۆره زاراوانه به‌دوور بگرین كه بۆچوونه‌كانمان ده‌شێوێنن و به‌لارێگه‌ماندا ده‌به‌ن. بێگومان، كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای كارلێكردن و پێوه‌ندیی دامه‌زراوه، بۆیه ده‌بینین فه‌لسه‌فه‌كارێكی كۆمه‌ڵناسی وه‌كوو (ئیان كریب) وه‌ها وه‌سفی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كات كه بریتییه له پێوه‌ندی و كارلێكردن. له‌و رِوانگه‌یه‌وه، ئه‌ده‌بی كوردیش به‌شێكی دانه‌برِاوه له ئه‌ده‌بی جیهانی و هه‌رده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ش ته‌ماشا بكرێت، هه‌رچه‌نده رِۆڵی كه‌م و لاوازیش بێت. به‌رِاستی پێم وایه چیرۆك و رِۆمانی كوردی به‌شێكه له‌و كارلێكردن و كاریگه‌رییه، ئه‌دیبانی كوردیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان توانیویانه سوود له‌و رِێباز و میتۆده ئه‌ده‌بییانه وه‌ربگرن كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له ئه‌وروپا سه‌ریان هه‌ڵدا، له باره‌ی تیۆره‌كانی نووسینی رِۆمان و شێوازی نووسسینی چیرۆكی نوی، رِاسته ئاسان نه‌بووه ئه‌و تیۆرانه به‌و شێوه‌یه پێرِه‌و بكرێن، وه‌كوو ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا هه‌بووه، به‌لآم به جۆرێك له جۆره‌كان بریتی بوونه له گواستنه‌وه‌ی شاره‌زایی و پێرِه‌وكردنی. له‌و رِوانگه‌یه‌وه، ئێمه چییرۆكنووس و رِۆماننووسی باشمان هه‌یه كه توانیویان تا رِادده‌یه‌ك چێژی خوێنه‌ر رِازی بكه‌ن و داهێنانی تازه‌ش له‌و بوارانه‌دا بكه‌ن. رِابه‌ر فاریق: ئه‌مرِۆ شیعر و قسه‌ی ئاسایی تێكچرِژانێكی رِیشه‌یییان به‌خۆوه گرتووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م جۆره‌ی ده‌قنووسین له ئه‌وروپادا ئه‌زموونكراوه، به‌ڵام شاعیرانی ئێمه‌یش سوودیان لێی وه‌رگرتووه –به تایبه‌تی تاراوگه‌نشینه‌كان-، ئه‌م تێكه‌ڵاوبوون و سوودوه‌رگرتنه تا چ ئاستێك له خزمه‌تی ئه‌ده‌بی كوردی دا بووه؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: بێگومان تا رِاده‌یه‌كی زۆر، چونكه ئه‌ده‌بی هه‌موو گه‌ل و ولآتێك به‌و فره‌ییه جوانه كه بتوانێت هه‌موو رِه‌گه‌ز و ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان له خۆ بگرێت، ئه‌وه شێوازێكی تره بۆ گوزارشتكردن له خود كه ئاسانتر و قبووڵكراوتره، چونكه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه ته‌قلیدییه‌كانی شیعرنووسین. به گشتی، شاعیران كه‌سانی یاخی و سه‌رپێچیكاری فاكته‌ری كۆمه‌لآیه‌تی بوون له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا، بۆیه ئازایه‌تییه‌كی زۆریان هه‌یه و ئه‌و حاڵه‌ته له نێو شیعری عه‌ره‌بیشدا به‌دی ده‌كرێت، وه‌كوو ئه‌وه‌ی من ئاگادارم. پێم وایه مرۆڤ به هه‌رشێوه‌یه‌ك توانیی گوزارشت له خۆی بكات، ئه‌و شێوه‌یه باشه، ئینجا شیعر بێت، یان چیرۆك، یان رِۆمان. ئه‌وه ئێمه‌ین به‌رده‌وام بیر له چوارچێوه ته‌قلیدییه‌كانی داهێنان ده‌كه‌ینه‌وه و به ئاسانی ده‌سبه‌رداری ئه‌و چوارچێوانه نابین، ئه‌گینا ئه‌وه به‌شێكه له نوێخوازی و پۆستمۆدێرنه‌ی ئه‌ده‌بی و ده‌بێت هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ته‌ماشا بكرێت. رِابه‌ر فاریق: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆرِن؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: هیچكات و سه‌رده‌مێك نییه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا توانیبێتیان واقیع بگۆرِن، ئه‌وه وێناكردنێكی شاعیرانه‌یه بۆ ژیان، نه‌وه‌كو واقیعی ژیان خۆی بێت، ئێمه‌ش نابێت بمانه‌وێت گۆرِینی واقیع له میانه‌ی خه‌یاڵ و فه‌نتازیاوه ئه‌نجام بده‌ین. واقیع به خه‌یاڵ ناگۆرِێت، فه‌نتازیا ده‌توانێت وامان لێبكات جوانتر ببینین و جوانتر بیر بكه‌ینه‌وه و خه‌یاڵمان هه‌بێت بۆ ژیانی خۆمان، ژیان به بێ فه‌نتازیا و خه‌یاڵ، به تاڵه له ئێستێتیكا، بۆیه به بێ ئێستێتیكا ناتوانین چركه‌ساته جوانه‌كان ده‌سگیر بكه‌ین. رِابه‌ر فاریق: ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر هاوشانی ده‌قنووس بێ له خوڵقاندنی مانادا، ئه‌ی ده‌قنووس چۆن هاوشانی له‌گه‌ڵ (پێكهاته‌ی ده‌ق)دا فه‌راهه‌م ده‌كات؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: ئه‌و رِۆڵه زۆر تازه‌یه له نێو تیۆری ئه‌ده‌بیدا، كه به خوێنه‌ر دراوه و زۆرتر له‌گه‌ڵ تیۆره‌كانی رِاڤه‌كردن و تیۆری وه‌رگرتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌راییدا هاتووه‌ته بوون، به‌وه‌ی كه خوێنه‌ر به‌شێكی گرنگ له پێكهاته‌ی ده‌ق پێكدێنێت و فاكته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه له پرِۆسه‌ی مانابه‌خشین دا، به‌و شێوه‌یه نووسه‌ر دوای ئه‌وه‌ی ده‌قێك بلآوده‌كاته‌وه، چیتر خاوه‌ندارێتیی ئه‌و ده‌قه ناكات و خوێنه‌ر ده‌بێته خاوه‌نی و به‌و شێوه‌یه رِاڤه‌ی ده‌كات كه له‌گه‌ڵ كولتوور و پێكهاته‌ی رِۆشنبیریدا بگونجێت. لێره‌دا به‌رپرسیارێتیی نووسه‌ر زیاتر ده‌بێت و رِۆڵی نووسه‌ریش فراوانتر ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی له دوای بلآوكردنه‌وه‌ی ده‌ق دا په‌راوێزیش ده‌كرێت. هه‌موو ئه‌وانه به‌شێكبوون له‌و هه‌ولآنه‌ی رِه‌خنه‌ی نوێ داونی، بۆ كاراتركردنی پێوه‌ندیی نێوان سێیانه‌ی (نووسه‌ر ــ ده‌ق ــ خوێنه‌ر) و به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و پێوه‌ندیییه له‌سه‌ر ئه‌زی واقیع دا. به‌رپرسیارێتیی نووسه‌ر لێره‌دا به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقییه، چونكه پرِۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق پرِۆسه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه، وه‌كو ئه‌وه‌ی دریداش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات شتێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی هه‌بێت. كه‌واته؛ به‌رپرسیارێتیی رِاڤه‌كردن ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی خوێنه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی له قۆناغی پێش سه‌رهه‌ڵدانی ته‌وژمی رِه‌خنه‌ی نوێ‌دا، خوێنه‌ر هیچ حیسابێكی بۆ نه‌ده‌كرا و پێوه‌ندیی ده‌قگه‌رایی هه‌ر ته‌نها بریتی بوو له (نووسه‌ر ــ ده‌ق). رِابه‌ر فاریق: له ئێسته‌دا داهێنان و رِێكلام هاوئاستن له خستنه‌رِووی ئاسته‌كانی ده‌ق له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و رِێكلامه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و رِاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حیزبه‌كاندا. نووسه‌ری ئیبداعكار بۆئه‌وه‌ی پردێك دروست بكا بۆ به‌یه‌كترگه‌یشتنی داهێنان و رِێكلام، چیی ده‌بێ به كۆمه‌كارێكی ته‌ندروست؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: له هیچ كات و سه‌رده‌مێكدا ناكرێت داهێنان و رِێكلام له یه‌كتری جودا بكه‌ینه‌وه، ئه‌و دوو پرِۆسه‌یه له ئێسته‌دا زۆر و زۆرتر ئاوێته‌ی یه‌كتری بوونه، چونكه بازارِی ئێسته بازارِێكه رِێكلام ئاراسته‌ی ده‌كات، له‌سه‌ر نووسه‌ریش پێویسته رِه‌چاوی ئه‌و بارودۆخه بكات، تا بزانێت چۆن و له كوێ ده‌توانێت خوێنه‌ری زۆرتر به ده‌ست بێنێت، چونكه له دواجاردا خوێنه‌ری زۆر به مانای فرۆشتنی زۆرتری كتێبه‌كان دێت، فرۆشتنی زۆرتریش له كۆتاییدا مانای به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتره بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌ی كتێبه‌كان چاپ و بلآو ده‌كاته‌وه. ئه‌وه پرِۆسه‌یه‌كی دوور و درێژه، له ده‌ره‌وه‌ی توانای نووسه‌ره، وه‌كوو كه‌سێكی داهێنه‌ر. دروستكردنی ئه‌و پرده‌ی باسی لێوه ده‌كه‌یت، هه‌م كارێكی سه‌خته، هه‌م ئاسانیش، له‌به‌رئه‌وه سه‌خته؛ ئێمه هێشتا له كوردستان نه‌بووینه‌ته خاوه‌نی ده‌زگه‌ی چاپ و په‌خشی گه‌وره‌ی ئه‌هلی، ده‌زڤایه‌كی وه‌ها كه له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج كار بكات، ئه‌وه‌ی هه‌یه چه‌ند هه‌وڵێكی بچووكی چه‌ند كه‌سانێكه كه له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌رِن، ده‌زگا حكومیی و حزبییه‌كانیش سه‌ره‌رِای توانای مادییان، به‌لآم له رِوووی كارگێرِی و بازارِ، چونكه پاره‌یان به به‌لاش ده‌ست ده‌كه‌وێت، زۆر له خه‌می ئه‌وه‌دا نین ئه‌و پاره‌یه به ده‌ست بێننه‌وه و باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پرِِۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خوێنه‌ر و بازارِپه‌یداكردن پێویستیی به خه‌رجكردنی پاره هه‌یه، زۆرجاریش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌ی ئایدیۆلۆژی ته‌فسیر ده‌كه‌ن. كه‌واته؛ ئێمه له كۆتایییدا پاره‌مان هه‌یه، نووسه‌ری داهێنه‌رمان هه‌یه، به‌لآم رِێكلاممان نییه به‌و شێوه‌یه‌ی كه بتوانێت بازارِی كتێب گه‌رمتر بكات و خوێنه‌ر ناچار بكات به دوای كتێبدا بگه‌رِێت. رِابه‌ر فاریق: رِه‌خنه‌گرانمان به ده‌ر له كاری خۆیان (رِه‌خنه‌گر)یی، هاوكات (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه)یشن، پێتوایه ئه‌م دووانه گه‌ره‌كیان به كه‌سی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌كادیمیستی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێ؟ كه‌نگێ ده‌قی ئه‌ده‌بیی (ئه‌ڵته‌رناتیڤ) ده‌خوازێ؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: ئه‌و مه‌سه‌له‌یه باكگراوندی ئایدیۆلۆژیی هه‌یه، چونكه با ئێمه ئه‌وه له بیر نه‌كه‌ین كه پرِۆسه‌ی رِه‌خنه‌ی كوردی به‌شێكی گرنگ بووه له پرِۆسه‌ی سه‌پاندنی ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو، نووسه‌رانی كوردیش وه‌كوو نووسه‌رانی هه‌ر ولآتێكی تر به مافی خۆیان زانیوه نووسینی رِه‌خنه‌یی بخه‌نه خزمه‌تی مه‌رامی ئایدیۆلۆژی و له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه تا كۆتاییی ئه‌و سه‌ده‌یه‌ش كارێكی ئاسایی بووه رِه‌خنه‌گر به چاویلكه‌ی ئایدیۆلۆژیی ده‌ق بپشكنێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پرِۆسه‌یه‌ش به‌شێكی گرنگ بوو له ته‌وژمی رِه‌خنه‌ی نوێ له شه‌ست و حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له‌وكاته‌وه ئاماژه‌ی پرسیار خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه رِه‌خنه‌ییه و له پێگه‌ی رِه‌خنه كه‌م ده‌كاته‌وه وه‌كوو پرِۆسه‌یه‌كی ئه‌خلاقیی. له لایه‌كی تریشه‌وه؛ دیسان به‌رهه‌می تێرِوانینی ئایدیۆلۆژیی نووسه‌رانی چه‌پگه‌را و كۆمۆنیستیی به‌رده‌وام هه‌بووه، كه هه‌وڵیانداوه رِه‌خنه بخه‌نه به‌رخزمه‌تی كۆمۆنیزم و له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی رِه‌خنه‌ییش دا خزمه‌تێكی ئایدیۆلۆژیی پێشكه‌شبكه‌ن. رِه‌خنه‌گر وه‌كوو كه‌سێك ته‌ماشاكراوه كه پێوه‌ری ده‌قه‌كانه، له‌و پێگه‌یه‌شه‌وه بۆی هه‌یه مادام بۆچوونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر ده‌قدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌وه له پێگه‌ی ئامۆژگاریكار و مامۆستادایه، هاوكاتیش ده‌توانێت ئامۆژگاریی نووسه‌ربكات كه چۆن رِه‌فتار له‌گه‌ڵ ده‌قدا بكات. لێره‌دا لادانی رِه‌خنه‌یی سه‌ری هه‌ڵدا و رِه‌خنه‌گر چوووه پێگه‌یه‌كی كۆمه‌لآیه‌تیی به‌رزتر، به به‌راورد به نووسه‌ر و بۆی هه‌یه داوای لێبكات چۆن بنووسێت و فێری ده‌كات ده‌بووایه چۆن چاره‌سه‌ری گرێچنه‌كان بكات. هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه ئه‌نجامی سه‌پاندنی تێرِوانینی ئایدیۆلۆژی بووه له نێو مێژووی ئه‌ده‌بدا، دواجاریش له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی سه‌رده‌می ململانێی ئایدیۆلۆژی، كۆتاییان هات. رِابه‌ر فاریق: ئه‌و رِێگایانه كامانه‌ن كه ده‌بن به پردی پێوه‌ندیی قووڵی نێوان (نووسه‌ر و وه‌رگر)؟ بۆئه‌وه‌ی سیحرێكی ئاگاییانه بچه‌سپێنین له فیكری خوێنه‌ر تا تێكه‌ڵبوون و هاومه‌ستییه‌كی رِه‌گئاژۆیی بخولقێنین، ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه چین كه له‌وه‌ها كاتێكدا كۆمه‌كمان ده‌كه‌ن؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: به داخه‌وه هیچ رِێگه‌یه‌كی سیحریی له‌و شێوه‌یه بوونی نییه كه تۆ باسی ده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت چاره‌سه‌رییه‌كی سیحرییه بۆ كێشه‌یه‌كی مێژوویی و كه‌سیش نییه ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی لابێت. پێوه‌ندیی نووسه‌ر ــ خوێنه‌ر، پێوه‌ندیییه‌كی هاوشان و ئاكتیڤه و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌قدا بونیادنراوه، واته ئه‌گه‌ر ده‌ق نه‌بێت، ئه‌مجۆره پێوه‌ندییه‌ش بوونی نابێت، ئه‌وه تێرِوانینێكی زۆر ساده‌یه و ده‌بێت له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ته‌ماشا بكرێت. ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت له‌وه زیاتری لێ بار بكه‌ین، ئه‌وه غه‌در له نووسه‌ر و خوێنه‌ریش ده‌كه‌ین. ده‌بێت به‌رده‌وام برِوامان به‌وه هه‌بێت كه خوێنه‌ر ئازاده له چۆنیه‌تی دروستكردنی ئه‌و پێوه‌ندیییه، مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه به‌و شێوه‌یه دایبرِێژێت كه خۆی ته‌ماشای ده‌كات. نووسه‌ریش نابێت له‌وه زیاتر چاوه‌رِوانی له خوێنه‌ری خۆی بكات، چونكه پێوه‌ندیییه‌كه ئه‌وه‌نده ئاڵۆز نییه، وه‌كوو ئه‌وه‌ی زۆرجار ده‌خرێته به‌رباس. رِابه‌ر فاریق: ته‌مومژ و نا رِوونیی ده‌ق، بۆ پێنه‌گه‌شتنی زمان و جیهانبینیی شاعیر ده‌گه‌رێته‌وه، یان قورسیی ناوه‌رِۆك و بابه‌ت و مانا و رِه‌مزه‌كان؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: پێم وایه ئه‌و لایه‌نه زیاتر پێوه‌ندیی به كه‌موكورِیی زمانه‌وه هه‌یه، نه‌ك قورسیی ناوه‌رِۆك، یان بابه‌ت، یان مانا و رِه‌مز. ته‌مومژ مانای كامڵنه‌بوونی زمانی گوزارشته، مانای نه‌بوونی كه‌ره‌سه‌ی زمانه‌وانیی پێویسته، بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق. رِابه‌ر فاریق: یاده‌وه‌ریی مرۆڤایه‌تی، به تایبه‌ت هی شاعیر، چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك به رِووی ده‌قدا ده‌كاته‌وه؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: مرۆڤ جگه له یاده‌وه‌ری شتێكی تر نییه، بۆیه یاده‌وه‌ری پانتاییه‌كی گه‌وره داگیر ده‌كات له نێو ده‌قدا، هه‌رگیز نابێت وا بیر بكه‌ینه‌وه كه یاده‌وه‌ری په‌راوێزی بخه‌ین. ده‌قی شیعری له بنه‌مادا ده‌قێكه له‌سه‌ر بنه‌مای گێرِانه‌وه دامه‌زراوه، گێرِانه‌وه به بێ یاده‌وه‌ری بوونی نییه. رِابه‌ر فاریق: شیعر وشیاركه‌ره‌وه و رِۆشنكه‌ره‌وه و حه‌سێنه‌ره‌وه‌ی دڵ و ده‌روون و بیر و هۆش و رِۆحیانه‌تی ئه‌ویتره، یان ناساندنی به‌هره و توانست و خۆزگه و خه‌ون و مه‌رامه‌مرۆڤایه‌تییه‌كانی (من)ه به ئه‌وانیتر؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: پێم وایه ئێمه نابێت له‌وه زیاتر له شیعر چاوه‌رِوان بكه‌ین كه هه‌یه‌تی، هه‌ر جۆره ده‌ستنیشانكردنێك بۆ فه‌رمان و ئه‌ركی شیعر، واته له قالبدانی شیعر، ئه‌وه‌ش كارێكی نه‌خوازراوه و ده‌بێت خۆمان له‌و جۆره پێناسانه بپارێزین. شیعر ئه‌گه‌ر له هه‌ندێك قۆناغدا رِۆڵی وشیاركه‌ره‌وه و به‌رگریكار و هاندانی رِۆحی جه‌ماوه‌ری بینیوه و بووه‌ته به‌شێك له مقاوه‌مه و فێرخوازی، ئه‌وه له ئێسته‌دا ئه‌و رِۆڵه هیچ مانایه‌كی نه‌ماوه و شیعر بریتییه له گه‌یاندنی خولیای ناوه‌وه‌ی رِۆحی مرۆڤه‌كان. رِابه‌ر فاریق: (نازك الملائیكه) لای عه‌ره‌ب، (فرووغ)یش لای فارس، توانییان شیعری عه‌ره‌بی و فارسی نه‌شونما بكه‌ن، هاوكاتیش له قۆناخێكه‌وه بۆ قۆناخێكی دره‌وشاوه‌تر بیگوازنه‌وه. هۆكار چییه كه ئافره‌تێكی شاعیری له‌و جۆرانه هه‌ڵنه‌كه‌وتووه له نێو كورددا، تا سه‌رمه‌شقی بزاڤێكی شیعریی گه‌وره بكا؟ رِێبین رِه‌سووڵ ئیسماعیل: بێگومان ئه‌وه پێوه‌ندیی گه‌وره‌ی به كولتووری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه هه‌یه، به به‌راورد به‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی ده‌وروبه‌ر، كولتوووری كوردی به به‌راوررد به‌و كولتووورانه، كولتووورێكی دواكه‌وتووه و كۆمه‌ڵگای كوردیش كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌قلیدییه، بۆیه ئاسان نییه له نێو كۆمه‌ڵگای ته‌قلیدیدا داوای رِۆڵێكی وه‌ها له ئافره‌ت بكرێت كه له سه‌رووی توانای خۆیه‌تی. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئێمه دیسان به به‌راورد به‌و كۆمه‌ڵگایانه؛ ئایا پیاوه‌كانمان چ بزاڤێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و شیعری‌یان به‌رِێوه‌بردووه؟ ئایا هیچ بزاڤێكی شیعری كوردی هه‌بووه له ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ریی شیعری عه‌ره‌بی و فارسی‌دا بووبێت؟ نه‌خێر. كه‌واته بۆ ئێمه ده‌بێت له نێو كولتووورێكی داخراوی وه‌كوو كولتووری كوردی دا، كه هێشتا كولتوورێكی ژنكوژه، داوای ئه‌وه بكه‌ین ئافره‌تان بێن رِیسك بكه‌ن و داهێنان بكه‌ن؟ ئایا داهێنان له ده‌ره‌وه‌ی مێژوو و فاكته‌ری كۆمه‌لآیه‌تی كۆمه‌ڵگادایه؟ نه‌خێر. من خۆم ئه‌گه‌رچی برِوام به‌و جۆره پۆلێنكردنه‌ی نێوان ئه‌ده‌بی ئافره‌ت و پیاوان نییه، به‌لآم ناتوانم له ده‌ره‌وه‌ی فاكته‌ری كۆمه‌لآیه‌تی و كولتوورییه‌وه ته‌ماشای ئه‌و پرِِۆسه‌یه بكه‌م، ئێمه هێشتا پیاوه‌كانمان ئازاد نین، چۆن ده‌توانین داوای ئازادبوونی ژنان بكه‌ین؟ ئه‌مجۆره به‌راوردكارییانه به رِاست نازانم، بۆیه پێم وایه كارگه‌لێكی بێهووده‌ن.
|
Copyright (2008) Roshenbiry.com