یه‌كگرتوویی
ئیتالۆ كالوینۆ
له فارسییه‌وه: عه‌زیز مه‌حموودپوور
ڕاوه‌ستام هه‌تا چاویان لێبكه‌م.
شه‌و بوو و ئه‌وان خه‌ریكبوون له‌م شه‌قامه چۆڵگهیهی ئه‌م سووچه‌ی شاردا، درگای ئاسنی دووكانێكیان ده‌بڕی.
درگایه‌كی قایم بوو: ئه‌وان به مهڵغهیهكی ئاسن تێی ڕۆهاتبوون، كه‌چی درگا پته‌و و قایم له جێی خۆی وه‌ستابوو و چورته‌ی نه‌ده‌كرد.
من كه له‌و ده‌وروبه‌ره ده‌خولامه‌وه و نه‌شمده‌ویست بچمه جێیه‌كی تایبه‌ت، ڕاوه‌ستام و سه‌ری مهڵغهكهم گرت هه‌تا یاریده‌یان بده‌م. هێندێكیان خۆ وێكهێناوه و جێی منیشیان كرده‌وه.
دیتم هه‌موو پێكه‌وه قهوهی ناده‌ینێ. كوتم: "ئه‌رێ ... ببوورن!" دانه‌یه‌كیان كه له لای ڕاسته‌وه بوو، سیخورمه‌یه‌كی له زگم كوتا و به سرته و به هه‌ڕه‌شه‌وه كوتی: "وست! گه‌مژه! ده‌ته‌وێ دنیامان لێ تێبگه‌یه‌نی؟"
من سه‌رم به نیشانه‌ی عوزرمایی راوه‌شاند: "ببوورن! خه‌تای خۆم نه‌بوو له زارم ده‌رپه‌ڕی." هێندێكی پێچوو و ئێمه ته‌واو شه‌ڵاڵی ئاره‌ق بووین؛ به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بوو توانیمان درگا كهشهوییه ئاسنه‌كه له ڕێسمه به‌رین و هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ڵده‌ینه‌وه كه نه‌فه‌رێك بتوانێ به بنیدا بڕوات. به دڵخۆشییه‌وه لێكمان ڕوانی. پاشان چووینه دووكانه‌كه‌وه. تووره‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌یان دا ده‌ست من. له دووكانڕا شتوومهكیان دێنا و ده‌یانكرده توورهكهكهوه. ده‌یانكوت: "زووبن هه‌تا ئه‌و پۆلیسه زۆڵانه نه‌یانزانیوه."
من كوتم: "هه‌ر وایه! به ڕاستی زۆڵی بنی زۆڵن!" یه‌كیان كوتی: "وست به!"
هه‌ر جارناجارێ یه‌كیان ده‌یپرسی: "خشپه‌ی پێ نایه؟" و من به وردی گوێم هه‌ڵده‌خست و به هێندێك دڵه‌ڕاوكێوه ده‌مكوت: "نا! ئه‌وان نین!"
یه‌كی دیكه‌یان كوتی: "ئه‌و مهلعوونانه ڕاست له وه‌ختی كاره‌كه‌دا ته‌پ ده‌ده‌نه سه‌رت."
سه‌رم ڕاوه‌شاند و كوتم: "بیانكوژن، ته‌واویان بکوژن، من كه ڕام وایه." به منیان كوت بچمه ده‌رێ و چاوێك به وڵات‌دا بخشێنم. كوتیان تا سه‌رپێچی شه‌قام بچم و بزانم كه‌سێك دێ یان نا. چووم.
له ده‌رێ له سه‌رپێچی شه‌قام، چه‌ن كه‌سێك خۆیان له‌بن دیوار و ده‌ركه‌ی دووكان شاردبۆوه و به پێدزه به‌ره‌و لای من ده‌هاتن. خۆم ڕه‌گه‌ڵ خستن.
یه‌كیان له ته‌نیشت منه‌وه بوو كوتی: "ده‌نگه ده‌نگه‌كه له خواره‌وه له نزیك ئه‌و دووكانهڕا دێ."
مله قوتهیهكم كرد. یه‌كیان به سرته و به تووڕه‌ییه‌وه كوتی: "سه‌رت بكێشه‌وه گه‌مژه! به ته‌مای بتبینن و دیسانیش هه‌ڵێن؟"
من كوتم: "ته‌نیا ویستم چاوێك به وڵات‌دا بخشێنم." پاشان خۆم به دیواره‌وه مه‌ڵاس دا.
یه‌كیان كوتی: "بێت و بتوانین به بێ ئه‌وه‌ی پێمان بزانن ده‌ور لێده‌ین، به داویانه‌وه ده‌که‌ین و ده‌یانگرین. زۆر نین." به پێدزه و له حاڵه‌تێكدا هه‌ناسه‌مان له سینگماندا پۆنگی خواردبۆوه ده‌چووینه پێش. جارناجارێ به چاومان كه له تاریكی‌دا زیته‌یان ده‌هات ئیشارهیهكمان له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌گۆڕییه‌وه.
من كوتم: "ئه‌وجار ئیدی ناتوانن هه‌ڵێن."
یه‌كێك كوتی: "ئاخری راست له وه‌ختی خۆیدا وه‌گیرمان که‌وتن."
من كوتم: "ئیدی ئه‌وجار وه‌ختی خۆی بوو."
یه‌كی دیكه كوتی: "بیژووی چه‌په‌ڵانه! ئه ئاوا ڕۆدێنه دووكان و كه‌لوپه‌لی خه‌ڵكی." من به توڕه‌ییه‌وه دووپاتم كرده‌وه: "هه‌ی زۆلی بنی زۆڵانه! زۆڵی بنی زۆڵانه!"
منیان نارده پێشه‌وه هه‌تا وڵات به‌تاقی كه‌مه‌وه. پاش تاوێك من له دووكاندا بووم. دانه‌یه‌كیان له حاڵێكدا تووره‌كه‌یه‌كی له‌سه‌ر شان ئه‌مباره‌وبار ده‌كرد كوتی: "ئه‌وجار ئیدی ده‌ستیان پێمان ڕاناگا!" یه‌كێکی دیكه‌یان كوتی: "زووكه‌ن! ده‌بێ له ده‌ركه‌ی پشته‌وه‌ڕا هه‌ڵێین؛ ئاوا ڕاست له‌بن ده‌ستیانه‌وه ده‌رده‌چین."
بزه‌ی سه‌ركه‌وتن نیشتبووه سه‌ر لێوی هه‌موومان.
من كوتم: "ئاوا چاكیان له تهنگهگران دێ." پاشان هه‌موو ڕوومان له پشته‌وه‌ی دووكان كرد. یه‌كیان كوتی: "ئه‌وجاریش ئه‌و گه‌مژانه‌مان فریو دا." به‌ڵام ڕاست له‌و حه‌له‌دا كه‌سێك كوتی: "ڕاوه‌ستن! کێ له‌وێیه؟" چراكان هه‌ڵبوون. ئێمه خۆمان دانه‌واند و له پشت كومێدی دووكان خۆمان شارده‌وه؛ هه‌موو ڕه‌نگمان سپی هه‌ڵگه‌ڕابوو و توند ده‌ستی یه‌كترمان گرتبوو. ئه‌و تاقمه‌ی دیکه هه‌تا پشت دووكانه‌كه هاتن به‌ڵام ئێمه‌یان نه‌دی و گه‌ڕانه‌وه. ده‌رپه‌ڕینه ده‌رێ و وه‌ك سه‌گی زیانی خورۆ ده‌ستمان كرد به هه‌ڵاتن. نهڕاندمان: "ته‌واو بوو، كڵاومان كردنه سه‌ر." من یه‌ك دوو جارم سه‌ره‌نگرێ دا و وه‌پاش كه‌وتم. پاش ماوه‌یه‌ك دیتم له‌گه‌ڵ ئه‌و تاقمه‌ی دیکه خه‌ریكه ڕه‌پێی ئه‌وانه‌ی دی ده‌كه‌وم. که‌سێک كوتی: "ها هه‌ڵێ! زووكه زوو! زۆری نه‌ماوه بیانگرین." هه‌موومان له درێژه‌ی شه‌قامی باریك باریكدا هه‌ڵمان ده‌بڕین و به دوایاندا هه‌ڵده‌هاتین. که‌سێک ده‌ینه‌ڕاند: "لێره‌وه!" یه‌كی دی دهیكوت: "پێشاوپڕیان بده‌نه‌وه." ئه‌و تاقمه‌ی دیکه هێندێك پێشتر له ئێمه‌وه هه‌ڵده‌هاتن و ئێستا له پێش چاومان بوون. یه‌ك به‌خۆم نه‌ڕاندم: "هاده‌ی زووكه‌ن لاق هه‌ڵێننه‌وه! زۆری نه‌ماوه! ئه‌و جار ناتوانن هه‌ڵێن."
توانیم خۆ بگه‌یه‌نمه دانه‌یه‌كیان. كوتی: "حه‌ك ئافه‌ریم! چاكت خۆ ده‌رباز كرد! هه‌ڵێ وه‌ره لێره‌وه با خۆیان لێ ون كه‌ین." و من له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵده‌هاتم. پاش تاوێك، خۆم به ته‌نیایی له كۆڵانێكدا دیته‌وه. كه‌سێك له‌و سه‌ری كۆڵان ده‌ركه‌وت و هه‌روا كه هه‌ڵده‌هات نه‌ڕاندی: "ده‌ی زووكه! لێره‌وه! دیمن، له‌وانه‌یه زۆر دوور نهكهوتبێتنهوه." من هێندێك به دووی ئه‌ویشدا هه‌ڵاتم.
پاشان ڕاوه‌ستام، شه‌ڵاڵی ئاره‌ق ببووم. كه‌س نه‌مابوو. ده‌نگی نه‌ڕه‌نه‌ڕ نه‌ده‌هات.
ده‌ستم خسته گیرفانم و به هێمنی وه‌ڕێ كه‌وتم؛ به تاقی ته‌نێ؛ جێیه‌كی تایبه‌تیشم نه‌بوو بچم.
سه‌رچاوه: شاه گوش می‌كند؛ انتشارات مروارید. مترجم: فرزاد همتی، محمد رچا فرزاد؛ چاپ اول 1382
