دڵم ته‌پ، ته‌پ به‌رده‌بێته‌وه نێو خۆی
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د
(1)
29/09/2010
نه حه‌لاج عاشقی خوا بوو، نه سوهره‌وه‌ردی عاشقی رووناکی! ئه‌وان شتێک له روحیاندا بوو، گه‌وره‌تر له خوا و رووناکی، ره‌نگه ئه‌و شته، ناوێکی نه‌بێت و ته‌نیا بۆ نزیکبوونه‌وه له هه‌قیقه‌تی هه‌ست و خوست و نه‌ستی ئهود دوو که‌سه بڵێین ئه‌وان عآشق نه‌بوون و هیچ ناوێکیش به‌به‌ر باڵای وشه و رووناکی ئه‌و دووانه ناکرێت و ته‌نیا ده‌توانین به ناوی خۆیانه‌وه بانگییان بکه‌ین و بیانناسین و له ناو و ناسینی ئه‌واندا به‌ره‌و هه‌ندێ چه‌مکی وه‌ک (خودا، رووناکی، هه‌قیقه‌ت و نووسین) ببینه‌وه.
من هه‌رگیز خۆم ناخه‌مه پاڵ ئه‌و ناوانه‌وه، ئه‌وانه براده‌ری منن، نزیکتر له‌هه‌ر که‌س و نووسه‌رێک و ئه‌زیزێک، به‌لام من ده‌نێو خۆمدا هه‌ست ده‌که‌م، تاکێکم له تێکستێکی ئه‌وانه‌وه په‌ڕیومه‌ته‌وه نێو زه‌مین و ژیان، هه‌ست به‌و به‌خته‌وه‌ریه ده‌که‌م، که حه‌لاج له‌سه‌ر خاچه‌که‌ی خه‌نده‌ی بۆ ده‌کات. شادومانی جه‌سته‌ی برسی و تێنووی سوره‌وه‌ردی کاتێ له زیندانه‌که‌ی ده‌ست له ملانێی مه‌رگ ده‌بێت و به پێکه‌نینه‌وه خۆی ماچ ده‌کات.
من نامرم، به لایه‌نی که‌مییه‌وه تا ئه‌و وشانه ته‌واو ده‌که‌م، ده‌ست له ملانێی بهختهوهریێکم که ته‌نیا هۆسهنگانه ده‌توانم تێیدا بژیم، نه‌وه‌ک وه‌ک هیچ که‌سێکی دیکه، هه‌تا وه‌ک سوره و حه‌لاجیش؟!
ده‌نگی شه‌جه‌ریان و همایۆن بوونه‌ته به‌شێکی دانه‌بڕاو له منی هۆشهنگدا، ئه‌و هۆشهنگهی که قه‌ت نه‌مزانیوه ئه‌وه‌نده جوان و منداڵ و رووبهخهنده و سۆزدار بێت، دوێنێ شه‌و که هه‌ر له شه‌وی مردنی سوره و حه‌لاج ده‌چوو، من جه‌سته‌م غه‌رقی هۆشه‌نگ ببوو، روحیشم ده‌خۆمدا تاوابۆوه، ده‌فڕیم و پێکه‌نینه‌کانی حه‌لاج و سوره ده‌گه‌ڵ ده‌نگی شهجهریاندا ده دڵی مندا کهفییان ده‌کرد، ژنه‌که‌م گوتی: (تۆ هۆشه‌نگ) نیت! که‌سێکی دیکه‌ی، هه‌ست ده‌که‌م له (ماڵی رێحانهوه) هاتووی ، وا ده‌زانم حه‌لاجی و هه‌ر له‌سه‌ر خاچه‌که‌ت تێکه‌ڵت ده‌بم!
ئیدی منیش هیچ ناوێک به خۆم نابه‌خشم، ته‌نیا (هۆشه‌نگ) که له‌سه‌ر لێوه‌کانی تۆدا ده‌فڕێت و زه‌مینێک نامێنێت لێی بنیشێته‌وه!
(2)
01/10/2010
ده‌چمه‌وه نێو سکی دایکم و له‌وێدا، گچکۆڵ، گچکۆڵ، خۆم به ده‌ماره‌کانیدا ده‌نووسێنم، خه‌نده‌یێک له‌سه‌ر لێومه، ده‌نگی (همایۆن) دێته گوێم.
له دایک ده‌بم و که به ئاگام له نێوان دایک و باوکمدا درێژم ده‌که‌ن، هه‌ردووکیان ماچم ده‌که‌ن، به‌یانی که خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه، من له لایێکی ئه‌وانم و ئه‌وانیش، عاشقانه له‌باوه‌شی یێکدیدا خه‌وتوون!
ته‌ماشایان ده‌که‌م و کوڵمم ته‌ڕه، وه‌ک چاوی باوکم، لێوم ده‌ته‌زێ وه‌ک سینه‌ی دایکم!
له‌وان فێره خۆشه‌ویستی و ماچ و نووستن ده‌بم.
گواره‌ی دایکم به‌سه‌ر ده‌ستی باوکمدا شۆڕبۆته‌وه، زولفی له سه‌ر پهنچهکانیدا نووستون، باوکم له سینه‌ی ئه‌و هه‌ناسه ده‌دات و فوو ده‌کاته روحییه‌وه.
من له خۆمه‌وه پێده‌که‌نم و هه‌ردووکیان باوه‌شم بۆ ده‌که‌نه‌وه، ده‌مبه‌نه‌وه نێوان خۆیان، من خۆم گرمۆڵه ده‌که‌م و ده‌چمه‌وه نێو سکی دایکم، ئه‌وان به‌یێکه‌وه دهنووسێنهوه، هه‌ناسه‌ی هه‌ردووانیان ده‌رژێته سینه‌م و گه‌وره ده‌بم، لێوم فێره بزه ده‌بێت، گوێچکه‌کانم به ئاواز ده‌کرێنه‌وه، ئه‌وان تووند به نێو یه‌کدا رۆده‌چن، چاوه‌کانم داده‌خه‌م، گوێ بۆ ده‌نگی هه‌ناسه‌ی ئه‌وان هه‌ڵده‌خه‌م، به چرپه‌یێک دایکم به باوکم ده‌ڵێت (قوربانت بم!) به ده‌نگه‌وه نایڵێت.. هه‌ر به هه‌ناسه‌وه ده‌لێت: (قوربانت بم) به هه‌ناسه، بێده‌نگ ده‌لێت قوربانت بم.........
باوکم ده‌که‌وێته سه‌ودای ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌م (هه‌ناسه) یه بخاته نێو ده‌لاقه‌که‌ی ژووره‌که‌یان، بیخاته نێو شووشه‌ی په‌نچه‌ره‌که. چۆن ئه‌م (به‌قوربانت بم!) ه، بکاته گواره و به گوێی دایکم نا، به گوێی دنیای وه بکات..
دڵی باوکم ته‌پ ته‌پ لێده‌دات و ده‌یوێ ئه‌و هه‌ناسه‌یه، بکاته شعرێک و له نێو ئاوازێکی همایۆندا بیته‌قێنێته‌وه،، له نێو دلی خۆیدا به دنیا نا،، به گه‌ردوونی وهرکات، دواتر ئه‌م هه‌ناسه‌یه ده‌کاته ماچ و ده‌یخاته نه‌وه‌ک سینه‌ی دایکم،،، به‌ڵکو روحییه‌وه،، ده‌یخاته خوێنییه‌وه، ده‌گاته من و منیش سه‌رسام به‌و هه‌ناسه‌یه. مه‌ست به بۆنی ئه‌و چرپه‌یه، چرپه‌یه‌ک نه‌وه‌ک که ده‌نگ، نه‌وه‌ک له گه‌روو، نه‌وه‌ک له بن زمان ،، به‌لکو له روحهوه دێته ده‌ر و ده‌رژێته نێم خوێنی منه‌وه.
هه‌ناسه‌یه‌ک، ناکرێت له گۆرانیێکی همایۆن بیگرم، ناکرێت له شعرێکی خۆمدا بیته‌قێنمه‌وه، هه‌ناسه‌یێک من ده‌کاته هۆشه‌نگ و بۆ ته هه‌تایه له نێوانی هه‌ناسه‌کانی دایک و باوکمدا بێ نیشتنه‌وه به ئاسۆم وهردهکات!
(3)
باوکم ده‌مرێ، دوای دوو ساڵی رێک، دایکم ده‌مرێ، من عاشق ده‌بم و بیرمه هه‌موو شه‌وێک له نێوان ئه‌واندا ده‌نووستم و به‌یانیانیش که خه‌به‌رم ده‌بۆووه، من له لایێکی جێگه‌که‌م و ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موو شه‌و، له باوه‌شی یێکدیدا عاشقانه نه‌وه‌ک نووستوون، به‌لکه، تووشی غه‌یبوبه بوون و وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاوازی ماچ خه‌وتبن، ئاوا تێکه‌ڵی لێو و جه‌سته و روح و خوینی یه‌کبوون. من بزه‌یێکی منداڵانه ده‌مگرێت و بێ پرسیار خۆم ده‌که‌مه‌وه به نووستوو، ئه‌وان به ئاگا نایێن و منیش ته‌ماشای ده‌لاقه‌ی ژووره‌که ده‌که‌م و چرپه‌کانی باوکم، هه‌ناسه‌کانی(بهقوربانهکان) ی دایکم ده‌بینمه‌وه، وه‌ک خوناو به شووشه‌که‌دا خووسیان گرتووه!
باوکم ده‌مرێت و ژوور نا، دڵی دایکم، روحی من، بێ هه‌ناسه، دوای دوو ساڵ نه‌ک هه‌ر دایکم، من و ژووره‌که‌ش سهردهنێنییهوه، ده‌لاقه ڤالا ده‌بێت له ته‌می هه‌ناسه‌کان و شووشه‌کان خووس ناگرن،
دنیا گه‌رم ده‌بێت، شه‌قڵاوه بێ‌ئاو ده‌بێت، بێ هه‌ناسه و بێ چرپه و بێ ده‌لاقه و بێ ئه‌وه‌ی شووشهیێک خوسی چرپه‌یێک بگرێت، منیش ده دڵی خۆمدا ده‌مرم و سکی دایکم نامێنێت بچم له‌وێ خۆم بشارمه‌وه، گرمۆڵه و گچکه‌ڵه سه‌ر بکه‌م به خوێنێ دایکم.
رۆژگار ده‌ڕۆن و له بن سێبه‌ری دار گوێزێکی پیردا، کچه‌ی پرته‌قال نا، کچه‌ی رێحان دێت و له لهپییهوه بۆن به دنیا نا، به من وهردهکات، همایۆن دیت و ئاواز به گوێجکهم نا، به روحم بهڕهڵادهکات، به ده‌نگ نا، به هه‌ناسه ده‌ڵێت: (قوربانت بم!) .. من ده‌گه‌ڵ که‌س نا، ده‌گه‌ل خۆمدا ده‌دوێم و چاوم پڕ ده‌بێت له سه‌وزایی په‌لکه مێوه‌کانی ره‌زی باوکم، دڵم پڕ ده‌بێت له ئاوازه‌کانی دایکم، له هه‌ناسه‌کانی، له گریانی بهختهوهریێک که ده‌بێته ماڵی باوکم و ده‌مباته‌وه نیو ژووره‌که، سه‌ر پێخهڤهکه، نێوان هه‌ردووکیان و دواتریش نێو سکی دایکمه‌وه، به ئاگا دێم وه‌ک جاران له لایێکی جێگه‌که‌م و ماڵیش له باوه‌شی ئه‌واندا، بۆته ماڵی رێحان.............................
(4)
من له باوه‌شی ماڵێ ڕێحاندا، هه‌ناسه‌که وه‌کخۆی دهڕژیتهوه روحم(قوربانت بم... قوربانی) رێحان و شه‌رابی سوور نا هه‌ناسه‌ی دایکم.. چرپه‌کانی باوکم ده‌ڕژێن ،، له من نا.. له خوێنم نا.. له دلم نا.. من هیچم نامینێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بکه‌م، مر‌ۆڤم................... هه‌ست بکه‌م عاشقم، ده‌بمه هه‌ناسه‌ی دایکم، چرپه‌ی باوکم، ئاهێک که به ژووره‌که وه‌رده‌بێت و ته‌مێک له‌سه‌ر ده‌لاقه‌که ده‌نیشێته‌وه، خوسێک له‌سه‌ر په‌نچه‌ره‌که داده‌نیشێت،، ئیدی من نامێنم، ده‌بمه هه‌وا،، گه‌ردیله‌ی با،، هاژه‌ی گه‌ڵا. ده‌نگی همایۆن دێت و ده‌پرسێ (تو کیستی؟ ) ئه‌ی گه‌ردیله‌ی شه‌و، ئه‌ی خانه‌ی فێنکاییی، هه‌ناسه‌ی پێکه‌نین و چۆراوی سه‌فه‌ر و ده‌نگدانه‌وه‌ی زه‌مین.. تو کیستی ئاوا باخۆسیانه به‌و به‌یاره وهردهبیت و به‌و سیبه‌ره بێ نیشتنه‌وه ده‌فڕیت؟
نازانم کێم.. مه‌ست مه‌ست به خانه‌کانی خۆم نا، به خانه‌کانی ئه‌و هه‌ناسه‌یه وهردهبم (قوربانت بم) ده‌که‌ومه نێو له‌پی ده‌ستێکی میهره‌بان نا، نازه‌نین نا، له‌پێک وه‌ک ده‌لاقه‌که جوان، وه‌ک شووشه‌که روون و خووس گرتوو، له‌پێک ده‌بێته شووشه، مانگ ده‌خاته سینگی و نه‌قه‌بی مه‌مکه‌کانی پڕده‌بێت له رێحان،،،، ئاه و چرپه ده‌بنه هه‌ناسه و ده‌نگ نا، هه‌موو شتێک به هه‌ناسه ده‌ڵێت (قوربانت بم!) هالاوێک به‌رزده‌بێته‌وه له تهویڵمهوه ده‌نووسێت: به‌خته‌وه‌ر خۆت!
من ده‌چمه‌وه سکی دایکم و تا ئه‌به‌د له‌وێدا روو به‌خه‌نده، مه‌ست مه‌ست به‌و هه‌ناسه‌یه (قوربانت بم!)
(5)
ئیدی له‌و ماڵه‌دا، له نێو ئه‌و هاڵاوهدا، که ده‌بمه شووشه و رووناکی هه‌تاو نا، رووناکی ئه‌و له‌په.. ته‌پ ته‌پ ، به نێو مندا ده‌ڕژێ، ده‌بمه پارچه‌یێک ته‌م، سووک سووک ده‌فڕم و بێ نیشتنه‌وه، به‌ڕه‌ڵا ده‌بم، له‌خۆم ، له گه‌ردوون، له بن سێبه‌ری گوێزهکهدا ده‌توانم بۆ ئه‌به‌د دانیشم و ده‌نیو خۆمدا ته‌نیا بۆنی رێحان بکه‌م .. ته‌نیا و رۆشنلهس وه‌ک شووشه.....!
