ئه‌و كارئهكتهرهی له ده‌ستم هه‌ڵات
كارزان ڕه‌حمان
تازه وه‌ئاگا هاتبووه‌وه. به مست، تووند ده‌یكێشا به دیواردا. گوتی: ئێره كۆتایییه. له‌گه‌ڵ گوتنی ئه‌م قسه‌یه‌دا، هه‌ستی به برسیه‌تی كرد. ده‌ستی به زگی خۆیدا هێنا و قاییشی پانتۆڵه‌كه‌ی كه‌وته نێو له‌پی ده‌ستی... سه‌ری بۆ بنمیچی ژووره‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه.
ئه‌و ده‌ستگیركرا، به‌ڵام گیرانی له كاتێكدا بوو، كه خۆی كوشت. له‌گه‌ڵ خۆكوشتنی ئه‌ودا، یاسایه‌ك له وڵات ده‌رچوو: هه‌ر كه‌سێك تاوانی ئه‌نجام دابێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مردووش بێ، پێویسته سزا بدرێ. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو، كه ئه‌م یاسایه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێ كرا.
(ئه‌و بێ دادگاییكردن خرایه به‌ندیخانه‌وه) پۆلیسێك وای به زیندانییه‌كانی دی گوت. ئیتر ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر گیراوێكی تر، جێی بۆ دیار كرا.
له‌سه‌ر جێی خۆی ڕاكشابوو؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌وی لێ كه‌وتبێ...
دوو زیندانیی هاوقاوشی، به چپه‌وه قسه‌یان ده‌كرد:
یه‌كه‌م: ئه‌و به‌خته‌وه‌ر نه‌بووه، وا نییه؟
دووه‌م: به‌خته‌وه‌ری بوونی نییه، ته‌نیا وشه‌یه.
وه‌ك هه‌ر زیندانیكراوێكی تر، خواردنیان بۆ (ئه‌و)یش هێنا. ئیدی ئه‌و زیندانی بوو، نه‌ك مردوو. خزم و كه‌س و هاوڕێیانی هاتنه كنی، به‌ڵام، نه جلی ڕه‌شیان پۆشیبوو، نه كردیان به شین و گریان. ئه‌و ته‌نیا ده‌ستگیركراوه و هیچی تر؛ ده‌بوو هه‌موانیش بڕوا به‌وه بكه‌ن كه ئه‌و زیندانییه.
برا بچووكه‌كه‌ی به دایكی گوت: ده‌زانم زوو یان دره‌نگ، ئه‌و ئازاد ده‌كرێ، كه ئازادیشان كرد پێی ده‌ڵێم: بۆ كه هاتینه كنت، خه‌وت خستبووه چاوه‌كانته‌وه؟!
كه ده‌نگی منداڵه‌كه‌یان بیست، سێ زیندانیكراوی دی، به چپه‌وه قسه‌یان كرد:
یه‌كه‌م: مرۆڤ ته‌نیا له مردن‌دا ئازاده.
دووه‌م: به تایبه‌ت ئه‌م مردووه.
سێیه‌م: بۆنیشی له بۆنی مه خۆشتره.
یه‌كه‌م: سێیه‌م ڕاست ده‌كا.
له مێژووی ئه‌م وڵاته‌دا، ئه‌و ته‌نیا كه‌سێك بوو، كه به هۆی تاوانی خۆكوژییه‌وه ده‌ستگیر بكرێ؛ چونكه ته‌نیا خۆی كوشتبوو.
