چهند نووسینێکی فەرهاد کەریم
(1)
حاجی لەق لەق.
نە پێم سۆر دەکرێ نە مۆر، وەرە لەق لەق
وێنهیهک
لەگەڵ
حاجی بگرە،
تا بە
هەردووکتان ببنە یەک حاجی لەق لەق..
له
ئاوێنەی شکاو دەچم هێندە
بڵاوم
پارچەکانی خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە،
وای لە گەورەیی ئەو هەموو پارچە بچووکانە
و پر
ئازارانەی ئاوێنە..
نە حاجیمە
و نە
نوێژکەرێکی تۆڕیمە،
دەروێشێکم
بانگی عەشق و
دۆزینەوەی خۆم لەو وێرانە تاریک و شەرانگێزەیە دەدەم..
بیستم لە شەری نێوان قەلەڕەش و قەلە بۆردا، حاجی لەق لەقەکەی سەر منارەی بەرامبەر چایەخانەی مەچکۆشیان کوشت، لەو رۆژەوە پشت و نەفرەتم لە قەلەکانی کورد کرد، بێ جیاوازیی نێر و مێ، لێرە بن یا لەوێ... بەلاش نەیانگوتووە '' ئەوەی لە مشک بێت دەزانی گۆرانی بۆ گوزەران بڵێ ''*.
ئۆکتاڤیۆ باز جوانی ووتووە (من بوونم نییه، من بوونی نییه، هەمیشە ئێمەین، ژیان شتێکی دییە، هەمیشە لە وێندەرێیە، دوور لە دەرەوەی تۆ، لە دەرەوەی من، هەمیشە ئاسۆ،)** هەر جارێ گەر خۆشم پێنەدۆزرێتەوە بمەوێ لەگەڵ تەنیایی خۆم بم و نزیکی خۆم بم، دەچمە سەدۆنە***، سەدۆنە ناوچەیەکی گەشتوگوزارە، هەریەکە و بە مەبەستێک گهشتی بۆ دەکا، هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە خودا، دەشڵێن دەتوانی باوەش بە خودا بکەی، کەچی نەک هەر باوەش تا ئێستا دۆقەشی لەگەڵ نەکردوومە و لە موساش قەلەندەرتر خۆم.. هەشە بۆ دیمەنە سەرنج راکێشەری چیا و دار و بەرد و درەختی.. هەر دەڵێی بیکاسۆ لە مەستبووندا وێنەی کێشاوە.. ئەوەی زۆر سەرنجم بە لای خۆی رادەکێشێ،رەنگی سۆری چیایەکانە و دار بە خۆرسکی لەسەر بەرد روواوە لەگەڵ خەڵکه دەستڕەنگینهکەیەتی و لهگهڵ گیتارژەنێکی عەبەسی و قەلۆش و لە من وێرانتر و پارچەپارچەتر، لە گۆڕەپانی بازارێکدا لەسەر کورسی و مێزێکی ئاسایی گیتار دەژەنێ و سیدییهکانی خۆی دەفرۆشێ، چەندین جار دوواندوومە تاقە جارێکیش من ناناسێتەوە، دوا جار پێیگوتم سەیری ئەم حاجی لەق لەقە بکە، چەند ئارام و بێدەنگە.. منیش کە سەیرم کرد پەیکەرێکی حاجی لەق لەق بوو، پێکەنیم و ماڵئاواییم لێکرد، چەند دڵۆپە فرمێسکیشم بۆ حاجی لەق لەقەکەی شارە مردووەکەمم هەڵڕشت .
___________________________________
* پەندی کوردی بەدەستکارییهوە
(ئەوەی
لە مشک بێت هەمبان دڕە)
وەرگیراوە.
* ئوکتاڤیۆباز، بەردی هەتاو.
* سەدۆنە شارۆچکەیەکی گەشتوگوزارە سەر بە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریکایە.
(2)
خوا سێوخۆر بوو.
لەوەتەی هەم خوا گۆرانی دەلێ و منیش گوێگرێکی گەلحۆم، هەر ئەو دەیلێ و دەرفەتی یەک وشەش بە من نادا، لە سێوەوە دەستی پێکرد مرۆڤ بارین.. لەسەر سێوێک دەتڕێنم ... یەکەم گۆرانی خودا بوو، سێوخواردن لای خودا بۆ مرۆڤ بە مانای گووخواردن بوو، بۆیە هەر جارێ سێوێک دەبینم لووتم دەگرم، لە ترسی هەشتا جەلدەش تەماشای سێوێ ناکەم و بۆ خۆم دەتڕم، بەڵام من نازانم ئەو روومەت سێوانە تا ئێستا بۆ لە بری وەهم روجمکردن لە حەجدا بە بەرد.. بۆ بە سێو نایکەن؟... یان ئەو ئافرەتانەی بە بەرد روجمیان دەکەن، بۆ نایکەن بە سێو؟ چونکە ئەو روومەت سێوانە هەمیشە دەمیان لەناو سێوە و نانیان لەگەڵ شەکرەسێوە و گۆرانیشیان شەکرەسێوە '' شەکرەسێوە ئەو دەم و لێوە شەکرە سێو.. پارووی نەرم و نانی گەرمە شەکرە سێو ''*...
ژنەکەشم ئێستا هەر سێو دەخوا.. بە کوردیەکەی رۆژێ کیلۆیەک سێو دەخوا بۆ کێش دابەزاندن.. بەو مانایەی کێش دابەزێنە بە سێو. وای لە زانست.. سەلماندویانە دەرمانی زۆر دەردانە سێو.. شیلەریش کە دەینووسی.. سێوی بۆگەنی بۆن دەکرد، زۆر لە فۆتۆگرافەکانیش زوومی کامیراکانیان لەسەر سێوە، بە تایبەت فۆتۆگرافە مێبازەکان، نازانم ئەو شاعیرە مێباز بووە یان فێلباز بووە کە دەڵێ دەستم برد بۆ ناو پەلکان سێوێک هاتە ناو دەستم، شاعیرێکی تریش دەلێ سێو پێگەیی نەهاتی کە لیمۆ زەرد بوو وەرە**، جەنگی دالی و جەنگەلی خوا شەڕەسێو بوو، بیکاسۆش خزمی سلفادۆر دالی بوو، عەشقی سێو و مێبازێکی بەرباد بوو.. سێو لای خودا بە بۆچوونی من رەمزی تڕۆ و تڕکهنیی بوو، یەکەم داگیرکردن و پارسەنگی خوا و مرۆڤ بوو، دەنا سێوێکی حیز چبوو..
کەواتە خوا میهرەبان نەبوو، خوا سێوخۆر بوو.. لە بەخشندەییشدا قنچکه تەنگ بوو، هەبوو نەبوو یەک خوا هەبوو.. ئەویش خوای خواپێداوەکان بوو...
_________________________________________________
* داوای لێبووردن لە عاشقانی دەنگی عەلی مەردان دەکەم کە دەستکاریی گۆرانیەکەم کردووە.
** ببورن گەر لە گەورەیی ئەو شیعرە جوانانەم دابێ.
(3)
هیییییییییوا و بزززززن.
٢٣\٧\٢٠١٠
هیوا چیە؟ هەموو گیانلەبەرێک هیوای هەیە، ئادەمیزادیش هەروەها، منیش بەو هیوایەم
سروشت و ناخی مرۆڤ، نەبتە ردێن و یۆرۆ و درا و درۆ و پینەوپەرۆ، قەل نەبێتە هەرقەل،
هەرقەلیش نەبێتە قەل، گێلەپیاویش نیم تا بلێن:
(کەر
لە کێ کەتیە و کوندە لە کێ دڕایە)*،
ئەوەش
دەزانم چەرخی خێرایە..
نامەم بە کیسەل بۆ
نایێ،
لە چۆلەوانییش
نیم تا بلێن:
(دۆشا
و بە گونت
لە جێیەکی بێ ئاو)**.
لە وڵاتێک دەژیم وڵاتی کەسمان نییه و وڵاتی هەمووشمانە و پر لە دەریایە، دەریاش ماسی بچووک و گەورەی تێدایه، وەک لای خۆمان جاش و کەر و ڤانپایەریشی تێدایە.
مەکەن مەنعم لەبەر کەری دێزەی خۆماڵیی گەر بە نەتەوەیی بمرم لە دووریی نیشتمانم، لەو نیشتمانەش کرێچیمە و دڵشکاوم.. لە نیشتمانیش غەریب بووم و لێرانەشدا لەبەر لووشکە و پێشکە هەر غەریبم، وەک هاورێکەم گوتهنی: لێرە بم یاخۆ لەوێ، لۆ من هەر بە ربەی تەق تەقیە و دڵهکەم هەر لەیلێی دەوێ، لە نیشتمان کرێکارێک بووم، کەسێکی بێ نرخ بووم، لێرەش وەکی کەری بن عارەبانە شەو و ڕۆژ بۆ ئەو گوزەرانە حیزە رایدەکێشم.. وەک چۆن مردوو دەست بە زگی دابێنی دەتڕێ، بۆ کەسانی وەکو ئێمەش ژیان گووە و داریشی تێوەرنەدەی دەبێ بۆنی کەی، دڵداری چی، پەیمانی چی حەی حەی حەی***.
وەی وەی با پەنجەرەکەم بکەمەوە تا نەبوومەتە بزن تا بزنیش نەبۆتە خزم، هەی لەوە.. خۆ لە گوند ناژیم، ئەی ئەو هەموو بزنە چیە؟ سەرخۆش نیمە و ساڵانێکە دکتۆرەکەم جگەرە و مەی لێبریمە.. کەواتە بزن بارییه بزن.. نە حەزم لە دەنگیەتی و نە لە رەنگی.. سەروکەللەشی هەر بە سەروکەللەی ئەو کەسانە دەچێ فتوای کوشتنی هیوا دەدەن، وای لە بزن.. های لە بزن، بدزن بزن، بزن بدزن، بهههههههههززههه ززززهههههز ززززززززززببببببببببببببببهههههههه...
_____________________________
* پەندی کوردی.
** پەندی کوردی.
*** سەری رێزم بۆ گۆرەکەی هونەرمەندی نەمر تاهیر تۆفیق.
(4)
ئۆک.*
٦\٧\٢٠١٠
ئۆک سەد خۆزگەت بە چەرچل لە دوورەوە بۆنی تووتنی لێدەهات، بەڵام نەک وەک چەرچل بۆنی
چروو و جەنگی لێبێ، هەمیشە لەسەر پێ بوو، بە راستی کرێکارێکی جەنگاوەر بوو، بۆ
گوزەران - بۆ پاروێ گوو - مەکینە بوو، دەرفەت رەخسا پرسیاری ئەو ئۆکەی لێبکەم:
- بەڕێز بەڕوو بەواتای بەڕوو ناوت بەڕووە؟
- بەلێ..
- ئەوه بۆ ئەو ناوە، بۆ تۆ شاعیری؟
- نەخێر..
- ئەی خۆ دارتاشیش
نی؟
- دەزانم رانابوێری، لەبهر کورتەباڵایی خوشک و براکانم.. دایە و بابە ناوی منیان
نا ئۆک تا باڵام بەرز بێ وەک داری ئۆک.
سەرەتای هەشتاکان کە دەستم بە شیعرنووسین کرد ووشەی بهڕوو دونیایەک واتای دەبەخشی
ئێستاش بهڕوو ئەو پیرۆزییهی هەر ماوە بەڵام کۆن بووە، لە ولاتەکەت لە ئەمەریکا
داری بهڕوو بۆ خانوو و پرد و کەلوپەلی ناوماڵ و زۆر شتی تریش بەکاردێ،
دارتاشەکانیش دەڵێن لە دارە باشەکان و گران بەهاکانە... کاکە بهڕوو شوکری خوا بکە
خۆ گەر ناوت دیک و گەی و فاکەر بووایە ئەو ناوانە زۆرن لە ولاتەکەت بۆ ئێمەی غەریبە
مایەی شەرم و پێکەنینە، هاورێم بهڕوو شاعیرێک نادۆزیتەوە لە ولاتەکەم بهڕووی
بەکارنەهێنابێ لە شیعردا، منیش گەرم مندالێکمان بوو ناوی لێ دەنێم بهڕوو.....
ئەکرەم.
ئۆک هاورێ ئەکرەم کەناسی بیرهێنامەوە گۆری پڕ نێرگزبێ، لە هەشتاکان ئەکرەم لە
دادگاوە تا دەگاتە بانکهکەی بەرامبەر قوتابخانەی سەلاحەدینی کچان ،ئەو بەڕێزە
سەرما با گەرما با کاری خۆی دەکرد، بە واتای ووشە لە پارێزەر و لە دوکاندار و و
فەرمانبەر و بە گشتیی لە شەقامەکە لەوی پاک و خاوێنتری تێدا نەبوو، زۆر له خەمی
شەقامەکەدا بوو.. بۆیە شەقامەکەشمان لە هەموو شەقامەکانی شار خاوێنتر بوو، چونکە
شەقامەکەمان شەقامی ئەکرەم کەناس بوو، گەر هەموومان (پەرلەمان و وەزیر و گزیر و
سەرۆک و سەماکارانمان و مەلا و مەلەوان و پۆلیس و پاسەوان و فیتەر و فتوا)مان لە
پێناوی کورد و کوردستانیان بێ ئەوا نیشتمان باوەشمان بۆ دەکاتەوە، دایکمانە و
ئاینمانە کوردستان، ئەوانەی تۆزقاڵێک مرۆڤایەتییان لا نەماوە.. کوردبوون و
بازرگانیی بە یەک چاو تەماشا دەکەن، ئەوا وەک گێسک و عارەبانە و خاکەناسەکهی
ئەکرەم کەناس رەنگە بە دەست کرێکارێکی بەنگلادێشیی بێ، سەری رێزیشم بۆ ئەو کرێکارەی
کە شارەکەم پاک دەکاتەوە، نەک وەک ئەوەی هاوڵاتی شار و نیشتمانەکە بێ و ردێن
بەرداتەوە، یان عهلمانیی و مۆدێرن و چرکە و دەقەی چەک هەلگرتنیشی بە دۆلار لە
نیشتمان وەگرێتەوە.. میز بە چڕوچاوی هاوڵاتیان داکا و گووش لە نیشتمان، وای لێ
وایێ..
وڵات لێ
وایێ.
___________________
* ئۆک - Oak - : بهڕوو، دار بهڕوو.
