چیاکانی من
هه‌ندرێن


چیاکان جه‌نگی منن. چیایه‌ک هه‌میشه خه‌ون به خه‌ونه‌کانییه‌وه
ده‌بینێ. چیایه‌ک خه‌ون ده‌بینێ یان غه‌ریبیم ده‌کا؟ له
تکانه‌وه‌ی یاددا، له تلانه‌وه‌ی دڵدا به دوای شوێنکاته‌وه
ده‌کولێته‌وه. له‌وێ، له‌سه‌ر لووتکه و بناری چیاکانه‌وه
شوێنپێکان وه‌ک دڵی با باڵده‌گرن. خۆم ده‌بینم وه‌ک جالجالۆکه‌کان
به بنمیچی ئه‌شکه‌وته‌که‌ی سه‌ر سنگی "چیای شیرین"ه‌وه به‌ره‌و
چاوه‌کانی زه‌وی شۆڕده‌بمه‌وه. مێرووله و دووپشکه‌کان به
ده‌ورمه‌وه به‌ناو تیشکی که‌ڤره‌کاندا دێن و ده‌چن. مارمیلکه‌کان
له مێژوو برسیتر زاریان ده‌که‌نه‌وه. هه‌موویان له من ده‌چن،
منم له هه‌موویان ده‌چم. ئه‌وه منم که به ده‌م منداڵییه‌وه
به دیار هه‌ناره که‌له‌که‌کراوه‌کانی دوکانێکی به‌ر گه‌رماوه
راوه‌ستاوم و به تامه مزره‌کانیانه‌وه هه‌راشده‌بم. ئه‌وه منم
له خه‌ونێکی قوڕسدا سه‌فه‌ری مه‌فره‌زه‌یه‌کی ئاڵا‌و به بناری
چیایه‌کی ژێر کازیوه‌یه‌کی زامدار ده‌گێڕمه‌وه که ناوه‌که‌یم
به‌یاد نایێته‌وه. گوڵه هێرۆکانی سه‌ر به‌رگی بالیفه‌که‌م به
هه‌ناسه‌ی خه‌ونه‌که‌م ئاره‌قڕێژ ده‌بێت که خوشکێکم دووریی منی پێ
چنیوه‌ته‌وه.
شه‌وی شپرزه‌ی ناو ژووره‌که‌م به ناڵه و وڕێنه‌کانم بێ‌دار
ده‌بێته‌وه ئه‌و شه‌ڕه‌ش که تا دێ گه‌مارۆم ده‌دات. زایاڵه‌کان
بێ وشه به‌ناو ده‌نگمه‌وه په‌نگده‌ده‌نه‌وه و وشه‌کان له
زارمه‌وه وه‌ک ره‌وه ئه‌سپێک ده‌حیلێنن، به شه‌وقی
سمکۆڵه‌کانیانه‌وه ته‌وقه‌کان ده‌به‌زێنێن.
به‌فرکه‌ی ئه‌مدیو په‌نجه‌ره‌که‌ی ژووره‌که‌م هێشتا به‌سه‌ر
سپێده‌ی ئه‌م یه‌ک شه‌ممه له خه‌وماوه‌دا که‌ڵه‌که ده‌بێت: من
لێره‌م، له‌گه‌ڵ چیاکان، له رۆژگارێکی که‌ڕووگردا سێبووریی یه‌کتر
ده‌ده‌ینه‌وه.
گه‌ره‌کمه ئه‌و چیایانه‌ی که نه‌متوانی له دڵمدا ئازادیان
بکه‌م، وێنه‌کانیان له وشه‌دا بکێشمه‌وه. وه‌لێ دووباره ته‌نێ
ده‌توانم ناوی چیاکان بڵێمه‌وه.
چیایه‌ک له خه‌فه‌ت، شوێنێک له حوزنی روح. ئه‌وه‌تا لێره به‌فر
به‌سه‌ر چیای یاده‌وه‌ریی شه‌وقده‌داته‌وه و خامۆشده‌بێ. ئای
به‌فر هه‌روا داده‌کا و ده‌چێته‌وه، ئای ئه‌و به‌فره که به‌فری
قه‌ندیلم به یاد دێنێته‌وه. به‌فر داده‌کا و یاده‌وه‌ریی
ناچێته‌وه. به‌فر ده‌توێته‌وه و یاده‌وه‌ریی ده‌فراژێ. به‌فر
ده‌فڕێ و یاده‌وه‌ریی ده‌مکرۆژێ. ئێستا ئه‌و چاوتروکانه‌یه که
وه‌ک گالیسکه‌یه‌کی تیژڕۆ به‌ناو مندا سه‌رهه‌ڵده‌گرێ. ئێستا له
هیکڕا دیسانه‌وه یه‌ک شه‌ممه‌ی دابڕاو له کاتدا گه‌ڕایه‌وه.
یه‌ک شه‌ممه رۆژێکه له ئاوابوون، رۆژێکی دۆڕاو پڕ له
زه‌نگه‌سۆره‌ی بێ‌ماڵ. وای که رقم له یه‌ک شه‌ممه‌یه. یه‌ک
شه‌ممه دوا ئاوڕدانه‌وه‌ی کاته له من.
من له دڵه‌خورپه‌یه‌کی تواوه‌دا خۆم داده‌گیرسێنم و
خامۆشده‌که‌مه‌وه. خامۆشده‌بمه‌وه و دیسانه‌وه خۆم
داده‌گیرسێنمه‌وه. ئه‌وها ته‌نێ خۆم به‌رزفت ده‌که‌م. من ئه‌وهام،
چونکه له چیایه ته‌نیاکان و شه‌ڕی خۆشه‌ویستیڕا ره‌گئاژۆم. منێک
که له ژانه‌وه هاتووم تاکوو بژیم.
ئه‌وه‌تا من سۆراغی ئازادییه‌ک ده‌که‌م، که رووبارێکی
ئه‌به‌دییه.
***
ده‌نگدانه‌وه‌ی چیایه‌که، جه‌نگی من. هه‌روه‌ک له دڵی چیایه‌کدا
ده‌رکه‌وتبم، وه‌ک داربه‌ڕووه‌کی ره‌گئاژۆ به‌ناو سنگی
ئه‌شکه‌وتێکه‌وه ئه‌وها ده‌تکێشمه‌وه. ده‌خوازم وشه‌کان به
ناخته‌وه ره‌نگڕێژ بکه‌م، وه‌ک چۆن به‌ناو ژنێتیتدا رۆبچم.
له‌ناو تۆدایه له دایکبوون. یاده‌وه‌رییه‌کی په‌نگخواردوو له
رابردوو ئێستایه‌ک گه‌مارۆ ده‌دات. ده‌ست بۆ چیاکان درێژ ده‌که‌م،
ئاسمان ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه. مانگێکی مارانگاز به زه‌ریا
مه‌وداکان شه‌پۆڵگر ده‌کا. وه‌ک دره‌ختێک گه‌ڵاکانم به وه‌رز
ده‌به‌خشمه‌وه و له چاوی زه‌ریاچه‌یه‌کی ته‌مگرتوو ده‌روانم.
خوناوێک له بیرهاتنه‌وه دامده‌پۆشێ. زایاڵه‌ی وشه‌کان له
ده‌نگمه‌وه شه‌پۆڵده‌ده‌ن. ئه‌وه‌تا له نێوان ماسییه
سڕه‌کاندارێده‌که‌م و دڵیشم وه‌ک شه‌پۆڵه گه‌مارۆدراوه‌کانی ژێر
شه‌خته‌که گیانه‌لایه‌تی. به ترسێک له نه‌مان به ئاگا
دێمه‌وه. خه‌ونه‌که وه‌ک به‌فرێک له رووخسارمدا ده‌ته‌کێنم و
قه‌ڵه‌مه‌که‌م له بێده‌نگییه فه‌رامۆشه‌که‌یدا بێ‌دار
ده‌که‌مه‌وه. به زرینگانه‌وه‌ی په‌یڤه‌کان جیهان به ده‌م
بیرچوونه‌وه ده‌لاوێنمه‌وه. هه‌ستده‌که‌م هه‌موو رابردوو
به‌ره‌و من له کۆچدایه. له نێوان من و خۆشمدا بێئۆقره‌یی ئۆقره
ناگرێ. هه‌ندێ جار خۆم ده‌نگده‌ده‌م: تۆ چیتر خۆت نیت. تۆ لێره‌یت
ئه‌ی من! کۆچه‌کان دوورن و منیش له خۆمدا کۆچده‌که‌م.
کۆچه‌ده‌که‌ین یا بژینه‌وه. ئه‌وها من به‌م رسته و واتا
خورپه‌گرتووانه‌وه ئه‌م خوده بێماڵه ده‌نووسمه‌وه که له
نێوان حه‌رف و په‌یڤه‌کاندا ده‌زنێ. ئه‌وه‌تا بێده‌نگییه‌ک له‌م
خوده له نێوان مه‌ودای واتاکاندا ده‌زێ. نووسین هه‌میشه
دۆزینه‌وه‌ی بوونێکه. وشه‌کان راده‌سێن، واتاکان به رامانم
ده‌که‌ن. وشه‌کان له جه‌نگی خۆیاندان. که وشه‌کان له نێوان
خۆیاندا هه‌ڵشاخان، زمان ئاوه‌دانییه‌کی له خۆیدا راگه‌یاندووه.
که زمان بێ-وشه بوو، وێده‌چێ خامۆشی گه‌ره‌ک بێ یان خۆی دابێت
به ده‌ستی بێده‌نگییه‌وه.
ئه‌وه‌تا من هه‌روا ده‌نووسم، تا زمان له‌م جه‌نگی نێوان بێده‌نگیی
و کۆچه‌که‌یدا رشتر بکه‌م. ده‌زانم من چیتر تۆ له ژیاندا
نابینمه‌وه، ئه‌وها ده‌تکه‌م به جه‌نگی شیعرێکی نه‌سره‌وتوو. تۆ
چاوتروکان بوویت و منیش ناوت ده‌نێم چاوتروکان، تا ده‌بم به
بوونێک له خۆم، بێماڵییه‌ک له بووندا. مه‌وداکانی نێوانمان ده‌بن
به چیای نووسین. له‌مدیو په‌نجه‌ره‌وه هێشتا سپێده‌ی
تاراوگه‌یه‌کی خه‌وزڕاو له خه‌ونی چیایه‌ک ده‌ڕوانێ:
له ماڵێک ده‌ڕوانم که له خۆم بشارێته‌وه. ماڵێک من
بدۆزێته‌وه.
له‌و دیمه‌نه‌دا رووخسارێک ئاوێنه ده‌بێته‌وه. له‌وێ:
له‌رینه‌وه‌یه‌ک. له‌و رووخساره‌دا چیاکانی تۆ ده‌بینم. له
چیاکانی تۆدا، من هه‌م. ماڵه‌کان وێران ده‌کرێن، جه‌سته‌ی بێماڵی
رووتده‌بێته‌وه. ئاماده‌ییت له ده‌ست ده‌چێ، کۆتایی نایێ سۆراغت.
سۆراغی چاوتروکانێک ده‌که‌م که هی تۆیه. که‌سێک گازم ده‌کا.
زماندا راده‌چڵه‌کێ، بوون ده‌له‌رێته‌وه. بانگت ده‌که‌م: به‌ره‌و
ماڵی چیایه‌ک بگه‌ڕێوه. کات له دابڕان و له نائاماده‌یی
بوونتدا، هه‌ڵه‌ته ده‌بێت. ئه‌وه‌تا دیسانه‌وه له چاوی
یاده‌وه‌رییمدا هه‌ڵدێی. له که‌سێک ده‌گه‌ڕێم له تۆدایه، له
خۆمدا ده‌گه‌ڕام له تۆ دایه، له تۆیه‌ک ده‌گه‌ڕێم به ده‌ر له
تۆ له که‌سی دیکه‌دا نییه. من له رووناکی رووخساتدا ده‌زێم.
ده‌نگی تۆ زایه‌ڵه‌یه‌که له مندا. من ده‌بێ له‌وێ، له
رووخسارتدا ئاماده بم.
به‌فر له‌م شاره‌دا بێ‌ماڵ ماوه‌ته‌وه. به‌فر داده‌کا و تۆش
بیرهاتنه‌وه په‌رته‌کانت ده‌چنیته‌وه. باڵکۆنه‌که‌ی ماڵه‌که‌م پڕ
ده‌بێ له به‌فر و له بیرهاتنه‌وه. ئه‌و پشیله هه‌میشه
راماوه‌ی ئه‌وبه‌ری ژووره‌که‌م به خه‌وزڕانی من ئاشنایه. کات له
هه‌ردووکمان بێهووده‌تر به گه‌ڕانه‌وه‌ی راناگا.
من هه‌ندێ جار، دوور له کات، به هێورییه‌کی مه‌ستانه و ته‌می
فه‌رامۆشییه‌وه خۆم له یاد ده‌که‌م. له‌وده‌مه ژنێکیش منداڵانه
له رووخساری راماوم ده‌ڕوانێ. مانگیش به ده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی
مه‌وداکانه‌وه به لاوکێک شه‌که‌تی کۆچه‌که‌ی ده‌لاوێنێته‌وه.
یاده‌وه‌رییت به چاوی گوڵناری چیایه‌که‌وه راده‌مێنێ، له ئاسمان
نزیک ده‌بمه‌وه. چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر لووتکه‌کان مه‌مکی ئاسمان بن؟
جیهان له چیاکانه‌وه ده‌ست پێده‌کا، دڵی ئاسمان له سنگی
چیاکانه‌وه ده‌زنێ. ئه‌وده‌م من له‌وێم، له چه‌قی دونیادا
وه‌ستاوم. له زماندایه یاده‌وه‌رییت، بوونێکت جیرانی چیایه و
ئاماده‌ییشت له ماڵێکی ته‌نیاییدا. کات گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بووایه،
غه‌ریبیکردن گه‌ره‌ک نه‌بوو. تۆ توایته‌وه، تۆ له لووتکه‌یه‌کدا
به‌ناو ئاسماندا ئاوابوویت. له‌وێ چاوتروکانه‌کانت له‌ناو چاوی
چیمه‌نی چیایه‌کی چرپه‌داردا ده‌چرپێنێ، له کانگای جیهاندا
ده‌بریسکێیته‌وه. که چیایه‌ک هه‌بێ و تۆش له کانییه‌کی
یاده‌وه‌ریی بچیت، جه‌نگی یاده‌وه‌ریی هه‌رێمه‌کانی روحت
ئاوه‌دانتره. تۆ ئه‌وهایت له خۆکۆکردنه‌وه‌دا.
یاده‌وه‌ریی جه‌نگی منه. غه‌ریبیکردنت به‌ناوم وه‌رده‌بێت. که
هاتیته ناومه‌وه، بروسکه و فێنکی و تامێکی چیاییت چانده‌وه.
که ئه‌وینت له ده‌ست چوو، به‌ناو چیای یاده‌وه‌ریی داده‌که‌م.
نائاماده‌یی بوونت ده‌ته‌نمه‌وه. تۆ له‌وێی، چونکه من لێره‌م.
بوونمان له سه‌فه‌رێکی مه‌حاڵدایه. جه‌سته‌م له ئه‌ڤیندا
داده‌بڕێ. تۆ داده‌ڕمێی، که‌چی ئه‌ڤینت هه‌میشه غه‌ریبیکردنه.
ئه‌وه‌تا تۆ چاوتروکانێکی که کات و کۆتاییت نییه. ده‌مویست
هه‌موو جه‌نگه‌کان هی من بووان، تاکوو تۆ ئه‌ڤینیکی ویستدار بیت...
زستان و به‌هاری ٢٠١٠
ستۆکهۆلم
http://handren07.kurdblogger.com/
تێبینی: ئه‌م کۆپله شیعره به‌شێکه له پرۆژه‌ی کۆشیعری
"چیاکانی من".