لێمان گه‌ڕێن بمرین
نووسینی: قاسم که‌شکولی
وه‌رگێڕانی: مامه‌ند قادری
ئێمه حه‌وت که‌س بووین، ده‌مانهه‌ویست بمرین خۆمان له ده‌ست ئه‌م به‌خته‌وه‌ریه‌ی یه‌خه‌مانی گرتبوو رزگار بکه‌ین؛ به‌ڵام مردن به ده‌ست ئێمه نه‌بوو. له هه‌ر ئان و ساتێکدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو پۆلیسی فریاکه‌وتن بگه‌نه سه‌رمان و له‌و ته‌مایه پاشگه‌زمان بکه‌نه‌وه و به تاوانی مردن راپێچی به‌ندیخانه‌مان بکه‌ن؛ هه‌ر بۆیه ته‌مامان گرت له شوێنێک پێک بگه‌ین و کۆتایی به کاره‌که‌مان بێنێن. دیاره بڕیارمان وابوو هه‌رکه‌سمان به ته‌نیاو به دزیه‌وه له شوێنی دیاریكراو ئاماده بین، نه‌کا بکه‌وینه ده‌ست پیاوانی ده‌سته‌ڵات و خوا نه‌خواسته ریسه‌که‌مان لێ ببێته‌وه به خوری. له هه‌مووی گرینگتر ئه‌وه بوو ده‌بوایه شوێنێکی وا بۆ مردن بدۆزینه‌وه دووره ئاوه‌دانی بێت، که‌س فکری بۆی نه‌چێت و بۆ ماوه‌یه‌ک نه‌مانبیننه‌وه، هه‌تا خوا نه‌خواسته، داروبه‌رد که‌ڕ بێ، ناچارمان نه‌که‌ن زیندوو بینه‌وه و بمانخه‌نه‌وه ناو ئه‌و هه‌موو خێروخۆشییه بێئهندازهیه که ئێمه‌ی له‌خۆ گرتووه.
هه‌تا ئێره کاره‌که باش به‌ڕێوه‌چوو، ئێمه بێ بچووکترین رای نه‌رێنی سه‌باره‌ت به بڕیارنامه‌ی ئاماژه بۆ کراو پێکهاتین؛ به‌ڵام ئه‌وه سه‌ره‌تای کاره‌که‌مان بوو و ئێمه ده‌مانزانی هه‌تا جێبه‌جێکردنی ئه‌م کاره رێگایه‌کی دوور و درێژمان له‌به‌ره.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی ده‌ستبه‌کار بوون ده‌ستمان به باس و راوێژ کرد. به‌مجۆره که سه‌ره‌تا ده‌بوایه دیاریی بکه‌ین که به چ‌شتێک بمرین یان باشتر بڵێین چۆن بمرین؟
دووهه‌م ئه‌وه بوو که:
له‌کوێ بمرێن؟
ئێمه پاش باس و راوێژێکی زۆر، به‌م ئاکامه گه‌یشتین که به‌مه‌رجێ بزانین ده‌بێ
چۆن بمرین، شوێنی مردنه‌که هه‌ر له‌خۆڕا چاره‌سه‌ر ده‌بێت؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌روا
سووک و هاسان نه‌بوو. ئێمه حه‌وت که‌س بووین و سروشتییه که هه‌ر کاممان بۆ مردن
رێگایه‌کمان پێشنیار ده‌کرد. بۆ وێنه یه‌کێکمان پێیوابوو باشترین رێگه ئه‌وه‌یه
پاپۆڕێک دروست بکه‌ین و دوور له چاوی پاسه‌وانانی رۆخی ده‌ریا به ئاوی ده‌ریای
داده‌ین و کاتێ ئهرخهین بووین گه‌یشتووینه‌ته شوێنێکی قووڵ له ده‌ریاکه‌دا، بنی
پاپۆڕه‌که کون بکه‌ین و به‌م جۆره نوقمی ناو ده‌ریا ده‌بین.
سه‌ره‌تا هه‌موو سه‌باره‌ت به‌م به‌هره‌مه‌ندی و لێهاتووییه ئافه‌رینمان پێ گوت؛
به‌ڵام زۆر زوو بۆمان ده‌رکه‌وت که بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه
ئه‌وه‌نده‌ی کهمیوکوڕیی - ئاوه‌زپه‌سه‌ند و به‌جێ- ی هه‌نه که زۆر له سوودی
ئه‌نجامدانه‌که‌ی زیاترن. سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی که:
چۆن ده‌مانتوانی به دزییه‌وه پاپۆڕه‌که دروست بکه‌ین.
دووهه‌م:
ئه‌م پاپۆره که حه‌وت که‌س له‌ناویدا جێگایان ده‌بێته‌وه، چۆن دوور له چاوی
چاودێران بێگهیهنینه لێواری ده‌ریا؟
سێهه‌م:
ئایا ده‌مانتوانی دوور له چاوی چاودێرانی به‌شی سه‌ربازیی لێوار، خۆمان
بگه‌یه‌نینه قوڵایی ئاوه‌کان؟
به‌هۆی زۆریی چاودێران، ئه‌وه‌ی سێهه‌میان هه‌ر له‌کران نه‌ده‌هات. له
لایهکیدیکه ئه‌گه‌ر وای دابنێین هه‌موو ئه‌و کارانه‌مان ئه‌نجام داوه، که شتی
وا هه‌رنابێت، و بنی پاپۆڕهکهشمان به خێروخۆشی کون کردبا، ئاخۆ پاپۆڕهکهمان
نوقمی بن ئاو ده‌بوو؟ ئایا به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌موو چاوه‌دێرانه‌ی
پاسه‌وانانی لێوار، که پێشترێ باسمان کرد، ده‌مانتوانی به سڵامه‌تی ده‌رباز بین،
ئاسووده بین؟ ئاخۆ ئه‌وان رزگاریان نه‌ده‌کردین؟ زوو له‌و گه‌ڵاڵه‌یه پاشگه‌ز
بووینه‌وه.
گه‌ڵاڵه‌یه‌کی دیکه‌مان هه‌بوو که:
پاش به‌ده‌ست هێنانی ده‌مانچه‌یه‌ک کاره‌که ته‌واو بکه‌ین.
به‌په‌له به‌سه‌ر ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا تێپه‌ڕین؛ چونکه دابین کردنی ده‌مانچه وای ده‌کرد گومانمان لێبکرێت و ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌نگی چه‌ک ده‌بوو به هۆی راکێشانی سه‌رنجی خه‌ڵکی دیکه و ره‌نگ بوو هه‌ندێ که‌س به مه‌به‌ستی رزگارکردن بگه‌نه سه‌رمان. بیرمان له‌وه‌ش کردبۆوه که ده‌رچوون له شاریش هیچ له کێشه‌که ناگۆڕێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌گه‌ر به خێروخۆشی به سه‌ر هه‌موو ئه‌و کۆسپانه‌دا زاڵ بباین، چ که‌سێک ده‌بوایه چه‌که‌که‌ی تهقاندبایه؟ حه‌وت فیشه‌کمان هه‌بوو، یه‌که‌و فێشهکمان به‌رده‌که‌وت. ئه‌وه‌یان باش بوو. به‌ڵام چ که‌سێ ده‌بوایه بیانتهقێنێت؟
ئه‌گه‌ر خۆمان فیشه‌کمان به‌خۆمان وهنابایه، کێ ده‌ڵێ ده‌ستمان نه‌ده‌له‌رزی و فێشهکهکه سه‌ری نه‌ده‌کرد و یه‌کێکمان بریندار نه‌ده‌بووین و ناچار نه‌ده‌بوو فیشه‌کێکی دیکه‌ش به خۆی وهبنێت؟ مه‌رجی ئێمه ئه‌وه بوو که هه‌موومان پێکه‌وه له یه‌ک ئاندا بمرین. چۆنکه ده‌مانزانی به‌رانبه‌ر به گیانسپاردنی یه‌کتر خۆمان پێ راناگیرێت. که‌وابوو ده‌بوایه پلانه‌که به‌ته‌واوی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. سه‌رله‌نوێ فکره‌کانمان وه‌گه‌ڕ خسته‌وه، به‌ڵکو بتوانین داهێنه‌رانه‌تر به‌ره‌وڕووی ئه‌م بابه‌ته ببینه‌وه. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر باس و کێشمه‌کێشمان کرد، به‌م ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتین که له ده‌رمانخانه‌یه‌کی گه‌ڕه‌کی خۆمان که خاوه‌نه‌که‌ی که‌سێکی جێگای بڕوا بوو، که‌مێک ژاری ئارسنیک بکڕین و له‌کاتێکدا که میواندارییه‌کی بچووک به مه‌به‌ستی خواردنی رێک ده‌خه‌ین، ئارسنیکهکه بکه‌ینه ناو شۆرباوهکه، بیخۆین و بمرین. ئه‌مجاره له که‌وڵی خۆماندا نهدگونجاین. له کۆتاییدا توانیبوومان رێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌م گرێکوێره‌یه بدۆزینه‌وه؛ به‌ڵام ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه وێڕای ئه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌ن بوو، هه‌ندێ کهمیوکووڕیی وای تێدابوو که کاره‌که‌ی له جێبه‌جێ نه‌کردن نزیکتر ده‌کرده‌وه. ئێمه له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا سه‌ره‌تا له گه‌ڵ کێشه‌ی جێگا به‌ره‌وڕوو ده‌بووینه‌وه. دیاره ئێمه هه‌موومان خۆشحاڵ بووین که بۆ دوو کێشه‌ی ئاڵۆز و له‌هه‌مان کاتدا زۆر هه‌ستیار وه‌ڵامی یه‌کێکیانمان دۆزیوه‌ته‌وه. خۆشحاڵ بووین که سه‌رئه‌نجام هه‌موومان سه‌باره‌ت به کێشه‌ی چۆن مردن به هه‌ڵوێستێکی هاوبه‌ش گه‌یشتبووین؛ به‌ڵام ئه‌وه رووکارێکی کێشه‌که بوو و پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی سه‌ره‌تاییمان که پێمان وابوو کاتێ کێشه‌ی چۆن مردنمان وه‌ڵام دایه‌وه، له کوێ مردنه‌که هه‌رخۆی جێبه‌جێ ده‌بێت، کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌مان بێ چاره‌سه‌ر مایه‌وه. به چه‌شنێک که ئه‌م ئه‌زموونه بوو به هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بۆچوونی سه‌ره‌تاییمان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش نه هه‌رگیز ناهومێد بووین نه ته‌نانه‌ت تۆسقاڵێک له ئه‌نجام دانی تهماکهمان وه‌شک که‌وتین؛ به‌ڵکو له ده‌وری یه‌ک کۆبووینه‌وه و درێژه‌مان به باسه‌که‌مان دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت، له درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌دا له سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی کاره‌که تووشی بۆچوونی جیاواز بوین که دیاره گرینگیه‌کی ئه‌وتۆیان نییه؛ چونکه به تێگه‌یشتنی ئێمه، ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه که ئێمه هه‌روا به دوای دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی ئاوه‌زمه‌ندانه و باوه‌ڕپێکراوین بۆ بابه‌تی له‌کوێ مردن چاوه‌ڕوان دانیشتووین.
راسته که دروست کردنی شۆرباوی ئارسنیک له ناو و خواردنی به مه‌به‌ستی مردن
وه‌ک باشترین رێگای گونجاوه؛ به‌ڵام ئاماده‌کردنه‌که‌ی هه‌ندێ کێشه‌ی ده‌نایه‌وه
که ده‌بێ له گۆشه‌ی جیاوزه‌وه لێک بدرێته‌وه. بۆ وێنه ئه‌وه‌یکه:
بۆ دروست کردنی شۆرباو هه‌ندێ پێداویستیمان هه‌بوو. له گۆشت، له‌په، نۆک،
په‌تاته و له هه‌موویان گرینگتر ئارسنیکهکه بوو. وای دابنێین که هه‌موو ئه‌م
شتانه‌مان به‌بێ روودانی هه‌ر چه‌شنه رووداوێک به خێر‌و خۆشی کۆ کرده‌وه. خاڵی
گرینگ شوێنی چێشت لێنانهکهیه؛ چونکه بۆ ئه‌م کاره ئێمه پێوستمان به ئاگره و
به له‌به‌رچاوگرتنی، له ماڵه‌وه به هیچ جۆرێ ئه‌م کاره جێبه‌جێ ناکرێت و
ئاقڵانهش نییه؛ چونکه یه‌که‌م هه‌ر ساتێ ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه فه‌رمانبه‌رانی
فریا که‌وتن به هۆی جۆراوجۆره بگه‌نێ و چاو به ژووره‌که‌دا بگێڕن. ئایا به
دیتنی کۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت که‌سیی ئێمه لێمان وه‌شک ناکه‌ون و نامانخه‌نه به‌ر
پرسیاران؟ خۆ له ئاخریشدا خۆ هه‌موو که‌سه‌کان ده‌میان داخراو نییه. یه‌کێکمان
ههڵیدهداتێ که:
ئێمه ده‌مانهه‌ویست بمرین.
ئایا ئێمه له ژیان ناکه‌ن؟ ئه‌وانه ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ن که ناکرێت له‌به‌رچاو نه‌گرین. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رانی فریاکه‌وتن پێش مردن نهماندۆزنهوه، که زۆریش وێده‌چێت وابێ، خۆ له بنه‌ڕه‌تدا هیچ له کێشه‌که ناگۆڕێت؛ چونکه هه‌رکه مردین ئه‌وان ئێمه ده‌دۆزنه‌وه و ره‌نگه بمانکێشنه دادگا و جارێکی دیکه بمانگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر ژیانمان. ئه‌گه‌ر زۆر به خۆشبینیه‌وه وای دابنێن که به خێر و خۆشی به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو کۆسپانه‌دا تێپه‌ڕین و که‌س نه‌گه‌یشته سه‌رمان، بۆنی خوارده‌مه‌نیه‌که چ لێبکه‌ین؟ خۆ هه‌ر چێشت لێنانێک بۆنێکی هه‌یه. ئایا کاتێ بۆنی خوارده‌مه‌نی بڵاو بۆوه و به‌ر لووتی دراوسێ بهگیڕهکانمان که‌وت، ته‌له‌فۆن هه‌ڵناگرن: ئه‌لۆ له شه‌قامی فڵان، کۆڵانی فڵان، ماڵی ژماره‌ی فڵان بۆنی خواردن بهرلووتمان که‌وتووه. ئه‌وکات بۆنه‌که نابێته هۆی ئاشکرا بوونمان؟
ئه‌وه‌ی شتێکهی ئاشکرایه که‌س ناتوانێ پێشگیری له بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆن له
هه‌وادا بکات. له ده‌رئه‌نجامدا ئه‌م رێگا چاریهیهش خۆی له خۆیدا بێ ئاکامه و
ئێمه پاش بیرکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر به‌م ئاکامه گه‌یشتین که:
مردن له ناو ماڵدا شتێکه ده‌بێ هه‌ر بیری لێ نه‌کرێته‌وه. ده‌بێ شوێنێکی دیکه
بۆ مردن بدۆزرێته‌وه و ماڵ به راده‌ی پێویست جێگای متمانه نییه.
ته‌مامان گرت بچینه ده‌ره‌وه. بۆ وێنه پێکه‌وه سواری ماشێن بین و بڕۆین بۆ پیکنیک. که‌پسولێکی پیکنیک و هه‌موو پێداویستییه‌کان هه‌ڵگرین و یانی له حاڵێکدا ده‌چین بۆ سێزده به‌ده‌ر، سێزده‌ی ژیان ده‌رده‌که‌ین و ماڵئاوا؛ به‌ڵام خاڵێک که ئێمه هه‌موومان وه‌ک ئه‌زموون هه‌ستمان پێکردووه، مه‌ودای نێوان بیر و کرده‌وه‌یه. به‌زیاد نه‌بێ کاتێ ده‌تهه‌وێ گهڵاڵهکهت جێبه‌جێ بکه‌ی، تازه ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کان خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن. بۆ وێنه له ماشێن‌دا جێگای حه‌وت که‌س نابێته‌وه و یه‌کمان به‌جێ ده‌مێنێت. تازه ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیی یاسا بکه‌ین و زیاتر له راده‌ی دیاریکراو سوار بین، ئاخۆ نابێنه هۆی ئه‌وه چاودێرانی پۆلیس لێمان وه‌شک که‌ون؟ به‌م جۆره ئه‌وه نابێته هۆی پێشگری له ئه‌نجامدانی تهماکهمان؟ ده‌بێ به هه‌ر چه‌شنێک بێت شوێنێک بۆ مردنمان بدۆزینه‌وه.
*****
ئێستا پاش ساڵانێک هه‌وڵدانی بێپسانهوه، ئێمه توانیومانه وه‌ڵامی هه‌ردوو کێشه‌که بدۆزینه‌وه؛ یانی هه‌م بۆ مردن به هۆی ئارسنیک پێک هاتووین و هه‌م توانیمان پاش سهگڕهوێکی زۆر شوێنێکی جێگای متمانه و به هه‌ڵکه‌وت دوور له زه‌ین و له همانکاتدا نزیکه شاریش بدۆزینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م شوێن زۆر به هه‌ڵکه‌وت بوو. به‌مجۆره که کاتێ هه‌موومان سه‌رله‌به‌یانیه‌کی خۆڵه‌مێشی چووبووینه چیا و هه‌رگیز له بیر‌و نیازی ئه‌م جۆره جێگایه‌دا نه‌بووین، ئه‌م ئه‌شکه‌وته له‌به‌رچاوماندا زاری کرده‌وه. ساتێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو. سه‌ره‌تا له خۆشیان گریاین و پاشان بێ ئیختیاری خۆمان ده‌ستمان به شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ کرد، له‌وه‌ی که سه‌رئه‌نجام شانسمان بۆته‌وه، سوپاسی خومان کرد و دوایی هیچ رانه‌وه‌ستاین. هه‌ر له‌وێ پاش ته‌کبیرو ڕایه‌کی به په‌له به‌م ئاکامه گه‌یشتین که من له ئه‌شکه‌وته‌که‌دا بمێنمه‌وه و پارێزگاری له‌م شوێنه بکه‌م که دۆزیومانه‌ته‌وه، نه‌وه‌ک خوای نه‌خواسته تاقمێکی دیکه بگه‌نێ و ئه‌و شوێنه‌مان لێ داگیر بکه‌ن. چاوه‌ڕوان بووم ئه‌وانی دیکه به‌په‌له له شاره‌وه بگه‌ڕێنه‌وه و که‌رسته‌ی کار له‌گه‌ڵ خۆیاندا بێنن.
*****
ئێستا ساڵانێک به سه‌ر رۆیشتنی ئه‌واندا تێده‌په‌ڕێت و من هه‌روا لێره، له به‌ر ده‌رگای ئه‌شکه‌وت چاوه‌ڕوان دانیشتووم. من ده‌زانم که سه‌رئه‌نجام رۆژێک ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ئارسنیک و شۆرباو و شه‌مچه و.... دێنن و ئێمه به ئاواتی دێرینی خۆمان ده‌گه‌ین.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی ماندگار
