04.09..2011

 

 

ئەلدا مەرینی

١٩٣١-٢٠٠٩

پێشکەش کردن و وەرگێڕانی بۆ عەرەبی جومانە حەداد

بۆ کوردی: هۆشەنگ شێخمحەمەد

٢٧/٠٨/٢٠١١

 

لە تەمەنی سی و سێ ساڵیدا بوو، کە ئەویشیان لە خاچ دا. لە ساڵی (١٩٦٤) بڕیاریان دا کە شێتە و لە ساخلەمخانە (سانتۆریۆم)ێکدا بۆ ماوەی دە ساڵ دەستبەسەرییان کرد. لە ماڵ و منداڵ و مێردەکەی دووریانخستەوە و پێیان گووت : "ئەوە شەیتانەکانت و شەڕییان دەگەڵ بکە!" ئایا لە پاکژگەکەیدا لە بەناو شێتییەکەی چاک بۆوە؟ نزانم، بەڵام دەزانم ئەو تا ئێستاش دەگەڵ ئەوێدا هەر خەریکە. لەوێ جوانترین چامەکانی نووسین و ناوی دیوانەکەشی نا (خاکی پیرۆز).

ئەو شاعیرە ئیتالییە لەو خاکە نەفرەتلێکراوە چی دیت؟ ئایا شەڕی دەگەڵ شەیتانەکان کرد یان هاوپەیمانیێتی دەگەڵ بەستن؟ ئەو ژنەی شێتانە پێوەستی جگەرەکەی بوو ئایا لەوێ سووتا یان گورزە خۆڵەمێشەکانی لەسەر گیانی ماڵین؟ کە هاتە دەرەوە گووتی: شاعیر لە شەودا نما دەکات و ئەو هەناسەی خوایە. کە لەوێ دەرچوو گوتیشی: کە گرانترین کەس لەسەر دڵی ئەودا "ئەلدا میرینیی"ە و بەرگەی ساویلکەیی ئەو ژنە ناگرێت. لە تەمەنێکی درەنگدا بە رووتی وێنەی خۆی گرت، بۆ ئەوەی نەبوو بە خۆڕایی خەڵک توڕە بکات، بەڵکو دەیویست دەربڕین لە هێزی ئازارەکانی بکات. چونکە لە ساخلەمخانەکەیدا وەک ئەوەی "کەلوپەل" ێک بێت جلەکانییان لەبەر دادەکەند، ئەو تا ئێستاش هەست دەکات کە رووتە.

دووبارەی دەکەمەوە: تا ئێستاش هەست دەکات کە رووتە.

 

هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی

 

 

جاران چۆلەکەیەک بووم

بنسینگ نەرم و سپی

بەڵام یەکێک هات و کوشتمییەوە

رەنگە سەری بڕاوی من بە پێکەنینی بێخێت

نزانم

 

نەورەسێکی گەورەبووم

بەسەر دەریاکاندا لە شەققەی باڵم دەدا

بەڵام یەکێک بێ ئاگادارکردنەوە

رێگەی گرتم

 

ئەگەر لێرەش راکشاوم

لەسەر خاکی ساردی ئەو ساخلەمخانەیە

بەلام گۆرانی خۆشەویستی خۆمتان هەر بۆ دەچڕم.

 

****

 

جوانترین چامەکان

لەسەر بەرد دەنووسرێن

بە دوو ئەژنۆی بریندار

بە زەینێک پەنهانی بەئاگای هێنابیت

جوانترین چامەکان لە بەرامبەر

کوشتنگەیەکی خاڵی دەنووسرێن

کاتێک

پەیامبەرانی شێتیێتی خودایی

گەمارۆمان دەددەن.

 

 

* * * * *

 

ساخلەمخانە دنبکە

لەوێ وڕێنە دەنگدانەوەیەتی

بزربوونی ناسنامەش ریتم.

ساخلەمخانە (توڕی سینا) یە

نەفرەتلێکراو

کە وەسییەتنامەیەک وەردەگرین

مرۆڤ هیچی لە بارەوە نازانێت.

 

* * * * *

 

کە گەیشتم

سێ چاو پێشوازییان کردم

خستمییانە قوڵایی خۆیانەوە

سێ چاوی توند و شێتانە

ئی سێ ژنی شێت.

 

کە گەیشتم

شێت بووم و زانیم

ئەم گۆمە شینە

لە گەڕێکی قوڕاوی

زبڵوزاری هاڕاو زێتر نییە و

تێیدا دەخنکێم.

 

* * * * *

 

مانگ لە باخچەکانی ساخلەمخانەدا هەڵدێت

لە قوڕنەیەکیشدا نەخۆشێک دەناڵێنێ

دەستەکانی دەخاتە گیرفانە ڤاڵاکانی

 

مانگ بە بێنەوسییەوە لە باخچەکانی ساخلەمخانەدا هەڵدێت و

داوای ئەشکەنجەدانی دەستبەسەرەکان دەکات

داوای خوێنییان دەکات

بینیم نەخۆشێک

بە نەزیفەوە دەمرێت

لە ژێر مانگی گڕگرتوودا.

 

* * * * *

 

ئەی لەش، گەمەی خۆڵەمێشی

بە ئارەزووی پیرۆزەیی

تا کەی زیندانم دەکەیت؟

تۆش ئەی گیانی شەل

شێواو و پەککەوتە

ئەی گیانی سونەت کراوم

چی دەکەیت

لە نێو جەستەدا

ئەوها راکشاویت؟

 

* * * * *

 

لە پێناو تۆدا وشە زیوینەکانم نووسین

لە پێناو تۆدا کوژانەوەی خۆم نووسی

کاتی ئەوە هاتووە بزربم

دەربازبوونێک بۆ دەنگی سوژدەبردووم نییە

تەنیا سروودێک کە لە جەستەمەوە بزێت

سروودی خۆشەویستیێک رەنگە

ئەو ئەبەدییەتە بێ سنوورەی من

پێ بگەیەنێت

 

* * * * *

 

ئەگەر کەسێک هەوڵیدا

لە رووانینت بگات

ئەی شاعیر

بە سەرگەرمی بەرگری لە خۆت بکە

چونکە روانینی تۆ سەدان

ئەو روانینایە

کە بێ موبالاتانە لە تۆدا رادەمان

ئەو کاتەی تۆ دەلەرزیت.

 

 

* وشەی (ساخلەمخانە) بە پرسی نووسەر (عارف حیتۆ) لەبەرامبەر وشەی (مصحه)ی عەرەبی داندراوە.

 سەرچاوە:

http://www.jehat.com/Jehaat/ar/KheyanatThahabeya/italy/elda.htm

 

 

 

 

 

 Copyright (2008) Roshenbiry.com