بینینی كچی له سه‌داسه‌د ئیده‌ئال له به‌یانیه‌كی به‌هاریدا
هاروكی موراكامی
وهرگێرِانی: سلێمان دڵسۆز
به‌یانییه‌كی جوانی خاكه‌لێوه له شه‌قامێكی لاوه‌كیی ته‌سكی گه‌ڕه‌كی كه‌شخه‌ی هاراجۆكۆی تۆكیۆ به په‌نا كچی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالمدا تێده‌په‌ڕم.
راستت بوێ، له‌و جوانانه نییه. هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نییه. جلوبه‌رگی به هیچ شێوه‌یه‌ك دانسقه نین. له خه‌و هه‌ستاوه و قژی پشت سه‌ری گنجی تێكه‌وتووه. گه‌نجیش نییه (سی ساڵێك ده‌بێ. له‌وه‌ش ناچێ كچ بێت.) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له په‌نجا یاردییهوه ده‌توانم تێبگه‌م: كچی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالمه. ئه‌و له‌حزه‌یه‌ی ده‌یبینم دڵم ده‌كه‌وێته رمبوكوت و، زارم وه‌ک ته‌ڵاشه دار وشك ده‌بێت. تیپی دڵخوازی ئێوه ده‌شێ كچێك بێ گوێزینگی ناسكۆڵه، یان چاوی گه‌وره یان قامكی شووش و باریك بن. یان ئه‌وه‌ی له‌خۆوه تیپه كچێكتان به دڵدا ده‌چێ كه به نانخواردنه‌وه خۆیان ده‌خافڵێنن. تیپه كچێكیش هه‌ن به دڵی منن. جار هه‌یه له ریستۆران وه‌خۆ دێمه‌وه و ده‌بینم چاوم له كچێك بڕیوه كه له پشت مێزه‌كه‌ی ته‌نیشتمه‌وه دانیشتووه چونكه شكڵی لووتیم پێ جوانه.
به‌ڵام هیچكه‌س ناتوانێ بڵێ كچی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی وی ته‌واو ئه‌و شته ده‌رده‌چێ كه پێشتر له خه‌یاڵیدا بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه من شكڵی لووتم زۆر به‌لاوه گرنگه، كه‌چی ته‌نانه‌ت نازانم ئه‌و كچه لووتی هه‌بوو یان نا. ته‌نیا شتێكی به دڵنیاییه‌وه وه‌بیرم دێته‌وه ئه‌وه‌یه كه جوانێكی وا نه‌بوو. سه‌یره، به یه‌كێك ده‌ڵێم: "دوێنێ له شه‌قام به په‌نا كچی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالمدا تێپه‌ڕ بووم."
ده‌پرسێ: "به‌ڕاست؟ جوان بوو؟"
"له‌و جوانانه‌ش نه‌بوو."
"كه‌واته لات شیرین بووه."
"نازانم، هیچ شتێكم له‌باره‌یه‌وه بیر ناكه‌وێته‌وه. نه شكڵی چاوانی، نه ئه‌ندازه‌ی مه‌مكانی."
"سه‌یره."
"وایه، سه‌یره."
تاقه‌تی به‌سه‌ر ده‌چێ . ده‌ڵێ: "ده‌ی به‌هه‌رحاڵ، چیت كرد؟ چووی قسه‌ت له‌گه‌ڵدا كرد؟ وه‌دوای كه‌وتی؟"
"نا. به‌س له شه‌قام به په‌نایدا تێپه‌ڕیم."
ئه‌و خه‌ریكه له لای رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ رۆئاوا ده‌ڕوا و من له رۆژئاواوه بۆ رۆژهه‌ڵات. به‌یانییه‌كی به‌راستی جوانی خاكهلێوهیه. خۆزگه توانیبام بیدوێنم. نیو سه‌عات به‌س بوو. ته‌نیا داوام لێده‌كرد باسی خۆیم بۆ بكات. منیش باسی خۆم ده‌كرد. زۆرم حه‌ز ده‌كرد پێچهڵاوپێچیی چاره‌نووسمانی بۆ روون بكه‌مه‌وه كه به‌یانییه‌كی جوانی خاكه‌لێوه‌ی 1981 تێپه‌ڕینی ئێمه به پهنایهكتریدا له یه‌كێ له شه‌قامه لاوه‌كیه‌كانی هاراجۆكۆی لێكه‌وتۆته‌وه. وه‌ك چۆن كاتژمێرێكی كۆن كه له كاتی هاتنه ئارای ئاشتیی جیهانییه‌وه دروست كرا(۱)، گه‌یشتنه یه‌كمان ده‌بێ پڕاوپڕ بێ له نهێنیی وروژێنه‌ر.
ده‌مانتوانی دوای پیاسه، له شوێنێك نانی نیوه‌ڕۆ بخۆین. له‌وانه‌بوو بچینه سه‌یری یه‌كێك له فیلمه‌كانی وودی ئالن، له هۆتێلێك كۆكتێلمان خواردباوه. ئه‌وده‌م چاره‌نووسمان دواجار كاری دهگهیاندینه سه‌ر قه‌ره‌وێڵه.
به‌خت رووی تێ‌كردووم. ئێستا مه‌ودای نێوانمان له پازده یارد كه‌متر بۆته‌وه.
چۆن بچمه به‌رده‌می؟ چی پێ بڵێم؟
"به‌یانیت باش كچه‌كه، پێت وایه بتوانی نیوسه‌عات له كاتی خۆت بۆ كورته گفتوگۆیه‌ك ته‌رخان بكه‌ی؟"
قۆڕه. وه‌ك ده‌ڵالی بیمه‌م لێدێ.
"ببووره، ده‌بێ له‌و دهورهبهرانه ئۆتۆشۆری شه‌وانه‌رۆژی لێنه‌بێ؟"
نا ئه‌مه‌شیان قۆڕه. خۆ جلی پیسیشم پێ نین. دڵَی ئاو ناخواته‌وه.
ره‌نگه ئه‌گه‌ر دهقودۆغری راستیه‌كه‌ی پێ بڵێم باشتر بێ. "به‌یانیت باش، تۆ كچی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی منی" نا بڕوا ناكات. ئه‌گه‌ر بڕواش بكات، ره‌نگه پێی خۆش نه‌بێ قسه‌م له‌گه‌ڵدا بكات. ره‌نگه بڵێت: به‌داخه‌وه، من كچی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی تۆم به‌ڵام تۆ كوڕی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی من نیت. ره‌نگه هه‌رواشی لێبێ و، بێت‌و بكه‌ومه دۆخێكی واوه، تێكده‌شكێم و هه‌رگیز پشتم له‌به‌ر ئه‌و گورزه راست ناكه‌مه‌وه. من سی و دوو ساڵم ته‌مه‌نه و پیری كه باسی ده‌كه‌ن شتێكی وایه.
له‌به‌ر ده‌ركی گوڵفرۆشییهك به په‌نا یه‌كتردا تێپه‌ڕ ده‌بین. شه‌پۆلێكی بچووكی هه‌وای گه‌رم به‌ر پێستم ده‌كه‌وێ. قیره‌تاوی شه‌قامه‌كه ته‌ڕه و بۆنی گوڵه‌باخم بۆ دێت. ناتوانم قه‌ناعه‌ت به خۆم بهێنم قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌م. بلووزێكی سپی له‌به‌ره و نامه‌یه‌كی له ده‌ستی راستیدا لوول داوه كه ته‌نیا ته‌مر(پوول)ێكی كه‌مه. له چاوه خهواڵووهكانیڕا دیاره نامه‌ی بۆ كه‌سێك نووسیوه. پێده‌چێ هه‌موو شه‌وه‌كه‌ی به نووسینی ئه‌و نامه‌یه‌وه بووبێ. له‌وانه‌یه هه‌موو نهێنییه‌كانی له ناو ئه‌و زه‌رفه‌دا بێت. چه‌ند هه‌نگاوێكی دی هه‌ڵده‌گرم و كه ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه: له ناو ئاپۆرادا بزر بووه. هه‌ڵبه‌ت ئێستا به باشی ده‌مزانی ده‌بوایه چی بڵێم. ده‌متوانی وتارێكی دوور‌و درێژ پێشكه‌ش بكه‌م. له‌وانه‌یه هێند دوورودرێژ كه نه‌توانم سه‌ر و بنی وێك بێنمه‌وه. هیچكام له‌و بیرۆكانه‌ی به مێشكی مندا دێن له كرده‌وه‌دا دروست له ئاو ده‌رنایه‌ن.
ئۆی، ده‌ی باشه، ده‌متوانی ئاوا ده‌ست پێبكه‌م: "ساڵ و عه‌یامێكی" و ئاوا كۆتایی پێ بهێنم: "چیرۆكێكی دڵته‌زێن بوو، وا نییه؟"
ساڵ و عه‌یامێكی ، كوڕێك و كچێك ده‌ژیان. كوڕه هه‌ژده ساڵ و كچه‌ش شازده ساڵی بوو. نه كوڕه ئه‌وه‌نده قۆز بوو نه كچه‌ش هێنده جوان. كوڕێكی ته‌نیای ئاسایی و كچێكی ته‌نیای ئاسایی بوون، وه‌كو خه‌ڵكی تر. به‌ڵام به‌دڵ بڕوایان به‌وه هه‌بوو كه له جێگایه‌كی سه‌ر گۆی زه‌وی، كچی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئاڵ و كوڕی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئاڵیان هه‌ن. به‌ڵێ ئه‌وان بڕوایان به په‌رجوو هه‌بوو. په‌رجوویه‌ك كه به‌ڕاستی رووی دا.
رۆژێك له سیله‌ی شه‌قامێك تووشی یه‌ك بوون.
كوڕه گوتی: "سه‌رسوڕهێنه‌ره! له هه‌موو ته‌مه‌نمدا به‌دوای تۆدا گه‌ڕاوم. ره‌نگه باوه‌ڕ نه‌كه‌ی به‌ڵام تۆ كچی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالمی." كچه‌ش گوتی: "تۆش كوڕی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی منی. ئه‌وی بیرم لێده‌كرده‌وه رێك ئاوای. ده‌ڵێی خه‌ون ده‌بینم."
له پارك له‌سه‌ر كهرهوێتێك دانیشتن، ده‌ستی یه‌كتریان گرت و به سه‌عاتان چیرۆكی ژیانی خۆیان بۆ یه‌كتر گێڕایه‌وه. چیدی ته‌نیا نه‌بوون. نیوه‌ی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی خۆیان دۆزیبۆوه و نیوه له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالهكهشیان هی خۆی دۆزیبۆوه. چه‌ند خۆشه نیوه‌ی له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی خۆت بدۆزیه‌وه و نیوه له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالهكهشت تۆ بدۆزێته‌وه. ئه‌مه په‌رجوویه‌ك بوو. په‌رجووی گه‌ردوون.
به‌ڵام هه‌روا كه دانیشتبوون و پێكه‌وه ده‌دوان، تان و پۆی زۆر باریكی گومان ره‌گاژۆی ده‌كرده دڵیان: سروشتییه كه خولیاكانی مرۆڤ ئاوا به ئاسانی بێنه دی؟ به‌م جۆره كاتێك بێده‌نگییه‌كی كورتخایه‌ن كه‌وته نێوانیان، كوڕه به كچه‌ی گوت: "وه‌ره با خۆمان له محه‌ك بده‌ین.. ته‌نیا جارێك. ئه‌گه‌ر ئێمه به‌ڕاستی دڵداری له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی یه‌كتر بین، رۆژێك له شوێنێك بێ سێ‌ودوو تووشی یه‌كتر ده‌بینه‌وه. جا كه ئه‌مه رووی دا و دڵنیا بووین كه ئه‌وینداری له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی یه‌كترین، هه‌ر له‌وێ و هه‌مان له‌حزه پێكه‌وه هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ین."
كچه گوتی: "راست ده‌كه‌ی، رێك ده‌بێ ئاوا بكه‌ین."
به‌و جۆره بوو كه لێك هه‌ڵبڕان. كچه‌كه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات رۆیی و كوڕه‌كه به‌ره‌و رۆژئاوا.
به‌ڵام، ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتن هیچ پێویست نه‌بوو. نه‌ده‌بوایه ملی بۆ بده‌ن چونكه به‌ڕاستی ئه‌وینداری له‌سه‌داسه‌د ئیده‌ئالی یه‌كتر بوون و یه‌كتر دیتنهكهیان په‌رجوو بوو. به‌ڵام بایی ئه‌وه‌نده لاو بوون كه نه‌یانتوانی له‌وه تێبگه‌ن. شه‌پۆلی سارد و بێباكی چاره‌نووس، زاڵمانه رایماڵین.
رۆژێكی زستان، كچه و كوڕه هه‌ردووكیان تووشی ئهنفڵۆنزایهكی سامناكی وه‌رزی بوون و دوای چه‌ندین حه‌وتوو سه‌رگه‌ردانی له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندا، یاده‌وه‌ریی ساڵانی رابردوویان له مێشك شۆرایه‌وه. كه وه‌ئاگا هاتنه‌وه، سه‌ریان وه‌ك داخڵه‌که‌ی دی.ئێچ.لۆرانسی منداڵ، به‌تاڵ و حه‌تاڵ بوو.
به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌و دووه، كه‌سی ده زیره‌ك و لێبڕاو بوون و به هه‌وڵی بێ‌وچان توانیان جارێكی دی هۆش و گۆشیان بێته‌وه به‌ر، وه‌ها كه بگه‌ڕێنه‌وه باری هاووڵاتییه‌كی ته‌واو. شوكری خوا، بوونه هاووڵاتی هێنده له‌زه‌بر كه ده‌یانتوانی رێڕه‌ویان له هێڵی میترۆیهكهوه بگوازنه‌وه هێڵێكی تر و له دائیره‌ی پۆسته‌خانه نامه‌یه‌كی سفارشی به‌ڕێ بكه‌ن.
له‌راستیدا ته‌نانه‌ت جارێكی دیكه، ئه‌وینیشیان تاقی كرده‌وه. ئه‌وینێك به رێژه‌ی له‌سه‌دا حه‌فتا و پێنج و ته‌نانه‌ت له‌سه‌دا هه‌شتا و پێنج.
زه‌مان به خێراییه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر رابرد و زۆر زوو كوڕه بوو به سی و دوو ساڵ و كچه به سی ساڵ.
رۆژێكیان به‌یانییه‌كی جوانی خاكه‌لێوه، له سۆراغی فنجانێك قاوه‌دا بۆ ده‌سپێكی رۆژ، كوڕه له لای رۆژئاواوه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات ده‌ڕۆیی و، رێك له‌و كاته‌دا، كچه بۆ به‌ڕێكردنی نامه‌یه‌كی سفارشی له لای رۆژهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و رۆژئاوا ده‌چوو. هه‌ردووكیان له شه‌قامی ته‌سك و لاوه‌كیی گه‌ڕه‌كی هاراجۆكۆی تۆكیۆ بوون. له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه به په‌نا یه‌كتردا تێپه‌ڕین. بۆ ساتێكی كورت، تروسكه‌یه‌كی به‌ئاسته‌می بیره‌وه‌ریی فه‌رامۆشكراو كه‌وته سه‌ر دڵیان. سینگی هه‌ردووكیان كه‌وته شه‌پۆلدان و، تێگه‌یشتن كه:
ئه‌وه كچی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالمه.
ئه‌وه كوڕی له‌سه‌داسه‌د ئیدهئالمه.
به‌ڵام تیشكی بیره‌وه‌رییه‌كانیان كز بوو و بیریان وه‌ك چوارده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روون نه‌بوو. بێ هیچ وشه‌یه‌ك به په‌نا یه‌كتردا تێپه‌ڕین و بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌ناو ئاپۆره‌دا بزر بوون.
چیرۆكێكی دڵته‌زێن بوو، وا نییه،
خۆیه‌تی، ده‌بوایه ئه‌وانه‌م پێ گوتبان.
[1] ئاماژه‌یه به بورجی كاتژمێر كه پاش بۆردومانی كیمیایی هێرۆشیما دروست كرا. ئه‌و كاتژمێره دوو نمایشگهری دیجیتاڵی هه‌ن كه یه‌كیان ئه‌ژماری رۆژه‌كانی دوای بۆردومانی كیمیایی هێرۆشیما و ئه‌وی تریان ئه‌ژماری رۆژه‌كانی دوای هه‌ر دوایین تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌تۆمی له دنیادا نیشان ده‌دات.
