چهند شیعرێکی فەرهاد کەریم
١١\١٠\٢٠١٠
دراوسێکەم غەمبارە.
ژوورەکەم بە تەنیشت نیشتمانەوەیە
نیگەرانم لە تەنیایی
تۆراو لە سێبەری ئەو
دابڕان لە هزر
ماندوو لە مەراقی
فەرامۆش دیدم
نان نییە، تروسکە و خۆرە نیشتمان...
ئەستێرە قدیلۆکانێی زستان
چەتر شەقامێکی چۆل
تەنیایی لە باران روونتر
لە وون بوون بێهوودەتر
نان نزیکمان دەکاتەوە لە ئاوابوون .....
بە نیشتمانەوە هەیت
گەر نیشتمان بپژمێت
دەستەسرەکەت ئامادەکە و تژیکە لە رەنگ و لە ترووسکە، لە مەراق و لە هەڵبوون لە
ئارامیی و لە هەڵچوون........
لە هەر شوێنێکبم، ژوورەکەم بە تەنیشت نیشتمانەوەیە
تێر تێر تەماشای شارەکەم دەکەم،
تا نەنوێ من هەر بە پێوەم
ئای کە شارەکەم دوورە و، نیشتمانیش نزیک
دووری نێوانیان هەناسەیە و دڵ
فرمێسکم بووە تارمایی و خوێن لە بەرم دەڕوا
لە دووریتا نزیک بوومەوە نزیکم لێت...
نیشتمان بە تەنیشت ژوورەکەمەوەیە
دڵم لایەتی و لەوێیە دڵ...
١۴\٨\٢٠١٠
لەتبوونی سێو .
1
سێبەرێکم لە
منداڵیی
تارمایەکم لە بوون
رووی سێو گوناه
نینۆکەکانم کورت
خواستم بێ کۆتایی.
2
رووتبوومەوە وەک
منداڵییم
ناولەپم پرکرد لە دانەوێڵه
باڵندەکان دانیان نەخوارد
دەستمیان کونکرد
و
هەر
دە پەنجەمیان قرتاند.
3
گلۆپەکان کوژانەوە
چوومەوە ناو خۆم
مومێکم پر لە حەسرەت
تەنیایی دەمتوێنێتەوە
دەرفەتی شیعرم نەدا
بمگەرێنێتەوە قەلهبالغیی.
4
هاتنەدەر لە ئاوێنە
گوناهبوون لە شیر
لەتێ سێو رێگا
پالتۆیەک گۆر
کرم لە ماچی دا.
5
هەموو تەمەن دوورکەوتنەوەیە لە سێو
نیشتمان سێو نەبوو
بۆ بوو
بە سێو.
6
لە وونبوونما دەگەڕێم
دیسانەوە دەبێ سێوێ بخۆم
تا ببمەوە خۆم.
٣١\٧\٢٠١٠
نیگەرانیی.
ژنەکەم گۆرانی دەڵێ
تا من گوێ لە ئاو نەگرم
سروش لە پەنجەرەم دەدا
تا من لە باراندا نەمرم
بەیانیان پڕ ئاو دەبم
ئێوارانیش رەنگدار دەبم
شەوانیش ژنەکەم بارانە و
لە باوەشیا تەڕتر دەبم.
* * *
ژنەکەم چەپلە لێدەدا
تا من گوێ لە با نەگرم
ئەو دەستەکانم دەگرێ
تا من بە عیشقەوە نەمرم
زۆر دەترسم لە بێ ئاویی
لە بێ بایی
شەو بانگم کا و
پشت لە رۆژ کەم
دوور لە هەنگوینی لێوی
با قووڵ قووڵ نوقمم کا و
ئاویش دوور دوور بمبا
رووت رووت
تەنها تەنها و
ژنەکەشم نە گۆرانی بڵێ و نە چەپلەش لێدا.
