خۆكوژیی ئه‌ویندارانه
چیرۆكی: یاسوونهری كاواباته
و: شاڵاو حه‌بیبه
ژنه نامه‌یێكی له لایێن مێرده‌كه‌یێوه پێگه‌یشت. دوو ساڵێك له‌و ده‌مه‌وه كه پیاوه خۆشی نه‌ده‌ویست و ئه‌وی جێ هێشتبوو، تێپه‌ڕیبوو. نامه‌كه ده زه‌وینێكی دووره‌وه هاتبوو:
- مه‌هێڵه منداڵه‌كه تۆپه‌كه‌ی له زه‌وین بدا. ده‌نگی ئه‌وه دڵم ده‌شكێنێ.
ژنه تۆپه‌كه‌ی له كچۆڵه نۆ ساڵه‌كه‌ی ستاند.
دیسان نامه‌یێك له لایێن مێرده‌كه‌یێوه هات. ئه‌م یێكهیان له پۆستهیێكی دیكه‌وه بوو:
- منداڵه‌كه به كه‌وشه‌وه بۆ فێرگه مه‌نێره. ده‌توانم ده‌نگی پێی بژنه‌وم. ئه‌م ده‌نگه دڵم ده‌شكێنێ.
ژنه ده بری كه‌وش، تهقتهقیلهی نه‌رمی ده پێی منداڵه‌كه كرد. كچۆڵه گریا و چیدی ته‌یار نه‌بوو بۆ فێرگه بچێ.
كه‌ڕه‌تێكی دی نامه‌یێك له لایێن مێرده‌كه‌یێوه هات. مه‌ودای ده‌گه‌ڵ نامه‌كه‌ی پێشوو دا پتر له مانگێ نه‌بوو، به‌ڵان دهستهێڵی پیاوه به ڕای ژنه فره كۆن ده به‌ر چاو ده‌كه‌وت:
- مه‌هێله منداڵه‌كه له قاپه چینییه‌كه‌دا نان بخوا. ده‌توانم ده‌نگی ئه‌وه بژنه‌وم. ئه‌م ده‌نگه دڵم ده‌شكێنێ.
ژنه به كه‌وچكه دارینه‌كه‌ی خۆی، نانی به كچۆڵه‌كه دا. ڕێك به مینای ئه‌و ده‌مه‌ی سێساڵان بوو. پاشان دهمگهلێكی به‌بیر كه‌وته‌وه كه كچۆڵه‌كه به‌ڕاستی سێساڵان بووبوو؛ پیاوه ڕۆژانێكی خۆشی لای ئه‌وه‌وه به‌سه‌ر بردبوو. كچۆڵه خۆی چوو ده متبهخهكهدا قاپهچینییهكهی هێنا. ژنه ده‌سبه‌جێ له ده‌ستی وه‌رگرت و ده نێو باخچه‌كه‌دا، ده به‌ردی دا؛ ده‌نگی شكانی دڵی پیاوه! ژنه نكاو برۆكانی هه‌ڵبڕی. قاپه‌كه‌ی خۆی ڕووه‌و دیواره‌كه هاویشت و شكاندی. ئاخۆ ئه‌مه ده‌نگی شكانی دڵی مێرده‌كه‌ی نه‌بوو؟ ژنه مێزه چكۆڵه‌كه‌ی نانخواردنی له په‌نجه‌ره‌كه‌وه بۆ باخچه‌كه هه‌ڵدا. ئه‌م ده‌نگه چی؟ ژنه خۆی به دیواره‌كه‌دا كێشا و ده‌ستی به مشت لێدان كرد. خۆی له پارتیشنه كاغهزییێكهوه هه‌ڵدا و وه‌كوو ڕم به نێویدا تێپه‌ڕیی و به‌ربووه‌وه. ئه‌م ده‌نگه چی؟
"دایه! دایه! دایه!"
كچۆڵه به‌ده‌م شیوه‌نه‌وه به‌ره‌و ئه‌و ڕایكرد. ژنه زلله‌ی لێ دا. ئاه، گوێ بۆ ئه‌م ده‌نگه ڕادێره!
به مینای دهنگدانهوهیێكی ئه‌م ده‌نگه، نامه‌یێكی دی له لایێن مێرده‌كه‌وه هات؛ له زه‌وین و پۆستهیێكی دوور و نوێوه:
- هیچ دهنگێكتان لێوه نه‌یێ. درگاكان نه بكه‌نه‌وه نه پێوه بده‌ن، هه‌روه‌ها په‌نجه‌ره‌كانیش. هه‌ناسه مه‌ده‌ن. تا نابێ بهێڵن ده‌مژمێرێك كه ده نێو ماڵه‌كه‌دایه ده‌نگی لێوه بێ. هه‌ردووكتان، هه‌ردووكتان، هه‌ردووكتان!
ژنه به‌رده‌وام كه ورته‌ورتی ده‌كرد؛ ئه‌سری ڕێچكه‌ی به‌ست. پاش ئه‌وه، هیچ ده‌نگێ نه‌بیسترا. ئه‌وان تا به چكۆڵه‌ترین ده‌نگه‌كانیش كۆتاییێكی نه‌مریان به‌خشی. به ده‌ربڕینێكی دی، دایك و كچۆڵه‌كه هه‌ردووك مردن.
سه‌یره‌كه ئه‌وه‌یه كه مێردی ژنه‌كه‌ش لای ئه‌وانه‌وه ڕاكشا و مرد.
یاسوونهری كاواباته_ Yasunari kawabata
1899 ده شاری ئوزاكا له‌دایك بووه.
ئه‌و ده‌مه‌ی منداڵ بوو؛ داك و بابی مردن. پاش ئه‌وان تاقه خوشكه‌كه‌شی له ده‌ست دا. ده چوارده ساڵیدا بۆ فێرگه‌ی شه‌وانه چوو. ئاره‌زووی بوو ببێته نیگاركێش. هه‌ووه‌ڵین ئه‌زموونگه‌لی فۆڕمی له ساڵی 1923دا تاقی كرده‌وه. ئه‌و ده‌مه‌ی ده ناوه‌ندی ده‌یخوێند هه‌ووه‌ڵین چیرۆكه‌كانی بڵاوبوونه‌وه. ده ساڵی 1924دا ده زانكۆی ئیمپڕاتۆری تۆكیۆ ئه‌ده‌بیاتی ته‌واو كردووه. ههووهلێن كتێبی برێتی بوو له 35 چیرۆكی چكۆڵه. ده ئه‌مریكادا به هۆی ڕۆمانه بێ وێنهكانییێوه نێوی ڕۆییشت. ئه‌م ڕۆمانگه‌له برێتی بوون له: لادێی به‌فر، هه‌زار دوڕنا و كۆنهپێتهخت. كاواباته خۆی پێی وا بوو ڕوحی هونه‌ریی ئه‌و ده‌كرێ ده چیرۆكه چكۆڵه چكۆڵهكانی به‌ده‌ست بخرێت كه ده نێو ئه‌م كتێبه دان: Palm-of the hand Stories"". دواكتیبی نێوی "palm-sized"ه كه شێوه‌یێكی دی ڕۆمانی لادێی به‌فره و 1972 ده چاپی دا و هه‌ر ده‌و ساڵه‌شدا به گاز خۆی كوشت. ده‌قی كاواباته به‌قووڵی ڕه‌گی ده دابونه‌ریتی ژاپۆنی داكوتاوه. خۆی گوتوویێتی: بڕێك له نووسه‌ره‌كان ده جحێڵیدا شیعر ده‌نووسین، به‌ڵان من ده بری شیعر چیرۆكگه‌لی چكۆڵه چكۆڵه‌م نووسین؛ چیرۆكگه‌لێكی هێنده‌ی له‌پی ده‌ستێك.
نووسه‌ر، هه‌ووه‌ڵین ژاپۆنییه كه ده ساڵی 1968دا خه‌ڵاتی نۆبێڵی وه‌رگرتووه.
سرنج: نێوی چیرۆكه‌كه به‌فارسی "خودكشی های عاشقانه" یه، كه ده‌كاته "خۆكوژیگهلی ئه‌ویندارانه"، یان "خۆكوژییه عاشقانهكان"، به‌ڵان من بۆ ده‌قه كوردییێكه هه‌ر ئه‌وه‌م پێ باشتر بوو كه نووسیومه؛ خۆكوژیی ئه‌ویندارانه.
سه‌رچاوه: Wikipedia
