ئه‌زموونی بێماڵی و شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاری
له باره‌ی كتێبی "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ"ی رابه‌ر فاریقهوه
هه‌ندرێن- سوێد
"ژووره‌كه‌م،
ئێستا هیچی له بیر نه‌ماوه
جگه له قاپه‌كانی سه‌ر مه‌غسه‌ل و
ته‌نافه قه‌مبووره‌كه،
ئێستا هیچی له بیر نه‌ماوه
ته‌شتی جله نهشۆردراوهكانی خۆی نه‌بێ.
ژیان به بێ ئه‌م ژووره، بێ خانووه..." (مه‌چكۆ ده‌به‌م بۆ قاوه‌خانه‌ی ئافره‌تان، لا131 و 132)
ده‌روازه:
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، كتێبێكی شیعری؛ "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ"، هاوپێچکراو له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کی ئه‌لکترۆنیم به ده‌ست گه‌یشتن. نووسه‌ری كتێبه‌که رابه‌ر فاریق بوو. له‌و نامه‌یه‌دا شاعیر له من ده‌خوازێ، تێگه‌یشتنی خۆم له مه‌ڕ ئه‌زموونی ئه‌و "ژیان"ه، كتێبه‌ی وی، بنووسم، که هێشتا به‌ده‌م "گه‌ڕان"، پرۆسه‌ی بووناندن، یان به کرێگرتنی "ماڵ"ه‌که‌یه‌تی. لێره‌دا گرفته‌که ئه‌وه‌یه: به گشتی نه ئه‌و چێژه سروشتییه له ده‌قێکی شیعری [و بگره تیۆرییش] له‌سه‌ر شاشه‌ی کۆمپیوته‌ره‌وه وه‌رده‌گرم، نه چاوه‌کانیشم بۆ ئه‌و گفتوگۆیه بێده‌نگه‌ی که ده‌خوازێ له نێوان خۆم و ئه‌و جۆره ده‌قانه‌دا رووبدات، له بارن. بۆیه، زۆرجار که هاوڕێیه‌کی نووسه‌ر، یان هه‌ر نووسه‌رێکی تر، که ده‌قه‌کانیان بۆ من ده‌نێرن، تووشی نیگه‌رانی ده‌بم. به کورتی: بۆ من ئاسان نییه له‌سه‌ر شاشه‌ی کۆمپیوته‌ره‌وه، له سرووتێکی روحی و جه‌سته‌ییدا، تێکه‌ڵاوی ده‌قێکی شیعری، یان هه‌ر ده‌قێکی تری هیدڵیی بم. خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی شیعریی، به تایبه‌ت بۆ كتێبێك، که نووسه‌ره‌که‌ی، یان ره‌هه‌ندێکی ده‌قه‌که‌ی هانم ده‌دا راشکاوانه تێگه‌یشتنی خۆمی له باره‌یه‌وه بنووسم، گه‌ره‌که له نزیکه‌وه هه‌ست به تام و بۆن، نهێنییه ناوه‌کییه‌کانی ئه‌و ته‌رزه ده‌قه بکه‌م. گرفتی خوێندنه‌وه له‌سه‌ر شاشه‌ی کۆمپیوته‌ردا، بریتییه له خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیجیتالی. مرۆ به‌و ته‌رزه خوێندنه‌وه‌یه، نه‌ک هه‌ر ناتوانێ رۆبچێته نێو راڕه‌وه‌کانی جه‌سته‌ی ده‌قه‌وه، به‌ڵکوو مه‌رجه ته‌کنیکییه‌کانیش، پانتایيی شاشه، دوگمه‌کان، رووناکی و... تاد، چاوه‌کانی جڵه‌و ده‌که‌ن. بۆیه ئاستی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه -به گشتی- رووکه‌ش، یان تێپه‌ڕه. که‌واته: له کن من، هێ له‌و نزیکایه‌تییه‌ی نێوان من و ده‌ق، ئه‌و خوێندنه‌وه چاوه‌ڕوانکراوه به‌رجه‌سته نابێ.
له ئاکامی ئه‌وه‌دا، بۆئه‌وه‌ی له نزیکه‌وه بچمه نێو جیهانی ئه‌و "ژیان"ه‌وه، که سۆراغی "ماڵـ"ـێک ده‌کا، ناچار بووم چه‌ند ده‌قێک له شیعره‌كانی ئه‌و كتێبه، بخه‌مه سه‌ر کاغه‌زه‌وه. ئه‌وه‌ی له راڕه‌وی زمانی ئه‌و چهندشیعره کۆپیکراوانهی سه‌ر کاغه‌ز، سرنجیان کێشکردم، شێوازی هونه‌ريی زۆر نوێ: تایبه‌تمه‌ندیی زمانیی، شێوازی داڕشتن، وێنه، ئاواز، بابه‌ت و... تاد ئه‌و شیعرانه نه‌بوون، به‌ڵکوو ره‌هه‌ندی ئه‌و بێماڵیی؛ نیهیلیستیی؛ بێباکیی؛ تهنیایيی ناوه‌کی؛ بێبنهماییهكانی خاکی ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه بوون. ئه‌و ره‌وشه نیهیلیستیی، روحه بێماڵییهی ئاماژه‌م بۆ کرد، ئه‌مڕۆ وه‌ک دۆخێکی باڵاده‌ست، روحی ئه‌و نه‌وه گه‌نجه و جڤاکی ئه‌مڕۆی کوردستانی سیخناخ کردووه.
ئه‌و پارچه شیعره‌ی کردمان به ده‌ستپێکی رێی سه‌فه‌ره‌که‌مان- به‌ره‌و ناسینی جیهانی ئه‌و شوێنپێیانه‌ی، که ئه‌زموونی ئه‌و "ژیان"ه له گه‌ڕان به دوای "ماڵ"ه‌که‌یدا ئاپۆره‌یان ده‌کا، کرۆکی ئه‌زموون، چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه بێمالی و روحه نيهيلیستییه ناوه‌کییه‌ی رابه‌ر فاریق و کۆی ئه‌و مرۆڤه روح سه‌هه‌نده، بێڕهچهڵهک و پشت له ئاکاری چاکهکردووهی جڤاکی کوردی، راده‌گه‌یه‌نێ. لێره‌وه، ئه‌و کۆشیعره له ئاستێکی ئۆنتۆلۆژیی (بوونناسیـ)ـیه‌وه سرنجمی بۆ وێنه‌ی ئه‌و روحه سه‌رگه‌ردان و بێباکه‌ی مرۆی کورد، کێش کرد، که دوای رمانی رژێمی به‌عس و باڵاده‌ستیی ته‌کنیک، له فراژان دایه.
له‌و ناوکۆییه‌وه، جێی خۆیه‌تی ره‌خنه‌ی ئێتيکی ئاراسته‌ی نائاگایی و خه‌مساردیی ره‌خنه‌ی کوردی و به‌شی زانسته مرۆییه‌کان، به تایبه‌تیش: به‌شی ئه‌ده‌ب و زمان و کۆمه‌ڵناسیی زانستگاکانی کوردستان بکه‌م... ئه‌وه ئه‌رکی پرۆگرامه‌کانی خوێندنی ئه‌و به‌شانه و خوێندکارانهیهتی، كة له رێی ئه‌زموونی ده‌قه ئهدهبیيهکانهوه، خوێندنه‌وه‌ی فره‌ره‌هه‌ند بۆ ئه‌و دۆخه بێماڵی و باڵاده‌سته نیهیلیستییه پیشکێش بکه‌ن، که ئه‌مڕۆ به‌رۆکی ئه‌و نه‌وه گه‌نجه و مرۆی کوردیی گرتووه‌ته‌وه.
له‌و دیده‌وه، پرسیار ئه‌وه‌یه: گه‌لۆ، ده‌کرێ ئه‌و کتێبه، ئه‌زموونی ئه‌و "ژیان"ه بێماڵهی رابه‌ر فاریق، دابڕاو له‌و دۆخه هاوبه‌شه‌ی بوونی کورد، بخوێنینه‌وه؟ ئاخۆ کرده‌ی شیعرنووسين، گه‌وهه‌ری بوونی زمانێک- بوونی کوردییه، یان ته‌نیا کرده‌ی بوونی تاکێکی گۆشه‌گیره، له‌و کۆ-بوونه‌ی که له زمانه‌که‌یدا، ئاماده‌یه؟
به ده‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه‌وه، شه‌پۆلگه‌لێک له‌و تهرزهپرسیار و گومانانه، له نێو زه‌ینمدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت، به‌های ده‌قێکی ئه‌ده‌بی- شیعری له‌وه‌دایه، که هانمان ده‌دا له رێی هه‌ڵکۆڵینه‌وه، به ده‌ڤه‌ره داپۆشراوه‌کانی ده‌روونی زمان بگه‌ین، تا له‌وێدا ئه‌زموونه نادیار و نه‌گوتراوه‌کانی ژیانمان بدۆزینه‌وه و ئاوه‌ڵای بکه‌ینه‌وه.
له‌و دیده‌وه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و راڤه‌کارییه، خوێندنه‌وه‌ی من بۆ پرسی ئه‌و ره‌هه‌نده بێماڵی و نیهیلیستییه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که له ده‌روونی ئه‌و کتێبه‌دا، له زاووزێدایه. بۆیه ئامانجی ئه‌و نووسینه، رێکردنه به‌ره‌و ئه‌و بنه‌ما و ره‌هه‌نده بێماڵی و دۆخه نیهیلیزمییهی، که له راڕه‌وه‌کانی جیهانی ئه‌و كتێبه‌دا، له جمه و فراژاندایه. که‌واته: په‌رۆشی ره‌هه‌نده شیعری و جوانناسییه‌کانی ئه‌و کتێبه، ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ئه‌م نووسینه نییه، چونکه ئه‌وه‌ی زمانی منی به گۆ هێنا، سه‌ره‌تاتکێی ئه‌و خه‌می بێـماڵی، گمه‌ی ئه‌و روحه نيهیلیستییه بوو، كه له شیعره‌كانی نێو ئه‌و کتێبه‌دا، هه‌ن. له کن من، به‌های خاکی ده‌قێکی ئه‌ده‌بی -به گشتی و ده‌قێکی شیعرییش به تایبه‌تی- له‌وه‌دایه، که هه‌ڵگری رۆشناییيهک، تۆوێکی هزریی بێ. لێره‌وه، به‌های ئه‌و کتێبه ئه‌وه بوو، که به‌ره‌و سه‌فه‌ری ئه‌و خاکه هزرییه خاوه، بانگهێشتی کردم.
ئه‌م نووسینه، به هۆی گرفتی کات؛ مه‌رجی ئه‌و "ژیان"هی، که به دوای ئه‌رکه داسه‌پێنراوه‌کانی بێماڵییه‌وه سه‌رقاڵه، بواری نییه به مه‌یلی خۆی، به رامانی فره‌ده‌نگییه‌وه، ئه‌و کرده‌ی هه‌ڵکۆڵینه فرهئاقاره، ناوکۆییی (کۆنتێکست)ه کوردییه، بخوێنێته‌وه، که ئه‌زموونی "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ" هه‌ڵگر، یان ئاوێنهیهتی. بۆیه، کاتێک ئه‌م نووسینه راڤه‌کانی له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی "بێماڵی"، به کرده‌ی "به‌رهه‌ڵستکاری" ده‌به‌ستێته‌وه، مانای فه‌رامۆشکردنی ره‌هه‌ندی زمان و جوانناسیی له‌و کتێبه‌دا نییه، به‌ڵکوو خودی ره‌هه‌ندی بیرلێکراوه، جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌که له دیوه جوانناسیییهکانی تری زمانی ئه‌و کتێبه.
به‌مجۆره، ئه‌م نووسینه به ده‌م رێکردنه‌وه، هه‌وڵده‌دا شوێنپێکانی دیمه‌نی شارێکی شه‌كه‌ت، کۆڵانی تاریک، روخساری راماو، پێشهات، روحی جڤاکێکی گه‌مارۆدراو- به ژیانێکی نیهیلیستی و... تاد، بچنێته‌وه، که ئه‌و "ژیان"ه به ده‌م ڕێوه، به‌ره‌و "ماڵـ"ـه‌که‌ی، له دوای خۆیه‌وه دیمه‌نه ناوه‌کییه دڕدۆنگهکانی ئاپۆڕه ده‌کا. به کورتی، ورووژاندن و به گۆهێنانی ئه‌و ره‌هه‌نده "بێماڵی" و "بهرههڵستکاریـ"ـيه، په‌رۆشی سه‌ره‌کیی ئه‌م نووسینه‌یه.
ئه‌گه‌ر نووسین وه‌ک پرۆسه‌ی بوون، سه‌فه‌رێکی هه‌میشه به ده‌م ڕێوه بێ، ده‌کرێ ئه‌و نووسینه‌ش وه‌ک شوێنپێیه‌ک له‌و پرۆسه‌ی بووناندنهوهی دیمه‌نگه‌لێک، له شوێنپێکانی سه‌فه‌ره‌کانی ئه‌و کتێبه، بخوێندرێته‌وه. به واتایه‌کی تر: وه‌کچۆن سه‌فه‌ری "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ" شوێنپێگهلێک له ئه‌زموونه‌کانی ژیانی و دۆخه‌که‌ی له دوای خۆیه‌وه، بۆ خوێنه‌ر ئاپۆره و نمایش ده‌کا، به هه‌مان شێوه: ئه‌م نووسینه‌ش له پرۆسه‌که‌یدا به‌ره‌و بووناندنی زمان، ته‌رزه شوێنپێگهلێکی تر له پرسی "بێماڵی"، "نیهیلیزم" و "شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاری"، له دوای خۆیه‌وه به جێ ده‌هێڵێ.
به دیوێکی تریشه‌وه: له کن من، ئاخاوتن له ده‌قێکی ئه‌ده‌بی، هێنده‌ی مه‌یلی دۆزینه‌وه‌ی خاكێکه بۆ دۆستایه‌تیی نێوان هزر و ئه‌ده‌ب، ئه‌وه‌نده ئاخاوتن نییه له مه‌ڕ کۆی جیهانی ئه‌و ده‌قه شیعرییه و په‌سندانی کۆپله‌یه‌ک له‌وێ، وێنه‌یه‌کی شیعری لێره و جوانیی زمان، یان سه‌رکۆنه‌کردنی هه‌ڵه‌ی رێزمانی و... تاد. لێ هاوکات، ئه‌وه ده‌سته‌ڵاتی ئاوازی زمان و جوانناسیی شیعرییه، که به زایه‌ڵه‌ی هه‌مه‌ره‌نگی ئاواز و ماناکانیه‌وه، خاکی ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی نێوان شیعر و هزر ده‌ئافرێنێ و ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه.
به هه‌مه‌حاڵ، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی نووسین، وه‌ک پرۆسه‌ی بوون، سه‌فه‌رێکی هه‌میشه به ده‌م ڕێوه بێ، ده‌کرێ خوێنه‌رانی تر، ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که له‌و کتێبه‌دا فه‌رامۆشم کردوون و مه‌یلیان لێی بێ، به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه، هه‌روه‌ک خوێنه‌ر ده‌توانێ ئاسۆی ناڕۆشن، ساتی خافڵان، تشته نه‌گوتراوه‌کانی خودی ئه‌و نووسینه‌ی منیش هه‌ڵسه‌نگێنێته‌وه و به‌ره‌و ئاقارێکی تر، ئاراسته‌ی بکا. لێره‌وه، کاری چاکی ئه‌و کتێبه ئه‌وه‌یه، که بوارێکمان بۆ ده‌ڕخسێنێ، تا بتوانین به‌ره‌و سه‌رچاوه و نهێنییه‌کانی ئه‌و بێماڵییهی که له خاکهكهیدا ئاماده‌یه، رۆبچین.
جێی ئاماژه‌یه: ئه‌و دۆخه له بێماڵییهی كه له‌و کتێبه‌دا باڵاده‌سته، ته‌نیا دیارده‌یه‌کی ده‌ڤه‌ریی، یان ئه‌زموونی رابه‌ر فاریق نییه، به‌ڵکوو ئاکامگریهکیشه له‌و دۆخه- بزۆکه، دیجیتاڵییه جیهانگیرییه‌ی، که ئه‌مڕۆ مرۆی له "بێ-شوێن"ی‌دا هه‌راسان کردووه. ئه‌وه به‌خشنده‌ییی شیعره، که ئه‌رکی ده‌ستپێوه‌گرتن به‌و دۆخه و بیرکردنه‌وه له‌و ژیانه بێ-ماڵه‌دا، به یاد ده‌هێنێته‌وه.
دوای ئاماژه‌یه‌کی خێرا به چه‌مکی "بێماڵی" و "جێنشینبوون"، وه‌ک ره‌هه‌ندێک له بیرکردنه‌وه و بوون، پێوه‌ندیی ئه‌و بێماڵی و بێخانووییه به "نیهيلیزم"، له كن مارتین هایدگه‌ر، ئاوڕێک له سه‌رچاوه و پاشخانی ئه‌و دۆخه بێماڵی؛ ده‌ستپێکی ژیانه نیهیلیستی و پرسی به‌رهه‌ڵستکاریی- له ژیانی جڤاکی کوردی‌دا، ده‌ده‌مه‌وه. به‌مجۆره، ئه‌م نووسینه به نێو ئه‌و ره‌هه‌نده بیرلێکراوهکانه رۆده‌چێ، که به ئه‌رکی سه‌ره‌کیی خۆی ده‌زانێ. دواجاریش، ئاکامگیرییه‌ک له کۆرامانێکدا، ده‌بێ به چڕکردنه‌وه‌یه‌ک له کۆی دانووستاندن؛ هه‌ڤپه‌یڤینی نێوان ئه‌م راڤه‌کارییه به ده‌م ڕێوه و شوێنپێکانی ئه‌و "ژیان"هی، که سۆراغی دۆزینه‌وه‌ی "ماڵ"ه‌که‌ی ده‌کا.
باڵاده‌ستيی ته‌کنیک: ته‌نگژه‌ی بێماڵی و نیهیلیزم
لێره‌وه، له پێوه‌ندی به‌و ره‌هه‌ندی "بێماڵی"، "نیهیلیزم"هی، له کتێبه‌كه‌ی رابه‌ر فاریقدا ئاماده‌ییی هه‌یه، روانگه فێنۆمێنۆلۆژییه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی مارتین هایدگه‌ر، له مه‌ڕ پێوه‌ندیی چه‌مکی "بێماڵی" و "ته‌کنیک"، بایه‌خی خۆی هه‌یه. هایدگه‌ر له کتێبی "گه‌وهه‌ری ته‌کنیک و تێزه‌کانی تر"دا (1)، باس له گه‌وهه‌ری ته‌کنیک و نزیکایه‌تیی نێوان چه‌مکی "”tiko، واتا "خانووسازکردن" و "techne"، واتا "ته‌کنیک"ده‌کا، که هه‌ردوو چه‌مک له زمانی گرێکیی کۆن؛ هزری گرێکیدا، نمایشکردن، یان "ره‌خساندنی- ئاماده‌بوون" ده‌گه‌یه‌نن، نه‌ک به واتای چێکردن و به‌و مهکینهبوونهی له‌و سه‌رده‌مه باڵاده‌سته‌ی ته‌کنیکدا، له ئارا دایه. له کن هایده‌گه‌ر، ئه‌و دوو چه‌مکه پێوه‌ندییان به بیرکردنه‌وه له ئامێره ته‌کنۆلۆژییه‌کانه‌وه نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست له گه‌وهه‌ری خانووچێکردن، "مه‌یسه‌رکردنی ژیان، بوونه"، به ئاماده‌کردنی شوێن و سازکردنی ده‌ڤه‌رێک بۆ نیشته‌جێبوون.
هایدگه‌ر، له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ره‌چه‌ڵه‌کی "خانووکردن، ژیان، بیرکردنه‌وه"دا، باس له دۆخێکی واقیعیی سه‌ره‌تای ساڵی په‌نجاکان- دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی ده‌کا، که له‌وێدا ئه‌لمانه‌کان به ده‌ست ته‌نگژه‌ی خانوو و بێماڵییه‌وه ده‌یانناڵاند، لێ هایدگه‌ر له روانگه‌ی ته‌کنیک و نیهیلیزمهوه ئه‌و دۆخه‌ی بێماڵییه راڤه ده‌کا. مه‌به‌ستی هایدگه‌ر له‌و راڤه‌کردنه، ئه‌فراندنی فه‌لسه‌فه، یان جوانناسییه‌کی ته‌لارسازی نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه: تا مرۆڤ رووبه‌ڕووی پرسیارگه‌لی له‌م چه‌شنه بکاته‌وه: چۆن له سروشتی نیشته‌جێبوون له ماڵدا، به‌و مانایه‌ی که خانووکردن به‌نده به نیشته‌جێبوونه‌وه، تێبگه‌ین؟ هاوکات: خانووکردن و نیشته‌جێبوون پێکه‌وه، چتۆ رۆڵێک له بیرکردنه‌وه‌دا ده‌بینن؟ ئه‌و ده‌قه‌ی هایدگه‌ر، بریتییه له هزری ئه‌و، له ره‌چه‌ڵه‌کی زمان، که له نووسینه‌کانی دواییی ئه‌ودا، هه‌میشه پاته ده‌بێته‌وه. هایدگه‌ر له‌و ده‌قه‌دا، هزرین له زمان، وه‌ک "خانوو، ماڵی بوون"، مه‌به‌ستی دۆخێکی کۆنکرێتیی تایبه‌ته؛ مه‌به‌ستی ئه‌و بێماڵییهیهی مرۆڤی ئه‌لمانییه، که دوای خه‌راباتی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و رمانی رژێمی هیتله‌ره‌وه، گیرۆده‌ی ببوو. به‌مجۆره، هایدگه‌ر ده‌ڵێ: له ره‌چه‌ڵه‌کدا خانووکردن و نیشته‌جێبوون له زمانی ئه‌لمانیدا، بۆ کرداری "bin"، هه‌بوون: "هه‌بوون" به مانای "بناغه‌دانان، خانووکردن" و "نیشته‌جێبوون"ه؛ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی "مرده‌نی"، ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆیه ده‌بێ سازکردنی خانووه‌کان ره‌گیان له نیشته‌جێبووندا داکوتابێ و خۆیان به یه‌کێتیی ره‌سه‌ن، له زه‌وی و له ئاسمان، خواوه‌ندی و مردهنییدا، گرێ دابێ، که هایدگه‌ر ئه‌وه به چوارگۆشه‌یی (das Geviert) نادێر ده‌کا. به‌مجۆره، نیشته‌جێبوون شێوه‌ی مردهنییه، که پێوه‌سته به‌و چوارگۆشهیهوه، به تایبه‌تیش که به‌ندبێ به "تشت"ه‌وه. (2)
هزرینه زمانییه‌که‌ی هایدگه‌ر له مه‌ڕ ره‌چه‌ڵه‌کی "خانووکردن" و "نیشته‌جێبوون" و "بێماڵی" و "ته‌کنیک"ه‌وه جێی سرنجه، لێ ئه‌م نووسینه بواری له‌وه زیاتری نییه، كه به نێو جیهانی ئه‌و هزرانهوه ڕۆبچێ. به‌و ئومێده‌م له ده‌رفه‌تێکی تردا، به بیانووی بابه‌تێکی له‌و چه‌شنه‌وه، ئاوڕێکی چڕتر له‌و کتێبه‌ی هایدگه‌ر بده‌مه‌وه.
خوێندنه‌وه‌ی هایدگه‌ر له باره‌ی بێماڵییه‌وه، کتومت له‌و ته‌نگژه‌ی "خانوو"، "جێنشینبوون" و" بێماڵیـ"ـیه‌ی مرۆی کورد ده‌چێ، که به بڕوای من، له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی له هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕبردوودا، ڕهگاوژۆیه. به واتایه‌کی ڕۆشنتر: ره‌گی ئه‌و دۆخه نیهیلیستی و ڕوحه بێماڵی و بێباکیییهی ئه‌و زمانه شیعری و ئه‌و بێ بنه‌ماییه‌ی ئه‌مڕۆ جڤاکی کوردیی ته‌نیوه‌ته‌وه، له کێشه‌ی "تههیجیر"، "ته‌عریب" و "ئهنفالـ"ـه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا، که ڕژێمی به‌عسی شۆڤێنی، ئاگایانه پێڕۆی کرد. له‌وه‌ش غه‌مگینتر، ئه‌و دۆخه بێماڵییه، له ژیانی کورد و نووسینی ئه‌و نه‌وه نوێیه‌دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌که له شکستی خه‌ونی ڕاپه‌ڕینی 1991، ئازاره جه‌سته‌یی و ڕوحییه‌کانی شه‌ڕی خۆکوژیی نێوان هه‌ردوو زلحزبی کوردی، دواجاریش مانه‌وه‌ی کورد له دۆخی وابهستهبوونهوهی به عیراق، نه‌گه‌ییشتنی کورد به خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و تلانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی کورد، له ژێر سایه‌ی سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵی حزبی کوردی‌دا، که بێ به‌رییه له ئاگابوون و چاره‌سه‌کردنی برینی ئه‌و پاشخانه‌ی "تههیجیر"، ""ته‌عریب" و "ئه‌نفال"، که له ڕوحی کورد تهنهشهی کردووه و ته‌نگژه‌ی ئه‌و "بێ خانوو"یی، کێشه‌ی "جێنیشتهجێبوون" و باڵاده‌ستیی "ته‌کنیک"هی، که ئه‌مڕۆ دوای ڕمانی ڕژێمی به‌عس، جڤاکی کوردیی هه‌راسان کردووه. به‌م جۆره، کۆی ئه‌و پشتێنه سیاسی، ئابووری، جڤاکی و ته‌کنیکییه، ئه‌و دۆخه بێ ماڵی و نیهیلیستییهی له ده‌ستپێکێكی ڕووکه‌شییه‌وه کرد به دۆخێکی بێماڵیی ناوه‌کی، روحێکی سه‌رگه‌ردان، بێ ئینتما. به کورتی، زه‌مینه‌ی بۆ داڕمانی کۆی به‌ها، بێماناییی ماڵ، نیشتمان، ئاکاری چاک، به‌رهه‌مداریی، ژیانێکی به‌خته‌وه‌رانه‌ی هاوبه‌ش و... تاد خۆش کرد. به‌م جۆره، له ژیانی کوردی‌دا، هه‌رچی به‌های جوامێرییه، تووڕ هه‌ڵدرا: هه‌تككردنی ژن بوو به نه‌ریت، گه‌نده‌ڵیی هه‌ر له ئاستی پاره‌وه نه‌مایه‌وه، به‌ڵکوو بوو به نۆرم و ئه‌خلاقێکی باڵاده‌ست، سپڵه‌یی بوو به لێزانی، وه‌ده‌رنانی مرۆڤه به ته‌مه‌نه‌کان بوو به ئاسایی، منداڵ فڕێدان و لێکترازانی خێزان، بوون به دیارده، سه‌ربه‌خۆییی کوردستان، چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ره‌وه‌ریی کورد و... تاد، بوون به گاڵته‌جاڕی و ته‌ڵه‌که‌بازی.
به هه‌رحاڵ، لێره‌دا به‌های ئه‌و هزره‌ی هایدگه‌ر له‌وه‌دایه، كه وێڕای شوێنکاته جیاواز و دوورکهشییهكهی، ده‌توانێ بۆ تێگه‌ییشتن و ڕاڤه‌کردن له پرسیارێک، ته‌نگژه‌یه‌ک، کۆمه‌کمان بکا و له زمانی کوردی‌دا بۆشایییه‌ک ڕۆشن بکاته‌وه.
ژیانێک له بێماڵی: دۆخێک له نیهیلیزمی کوردی
وه‌ك گوتم: کتێبی "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ"، له ئاستێکی ئۆنتۆلۆژیی (بوونناسییـ)ـه‌وه سرنجی منی بۆ وێنه‌ی ئه‌و رِوحه بێ ماڵه‌ی مرۆڤی کورد، کێش کرد، که به رِای من، ئه‌و دۆخه له دوای رِمانی رِژێمی به‌عسه‌وه و باڵاده‌ستیی ته‌کنیک له کوردستاندا، ده‌ست پێ ده‌کا.
هه‌ر له دوای شاڵاوه‌کانی "ئهنفالـ"ـه‌وه، رِیشهکێشکردنی ژیان له دێهاته‌کانی کوردستان، رِادانی گوندنشینه‌کان بۆ ئؤردوگا زۆره‌ملێیه‌کان، گرفتی جێنشینبوون، نه‌بوونی خانوو به کرێگرتن و تێکچووونی دیمه‌ن و واتای ماڵ له شاره‌کانی کوردستاندا، ده‌ستی پێ کرد. به‌م جۆره، به هۆی نه‌بوونی نه‌خشه‌یه‌کی بیرلێکراوة بۆ خانووسازی له شاره‌کانی کوردستاندا، به تایبه‌تیش لة هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و شارۆچکه گرێدراوه‌کانی ئه‌و شاراوانه‌وه، مرۆڤی کورد تووشی ژیانێکی سه‌رگه‌ردان ده‌بێ. وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ته‌نگژه‌ی خانوو و بێ مالێی له کوردستاندا، له ئاستی پراکتیکی، نه‌بوونی خانوو له شارێکی وه‌ک هه‌ولێر، بۆ نیشته‌جێبوون، بۆ سیاسه‌تی "ته‌هجیر"، کۆکردنه‌وه‌ی گوندنیشینه‌کان له ئؤردوگا زۆره‌ملێیه‌کان و دواجاریش شالاوی "ئهنفالـ"ـه‌کان له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه. کوردستان تاڵانکردن، ئاودیوکردنی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان بۆ ئێران و چهتهبازیی له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی حزبی و هاڕینی کورد به شه‌ڕێکی ناوه‌کیی له لایه‌ن پارتی و یه‌کێتی و پاشکۆکانیان و حزبه ئیسلامییه‌کانه‌وه، وه‌ک ئاکامێکی تراژیدیي له رِاپهڕینی به‌هاری 1991دا، جڤاکی کورديی له ناوه‌وه داڕماند. به‌م جۆره، دوای قۆناغێکی ئاڵۆز له‌و هه‌موو داڕمانه سیاسی، ئابووری و ئاخلاقییانهی که رِوویاندا، هیچ ئومێد و به‌هایه‌ک لة كن مرۆی کورد نه‌مایه‌وه. لێ دوای رِماندنی رِژێمی سه‌دام له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتی ئه‌مێریکا و ئینگلیستان و هاتنی لافاوی کاڵاکانی ته‌کنیک و مۆده‌ی به‌رخۆری، بۆ کوردستان، گرفتی بێ خانوويي و شوێنی نیشته‌جێبوونی له ته‌نگژه‌یه‌کی پراکتیکییه‌وه کرد به ته‌نگژه‌یه‌کی مۆراڵی، ته‌ڵه‌که‌بازی، بێ بنه‌مایی؛ خۆفرۆشتن بۆ ده‌ستکه‌وته ماددییه‌کان، بوو به ئاکارگه‌لی رِهوادار و به هه‌ڕمێن؛ به‌رژه‌وه‌نديی تایبه‌ت، جێی بة به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و ئێتیکی نیشتمانی، لةق كرد.
به‌م جۆره، دوای ئاوابوونی رِوحی "به‌ره‌نگاریی"، "نیشتمانیی"، سه‌رگه‌ردانبوونی مرۆڤی کورد به ده‌ست گه‌نده‌ڵیی سیاسیی، ئه‌خلاقیی، کورتبوونه‌وه‌ی ئه‌رکی مرۆی کورد له تێرکردنی خۆیه‌وه، هیچ له‌و به‌ها ئێتیکی، بنه‌ما هاوبه‌شانه له ژیانی کورددا نه‌مانه‌وه. بۆیه رِوحی تاڵانکردن له هه‌موو ئاستێکيدا مرۆی کوردی جڵه‌و کرد. له‌وێوه، گرفتی بێ خانوويي و شوێنی نیشته‌جێبوون، مرۆی کورد له رِیشهکهی خۆی نامۆ ده‌کا. لێره‌وه، مرۆی کورد ده‌بێ به کۆیله‌ی کاڵا ته‌کنییه‌کان. هه‌نووکه ئاکامی ئه‌و شکستانه قۆناغێکی نوێي له ژیانی کورددا ده‌ست پێ کردووه، که من لێره‌دا ئه‌و قۆناغه به دۆخی بێ ماڵیی، بێ ڕهچهڵةكی و نیهیلیستی، ناودێری ده‌که‌م. له‌و ژیانه‌دا ئه‌وه‌ی مرۆی کورد ئاراسته ده‌کا: به‌ها، به‌رپرسیاری، به‌رژه‌وه‌نديی گشتی، متمانه‌ی نێوان هاووڵاتیان و ئایینده‌یه‌کی به‌رهه‌مدار نییه، به‌ڵکوو: تاڵانکردن، خۆویستی، پاره، سێکسبازییهکی نه‌خۆش، سپڵه‌یی و... تاد ية، كة بووة به ئاکار و نۆرمکێکی باڵاده‌ست.
لێره‌وه، ته‌نگژه‌ی خانوو هه‌ر له ئاستێکی پراکتیكیيهوه نه‌مایه‌وه، به‌ڵکوو بوو به ته‌نگژه‌ی بێ ماڵی بوونێکی ناوه‌کی لة كن مرۆی کورد. ئه‌و دۆخه‌ش زه‌مینه‌ی بۆ ده‌ست پێ کردنی ژیانێک له بێ ماڵی، بێ بنه‌مایی، بێهووده‌یی و نه‌مانی پابه‌ندبوون به شوێن، نیشتمان، خۆش کرد.
له‌و دیده‌وه ده‌کرێ "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ"، وه‌ک ئه‌زموونێکی نایابی ئه‌و دۆخه له بێماڵییهی بوونی کورد، یان ئه‌و ره‌هه‌نده نیهیلیستییهی که له روحی به‌شێکی زۆری گه‌نجانی ئاوزه (هاوته‌مه‌ن)ی رابه‌ر فاریقدا ئاماده‌یی هه‌یه، پێناسه بکه‌ین. به‌ڵێ، ئێمه له نێوان په‌یڤگه‌ل، دیمه‌نی خێرا، ده‌ربڕین و ئاوازی ئه‌و کتێبه‌وه وێنه‌ی ئه‌زموونی "ژیانێک -که‌سێکمان له‌به‌ر چاوه که به ده‌م سیگارکێشانهوه، ئه‌زموونه‌کانی ژیانی، سه‌هه‌نده‌یی بوونه‌که‌ی له کۆڵناوه و شه‌قام به شه‌قام، کۆڵان به کۆڵان، شار به شار و ... تاد له‌ناو راڕه‌وه‌کانی زماندا، به واتای ژیل دولۆزیی، به دوای دۆزینه‌وه و راگه‌یاندی "ماڵ-بوون"ه‌که‌یه‌وه رێ ده‌کا:
"ده‌بوایه ئه‌م ژووره بچێته سه‌فه‌ر
به خۆی و كورسیی پادشاكانی
به خۆی و پیاوه وێرانه‌كانی...
چوو، قه‌ت نه‌هاته‌وه به لای ده‌ركی ئه‌م ماڵه‌دا
چوو، قه‌ت نامه‌یه‌كی نه‌نارد بۆ ده‌سته‌خوشكه‌كانی..." (مه‌چكۆ ده‌به‌م بۆ قاوه‌خانه‌ی ئافره‌تان، لا130)
رۆچوون له قووڵاییه‌کانی سه‌فه‌ر و تووناوتوونه‌کانی ژیان تووشی له دۆخێکی بێهووده‌ی ده‌کا. وه‌لێ له هیکڕا ئه‌و بێماڵییه کرده‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکارانه وه‌رده‌گرێ و له خه‌یاڵاندنێکی شیعرییدا نێوانی شاعیر و شێتی، ئاسمان و زه‌وی به‌ناو یه‌کدا وه‌رده‌بن و ئه‌ستێره‌ش گیرفانی شاعیر ده‌کاته "ماڵ"ی خۆی:
"ژیان هیچ نییه هیچ
جگه له خه‌یاڵ و
له سه‌فه‌ر و
له شێتیى.
ده‌مێكه دوا قومى سیگارى ژیانم كێشاوه
كه‌چى باخ سڵاوم لێ ده‌كا،
ئه‌ستێره ده‌ڕژێته گیرفانمه‌وه." (ئه‌مشه‌و ئێواره‌یه ئه‌مشه‌و، لا116 و 117)
لێره‌دا، له به‌رده‌م ئه‌زموونێکی شیعریی، دۆخی شاعیرێکین دوای داگیرسانی جگه‌ره‌که‌ی، ئه‌و ژیانه په‌رته‌وازه، چرکه‌ساته بێهووده، خوده به‌خۆ نامۆبوو، ناخه بێ‌ماڵ، بێبنه‌ما، بێڕهچهڵهکه... نمایش ده‌کا. راستییه‌که‌ی ئه‌و ژیانه هه‌ر ته‌نیا هی ئاخێوه‌رێکی شاعیر نییه، به‌ڵکوو دۆخی جڤاکێک، وه‌چه‌یه‌کی سهرگهردانیشه که له بێده‌نگییه‌کی نائاگا و ناچارکراودا له داخی بێ-ماڵیی، نامۆیی، بێ ئامانجی، بێهووده‌یی، لێکترازاوییدا دابڕاو له یه‌کتر ده‌تلێنه‌وه و به خه‌یاڵی سه‌رهه‌ڵگرتن به‌ره‌و جیهانه دووره‌کانی ئه‌ودیوی ئه‌و ده‌ڤه‌ره گه‌مارۆدراوه به ده‌سه‌ڵاتی سته‌مگه‌ریی و پێڕێکی بازرگانی تاڵانچیی. وێده‌چێ ئه‌و جڤاکه ده‌عه‌جانکراوه بێجگه له خۆ خه‌پاندن له چاوه‌ڕوانی هاتنی فریادڕه‌سێکدا یان ره‌خساندنی رێگایه‌ک بۆ هه‌ڵاتن به‌ره‌و نادیایی، هیچ ویستێکی تێیدا نه‌مابێ. به‌مجۆره، به ده‌م باڵاده‌ستبوونی ئه‌و ژیانه بێماڵیی و دۆخه نیهیلیستییهوه، خه‌ریکه ئاکارگه‌لی چاک ئاوا ده‌بن: به‌رپرسیاریی ده‌بێ به به‌ره‌ڵایی؛ روحی مرۆڤدۆستیی، ده‌بێ به روحی تاڵانکاریی و توندوتیژیی؛ ئه‌وینداریی ده‌بێ به سێکسبازیی؛ هاوڕێیایه‌تی ده‌بێ به به‌رخۆیی و پردی گه‌نده‌ڵی؛ خێزانداریی ده‌بێ به گه‌مه‌یه‌ک بۆ بازرگانی؛ نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌بێ به پاره‌داریی و... تاد. به کورتی، له‌و ژیانه بێماڵیی و دۆخه نیهیلیستییهدا، هیچ بنه‌مایه‌ک بۆ هاوژیانیی ئامانجی هاوبه‌ش؛ ئامانجی به‌رهه‌مداریی و به‌خته‌وه‌ریی پێکڤه‌یی نامهوهتهوه.
ئه‌و شیعره، به شێواز فرههونهرییهکهی، زمانێکی دێکۆمێنتاریی، گێڕانه‌وه‌یی و وێنه‌ی خهیاڵێنراوییهوه، دۆخی ده‌ره‌کی و ناوه‌کیی شوێنکاتێکی دیاریکراو و گرێ‌دراو به شوێنگه‌لی تر و خودی شاعیریشه‌وه، وێنه ده‌کا.
ئه‌زموونی "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ"، هه‌ر ته‌نیا ره‌وشی خودێکی دڕدۆنگی گه‌ڕۆک، که له دۆخێکی بێماڵییدا ده‌ژی، به‌گۆ ناهێنێ، به‌ڵکوو ئاوێنه‌یه‌کیشه له‌و ناوکۆیی، پێوه‌ندییه سۆسیۆ-کولتوورییه کوردی و ژیانه دێجیتاڵییهی، که وه‌ک ره‌هه‌ندێک له‌و دۆخه جیهانیگرییهی هه‌نووکه بوونی کوردی سه‌رگێژ و ده‌عه‌جان کردووه.
ئاکامی ئه‌و بێمالێیه، هه‌ر ته‌نیا گرفتی مرۆڤ تێکچوونی سروشت و سرووتی مرۆڤ نییه، به‌ڵکوو گرفتی باڵنده، سرووتی خواردن، بۆنی ژیان و سیمای تشتهکانیشه. لێره‌وه، ئه‌و پارچه‌شیعره کۆڤانی تێکدانی ماڵ و کوشتی حاجی له‌قله‌قه‌که‌ی سه‌ر "مناره‌ی چۆلی"؛ ئه‌و هێلانه‌ی حاجی له‌قله‌قه‌ی سه‌ر مزگه‌وتی ناوه‌ڕستی شاری هه‌ولێر، که ره‌نگه ریشه‌که‌ی به قه‌د قه‌ڵای هه‌ولێر کۆن بووبێت، که به گولله‌ی شه‌ڕی حزبه کوردییهكانهوه روویدا، له یادمان دهکولێنتهوه:
"تازه‌كی له‌قله‌قه‌كان له‌سه‌ر مناره‌ی كام هێلانه‌ی ژوور،
ده‌نیشنه‌وه؟
تازه‌كی سیمای شار كوا جوانیی تێدا ده‌مێنێ،
به بێ بۆنی یاپراغ؟
چۆن چۆنیی سێ به‌ردی ته‌مگرتوو
نانرێته ده‌ستی خانووهكانمانهوه؟
كێ به منداڵه ورگنهكانمان ده‌ڵێ: فه‌رموون،
بۆ ژووره‌وه؟
ژیان به بێ ژووره‌كه‌م
هیچ نییه،
جگه له وه‌همی ماڵداریی..." (مه‌چكۆ ده‌به‌م بۆ قاوه‌خانه‌ی ئافره‌تان، لا133 و 134)
له پێوه‌ندی به‌و کۆشیعره و ئه‌و ژیانه بێماڵی و دۆخه نههێلیستییهی له جڤاکی کوردییدا له ئارادایه، ده‌کرێ ئه‌و هه‌له به هه‌ند وه‌رگرم و بێژم: ئه‌مڕۆ شیعری کوردی، له نێوان دوو ئاسته‌نگ، یان له دووڕیانێکدا خۆی ده‌بینێته‌وه: بنده‌ستی- وابه‌سته‌یی و به‌رهه‌ڵستکاری.
له باره‌ی ئاسته‌نگی یه‌که‌مه‌وه: شیعری کوردی، وه‌ک چه‌شنه خدووگرتنێک، مه‌حکوومه به دیاردهشیعرییهکانی ئه‌وانیتر، که ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگێکه له ناخی مرۆی کورددا مێژوویه‌کی ره‌گئاژۆی هه‌یه. بۆیه، شیعری کوردی، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا، هه‌رگیز نه‌یتوانیوه ده‌ستپێشخه‌ر بێ له نوێکردنه‌وه‌ی کرده‌ی ناوه‌کیی خۆیدا. شاعیری کورد هه‌میشه ئه‌و دیارده و شێوازه شیعرییانه‌ی له زمانی باڵاده‌سته‌کان، عه‌ره‌بی و فارسییه‌وه قه‌رز کردووه، یان کۆپیی کردوونه‌ته‌وه. بۆیه، هه‌میشه شیعری کوردی به دره‌نگی و کرچ و کاڵییهوه، له ئاستی درهکیدا خۆی نوێ کردووه‌ته‌وه.
مه‌به‌ست له ئاسته‌نگی به‌رهه‌ڵستکاریی، ئه‌و دۆخه هه‌میشه به‌رته‌ک ئامێزه‌یه، که شیعری کوردیی ناچار کردووه تێیدا بژیت. ئه‌و دیارده‌ی به‌رهه‌ڵستکارییه، به‌نده به‌و دۆخه بنده‌ستییه‌وه، که له کۆی مێژووی شیعری کوردی‌دا ئاماده‌ییی هه‌یه. ئه‌و زمانه به‌رهه‌ڵستکارییه‌ی شیعری کوردی، هه‌ر له ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه تا زۆرینه‌ی شاعیرانی هه‌شتاکان، هه‌مان رووکاری هه‌بووه، به‌ڵام له دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 91ه‌وه، ئه‌و دیارده‌ی بهرههڵستاکارییه، -مه‌به‌ستم له کوردستانی باشووره- له دۆخی به‌رهه‌ڵستکاریی دژ به فشاری ده‌ره‌کی، به‌ره‌و به‌رهه‌ڵستکاریی دژ به فشاری ناوه‌کییه‌وه، ده‌گۆڕێ.
له‌و دیده‌وه، ئه‌گه‌ر شاعیری کورد تا 90ه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو به ده‌ست فشار و هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی زمان و تاڵان‌کردنی بوونی کورده‌وه ناچار بووبێ، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌رته‌کی شیعری به رووی ئه‌و هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌کییانه‌وه نواندبێ و کوردبوون جۆره ئاماجێکی شیعریی بووبێ... تاد، ئێستا ئه‌و کرده شیعرییه ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه، یان جیاواز له‌و کرده به‌رهه‌ڵستکارییه‌ی پیش‌تر، وه‌رده‌گرێ. با سرنج له‌و وێنه شیعرییه بده‌ین، که زایه‌ڵه‌ی ناوه‌کیی شاعیرێکی ته‌نیا و دۆشداماو به ده‌ست بێماڵیی و کوردبوون، به گۆ دێنێ. به واتایه‌کی روونتر: شاعیر له دووتوێی ئه‌و چارچهشیعرهوه، که له دۆخه پهرتهوازهکهیدا، "سێبه‌ر"ی له "باڕێکدا" به جێماوه و خۆیشی به دوای به کرێگرتنی ماڵێکه بۆ ژیانه تاکه‌که‌سی و سهههندهییهکهی، هه‌ڵوێستێکی به‌رهه‌ڵستکارانه له هه‌مبه‌ر "وه‌همی کوردبوون"ی کۆ-منێک ڕاده‌گه‌یه‌نێ:
"تارماییی سێبه‌ری ئه‌م پیاوه له باڕێكدا به جێماوه
له ته‌نیشت بێتاقه‌تیی پێكێك هه‌وا و
جووتێك گۆره‌ویی فڕێدراو...
له‌ولاشه‌وه،
كوردبوونی میلله‌ته‌كه‌ی
له وههمێكهوه درێژ ده‌بێته‌وه." (پێڵاوی كات و گمه‌گمی ته‌نیایی، لا98)
ئه‌و گوتنهشیعرییه- بوونه نمایشکراوهی تاکی کورد، دابڕاو نییه له‌و ناوکۆییه جڤاکیی و سیاسییه‌ی که به‌نده به "کوردبوونی ئه‌م میلله‌ته"وه. لێره‌وه ئه‌گه‌ر دوێنێ بوونی تاکێکی کورد به هۆی بنده‌ستی، هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنی ده‌ره‌کییه‌وه هانیدابێ له کۆزماندا به‌رهه‌ڵستکارییه‌ک رابگه‌یه‌نێ، که‌چی ئه‌مڕۆ ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه له شیعری رابه‌ردا که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردییدا روحه بێماڵهکهی بۆته سێبه‌رێک و جه‌سته‌شی له نادیارییدا وێڵبووه، واتای درێژبوونه‌وه‌ی "وه‌همێک" له‌و کۆناسنامه کوردییه راده‌گه‌یه‌نێت. خه‌می رابه‌ر و ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که ئاوه‌زه‌ی ئه‌ون چیتر خۆبه‌خشین نییه راناو، بگۆیهکی کۆ تاکوو مانه‌وه‌ی کوردبوون جه‌ختبکاته‌وه/بکه‌نه‌وه، به‌ڵکوو پرسیاری رابه‌ر و ئاوزهکانی گرفتی ئه‌و بوونه بێماڵیی و دڵه‌ڕاوکێیه‌یه که "وه‌همی کوردبوون" یان "وههم"ی ده‌سته‌ڵاتی کوردی بۆی سازاندووه. ئه‌وه‌تا شاعیر له‌سه‌ر زه‌وی کوردییدا ماڵێکی بۆ ژیان ده‌ست ناکه‌وێ، بۆیه په‌ناو بۆ ئاسمان ده‌با:
"...
قه‌فه‌زێك: هه‌ڵواسراو به ئاسمانه‌وه.
له ژیاندا ژوورێك نییه بۆ كرێ
له‌م ژووره‌دا پیاوێك نییه،
وشه نه‌بێ." (پێڵاوی كات و گمه‌گمی ته‌نیایی، لا99)
به‌مجۆره، ئه‌و دۆخه بێماڵییهی رابه‌ر فاریق، وێڕای ئازاره‌کانی، لێ تژیشه له جوانناسیی بێماڵیی. ئه‌و وێڕای تلانه‌وه و گنگڵدان به ده‌ست ئه‌و بێماڵیی و گه‌ڕانه بێ ئامانه‌ی به دوای ئه‌و "ماڵ"ه پراکتیکیی، خانووه‌ک که ژیان تێیدا بحه‌سێته‌وه و ئه‌و "ماڵ"ه ناوه‌کیی، بوونه‌ی که شوێنی نیشته‌جێبوونێکی له‌و جیهانه‌دا پێ به‌خشێ، که‌چی ئاماده‌شه بوار بۆ شوێنپێی ئه‌ویتر، یان ئه‌زموونی ژیانی ئه‌وانتر، یانیش که‌سی سێیه‌م بڕه‌خسێنێ، که له نێو ئه‌ودا جێ‌نشین بن.
دیاره ئه‌و گۆڕانه‌ی رۆڵی شیعر له ره‌هه‌ندی به‌رهه‌ڵستکاری و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دۆخه بێ بنه‌مایی، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌کی و عه‌ده‌مییه له ژیانی کوردی و زمانی کوردییدا، راڤه‌کردن و ئاخاوتنی فره‌ره‌هه‌ندی گه‌ره‌که.
لێره‌دا گرینگه ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین، که وێڕای گۆڕینی ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه‌ی شیعری کوردیی به دژی فشاری ده‌ره‌کییه‌وه، که‌چی له ئاستی فۆرم و بگره مۆتیڤیشهوه نه‌یتوانیوه له گرفتی وابه‌سته‌ییی، یان ویستی ده‌ره‌کییه‌وه، ئازاد بێ. ئه‌مه‌ش وای کردووه: شیعری کوردیی هه‌میشه له ئاستێکی رووکه‌شدا خۆی نوێ بکاته‌وه و له ئاستێکی ده‌ره‌کی، ئاکاری دروشمییدا، خولیای دۆزینه‌وه‌ی زمانێکی نوێ و ژیانێکی نوێ، ده‌رببڕێ. به واتایه‌کی تر، ئه‌و روانگه و شێواز هونه‌رییانه‌ی که شیعری کوردیی له کاته جیا جیاکان و هه‌نووکه‌شدا ده‌یپۆشێ، له زاده‌ی زمانی ناوه‌کیی شیعریی کوردیی نین، یان ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌یله له ئاستی زمانییدا ئاماده‌ی هه‌بێت، لێ هه‌میشه شه‌رمن و کورتخایه‌ن بووه. بۆیه شاعیری کوردیی هه‌میشه رووی به دوای ژیانێکه که ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی؛ واتا شاعیری کورد، وه‌ک دۆخێک له ئۆنتۆلۆژیا، له‌و ژیانه ناژیێ، که بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کا.
له روانگه‌یه‌وه، شیعری ئه‌مڕۆی کوردیی هه‌ر له دوای راپه‌ڕینی 91ه‌وه تاکوو ئێستا کوشته‌ی خدووگرتنه به زمان، شێواز، وشه‌ئارایی و ئاوازیی شاعیرانی وه‌ک سوهراب سپێهری، فه‌روغ فروخزاد، ئه‌دۆنیس، نزار قه‌بانی و چه‌ند ده‌قی تری بیانی. ئه‌و خدووگرتنهی شیعری کوردی له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه تا هه‌نووکه، نه‌یتوانیوه ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه‌ی "ئه‌ویتر" له زمانی خۆیدا بخه‌مڵێنێ و ناسنامه‌ی تایبه‌تیی خۆی رابگه‌یه‌نێ.
هاوکاتیش گرفتی ئه‌و زمانه شیعرییه وابه‌سته‌ی شێوازێکی ئاسۆیی، حیکاتگۆییه، که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه له ژێر کاریگه‌ریی زمانی شیعریی سۆهراب سپێهریی، به تایبه‌تیش شیعریی "ده‌نگی پێی ئاو"ی ئه‌و و شیعره‌کانی فه‌روغ فرخزادهوه، شیعری کوردیی ته‌نیوه‌ته‌وه. له‌وه‌ش خراپتر، چه‌ند پهسندهرنووس، به‌رتیلخۆر و بهرتیلساز به ناوی ره‌خنه‌گریی کوردییه‌وه، به رێگای نووسینی به راداندراو، به قسه‌گه‌لێکی رۆژنامه‌وانیی و جهڵهبییهوه، که زیاتر به‌رهه‌می هاوپێڕێی و پرۆژه‌ی بازرگانین نه‌ک زاده‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی رۆشنبیریی، خوێنه‌ری به‌وه چه‌واشه‌کردووه، که گوایه چه‌ند ناوێک له شیعری کوردیی. که لاساییکه‌ره‌وه‌یه‌کی بێ هونه‌ریی ئه‌و دوو شاعیره فارسییهن، وه‌ک "ئیدۆل، Idol"، "ئه‌ستێره" جیهانی شیعری نه‌وه‌ده‌کان و ئه‌مڕۆی کوردیین.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر کێشه‌ی مه‌رگی گفتوگۆ، باڵاده‌ستی ئاوه‌زی رههاگریی و دیارده‌ی پێڕبازیی له بواری رۆشنبیریی ئه‌مڕۆ و بێکاتیی له ژیانی مندا نه‌بێت، من ده‌توانم له خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌ڵگه‌دار و مێتودیکدا دێر به دێر و وێنه به وێنه له پێکهاتی شیعری ئه‌و شاعیره "ئیدۆل"انه کۆبکه‌مه‌وه، که سه‌رچاوه‌کانیان له شاعیرانی فارسیی و به تایبه‌تیش "ده‌نگی پێی ئاو"ی سوهراب و فروخزادهوه هه‌ڵقووڵاون. دواجاریش ئه‌وه بسه‌لمێنم، که ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنه و خه‌یاڵ، ئاوازی زمان و ده‌ربڕینانه له شیعری ئه‌و شاعیرانه بچنینه‌وه، ئه‌و "ئیدۆل"انه هیچ جۆره به‌هره و زمانێکی شیعری‌یان له کن نامێنێته‌وه. به کورتی له شاعیرانێکی زۆر ده‌مچه‌فت و سافیلکه بترازێ، هیچی تر نین.
له‌وه‌ش بترازێین، وێڕای هه‌وڵی "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ" بۆ راگه‌یاندنی زمانه ئازاده‌که‌ی، لێ ئه‌و کتێبه‌ش به ده‌م سه‌فه‌ری بووناندنی زمانی خودهکهیهوه، به هۆی ده‌سه‌ڵاتی مه‌یله‌و ره‌های ئه‌و ته‌رزه شیعر و شاعیره به "ئیدۆل"کراوه و قۆرخکردنی زۆرینه‌ی بڵاڤۆک په‌یوه‌ندییه ئه‌ده‌بییه‌کان له لایه‌ن ئه‌وانه و هاوپێڕهکانیانهوه، هێشتا نه‌یتوانیووه له ژێر کاریگه‌ریی شێوه‌ی ده‌ربڕین، وێنه‌ی شیعریی، وشه‌ئارایی و پێکهاته‌ی شیعریی ئه‌و زمانه شیعرییه باڵاده‌سته‌دا سه‌رفراز بێت. بۆ نموونه خودی رابه‌ر فاریق و خوێنه‌ری شیعر ده‌توانن به سه‌رنجدان له نموونه‌ی ئه‌و وێنه و ده‌ربڕینه شیعرییانه‌وه، چه‌ندین هاووێنه ئه‌و دێرانه له شیعری ئه‌مڕۆی کوردییدا بدۆزنه‌وه که راستییه‌که‌ی هه‌موویان له ئاوازی زمانی "ده‌نگی پێی ئاو"ی سوهراب سپێهرییهوه هه‌ڵقووڵاون. با پێکڤه ئه‌و ئه‌و نموونانه بخوێنینه‌وه:
"بۆ خه‌مبارى و نامبه‌یته‌وه
سه‌ر نه‌سه‌بى مشتێك خۆڵى
پڕ له سه‌ما و
لهنجهولارى پڕ له جلیوهى ئێواران." (له‌رینه‌وه‌ی وشه‌كان...، لا32)
یان:
"ئه‌ى تاقانه‌ترین گوناه و
داڵغه‌یه‌ك له به‌ربه‌رییه‌ت..." (تۆ ئافره‌تێكى له په‌راسووى شوعله...، لا109)
یان:
"نازانم!
ژووره‌كه‌م خه‌ڵكی كام گونده؟
نه‌سه‌بی ده‌چێته‌وه سه‌ر تووڕه‌یی كام پیاوی نیشتمان؟" (مه‌چكۆ ده‌به‌م بۆ قاوه‌خانه‌ی ئافره‌تان، لا135)
ئاماژه‌کردن به‌و دێرانه، مانای بێ به‌هاکردنی ئه‌و کتێبه نییه، به‌ڵکوو ئاماژه‌کردنه به‌و ره‌هه‌نده هاودژی- "په‌ره‌دۆکس"انه‌ی، كه ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه ده‌ره‌کی و ناوه‌کییه‌ی شیعری کوردی، تێیدا ده‌ژیێ. هاوکات، ئاماژه‌کردنه به‌و ره‌وته شیعرییه‌ی که ساڵانێکه له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و زمانه شیعرییه‌ی فارسیی، سوهراب و فروغزادهوه هه‌ناسه ده‌کێشێ و کراویشن به "ئیدۆل"ی نه‌وه‌ی رابه‌ر فاریق. وه‌کی تر، ئه‌و کتێبه له سه‌فه‌ره‌که‌یدا هه‌میشه به وێنه‌ی ژیکه‌له و زمانه چڕکراوهکهیهوه، به‌رابه‌ر به خاکه نوێکانی شیعر، شاگه‌شکه‌مان ده‌کا و هانمان ده‌دا هاوسه‌فه‌ری بین. هه‌روه‌ک به دۆزینه‌وه و چڕکردنه‌وه‌ی جیهانه شیعرییه‌که‌ی خۆیه‌وه، زیاتر ده‌نگی خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه.
لێره‌وه، وێڕای ئاماده‌یيی ئه‌و ده‌نگه شیعرییه جیاوازانه‌ی که ئه‌مڕۆ به هۆی په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بوونی خاکێکی ئازادی ره‌خنه‌ییه‌وه بواری بۆ له‌راندنه‌وه‌ی ئه‌زموونه بێدهنگکراوهکانی ناو زمان نییه، بۆیه ده‌کرێ له چڕکردنهوهیهکدا بێژین، ئه‌و ره‌وته شیعرییه هێشتا خودێکی سه‌رفراز و خاوه‌ن ویستی زمانێکی ئاڤانتگاردیستی نییه که بتوانێ دابڕانێک له‌و وابه‌سته‌بوونه به ویستی ئه‌زموونی ده‌وه‌ره‌ی خۆی بسازێنێت. به‌مجۆره ئه‌و زمانه ئاڤانتگاردیسته به گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌چه‌ڵه‌که‌که‌ی، ئه‌زموونی شاعیرانی رابردووی زمانه‌که‌یه‌وه، ئه‌فراندنێک، وه‌رچه‌رخانێک له شیعر ئه‌مڕۆی کوردیی و نه‌ریتی وابه‌سته‌بوونی شاعیری کورد به ویستی ده‌ره‌وه‌ی خۆی رابگه‌یه‌نێت. دیاره شاعیری کورد و زمانه شیعرییه‌که‌ی، قاچێکی له نێو جیهانی نوێخوازییه و قاچێکیشی له نێو جیهانی وابه‌سته‌یی و ژیانی نهریتییدایه. گرفتی ئه‌و زمانه دووانه‌ییه‌ی شاعیری کورد له‌وه‌دایه، که قه‌تیسمانی له نه‌ریته باوه‌کان و ئه‌زموونه رابردووه‌کان به واتای نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته باوانه، ئه‌زموونه شیعرییه‌کانی رابردووی کوردیی نییه، به‌ڵکو به هۆی خدووگرتن و ترسی شاعیری کوردییه به‌و نه‌ریته داسه‌پاوانه‌وه. هه‌روه‌ک دیارده‌ی وه‌رگرتن و گواستنه‌وه‌ی فۆرم و دیارده‌ی نوێخوازیی له زمانه بیانییه‌کانه‌وه له لای شاعیری کورده‌وه وه‌رچه‌رخان، دابڕانێکی گه‌وهه‌ریی، بونیاتیی له خۆی و زمانه شیعرییه‌که‌ی نییه، به‌ڵکو کرده‌یه‌کی شێوه‌یی و رووکه‌شییه. هه‌ر بۆیه نووسه‌ری کوردیی به گشتی هه‌میشه تێکستێک، وته‌یه‌ک له ئه‌زموونه رۆشنبیریی و شیعرییه‌کانی ئه‌وانیتره‌وه ده‌چنێته‌وه نه‌ک ئه‌زموونی ناوکۆکیی، کۆنتێکستی ئه‌زموونه رۆشینبیرییهکانی ئه‌وانیتر. که‌واته ئه‌گه‌ر کرده‌ی وه‌رگرتن و گفتوگۆیهیهک له ئاستی ناوکۆیی نه‌بوو، ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی شاعیر و شیعریی کوردیی ته‌نیا له ئاستی کاتیی و رووکهشییدا قهتیسدهمێنێ.
لێ، بۆرخیس ده‌یگوت: ئه‌وه خودی نووسه‌ره که نووسه‌ر پێشه‌نگه‌کانی پێش خۆی ده‌ئافرێن، تا خۆی به نه‌ریتی زمانه‌که‌ی خۆیه‌وه ببه‌ستێته‌وه. کرده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی شاعیر بۆ نه‌ریته‌کانی پێش خۆی، ئافراندنی پێشه‌نگه‌کانی قه‌تیسمان نییه له ناو نه‌ریتی رابردووی زمانه‌که‌یدا، به‌ڵکوو له پێناو نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته، ئه‌زموونه‌کانی رابردووه، تاکوو بتوانن له دڵی ئێستادا بژین و ئاماده بن. دیاره هه‌ر نووسه‌رێکیش به شێوازه‌که‌ی خۆی نه‌ریتی زمانه‌که‌ی خۆی ده‌ئافرێنێته‌وه. (3)
له‌و دیده‌وه، ئه‌و بێ-ڕه‌چه‌ڵه‌کیی و نه‌بوونی ویسته ناوه‌کییه له شیعری ئه‌مڕۆی کوردییدا وای له شیعری کوردیی کردووه که له ره‌وته‌که‌یدا له بۆشاییه‌کی ناوه‌کییدا ساتمه بکا و له گه‌ڕان به دوای خودهکهیدا سه‌رگه‌ردان رێبکا. چونکه له خاکێکی رفۆک، بێ بنه‌ما و ئامانجدا رێده‌کا. به واتایه‌کی تر، شیعری ئه‌مڕۆ به ده‌گمه‌ن نه‌بێ به‌هره له خاکی یاده‌وه‌ریی زمانه‌که‌ی، جیهانی فۆلکلۆریی کوردیی، داستانه دهڤۆکیی، پێشهاته مێژوویی، ئه‌فسانه و... تاد، وه‌رناگرێت، به‌ڵکو سه‌رقاڵه به به‌هره وه‌رگرتن له ئه‌زموونی زمانی بانده‌سته‌کان و ئه‌و خه‌مه خودییانه‌ی که ئێستا به ده‌ستییه‌وه سه‌رگه‌ردانه. به کورتی، شیعری ئه‌مڕۆ که‌وتۆته داوه‌ی ئه‌و تۆڕه ژیانه بزۆکه دێجیتالییهوه روحی زمان به‌ره‌و دۆخێکی بێ-شوێنیی، بێ-ماڵیی و عهدهمیی ئاراسته ده‌کا.
لێ ئه‌گه‌ر، به واتای هایدگه‌ریی، ئه‌رکی شاعیر دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری زێدهیهکهی بێت، که‌چی شاعیری ئه‌مڕۆی کورد ئه‌رکی ناسینی ئه‌و خوده‌یه که به ده‌ست ویستی ده‌ره‌کییه‌وه له ئاراسته‌یه‌کی سه‌رگه‌رداندا رێده‌کا.
له‌و روانگه‌یه‌وه، ئه‌گه‌ر له رابردوودا شاعیری کوردیی به دوای ره‌چه‌ڵه‌کی زمانه‌که‌یه‌وه په‌رێشان بوو بێت؛ ناسنامه شیعریی و خودییهکهی له سه‌رچاوه‌کانی یاده‌وه‌ریی زمانه‌که‌یه‌وه به‌رجه‌سته کردبێته‌وه، که‌چی شیعری ئه‌مڕۆی کوردیی به هۆی سه‌رگێژبوونی به وێناکردنی "عه‌شق"ێکی ئه‌لکترۆنی، "شیعری مۆبایل" و ژیانێکی مێتافیزیکیی به رێگه‌ی وێنه دێجیتاله رووکه‌شه‌کان و ماڵیبوونی به ده‌ست ته‌کنیکه‌وه، هه‌وڵده‌دا به په‌نا بردن بۆ شێواز و سه‌رچاوه ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه خۆی له‌و ره‌چه‌ڵه‌که‌وه رزگار بکات و له ههنووکهیهکی بێشوێندا بژیت. به‌مجۆره ئه‌و ئاراسته شیعرییه‌ی ئه‌مڕۆ، وێڕای ئه‌و وردیله ئاماژه‌ی که کردمان، هۆکردی تری هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی هێشتا ئاراسته‌یه‌کی خودئاگا، زمانێکی ئازادی فه‌راهه‌م کردبێت، خه‌ریکه به هۆی ئه‌و بێماڵییه‌وه، ره‌چه‌ڵه‌کی زمانه‌که‌ی، خودی خۆی فه‌رامۆشبکا. بۆیه شیعری ئه‌مڕۆی کوردیی به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه که به زمانێکی ته‌کنۆکراتی، چه‌شنه خه‌یاڵ و ده‌ربڕینێکی هه‌ناسه کورت و لێکپچڕاو خۆی نمایشبکا. ئه‌و شیعره‌ش له دواجاردا بێبه‌ریی ده‌بێ له به‌خشینی ئامانجێکی روحی. ئه‌و شیعره‌ی که هه‌ڵگری ئامانجێکی روحی، یاده‌وه‌ریی زمانه‌که‌ی نه‌بێت، ناتوانێت له‌رینه‌وه، موچڕکێکی ناوه‌کیی، ئاڤیندارانهش له زمانهکهییدا بسازێنێت.
به‌مجۆره، شیعری ئه‌مڕۆی کوردی، هێشتا ئه‌و بوێرییه‌ی نییه، که به روحێک له گه‌وهه‌ری کو‌لتووریی ره‌چه‌ڵه‌کی زمانه‌که‌یه‌وه، دابڕانێک له شیعردا بسازێنێ و روحێکی ئهڤانتگاردیستی به‌و نه‌ریته به‌رهه‌ڵستکارییه شیعرییه ببه‌خشێ که به‌شێکه له ناسنامه‌ی رابردووی شیعریی کوردیی. ره‌نگه نه‌بوونی ئه‌و ئاسته له بوێرییه، به شێکی په‌یوه‌ندی به‌و به کاڵاکردن و به هه‌ڕمێنکردنی "مۆبایله شیعر"ه‌وه هه‌بێت که به‌شێکه له‌و ره‌وته بێڕهچهڵهکیی و بێشوێنییهی که ئه‌مڕۆ له بیر-نه‌کردنه‌وه‌ی کورد باڵاده‌سته، به‌شێکی تریشی پێوه‌ندیی به دۆخی بنده‌ستی، هه‌میشه دڕدۆنگیی و ناسه‌قامگیریی بوونی کوردییه‌وه هه‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ی شیعری کوردی بتوانێ هه‌ڵگری ئه‌و بوێرییه بێ، ده‌بێ جیهانی ناوه‌کی زمانه‌که‌ی رێکبخا، ئه‌مه‌ش بواری بۆ ده‌ڕخسێنێ، تا بتوانێ جڵه‌وی ئاراسته ده‌ره‌کییه‌که‌شی بگرێته ده‌ست.
له‌و بنه‌مایه‌وه "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ" به شه‌به‌نگی ئه‌زموونی ناوه‌کیی، وێنه، نه‌وا، هێما و هاورده؛ زایه‌ڵه بێده‌نگه‌کانییه‌وه، جیهانه ناوه‌کییه‌کانی خودی زمان چڕده‌کاته‌وه و به گۆ ده‌هێنێ. ئه‌و کتێبه به ده‌م رێکردنهکهیهوه، گشت هونه‌ره‌کان له خۆیدا کۆده‌کاته‌وه، تا له ناوه‌ڕا رۆشنایی ئه‌و بوونه بزۆکه‌ی ئه‌زموونه تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی، نمایش بکا.
بۆیه، به رای من: وێده‌چێ کرده‌ی ئه‌و كتێبه، وه‌ک به‌رهه‌ڵستکارییه‌ک به‌رابه‌ر به ماڵ، "وه‌همی کوردبوونێک"، هێنده‌ی بووناندنی خودێکی لێکترازاو، چێکردن و جێنشینکردنی ئه‌زموونی ژیانه کۆچه‌رییه‌که‌ی له بوونه بێماڵییهکهیدا بێت، ئه‌وه‌نده به دوای شێواز و رازانکاریی ئه‌و بێماڵییه‌دا نه‌بێ. چونکه جوانناسیی ئه‌و "كهسـ"ـه‌ی "له پشت پهیڤهكانهوه سیگار ده‌كێشێ"، له کرده‌ی به‌رهه‌ڵستکارانه‌ی ئه‌و "گهڕانـ"ـه- سه‌رهه‌ڵگرتنه سهههندهییهدا، به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه:
"زه‌وییش چووه‌ته سه‌فه‌ر،
به خۆی و وهچهكانیهوه." (واوه‌تر له بێهووده‌یی...، لا82)
به‌مجۆره؛ "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ"، به شه‌به‌نگی زمانه‌که‌یه‌وه، ئه‌و دۆخه بێماڵییه ده‌گێڕێته‌وه، که ئه‌مڕۆ له خاکی زمانی شیعری کوردی‌دا، له زان و رسکان دایه. ئه‌و كتێبه، به سه‌فه‌ره‌کانی، به نێو بۆشاییی بێماڵییه‌وه، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه کرده‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاریی شیعری، رابگه‌یه‌نێ. مه‌به‌ست له‌و به‌رهه‌ڵستکارییه شیعرییه ئه‌وه‌یه، که شاعیر به چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و روحه بێماڵیی و نیهیلیزمه‌ی که ژیانی خۆی و شوێنگه‌که‌ی، هه‌راسان کردووه، هه‌ڵوێستێکی شیعریی راده‌گه‌یه‌نێ. به واتایه‌کی تر: وێڕای گرفتی ئازادنه‌بوونی له کاریگه‌رییه ویستی- ده‌ره‌کیی و جۆره زمانێکی باو و شێوهدروشمیی، له گه‌ڕان به دوای نیشته‌جێبوون له "ماڵ"ی زمانه‌که‌یدا، ئه‌زموونی ئه‌و ژیانه "بێماڵیی" و دۆخه "نیهیلیستی"ه، له زمانێکی سه‌رکێش و بزۆکدا راده‌گه‌یه‌نێ. لێره‌وه، رابه‌ر فاریق له زۆرینه‌ی ده‌قه‌کانیدا جێنشینی ژیانێکه له بێماڵیی. به‌مجۆره ئه‌و کۆشیعره ئه‌زموونی ژیانێکی بێماڵمان بۆ وێنه ناکا که له ده‌ره‌وه‌ی ژیانی خۆی، زمانی خۆیه‌تی، به‌ڵکو ئه‌و ژیانه بێماڵییه له ناو خودی زمان، بوونه‌که‌یدا جێنشینه.
له‌و دیده‌وه، شاعیر به زمانێک له ژانی بێماڵییه‌وه بوێرانه خه‌یاڵ و واقیع، ئه‌زموونی که‌سێتی خۆیی و بگره دۆخی جیهانیش به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. مه‌یلی ئه‌و ده‌نگه شیعرییه هاواری خودێکی په‌رته‌وازه، سه‌رگه‌ردان، ته‌نیا، دڕدۆنگ؛ خودێکی بزۆک یان بێشوێنه که هه‌راسانه به ده‌سته بێماڵییه‌وه. رابه‌ر ده‌خوازێ به دهستهواییکردنی شێوازی ئه‌وانیتر، ئازاری ئه‌و بێماڵییهمان بۆ بگێڕێهوه. له‌وێ ئه‌و کۆشیعره ته‌نیایی و نیگه‌رانی، ماڵێکی شیعریی بۆ بێماڵیی بوونه‌که‌ی ده‌ئافرێنێ. له‌وێدا ئه‌وه زمانی ژان لێ تکاوی سه‌فه‌ری شیعره به دژی جێگربوونی ئه‌و ژیانه بێماڵیی و دۆخه نیهیلیستییه ده‌وه‌ستێته‌وه، تا بوار بۆ بانگه ناوه‌کییه‌کانی زمان، ماڵ بڕه‌خسێنێ. هاوکات: ڕابه‌ر له‌و به‌رهه‌ڵستکارییه شیعرییه‌ی له پێناو بیرکردنه‌وه له هه‌ڕه‌شه‌ی "بێماڵیی" و به‌های "نیشته‌جێبوون له ماڵ"دا هه‌ر ته‌نیا "قانوون" و "وه‌همی ماڵداریی" سه‌رکۆنه ناکا، به‌ڵکوو ئه‌و منه بێماڵهی که له په‌رۆشی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ماڵه‌دایه، وه‌ک یارییه‌کی زمانیی، ئاوهڵاییهکی شاعیرانه، ناسنامه تایبه‌تییه‌که‌ی سه‌رکۆنه ده‌کا.
"پێم گوتی
ئه‌م نیگه‌رانییه خۆی بكوژێ،
یاسا به‌رپرسیاره
ئه‌م په‌رداخه لاربێتهوه،
هه‌موو مێزه‌كانی زینده‌گیی ده‌شكێنم
ئه‌م سه‌فه‌ره موسافیر بێ،
سمێڵی باوكم له بنڕا ده‌تراشم.
... ... ...
من پێم گوتی،
... ... ...
پێت نه‌گوتم ئه‌م ژنه‌ی تۆ،
بۆ ئه‌وه‌نده خه‌ریكی قوربانییه؟" (مه‌چكۆ ده‌به‌م بۆ قاوه‌خانه‌ی ئافره‌تان، لا136 و 137)
ئه‌و بێماڵییه پێوه‌ندییه دۆستایهتییهکانیش ده‌پێكێ. لێره، شاعیر له دۆخێکی مۆراڵییدا، هه‌ستی شیعرییه‌تێکی مۆراڵیی خۆیمان بۆ راده‌گه‌یه‌نێ. رابه‌ر لێره، له یارییه‌کی زمانی‌دا، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخێکی "قوربانی"كرا‌و ده‌کا، که وێده‌چێ پێوه‌ندیی خۆی، یان منی شاعیر بێ له‌گه‌ڵ مرۆڤێکی نزیک به خۆیه‌وه. لێره‌دا ئه‌و پێوه‌ندییه هه‌ر که‌سێک بێ، به‌هایه‌کی سه‌ره‌کیی بۆ ئێـمه‌ی خوێنه‌ر نییه. لێ له ئاستی کرده‌ییدا، ئێمه له به‌رده‌م شیعرێکین که ئه‌و پێوه‌ندییه مۆراڵییه، "خه‌ریکبوون به قوربانییه"ی ئه‌و مرۆڤه نزیکه‌ی خۆی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌وه‌ی لێره جێگه‌ی سرنجی ئێمه‌یه، ئه‌و زمانه شیعرییه‌یه، که نیگه‌رانه، یان ئه‌و خه‌ریکی قوربانیبوونه‌ی "ئه‌ویتر"، ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. زمانی خستنه ژێر پرسیاری ئه‌و "قوربانی"یه وه‌ک خودی ئه‌و دۆخی بێـماڵییهی شاعیر، دڕدۆنگه. شاعیر له بێـماڵییهکهیدا هه‌م له‌و هه‌ستی "قوربانی"یه‌ی ئه‌و "ژنه" نیگه‌رانه و هه‌میش له هه‌ستی "تاوانبار"ی خۆی. دواجاریش شاعیر له هه‌ستی خۆ به تاوانباركردن و "قوربانی"دانی ئه‌و "ژن"هدا، ئهتمۆسفێركی شه‌ڕه‌نگێزیی شیعریی وێنه ده‌کا. له‌وێدا شاعیر کوشته‌ی روحی "قوربانی"یه‌کی مۆراڵییه. ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به‌و روحه دووانه‌یی، دابه‌شبوونه‌ی نێوان ناسنامه‌ی "تاک" و "کۆ"ی شاعیره‌وه هه‌یه، که گرفتی کۆی مرۆی کوردییشه. بۆیه له‌تێکی روحی له نێو جیهانی به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی شیعرییدایه و له‌ته‌که‌ی دیکه‌شی له نێو مۆراڵی باوی جڤاکدایه، ئه‌و مۆراڵه جڤاکییهش، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دۆخه بێماڵییهیه، که شاعیر و هاونه‌وه‌که‌ی هه‌راسان کردووه... با له خاکی ئه‌و شیعره كورته بهزرین:
"له‌گه‌ڵ تۆدا،
ده‌توانم به بێ خۆم بژیم
له‌گه‌ڵ خۆمدا،
ناتوانم به بێ تۆ بژیم." (واوه‌تر له بێهووده‌یی...، لا80)
ئه‌و تێکه‌ڵبوونه به‌و "تۆ"یه چێژێکی جوانناسیی، جۆره جادووگه‌ریی، رامانێکی مه‌یله و خه‌ون ئامێزمان پێده‌به‌خشێ. چێژی شیعریی شاگه‌شکه بوون، مه‌ستبوونێکی بوونایه‌تییه، که ئه‌مه‌ش بنه‌مای پرسیاری فه‌لسه‌فییه.
له‌و دیده‌وه کۆشیعری رابه‌ر فاریق، به مه‌یلێک له بوون به خۆی، هه‌وڵده‌دا له شێوازی ژیانێک ده‌ربچێ، که به سه‌ریدا سه‌پێندراوه؛ ژیانێکی سنووردار که بوار نادا ئه‌زموونه ناوه‌کییه‌که‌ی ئاوه‌ڵا بکاته‌وه. به‌مجۆره، ئه‌و کۆشیعره له پرۆسه‌یه‌کی بێکۆتادا به‌ره‌و بووناندنی ئه‌زموونه ناوه‌کییه‌کانی خۆیه‌وه به‌ڕێوه‌یه.
دیاره له‌و کۆشیعره‌دا پرسیاری شیعریی، خۆی به فۆرمسازیی و کایه‌ی رۆشنبیرییه‌وه سه‌رقاڵ ناکات، هه‌رچه‌نده ئه‌و پرسیارانه‌ش به‌شێکن له پرۆسه‌ی زمانی ئه‌و کۆشیعره‌دا، به‌ڵکو پرسیاریی شیعریی له‌و کۆشیعره‌دا زیاتر به په‌رۆشی چۆنییه‌تی بووناندنی ئه‌زموونه ناوه‌کییه‌که‌ی؛ به ئاوه‌ڵاکردن و به گۆهێنانی ئه‌و بێزاریی، ته‌نیایی، بێئومێدیی، بێماڵیی و... تاد نیگه‌رانه، تا له ژیانه بێ-ماڵییهیدا، به‌ره‌و پرۆسه‌ی بوونه به‌رهه‌ڵستاریی، نیشته‌جێبوون له شیعردا رێ بکا. با پێکڤه ئه‌و راچڵهکانه چڕکراوه، کرده بهرههڵستاکارییه، له بێده‌نگییه چێژدارهدا بخوێنینه‌وه:
"ده‌بوایه ئه‌م ژووره بچێته سه‌فه‌ر
تا بیر له كه‌س بكاته‌وه و
بزانێت؛
ناكه‌س چ زۆرن." (مه‌چكۆ ده‌به‌م بۆ قاوه‌خانه‌ی ئافره‌تان، لا137)
که‌واته، شیعرنووسینی کرده‌یه‌کی روحیی هه‌میشه به‌ڕێوه‌یه؛ سه‌فه‌رێکه له گه‌ڕان به دوای چێژدارکردنی ئامانجه روحییه‌کان و هه‌وه‌سی دۆزینه‌وه‌ی خاکه نوێیه‌کانی روحی زمانه‌وه. ئه‌رکی شاعیر به ده‌م ئه‌و سه‌فه‌ره‌وه، ته‌نیا چینینه‌وه‌ی تیشکه تژی له خهیاڵاندنهکانی بوون و دۆشدامان و شاگهشکهکردنی خوێنه‌ر-ئێمه‌یه به شه‌به‌نگه‌کانی ناو زمانه‌وه. بۆیه، سه‌فه‌ری زمان، ئاوه‌ڵابوونه‌وه‌ی زمان به‌ره‌و شێوازاندن، رازاندنه‌وه‌ی ئه‌زموونه ناوه‌کیه‌کانی خۆیه‌وه، هه‌میشه له دۆخێکی بزۆکدایه. که‌واته، پرۆسه‌ی شعر زرینگانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگ و چرپه ناوه‌کییانه‌ی زمانن، که له کرده‌ی خۆنواندندا؛ شکۆفه‌کردن؛ دهقاندندا، ئه‌و ژیانه تاقیکراوه، روخساری ده‌ره‌کیی ئه‌و جیهانه بینراوه شه‌ق ده‌کا و دیمانه‌ی شه‌به‌نگی جیهانه ناوه‌کییه‌کانی خۆی، ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه:
"وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌ست به عه‌وڕه‌تى باخچه‌دا بهێنم
لێو ده‌سووم له كوڵمى ڕێحان
دڵى بێتاقهتیى ده‌ده‌مه‌وه؛
باڵ ده‌به‌خشم به شكست.
... ... ...
كه ئێواران،
په‌نجه‌ره‌یه‌ك له برینم ده‌كه‌مه‌وه و
لێو ده‌نێم به فلووتى ژانه‌وه
كه‌مانچه‌یه‌ك پڕاوپڕ ده‌بێ له ئه‌سر،
ئهسرى نه‌بڕاوه‌ى چاوم نا...
ئهسرى وشه.
... ... ...
تماشاى داخرانى خونچه و
حونجهكردنى ئاو ده‌كه‌م..." (ئه‌مشه‌و ئێواره‌یه ئه‌مشه‌و، لا123 و 124 و 125)
مه‌به‌ست له‌و چه‌شنه سروشته کۆچه‌رییه، به ڕێوه بوونه‌ی شیعر به گۆهێنانی بووناندنی ئه‌زموونه ناوه‌کییه‌کانی زمان، چرپاندنی حه‌سره‌ت و چرکه‌ساته مه‌سته‌کانی ژیان، نمایشکردنه‌وه‌ی گوتراوه‌کان نییه، به‌ڵکو چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشهاتی وهرچارخاندنهی دۆخی بوونه، ده‌رکه‌وتنی ژیانێکی تایبه‌تییه که هێشتا ئاشنای نه‌بووینه، تێیدا نه‌ژیاوین. به‌مجۆره شیعر به ده‌م ئه‌و رێکردنه‌وه، ماوریس بلانشۆ واته‌نی، به رێگای ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی که له ناخی زمانی شاعیردایه، بوار بۆ ده‌نگی که‌سی سێیه‌م ده‌ڕخسێنێ که له دایک بێت، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاته ناوهکییهمان لێ بسێنێته‌وه، تاکوو ئه‌و ئه‌زموونه‌ی شاعیر به ناوی منی سه‌ربه‌خۆوه بئاخفێ. (4)
نووسینی شیعر، پرۆسه‌ی تاکهکهسییهکی بێده‌نگه. هاوکاتیش ده‌کرێ ئه‌و پرۆسه‌یه په‌یوه‌ندی به ئه‌زموونه‌کانی ئێمه‌شه‌وه هه‌بێت. لێ هاوکاتیش ئه‌و ئه‌زموون و ئاکاره تاکه‌که‌سییه‌ی شاعیر که به‌ره‌و روانینێک ده‌رسکێ، جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌زموون و ئاکاره‌کانی ئه‌وانیتر. لێره‌وه زایه‌ڵه‌ی ئه‌زموونه ناوه‌کییه‌کانی "ژیانێک به دوای ماڵێکی به کرێ ده‌گه‌ڕێ"، گه‌ڕانێکه به دوای "ماڵ"ه بێ-زمانه‌کان.
ئاکامگیرییه‌ک له کۆرامانێکدا
له سه‌فه‌ری ئه‌و نووسینه‌دا هه‌وڵماندا ئه‌و کۆشیعره، وه‌ک ئه‌زموونێک له‌و ژیانه "بێماڵیی" و دۆخه "نیهیلزم"ه چڕبکه‌ینه‌وه که ئه‌مڕۆ جڤاکی کوردی هه‌راسان کردووه. له‌وێدا شاعیر له گه‌ڕان به دوای دۆزینه‌وه و راگه‌یاندنی "ماڵ"ێک بۆ ژیانه بێ-جێ‌نشین، بێ-خانووییهی خۆیی و هاوزمانهکهیدا، ئاسۆیه‌کیش له به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی شیعریی به دژی ئه‌و دۆخه باڵاده‌سته‌دا ئاوه‌ڵاده‌کاته‌وه، که شیعری ئه‌مڕۆی کوردیی پێویستیی پێیه‌تی. که‌واته کۆشیعری "ژیانێک به دوای ماڵێکی به کرێ ده‌گه‌ڕێ" حه‌ز ده‌کا به زمانێک له به‌رهه‌ڵستکاریی شیعریی، ته‌نیایی و بێماڵییهکهی به‌ره‌و ماڵی زمان، بوونێکی شکۆمه‌ند جێ‌نشین بکات. مه‌به‌ست له‌و روحه به‌ره‌نگاره، ئامانجێکی سیاسی نییه، به‌ڵکوو ڕابوونی ئاگایی تاکه‌که‌سێکه بهرايهر به ژیانێک که له‌وێدا بێماڵی: ته‌نیایی، نادادپه‌روه‌ریی سیاسیی، نه‌مانی به‌های ژیان، په‌راوێزکردن، داڕمان و... تاد، گهنجایهتییهکهی تاڵان ده‌کا.
لێره‌وه، ئه‌و کتێبه ده‌خوازێ به ویستێک له جێنیشینبوون له ماڵی زمان، چه‌شنه به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی شیعریی به دژی ئه‌و رێسا‌و نۆرمانه رابگه‌یه‌نێ، که روحی ئه‌ویان کوشته‌ی ته‌نیایی و بێماڵیی کردووه.
ده‌کرێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین، که ئه‌و مه‌یله به‌رهه‌ڵستکاره، له ئاستی جیاوازدا، له شیعری به‌شێک له ده‌نگه نوێیه بهڕێوهکانی ئیستای شیعری کوردی‌دا، ئاماده‌ییی هه‌یه. مه‌به‌ست له چه‌مکی شیعری به‌رهه‌ڵستکاریی، رۆڵی شیعره له تێکشکاندنی ئه‌و نۆرم و نه‌ریته باڵاده‌ستانه‌ی که ئه‌مڕۆ به پاڵپشتی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و هێزه ئایینییه‌کانه‌وه، پێوه‌ندییه جڤاکی و مرۆڤایه‌تییه‌کانی کورد، دیار ده‌که‌ن.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم، ده‌کرێ ئاکاری ئه‌و ئه‌زموونه شلک ساوایه، به شیعری پۆست-به‌رهه‌ڵستکاری ناوزه‌د بکه‌ین. مه‌به‌ست له پۆست-به‌رهه‌ڵستکاری، ده‌ستپێکردنی جوانناسییه‌کی زمانیی و په‌یامێکی نوێی ئه‌و شێوازه شیعره‌یه، که له حه‌فتا و هه‌شتاکاندا له دژی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کیی، توندتیژیی رژێمی به‌عس، له ئارادا بوو. ئه‌وده‌م ئه‌رکی ئه‌و شێوازه شیعرییه له زمانێکی مشتوماڵکراو به هێما و هاورده سیاسی، نه‌ته‌وایه‌تی و مێژووییه‌کانه‌وه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته مرۆڤکوژه‌ی به‌عس و نۆرمه‌کانی بوو، هاوکاتیش ئه‌رکی ئاماده‌کردنی مرۆی کورد بوو بۆ یاخیبوون به‌رابه‌ر سیستمی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی که مرۆی کوردی له بۆته‌ی نۆرمه‌کانیدا سیخناخ کردبوو.
لێ ئه‌و شێوازه له پۆست-به‌رهه‌ڵستکاره‌ی که خه‌ریکه ئه‌زموونی کاڵی ئه‌مڕۆی شیعری کوردییدا زاووزێ ده‌کا، لێره‌دا شیعری رابه‌ر ده‌مڕاستێکی بزێوی ئه‌و ته‌رزه شیعره‌یه، له زمانێکی شیعریی دێکۆمێنتاریی، بێ هێما و هاورده‌یی، شێوازێکی کۆپلهکۆپلهییی چڕکراوه‌دا خۆی رابگه‌یه‌نێ. له ئاستی شێوازدا ده‌کرێ ئه‌و ره‌وته شیعرییه‌ی رابه‌ر و به‌شێک له شیعری هاونه‌وه‌ی رابه‌ر، (که من لێره‌دا ئه‌و شێوه شیعرییه "ئه‌شقبازیی"هی که ئه‌مڕۆ به ناوی "مۆبایلهشیعر"ه‌وه له ئارادایه به شیعر ناسناکه‌م)، به شیعری "پۆست- ریالیستی" ناودێر بکه‌ین. به‌و واتایه‌ی که ئه‌و شیعره به زمانێکی شیعریی، نه‌ک هه‌ر رۆژانه‌یی، گوزاره له ژیانی واقیع ده‌کا. شێوازی هاوبه‌شی ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه به‌رهه‌ڵستکارییه، زمانی ئه‌و "من"ه داستانبێژییهیه که ده‌خوازێ دابڕانێک له‌و ژیانه بێماڵیی، دۆخه نیهیلیزمییه بسازێنێت. ئه‌و شیعره پۆست-به‌رهه‌ڵستکارییه، به ریسواکردنی ئه‌و سیاسه‌ته گهندهڵسالارییهی حیزبی کوردی، که جڤاک و خودی شاعیریشی له دۆخێکی نادادپه‌روه‌ر و تاڵانکارییدا گه‌وزاندووه، ده‌خوازێ ئاسۆیه‌ک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ها مرۆڤایه‌تیی و ئامانجه روحییه‌کان به یاد زمانی بیرکردنه‌وه‌ی کوردیی بهێنێته‌وه.
له 2000ه‌کانه‌وه، کۆده‌نگێک له شیعری کوردییدا، به شێوی جیاواز، سه‌رقاڵه به‌و گۆهێنانی زمانه دڕدۆنگه ناوه‌کییه؛ ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه‌ی که ره‌هه‌ندی بێماڵی و سه‌رگه‌ردانبوونی ئێستای جڤاکی کورد، وێنا ده‌کا. ئه‌و کۆده‌نگه شیعرییه، له نێوان روحی وابه‌سته‌بوون به نه‌ریته داسه‌پاوه‌کانی جڤاک و زمانێکی تاکه‌که‌سییدا، له سازشکاری دایه. لێ له دیدی لویس بۆرخیسه‌وه، گوتم: شاعیر خۆی پێشه‌نگه‌کانی پێش خۆی ده‌ئافرێنێ، تا خۆی به نه‌ریتی زمانه‌که‌یه‌وه گرێ بدات و بتوانێ به نوێکارییهکانیهوه، نه‌ریته‌کانی رابردوو له ئێستادا ئاماده بکا.
به‌مجۆره، ئه‌و زمانه شیعرییه‌ی ئه‌مڕۆ هێشتا خاوه‌ن ئه‌و ویسته روحی- زمانه ئاڤاندتگاریستهی نییه، که به گه‌ڕانه‌وه ئه‌فراندنی پێشه‌نگه‌کانی پێش خۆیه‌وه، میراتی ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه شیعرییه‌ی که له حه‌فتا و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا له ئارادا بوو، نوێ بکاته‌وه، به‌مه‌ش له‌و دۆخه نیهیلیستی و بێـماڵییهدا، به زمانێکی خۆکرد، دوور له لاساییکردنه‌وه، به داهێنانی "حیکایه‌ته خود"ییهکانیهوه، به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی شیعری رابگه‌یه‌نێ... حیکایه‌ته خودییه‌کانی ئه‌مڕۆی ئه‌و مرۆڤه بێماڵهی کورد هێنده‌ی وێنه‌ی خودێکی بێ- ره‌چه‌ڵه‌ک، بێ‌ماڵ و نیهیلیسته، ئه‌وه‌نده وێنه‌ی خودێکی ئازاد و به‌رپرسیار به‌رابه‌ر ئامانجه روحییه‌کانی نییه. به واتایه‌کی تر: خودێک که له نێوان زمانێکی کۆ، نهریتسالار و زمانێکی تاکه‌که‌سیی رووکه‌شی، دهورهکییدا خۆی خۆی ده‌بینێته‌وه. بۆیه، وێڕای ئه‌و ئاماژانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش، ده‌کرێ ئه‌و زمانه شیعرییه‌ی ئه‌مڕۆ به ده‌ستپێک له روحێکی لێکترازاو، ئه‌زموونێکی ناوه‌کی، خودسالاریی ناودێر بکه‌ین. به واتایه‌کی تر: ئه‌و ده‌نگه شیعرییه هێشتا نه‌بووه‌ته خاوه‌ن زمانێکی تاکه‌که‌سیی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکوو له نێوان دوو زماندا، تاک و کۆدا خولده‌خوات.
له‌وه‌ش بترازێ، ئه‌گه‌ر شاعیری "كه‌سێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه‌وه سیگار ده‌كێشێ" له بێماڵییه به ده‌م ڕێوهکهوه، ئه‌و دۆخه بێماڵی-نیهیلیستییه به‌ره‌و پرۆسه‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاریی شیعریی تایبه‌ت به خۆی وه‌رچه‌رخێنێ و ئه‌و زمانه خۆکرده تۆکمه‌تر مشتوماڵ بکا، به ویستێک له گه‌ڕانه‌وه بۆ یادوه‌ریی زمانه‌که‌ی خۆی، ئه‌و زمانه سوهرابییهی که له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه وه‌ک مۆده‌ی "فیلمی هیندی" به‌رۆکی شیعری کوردی به‌رنادا، توڕهه‌ڵدا؛ مه‌به‌ست له یادوه‌ریی زمان، چڕکردنه‌وه و خه‌مڵاندنی ئه‌و ئه‌زموونه‌یه، که له دوا ده‌قی رابه‌ر فاریقدا خه‌ریکه خۆی نمایش ده‌کا... رابه‌ر فاریق ئه‌وکات ده‌توانێ شوێنپێیه‌ک له به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی شیعرییدا نیشته‌جێ بكات، که بێ-ماڵیی، وه‌ک ژیانێک، له بوونی ئه‌ودا نیشته‌جێ ده‌بێ. ئه‌مه‌ش مانای ئاماده‌بوونێکی شیعرییه، له یادوه‌ریی زمانه‌که‌یدا. دواجاریش، ئه‌و، به ده‌م ئه‌و ره‌وته‌ی نووسین، به‌ره‌و یادوه‌ریی زمان- "ماڵ"ه‌که‌یه‌وه، یان دۆزینه‌وه‌ی خاکێکی تری شیعری، یانیش وه‌ک بارانێک له ناو توناتونهکانی "ماڵی زمان"ه‌که‌ی، ده‌بێ به هه‌ڵم:
"له دره‌ختى زمانتدا
لقێك سه‌وزه وه‌ك په‌نجه‌ى ئاو
كێشكه‌یه‌كی خه‌یاڵ شێ‌دار
له‌سه‌ر هێلكه‌ى ئازارى (با) هه‌ڵنیشتووه...
به ده‌نووكى،
دێ ئه‌م وشانه هه‌ڵده‌گرێ
ده‌یانبا بۆ هێلانه‌كه‌ى.
له ناكاویش، له هێلكه‌یه‌كى بچو‌وكدا
پیتێكى مێى- ڕه‌نگ خۆڵیى باڵاكهڵهگهت،
دێته بوون و هه‌ڵده‌فڕێ..." (ئاوبوونهوهى ئاو، لا؟)
کۆتایی و سه‌ره‌تای مانگی 9 و 10ی 2008
ستۆکهۆلم
په‌راوێزه‌كان:
1. Heidegger. M, ”Teknikens väsen och andra uppsatser, Övers. R. Matz (Lund: Doxa, 1981).
2. D. Brinbaum och Sven Olov Wallenstein, ”Heideggers väg, Tales, 1999, S. 144-och 145.
3. Dialoger, en åretstidskrif, (2005), s. 45-46.
4. سه‌باره‌ت به دیدی بلانشۆ و واتای که‌سی سێیه‌می سه‌ربه‌خۆ- روانگه‌ی نیوترالیتێتهوه، بڕوانه وتاری "پچڕاندن"، گۆڤاری (رامان)، ژماره 117، ساڵی 2007، و: هه‌ندرێن).
