![]() |
|
07/07/09باران: چیرۆك زمان و زایه‌ڵه‌ی هه‌موو ده‌نگێكه، (من) له چیرۆكدا ده‌كرێت تایبه‌ت بێت به خود و ده‌كرێت منێكی گشتیی بێت. |
|
باران: چیرۆك زمان و زایه‌ڵه‌ی هه‌موو ده‌نگێكه، (من) له چیرۆكدا ده‌كرێت تایبه‌ت بێت به خود و ده‌كرێت منێكی گشتیی بێت. سازدانی : رابه‌ر فاریق
له دوای ساڵانی نه‌وه‌ده‌وه، كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت ده‌ركه‌وتوون له نێو رِه‌هه‌نده‌كانی ئه‌ده‌بدا، وه‌ك كاروان (عومه‌ر كاكه‌سوور)یش ده‌ڵێت: ده‌كرێ ئه‌مانه وه‌كوو "نه‌وه‌ی دووه‌م"ی دوای رِاپه‌رِین بناسین، یه‌كێك له‌وانه‌یش كه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ده‌یگرێته‌وه، (باران)ه، كه له سه‌ره‌تاوه به زمان و ته‌كنیك و رِووداوه‌كانی چیرۆكه‌كانی جوایه‌زن، هاوكاتیش به كوردییه‌كی پاراوه‌وه ده‌نووسێت و له رِه‌وته‌كه‌دا وه‌كوو ناوێكی بێده‌نگ و به‌رهه‌مدار ده‌ركه‌وتووه. له‌م پێشه‌كییه‌دا ناتوانین باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وی بكه‌ین، به‌ڵام به گه‌رِانه‌وه بۆ چیرۆكه‌كانی و ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له باره‌یانه‌وه نووسراون، ده‌رگه‌ی ئه‌م رِاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره، به رِوومانه‌وه واڵا ده‌بێت.
- له ساڵی (1982) له شاری سلێمانی له دایك بووه. - له ساڵی (1999)وه نیشته‌جێی وڵاتی سوێده. - له پله‌ی خوێندندا تا دواناوه‌ندیی له سلێمانی خوێندوویه‌تی، قۆناغی ئاماده‌ییی له شاری ستۆكهۆڵم ته‌واوكردووه و له خوێندن به‌رده‌وامه. - له نێوه‌رِاستی ساڵی (2003)دا یه‌كه‌م كوورته‌چیرۆكی نووسیوه. - كتێبێكی چاپكراوی هه‌یه ناوی؛ (نامه‌یه‌ك بۆ به‌هه‌شت)ه، كۆچیرۆك، سوێد، ساڵی (2006). - كتێبێكی له زمانی سوێدییه‌وه كردووه به كوردی، ناوی؛ (ئانیكای ژیر)ه، چیرۆكی منداڵان، ساڵی (2008).
رِابه‌ر فاریق: زۆر له چیرۆكنووسان رِوانینیان وه‌هایه كه ژانری چیرۆك پلیكانه‌ی یه‌كه‌مه، مه‌رجه بیبرِی، دوای ئه‌وه نۆڤێلێت دێ، دواجاریش رِۆمان. ئه‌م هاوكێشه پله‌داره چۆن ده‌بینن؟ باران: نه‌خێر، من وا نایبینم. پابه‌ندبوونی ئه‌و رِیزبه‌ندییه‌م پێ مه‌رج نییه. ئه‌گه‌رچی به رِای من نووسینی نۆڤلێت و رِۆمان چه‌نێك بابه‌تی زۆر هه‌ڵگرییان پێویسته، ئه‌وه‌نده‌ش پشوودرێژیی نووسه‌ریان پێویسته، له‌گه‌ڵ نووسیندا. به‌ڵێ، ده‌شێت برِینی وه‌ها پلیكانه‌یه‌ك بۆ هه‌ناسه‌درێژیی نووسین و پتر قووڵبوونه‌وه سوودمه‌ند بێت. "هه‌نگاو به هه‌نگاو، هه‌ندێك جار پرنسیپێكی باشه" به وته‌ی نووسه‌ری به‌ریتانی (وینستۆن چه‌رچڵ)یش، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر نابێته پێوانه و دیاریكردنی ئاستی ژانری چیرۆك و نۆڤلێت و رِۆمان له پۆلێنێكی پله‌داردا. رِه‌نگه زۆر نووسه‌ر خۆیان زیاتر له چرِكردنه‌وه‌ی باسه‌كاندا به چیرۆك یان له ده‌قی كورتدا ببیننه‌وه، له‌وانه‌یه هه‌ر به‌و جۆره‌ش زۆر نووسه‌ری تر به سرووشتی خۆیان بخوازن زۆرتر بدوێن و به بێ خۆرِاهێنانێكی به‌وجۆره‌ش بتوانن نۆڤلێت یان رِۆمان و ده‌قی دوورودرێژ بنووسن. هه‌روه‌ك چۆن ده‌شكرێت له یه‌ككاتدا هه‌م رِۆماننووس و هه‌م چیرۆكنووسیش بیت. هه‌روه‌ها ئاسایییه دوای رِۆمانیش نۆڤلێت و چیرۆك بنووسیت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه به هه‌مان شێوه‌یه. رِابه‌ر فاریق: كه‌سانێك هه‌ن زۆر به داخراوه‌یی و سانایی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی مه‌جازیی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. به واتایه‌كی تر: ته‌نها ده‌ڵێن (ئه‌م ده‌قه جوانه) و (ئه‌م ده‌قه ناشرینه). به بێ ئه‌وه‌ی جارێك بپرسن: بۆچی جوانه؟ بۆچی ناشرینه؟ لێره‌دا ده‌پرسین: جوانیی و ناشرینیی ده‌قێك له ئه‌ده‌بدا چۆن ده‌ناسرێنه‌وه؟ باران: دیاره پێوه‌ره‌كانی جوانیی و ناشرینیی بۆ هه‌ر شتێك جیاوا‌زه و پێوانه‌كانیشیان له ئاستێكه‌وه بۆ ئاستێكی تر و له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه ده‌گۆرِێن. به‌م پێیه، ده‌كرێت زه‌وق و سه‌لیقه یان نزیكیی و دووریی و هه‌ست و تێگه‌ییشتی كه‌سه‌كان له تێكسته‌وه برِیارده‌ری ئه‌و جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنانه بێت. جگه له‌وه‌ش، فه‌زای ئه‌ده‌ب پێكهاته‌ی چه‌ندین ژانری جیاوا‌زه و هه‌ریه‌كه‌یشیان له وه‌رگرتنی چۆنێتیی و مۆركی تایبه‌ت دا، ناسینه‌وه‌ی خۆیان هه‌یه، كه ئه‌مه ده‌شێت بووبێته یاسایه‌كی رِێپێدراو بۆ دیاریكردنی ئاست و جوانیی و ناشرینیی ژانره‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتیی، له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی قووڵدا. له‌گه‌ڵ له بیربوونی ئه‌وه‌شدا كه ئه‌مرِۆ خوێنه‌ر وریایه و له پایانی جوانیی ئه‌ده‌بدا چاوه‌رِێی زۆر ده‌كات؛ هه‌ر له ته‌كنیك و شێوازی ده‌ربرِینه‌وه تا جێ هێشتنی كاریگه‌ریی و به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه... دواجاریش ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییه جوانه كه به شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ر به‌ره‌و لای خۆی ده‌بات، یان له خوێنه‌ردا ده‌مێنێته‌وه و سه‌رپێییانه تێ ناپه‌رِێت. رِابه‌ر فاریق: رِۆحی مرۆڤ (به تایبه‌ت نووسه‌ری چیرۆك) ته‌نها ئاوێنه‌ی خۆیه‌تی، یان له نێو مرۆڤدا هه‌موو ئه‌و به‌شه بچووك بچووكانه هه‌ن كه به‌شی تایبه‌تی ئه‌و نین و هی هه‌موو مرۆڤایه‌تین؟ هاوكات ئایا مرۆڤ جگه له خۆی نیشته‌جێی هه‌زاران دیارده و ده‌نگی كپكراو و بێده‌نگی تر نییه كه سه‌رچاوه‌كانیان ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی (خود)ه‌وه؟ باران: له ده‌مێكه‌وه وتراوه كه هیچ مرۆڤێك ته‌نها یه‌ك رِوو، یاخود یه‌ك دیو نییه، هه‌میشه دیوێكی دیكه له پشت ئه‌و دیوه‌وه كه ده‌یبینین شاراوه‌یه. ئه‌مه رِه‌نگه هۆی ئه‌وه بێت كه مرۆڤ ته‌نها خۆی نییه. نووسه‌ری چیرۆكیش به تایبه‌ت له كاتی نووسیندا، قه‌ت ناكرێت هه‌ر خۆی بێت. پاڵه‌وانی چیرۆكێكی رِێزدار (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) له چیرۆكی (دره‌وشانه‌وه‌ی مه‌حاڵ)دا، ده‌ڵێت: "چیرۆكنووسان باشتر باسی ئه‌وانی تر ده‌كه‌ن، وه‌ك له باسكردنی خۆیان". ئه‌م وته‌یه زۆر رِاسته، ئه‌و توانای باشتر باسكردنه‌ش به توانای باشتر ئاوێته‌بوون به رِۆحه‌كانی تر ده‌كرێت. چیرۆكنووس له جیهانی چیرۆكدا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی نووسینه‌وه‌ی خۆی نه‌بێت، ئیدی هێدی هێدی له‌گه‌ڵ كارئه‌كته‌ره‌كان به یه‌ك ده‌بێت و كه‌م تا زۆر خۆی له بیر ده‌كات. رِابه‌ر فاریق: كه چیرۆك ده‌دوێ، چی ده‌دوێ؟ ئایا خودێكی ناوازه و تایبه‌ت ده‌دوێ، یان رِۆحێكی گشتی؟ ئه‌وه منی مرۆڤه‌كانه كه قسه ده‌كا، یان منێكه ده‌لاله‌ت له ده‌نگێك ده‌كا له نێو خودی چیرۆكنووسدا نیشته‌جێیه و چیرۆكنووسی كردووه‌ته ناخود؟ باران: چیرۆك زمان و زایه‌ڵه‌ی هه‌موو ده‌نگێكه، (من)یش له چیرۆكدا ده‌كرێت تایبه‌ت بێت به خود و ده‌كرێت منێكی گشتیی بێت. یانیش بریتی بێت له من و تۆ و ئه‌وانی خه‌یاڵیی. ده‌توانین بڵێین كه هه‌موو چیرۆكێك هه‌ناسه‌یه‌كی خودی چیرۆكنووسی تێدایه، هه‌رچی ناخودیشه له چیرۆكدا بارگاوییه به خود. چ به ده‌نگی تایبه‌ت و چ به ده‌نگی گشتییش. بۆیه كه چیرۆك ده‌دوێت هه‌رچی مه‌به‌ست بێت ده‌یڵێت و ده‌كرێت جیاواز ببیسترێت، یان خوێندنه‌وه و تێگه‌ییشتنی جیاوازی بۆ بكرێت. رِابه‌ر فاریق: چیرۆكی ئێسته‌ی كورد، به ده‌ر له گوتنی حه‌رام و حه‌ڵاڵه‌كان، ده‌یه‌وێ چیمان پێ بڵێت؟ باران: هه‌ر چیرۆكێك گوتاری خۆی هه‌یه بۆ وتن، وه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا، رِه‌نگه تایبه‌ت بێت به تاكی نووسه‌ر یان وه‌رگیراو و ئارِاسته‌كراو بێت بۆ كۆی كۆمه‌ڵگا و مرۆڤایه‌تیی، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتیی چیرۆكی ئه‌مرِۆی كوردی رِه‌نگه بیه‌وێت ئه‌و شتانه بڵێت كه تا ئێسته له مێژووی چیرۆكدا نه‌وتراون، یان ده‌گمه‌ن بوون، واته له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه رِه‌ها بێت و به رِۆحێكی ئازاده‌وه تێرِامان له كه‌سایه‌تییه‌كاندا دروست بكات و شته دوور و نزیكه‌كان بگه‌ێنێت به یه‌كتریی. له‌و باوه‌رِه‌شدام كه ئه‌گه‌ر چیرۆكی نوێ زیاتر قبووڵ بكرێت و به پێوه‌ره كۆنه‌كانه‌وه پێوه‌ند نه‌كرێت، بتوانێت زۆرتر بڵێت... رِابه‌ر فاریق: خه‌ون چۆن ته‌وزیف ده‌كه‌ی له نێو ده‌قی داهێنراودا؟ هاوكات بۆ پرۆسه‌ی داهێنان تا چه‌ند سوودت له خه‌ون وه‌رگرتووه؟ باران: خه‌ون وه‌ك جیهانێكی پرِ له نهێنیی و لێكدانه‌وه، به‌شێكی به‌رینه له ژیانی مرۆڤدا، هه‌روه‌ها له دووتوێی ده‌قدا ده‌توانێت یاریده‌ده‌ری داهێنان بێت. ئه‌گه‌ر له مێژووی چیرۆكیشه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین، بۆ نموونه چیرۆكی (له خه‌وما)ی جه‌میل سایب له بیسته‌كاندا، كرده‌یه‌كی سه‌رنجرِاكێش و ژیرانه‌ی نووسه‌ر بووه، كه هه‌رچی زمانی ئاساییی ئه‌و سه‌رده‌مه زووه له‌و رِۆژانه‌دا نه‌یتوانیوه یان نه‌یوێراوه رِاشكاوانه بیڵێت، ئه‌م نووسه‌ره وه‌ك خه‌ونێك نووسیویه‌تیه‌وه و گه‌یاندوویه‌تی. تا ئه‌مرِۆ و له چیرۆكی نوێشدا، من به هه‌ر شێوه‌یه‌ك خه‌ونم بینیبێته‌وه چ وه‌ك ته‌كنیك و چ وه‌ك كه‌ره‌سه، پێم جوان بووه. خۆشم بۆ چیرۆكه‌كانم سوودم له خه‌ون وه‌رگرتووه، بگره رِه‌نگه خه‌ون بووبێته هه‌وێن و هانده‌ری نووسین بۆم. وه‌كوو تریش، ئاشكرایه كه خه‌ون به ئه‌فسوونی خۆیه‌وه له نێوان ئاگایی و نائاگایی دا، له نێوان خه‌یاڵ و رِاستیدا، سرووشتێكی سه‌یر و رِامانئامێزی هه‌یه، بۆیه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ تێگه‌ییشتنی تایبه‌ت و جیاوازدا جۆره‌ها كاری له‌سه‌ر بكرێت و تا داهێنانیش باری هه‌رچی مه‌حاڵه سووك بكات... (جۆرج برنارد شۆ) سه‌باره‌ت به خه‌ون وته‌یه‌كی جوانی هه‌یه، ده‌ڵێت: "تۆ شتێك ده‌بینیت كه هه‌یه و ده‌ڵێیت؛ بۆچی؟، من خه‌ون به شتێكه‌وه ده‌بینم كه هه‌ر نه‌بووه و ده‌ڵێم؛ بۆچی نا"؟! رِابه‌ر فاریق: له نێو هه‌ر ده‌قێكی سه‌ركه‌وتوودا منداڵییه‌كی پرِ خه‌م یان به‌ختیار ئاماده‌ییی هه‌یه و چاو ده‌گێرِێ. ئایا تۆ تا چه‌ند سوودت له منداڵی وه‌رگرتووه، هه‌م وه‌كوو كه‌ره‌سه، هه‌م وه‌كوو دیوێكی دیكه‌ی خۆت له زه‌مه‌نی زوودا، یان تا چه‌ند وه‌كوو مه‌رجه‌ع گه‌رِاویته‌وه كنی و كارت له سه‌ر كردووه؟ باران: منداڵیی هه‌رگیز منی به جێ نه‌هێشتووه و پانتاییه‌كی به‌رینی له ده‌مه‌كانی ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییشم بردووه، به هه‌مان شێوه له چیرۆكه‌كانیشمدا چ هه‌ناسه‌یه‌ك له منداڵیی خۆم و چ منداڵیی مرۆڤ به گشتیی، وه‌ك ماوه‌یه‌كی هه‌ستیاری پرِ له پرسیار و وردبوونه‌وه، ئاماده‌ییی زۆریان هه‌بووه. رِابه‌ر فاریق: گه‌لێك له نووسه‌رانی ئێمه له بری ئه‌وه‌ی به پێشكێشكردنی ده‌قی ئیبداعیی وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و (ئه‌وانی دی)ه‌وه بكه‌ن، به نووسینی ساكار ستاییشی خۆیان ده‌كه‌ن، یان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هاورِێكانیان تا وه‌كوو كه‌سی به توانا باسیان بكه‌ن. هه‌ست ناكه‌یت ئه‌م ته‌رزه (خۆ گه‌وره‌كردنه) زیان به (چییه‌تی ده‌ق) بگه‌یه‌نێ و وه‌همێكی زه‌مه‌نییش هه‌ڵبره‌خسێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر وه‌دیار بكه‌وێ؟ باران: به‌ڵێ بێگومان، وه‌ها خۆگه‌وره‌كردنێك ده‌كرێت زیانبه‌خش بێت به‌رامبه‌ر به ده‌ق، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو نووسینێك داهێنانێك بێت و ئیشی نووسین له‌وه چرِتره كه بتوانین رِاڤه‌یه‌كی رِوونی بكه‌ین، یان له چوارچێوه‌ی قه‌به‌دا سنوورداری بكه‌ین و بچووكی بكه‌ینه‌وه. دیاریشه كه به‌های نووسینی جدیی هه‌رده‌م له میكانیزم و مه‌به‌ستی ده‌قدایه، ئه‌گه‌ر نا به هیچ كام له پیاهه‌ڵدانی خود و ئه‌وانی تریش نه نووسینی لاواز نه‌مر و سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و نه نووسه‌ریش گه‌وره. ئه‌و دیارده‌ی هه‌وڵدانی خۆده‌رخستنه‌ش كه هه‌بێت، هه‌ر قۆناغێكه، دواجار له‌گه‌ڵ كاڵبوونه‌وه و كاتدا پاشه‌كشێی یه‌كجاره‌كی لێ ده‌كرێت، یان له‌وانه‌یه رِوو بداته قۆناغێكی جدی و نووسینی كامڵتری به دوادا بێت كه ئه‌مه‌یش ده‌كه‌وێته سه‌ر توانای رِاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره‌كه. رِابه‌ر فاریق: ئه‌ده‌بی كوردیى (به تایبه‌تی چیرۆك) تا چ ئاستێك توانیویه‌تی سوودێكى ته‌ندروست له ئه‌ده‌بیاتى جیهانیى وه‌ربگرێ و له به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌ده‌ب و (داهێنان)ى كولتوورى كوردییدا به كارى بێنێت؟ باران: سوودوه‌رگرتنی ته‌ندروست له ئه‌ده‌بی جیهانیی، له خزمه‌ت ئه‌ده‌بی كوردییدا و به‌تایبه‌ت به ژانری چیرۆك، رِه‌نگه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و قایلكار نه‌بووبێت، له‌وێوه كه ده‌قگه‌لێكی ئه‌وتۆی ئه‌ده‌بیی وه‌رنه‌گێرِدراونه‌ته سه‌ر زمانی ئێمه و كتێبخانه‌ی كوردیی ده‌وڵه‌مه‌ند نییه به زانیاریی هه‌مه‌جۆری جیهانیی، ته‌نانه‌ت هه‌تا پێش سه‌رده‌می سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێتیش وه‌سیله‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بووه كه جیهانی ئێمه به ده‌ره‌وه ئاشنا بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لێره و له‌وێ هه‌وڵدراوه، نووسه‌رانی زمان‌زان و لێوه‌شاوه‌شمان هه‌بووه كه به چیرۆكی فره‌رِه‌هه‌ندی خۆیان و به كاری وه‌رگێرِان ویستوویانه ئه‌و خزمه‌ته ئه‌نجام بده‌ن و وه‌ها سوودێك بگه‌یه‌نن، له‌وانه؛ نووسه‌ر و چیرۆكنووسی هێژا (شێرزاد حه‌سه‌ن) كه رِۆشنبییرییه‌كی به‌ربڵاو له پشت زۆربه‌ی ده‌قه‌كانیه‌وه ئاماده‌ییی هه‌یه و له وه‌رچه‌رخانی رِه‌وتی چیرۆكی كوردیشدا، ناوێكه ناكرێت له یاد بكرێت. رِابه‌ر فاریق: خوێنه‌رانی ئێمه له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌رترین و جوانترین چیرۆك و رِۆمانی دنیادا، بۆچی وه‌ها هه‌رِه‌مه‌كیی پێشوازیی له‌م ژانره ده‌كه‌ن؟ تۆ بڵێی رِۆمان ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌موو بۆشاییه‌كانی (ئه‌ده‌ب)مان بێ؟ باران: دیاره هه‌موو ژانرێكی ئه‌ده‌بیی كۆمه‌ڵه خوێنه‌ری خۆی هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتیی. به ده‌ر له مه‌یلی زۆرینه‌ی كورد بۆ شیعر، خوێنه‌رانی ئێمه چ كات سه‌رگه‌رمی بایه‌خدان به ژانرێك یان ته‌نانه‌ت بوارێكی دیاریكراو بوون؟ چ جای پێشوازییكردنی گه‌رم له چیرۆك و رِۆمان! من هه‌ست ده‌كه‌م لای ئێمه زۆركات زۆر شت به پێچه‌وانه‌وه‌یه. ئێسته كه ژانری رِۆمان له سه‌ر ئاستی جیهان له‌وپه‌رِی به‌هابۆداناندایه، خوێنه‌ری ئێمه به پێویستی نازانێت بیخوێنێته‌وه. وه‌ك ده‌بینین بێجگه له چینی نووسه‌ران خۆیان و رِێژه‌یه‌كی زۆركه‌م له خه‌ڵك نه‌بێت، ئێمه خوێنه‌ری رِاسته‌قینه‌ی بێلایه‌نمان نییه، كه ئه‌مه‌ش رِه‌نگه هۆكارێك بێت بۆ قه‌یرانی نووسینی رِاسته‌قینه. له سه‌ر رِۆمان و بۆشاییه‌كانی ئه‌ده‌ب؛ پێم وا نییه رِۆمان بتوانێت ببێته به‌دیلی هیچ ژانرێك، ئه‌گه‌رچی رِه‌وتی رِۆمان له لووتكه‌شدا بێت و جێگای زۆرترین بایه‌خیش بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها له به‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ شتێك جێگه‌ی هیچ شتێكی دیكه ناگرێته‌وه، نه‌ك ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب، كه هه‌ر یه‌كێكیان بناغه و جێگه و چێژی تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه. به‌و شێوه‌یه، بۆشاییه‌كانی ئه‌ده‌ب ته‌نها به ژانری گونجاو له پرِبوونی خۆماندا پرِ ده‌بنه‌وه... رِابه‌ر فاریق: ئه‌و هۆكارانه ده‌رهاوێشته‌ی چیین كه بوونه‌ته پاڵنه‌ر تا خوێنه‌رانی ئه‌ده‌بی كوردیی تا ئه‌م ئاسته له ده‌وری رِۆماندا كۆببنه‌وه، هاوكاتیش چیرۆك فه‌رامۆش بكه‌ن؟ باران: پێش ئێسته باسی ئه‌وه‌مان كرد كه به داخه‌وه خوێنه‌رێكی ئه‌وتۆی رِۆمانیشمان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌م پرسیاره‌تان به‌راوردكردنی رِێژه‌ی خوێنه‌رانی چیرۆك و خوێنه‌رانی رِۆمانه، ئه‌وا پێموایه ژانری چیرۆك زیاتر تایبه‌ته و جیاوازتر چێژی لێ ده‌بینرێت. ئه‌گه‌ر بڵێین سرووشتی چیرۆك له نێوان شیعر و رِۆماندا زیاتر له سرووشتی خه‌ون ده‌چێت، له نێوان وه‌هم و واقیعدا، ئه‌وا ساناتر تێ ده‌گه‌ین كه وه‌ها سرووشتێك پێویستیی به جۆرێكی تر له گرنگی پێدان و خوێنه‌ری جیاوازتره. چیرۆك خوێنه‌رێكی گه‌ره‌كه به بێ رِیتمی گۆرانی و رِوونكردنه‌وه و له‌سه‌رگوتنی زۆر، یان بێ ناوی گه‌وره‌ی وه‌ك (رِۆمان)یش بتوانێت چێژ له ده‌ق ببینێت و بایه‌خده‌ر بێت. ئه‌م جۆره خوێنه‌ره‌ش له ئه‌زمه‌ی وجوودی خوێنه‌ر خۆیدا كه‌متره. رِابه‌ر فاریق: خوێنه‌رانی ئێمه ئه‌و توانسته‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ رِه‌وته فیكرییه‌كانی چیرۆك و رِۆماندا پتر یه‌كتریی بگرنه‌وه، تا ئازار و نیگه‌رانییه‌كان؟ باران: ده‌كه‌وێته سه‌ر جۆری خوێنه‌ر، هه‌ڵبه‌ت له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێك جیاواز ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد به گشتیی زۆر زوو له‌گه‌ڵ ئازار و نیگه‌رانی تێكه‌ڵ ده‌بین، كه ئه‌مه سرووشتی خۆمانه و مه‌رج نییه نیشانه‌ی كه‌متواناییی ئاوێته‌بوونی فیكریی بێت. رِابه‌ر فاریق: ده‌شێ هه‌ر چیرۆك یاخود رِۆمانێك كه ده‌لاله‌ت له ده‌روونمان نه‌كات، وه‌كوو نووسراوێكی خراپ ته‌ماشای بكه‌ین؟ باران: به دڵنیاییه‌وه نه‌خێر. رِه‌نگه به‌شێكی زۆری هه‌ر نووسینێكی نزیك له خۆمان به‌لاوه نووسینێكی باش یان جوان بێت، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نادات كه هه‌ر نووسینێكی دوور له خۆمان خراپ ببینین و لامان جوان نه‌بێت. نا، بگره زۆرجار هه‌ڵده‌كه‌وێت كه چیرۆك و رِۆمانی زۆر جیاواز و دوور له بیر و ده‌روونی خۆشمان تا ئه‌وپه‌رِی سه‌رسامبوونمان به‌رێت. وا بزانم پێشتریش قسه‌مان له سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنیه‌تی و ئاستی ده‌ق كرد، كه لێره‌دا پێویست ناكات دووباره‌ی بكه‌ینه‌وه. رِابه‌ر فاریق: ده‌توانین بڵێین كولتووری رِۆژهه‌ڵات، كولتوورێكه ده‌كرێ ببێ به كه‌ره‌سته‌ی گه‌لێك داهێنان، به‌ڵام ده‌بینین رِۆژهه‌لاتییه‌كان سوودی ئه‌وتۆیان لێی وه‌رنه‌گرتووه له به‌رانبه‌ر رِۆژئاواییه‌كان. ئه‌وه نووسه‌رانی ئێمه‌ن كه جیهانبینییان ته‌سكه و ناتوانن له كولتوور ده‌قی ئافرێنه‌رانه به‌رهه‌م بێنن، یان بینینی هه‌ر كولتوورێك له دووره‌وه باشتر قووڵاییه‌كانی وه‌دیار ده‌كه‌ون؟ یان چیی؟ باران: به رِای من، ئاستی رِووناكبیریی هه‌ر نووسه‌ر یان هه‌ر ئه‌دیبێك په‌یوه‌سته به رِێژه‌ی ئاستی رِووناكبیریی میلله‌ته‌كه‌یه‌وه. واته، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له كه‌سانی ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی جیهانبین تریش بێت، دواجار له ده‌وروبه‌ری بازنه‌ی رِۆشنبیریی ئاستی وڵاته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه و زۆر تێناپه‌رِێت. له به‌رئه‌وه‌ی كه‌سی ئه‌دیبیش وه‌ك هه‌ر تاكێكی دی، په‌روه‌رده‌ی كولتوور و سه‌قافه‌تی نیشتمانێكه و ته‌ژییه له ئاسه‌وار و كاریگه‌ریی خاكه‌كه‌ی. ئاشكراشه هه‌میشه رِۆژئاوا له زۆر رِووه‌وه له رِۆژهه‌ڵات له بارتر بووه بۆ هه‌ر جۆره ژیان و كار و داهێنانێك. دواتر، سیحرێكی تایبه‌ت له دوورییدا هه‌یه. ئه‌مه ده‌كرێت خاڵێكی دڵنیای (جوانیی) هه‌ر بیركردنه‌وه و نووسینێك بێت كه له دووره‌وه به‌رامبه‌ر هه‌ر شتێك بكرێت. بێ له‌وه‌ش، هه‌ندێكجار له نزیكییدا ناتوانرێت شته‌كان وه‌ك پێویست ببینرێن، رِه‌نگه دژواریی ژیان له رِۆژهه‌ڵاتدا، تا رِادده‌یه‌ك ئه‌و وزه‌یه‌ی له نووسه‌راندا سست كردبێت كه هه‌مه‌داهێنان له حه‌قیقه‌تی خۆیاندا بكه‌ن. رِابه‌ر فاریق: وه‌ك ده‌زانین؛ وه‌رگێرِان پردێكه بۆ به یه‌كترگه‌یاندنى دوو كولتووری جوداوازی دوو میلله‌ت به یه‌كتر، كه‌م تا زۆریش وه‌رگێرِى كورد ئه‌م هه‌وڵه‌ى داوه كه كولتووری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا كه‌موكورِییه‌كى به‌رچاو ده‌بینرێ له وه‌رنه‌گێرِانى ده‌قگه‌لێكی زۆر كه ده‌توانین وه‌كوو مه‌رجه‌عیش سوودیان لێ وه‌ربگرین. بۆ نموونه، له ئه‌ده‌بی فرِه‌نسیدا جگه له وه‌رگێرِانی كۆمه‌ڵێك شیعری (پۆل ئێلوار) و (ئۆكتاڤیۆ پاز) و چه‌ند نووسه‌رێكی دی بترازێ، ده‌قگه‌لێكی دیكه نیین بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی ته‌نها زمانی كوردی ده‌زانن. به حوكمی ئه‌وه‌ی ئێوه شاره‌زان له زمانی سوێدیی، پێتان وایه كێن ئه‌وانه‌ی له‌و زمانه‌وه ده‌توانن (تا ئاستێك) به ده‌ستپاكیی ده‌ق وه‌ربگێرِن؟ هاوكات ئه‌و ده‌قگه‌له گرنگانه كامانه‌ن كه پێویسته به زووترین كات وه‌ربگێرِدرێنه سه‌ر زمانی كوردیی، تا له‌م رِێگه‌یه‌وه به شێوه‌یه‌كی قووڵ ئاگاداری ئه‌ده‌بی سوێدیی ببین؟ باران: به‌ڵێ، كاری وه‌رگێرِانیش وه‌ك زۆر بواری تر، لای ئێمه هێشتا مافی خۆی وه‌رنه‌گرتووه و كه‌مته‌رخه‌میی پێوه دیاره، هه‌رچه‌نده ئه‌مه زیاتر له ئه‌ستۆی داموده‌زگا لێپرسراوه‌كانه و كێشه‌كه ده‌گه‌رِێته‌وه بۆ وه‌ك پێویست بایه‌خ نه‌دانی سه‌ندیكاكانی رِۆشنبیریی و په‌روه‌رده به هونه‌ره‌كه، چونكه زانینی زمان به ته‌نها به‌س نییه بۆ وه‌رگێرِان، به‌ڵكوو به ده‌ر له توانای زمان و گرنگی و شاره‌زاییی وه‌رگێرِیش له‌و بابه‌ت یان له‌و بواره‌دا كه ده‌خوازێ وه‌رگێرِانی تێدا بكات، ئاشنایی و توانستی وه‌رگێرِ به وه‌رگێرِان وه‌ك زانستێك زۆر پێویسته و ده‌وری زۆره. ئێسته ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین زۆربه‌ی كاره وه‌رگێرِانه ئه‌ده‌بییه كوردییه‌كان له لایه‌ن نووسه‌ره‌كانمانه‌وه كراون، ئه‌مه له كاتێكدایه نووسین و وه‌رگێرِان دوو رِه‌هه‌ندی جیاوازن و مه‌رج نییه (وه‌رگێرِ) نووسه‌ر بێت، به‌ڵام له به‌رئه‌وه‌ی لای ئێمه نه فێرگه و نه گرنگیدانێكی تایبه‌ت له ئارادا نه‌بووه بۆ هاندان و كردنی كه‌سانێك به وه‌رگێرِ، بۆیه نووسه‌ره‌كان ته‌نها توانیویانه كه ئه‌وه‌ی خۆیان پێیان باش یان گرنگ بووه، له زمانی جیاوازه‌وه وه‌ریانبگێرِنه سه‌ر زمانی كوردیی. سه‌باره‌ت به وه‌رگێرِانیش له زمانی سوێدییه‌وه، زۆر هه‌وڵ دراون، نموونه‌ی ئه‌و هێژایانه‌یش كه متمانه‌به‌خش و به‌رده‌وامن له پێشكێشكردنی كاری وه‌رگێرِاندا؛ (هه‌ندرێن) له وه‌رگێرِانی زۆر ده‌قی تایبه‌تی وه‌ك شیعر و بابه‌تی فه‌لسه‌فی و لێكۆڵینه‌وه‌دا جێ ده‌ستی دیاره. (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) له وه‌رگێرِانی رِۆمان و شانۆنامه‌دا قه‌ڵه‌مێكی به‌رچاوه. (هیوا قادر) له وه‌رگێرِانی كوورته‌چیرۆك و نۆڤلێتدا، هاوكات زۆری دیكه‌یش. له رِاستیدا زۆر ده‌قی كۆن و نوێی سوێدیی شایسته‌ی وه‌رگێرِانن، ئه‌مه هه‌م له رِووی جدییه‌تییان، هه‌م له رِووی جیاوازیشیانه‌وه له ده‌قگه‌لی كولتووری كوردی، وه‌ك نموونه‌ش من پێم باشه له نێو نووسینی نووسه‌رانی سه‌ده‌كانی پێشووی سوێددا، هه‌ندێك له كاره‌كانی (موا مارتینسۆن) و (سه‌لما لاگه‌رلۆف) وه‌ربگێرِدرێنه سه‌ر زمانی كوردی، تا هاوته‌ریب به ناساندنی ئه‌ده‌بی سوێدیی، خوێنه‌ری ئێمه به ئاست و ویستی نووسه‌رانی ژنی سوێدییش، له سه‌ده‌ی رِابردوودا ئاشنا بكرێن. رِابه‌ر فاریق: ئه‌گه‌ر بۆ رِابردوو بگه‌رِێینه‌وه، ئه‌وا ده‌بینین كه ئێسته‌ی (یۆنان) له به‌رانبه‌ر سه‌رده‌می (ئه‌فڵاتوون) و (ئه‌رستۆ تاتلیس) و ئه‌وانیدی دا، فه‌لسه‌فه نه‌ك هه‌ر رِووی له كزی كردووه، به‌ڵكوو له‌م رِووه‌وه (به ده‌گمه‌ن نه‌بێ) باس له ئێسته‌ی یۆنان ناكرێ، به‌و مانایه‌ی كه به‌رده‌وام بن له فه‌لسه‌فه، هاوكات ئه‌م دیده بۆ (رِووسیا)یش به هه‌مان شێوه له به‌رده‌مماندا قووت ده‌بێته‌وه، بۆ نموونه؛ ئێسته‌یش جگه له (تۆڵستۆی) و (فیۆدۆر دۆستۆیێڤسكی) بترازێ، باس له ئه‌ده‌بیان ناكرێ به شێوه‌یه‌ك كه رِه‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر رِه‌وتی ئه‌ده‌ب هه‌بێ، له جیهاندا. ئه‌مه به نیسبه‌ت ئه‌و وڵاتانه، به نیسبه‌ت خۆیشمانه‌وه: پێت وایه ئێمه ئه‌زموونگه‌لێكی ناوازه‌ی وه‌هامان هه‌بن تا به‌رده‌وام وه‌كوو سه‌رچاوه بگه‌رِێینه‌وه كنیان؟ له ئێسته‌دا (ده‌ق)ێكی وه‌هامان هه‌یه كه وه‌ربگێرِدرێ و له ئاستی به‌رهه‌مه ئێستێتیكییه‌كانی جیهاندا له كێبه‌رِكێدا بێ (له رِووی فره‌رِه‌هه‌ندییه‌وه)؟ باران: له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌مرِۆ فه‌لسه‌فه چه‌ند كزبوونی پێوه دیار بێت، ئه‌وه‌نده‌ش به ئاوێته‌بوونی له‌گه‌ڵ ناوی تردا فراوانتر بووه. بۆ وێنه، ده‌كرێت ئێسته هه‌ر پسپۆرِێكی ده‌روونناسیی فه‌یله‌سووفێك بێت و هه‌ر زانستێكی وه‌ك فیزیا و بیركارییش به‌شێك بێت له فه‌لسه‌فه. له رِوویه‌كی تره‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌ین عه‌قڵییه‌تی ئه‌مرِۆی مرۆڤ زیاتر به دوای دڵنیایی و ئیسپاته‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه، ئه‌وا ده‌بینین كه ته‌نانه‌ت گرنگییدان له رِووی بوونگه‌رایی و ژیانیشه‌وه له سه‌رانسه‌ری دنیادا گۆرِاوه. مرۆڤ چیدی به شێوه‌ی جاران بایه‌خ به دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره سه‌ره‌تاییه‌كان نادات، كه سه‌رده‌مانێك خاڵی بزواندنی فه‌لسه‌فه و بیری رِێژه‌یی بوون. له سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌دا خه‌می مرۆڤ شیكاره فه‌لسه‌فییه‌كان نییه، ئه‌وان ئیدی نایانه‌وێت كات به‌مه‌وه بكوژن كه به (ئه‌گه‌ر) و (نه‌گه‌ر) بزانن، یان خۆیان به‌وه قاییل بكه‌ن كه چۆن یان بۆچی لێره‌ن. ئێسته ئه‌وه گرنگه؛ لێره چۆن بژییت؟ زانست و ته‌كنه‌لۆجیا چ ئاسانكارییه‌ك بكه‌ن، چۆن رِۆبۆتێكی وه‌ها دروست بكه‌ن كه له خزمه‌تی حه‌سانه‌وه‌ی مرۆڤدا بێت؟ شه‌قامێك چۆن ببێته كاره‌بایی و تۆ ته‌نها رِاوه‌ستیت و ئه‌و برِوات؟ گه‌شتێك بۆ سه‌ر مانگ چه‌ندی تێ ده‌چێت؟ ته‌مه‌نی مرۆڤ چۆن درێژ بكرێت...؟ به‌م قسانه نامه‌وێت له بایه‌خی فه‌لسه‌فه یان زانست كه‌م بكه‌مه‌وه و پێچه‌وانه‌كه‌یشیم مه‌به‌ست نییه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم كه سه‌رگه‌رمبوونی زۆر به زانست و ته‌كنه‌لۆجیاوه به شێوازی رِاسته‌وخۆ و نارِاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی زۆریان له سه‌ر لاوازبوون و لاوه‌نانی بیری فه‌لسه‌فیی و سستبوونی رِه‌وتی ئه‌ده‌ب هه‌بووه. پاشانیش، نازانم بۆچی هه‌میشه وه‌ڵامێكی نێگه‌تیڤ به رِووخساری پرسیاره‌كانتانه‌وه به‌دی ده‌كه‌م، به تایبه‌ت كاتێك كه له سه‌ر ئه‌ده‌ب و ده‌قی خۆمان ده‌دوێن. دیاره من ناڵێم نه‌ده‌كرا یان ناكرێت له رِووی ئه‌ده‌به‌وه له‌وه‌ی كه هه‌ین و هه‌بووین باشتر بین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشبردن و سه‌رزه‌نشته زۆره‌دا نیم كه له زۆر لایه‌نه‌وه به‌رامبه‌ر به نووسینی كوردی ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت بڵێین كه ئه‌زموونی زۆر له كه‌ڵه‌شاعیرانی وه‌ك (مه‌حوی) و (نالی) و (پیره‌مێرد) له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا بۆ تا هه‌تایه جێگه‌ی چوونه‌وه‌سه‌ر و به سه‌رچاوه‌كردنن. هه‌رچه‌نده من زۆر له‌گه‌ڵ سیستمی به‌راوردكردندا نیم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا ئه‌ده‌بی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی جیهاندا له ئاستی كێبرِكێشدا نه‌بێت، به‌ڵێ هه‌ر پێم وایه كه ده‌قی شایسته و فره‌رِه‌هه‌ندمان هه‌یه كه شایانی وه‌رگێرِان بێت، بۆ سه‌ر زمانه‌كانی تر. هه‌میشه ئه‌وه پێویسته كه ئه‌وانی تریش بزانن ئێمه چی ده‌ڵێین... رِابه‌ر فاریق: دوو نووسه‌ر له ئێسته‌دا نووسینه‌كانیان زۆر به هه‌رِمێنن، ئه‌وانیش: (عه‌تا نه‌هایی) و (به‌ختیار عه‌لی)ن، كه ده‌یان و سه‌دان لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی رِۆمانه‌كانیانه‌وه كراون. پرسیاری ئێمه لێره‌دا ئه‌مه‌یه: له گه‌لێك نووسیندا به‌م نووسه‌رانه گوتراوه؛ داهێنه‌ر، ئایا به‌شێك له نووسه‌رانی ئێمه بۆ هێنده به په‌له پاشگری (داهێنه‌ر) ده‌خه‌نه پاڵ نووسه‌ران، یان (دز)، یاخود هه‌ر ته‌رزه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دی؟ له رِوانگه‌ی ئێوه‌وه ئه‌م دوو رِۆماننووسه داهێنه‌رن، هاوكات چۆن (داهێنان) رِاڤه ده‌كه‌ن؟ باران: هه‌ر جۆره تازه‌گه‌رییه‌ك كه پێشوه‌خت به‌و شێوه‌یه نه‌بووبێت و بئافرێندرێت، داهێنانه. مه‌رجیش نییه هه‌موو داهێنانێك به لای هه‌مووانه‌وه په‌سه‌ند و پرِ بایه‌خ بێت، هه‌ر بۆیه هه‌میشه ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی نوێخوازییه‌كه تازه نابینن یاخود په‌سه‌ندی ناكه‌ن، ده‌توانن كاره‌كه به داهێنان دانه‌نێن. له ئه‌ده‌بیشدا داهێنان ده‌شێت جیاواز گوتنێك، هێنانه كایه‌یه‌ك یان نوێنووسینێك بێت به تێپه‌رِاندنی ئه‌زموونگه‌رێتیی رِابردوو، به هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناواخن و شێوازه‌وه... كاره‌كانی به‌رِێزان (به‌ختیار عه‌لی) و (عه‌تا نه‌هایی) به نیسبه‌ت ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه له رِابردووه‌وه تا ئه‌مرِۆ... پێم وایه (به‌ختیار عه‌لی) توانیویه‌تی جیاوازتر له‌وه‌ی كه باوبووه، بنووسێت و جیاوازتر بیری خوێنه‌ر بوروژێنێ و له ده‌قه‌كانیدا بیانهێڵێته‌وه. هه‌روه‌ها (عه‌تا نه‌هایی)یش هه‌وڵی داوه ده‌قی كوردی به‌ربڵاوتر بكات و له بابه‌تی زۆر گوتراوه دوور بكه‌وێته‌وه. په‌له‌كردنیش له خستنه‌پاڵی هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به هه‌ر نووسه‌رێك، رِه‌نگه بگه‌رِێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌شه‌ییی خه‌ڵك، یاخود رِوانگه‌ی كه‌سه‌كان، یانیش چه‌ندێتیی كاریگه‌ریی نووسینه‌كان به سه‌ر ئه‌وانیتره‌وه.
|
Copyright (2008) Roshenbiry.com