په‌یڤه نزم و سارده‌كان
شاڵاو حه‌بیبه
بۆ: خاڵه سێوه
هه‌روه‌تر بۆ ڕێزلێنان له: ڕاچێڵ ستار
سێوه؛ سبحه‌ینێ زوو
خاڵه سێوه، سبحه‌ینێ گه‌لێك زوو؛ پشتییه‌ك دێنێ و ده خانۆچكهی خه‌ماندا پاڵ ده‌داته‌وه و دبێژێ:
- ئه‌رێ سێوه، دایكه‌كه‌م! ئه‌توو چایه‌كه‌ت هه‌ر به جارێ ده‌بیر كرد!
ڤێجا ده‌ست ده‌بن سه‌ری خۆیه‌وه داده‌نێ و جامهدانییهكهی - كه ته‌نێ چوار گۆرانیی ده گرێكانیدا ون بوونه- ڕێك ده‌خا و دبێژێ:
- ئه‌رێ سێوه، دایكه‌كه‌م! ئه‌وه سه‌ری من گه‌لێك دێشی؛ ئه‌و چایه بوو به چی؟!
به‌ر له‌وه‌ی چایه‌كه قوڵپ بدا و سه‌ری قۆرییهكه بله‌رزێ و سێوه‌خان به فڕكانێ بگاته كنی، خاڵه سێوه وه‌كی ده‌ڵێن؛ تێی ده‌چریكێنێ. گیا چۆن به نرمیی ده‌ژێر به‌فره‌وه پشت ڕاست ده‌كاته‌وه؛ ئا وه‌ها!
ئیدی سێوه هه‌ر به جارێ چایه‌كه ده‌بیر ده‌كا و منژی لێره‌وه كه دانیشتووم و ده‌نووسم؛ دڵم قوڵپه قوڵپیێتی و به‌ڕۆژ ئاكرێیی؛ (نكاوێك شانه‌كانی ده‌له‌رزن.)
مسس ڕاچێڵ؛ مینا سێوه
ڕاچێڵ ستار، سبحه‌ینێ گه‌لێك زوو؛ ڕووت و قووت؛ خه‌واڵووی خه‌واڵوو، وه‌كئه‌وه‌ی دنیا ته‌نێ هی ئه‌و بێ، به ژووه‌ره چكۆڵهكهیدا، دێ و ده‌ڕوا و دێته‌وه و باكی به هیچ نییه. ده‌می ژوانه‌كانی چاو لێ ده‌كا و ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ناشزانێ كه: خاڵه سێوه، سبحه‌ینێ گه‌لێك زوو؛ پشتییه‌ك دێنێ و ده خانۆچكهی خه‌ماندا پاڵ ده‌داته‌وه و دبێژێ:
- ئه‌رێ سێوه، دایكه‌كه‌م! ئه‌توو چایه‌كه‌ت هه‌ر به جارێ ده‌بیر كرد!
ڤێجا ده‌ست ده‌بن سه‌ری خۆیه‌وه داده‌نێ و جامهدانییهكهی - كه ته‌نێ چوار گۆرانیی ده گرێكانیدا ون بوونه- ڕێك ده‌خا و دیسان دبێژێ:
- ئه‌رێ سێوه، دایكه‌كه‌م! ئه‌وه سه‌ری من گه‌لێك دێشی؛ ئه‌و چایه بوو به چی؟!
به‌ر له‌وه‌ی چایه‌كه قوڵپ بدا و سه‌ری قۆرییهكه بله‌رزێ و سێوه‌خان به فڕكانێ بگاته كنی، خاڵه سێوه وه‌كی ده‌ڵێن؛ تێی ده‌چریكێنێ. گیا چۆن به نرمیی ده‌ژێر به‌فره‌وه پشت ڕاست ده‌كاته‌وه؛ ئا وه‌ها!
ئیدی سێوه هه‌ر به جارێ چایه‌كه ده‌بیر ده‌كا و منژی لێره‌وه كه دانیشتووم و ده‌نووسم؛ دڵم قوڵپه قوڵپیێتی و به‌ڕۆژ ئاكرێیی؛ (نكاوێك شانه‌كانی ده‌له‌رزن.)
مسس ڕاچێڵ خه‌تێك له ده‌مژمێر 8.30 ده‌دا و جانتاكه‌ی كه خاڵه سێوه ئه‌سڵه‌ن چ پێ نازانێ، چی تێدایه، ده‌ست ده‌داتێ و به‌و شه‌قامانه‌دا كه نه‌ك خاڵه سێوه، كوڕه به‌ڕۆژ ئاكرێییش نازانێ نێویان چییه و هی كامه شارن، ڕاده‌بوورێ و لێره و له‌وێ چه‌ندكه‌سێك كه نازانم چه‌ند كه‌سن، ده‌زانن:
- ئه‌وه ڕاچێڵ ستاره!
منژی وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌تم مسس ڕاچێڵ نه‌دیتبێ، ده‌پرسم:
- كێهان؟ كێهان؟
سێوه، پاش گیا؛ كه پشتی به جارێ ڕاست بووه‌ته‌وه
خاڵه سێوه، كه چایه‌كه‌ی دواجار هه‌ر نه‌خوارده‌وه و ده ماڵ ده‌رچوو و ده كۆڵانان كه‌وت، به بێ ئه‌وه‌ی بزانێ ڕاچێڵ ستار، سبحه‌ینێ گه‌لێك زوو؛ ڕووت و قووت؛ خه‌واڵووی خه‌واڵوو، وه‌كئه‌وه‌ی دنیا ته‌نێ هی ئه‌و بێ؛ به ژووه‌ره چكۆڵهكهیدا، دێ و ده‌ڕوا و دێته‌وه و باكی به هیچ نییه. ده‌می ژوانه‌كانی چاو لێ ده‌كا و ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ناشزانێ كه؛ خاڵه سێوه، سبحه‌ینێ گه‌لێك زوو؛ پشتییه‌ك دێنێ و ده خانۆچكهی خه‌ماندا پاڵ ده‌داته‌وه و دبێژێ:
- ئه‌رێ سێوه، دایكه‌كه‌م! ئه‌توو چایه‌كه‌ت هه‌ر به جارێ ده‌بیر كرد!
ڤێجا ده‌ست ده‌بن سه‌ری خۆیه‌وه داده‌نێ و جامهدانییهكهی - كه ته‌نێ چوار گۆرانیی ده گرێكانیدا ون بوونه- ڕێك ده‌خا و دیسان دبێژێ:
- ئه‌رێ سێوه، دایكه‌كه‌م! ئه‌وه سه‌ری من گه‌لێك دێشی؛ ئه‌و چایه بوو به چی؟!
به‌ر له‌وه‌ی چایه‌كه قوڵپ بدا و سه‌ری قۆرییهكه بله‌رزێ و سێوه‌خان به فڕكانێ بگاته كنی، خاڵه سێوه وه‌كی ده‌ڵێن؛ تێی ده‌چریكێنێ. گیا چۆن به نرمیی ده‌ژێر به‌فره‌وه پشت ڕاست ده‌كاته‌وه؛ ئا وه‌ها!
ئیدی سێوه هه‌ر به جارێ چایه‌كه ده‌بیر ده‌كا و منژی لێره‌وه كه دانیشتووم و ده‌نووسم؛ دڵم قوڵپه قوڵپیێتی و به‌ڕۆژ ئاكرێیی؛ (نكاوێك شانه‌كانی ده‌له‌رزن.)
ده‌ستێك له جامهدانییهكهی ده‌دا و بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بێ، وه‌كئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی من بێ، به سه‌ر ئاماژه بۆ مسس ڕاچێڵ ده‌كا و دبێژێ:
- ئه‌وه‌تا! سواره گچكهلانهكهی من!
منژی ده‌خۆڕا پێم وایه خاڵه سێوه ده‌مژمێر 8.30 ده جێیه‌كی گه‌لێك چۆڵ و نهێنی دا، ژوانی هه‌یه. كه‌س چ پێ نازانێ ئه‌م پیاوه‌ی چه‌ند سه‌عات پیش ئێستا دایكه چاوبهكلهكهی ده‌ستی ده شانی داوه و پێی گوتووه:
- سێَوه! ئه‌وه سه‌حه‌ره!
- كوێوه ده‌چێ؟
هیچكه‌س گراوییه‌كه‌ی وی نه‌دیتییه و ناناسی.
په‌یڤی جه‌سته
مسس ڕاچێڵ گومان ده‌با ده شارێكی دی بێ، بڵام بڕوا ناكا. ئاخر چۆن؟ قه‌تی بیر نایێ ئه‌م ئه‌درێسه‌ی نووسیبێ و قه‌تیش كه‌یفی به‌وه نه‌هاتووه: سبحه‌ینێ گه‌لێك زوو؛ جه‌سته‌ی بهێنێته په‌یڤین. ئه‌رێ ئه‌م كۆڵانه خۆڵاوی و كهونانه چین؟ ئه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه وا داپۆشراوانه كێن؟ تۆ بڵێی به‌م چله‌ی هاوینه سه‌رمایان بێ، یان هه‌ڵامه‌تیان گرتبێ؟ سه‌یره و ئه‌وه‌ی باشه، كه‌سیشیان ده من ناڕوانن.
ئاخر به‌س من ده‌زانم، ئه‌ویش سێوه پێی گوتم، كه ئه‌وه ڕاچێڵ ستاره و به‌و كۆڵانه خۆڵاوی و كهونانهی مه‌دا ڕاده‌بوورێ و كه‌سیش جگه له من و سێوه نایبینێ. چما ئه‌م گه‌لحۆیانه چ ده‌بینن؟!
مسس ڕاچێڵ ده كۆڵانێكی ته‌سك و نیوهداڕووخاودا، ئه‌درێسه‌كه ده‌دۆزێته‌وه و به ترسه‌وه له درگایه‌كی ته‌نه‌كه ده‌دا و بۆ یێكهمجار ده‌هزرێ:
- ده‌بێ ئه‌م سێوه‌یه چۆن بێ؟
سێوه؛ به‌ره‌و په‌یڤی جه‌سته
چما سێوه - خودا عافووی كا - به خۆشی ده‌زانێ كه چۆن بوو ئه‌درێسه‌كه‌ی نووسی و ڕه‌وانه‌ی ژنێكی نه‌ناس و نه‌دی كرد، به نێوی ڕاچێڵ ستار: مه‌گه‌ر خودا خۆی بزانێ ئه‌و نێوه‌ی چلۆن به سه‌قه‌تی نووسیوه و خۆ هه‌ر نه‌شی ده‌زانی چۆنی برێتن!
به‌ر له‌وه‌ی ژنه‌كه بگا، سێوه ده ژووره شپڕێوهكهی خۆی دا، گۆرانی ده‌ڵێ. هێنده به نزمی، مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی گوێی له خه‌می خۆی بێ. گۆرانییه‌كه‌ی پتر ده‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه نازانێ ده‌و ژووره شپڕێوهدا چ بكا و چلۆن خۆی بۆ پێشوازیی ژنێكی نه‌ناس و نه‌دیتوو، ته‌یار بكا.
كه له درگا ده‌درێ؛ ده‌نگی ده له‌رزینی جه‌سته‌یدا ون ده‌بێ و پاشی چه‌ندان چركه، درگا ده‌كاته‌وه و زۆر شه‌رمنانه دبێژێ:
- هاتی! سواره گچكهلانهكهی من!
په‌یڤی جه‌سته
مسس ڕاچێڵ، پێشبینیی جه‌سته‌یه‌كی وا و جلوبهرگێَكی وای نه‌كردبوو. ده دڵی خۆیدا گوتی:
- چش له‌و چه‌ند دۆلاره و ئه‌و هه‌موو ماندیبوونهی شاڵاو حه‌بیبه و با وه‌گه‌ڕێم.
سێوه به بێ ئه‌وه‌ی قه‌تی ڕه‌نگی دۆلاران دیتبێ، هه‌ر له‌مدیو درگاوه، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌قڵی به‌وه بشكێ، كه هیچ نه‌بێ جانتاكه له ده‌ست ژنه‌كه وه‌رگرێ؛ زۆر كورده‌وارییانه پڕی دایه!
ژنه، كه به جارێ تۆقیبوو، گوتی:
- هیواش كابرا! چیته؟ سه‌بر سه‌بر.
سێوه كه ته‌ریق بووبووه‌وه، وه‌كئه‌وه‌ی میقاتیان كردبێ، گوتی:
- سه‌ری من گه‌لێك دێشی، شۆڕه‌ژن.
مسس ڕاچێڵ به ده‌م كه‌نینه‌وه جانتاكه‌ی دایه سێوه و ده‌ژێر لێوه‌وه پاتی كرده‌وه:
- سه‌ری من گه‌لێك دێشی، شۆڕه‌ژن.
ده‌سته‌كانی ڕاچێڵ ستار
مسس ڕاچێڵ به سێوه‌ی گوت:
- ده‌گه‌ڵ قاوهیێكی تاڵ تاڵ‌دا چۆنی؟
سێوه، كه پێشتر قه‌تی قاوه نه‌خواردبووه‌وه و حه‌زیشی نه‌ده‌كرد به‌ڵێ بۆ هه‌موو قسه‌یێكی ژنێكی نه‌ناس و نه‌دی بكا، سهرلهههووهڵ ویستی بڵێ نا. بڵام كه دیتیی ژنه وا خه‌ریكه به دوای قۆری و كیسه‌ی قاوه و تشتی وه‌هادا ده‌گه‌رێ و سه‌بری ده وڵام نه‌گرت و كه زانی قه‌تی قاوه نه‌كڕیوه و به تایبه‌تیش بۆ وه‌ی تشتێكی گوتبێ، گوتی:
- ده‌رێی چی چایێكم بۆ لێ بنێی؛ ئاخر سه‌ری من گه‌لێك دێشی.
ژنه ده‌ژێر لێوه‌وه پاتی كرده‌وه:
- ده‌رێی چی چایێكم بۆ لێ بنێی؛ ئاخر سه‌ری من گه‌لێك دێشی.
پاشان بۆ یێكهمجار ده ژیانیدا مژۆڵی چالێنان بوو. بۆ كێ؟ بۆ پیاوێك كه جلێكی فشۆڵی دهبهره و كڵاوێكی عهنتیكهشی دهسهره. ڕێك وه‌ك هیندییه‌كان و بڵام هیندیش نییه. ئاخر هه‌ر دوێنێكه چووه لای هیندییه‌ك و ده‌زانێ وان چۆنن و چۆنیش قسان ده‌كه‌ن.
ژنه پرسیی:
- تۆ هیچ ئیش ناكه‌ی؟
سێوه به شه‌رمه‌وه و له دواوه ده‌ستی زۆر بێ ئه‌زموونانه ده كه‌مه‌ری ژنه، كه خه‌ریكبوو چای ده‌كرده قۆرییهكهوه، ئاڵاند و گوتی:
- بۆ نا! جارجار كه خه‌مێك دێ، گۆرانی‌یان ده‌رێم.
ژنه خۆی ده حه‌ڵقه‌ی ده‌سته‌كانی سێوه ڕه‌ها كرد و گوتی:
- من جارێ مژۆڵم. لێگه‌ڕێ بزانم چ ده‌كه‌م.
پاشان چایه‌كه‌ی خسته سه‌ر ته‌باخه‌كه و گوتی:
- داده‌ی بزانم! جارجار كه خه‌مێك دێ چۆن گۆرانی‌یان ده‌رێی؟
سێوه كه نه‌یده‌زانی ده‌سته تهریقبووهكانی چ لێ بكاتن، گوتی:
- سبحه‌ینان گۆرانی‌یان ده‌رێم.
ژنه، كه سینیی و پیاڵه‌كانی ده‌شووشت، به ده‌م كه‌نینه‌وه گوتی:
- چما ته‌نێ سبحه‌ینان خه‌مێك دێ؟
سێوه، كه دیتی ده‌گه‌ڵ ئه‌م ژنهتیوهدا كه كه‌س نازانێ خه‌ڵكی كوێیه، خه‌ریكه تێدهكهوی، زۆری نه‌مابوو وه‌ك چایه‌كه‌ی به‌یانی، كه دایكی ده‌سه‌ر ئاگره‌كه‌ی نابوو، هه‌ڵچێ:
- ئاگات له چایه‌كه بێ، ناموێ هه‌ڵچێ و ته‌باخه‌كه پیس كا.
ڕاچێڵ ستار، كه به باشی نه‌یده‌زانی چلۆن ده‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌دا دانیشێ و پاڵ به‌و پشتییه‌وه بدا، كه سێوه بۆی دانابوو، تشتێكی بیر كه‌وته‌وه، ده‌ستی خسته سه‌ر شڵوارهكهی سێوه و گوتی:
- ده‌ستم ده‌بینی؟
سێوه، به ده‌سته زبر و گه‌وره‌كانی خۆی، ده‌ستی ژنه‌ی گرت و گوتی:
- چما كوێرم؟
ژنه گوتی:
- دونێ لای كابرایه‌كی هیندی بووم. ده‌یگوت گوایه ده‌سته‌كانی من زۆر به جوانیی و ڕێكوپێكی ده‌سه‌ر جه‌سته‌یدا دێن و ده‌چن. قه‌تم بڕوا نه‌ده‌كرد هه‌ر ئه‌و ده‌ستانه‌ی دونێ تشتی دیش بزانن.
پشووی وه‌رگرت سێوه تشتێك بپرسێ و نه‌یپرسی، درێژه‌ی دایێ:
- بۆ نموونه: پێم وایه چایه‌كه‌م خۆش ده‌رچێ.
سێوه، كه نه‌ختێك قه‌لبی تێكچووبوو، گوتی:
- ده‌گه‌ڵ كابرا هیندییه‌كه‌دا چتان كرد؟
ژنه، پشوویێكی وه‌رگرت و ده‌ستی به خوار ناوكی سێوه‌دا شۆڕ كرده‌وه و گوتی:
- ئه‌وه‌ی هه‌وكه ده‌گه‌ڵ تۆدا ده‌یكه‌م.
سێوه بۆ وه‌ی ژنه هه‌ست به ڕه‌نگ تێچوونه‌كه‌ی نه‌كا ده‌موچاوی له ده‌موچاوی ژنه نزیك كرده‌وه و گوتی:
- ده‌گه‌ڵ مندا چ ده‌كه‌ی؟
ژنه، كه نه‌خته‌نه‌خته له بێ ئه‌زموونیی ئه‌م كۆنهپیاوه وه‌ڕز ده‌بوو، گوتی:
- ئێستا ئه‌و تشته‌ی سه‌رت لابه و ڕووتم كه‌وه.
سێوه، كه پێی وا بوو تشته‌كه زۆر قورس بێ، به‌و قسه‌یه هه‌ر زۆری فشه هاته پێش چاو. به بێ ئه‌وه‌ی كڵاوه‌كه‌ی داگرێ، پڕی دایه ژنه و یه‌كـ دوو قۆپچه‌ی كردنه‌وه، پاشان كه دیتی خۆ ڕاناگرێ، كراسی ده‌به‌ری دادڕی. ژنه ده‌كه‌نی و كڵاوی كابرای داده‌گرت و ده‌یگوت:
- ده‌بێ كراسێكی نووم بۆ بكڕی، كراسێك؛ به ئاسانیی نه‌دڕێ.
سێوه كه بووبووه پارچه‌یێك ئاگر ژنه‌ی ڕووت و قووت كرده‌وه و گوتی:
- گوڵه جوانێ، ئێسته لاقه‌كانت بكه‌وه.
مسس ڕاچێڵ چووه سه‌ر ئه‌ژنۆ و گوتی:
- سه‌بر كابرا؛ سه‌بر سه‌بر. تۆ هیچ نازانی؛ هیچ هیچ!
ڤێجا، كاتیێتی ده‌ستی ڕاچێڵ ستار بێ و بڕوا و بێته‌وه و جه‌سته‌ی سێوه بێنێته په‌یڤین. ده‌بوو فێری بكا: چۆن به نه‌رمی ڕووتی بكاته‌وه و چۆن ده‌م بخاته نێو ده‌میه‌وه و له كوێدا ده‌ست پێ بكا و كوێش پێویستی به‌وه‌یه توندوتیژ بێ. سێوه، هه‌رچه‌ندی كرد به ماچه دوورودرێژهكانی مسس ڕاچێڵ ڕانه‌هات و نه‌شیده‌زانی ئه‌م ژنه‌تیوه چۆنی بێز دێ سه‌ر بخاته نێوگه‌ڵییه‌وه، بڵام گه‌لێكی كه‌یف پێ ده‌هات، پێی وا بوو ئه‌و چركه‌یه نه‌ك هه‌زار، بگره ده‌هه‌زار گۆرانی‌یان دێنێ.
مسس ڕاچێڵ كه ده‌بن سێوه‌وه بوو، نه‌یده‌زانی چلۆن خۆی له‌م لهتهشاخه ده‌رباز كا و فریای چایه‌كه بكه‌وێ و هه‌ڵنه‌چێ، گوتی:
- كابرا، من به‌و زوانه ناڕۆم، مه‌ترسه. بڵام چایه‌كه! چایه‌كه! ناموێ ڕه‌نجم به زایه بچێ.
سێوه، كه ده‌مێك له‌وه‌وپێش ژنه پێی گوتبوو ده‌ست له قژی نێ، گوتی:
- با سه‌ری من هه‌ر بێشی.
ئێوارێ، مسس ڕاچێڵ ویستی بڕواته‌وه و سێوه نه‌یهێشت، ته‌نێ گوتی:
- سواره گچكهلانهكهی من!
گۆرانییه‌ك له‌سه‌ر لا
سبحه‌ینێ، مسس ڕاچێڵ به ده‌نگی سێوه‌وه، كه گۆرانیی ده‌گوت، خه‌به‌ری بووه‌وه. ده دڵی خۆیدا گوتی:
- مه‌گه‌ر چۆن! ده‌نا قه‌ت ناتانم دوور له‌م ده‌نگه بژیم!
بڵام ئه‌و ڕاچێڵ ستاره، گه‌لێكی ئیش هه‌ن و زۆریشی ژوان هه‌ن، كه ده‌بێ پێیان ڕا بگا. مانگێكی دی ده‌بێ به‌شداریی له فیلمێكی ڕووتیش دا بكا. هه‌رچه‌ندی كرد سێوه‌ی پێ رازی نه‌كرا، ناچار مایه‌وه.
پاش حهوتهیێك، سێوه دیسان پرسیی:
- ده‌گه‌ڵ كابرا هیندییه‌كه‌دا چتان كرد؟
ڕاچێل ستار به ده‌م كه‌نینه‌وه گوتی:
- ئه‌وه‌ی هه‌موو جارێ ده‌گه‌ڵ تۆدا ده‌یكه‌م.
سێوه ده‌هری بوو، هه‌ستا و كترییه چایه‌كه‌ی ده‌ست دایه و كێشای به دیواره‌كه‌دا. ژنه، كه پێی وا بوو له‌وانه‌یه ئه‌م كابرایه، كه نێوی خۆی ناوه سێوه، فێی ده‌گه‌ڵ بێ، ده‌ستی دایه جانتاكه‌ی، ویستی هه‌ڵێ. بڵام سێوه پڕی دایه و نه‌یهێشت له جێی خۆی ببزوێ. پاشان ئه‌و مهكسییهش كه پێشكێشی كردبوو؛ ده‌به‌ری دادڕی.
ژنه، سبه‌ی سێوه‌ی برده سه‌نته‌رێكی ئینتیرنێت:
- جه‌ناب! ئه‌مانه هه‌موویان منم!
سێوه، گه‌لێك تێكچوو. وه‌ك ده‌ڵێن: پیس دڵی دۆڕاندبوو. حه‌زی نه‌ده‌كرد گراوییه‌كه‌ی هه‌ر شه‌وی و له كن پیاوێك بێ. موبێلهكهی ڕاچێڵ ستاری شكاند و ده‌خۆی ماره‌ی كرد.
- وه من ئهستێرهیێكم لێ ههراتییه له كن ڕۆژههراتی؛ قه‌ت له من ئاوا نابی...
شه‌وانه، مسس ڕاچێڵ مهكسییهكی په‌مه‌یی ده‌به‌ر ده‌كرد و ده‌چووه باوه‌شی سێوه‌وه. سێوه‌ش تا سه‌حه‌رێ گۆرانیی بۆ ده‌گوت. نه‌خته‌نه‌خته ژنه چایێكی لێده‌نا، كه سێوه‌ی وا لێ كرد، چای ده‌ستی كه‌سی دیكه‌ی پێ نه‌خورێته‌وه. تا ئیدی سهرێشهكهشی نه‌ما. چما ڕاچێڵ ستار ده‌هێڵێ كه‌س نه‌خۆش كه‌وی. بڵام هه‌ر زوو لێشاوی وێنه ڕووته‌كانی ڕاچێڵ ستار به شاردا بڵاو بوونه‌وه و لێره و له‌وێش فیلمه‌كانی ده موبێلدا وه‌ده‌ر كه‌وتن. ڕاچێڵ ستار گه‌لێكی دڵ به‌وه خۆش بوو. جارجار سڵاوی له‌و گه‌نجانه‌ش ده‌كرد، كه ده‌به‌ر وی به كۆڵانه‌كه‌ی سێوه‌دا تێده‌په‌ڕین. بڵام سێوه زۆر به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی نه‌گرت. سهرێشهكهی پێ له‌وه باشتر بوو. ناچار بوو ده‌ست له گراوییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵگرێ و ڕه‌وانه‌ی وڵاتی خۆی كاته‌وه.
مسس ڕاچێڵ گوتی:
- سێوه! من خاوه‌نی هیچ ڕابردوویێك نیم؛ جگه له ده‌نگی تۆ. ئه‌وی دی هه‌مووی سه‌رێشه‌یه.
پاشان گوتی:
- ها چایه‌كی وه‌خۆ.
سێوه پاڵی دایه‌وه و گوتی:
- سواره گچكهلانهكهی من؛ جانتاكه‌ت ته‌یار كه.
ڕاچێڵ ستار كه شته‌كانی ده‌پێچانه‌وه، سێوه به بێ ئه‌وه‌ی تماشای كا، گۆرانیی بۆ ده‌گوت. سبحه‌ینێ مسس ڕاچێڵ گه‌ڕایه‌وه بۆ ژیانی ڕاستیی خۆی. بڵام تا ئه‌م یه‌كـ دوو ساڵه‌ی دواییش، هه‌ر نامه‌ی بۆ ده‌ناردم و ده‌ینووسی:
- شاڵاو! جگه له ده‌نگی سێوه، هیچ ڕابردوویێكی دیكه‌م نییه.
به بێ برین
سێوه، هه‌ر ئه‌و ساته‌ی ڕاچێڵ ستار سواری فڕۆكه‌كه بوو، به بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك نێو فیلمه‌كان دوا ئاوڕ بداته‌وه؛ زانیی هه‌ڵه‌ی كردووه. بڵام تازه به چی ده‌چێ. سواره گچكهلانهكهی خۆی له ده‌ست دا. وه‌ك ده‌ڵێن: به‌لاش و حه‌لاش! سێوه ده‌نێو سایته ڕووته‌كاندا به هه‌زار ده‌ردیسه‌ر، ئیمێڵه‌كه‌ی مسس ڕاچێڵی ته‌یار كردوو و ته‌نێ ئیمێڵێكی بۆ نارد.
- ئه‌توو ده كوێی؟ ئه‌وه من حه‌كیم و لوقمانم هاتبوونه سه‌رێ.
پاشان، به بێ برین "خوین"ی ڕشت. ئیدی هه‌رگیز گۆرانیی نه‌گوته‌وه. مسس ڕاچێڵیش گه‌ڕایه‌وه بۆ ژیانی ڕاستی و ئاسووده‌ی خۆی. پاش ساڵانێكیش به بێ ئه‌وه‌ی بزانێ چی ڕووی داوه، وڵامێكی لاوه‌كی ئیمێڵه‌كه‌ی سێوه‌ی دایه‌وه:
- ببووره! ئه‌من نازانم نامهكهتان به چ زمانێك نووسیوه...
نه‌یده‌زانی: سێوه، دهمێژه سه‌رێشه كوشتوویه‌تی.
