![]() |
|
12/07/09دیدار مه‌سیفی: یه‌كه‌مین رێككه‌وتن كه ده‌قنووس له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یكا، كاتێكه كه برِیار ده‌دا به وشه له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی پرِ له كێشه و گرفتدا بجه‌نگێ: سازدانی: رِابه‌ر فاریق |
|
دیدار مه‌سیفی: یه‌كه‌مین رێككه‌وتن كه ده‌قنووس له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یكا، كاتێكه كه برِیار ده‌دا به وشه له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی پرِ له كێشه و گرفتدا بجه‌نگێ سازدانی: رِابه‌ر فاریق
پێشه‌كیی: دیدار مه‌سیفی یه‌كێكه له‌و نووسه‌ر و رِۆماننووسانه‌ی كه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رفراوان ونه، یاخود با بڵێین ده‌رنه‌كه‌وتووه. له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانی ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه به شێوه‌یه‌كی باش ئاگاداری ئه‌زموونی كه‌لێك نووسه‌ره و به قووڵیی له باره‌یانه‌وه ده‌دوێ... ئێمه نووسه‌رگه‌لێكی بێشومارمان هه‌ن كه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه خراونه‌ته په‌راوێزه‌وه له لایه‌ن نووسه‌ران و رِۆشنبیران و ته‌نانه‌ت (دیمانه‌كاران)یشه‌وه، رِه‌نگه ئه‌م دیمانه‌یه‌ی ئێمه یه‌كێك بێ له‌و دیمانانه‌ی كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن نووسه‌رانی بێده‌نگ، به‌ڵام ئاگادار و جواننووس، بدوێنن:
بیۆگرافیا: دیدار مه‌سیفی؛ له ساڵی 1967دا له هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌ددین (مه‌سیف له هه‌ولێر) له دایكبووه و ده‌رچووی كۆلێژی ئه‌ندازه‌یه له زانكۆی موسڵ، گه‌لێك وتار و چیرۆكی له رِۆژنامه و گۆڤاره‌كانی كوردستاندا بڵاوكردوونه‌ته‌وه و خاوه‌ن رِۆمانێكی چاپكراوه كه ناوی (ئیلشا)یه، ماوه‌ی 10 ساڵه له وڵاتی كه‌نه‌دا ده‌ژیێ و ئه‌ندامی (پێن كه‌نه‌دا)یشه.
*: كه‌سانێك هه‌ن زۆر به داخراوه‌یی و سانایی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی مه‌جازی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به واتایه‌كی تر: ته‌نها ده‌ڵێن (ئه‌م ده‌قه جوانه)، (ئه‌م ده‌قه ناشیرینه)، به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نها جارێك بپرسن: بۆچی جوانه؟ بۆچی ناشیرینه؟ هۆكاری ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنانه بۆ چیی ده‌گه‌رِێته‌وه؟ دیدار مه‌سیفی: ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌ین به جوانی و ناشرینی ده‌ق رِابگه‌ین، ده‌بێت یه‌كه‌م شت به‌رگی مامان بپۆشین و تیخێك له‌و په‌ته چرِه بده‌ن كه هێشتا ده‌قی به خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ستۆته‌وه. به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه ئه‌وه‌ش له زۆر شت رِزگامان ناكات و بڵێن ئه‌وه‌تا له به‌رده‌م ده‌قێكی گه‌رم داین بۆ لێكۆڵینه‌وه و رِه‌خنه. چونكه به ته‌نگه‌وه چوونی شێواز و زمان و ناواخنی مانا شاراوه‌كانی ده‌ق به‌س نیه ئه‌گه‌ر له پاڵی دا رامان و تێگه‌یشتنێكی قووڵ نه‌هێته كایه‌وه. ئه‌وه‌ش ئه‌سته‌مه له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سێك به به‌رهه‌م بیت كه خۆی خوێنه‌رێكی سانا و داخراوی شته‌كان بیت. رِالف ئیمرسۆن، شاعیر و رِه‌خنه‌گری ئه‌مریكی، ده‌ڵێ: "چۆن ده‌قی ئیبداعی هه‌یه، خوێندنه‌وه‌ش هه‌یه ئیبداعی بێت. ئه‌وه‌ش له كاتێكدا رِووده‌دات كه بیری خوێنه‌ر ته‌ژی و باركراو بێ به داهێنان. كه ئه‌گه‌ر كتێبێك بخوێنێته‌وه رِۆناهییه‌ك له‌گه‌ڵ خۆی دا بباته سه‌ر مانا شاراوه‌كان، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر رِسته‌یه‌ك له قه‌واره‌كه‌ی گه‌وره‌تر دیار بێت، هه‌روه‌ها وه‌سفه‌كانی نوسه‌ریش فراوانتر بن له دنیا" به‌و پێوه‌ره‌ی كه وشه بچووكترین یه‌كه‌ی ده‌قه و له لایه‌ن بیرمه‌ندانی وه‌ك بارته‌وه گه‌وره‌ترین كاری له سه‌ر كراوه، كه‌چی هێشتا یه‌كێكی وه‌ك ئیكۆ حه‌ز ده‌كات رِه‌خنه‌گر له‌وه‌ش پتر بچێته نێواخنی ده‌قه‌كان. ئه‌و له كۆتایی په‌نجاكان دا كاتێك ده‌قێكی رِه‌خنه‌یی وه‌های نوسیوه ئامژه به‌وه ده‌كات كه كه‌س نه‌یتوانیو له میتۆلۆژیای بارت ده‌ربازی بێت و لیكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رِه‌خنه‌یی باشتر بكات. به‌ڵام ئیكۆ له دوای ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی هه‌ستاوه قووڵتر و قووڵتر ده‌قی ئه‌ده‌بی شیكردۆته‌وه و له مانا جوانه‌كانی گه‌رِاوه. ئه‌وه جورئه‌تێكی گرنگه كه رِۆماننووسێكی وه‌ك ئیكۆ ده‌یكات و ده‌یدات به ئه‌و كه‌سه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق ده‌كات به پیشه و ده‌یه‌وێت له ده‌رگاكانی ئه‌ودیوی وشه‌كانیش تێپه‌رِتر بچێت و گشت پیت و هێما و سمبوله‌كانی ده‌قیش شی بكاته‌وه. لای ئێمه له‌وانه‌یه هێشتا هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق ئه‌و رِێچكه ره‌وانه‌ی وه‌رنه‌گرتووه كه له ئه‌ده‌بی گه‌لان هه‌یه، بۆیه ده‌بینیت كه گه‌وره‌ترین قه‌یران ئه‌و كاته رووده‌دات كه كه‌سێك ده‌ق ناناسێت و نایخوێنێته‌وه به‌ر له‌وه‌ی نوسه‌ره‌كه‌ی نه‌ناسێت و نه‌یخوێنێته‌وه. بۆیه ده‌بینین زۆرترین خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و ده‌قانه ده‌كرێن كه نوسه‌ره‌كانیان زۆرترین ته‌ونی په‌یوه‌ندیان چێ كردووه. ئایا ده‌بێت نوسه‌ر به‌رگی دیپلۆمات له‌به‌ر بكات و ده‌قه‌كه‌ی به ئه‌م و ئه‌و بناسێنێت؟ یان ده‌بێت وه‌ك شوێنه‌كانی دنیا هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق له‌و گه‌مه‌یه رزگاری بێت كه به داخراوی و سانایی به جوانی و ناشیرینیه‌كانی ده‌كرێت؟. *: كه‌نگێ ده‌توانین بڵێین ئه‌م ئه‌ده‌به (زاره‌كییه) و ئه‌ویدیكه به (نووسراوكراوه)ه؟ هاوكات ئه‌و رِه‌خنه‌یه (بناتنه‌ره)ه و ئه‌ویدیكه (روخێنه‌ر)؟ ئه‌م دابه‌شكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنانه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه و كه‌نگێ و بۆچی ده‌توانین ئه‌م پرسیار و پێودانگانه ده‌رببرین؟ ئه‌گه‌ر پێویستیش نییه باسیان لێوه بكه‌ین هۆكاره‌كان كامانه‌ن؟ دیدار مه‌سیفی: نازانم له چ كاتێك ئه‌و جۆره پۆلین كردنه ده‌هێته گۆرِێ، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین كه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌ر چۆنیك بێت دوو جه‌مسه‌ری جوایه‌زی هه‌یه كه یه‌كیكیان تایبه‌ته به داهێنان و ئه‌ویدیكه‌ش سه‌روكاری ئیستاتیكاوه‌یه. داهێنان شتێكه كه نووسه‌ری ده‌ق هه‌رده‌م ده‌یه‌وێت زوو پێی بگات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و برِیاره ده‌دات نووسه‌ری ده‌ق خۆی نیه. زۆر جار نووسه‌ر ساكار و سانا ده‌ست ده‌داته نووسینی ده‌قێك و جوانترین داهێنان ده‌خاته سه‌ر كاغه‌ز، جاری وه‌هاش هه‌یه به گشت پێچ و په‌نایه‌كانی نووسین دا ده‌گه‌رِێت و هه‌زار لاپه‌رِه پرِ ده‌كاته‌وه، كه‌چی هه‌ر به باڵای داهێنان ناگات. وابزانم خوێنه‌ری باش هه‌رده‌م ئه‌و وردبینی و توانایه‌ی هه‌یه كه ئه‌و دوو شێوه‌یه‌ی نووسین له یه‌كتری جوایه‌ز بكاته‌وه. جه‌مسه‌ره‌كه‌ی دیكه كه ئیستاتیكایه ده‌بێت به هه‌مان ئاستی نووسین له خوێندنه‌وه‌ش دا ره‌نگ بداته‌وه، چونكه تۆ نا‌توانیت به خوێنده‌نه‌وه‌ی به‌تاڵ له ئیستاتیكا وا له خوێنه‌ران بكه‌یت كه كۆك بن یان نا ته‌با له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به ده‌قێك ده‌یڵێیت و رڤه‌ی بۆ ده‌كه‌یت. له‌و جه‌مسه‌رگیرییه دا ده‌كرێت بڵێین كه خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق هه‌رگیز نابێت هاوته‌ریب بێت به ده‌ق یان به ماناكان، به‌ڵكوو ده‌بێت له قووڵایی چه‌قدا گه‌مه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌دا بكات. بۆیه ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه له چه‌ق دا ده‌یه‌وێت سه‌نگه‌ر له ده‌ق بگرێت و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد ئه‌نجام بدات، زیاتر له داهێنان و مه‌عریفه و شاره‌زایی نزیكه له خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رپێیی كه زۆر جار ناوی (رِه‌خنه‌ی روخێنه‌ر)ی ده‌چێته سه‌ر. خوێندنه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌رده‌م قووڵ و ئه‌كادیمی و پرِ مه‌عریفه بێت، ئه‌ده‌بێك نا نووسرێت كه نه‌خوێندرێته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی نایه‌وێت بچێته چه‌قه‌وه، ده‌چێت بێ هه‌ڵوه‌سته و رامانی قووڵ ده‌ست ده‌داته ده‌قێك و ده‌یخوێنێته‌وه. ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه هه‌رگیز نا‌توانێت به شێوه‌یه‌كی گشتگیر ده‌ق هه‌ڵسه‌نگێنێت. *: رِه‌خنه‌گرانمان به ده‌ر له كاری خۆیان (رِه‌خنه‌گر)یی، هاوكات (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه)یشن، پێتوایه ئه‌م دووانه گه‌ره‌كیان به كه‌سی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌كادیمیستی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێ؟ كه‌نگێ ده‌قی ئه‌ده‌بیی (ئه‌لته‌رناتیف) ده‌خوازێ؟ دیدار مه‌سیفی: به‌ر پێنج ساڵ له كۆپییه ئینگلیزییه‌كه‌ی رِۆمانی (به‌فر)ی پامووك دا، كاره‌كته‌ر (كا) و په‌یوه‌ندییه ئۆرگانیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ (كار) و (كارس)دا، به شێوه‌یه‌كی سه‌یر سه‌رنجی رِاكێشام. هه‌ستم كرد كه ئه‌و جۆره به یه‌كتر به‌ستنه‌وه‌یه‌ی نێوان پاڵه‌وان و شوێن و سومبولی رِۆمانه‌كه كه به‌فره، سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی كه جوانییێكی ساكاری پێوه دیاره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به چاوی هێماناس (سێمیۆتیك) سه‌یری بكه‌ین ده‌بینین قووڵاییه‌كی چیژ به‌خش له نێوان ئه‌و سێ كۆڵه‌كه‌یه‌ی رِۆمانه‌كه دروست ده‌بێت. له‌و نزیكانه كاره‌كته‌ر (كا) دووباره بۆ من ده‌رده‌كه‌وته‌وه له چیرۆكێكی ئیمبرتۆ ئیكۆ كه له ساڵی 1961 نوسراوه، (كا) هه‌مان قه‌ده‌ری شاعیره خه‌مناكه‌كه‌ی پامووكی ده‌بێت، به‌ڵام له‌وه‌ی دووه‌م دا جلی پرۆفیسۆرێكی ئه‌تۆمی له‌به‌ره و له ژوورێكی نهینی دا سه‌ری به ده‌ستی ژه‌نه‌رالێك پان ده‌كرێته‌وه. لێره‌دا ئێمه ناكرێت بڵێین كه‌وا پامووك بیرۆكه‌ی رِۆمانی (به‌فر)ی له چیرۆكێكی كۆنی ئیكۆ وه‌رگرتووه به ناوی (شته‌كه)، چونكه له له‌یه‌كترچوونی ناوی (كا) و ئه‌و شێوه ده‌سیسه‌یه پیسه كه ده‌بێته هۆی مه‌رگی هه‌ردووكیان بترازێت، رِۆمانی (به‌فر) و چیرۆكی (شته‌كه) هیچی دیكه‌یان نیه له یه‌كتریان بچووێنێت. ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆزینه‌وه‌یه‌كی له‌و بابه‌ته نابێت خوێنده‌نه‌وه‌ی ده‌ق ببه‌ین بۆ ئه‌و ئاسته نزمه و بڵێین ئه‌ها دزمان گرت. من وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی ناتوانم ئه‌و به‌راورده قووڵه‌ی نێوان پامووك و ئیكۆ بكه‌م، هه‌رچه‌نده پامووكیشم هه‌مووی خوێندۆته‌وه. هه‌ستده‌كه‌م ئه‌گه‌ر وا له‌گه‌ڵ ئیكۆش بكه‌م هێشتا ناتوانم به‌و شێوه ئه‌كادیمیانه بڵێم ئیكۆ به‌دیله بۆ پامووك. بۆیه ده‌بێت بڵیێن كه ئه‌و دووانه كاتێك یه‌كیان ناخوێنرێته‌وه كه كاره‌كه‌ی له هه‌موو رووێكه‌وه له هی ئه‌ویدیكه بچێت. زۆر جاران ئێمه جۆره شێوه‌یه‌ك له رِه‌خنه ده‌بینین كه ده‌چێت گشت ده‌رگا واڵاكانی رِۆمانێك به رووی خۆی داده‌خات و له په‌نجه‌ره‌یه‌كی زۆر بچووكه‌وه ئه‌و به كاری نووسه‌رێكی دیكه ده‌چووێنێت. كه له‌وانه‌یه وه‌ك ئه‌و نموونه‌یه‌ی پێشوو ناوێك، شوێنك، دارێك، یان به‌ردێك له هه‌ردووكیان هاوشێوه بن. خوێندنه‌وه‌ی قووڵ و سیحرئامێز ده‌بێت رۆحی زیاتر به ده‌قێك بدات كه داهێنان تێیدا ئه‌وه‌نده به‌رچاو و دیاره كه وا ده‌كات شته له‌یه‌كترچووه‌كانیش له دوو ده‌ق دا هه‌رگیز له یه‌كتر نه‌چن. بۆ شیكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌و گرفته و پێداگرتن له ناساندنی ئه‌و ده‌قانه‌ی پرِن له داهێنان، ده‌كرێت ده‌ق له ئینسان بچووێنین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه زۆر له ره‌فتاریكی میكڤیلیانه نه‌چێت. چونكه له هه‌ر ئان و زه‌مانێك دا ده‌بینین كه‌سانێك هه‌ن كه له كه‌س ناچن. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌خوازن ئه‌لته‌رناتیڤ و به‌دیل بن بۆ كه‌سێكی دیكه كه ئه‌گه‌ر تا ئه‌وپه‌ریش شاد و سه‌ركه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران بیت. ده‌قیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به روو و سیمای ئه‌و كه‌سانه ده‌هێته مه‌یدان كه ته‌نها ده‌یانه‌وێت خۆیان بن. بۆیه من هه‌ست ده‌كه‌م كاتێك ده‌ق ئه‌لته‌رناتیڤ نا‌خوازێت كه وه‌ك ئه‌و كه‌سه بێت كه داهێنانێك به‌ده‌ست دێنێت كه كه‌س پێشتر به مێشكی دا نه‌چووبێت. ئه‌مرۆ له ئه‌مریكا نووسه‌رانی له چه‌شنی ستیڤن كینگ به ده‌رزه‌ن هه‌ن، كه ده‌توانن هه‌ر ساڵه و رِۆمانێكی هه‌زار لاپه‌رِه‌یی بخه‌نه بازارِ و به ملیۆنان دۆلار قازانج بكه‌ن. به‌ڵام له ئاستی ئه‌و جۆره كتێبانه رِه‌خنه ئه‌وه‌نده قسه ره‌ق و راستگۆیه كه هه‌رگیز له‌به‌ر ناو و ناوبانگ، له‌به‌ر سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ماڵی دنیا كارێكی ئه‌و جۆره نووسه‌رانه ناباته ئاست رسته‌یه‌كی فۆكنه‌ر و ئه‌وستر. *: ئه‌و رێگایانه كامانه‌ن كه ده‌بن به پردی په‌یوه‌ندی قووڵی نێوان (نوسه‌ر-وه‌رگر)؟ بۆ ئه‌وه‌ی سیحرێكی ئاگاییانه بچه‌سپێنین له فیكری خوێنه‌ردا تا تێكه‌ڵبوون و هاومه‌ستییه‌كی ره‌گئژۆیی بخولقێ، ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه چین كه له وه‌ها كاتێكدا كۆمه‌كمان ده‌كه‌ن؟ دیدار مه‌سیفی: پرد به مانا بنه‌رِه‌تییه‌كه‌ی كاتێك خۆی به سه‌ر رێگایه‌كدا فه‌رز ده‌كات كه ره‌هه‌ندێك، خه‌ره‌ندێك، دۆڵێكی قووڵ ده‌بێته به‌ربه‌ست له پێشڤه‌چوونی رێگاكه. ده‌ربرِینی پرسیاره‌كه به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامدانه‌وه بۆ من كه‌مێك ئاسانتر ده‌كات كه تێیدا نوسه‌ر به كه‌ژێكی جوان و دووره‌په‌رێز بچووێنم، له به‌رامبه‌ر دا وه‌رگر شوێن بێت كه گشت جه‌نجاڵیه‌كانی ژیانی تێدا بگوزه‌رێت. لێره‌دا بنیاتنانی پردێك له نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ر گه‌لێك له‌و پرده ده‌چێت كه شتێكی جوان به یه‌كێكی دیكه‌ی گشتگیر و فراوانتر ده‌به‌ستێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت لێره‌دا جیاوازی هه‌بێت ئه‌وه‌یه كه پردی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر ده‌بێت زۆر سروشتی و خۆنه‌ویستانه‌تر دروست بكرێت له هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی هه‌نده‌سیی. ئه‌گه‌ر ئه‌و له یه‌كتر چوواندنه به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌بێت، رِاكێشانی رێگا ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی ژیرانه‌ی بۆ دانه‌نرابێت له‌وانه‌یه هه‌م جوانیه‌كانی كه‌ژه‌كه بشێوێنێت، هه‌م زیانیش بدات له‌و شوێنه‌ی كه ده‌یه‌وێت سوود له جوانیه‌كانی ئه‌و كه‌ژه وه‌ربگرێت. بۆیه نووسه‌ر نابێت بۆ دروستكردنی هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دا سووك و سانا واز جوانیه‌كانی ده‌ق بهێنێت و بیكات به قوربانی ریگایه‌ك كه ده‌یه‌وێت خۆی له ئه‌و پردانه بدزێته‌وه كه ده‌بێت دروست بكرێن. نووسه‌ر ئه‌گه‌ر به قووڵیی سه‌ری خۆی ته‌نها به نووسینی ده‌قه‌كه گه‌رم بكات، بێئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت ژماره‌یه‌كی زۆر له خوێنه‌ری به سه‌لیقه كه خاوه‌نه‌كه‌شی ناناسن ده‌قه‌كه‌یان خۆش ده‌وێت و به جوانی ده‌زانن. له‌وانه‌یه نووسه‌ران له هه‌ر سه‌رده‌مێك دا به یه‌ك چاو سه‌یری ئه‌و پرد و په‌یوه‌ندییه نه‌كه‌ن. چیخۆف له ئه‌یلولی 1899 و دوا مانگه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م نامه‌یه‌كی به‌و شێوه‌یه بۆ ماكسیم گۆركی ده‌نوسێت؛ بزانه چی داوا ده‌كات:" تۆ زۆر شیكردنه‌وه به‌كارده‌به‌یت كه خوێنه‌ر تووشی زه‌حمه‌تی ده‌كات له دیاركردنی ئه‌و شته‌ی پێویسته سه‌رنجی رِابكێشێت، به‌وه‌ش خوێنه‌ر ماندوو ده‌بێت. ئه‌گه‌ر من بنووسم (پیاوه‌كه له‌سه‌ر فریزه‌كه دانیشت) زۆر روون و ئاسانتره بۆ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م جار نا‌خوازێت. به‌ڵام زۆر ئه‌سته‌م و مێشكبه‌ر ده‌بێت كه من بنووسم (پیاوێكی درێژی شان و مل بچووكی ردین سوور زۆر به ده‌نگه‌ده‌نگ و ترس و له‌رزه‌وه سه‌یری ئه‌ملا و ئه‌ولای كرد و له سه‌ر ئه‌و پارچه فریزه كه‌سكه دانیشت كه به یه‌كجاری هه‌راسان ببوو له ژێر پێی پیاده‌ره‌وان) مێشك نا‌توانێت یه‌كسه‌ر ئه‌و هه‌مووه پێكه‌وه وه‌ربگرێت، ئه‌ده‌ب ده‌بێت خێرابێت و هه‌رواش جێگای خۆی بگرێت." سه‌د ساڵ پتر به سه‌ر نووسینی ئه‌و نامه‌یه‌دا تێپه‌رِیوه، ئێستا ئێمه ده‌زانین كه له‌به‌رچی چیخۆف وا راست و رِه‌وان شیكردنه‌وه‌ی خۆی سه‌رباره‌ت به ده‌قی ئه‌ده‌بی بۆ ماكسیم گۆركێ ده‌ربرِیوه. چونكه ده‌ڵێیت چیخۆف به‌ر له گۆركی ده‌ركی به‌و راستیه كردووه كه ده‌قی ئه‌ده‌بی له خودی خۆی بترازێت نابێت خۆی بكات به قوربانی هیچ شتێكی دیكه و هه‌رگیز ئه‌و تێكه‌ڵبوونه قووڵه پشت گوێ نه‌خات كه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر له ته‌مه‌نی نووسه‌ر و سه‌رده‌م له فیكری خوێنه‌ردا ده‌یهێلێنه‌وه. *: پێتوایه هۆی داته‌پینی بناغه‌ی هه‌ر ده‌قێك، به‌شێكی بۆ ئه‌وه بگه‌رِێته‌وه كه بوونیادی ده‌ق له مانا داخراوه‌كانه‌وه سه‌رچاوه بگرێ؟ به واته‌یه‌كی تر: بۆ ئه‌وه‌ی پیكهاته‌ی ده‌ق بپارێزین له كاڵگه‌رایی و بوونی كاتی، چی بكه‌ین باشه؟ دیدار مه‌سیفی: له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق بۆ بناغه و له‌ش و بن، ده‌بینین كه‌وا بناغه‌كه‌یه كه هیچی دیكه‌ی له پێش دا نایه‌ت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و شڵۆق و ناته‌واو و بێهێز بوو، ده‌ق نا‌توانێت به دووانه‌كه‌ی دیكه تا سه‌ر له‌سه‌ر پێی خۆی بووه‌ستێت. من هه‌ستده‌كه‌م زۆر له‌و قوتابخانه ئه‌ده‌بییانه‌ی كه له رۆژئاوادا و له ئه‌نجامی كه‌ش و هه‌وای سه‌رده‌مێكی تایبه‌ت به ئه‌وێ له دایك ده‌بن، كاتێك له لایه‌ن نووسه‌رێكی رۆژهه‌ڵاته‌وه كۆپی ده‌كرێت گرفتێكی گه‌وره ده‌هێنێته كایه‌وه سه‌باره‌ت به بناغه‌ی ده‌ق. كه له‌وانه‌یه نووسه‌ره‌كه چه‌نده ده‌قه‌كه‌ی به شێواز و زمانێكی جوانیشه‌وه بنووسێت ئیتر نا‌توانێت ده‌قه‌كه‌ی له كاڵی و بوونی كاتی بپارێزێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ دروستكردنی خانوویێك كه‌سێك بچێت خاك و خۆڵ له زه‌مینێكی دیكه بخوازێت تا بناغه‌ی خانووه‌كه‌ی له سه‌ر دابنێت. ده‌زانێت چه‌ند ده‌قی جوان خۆیان كرده قوربانی ریالیزمی سیحراوی و به‌وه ته‌مه‌نی كاتی خۆیان دیار كرد. نووسه‌رانی سه‌رووی ئێمه له (یه‌شار كه‌مال) و (محه‌مه‌د ئوزون)ـه‌وه بگره تا (ئۆرهان پامووك)، ده‌یانتوانی ده‌قه‌كانیان به‌و شێوه‌یه بنووسن و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه دایانبرێژن، چونكه ئه‌وان زووتر له ئێمه ده‌ستیان به‌و ده‌قه جیهانیانه رِاده‌گه‌یشت. محه‌مه‌د ئوزون به‌شی زۆری ژیانی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌سه‌ر برد، به‌ڵام ئه‌و له نووسینی ده‌ق هه‌رده‌م بۆ بنه‌ره‌ت گه‌رِاوه‌ته‌وه. بۆ جوان رِاگرتنی پێكهاته‌ی ده‌ق ده‌بێت جۆره هارمۆنیه‌ك له نێوان هه‌ر سێ كۆڵه‌كه‌كه‌ی دروست بكه‌ین كه یه‌كیان به ئه‌وی تر نامۆ و نه‌شاز نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ده‌ق به داته‌پینی بناغه‌كه‌ی زووتر تێكده‌شكێت له‌وه‌ی كه له له‌شی دا نوقسانی و نارِێكییه‌ك هه‌بێت. بۆیه نووسه‌ر له كاتی نووسینی ده‌ق دا ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی جیددی‌تر بیر له دانانی بناغه و بنه‌مایه‌كی پته‌و بكاته‌وه، نه‌وه‌ك هه‌رگیز نا‌توانێت ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه له قووڵایی بیریدا جێگیره به شێوه‌یه‌كی دروست بكاته راستی و بیخاته سه‌ر كاغه‌ز. ئه‌گه‌ر وا روویدا نووسه‌ر ئه‌وه‌نده به دوای ستایش دا ناگه‌رِێت، چونكه ده‌بێت بزانێت كه ئه‌و هه‌وڵه‌ی به‌و شێوه‌یه دروسته بۆ له دایكبوونی ده‌قه‌كه‌ی ده‌یكات چاكتر له ناخی خوێنه‌ر دا ده‌چه‌قێت. (ئه‌روندهاتی رۆی) كه ره‌شنووسی (خودای شته بچووكه‌كان)ی دا به كه‌سێك بۆ خوێندنه‌وه، خۆشی نه‌یده‌زانی كه ئه‌و راستگۆییه‌ی له هه‌مبه‌ر ده‌قه‌كه‌ی دا كردوویه‌تی ئه‌وه‌نده ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی كاریگه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه. رۆی ئه‌و ده‌قه‌ی له شار و وڵاته‌كه‌ی خۆی نووسیی، به‌ڵام ده‌زگایێكی چاپ له له‌نده‌ن ره‌شنووسه‌كه‌ی به ملیۆن دۆلار كرِی. به‌ڵام رۆی سه‌رباری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه جیهانییه‌ی كه دواتر به نووسینی یه‌ك ده‌ق به ده‌ستی ده‌هێنێت، هێشتا زۆر ساده و ساكاره له ئاخاوتن. ئه‌و كاتێك رۆژنامه و گۆڤارێك ده‌یدوێنن هه‌رگیز وه‌ك ئێمه ناچیته نێو جه‌نجاڵییێكی زۆر له قسه‌كردن. به‌رای من ئه‌و ده‌قانه‌ی كه هه‌تا سه‌ر به زیندوویی ده‌مێننه‌وه، ئه‌وانه‌ن كه خاوه‌نه‌كانیان وه‌ك رۆی هۆش و بیری ته‌واوی ته‌نها له‌سه‌ر نووسینی ده‌قه‌كه بووه. لێره‌دا هه‌ست ده‌كه‌یت كاریگه‌ره ده‌ره‌كییه‌كان لاوه‌كی ده‌مێننه‌وه، ئه‌گینا چۆن نووسه‌رێك له كونجێكه‌وه ده‌توانێت به نوسینی ده‌قێك خۆی به سه‌ر سه‌رتاسه‌ی دنیادا فه‌رز بكات. ئێمه هه‌رده‌م ده‌توانین نموونه‌ی سه‌دان ده‌ق بهێنینه‌وه كه له سه‌رده‌مێكی زۆر كۆن نووسراون، كه‌چی تا دێت خوێنه‌ری زیاتر له ده‌وریان كۆده‌بێته‌وه. ئه‌وانه جۆره ده‌قێكن كه ناچنه ژیر باری هیچ پێوانه‌یه‌ك كه مه‌رگ و فه‌نابوونیان رِابگه‌یێنێت. *: بۆچی رِه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه به شێوه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێ له كاتێكدا ده‌بوو ئێسته زیاتر له جاران بایه‌خی پیدرابا. چونكه نائاماده‌یی له رۆژگارێكی وه‌كوو ئه‌مرۆدا هه‌م (بۆشایی) و هه‌م (قه‌یران) و هه‌م ده‌رگه‌ی (داخستنی سه‌رده‌مێك)یشمان به روودا ده‌كاته‌وه؟ دیدار مه‌سیفی: خراپترین شێوازی رِه‌خنه كاتیك رووده‌دات كه له به‌راوردكردنی دوو نووسه‌ر یان دوو شاعیر دا یه‌كیكیان تا ئه‌وپه‌رِی لوتكه به‌رز بكرێته‌وه و ئه‌ویدیكه‌ش له قورِدا ببردرێته خوار. هه‌رچه‌نده لای خۆمان ئه‌و شیوه به‌راورد كردنه‌ش به كه‌می ئه‌نجام دراوه. ئه‌وه‌ش گه‌لێك هۆكاری هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌موویان زه‌ق و دیارتره ئه‌وه‌یه كه رِه‌خنه‌كان له بازنه‌ی بچووك بچو‌وكدا ده‌خولێنه‌وه. ئه‌گه‌ر نووسینی رِه‌خنه ویستی هه‌تا سه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌مینێته‌وه و گوزه‌ر بكات، ئایا نووسه‌ر ئاماده‌یه و پێی خۆشه كه ده‌قه‌كه‌ی به هی نووسه‌رێكی هاوزمانی خۆی به‌راورد بكرێت؟ دیاره زۆر جار رِه‌خنه‌گره‌كانیش ناتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن، كاتێك له سه‌ره‌تاوه ده‌قێكیان بۆ لێكۆڵینه‌وه هه‌ڵبژاردووه كه بۆنی خاتر خاتر و یه‌كتر ناسینی لێدێت. كاتێك بازنه‌ی رِه‌خنه‌ی به‌راوردكردن له‌و بازنه ته‌سكه‌وه ده‌گوازرێته‌وه و ده‌یه‌وێت بچێته ئاستێكی گه‌وره‌تر، ئاسته‌نگه‌كان زیاتر ده‌بن، چونكه كتێبخانه‌ی كوردی هێشتا سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند نییه كه له‌سه‌ر هه‌ر نووسه‌رێكی بیانی كۆمه‌ڵێك كتێب په‌یدا بكه‌یت. هه‌روه‌ها به‌راوردكردنی ده‌قێكی خۆماڵی به یه‌كێكی دیكه‌ی بیانی پێویستی به رامان و قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی زیاتره، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر جوایه‌زی له بناغه‌ی هه‌ردوو ده‌قه‌كه. جگه له‌وه‌ش با بڵێین كه‌سه‌كه زمانێكی دیكه ده‌زانێت و ده‌ستی به ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رچاوه رِاده‌گات، ئایا نابێت ئه‌و كاره زۆر به وردی و شێنه‌یی بكات. نه‌وه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قووڵ چۆن رووده‌دات ئه‌گه‌ر رِه‌خنه‌گر له سه‌ره‌تاوه نه‌یتوانیبێت به‌سه‌ر ئه‌و گرفتانه باز بدات كه ده‌هێنه به‌رده‌م نووسینی رِه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی. دان براون له مێژه رِۆمان ده‌نووسێت و به‌ر له (كۆدی دڤێنشی) چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌ی هه‌ن، به‌ڵام كاتێك به‌و رِۆمانه‌ی گه‌یشته ترۆپكی ناوبانگ، وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئایا خێرایی و په‌له‌كردن نییه كه رِۆمانی نووسه‌رێكی لای خۆمان به (كۆدی دڤێنشی) به‌راورد بكه‌ین. ئایا باشتر نییه ئه‌و جۆره به‌راوردكردنه‌مان هه‌ر نه‌بێت له‌وه‌ی بچین نووسینێكی رۆژنامه‌وانی به رِه‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی ناوزه‌د بكه‌ین. چونكه ئه‌و كه‌سه‌ی بیه‌وێت كار له‌سه‌ر رِه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی بكات، ئه‌گه‌ر سه‌لیقه و خویندنه‌وه‌یه‌كی قووڵی نه‌بێت له ئه‌ده‌بی دوو زمان و نه‌ته‌وه‌دا، هه‌روه‌ها شاره‌زایی شیوازه‌كانی نووسین و مانا شاراوه‌كانی ده‌ق و پرۆفایلی نووسه‌ره‌كانیان نه‌بێت، چۆن ده‌توانێت ده‌قێكی باش له رِه‌خنه‌ی به‌راوردكردن بنووسێت. (كۆدی دڤێنشی) رِۆمانێكه كه ته‌مه‌نی ته‌نها به‌و ساته وه‌خته‌وه به‌نده كه گه‌وره‌ترین بازارِ ده‌خاته گرِ، به‌ڵام له رووی ده‌ق هه‌رگیز نا‌توانێت نه‌رمه نیگایێكی مۆنالیزا بۆ خۆی بدزێت یان به ده‌قی نووسه‌رێكی وه‌ك كازانتاكیس بشوبهێنرێت. له‌وانه‌یه ده‌قه خۆماڵییه‌كه‌ی لای خۆشمان له رِۆمانه‌كه‌ی (دان براون) گه‌لێك قووڵتر و ته‌مه‌ن درێژتر و جوانتر بیت. بۆیه زوو وه‌شاندنی ده‌قێك به ناوی رِه‌خنه‌ی به‌راورده‌وه كه دوای ره‌نگ و زه‌نگی رِێكلام و بازارِ ده‌كه‌وێت، نه‌بوونی له‌وانه‌یه گه‌لێك باشتر بێت له به زۆر پرِكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه. *: له ئێسته‌دا، داهێنان و رِێكلام هاوئاستن له خستنه‌رووی ئاستی ده‌ق له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و رِێكلامه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و راگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حیزبه‌كان. نووسه‌ری ئیبداعكار بۆ ئه‌وه‌ی پردێك دروست بكا بۆ به یه‌كتر گه‌یشتنی داهێنان- رِێكلام، چیی ده‌بێ به كۆمه‌ككارێكی ته‌ندروست؟ دیدار مه‌سیفی: له گشت كونجێكی دنیا رِێكلام بووه به به‌شێكی سه‌ره‌كی له ده‌رخستنی شته‌كان، به‌ڵام سه‌باره‌ت به ده‌ق له‌وانه‌یه پاش و پیش كردن هه‌بێت له نێوان جێ و شوێنی ئه‌و سێ كۆڵه‌كه‌یه كه ناویان ده‌هێنیت. له شوێنێكی وه‌ك ئه‌مریكا كه سه‌دان ساڵه سیسته‌مێكی جێگیر و به هێز به‌رِێوه‌ی ده‌بات، ده‌زگاكانی گه‌وره‌ی چاپه‌مه‌نی وه‌ك راندۆم هاووس، كنۆپ، ڤێنتاج، و هه‌تا دوایی به سه‌دان پسپۆرِی شاره‌زیان هه‌یه كه له ده‌ق ده‌كۆڵنه‌وه و برِیاری له چاپدانیان به ده‌سته. به‌و پێیه‌ی كه نووسه‌ر مافی سه‌ره‌كی خۆی پارێزراوه. به‌ڵام ئه‌و ده‌زگایانه ئامرازی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی ده‌قه‌كه‌یان له ئه‌ستۆدایه كه به چ شێوه‌یه‌ك ده‌یكه‌ن، به‌ڵام له‌وانه‌یه لای خۆمان پرۆسێسه‌كه هێشتا ئه‌و قالبه‌ی وه‌رنه‌گرتبێت، چونكه ده‌زگاكانی چاپ موڵكی ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌شتییان ده‌كه‌ن زۆر جار ده‌بن به ئامێری سانسۆر، له جیاتی ئه‌وه‌ی ره‌وتی مه‌عریفه به‌ره‌و پێش ببه‌ن بۆ دواوه‌ی ده‌گێرِنه‌وه. بۆیه نووسه‌ر و خوێنه‌ر هه‌رووكیان كه له وڵاتێكی سیسته‌ماتیكی له شێوه‌ی ئه‌مریكا ژیان به سه‌ر ده‌به‌ن ئازادترن. نووسه‌ر سه‌ربه‌سته له فروشتن و پاراستنی مافی له چاپدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ی كه ده‌ینووسێت، هه‌روه‌ها خوێنه‌ریش ئازادیێكی بێرِاده‌ی هه‌یه له خوێنده‌نه‌وه و رِێكلام بۆ هه‌ر چ كتێبێك، به‌ڵام له شوێنانی دیكه كه ئه‌و ئازادییه كولتورییه به‌دی ناكه‌یت، ده‌بینیت كه ده‌زگاكانی چاپ به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كتێبی پرِوپاگه‌نده ته‌رخان كراون، لێره‌دا نووسه‌ر ئه‌گه‌ر ئیبداعكاریش بێت تووشی نامۆیی و خاوبوونه‌وه دێت. یان ئه‌وانه‌ی له كونێكه‌وه پێشتر فرسه‌تی له چاپ دانی كتێبیان هه‌رده‌م بۆ فه‌راهه‌م بووه، له‌وانه‌یه رۆژێك ئه‌وانیش له بینینه‌وه‌ی خۆیان به ته‌نیا له گۆرِه‌بانی ئه‌ده‌ب دا تووشی هه‌مان دۆگمای كه‌سی سیاسی ببن و زوو له ئیبداع بكه‌ون. له‌وه‌ش ترسناكتر و دژوارتر ئه‌وه‌یه كه باره‌كه هه‌روا برِوات و رێگا بگیرێت له ده‌ركه‌وتن و دروستبوونی ده‌نگی تازه. له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌و سێ كۆڵه‌كه‌یه‌ی كه كه‌سی ئیبداعكار بۆ سه‌ر خستنی ده‌ق پشتیان پێده‌به‌ستێت، هه‌رسێكیان پێكه‌وه له بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌خولێنه‌وه و هیچ گۆرِانێك له پێناو سه‌رخه‌ستنی پرۆسه‌ی داهێنان روو نادات. گرفتی گه‌وره بۆ نووسه‌ری داهێنه‌ر كه وه‌ك كه‌سێكی ته‌نها به چاوێكی دیكه شته‌كان ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه نا‌توانیت خۆی به ته‌نها ده‌قێكی پرِ له داهێنانی بباته ئاستی رِێكلام كردنێكی به‌رفره. ئۆدن له نووسینێكی دا ده‌رباره‌ی ئه‌دگار ئالان پۆ، ده‌ڵێت:" به‌سته‌زمان پۆ، سه‌ره‌تا ئه‌وه‌نده فه‌رامۆش كراوبوویت كه تا ئه‌و راده‌یه‌ی بۆ بیست و شه‌ش ساڵان گۆرِه‌كه‌ت به بێ كێل بوو… ئه‌مرِۆكه‌ش له خه‌ته‌ر دایت به‌وه‌ی كه بووی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ژیان بۆ چه‌ند پرۆفیسۆرێك" لای خۆمان باره‌كه هێشتا ترسناكتریشه له‌وه‌ی به‌سه‌ر (ئه‌دگار ئالان پۆ)دا هات، چونكه نووسه‌ر ده‌بێت زاری كه‌سی سیاسی هه‌بێت و به‌رده‌وام رِێكلام بۆ خۆی بكات تا ده‌قێكی ده‌باته ئاستی خوێندنه‌وه و گرنگی پێدان. ئایا هه‌ست ناكه‌یت كه ئه‌وه كۆمه‌كێكی دروست نییه بۆ داهێنه‌ر، كاتێك سه‌رباری خه‌مه‌كانی نووسین و بیركردنه‌وه، بچێت به دوای ده‌مامك و بۆینباغی ملی كه‌سی سیاسی دا بگه‌رِیت؟ له زۆر شوێن رِێكلام ده‌ستی هه‌یه له ده‌رخستن و سه‌رخستنی به‌رهه‌مێك، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌تا سه‌ر نا‌توانێت كه ئه‌و به‌رهه‌مانه بكاته هاوشانی ئه‌و جۆره ده‌قانه‌ی كه گره‌وی ئه‌زه‌لی بوون ده‌به‌نه‌وه. رِێكلام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌یه‌كی كاتی بێت و له هه‌ر شوێنێك دا ماكینه‌یه‌كی سیاسی له پشته‌وه‌یه و وا ده‌كات داهێنه‌ریش ده‌ست ده‌داته قه‌ڵه‌م به دوای ئه‌و پرۆسه‌یه بكه‌وێت. نووسه‌ری داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بیر و هۆشی بۆ نووسینی ده‌ق ته‌رخان بكات هه‌رگیز ناچێت به‌سه‌ر پردێك دا ببه‌رِێته‌وه كه ده‌یه‌وێت ده‌ق به‌ره‌و ئاقارێكی كاتی ببات كه بۆ نموونه وه‌ك بازارِی ئۆتۆمبێل فرۆشتن وابێت. *: دیكارت روانینێكی وه‌هایه:" من بیرده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یه: كام (بیركردنه‌وه) ده‌توانێ (بوون)ێكی پرِ جووڵه و ئیبداعكاریی به‌رده‌وام به‌رهه‌م بهێنێ، هاوكات بیركردنه‌وه له كن تاكی هۆشیار تا چه‌ند په‌یوه‌سته به (ئاگایی) و (ئه‌وانیدیكه)وه؟ دیدار مه‌سیفی: بیركردنه‌وه خۆی ئه‌و جۆره كردارانه ده‌هێنێته گۆرِی كه كه‌س گومانی هه‌بێت، تێبگات، بسه‌لمێنێت، ره‌تی بكاته‌وه، رابمێنێت و هه‌ست به شته‌كان بكات. لێره‌دا بیركردنه‌وه به مانا به‌ربڵاوه‌كه‌یه‌وه ده‌یان و سه‌دان فه‌رمان و كرداری دیكه‌ی له‌و شێوانه‌ی له په‌نای ماناكه‌یدا حه‌شارداوه كه له‌وانه‌یه ئه‌و پرۆسه‌یه فره‌لایه‌نه دواتر به ره‌هه‌ند و ئاقاری گه‌وره‌تر دابرِوات و ئێش، ئازار، چێژ، وێنه‌ی خه‌یاڵی و هه‌زار و یه‌ك شتی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی دا بهێنێته ئاراوه، یان له پرِ ببێته هۆكاری داهێنانێكی گه‌وره. ئایا تێپه‌رِینی نزیكه‌ی چوار سه‌د ساڵ به سه‌ر راگه‌یاندنی ئه‌و روانینه، هه‌ست ناكه‌یت زه‌مه‌نێكی گه‌لێك درێژه له هه‌مبه‌ر نه‌گه‌ییشتن به‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه؟ ئه‌گه‌ر دیكارت سه‌رچاوه‌ی هه‌موو كاره‌كانی بۆ خه‌ونیك بگه‌رِێته‌وه كه له شه‌وێكی زستانی رۆژگاره‌كانی سه‌ربازیدا بینیویه‌تی، ده‌بێت خه‌ونێكی وه‌ها هه‌تا چ راده‌یه‌ك په‌یوه‌ست بووبێت به ئاگایی ئه‌وانه‌ی دیكه‌وه؟ كه‌سێك كه ئه‌و جۆره خه‌ونه‌ی دیكارت ده‌بینێت، به ئاسانیی نا‌توانێت له ده‌ست خه‌ونه‌كه‌ی رابكات و بیری لێ نه‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ئاسان نییه بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش كه یه‌كسه‌ر ده‌رك به خه‌ونی ئه‌و كه‌سه بكه‌ن و له مانا شاراوه‌كانی بگه‌ن. بۆ من، كاتێك ئه‌و گوته‌یه‌ی دیكارت جارێكی دیكه دێته‌وه گوێم، یه‌كسه‌ر بیرم بۆ شوێن و كات ده‌چێت. ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی كه بیرده‌كاته‌وه له چ شوێنێك و سه‌رده‌م و خاڵێك دا وه‌ستاوه؟ ئایا ده‌توانێت چ بكات له‌و ماجه‌رایه؟ چونكه ئه‌وه‌ی تا ئێستاش جێی داخه، ئه‌مه‌یه كه دنیا له گشت خاڵه‌كانی شوێنێكی له‌یه‌كترچوو نییه بۆ بیركردنه‌وه. ئه‌دی ئه‌وه نییه تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وه‌ك حه‌للاج و ئه‌وانی دیكه كه بیریان كرده‌وه سه‌ریان دانا، زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه توانییان خه‌ونه‌كانیان مه‌وجوو بكه‌ن له واقیع دا و به زیندووی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ببیننه‌وه. دیكارت به هۆی بیركردنه‌وه‌كانی گه‌وره‌ترین شۆرِشی فیكریی له سه‌رده‌می خۆی به‌رپاكرد، به‌ڵام ئه‌و تا ئه‌وپه‌رِی ستایشكردن رِیزی لێ‌گیرا. ئه‌و له دوا رۆژه‌كانی ژیانی نه ژه‌هری ده‌رخوارد درا، نه په‌تی سێداره‌ی بۆ هه‌ڵكرا، به‌ڵكوو تا مردیش له پاڵ كریستینای شژنی سوێد مایه‌وه و ده‌رسه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی بۆ شی ده‌كرده‌وه. *: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆرن؟ دیدار مه‌سیفی: ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان ده‌كرێت، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین شیرینی بكه‌ین، نه‌وه‌ك چۆن ده‌كرێت خۆمان به خه‌یاڵ وا رابهێنین كه به تاڵ بڵێین شیرین. هه‌ست ده‌كه‌م ئێستا كاتی نووسینی ئه‌و جۆره ده‌قانه به‌سه‌رچووه كه پرِن له فه‌نتازیا و خه‌یاڵ، بۆیه ده‌بینیت رِۆماننووسێكی وه‌ك (یان مارتێل) كه ده‌توانێت له ماڵه‌كه‌ی خۆی دا و له به‌رانبه‌ر جوانترین دیمه‌نی سه‌رئه‌رز دابنیشێت و ته‌ئه‌مول بكات؛ به‌وه‌ش بتوانێت ده‌قێك بنووسێت كه تژی بێت له فه‌نتازیا و خه‌یاڵ. به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه ناكات، به‌ڵكوو ده‌چێت بۆ ساڵانێكی درێژ له ئێران و هیندستان و توركیا و شوێنانی دیكه كاته‌كانی به‌سه‌ر ده‌بات كه واقیعیان پرِه له چیرۆك و به‌سه‌رهاتی سه‌یرتر له خه‌یاڵ. خۆ ئه‌و وه‌ك ئێمه ده‌زانێت كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا وه‌ك عه‌ساكه‌ی مووسا هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه چاره و كلیل بوون بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع، به‌ڵام ئه‌مرۆ واقیع خۆی به زاڵ و تاڵ و بێره‌حم پیشان ده‌دات. دیاره ئه‌و هۆكاره‌یه كه وا له كه‌سێكی وه‌ك مارتێل ده‌كات بچێت له رۆژهه‌ڵات ئه‌و جۆره چیرۆكه تاڵه واقیعیانه هه‌ڵبگرێته‌وه كه ده‌توانن له فه‌نتازیا و خه‌یاڵ چاكتر شه‌ر له‌گه‌ڵ واقیعی تاڵ بكه‌ن. له‌وانه‌یه داهێنه‌ر بێ عه‌مبارێكی پرِ له خه‌یاڵ و فه‌نتازیا نه‌توانێت ده‌قێكی جوان بنووسێت و كار له واقیع بكات، به‌ڵام خه‌یاڵ و فه‌نتازیا خستنه سه‌ر كاغه‌ز زۆر جار نابێته هۆی ئه‌وه‌ی واقیع به‌و پێیه بگۆرِێت كه داهێنه‌ر له خه‌یاڵی خۆی وێنای ده‌كات. ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئاستی دنیا ئه‌ده‌بیك زۆر باوه كه واقیع وه‌ك خۆی ده‌خوێنێته‌وه، دیاره ئه‌وه‌ش له شوێنێك سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه جۆره ئه‌ده‌بیك ده‌توانێت پشتی واقیع له زه‌وی بدات، كه وه‌ك ئاوێنه روون و ساكاره. ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنه هاته گۆرِی و ئه‌و واقیعه تاڵه نه‌ما كه وه‌ها له خه‌ڵك ده‌كات ئیتر چێژ له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی وه‌رنه‌گرن، ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گه‌رِێته‌وه كه هه‌ر كه‌س بێخه‌م دابنیشێت و كتێبێكی خه‌یاڵیی هه‌زار لاپه‌رِه‌یی بخوێنێته‌وه. *: (دۆرێس لیسینگ) روانینیی وه‌هایه: "هه‌ندێك كه‌س بانگه‌شه‌ی ئه‌و ده‌كه‌ن كه رِه‌خنه ره‌سه‌نایه‌تی له مرۆڤدا كاڵ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ره‌سه‌نایه‌تی و داهێنانم هه‌بن. ئه‌وا له رێگه‌ی رِه‌خنه‌وه به ده‌ستم هێناون". ئه‌م ره‌سته‌یه‌ی لیسینگ له كوێوه ناكۆك و ته‌با ده‌كه‌وێته‌وه له‌گه‌ڵ (داهێنه‌ر) و (داهێنان)ی ئه‌ده‌بی؟ دیدار مه‌سیفی: به داخه‌وه، تا ئێستا هیچ به‌رهه‌مێكی دۆریس لیسینگم نه‌خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌و خانمه هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵه له ئه‌ده‌ب و له ساڵی 1919 له كه‌رمانشان له دایكبووه. هه‌روه‌ها دیاره ئه‌و ئه‌و ئاخاوتنه‌ی هه‌روا نه‌كردووه كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی شتێكی زاری سیاسه‌تمه‌دار و رِۆماننووسێكی دیكه‌ی ئینگلیزه به ناوی بنیامین دیزرائیلی. دیزرائیلی سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له سه‌رده‌می لیسینگ ژیاوه، سه‌باره‌ت به رِه‌خنه‌گران ده‌ڵێت: "ئایا ده‌زانیت رِه‌خنه‌گران كێن؟ ئه‌و پیاوانه‌ن كه له مه‌یدانی ئه‌ده‌ب وهونه‌ردا شكستیان هێناوه" ئه‌گه‌ر ئێمه بێین به‌راوردی ئه‌و دوو ئاخاوتنه بكه‌ین كه یه‌كه‌میان له نێو پرسیاره‌كه‌ی تۆ دایه و دوومیشیان كه‌وتووه‌ته نێو وه‌ڵامه‌كه‌ی منه‌وه، ده‌بینین ئه‌وه‌ی تۆ زۆر تازه‌تر و قووڵتر و به‌خشنده‌تره له‌وه‌ی من كه به‌و جۆره رڤه‌ی رۆڵی رِه‌خنه‌گران ده‌كات، هه‌روه‌ها زۆر ته‌با و كۆكیشه له‌گه‌ڵ مانا بنه‌رِه‌تییه‌كه‌ی داهێنان، كه به بێ رِه‌خنه‌ی دروست هه‌رگیز كامڵ و ته‌واو ده‌رناچێت. نووسه‌ر كاتێك ئاخاوتنێكی وه‌ك هی دیرزائیلی به زاردا دێت و رِه‌خنه‌گر به ناحه‌ز و دوژمنی خۆی ده‌زانێت، كه رِه‌خنه‌گر به شته لاوه‌كییه‌كان خه‌ریك بێت له جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ق به جۆرێكی دیكه شیبكاته‌وه و له بناغه‌وه هه‌ڵیته‌كێنێت، به‌ڵام جاری وه‌هایش هه‌یه كه نووسه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به بیرێكی دۆگماوه هاتووه‌ته مه‌یدان و وه‌ها له رِه‌خنه‌گر ده‌كات كه (به ناچاریی) واز له كاره به ئه‌مه‌ك و جوانه‌كه‌ی بهێنێت و بچێت به ستایش و پێداهه‌ڵدان خه‌ریك بێت. لیسینگ جوان ده‌زانیت، نووسینی ده‌ق وه‌ك دروست كردنی به‌له‌مه‌ێك وایه، ئه‌گه‌ر رِه‌خنه‌گرێك سه‌وڵه‌كه‌ی لێ نه‌دات و سه‌ر ئاوی بخات، داهێنان چه‌نده قووڵیش بێت هه‌ر له قووڵاییی ئاوه‌كه ده‌مێنیته‌وه. نووسه‌ریش به‌و ده‌ق و داهێنانه‌ی هه‌رگیز ناگاته كه‌ناری ئارام. لویس ئه‌راگۆنی فه‌ره‌نسا ده‌ڵیت: "من داواكارم كتێبه‌كانم به رِه‌قترین شێوه هه‌ڵبسه‌نگێنرێن له لایه‌ن كه‌سانێكی به مه‌عریفه، كه به چاكی شاره‌زای رێزمان و لۆجیك بن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ژێر كۆماكانیشم ده‌پشكنن". *: یه‌كیك له روانینه‌كانی (دێرك واڵكۆت) وه‌هایه: "ئه‌ده‌ب ده‌می زامێك هه‌ڵده‌داته‌وه، قووڵتر له‌و زامه‌ی مێژوو هه‌ڵیده‌داته‌وه". ئێمه ده‌توانین به‌و شێوه‌یه‌یش بڵێین: لێكۆڵه‌ر و رِه‌خنه‌كاری كوردیی قووڵتر ده‌چنه نێو پێكهاته‌ی ده‌قه‌كان؟ دیدار مه‌سیفی: ئه‌گه‌ر مێژوو ته‌نها له‌و دیوه بخوێنریته‌وه كه په‌یوه‌ست به مرۆڤ بێت و به‌س، ئه‌و شوێنه‌ی دێرك واڵكۆتی تێدا له دایكبووه و گه‌وره بووه، مێژوو ته‌مه‌نێكی وه‌های نییه كه زامه‌كان بخوێنێته‌وه، به‌ڵام لای خۆمان مێژوو به جۆرێك خۆی سه‌پاندووه و ته‌مه‌نیشی به هه‌زاران ساڵه. بۆیه له‌وانه‌یه ئه‌و هاوكێشه‌یه به جۆرێكی دیكه بكه‌وێته‌وه، كه‌چی هێشتا كه‌س نا‌توانێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاخاوتنه‌ی واڵكۆت سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌ب. لای خۆمان له پاڵ ئه‌ده‌ب سیاسه‌ت و مێژووه‌كه‌ی سێبه‌رێكی گه‌وره‌تریان به سه‌ر ژیان دا كێشاوه، بۆیه هه‌ست ده‌كه‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب كه‌مێك قووڵتر و به‌ربڵاوتر ده‌چێته كژ ده‌قه‌كان، له‌وه‌ی له شوێنه‌كانی دیكه هه‌یه، به‌و مانایه‌ی كه كاری رِه‌خنه لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌سه‌ر ده‌قه‌كه و به‌س. زۆرجار ده‌بینین لێكۆڵینه‌وه و رِه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی زیاتر بۆنی بابه‌تێكی فه‌لسه‌فییان لێدێت، له‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی، دیاره ئه‌مه‌ش وای كردووه ئێمه هه‌موومان بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌یاننووسین قووڵ پێیانه‌وه دیار بێت كه ناچارین ناوی چه‌ندین فه‌یله‌سوف بخه‌ینه نێو بابه‌ته‌كان‌مان، ئه‌مه‌ش بووه به نه‌ریتێكی ناجۆر و ناته‌واو كه كاری خراپی كردووه‌ته سه‌ر ئاماده‌بوونی رِه‌خنه‌یه‌كی قووڵ و دروست بۆ ده‌قی ئه‌ده‌بیی. من پێشتر ناوی رِۆماننووسێكی كه‌نه‌داییم هێنا، واته: (یان مارتێل) كه خاوه‌ن دكتۆرایه له فه‌لسه‌فه‌دا، به‌ڵام ئه‌و به ده‌گمه‌ن له كاتی نووسینی وتارێكی ئه‌ده‌بیی یان كه به پرسیار و وه‌ڵام له لایه‌ن رِه‌خنه‌گرێكه‌وه ده‌دوێنرێت، به‌و شێوه‌یه ده‌نووسێت یان وه‌ڵام ده‌داته‌وه كه له وتار و نووسینه‌كانی ئێمه‌دا هه‌یه. به‌رای من، لێكۆڵینه‌وه و رِه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌ن، به شێوه‌یه‌كی جوان و دروست ناتوانن ده‌قی ئه‌ده‌بیی شیبكه‌نه‌وه و هه‌ڵیبسه‌نگێنن، دیاره ئه‌مه‌ش له سه‌رده‌مێكی داخراودا بوو به (باو) كه ته‌نها ئه‌و كه‌سانه ده‌ستیان تێدا هه‌بوو كه زووتر ده‌ستیان به‌و ده‌قه فه‌لسه‌فیانه گه‌یشت كه بۆ ئێمه تا زه‌مه‌نێكی دوور نامۆ بوون. من زۆر زیاتر چێژ له‌و لێكۆڵینه‌وانه وه‌ردهگر‌م كه به شێوه‌یه‌كی ساده و ره‌وان ته‌نها ده‌قه‌كه ده‌خوێننه‌وه، له جیاتی ئه‌وه‌ی نیوه‌ی به ناو و وشه‌ی فه‌لسه‌فیی پرِ بكرێنه‌وه و به‌ربڵاوانه بكه‌ونه سه‌ر و گوێی ده‌قه‌كان. ئه‌و قسه‌یه‌ی من مانای ئه‌وه نییه كه هیچ لێكۆڵینه‌وه و رِه‌خنه‌یه‌كی قووڵ ئه‌نجام نه‌دراوه بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی كه پێوسته له جارێك زیاتر بخوێنرێنه‌وه. له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مترین كار بۆ پۆلینكردن كراوه، ده‌بینیت لیكۆڵینه‌وه و رِه‌خنه بوونه‌ته ئاوێته‌یه‌ك له بابه‌ته‌كانی وه‌ك مێژوو، فه‌لسه‌فه، سایكۆلۆژی، هتد. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌نده درێژ و به‌ربڵاوی به خۆیه‌وه ببینێت، كه لێكۆڵه‌وه‌ر یان رِه‌خنه‌گر بواری ئه‌وه‌ی بۆ نه‌مینێ باسی پێكهاته‌كانی نێو ده‌قه‌كه بكات. دواجار، ئه‌مانه ده‌بن به هۆی ئه‌وه‌ی كه وتاره رِه‌خنه‌ییه‌كان ئامانجی خۆیان نه‌پێكن، كه به كورت و كوردیی بریتیین له هاندان و هاننه‌دانی خوێنه‌رێكی دوای خۆی، بۆ ده‌ست بردن بۆ ئه‌و ده‌قانه. *: په‌یوه‌ندیی نێوان (ده‌ق) و (چێژ) له نێو ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا تا دێ كاڵ و كاڵتر ده‌بێته‌وه، تا ئێسته‌یش ئێستگه‌لێك بۆ ئه‌م دوو زاراوانه نه‌كراون له لایه‌ن رِه‌خنه‌گرانمان-ئه‌گه‌ر بریاره رِه‌خنه‌گرانمان هه‌بن-، بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵاوبوونێكی ره‌گئژۆیی بخولقێنین، پێویسته له كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین؟ دیدار مه‌سیفی: سه‌ره‌تا ده‌بێت نووسه‌ر ئه‌و رێگایه بۆ رِه‌خنه‌گر ئاسان بكاته‌وه، چونكه تۆ نا‌توانیت له هه‌ر كوێیه‌ك بته‌وێت ده‌ست پێبكه‌یت. نووسه‌ر چۆن ده‌توانێت به جۆرێك بنووسێت كه ده‌قه‌كه‌ی چێژێكی قووڵ بدات به خوێنه‌ر و وه‌ها بكات ده‌قه‌كه‌ی له جارێك زیاتر بخوێنرێته‌وه؟ من هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و شێوازه‌ی (بۆرخیس) هه‌یبووه بۆ نووسین، مۆدلێكی زۆر جوانه بۆ چاولێكردنه‌وه. ئه‌و جۆره چاولێكردنه‌وه‌یه نا كه مردنی ده‌ق رِاده‌گه‌یه‌نیت، به‌ڵكوو رۆێشتین له‌سه‌ر رِه‌وتێكی له‌یه‌كترچوو به هی ئه‌و. بۆرخیس ده‌ڵێت: "من كه ده‌نووسم نامه‌وێت بیر له خوێنه‌ر بكه‌مه‌وه ((چونكه خوێنه‌ره‌كه كارئه‌كته‌رێكی خه‌یاڵییه، هه‌روه‌ها نامه‌وێت بیر له خۆشم بكه‌مه‌وه (چونكه له‌وانه‌یه منیش كارئه‌كته‌رێكی خه‌یاڵیی بم) ))، به‌ڵام من بیر له‌و شته ده‌كه‌مه‌وه كه ده‌مه‌وێت بیگه‌یه‌نم و تا ئه‌وپه‌رِی هه‌وڵده‌ده‌م نه‌یشێوێنم". ئه‌گه‌ر ده‌ق به‌و شێوه‌یه نووسرا كه بۆرخیس ده‌یه‌وێت، ده‌بینین ده‌ق به شێوه‌یه‌كی خۆنه‌ویست هاله‌یه‌كی جوان و پرِ له چێژ به ده‌وری خۆی دروست ده‌كات و تا سه‌ر له كاڵبوونه‌وه ده‌یپارێزێت. ئه‌گه‌ر نووسین هه‌ر پرِكردنه‌وه‌ی لاپه‌رِه و لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و قوتابخانه ئه‌ده‌بییانه بێت كه له ده‌ره‌وی فه‌زای ئێمه و له ژێر كاریگه‌ریی كه‌ش و هه‌وایه‌كی جوایه‌ز دا ده‌خولقێن، ئێمه هه‌رگیز ناتوانین ببین به خاوه‌ن جۆره ده‌قێكی تایبه‌ت و جوان. ده‌قی جوان پێویستی به هیچ ده‌مامك به‌ستن و فێڵ و جادوویه‌ك نییه تا بچێته نێو دڵی خوێنه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی چێژ و سیحرێكی بێئه‌ندازه‌ی پێ ببه‌خشێت. ئه‌گه‌ر ده‌ق وه‌ها بێته ئاراوه، رِه‌خنه‌گرانیش دتوانن چاكتر ده‌قێك بخوێننه‌وه كه له ناخی نووسه‌ر دا هه‌لقووڵاوه، نه‌وه‌ك كاریگه‌ریی قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی یان كه‌ش و هه‌وایه‌كی سیاسیی. رِه‌خنه‌ی قووڵ هه‌رگیز نا‌توانێت ئه‌و ده‌قانه به هه‌مان چاو بخوێنێته‌وه، له‌وانه‌ی كه به مۆدیێلێكی بۆرخیسانه ده‌نووسرێن و جوانی و چێژ و مانایگه‌لێكی شاراوه له پشت وشه‌كانیاند ا هه‌ن. *: ده‌ق ده‌توانی ببێ به ئه‌لته‌رناتیڤ له به‌رانبه‌ر نامۆیی و بێزاریی تا ده‌قنووس له سه‌روه‌ختی ته‌نگانه‌دا ده‌ستی بۆ ببا؟ دیدار مه‌سیفی: یه‌كه‌مین رێككه‌وتن كه ده‌قنووس له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یكات، كاتێكه كه برِیار ده‌دات به وشه له‌گه‌ڵ دنیایێكی پرِ له كێشه و گرفت بجه‌نگێت. ئه‌وه گرنگترین هه‌نگاوی هاتنه‌كایه و خولقانی جۆره ده‌قێكه كه ده‌توانێت گشت بێزاییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی نووسه‌ر برِه‌وێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش كاتێك رِووده‌دات كه وشه‌كان سه‌رباری ئه‌وه‌ی سیمبولێكی ره‌ونه‌قداری ئه‌و جه‌نگه‌ن، پرِیشن له مانای شاراوه. هه‌روه‌ها جۆره گورِ و هێزێكیان تێدایه كه نه‌وه‌ك هه‌ر نووسه‌ره‌كه خۆی، به‌ڵكوو خوێنه‌ریش ده‌خه‌نه حاڵه‌تێكی ئارامبه‌خش و سیحرئامیز. ده‌ق كاتێك ده‌توانێت وابێت كه خاوه‌نه‌كه‌ی خاوه‌ن خه‌ونێك بێت له هی كه‌سێكی دیكه نه‌چێت. ئه‌وه دیاره كه له هه‌موو كونجێكی دنیادا، هه‌ر هه‌مان بانه كه تێیدا ده‌قنووس ده‌بێت نامۆ بێت، به‌ڵام ئه‌وه برِیاری ده‌قنووسه كه ده‌یه‌وێت چ جۆره ئه‌لته‌رناتیڤێك بدۆزێته‌وه كه ئارامیێكی زیاتری پێبدات له‌و واقیعه‌ی كه تێیدا ده‌ژیێت. به‌ڵام چۆن ئه‌و جۆره ده‌قه ده‌توانێت ئه‌و بارستاییه گه‌وره‌یه‌ی هه‌بێت و جێگه‌ی واقیع و دنیا بگریته‌وه؟ رومی كاتێك گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی كه ته‌نها خۆی بێت و كه‌سی دیكه نه‌بێت، كاتێك بوو كه له لوتكه‌ی نامۆیی دا ده‌ستی له ستوونێكی حوجره‌كه‌یدا وه‌رهێنابوو و چه‌ند جارێك به ده‌وری دا خولایه‌وه و خولایه‌وه، هه‌ر ئه‌و كاته‌ش بوو هه‌ستی كرد كه له خۆشی‌دا وا خه‌ریكه قولینجه‌كانی لێوی كه‌ف ده‌كه‌ن، زاری به وشه‌ی جوان ده‌ته‌قێت، چاوانیشی پرِ ده‌بن له روندك. رومی ده‌خولایه‌وه و شیعر وه‌ك رووبار له زاری ده‌رژا و شاگرده‌كانی نه‌یانده‌توانی له نووسینه‌وه‌یان بووه‌ستن. رۆمی له‌و كاته‌دا هه‌ستی كرد كه هیچ شتێك نا‌توانێت ئه‌ونده‌ی له دایكبوونی ئه‌و شیعرانه ئارامی و شادی بخاته دڵ و ده‌روونیه‌وه. بروانه ئه‌و چه‌ند دێره شیعره‌ی (رومی) كه ده‌ڵێت: "ساڵانێكی زۆر، لاسایی خه‌ڵكم كرده‌وه و من ده‌مه‌ویست خۆم بناسم، كه‌چی تێیدا نه‌متوانی برِیار بده‌م كه چ شتێك بكه‌م، نه‌متوانی هیچ ببینم كه ناوی خۆم بیست گازی كرا دوایی رِاپه‌رِیم و بۆ ده‌ره‌وه چووم" ده‌بینیت ده‌قنووس لێره‌دا چه‌ند قووڵ و جوان ئه‌و دنیایه ده‌گۆرِێته‌وه به‌وه‌ی كه خۆی بۆ خۆی ده‌یدۆزێته‌وه. *: نووسه‌ران هه‌میشه له سه‌فه‌رێكدان له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ دنیادا، ئاخۆ تۆ له‌و سه‌فه‌ره‌تدا به كوێ گه‌یشتووی؟ دیدار مه‌سیفی: به ده‌ست خۆم نییه كه بۆ وه‌ڵامی ئه‌و جۆره پرسیارانه یه‌كسه‌ر بیرم بۆ هه‌ردوو ته‌وه‌ره‌ی ئێكس و وای ماتماتیك ده‌چێت، كه له نێوانیاندا ته‌ن خاڵێكی زۆر زۆر بچووكه، به‌ڵام له هه‌ر ئان و ساتیكدا خاوه‌ن تان و پۆیه‌كی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. بۆ كه‌سێك كه قه‌ده‌ری نووسین و داهێنانی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، له‌وانه‌یه هه‌ڵبه‌زین و دابه‌زین له نیوان تان و پۆیه‌كانیدا به جۆرێكی سه‌یرتر گوزارشت له‌و سه‌فه‌ره‌ی بكات، چونكه چاره‌ی ئه‌و به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به ته‌وره‌یه‌كی دیكه‌وه به‌نده، كه هه‌رگیز له سه‌ر كاغه‌ز ره‌سم ناكرێت، بۆیه ده‌بینیت كه‌سی نووسه‌ر سه‌رباری ئه‌و سه‌فه‌ره واقیعییه‌ی به‌سه‌ر تان و پۆیه‌كانیدا له خه‌یاڵیشدا خاوه‌ن ته‌وه‌ره و گه‌شت و سه‌فه‌رێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. نه‌جیب مه‌حفوز نه‌وه‌د و حه‌فت ساڵ ژیا، هه‌تا مرد بۆ سه‌فه‌رێكیش له میسر ده‌رنه‌چوو. ئه‌و ده‌یگوت كه به خه‌یاڵ كون به كونی دنیا گه‌رِاوم. من له سه‌ره‌تاوه حه‌زم له سه‌فه‌رێكی جوبرانه بوو كه ته‌مه‌نی درێژ و نه‌گۆرِینی شوێنی نه‌دات به سه‌فه‌رێكی دوور كه ئۆقیانووسه‌كانیش ده‌برِێت. هه‌ستم ده‌كرد كه نووسینه‌كانی جوبران (كه له خاكی غوربه‌ته‌وه نووسرابوون) سه‌د بار و هه‌زار بار زیاتر چێژم پێ ده‌به‌خشن، له‌وه‌ی كه رِۆمانێكی مه‌فحوز یان عه‌بدولقه‌دووسم بخوێنمه‌وه. دواتر روسه‌كان هاتن؛ كازانتزاكیس هات و له‌گه‌ڵ خۆیدا بردمی، ئه‌و لێم نه‌گه‌رِا چاوه‌رِێ بم تا رۆژێك وه‌كوو باوكم ده‌توانم چه‌ند گه‌شتێكی خۆش بۆ یۆنان بكه‌م. من له‌و كاته‌دا رۆیشتم كه ده‌بووایه برِۆم، ئه‌و ساڵانه‌ی كه خووی درێژم بۆ خوێندنه‌وه ده‌مێك بوو تارمایی ئه‌و كه‌شه‌ی له ناخم چی كردبوو كه حه‌ز به سه‌فه‌رێك بكات كه كۆتاییی بۆ نییه. پێش ئه‌وه‌ی له كوردستان برِۆم، ره‌شنووسی ده تا پازده كورته‌چیرۆكم لای دوو هاورِێم جیهێشتبوو كه وه‌ك من عاشقی خوێندنه‌وه بوون، به‌ڵام دوای ساڵانێكی زۆر كه له سه‌فه‌ر گه‌رِامه‌وه هه‌ردووكیان به جیا چیرۆكه‌كانیان فه‌وتاندبوون. من ئه‌و دوو هاورِێیه‌م خۆشده‌ویستن و هه‌رگیز دڵم لێیان نه‌رِه‌نجا، چونكه ده‌مزانی ئه‌گه‌ر دوای ئه‌و سه‌فه‌ره جارێكی دیكه چیرۆكه بزربووه‌كانی خۆم بگه‌شتبانه‌وه ده‌ستم و بمخوێندبانه‌وه، ئه‌وا ده‌بوو جه‌سته‌ی هه‌موویان به قه‌ڵه‌مه‌كه‌م كون كون بكه‌م و دواتر هه‌ر خۆم فرِێیان بده‌م. ئێستا ده‌قێكی درێژتری ئه‌و سه‌رده‌مم له‌به‌ر ده‌سته، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یهێنم و ده‌یبه‌م به ئاسانی ناتوانم نه فرِێی بده‌م و نه پێیدابچمه‌وه. ئه‌و ماوه‌یه بوو كه له رقی ئه‌و یه‌كتركوشتنه‌ی له گۆرِێدابوو، من خۆم له ناوه‌وه ئاخنیبوو و بریارم دابوو نه‌چمه ده‌ره‌وه، تا شتێك ده‌نووسم، بیست و چوار سه‌عاتی خۆمم كردبوو به چوار به‌ش، له به‌شێكدا ده‌مخوێنده‌وه، له ئه‌ویتردا ده‌نوستم، له یه‌كێكی دیكه دمنووسی، له دووایه‌كه‌یاندا پیاسه و گه‌رِانی خۆم له باخچه‌كه ده‌كرد. ماوه‌ی زیاتر له ساڵێك وه‌ها هاتم و چووم و رِۆمانێكم به ته‌واوی كارئه‌كته‌ر و بونیاده‌كه‌ی، نووسییه‌وه. ئه‌و ره‌شنووسه‌م له ماڵ جێهێشت و خۆم به دوای سه‌فه‌ره‌كه‌مدا سه‌ودا بووم، پاش ساڵانێكی زۆر داوای ره‌شنووسی رِۆمانه‌كه‌م له ماڵه‌وه كرد و به كه‌سێك بۆیان ناردم كه ئه‌وه‌نده‌ی كردم له غوربه‌تدا نه‌بووین به هاورِێ. من چاكه‌ی ئه‌و كه‌سه‌م هه‌رگیز له بیر نه‌كرد و تێر بۆی گریام كه زانیم پاش ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه‌یه‌ك بوو، له شاریكی زۆر زۆر ساردا به ده‌ستی هیندیه‌كی سوور پێست كوژرا. بۆ من ئه‌و چیرۆكه خه‌مناكه زۆر ئاڵۆز و گه‌رم و له پرِتر بوو له ورده‌كارییه خه‌یاڵییه‌كانی نێو رِۆمانه‌كه‌م، چونكه هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و كه‌سه یه‌كه‌م كورده له خاكێكی وه‌ها دووره‌ده‌ستدا به ده‌ستی نامۆی هیندییه‌كی سوور كوژرابێت. هه‌روه‌ها له‌به‌ر هۆكاری شێواز و زمان و كات به‌سه‌رچوونیش، ئه‌وه‌نده‌ی كردم نه‌متوانی ئه‌و رِۆمانه پاكنووس بكه‌مه‌وه و بیخه‌مه سه‌ر پێ، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی ناخم وازی نه‌ده‌هێنا و هه‌ر داوای ده‌كرد كه شتێك بنووسم، بۆیه رۆژێك ده‌ستم دایه قه‌ڵه‌م و برِیارمدا ده‌ست به نووسینی یه‌كێكی تازه بكه‌م، پاڵه‌وانی رِۆمانه تازه‌كه‌م له هی كۆنه‌كه‌م گه‌نجتر بوو، به‌ڵام هه‌ست و قه‌ده‌ری وابوو كه زووتر له ئه‌ویدیكه دنیا جێبهێڵێت، بۆیه زۆر به په‌له‌تر بوو له خۆناساندن، كه ته‌واوم كرد ئه‌و له سه‌ر من نه‌وه‌ستا و خۆی برده سه‌ر مێزی ئه‌م و ئه‌و، به‌ڵام دواجار به دڵی شكاو گه‌رِایه‌وه لای من، تا پاره‌ی گیرفانی خۆمی پێ بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بباته ژێر مه‌كینه‌كانی چاپه‌وه. ئه‌و رِۆمانه‌م ناوی (ئیلشا)یه، ئه‌گه‌ر به ناوهێنانی جیاوازیه‌ك له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵامانه‌م دروست ده‌كات كه سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ره‌كه‌ی خۆم ده‌یانده‌م. ده‌زانیت چه‌ند جوانه ئه‌و ئاخاوتنه‌ی (سه‌لمان روشدی) كه له ساڵی 1994 بۆ رۆژنامه‌ی (ده‌یلی تێلیگراف) كردوویه‌تی، كاتێك ده‌رباره‌ی تایتلی كتێبیكی به ناوی (رۆژئاوا، رۆژهه‌ڵات) پرسیاری لێ ده‌كرێت و ده‌ڵێت: "گرنگترین به‌شی ئه‌و تایتله كۆماكه‌یه، چونكه هه‌ستده‌كه‌م ئه‌وه منم" دیاره (ئیلشا)كه‌ی منیش شتێكه له بابه‌تی ئه‌و جۆره كۆمایانه.
|
Copyright (2008) Roshenbiry.com