20.09.2011

 

 

لە بابەت (ئاژەڵ و مرۆڤ) ی (سادقی هیدایەت) ەوە

 

هۆشەنگ شێخمحەمەد

١٨/٠٩/٢٠١١

 

ئەو بەرهەمە یەکێکە لە کارەکانی سادقی هیدایەت، کە پەردە لەسەر لایەنێکی ژیان و بایەخی ئەو لە بابەت ئاژەڵان هەڵدەداتەوە، هەرەوەها لایەنێکیش _لە دیدی نووسەرەوە_ لەسەر هێزی شەڕانگێزی مرۆڤ نیشان دەدات لە هەمبەر ئاژەڵ بە تایبەتی و سرووشت بە گشتی. خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە هاندانێکە بۆ زۆر کەس کە بیانەوێت ببنە ڤێجیتریان، واتە تەنیا رووەک و خۆراکە گیاییەکان بخۆن و واز لە گۆشت خواردن بێنن. بۆ من ئەو بەرهەمە جگە لەو پنتانە. بیرهێنانەوەی رۆژانێک بوو کە دەگەڵ ئاژەڵدا ژیانم هەبوو، رۆژانی شەقڵاوەو ماڵی منداڵیم لە گەڕەکی زێوەردا. کە جاران هەمووی یەک پارچە باخچە، سەوزایی، ئاو و فێنکاتی بوو.

دەگەڵ ئەو بەرهەمەدا گەڕامەوە ئەو ماڵە قوڕینەی کە باوکم خۆی بە هاوکاری دایکم خشت بە خشت و بەرد بە بەرد ئاوای کردبوو. ئەو شوێنە (ماڵ) بوو نەوەک (خانوو)! چونکە جیاوازی لە نێوان خانوو و ماڵدا زۆر گەورەیە. باوکم خانووی درووست کردبوو بەڵام کردبوویە ماڵ. ماڵێک کە کارئەکتەرێکی تایبەتی هەبوو، ئاژەڵەکانیش بەشێک بوون لە کەسێیتی ئەو ماڵەدا.

مریشک و کەڵەشێر کە ئێمە پێمان دەگوت (کەرباب)! دوو کەسێیتی سەرەکی بوون لە باخچەی ئێمەو و هەمیشە لە نێو کەسەکاندا بە ئازادی دەهاتن و دەچوون و لە خواردن دەگەڕان، تا ئێستاش دیمەنی زۆرییانم لەبەر چاوە کە لە سەر دار گەرازەکەدا هەڵدەنیشتن و دەخەوتن، بێگومان (کۆریت)ی تایبەتی خۆشیان هەبوو، کە شوێنی پاراستن و هێلکە کردنیشییان بوو.

ماڵەکەمان، جگە لە ژوور و حەوشەو و ساباتی هاوینان، کە هەر چوار لای ساباتەکە گوڵ و دارو درەخت بوو، هەروەها باوکم کانیێکی لە لای دەستە راستی ساباتەکەدا درووست کردبوو، کە بەردەوام ئاوێکی ساردی دەڕژایە نێودا، هەر لە لای کانیاوەکەشدا دەریچەیەک هەبوو کە ئێمەی دەگەیاندا نێو باخچە گەورەکە کە هەموو جۆرە دارێکی تێدا بوو، (سێو، هەرمێ،توو، شاتوو،گەراز، قازمانە، هەنجیری شۆشی و رەش، ترێی رەش و تایەفی،سیکەرۆ کە جۆرە قازمانەیەک بوو لە پاییزاندا دوای باران بارین تامی زۆر خۆشدەبوو،مژمژە، بەهێ،هەنار،ئەمە جگە لەوەی جۆرەها گیاوگۆڵی تێدا سەوز دەبوو) لە لای دەریچەکە دار گەرازێک هەبوو، مریشکەکان دەچوونە سەری، دواتر من و باوکم لە لای ئەو دار گەرازە (شەنگە بییەکمان) چاند و تەمەنی بووە نزیکەی بیست ساڵ کە بڕایەوە!

لە حەوشەی ماڵەوەدا، دەرگەیەکی دیکە هەبوو دەچووەوە نێو باخچەکە، لە خوار دەرگەکە باشترین و خۆشترین دار بنەهەنجیری لێبوو. هەروەها هەر لەوێدا وەختێک (تەندوور) مان هەبوو، بە دەیان بەیانی (ئەستوورکی) گەرمی دەستی دایکم خواردووە، بە تایبەتیش (نان و هەنجیر) کە تا ئێستاش هەر حەزم لێیەتی! ئەو کات زۆر جار بەیانییان دەمخوارد.

ئیدی لە نێو ئەو ماڵەدا، مریشکەکان بە ئازادی دەهاتن و دەچوون و وەک کارئەکتەرێکی رووحسووک ئەو ناوەیان جوانتر دەکرد و روحێکی دیکەیان دەدایە ئەو ماڵە.

من بۆخۆم دوو یادگاری خۆش و لەبیرنەچووەوەم لەگەڵ ئاژەڵەکانی ئەو سەردەمدا هەیە، یەکەمییان (رێوی) یەکە، کە (خەسرۆ) _برازام بوو ، بەڵام هەر لە ماڵی ئێمە دەژیا_ بە فەڕخەیی کڕی و هێنایەوە ماڵێ و بە شیر گەورەمان کرد، دواتریش هەموو گەڕەک کێشکە (چۆلەکە) و باڵندەی تریان بۆ دەکووشت و دەماندایێ، رێوییەکە بەڕاستی ئاژەڵێکی سەیر و جوانکیلە بوو، بە بەرچاوی هەموومان گەورە بوو، باوکم دەستی دەخستە نێو دەمی، کەچی گەزەی لێنەدەدا! لەگەڵ منداڵەکان هەر زۆر عەنتیکە بوو، _چونکە ماڵمان هەمیشە پڕی منداڵ بوو، _ بەقەد رەوزەیەک منداڵی لێبوو!!_ ئەو رێوییە ئەویش خۆی کردبووە منداڵ و دەگەڵ ئەوان گەمەو بەزم و رەزمێکی سەیری دەکرد، قەت بۆ رۆژێکیش یەک تاقە منداڵی بە قەپاڵێکیش ئەزییەت نەدا. رێوییەکە هەمیشە زنجیری لە مل بوو، زۆر جار (خەسرۆ) دەیبردە دەرەوە و نێو بازاڕ و دەگەڵ خۆی دەیگێڕا، منیش چەندین جار هەر بە زنجیرەوە دەمبردە دەرەوە، خەڵک چۆن سەگییان دەبردە دەرەوە، ئێمە رێویمان دەبرد.

رێوییەکە چەند جارێک زنجیرەکەی پساند و ڕۆیشت،بەلام دوای ئەوەی کەتنێکی دەکرد دەهاتەوە! جارێکییان بەڕەڵاببوو و چووبووە کۆڵیتی مریشکەکانی (پلکە فاتم) کە جیرانێکمان بوو و تژی وێرێ مریشکییان هەبوو، بە نێو مریشکەکاندا کەوتبوو و چەندێکی خنکاندبوون. جارێکی دیکەش هەروا لە جێیەکی دیکەدا هەمان گۆبەندی نابۆوە! هەر وابزانم ئەو بەزم و رەزمانەی بوون دواتر وایکرد خەسرۆ رێوییەکە زەڕ بکات!

لە ١٩٨٩ دا بزنێکمان هەبوو، تا بڵێی ژیکەلە بوو، هاوینەکەی من و ئەو بزنە ببووینە نزیکترین دۆستی یێکدی! ئەو دەمانەی لە ماڵەوە بووم بەردەوام پێکەوە بووین، هەتا جارێکییان (دکتۆر زیاد) ی برام بە شۆخییەوە وتی : (ئەوەندە دەگەڵ ئەو بزنە دای، ها بزانە ئەو بزنە قسەی کرد!) دەگەڵ ئەو بزنەش بە سەدان جار تا سەری کۆڵانەکە بە پیاسە و بە غاردان دەچووین و دەهاتینەوە، لە نێو باخچەدا لەوسەر بۆ ئەم سەر بەسەراودووی یێکدی رامان دەکرد. دەیان جار گیاو گۆڵ و کەدە داری بەپەلکم بۆ بڵند دەکرد، ئەویش خۆی بەرزدەکردەوە و هەردوو پێیەکانی دادەنایە سەر سینگم و گیاکەی لە نێو دەستی مندا دەخوارد. تا ئێستاش چاوە ئادەمییەکانی ئەو بزنە و پەلک خواردنەکانیم لەبەر چاوە. وەکچۆن ئەوەشم لەبەر چاوە ئامۆزاکەم (عومەر) ئەو کاتەی کووشتییەوە و بەدارێکی لای ساباتەکە لە دەستە چەپی کانییەکەدا هەڵیواسی بۆ ئەوەی کەوڵی بکات، لەوێدا بۆ یەکەمجار بیرم لەوە کردەوە مرۆڤ چەند دڕندەیە، گۆشتی دۆستی خۆی دەخوات، ئەو دۆستەی ئەوەندەی نەمابوو فێرە زمانی من بێت! لەوێوە بە ئامۆزاکەم وت: (گوناه نییە مرۆڤ گۆشتی ئاژەڵەکان بخوات) ئەویش دەیزانی کە دەگەڵ ئەو بزنە برادەر بووین، بۆیە گووتی: ( کوڕم ژیانەکە ئەوهایە، خوا ئاژەڵی دایە تا مرۆڤ بیخوا و پێی بژی)

لێ نەمتوانی گۆشتی ئەو بزنە بخۆم.

* * * * *

 خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە، روانینێکی فراوانترمان دەداتێ لە بابەت پێوەندی ئاژەڵ و مرۆڤدا، یان مرۆڤ و سرووشت بەگشتی،دەگەڵ ئەو حەز و هیوایەی (سادقی هیدایەت) هەیەتی بۆ ئەوەی مرۆڤ لە پێوەندی خۆیدا بە ئاژەڵ بیگاتێ و لەسەر بنەمایێکی دۆستانە و دادوەرانەدا، مرۆڤ پێوەندی خۆی دەگەڵ ئاژەڵدا رێکبخاتەوە.

مرۆڤ تا منداڵە، حەزێکی چاکی هەیە بۆ ئاژەڵ و بۆ دۆستاییەتی و هاوەڵییەتی ئاژەڵاندا،بەڵام کە گەورە دەبێت، واز لەو خولیایە دەهێنێت و شتی دیکە جێگەی ئەو خولیا جوان و حەزانە دەگرێتەوە. من ئەو ماوەیە بە هۆکاری حەزی کچەکەم (نێرڤانا) فێربووم زێتر لە ئاژەڵەکان نزیک ببمەوە، سەرەتا باڵندەی ڤینجس و دواتر ماسی و ئینجا کۆتر و سەگی هاتە سەر و ئێستاش پشیلەیەکی زۆر ژیکەلە! پێکەوە بە خێو بکەین!

ئاژەڵ، بەشێکی سەرەکییە لە کارئەکتەری منداڵیی هەر یەک لە ئێمەدا، بەڵام ئایا ئێستا دوای تەمەنێک چەندێک لە ئێمە ئەو بەشەمان پاراستووە و خۆشەویستی  ئاژەڵمان دە دڵدا ماوە؟

من بۆخۆم ئەگەر نێرڤانا نەبووایە، رەنگە ئاژەڵێک مەگەر بە رێکەوت، ئەگەر نا نەدەکرا بە هەڵبژاردنی من پێی بە ماڵەکەی مندا بکردبایە! وەلێ نێرڤانا قەپاخی ژەنگگرتووی بەسەر ئەو حەزەی مندا هەڵدایەوە و وای لێکردم ئێستا ئاژەڵەکانی ئەو بە هی خۆمیشی بزانم! واتە ئی ئێمەن. بەشێکن لەو ماڵەی ئێمە و جوانتری دەکەن.

گرینگە هەر کەسێک، ئەو حەزە لە دڵیدا شین بکاتەوە کە بە منداڵی بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و هاوەڵیکردن دەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەیبووە، بە تایبەتیش ئێستاکە، کە خەریکە قەیرانی نەمانی ژیانی مەعنەوی و رەمزی وامان لێبکات. بە تەواوی سەرگەرمی ژیانێک بین کە هیچ پێوەندی بە هەستی مرۆڤانەوە نەبێت بەرامبەر بە سرووشت و ئاژەڵ و دواتریش مرۆڤەکان!

 

 

 

 

 

 

 Copyright (2008) Roshenbiry.com