07/10/2010
چاوم نا، دڵم نا، روحم نا و هه‌موویم تێر ده‌بێت!
(1)
ئه‌و جاره‌یان، رێزی خۆم ده‌گرم و وه‌ک (هۆشه‌نگ) ێکی به‌خته‌وه‌ر و ژیکه‌له به شه‌قامه‌کاندا وهردهبم، بۆ یێکه‌مجار هه‌ولێر ده‌بیێته باخێک بۆ فڕین، جاده‌کانی ده‌بنه شوێن و ده‌که‌ونه نێو مێژووی دڵ و شوێنه‌وارێک ده خوێنی مندا ده‌که‌نه سه‌د مه‌تری و مه‌تر مه‌تر درێژ ده‌بنه‌وه تا ماڵی رێحان و نیوچاێیکی بێشه‌کری شیرین!
ده‌ڕۆم و به نێو خوێنی خۆمدا وهردهبم، پێده‌که‌نم و وه‌ک فشه‌که‌رێکی سلێمانی به ده‌سگیرانه‌که‌م ده‌ڵێم: " ده‌چینه مه‌ریخ!" ده‌زانم زمانم، ته‌بیعه‌تم، ماڵم، خودام و خۆم ده‌گۆڕێم، ده‌بمه‌وه خۆم و هیچی دیکه نا.
ده‌ڕۆین و نیوچای چۆڕ چۆڕ ده‌که‌ینه رووحمان، به دوو نیوچای مه‌ست ده‌بین و قژی خۆمی ده‌ده‌مه ده‌ست، ئیدی تێر ده‌بم له ژیان و له خۆم و چاوم کۆره ده‌بێت و هیچ نابینێت، ژیان و زه‌مین ده‌بێته ئاوێنه‌یێک. لێممه‌گرن به کوێرییه‌وه هاوار بکه‌م: " ئه‌وه منم!" ئه‌وه منم له‌و باخی سیلانه، شین ده‌بم و سه‌وز ده‌بم و سوور ده‌بم و زه‌رد ده‌بم و دواتریش په‌لکه زێڕینه دهمندا ده‌زێت و چاوی ئه‌ویش ده‌بێته ئاسمانی من! زه‌وی و بوونه‌وه‌ره‌کان دهمندا کورت ده‌بنه‌وه!
منیش دهودا ده‌بمه بۆن، جێی شوختێک له‌سه‌ر دڵیدا!
ئای له من، نهسهرم دێشێ، نه دڵ و نه باسک و نه وه‌رزێک له وه‌رزه‌کانی به‌خته‌وه‌ریم، ده‌فڕم و به‌که‌س ناڵێم من دوو رۆژه چۆن ئه‌و هه‌ولێره‌م کردۆته ئاسمانی دڵی خۆم؟ ئاسمانێک به‌قه‌د شه‌قامه بازنه‌ییه‌کانی خڕ و به‌قه‌د قه‌ڵاکه‌ی رێحانی.....
قه‌تره قه‌تره به خوێن به نیو هه‌ولێردا پیاسه ده‌که‌م، به خوێن قسه ده‌که‌م و ده‌گه‌ڵ پێکهنینهکانیش خوێن ده‌په‌ڕێته پرچی ده‌سگیرانه‌که‌م، ده‌په‌ڕێته په‌نچه‌کانی که ده نێو پرچمدا، که ده‌نێو پیاڵه‌یه‌کی چادا ده‌بنه رێحان.
من به‌ده‌م خه‌ون و وشه و قاقاکانم ده‌په‌ڕمه‌وه فانتازییایێک که بنیشتێک ده‌کاته دوو که‌رت و ده‌یخاته نێوان دوولێوی ته‌نکی که‌ده رێحانێکی ره‌ش. ئیدی له‌وێشدا، "همایۆن" ده‌نگی دێت: " گه‌ر نهکونی به‌ر دلێ من ره‌حمه‌تی، وای دلم، وای دلم"
ئه‌و رێحان و شه‌ڕاب تێکه‌ڵ ده‌کات و هه‌ر به قومێک مه‌ست ده‌بێت، ده‌نگی، مه‌مکی، باسکی و پرچ و لێو و ماڵه‌که‌ی هه‌مووی مه‌ست ده‌بێت..
ره‌حم مه‌که به به‌خته‌وه‌ریم، ره‌حم مه‌که به چاوانم، ره‌حم مه‌که به ته‌مه‌نم، به گهنجێیتیم، به پێکه‌نین و خوێن و ده‌ماره‌کانی پیاوه‌تی و مێیاتیم .. ره‌حم مه‌که تا دوا سنووره‌کانی مردن هه‌ر به‌باوه‌ش فڕێمده نێو عه‌ده‌م، بمبه و مه‌مده‌ره‌وه ده‌ست که‌س، مه‌مده‌ره‌وه ده‌ست خۆم!
(2)
ناچمه نێو هیچ، وه‌ک هیچیش نا، وه‌ک خۆم و به‌س، هۆشهنگانه به هه‌ولێرێ وهردهبم و "فاتێ" یه‌ک ده‌ستم ده‌گرێت، دڵم ده‌گرێت و روحم ده‌باته نێو ئیستیکانی چایێک و له وێنهیێکدا وشکم ده‌کاته‌وه. وێنه‌یێک که جگه له چاوی وی،که‌سی دیکه ناتوانێ له‌سه‌ر شووشه‌ی چاوه‌کانیدا وشکی بکاته‌وه!
هه‌ر چۆنێک بێت، به‌خته‌وه‌ر خۆم و په‌یڤ له‌بن ده‌ستم راده‌که‌نه نێو سینگی کاخه‌زێک که له باخی رێحان ده‌چێت، ئه‌و ماوه‌یه نووسینی "ماڵی رێحان" منی کردۆته سوارێک به رێگه‌کاندا بڕوات و ئاوڕ له‌که‌س نه‌داته‌وه، له هه‌موو ژیانیدا ئه‌وه‌نده ئازاد و فانتازی نه‌بووه؟! ئه‌وه‌نده جوان و ئازا و میهره‌بان و تێر و دڵشادیش....
ورته ورتم دێ، که‌سم تێناگات، له پیاڵه چایێکدا ده‌کرێت بخنکێم و له دهریایێکدا بزر نه‌بم!
هاوکێشه‌کانی ته‌مه‌ن و وزه و روونبوون و به شووشه‌بوون و به سۆفیبوون و به خۆبوونه‌وه ده نوێوه دهمندا شین ده‌بنه‌وه، وه‌ک چۆن رێحان ده به‌ژنێ باریک و چاوجوانه‌که‌ی خۆمدانا، ئه‌و بۆخۆی چاو جوانه! شین بۆوه.
ئێستا ژنێک له شه‌ڕی جیهانی سێیه‌م و چواره‌م نا، له داستان و ئه‌فسانه‌کانی دووردا نا، له مێژوودا نا، به‌ڵکو له نێو له‌پی خۆیدا، له نێو ئیستکانێ چادا، ده‌دڵی مندا، ده‌بێته شیلاوی رێحان و به‌سه‌ر خۆم و خۆیدا وه‌ک تاڤگه‌یێک ده‌ڕژێت و ده‌رژێت و ده‌ڕژێت... نه "همایۆن"، نه دڵی من و نه پرچی خۆی، رایده‌گرێت.... ئیدی دنیا به رێحانڕژانهوه نه‌زیف ده‌بێت......
(3)
پیاسه کردن به‌ده‌وری قه‌لادا، ده‌بێته پیاسه‌کردن به‌ده‌وری قهلآکانی "ماڵی رێحان" و به‌ده‌وری دڵ و روحی خۆمدا، ئه‌و چاوم ده‌گرێت و ده‌ست ده‌نێته نێو دڵمدا، دڵم ده‌گرێت و ته‌ماشای چاوم ده‌کات و وێنه‌ی رووخسارم له روحی خۆیدا وشکده‌کاته‌وه!
چایێک ده‌هێنم و پڕی ده‌که‌م له په‌لکی رێحانێک که ئه‌و دایمێ، ده‌ستم، دڵم، خوێنم، بڕوا بکه‌ن هه‌تا ده‌نگی همایۆنیش بۆنی ئه‌و رێحانه ده‌گرن که به‌گه‌رووی مندا ده‌چێته خوار و تێکه‌ڵ به من نا، به دنیا نا، تێکه‌ڵ به خۆی ده‌بێت، تێکه‌ڵ به ماڵی خۆی ده‌بێت، ئیدی وا ده‌زانم ده‌مێکه رێحان له ماڵی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت و ئه‌وه له‌سه‌ر ده‌ست و دڵی مندا ده‌گاته‌وه به ماڵه‌که‌ی...... ئای له ماڵه‌که‌ی!
(4)
من و رێحان و ماڵ، ماڵێک، منێک و رێحانێک.... دواتر چ وشه‌یێک بێت و خۆی بخاته نێو ئه‌و ناوانه‌وه، به‌رده‌بێته‌وه. سه‌ره‌تا دڵی من. ئینجا جه‌رگی ئه‌و، دواتر ده‌نگی همایۆن، بۆنی رێحان به‌ربوونه‌وه‌ی حه‌رفی (و) و هه‌نگاوه‌کان، وشککردنه‌وه‌ی وێنه‌کان ده دڵدا و به‌ربوونه‌وه له ده‌نگی یێکدی، خنکان له بۆندا.. سه‌یر سه‌یر، رژانه نێو خود و زه‌مین و ئاسماندا.
که گیانی په‌پووله‌یێک ده‌بێته زه‌رگه‌ته، ده‌زانین ئه‌وان له ماڵێکدا له‌دایکبوون و گۆرانیێکی باخوسییان بۆ ده‌ڵێین، به‌لآم كه دهعبایێک ده‌بێته‌وه به مرۆڤ نا، به عاشق نا، به خۆی و به‌س.....چ ئاهه‌نگێکی بۆ ساز که‌ین؟ له کێ بپرسین سه‌لامی هۆشه‌نگ بگه‌یێنێته دیۆنیزیۆس!
به‌خته‌وه‌ریش، وه‌ک ناوه‌کانی دی به‌رده‌بێته‌وه، ئیدی ئێستا شه‌قامی سه‌د مه‌تری، ئه‌ودیوی به‌خته‌وه‌رییه، با که‌سیش بڕوا نه‌کات و که‌سیش نه‌زانێت، خه‌نی له خۆمان ته‌نیا من و تۆ ده‌یزانین، وه‌ک چۆن ته‌نیا من و تۆ به‌ربوونه‌وه‌ی حه‌رف و ناوه‌کان ده نێو خۆماندا ده‌بینین!
