كێ له ده‌ریادا مینی چاند؟
ئیتالۆ كالڤینۆ
وه‌رگێڕانی: سلێمان دڵسۆز
بانگهێشت كراوه‌كان له ڤێلای پۆمپۆنیۆی بانكهواندا، له شانشین، قاوه‌یان ده‌خوارده‌وه.
ژه‌نه‌راڵ ئامالاسونتا به فنجان و كه‌وچكی چكۆڵه شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی بۆ شه‌رح ده‌كردن. خانمی پۆمپۆنیۆ كه ژنێكی له‌سه‌رخۆ بوو به ده‌م بزه‌یه‌كه‌وه ده‌یگوت: "ئۆی كه سامناكه!"
ته‌نیا خانمی ئامالاسونتا كه‌مێك ترسی رێ نیشتبوو و هه‌قیشی بوو چونكه مێرده‌كه‌ی ئازایانه و زۆر به په‌له خوازیاری شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه له گشت به‌ره‌كاندا بوو. خانم ده‌یگوت "هه‌ر خوا بكه‌م زۆر نه‌خایه‌نێت..."
سترابۆنیۆی رۆژنامه‌نووس كه پیاوێكی دوودڵ بوو ده‌یگوت" باشه، خۆ من پێشبینی ئه‌وه‌م كردبوو، بیرت دێ جه‌ناب؟ وتاره‌كه‌م ، هی پاره‌كه..."
"به‌ڵێ، به‌ڵێ." و پۆمپۆنیۆ سه‌ری بۆ ده‌له‌قاند یانیها له‌بیریه‌تی، چونكه سترابۆنیۆ وتاره‌كه‌ی دوای وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نووسیبوو.
پایه‌به‌رز ئوچێللینی كه به‌ر له‌وه نه‌یتوانیبو مه‌ئموریه‌ته ئاشتیخوازانه‌كانی پاپ له درێژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه رێلێنهگیراوه و دوای ئه‌ویش، به ته‌واوی ڕوون بكاته‌وه گوتی:
"به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نابێ له‌بیرمان بچێ كه...."
هه‌موویان به نه‌رمونیانی گوتیان" وایه جه‌ناب، هه‌ڵبه‌ت..."
پێیان خۆش نه‌بوو ناڕهحهتتری بكه‌ن چونكه پۆمپۆنیۆ حه‌زی له ژنی پایه‌به‌رز ده‌كرد.
جاروبار كه په‌رده رێڕێیهكه لاده‌چوو، ده‌ریا وه‌ده‌ر ده‌كه‌وت كه وه‌ك پشیله‌یه‌كی ماڵی خۆی له كه‌نار هه‌ڵده‌سوو و به ده‌م هه‌موو شنهیهكهوه سه‌ری داده‌نه‌واند.
خزمه‌تكارێك وهژوركهوت و پرسیاری كرد ئاخۆ گیانله‌به‌ری ئاوییان ده‌وێن یان نا و گوتی پیره‌پیاوێك به سه‌به‌ته‌یه‌ك "تۆتیا" و "لیمپێت"ه‌وه هاتووه. باسه‌كه له مه‌ترسیی شه‌ڕه‌وه هاته سه‌ر مه‌ترسیی که‌وتوویی، ژه‌نه‌ڕاڵ باسی چه‌ند حاڵه‌تێكی له ئه‌فریقا كرد و سترابۆنیۆ، له‌و حاڵه‌تانه دوا كه له چیرۆكه ئه‌ده‌بییه‌كاندا تووشیان ببوو. پایه‌به‌رز بۆ هه‌مووانی له مل ده‌دا. پۆمپۆنیۆ كه سه‌ری له گیاندارانی ئاوی ده‌رده‌چوو، گوتی با پیره‌پیاوه‌كه بهێننه ژووره‌وه و بڕیار درا ئه‌و تێبگهڕێت.
پیره‌پیاوه‌كه ناوی باچی دێلی سكۆلی بوو. له‌گه‌ڵ پێشخزمهتهكهدا لێیان بووه كێشه چونكه پێی ناخۆش بوو ئه‌و ده‌ست له سه‌به‌ته‌كانی بدات، دوو سه‌به‌ته‌ی شڕی كه‌ڕوو هه‌ڵێناو. یه‌كیانی له بن هه‌نگڵی نابوو كه هه‌ر كه وه‌ژوور كه‌وت، به عه‌رزی دادا. سه‌به‌ته‌كه‌ی تر كه له‌سه‌ر شانی له‌به‌ر قورسییان داخزابوو، به ئه‌سپایی له عه‌رزی دانا. سه‌ری داپۆشیبوو و تووره‌كه‌یه‌كی به‌سه‌ر هه‌ڵكێشابوو. باچی سه‌ر و ده‌موچاوی كه‌وتبووه بن تووكی سپییه‌وه. به‌ڵام به‌شێكی بچووكی ده‌موچاوی كه به ده‌ره‌وه مابوو هێند سوور بوو كه ده‌تگوت به درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه خۆر له جیاتی ئه‌وه‌ی ره‌شی بكا ئاوهكوڵی كردبوو و ئینجا دایماڵیبوو. چاوی وه‌ك دوو كاسه خوێن وا بوون. وه‌ك بڵێی ئاوی چاوی ببێت به خوێ. به‌ژنی هێنده‌ی كوڕیژگه‌یه‌ك كورتیله بوو، ده‌ست و لاقی پڕ ماسوولكه‌ی له دڕاوایی ئه‌و به‌رگه شڕه‌ی له‌به‌ریدا بوو وهدهردهكهوتن، له ژێره‌وه هیچی له‌به‌ردا نه‌بوو. پێڵاوه‌كانی هێند په‌ڕپووت، لینگاولینگ و گرمۆڵه بوون بیرت بۆ ئه‌وه ده‌چوو له ده‌ریا راوی كردبن. سه‌رتاپای گیانی بۆگنخی قه‌وزه‌ی لێده‌هات. خانمه‌كان ده‌یانگوت: "چ كه‌سێكی تایبه‌ته!"
باچی دێلی سكۆلی سه‌ری سه‌به‌ته‌كه‌ی كردبۆوه و ئه‌و تۆتیا له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه بووانه‌ی پێشان ده‌دان كه دڕكه ره‌ش و بریقه‌داره‌كانیان لێك ده‌خشان. به‌و ده‌سته پیرهڵۆكانهیهوه كه پڕ بوون له نووكه دڕكی ره‌شی تۆتیا وای سه‌روبن ده‌كردن ده‌تگوت كهروێشكان به گوێیان هه‌ڵده‌كێشێ. وهریدهگێڕان و گۆشته سوور و نه‌رمه‌كانی نیشانی بانگهێشت كراوه‌كان ده‌دان. نایلونێكی له‌بن تۆتیاكان راخستبوو و بن نایلۆنهكهش پڕ بوو له لیمپێت، به له‌شی ته‌خت و رێڕێ و، زه‌رد و قاوه‌ییه‌وه.
پۆمپۆنیۆ تێكی وهردهدان و بۆنی پێوه ده‌كردن: "ئه‌وانه‌ت خۆ لای خۆتان، له زه‌لكاوه‌كانتان نه‌گرتوون، ها؟"
باچی له‌نێو كۆڵێك ریش و پهشمهوه بزه‌یه‌كی هاتێ: "ها؟ نا كاكی خۆم، من له به‌ستێنێ ده‌ژیم، ئه‌نگۆ لێره زهلكاوو هه‌ن. مه‌له‌شی تێدا ده‌كه‌ن..."
بانگهێشت كراوه‌كان باسه‌كه‌یان گۆڕی. هه‌ندێكیان تۆتیا و لیمپێت كڕی و باچییان راسپارد له‌مه‌ودوا له‌و شتانه‌یان بۆ بێنێ. بانگهێشت كراوه‌كانی دیكه‌ش سه‌ر و كارت ڤیزیتی خۆیان دایه بۆئه‌وه‌ی سه‌ر له ڤێلای ئه‌وانیش هه‌ڵێنێت.
پرسیان: "له‌و سه‌به‌ته‌ی دیكهتدا چیت پێیه؟"
پیره‌پیاوه‌كه چاوێكی داگرت و گوتی: "ئه‌ها، له‌وێدا جانه‌وه‌رێكی ئاسنم پێیه. جانه‌وه‌رێك كه نایفرۆشم."
ـ ئه‌دی چی لێده‌كه‌یت؟ ده‌یخۆیت؟
ـ بیخۆم؟ جانه‌وه‌رێكی ئاسنه... ده‌بێ خاوه‌نه‌كه‌ی وه‌بینم و وێی بده‌مه‌وه با بۆخۆشی بڕێكی ئاگا لێبێ. خراپ ده‌ڵیم؟
له قسه‌كانی تێنه‌ده‌گه‌یشتن.
روونی كرده‌وه: "ده‌زانن چییه، ئه‌و شتانه‌ی ده‌ریا رایاندهداته قه‌راغ، ئه‌من دابه‌شیان ده‌كه‌م. له لایه‌كه‌وه قدوولكهی ته‌نه‌كه دێن له لایه‌كی دیكه‌ڕا ئێسقان. كه‌چی، له ناكاو ئه‌و سهگبابخێوه چنگ من ده‌كه‌وێ. ده‌ی چی لێ بكه‌م؟ چاوم لێ‌بوو له ناو ده‌ریادا ده‌هاته پێشێ. نیوێكی له بن ئاودا بوو و نیوێكی له سه‌ر ئاوێ. قه‌وزه دایپۆشیبوو و ژه‌نگی گرتبوو. ئه‌من سه‌رم سوڕماوه، باشه ئه‌و سهگبابخێوانه بۆچی ده‌خه‌نه ئاوێوه؟ بۆخۆو پێ‌و خۆشه له بن قه‌ره‌وێڵه یان له ناو كومێد وهیانبینن؟ ئه‌من گرتمه‌وه و ئێستێش به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌گه‌ڕێم كه ئه‌وانه داده‌نێته‌وه تا پێی بڵێم: پیاوه‌تی بكه و با تۆزێكیش لای تۆ بێ!"
ئه‌وه‌ی گوت و سووكێكی خۆی گه‌یانده سه‌به‌ته‌كه، گرێی ئه‌و كیسهیهی كرده‌وه كه له زاركی سه‌به‌ته‌كه‌ی به‌ستبوو و شتێكی زلی سامناك و ئاسنی خسته به‌ر دیده‌ی هه‌مووان. خانمه‌كان سه‌ره‌تا نه‌یانزانی چییه به‌ڵام كاتێ ژه‌نه‌ڕاڵ ئامالاسونتا نه‌ڕاندی: "مین!" ئه‌وان له زیڕژنیان دا. خانمی پۆمپۆنیۆ بوورایه‌وه.
هه‌موویان سه‌ریان لێ‌شێوا. یه‌كێك خانمی باوه‌شێن ده‌كرد، یه‌ك دڵخۆشی ده‌دانه‌وه كه: "حه‌تمه‌ن پووچه‌ڵه، ئه‌ویش پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه كه له ئاودا بووه..." یه‌كیش ده‌یگوت: "ده‌بێ لێره لاببرێت، ده‌بێ ئه‌و پیره‌پیاوه بگیرێت." به‌ڵام له‌و چرتان پرتانهدا پیره‌پیاو به خۆ و سه‌به‌ته سامناكهكهیهوه بزر ببوو.
خانه‌خوێ، هه‌رای پێشخزمه‌تی كرد:" نه‌تاندی كێوه چوو؟" كه‌سیان له‌وه دڵنیا نه‌بوون پیره‌پیاو ماڵه‌كه‌ی جێهێشتبێت. "ئه‌م ماڵه هه‌موو سه‌نگ و سووژن دهن، كۆمێد و قه‌ره‌وێڵه‌كان، عهمبارییهكه وه‌ده‌ربنێن!"
ئامالاسونتا كه ره‌نگی به رووانه‌وه نه‌مابوو له ناكاو قریشكاندی: "هه‌ر بابایه و فریای خۆی كه‌وێ، ئه‌و ماڵه له خهتهرایه. هه‌مووتان بۆ ده‌ره‌وه!"
پۆمپۆنیۆ لێی وه‌ده‌نگ هات: "بۆ هه‌ر ماڵی من ژه‌نه‌ڕاڵ؟ ئه‌ی ماڵی خۆت؟ بڕۆ خه‌می ماڵی خۆتت بێت!"
سترابۆنیۆ كه وتاره‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆی خۆی بیر كه‌وتبوونه‌وه گوتی:" منیش ده‌بێت بڕۆم هۆشم به‌سه‌ر ماڵی خۆمانه‌وه بێت..."
خانمی پۆمپۆنیۆ كه به هۆش هاتبۆوه خۆی به ملی مێرده‌كه‌یه‌وه ههڵڕوسكاندبوو و ده‌یقیژاند: "پیترۆ!"
خانمی ئۆچێللینی كه ئه‌ویش به باوه‌شی پۆمپۆنیۆوه ههڵڕوسكابوو و خۆی له‌ته‌ك هاوسه‌ره شه‌رعییه‌كه‌ی پۆمپۆنیۆ ده‌خافڵاند زریكاندی: "پییهرینۆ!"
پایه‌به‌رز ئۆچێللینی كه هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه بینی گوتی: "لوویزا! با بڕۆینه‌وه!"
پێیان گوت: "پێتان وا نه‌بێ ماڵی ئێوه له ماڵی خه‌ڵكی ئه‌منتره! به‌و سیاسه‌ته‌ی حیزبه‌كه‌تان گرتوویه‌ته به‌ر، ئێوه‌ش له ئێمه زیاتر مه‌ترسیتان له‌سه‌ره!"
ئۆچێللینی بیرێكی نایابی به مێشكی‌دا هات: "پۆلیس ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه!"
پۆلیس له سه‌رانسه‌ری شاری سه‌ر كه‌ناردا به دوای پیرهپیاوێكدا ده‌گه‌ڕا كه مینێكی پێ‌بوو. له ڤێلای پۆمپۆنیۆی سه‌رمایه‌دار و ژه‌نه‌ڕاڵ ئامالاسونتا و سترابۆنیۆی رۆژنامه‌نووس و جه‌نابی ئۆچێللینی و ئه‌وانی دیكه‌دا، سه‌ربازی پڕچه‌ك كرانه پاسه‌وان و تاقمی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین، له ژێرزه‌مینه‌وه تا سه‌ربانی ڤێلاكانی پشكنین. بانگێشت كراوه‌كانی ڤێلای پۆمپۆنیۆ خۆیان ئاماده كرد تا ئه‌و شه‌وه له ده‌ره‌وی ماڵه‌كانیان ئێشك بگرن.
له‌و كه‌س به كه‌سه‌دا، قاچاخچییه‌ك به ناوی گریمپانتێ كه له سایه‌ی برادهرهكانییهوه ئاگای له هه‌موو شتێك بوو، بۆخۆی كه‌وته پێوشوێنی باچی دێلی سكۆلییهوه. گریمپانتێ پیاوێكی چوارشانه بوو و كڵاوێكی قوماشی سپی له‌سه‌ر ده‌نا. گشت سات و سه‌ودای مهشكووك له ده‌ریا و كه‌ناردا له‌ژێر چاوه‌دێریی ئه‌ودا به ئه‌نجام ده‌گه‌یشت. دوای گه‌ڕان به ناو چه‌ند مه‌یخانه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی كازێ ڤێكییهدا، گریمپانتێ خۆی له‌به‌ر ده‌م باچیدا دیته‌وه كه به سه‌رخۆشی و سه‌به‌ته مهتهڵئامێزهكهی له‌سه‌ر شان ده‌هاته ده‌ره‌وه.
فه‌رمووی كرده مه‌یخانه‌ی ئۆركیا مۆتزاتا پێكه‌وه پێكێك هه‌ڵده‌ن. كه گڵاسهكانی پڕ ده‌كردن، ده‌ستی كرده شهرحدانی پلانه‌كه‌ی خۆی بۆی.
ده‌یگوت: "كه‌ڵكی چی هه‌یه مینه‌كه بگهیهنیهوه ده‌ست خاوه‌نی، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ هه‌ر بۆی بڕه‌خسێ مینه‌كه له‌و شوێنه داده‌نێته‌وه كه تۆ ههڵتگرتۆتهوه. به قسه‌ی من بكه‌ی، هێند ماسییان ده‌گرین هه‌موو بازاڕی كه‌ناری لێ پڕ ده‌كه‌ین و به چه‌ند رۆژ ده‌بینه ملیۆنێر."
له بیرمان نه‌چێ منداڵێكی تۆقه به ناوی زێفرینۆ كه ده‌می له هه‌موو شتێك ده‌هێنا پێش، تا مه‌یخانه‌ی ئۆركیا مۆتزاتا كه‌وتبووه شوێنیان و له ژێر مێزه‌كه‌یان خۆی مات كردبوو. هه‌ر خێرا له مه‌به‌ستی گریمپانتێ گه‌یشت و به غار ده‌رپه‌ڕی تا ئه‌و هه‌واڵه له نێو هه‌ژاره‌كانی كازێ ڤێكییهدا بڵاو بكاته‌وه:
"حه‌زتان لێیه ئه‌مڕۆ گۆشتی سووره‌وه‌كراو بخۆن؟"
له په‌نجه‌ره‌ی خوارو خێچ و ته‌سكه‌وه، ژنانی لاواز و سهرقرژن و منداڵ به باوه‌ش، پیری گوێ به بیستۆك(سه‌معه‌ك) و ژنی مهكردار كه ره‌گی گیایان سپی ده‌كردن و لاوانی بێكار كه ریشیان ده‌تاشی سه‌ریان وه‌ده‌ر نا.
ـ چلۆن؟ چلۆن؟
زێفرینۆ گوتی: "بێ خشپه و هه‌را وه‌دوام كه‌ون."
گریمپانتێ سه‌رێكی له ماڵێ دایه‌وه و به خۆی و سندووقێكی كهمانچهوه گه‌ڕایه‌وه. رێگای قه‌راغ ده‌ریایان گرته‌به‌ر. له پشت سه‌ریانه‌وه، به پێدزه، هه‌ژارانی كازێ ڤێكییه ده‌هاتن. ژنانی تاوه به‌ده‌ست كه هێشتا بهروانكهیان پێوه بوون، پیری سه‌قه‌ت له ناو كورسی چه‌رخدا، لاق پهڕیوهكان به شه‌قه‌ی بن ههنگڵیانهوه و رهوهدهیهك منداڵ له ده‌وروبه‌ری ئه‌م ئاپۆرایهوه ده‌هاتنه پێش.
گریمپانتێ و باچی كاتێ گه‌یشتنه تاشه‌به‌رده‌كانی كه‌نار، مینه‌كه‌یان خسته ده‌ریاوه و سپاردیانه ده‌ست ئه‌و نه‌رمه شه‌پۆله‌ی كه به‌ره‌و قووڵایی ده‌ریا ده‌بزووت. گریمپانتێ له سندووقی كهمانچهكهوه، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه مرۆڤان ده‌كوژێ و ده‌یانداته به‌ر ده‌سڕێژ ده‌رهێنا و له پشت ته‌خته به‌ردێك دامه‌زرا. سێرهی له مینه‌كه گرت و ده‌سڕێژی كرد. گولله‌كان له‌سه‌ر ئاوه‌كه نافووره‌ی چكۆڵهیان دروست ده‌كردن. هه‌ژاران، له‌سه‌ر جاده‌ی كه‌نار، له سه‌ر زگ راكشابوون و توند گوێیان گرتبوون.
له ناكاو كۆڵه‌كه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی ئاو، رێك له‌و شوێنه‌ی كه مینه‌كه‌ی لێ‌بوو، هه‌ڵكشا. شووشه‌ی ڤێلاكان تێكخرمان. شه‌پۆل گه‌یشته سه‌ر جاده. كه ئاوی ده‌ریا گه‌ڕایه‌وه شوێنی خۆی، ورده ورده به‌رزگی سپیی ماسییان له سه‌ر ئاو ده‌ركه‌وتن. گریمپانتێ و باچی تازه ده‌ستیان بۆ تۆڕێكی گه‌وره بردبوو كه كه‌وتنه به‌ر سێڵاوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌ره‌و ده‌ریا هوروژمیان هێنا.
هه‌ژاره‌كان به به‌رگه‌وه خۆیان به ئاودادا. یه‌كێك كه‌وشه‌كانی به‌ده‌سته‌وه بوون، یه‌ك ده‌لینگی هه‌ڵكردبوو، داوێنی ژنه‌كانیش به شێوه‌ی بازنه‌یی ره‌سه‌ر ئاو كه‌تبوون: هه‌موو داهاتبوونهوه و ماسیی قڕبوویان ده‌گرتنه‌وه. هه‌بوو به ده‌ستان ده‌یگرته‌وه، هه‌بوو به كڵاو، هه‌بوو به پێڵاو، هه‌بوو له گیرفانی ده‌نان و هه‌شبوو ده‌یخستنه جانتاوه. منداڵه‌كان له هه‌مووان ئازاتر بوون به‌ڵام پێك ههڵنهدهپڕژان چونكه رێك كه‌وتبوون وه‌ك یه‌ك له نێو خۆیان دابه‌شیان بكه‌ن. بێ له‌وه، زه‌ینی پیرهكانیشیان بوو یارمه‌تییان بده‌ن، چونكه ئه‌وان جار هه‌بوو ههڵدهخلیسكان و به ریشی پڕ له قه‌وزه و قرژاڵی بچووكه‌وه، له ئاو ده‌هاتنه‌وه ده‌ر. له هه‌موان به‌خته‌وه‌رتر، ئه‌و ژنانه بوون كه چارۆكه‌یان له‌سه‌ر ئاوێ پان راكردبوون و ده‌ریایان گسك ده‌دا.
له كه‌ناردا، به چرپی و قه‌وزه‌ی وشك ئاگر ده‌كرانه‌وه و تاوه ده‌هاتنه ده‌رێ. هه‌ریه‌كه‌و بتڵێكی بچووكی رۆنیان له گیرفانی ده‌رهێنا و ورده ورده بۆنی ماسیی سووره‌وه‌كراو بڵاو بۆوه. گریمپانتێ بۆی ده‌رچوو هه‌تا به خۆی و چه‌كه‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه نه‌كه‌وێته داوی پۆلیسه‌وه... به‌ڵام باچی دێلی سكۆلی به‌و ماسی و قرژاڵ و مهیگۆیانهوه كه له هه‌موو دڕاواییهكی جلوبه‌رگیه‌وه سه‌ریان وه‌ده‌ر نابوو له نێو ئاپۆراكهدا بوو و له خۆشیان قاشه ماسییه‌كی به كاڵ و نهكوڵیوی ده‌خوارد.
