خوێنه‌رى تايبه‌ت
له باره‌ى (پێنچهمين كتێب)ى
جه‌بار جه‌مال غه‌ريب
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د
دواى جوانييهكانى ئه‌م كتێبه، دواى چێژوه‌رگرتن، ويستم ره‌خنه له پێنجه‌مين كتێب بگرم.
* * * * * * *
له به‌رگى كۆتايى كتێبه‌كه‌دا (جه‌بار جه‌مال غه‌ريب) ئه‌م وشانه‌ى خواره‌وه‌ى نوسيوون:
(من بۆ كه‌سێكى تايبه‌ت نانووسم، به‌ڵام بۆ خوێنه‌رێكى تايبه‌ت ده‌نووسم كه سه‌ركێشه و حه‌ز به زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى جياواز ده‌كات، دواجار خۆشى ده‌گاته حاڵه‌تێكى شيعرى و كتێبه‌كه‌م هه‌ڵده‌داته ناو لافاوێك له خوێن كه بێگومان خوێنى دڵيهتى، من بۆ هه‌ر رۆمانێك يه‌ك تاكه خوێنه‌رى وام هه‌بێ ده‌توانم درێژه به نووسين بده‌م)
ئه‌م پهرگراڤهى سه‌ره‌وه‌دا، كه (جه‌بار جه‌مال غه‌ريب) له دوا به‌رگى كتێبه‌كه‌يدا نووسيوييهتى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر خوێنه‌رێك، پێش ئه‌وه‌ى پێنجه‌مين كتێب بخوێنێته‌وه، بزانێت نووسه‌ر چ خوێنه‌رێكى گه‌ره‌كه؟ ئه‌م په‌ره‌گراڤه دهربرِين له ئهقڵييهت و تێگه‌يشتنى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب ده‌كات، بۆ په‌يوه‌ندى نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر يان نووسين و خوێندنه‌وه، دواتريش جۆرێكى په‌يوه‌ندى له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر پێشبه‌ر ده‌كات. كه ئه‌و پێشبهرييهش چه‌ندين ره‌هه‌ندى جياوازى لێده‌بێته‌وه. كه ناكرێت بێ خوێندنه‌وه تێپهرِ ببێت. بۆيه له‌م نووسينهدا هه‌وڵ ده‌ده‌ين خوێندنه‌وه‌يه‌ك بۆ ئه‌و په‌ره‌گراڤه بكه‌ين و ره‌خنه‌ى لێ بگرين.
خوێنه‌رى تايبه‌ت كێ يه؟
له هه‌ندێ نووسينى كورديدا، به شێوه‌يه‌كى راسته‌وخۆ يان ناراسته‌وخۆ، له‌وه گه‌يشتووم كه خوێنه‌ر له رۆشنبيريى كورديدا، تا ئێستا زيندهوهرێكى كه‌م توانا و ناتايبهت و بێده‌سه‌ڵات و بێ چێژ و بێ زه‌وقه له خوێندنه‌وه‌دا. زۆربه‌ى نووسهرانيش ، مه‌رجى تايبه‌تى خۆيان بۆ خوێنه‌ر هه‌يه، دهشيانهوێت خوێنه‌ر ئه‌و كه‌سه بێت، يان ئه‌و خوێنه‌ره تايبه‌ته بێت كه ئه‌وان حه‌زى لێده‌كه‌ن. چونكه ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر توانى ئه‌و كه‌سه نه‌بێت، كه چاوهرِوانييهكانى نووسه‌ر بێنێته دى، ئه‌وه خوێنه‌رێكى تايبه‌ت نييه و دووريش نييه، چه‌ندين ناو و ناتۆره‌ى بۆ دروست بكرێت و وه‌ك نهخوێندهواريش وه‌سف بكرێت!
پرسيارى من ئه‌وه‌يه ئايا خوێنه‌رى تايبه‌ت كێ يه؟
له پهرهگراڤهكهى جه‌بار جه‌مال غهريبدا، له‌وه ده‌گه‌ين كه خوێنه‌رى تايبه‌ت ئه‌و كه‌سه‌يه، كه (حه‌ز به‌زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى جياواز ده‌كات، دواجار خۆشى ده‌گاته حاڵه‌تێكى شيعرى و كتێبه‌كه‌م هه‌ڵده‌داته ناو لافاوێك له خوێن ...تا دوايى پهرگراڤهكه)
ئه‌مه تێگه‌يشتنى جه‌بار جه‌مال غه‌ريبه، بۆ خوێنه‌رى تايبه‌ت، بۆيه لێره‌دا پێويسته چه‌ندين پرسيار له‌سه‌ر ئه‌و تێگه‌يشتنه‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب دروست بكه‌ين:
جه‌بار جه‌مال غه‌ريب نووسه‌ره و رۆمانێكى خستۆته به‌رده‌ستى خوێنه‌ران، جا چ تايبه‌ت بن، يان نه‌بن. خوێنه‌ر به شێوه‌يه‌كى گشتى له تێگه‌يشتنى مندا، تايبه‌ته. هه‌ر خوێنه‌رێكه و بۆخۆى، به تێگه‌يشتنى خۆى تايببهتمهنديى خۆى هه‌يه، توانا و زمان و چێژ و فه‌نتازيا و ره‌خنه و خوێندنه‌وه‌ى تايبه‌ت به خۆى هه‌يه، هه‌رگيز دوو خوێنه‌رى وه‌ك يه‌كمان نييه، هه‌ميشه خوێنه‌ره‌كان تايبهتين و جياوازى خۆيان له‌گه‌ڵ يه‌كدى راده‌گه‌يه‌نن، ئيدى من نازانم پێوهريى تايبهتيبوون له لاى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب بۆ په‌يوه‌ست كراوه به (حه‌زكردن له زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى جياواز) ، ئايا خوێنه‌رێك هه‌يه حه‌ز به زمان و خه‌ياڵ و فه‌نتازيا نه‌كات؟ ئايا پرۆسه‌ى چ خوێندنه‌وه‌يه‌ك هه‌يه بێ زمان و بێ خه‌ياڵ و بێ فه‌نتازيا بێت؟ به‌تايبه‌تيش خوێنه‌رى رۆمان، كه رۆمان خۆى له‌سه‌ر زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵ هه‌ڵده‌ستێت. من نازانم ئايا جه‌بار جه‌مال غه‌ريب بۆ چاوهرِێى ئه‌وه له گشت خوێنه‌ران ناكات كه حه‌ز به زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى جياواز نه‌كه‌ن؟ بۆ پێى وايه كه‌من ئه‌و خوێنه‌رانه‌ى حه‌ز له زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵ ده‌كه‌ن؟ له‌و په‌ره‌گراڤه‌دا دياره جه‌بار جه‌مال غه‌ريب، پێش ئه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ى بخوێنرێته‌وه، ئه‌و سنوورى خوێنه‌رى تايبه‌تى له لاى خۆي‌دا ده‌ست نيشان كردووه، پێشى وايه كه خوێنه‌رێك حه‌ز به زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى تايبه‌ت بكات، كه‌مه. يان ره‌نگه هه‌ر نه‌بێت و يه‌ك تاقه خوێنهريشى ده‌ست نه‌كه‌وێت، سنووردانان بۆ خوێنه‌رى تايبه‌ت به پێوه‌ر و تێگه‌يشتنى پێشوه‌خته له لاى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب دا، تێكشكاندنى روحيى بێگهرديى خوێنه‌ره، كه پێويسته له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى رۆمانه‌كه‌دا ببێته خاوه‌ن حه‌زى زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى تايبه‌ت. نه‌وه‌ك پێشوه‌خته نووسه‌ر داواى ئه‌وه له خوێنه‌ر بكات كه پێويسته حه‌زى زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى هه‌بێت ، ئينجا بێت و رۆمانه‌كه‌ى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب بخوێنێته‌وه. من به بهرواژى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب ته‌ماشاى بابه‌ته‌كه ده‌كه‌م، خوێنه‌ر ئازاده له‌وه‌ى حه‌زى له زمان و فانتازيا و خه‌ياڵى تايبه‌تى بێت يان نا, (كه من گومانم نييه خوێنه‌ر حه‌زى له‌و شتانه هه‌يه، بۆيه رۆمان ده‌خوێنێته‌وه) ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى من ناتوانم لێى بێ گومان بم، ئه‌وه‌يه: كه ئايا خوێنه‌ر حه‌زى له زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵى تايبه‌تى جه‌بار جه‌مال غهريبب هه‌يه يان نه؟! چونكه ناكرێت ئێمه وا له خوێنه‌ر بگهيهنێن كه هه‌موو (زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵێكى تايبه‌ت) پێويسته خوێنه‌ر بگه‌يه‌نێته حاڵه‌تێكى شيعريى و نووسينه‌كه بخاته نێو خوێنى دڵييه‌وه؟
سنووردانان بۆ خوێنه‌ر، چه‌ند بندهستكردنى خوێنه‌ره به كۆمه‌ڵێ تێگه‌يشتن له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندنه‌وه‌ى تايبه‌تى خوێنه‌ردا و سه‌پاندنى تيۆر و سسته‌مى بيركردنه‌وه‌ى كه‌سانێكى ديكه‌يه له فۆرِمى (نووسه‌ر)دا، ئه‌وه‌نده‌ش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانى (نووسه‌ر)ه، بۆ ئه‌و تێگهيشتنانهى كه له لاى خۆى بوونه‌ته (باوهرِ) و نايه‌وێت ره‌خنه‌يان بكات. وه‌ك پيرۆزييهك تهماشايان ده‌كات.
كێشه‌ى سه‌ره‌كى لێره‌دا لاى من ده‌بێته په‌يوه‌ندى نێوان (نووسه‌ر و خوێنه‌ر، نووسين و خوێندنه‌وه) كه واده‌كات، نووسه‌رانى كورد وا تێبگه‌ن، ئه‌وان نووسه‌رن، بۆيه ده‌نووسن، كه ده‌شنووسن بۆ كه‌سانێك ده‌نووسن كه خوێنه‌رن، خوێنهرهكانيش تايبه‌تن، تايبه‌ته‌كانيش ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ده‌گه‌نه حاڵه‌تێكى شيعريى و نووسينه‌كه ده‌خه‌نه نێو خوێنى دڵييانهوه، به‌ڵام با واى دابنيێن من نووسينه‌كه ده‌خه‌مه ناو خوێنى مێشكمه‌وه و له كرده‌يه‌كى رهخنهييدا رووبهرِووى نووسين و نووسه‌ر ده‌بمه‌وه و ململانهيهكى هزرى ره‌خنه‌يى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئايا ئه‌وه ماناى چى ده‌دات؟ كه من خوێنه‌رى تايبه‌ت نيم و نه‌متوانيوه بيخه‌مه دڵمه‌وه و دواتريش پێويسته جه‌بار جه‌مال غه‌ريب درێژه به نووسين نه‌دات؟ واته ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خوێنه‌رێكى وا تايبه‌ت نه‌دۆزێته‌وه ده‌بێت واز له نووسين بێنێت و تێبگات كه خوێنه‌رى تايبه‌ت نييه و درووست نه‌بووه و نابێتيش؟ يان به پێچه‌وانه‌وه، له‌مه‌ودوا خوێنه‌ر ده‌بێت بچێته نێو ئه‌و قالبه‌ى كه نووسه‌ر بۆى دياريده‌كات و به زۆريش بێت خۆى بگه‌يه‌نێته حاڵه‌تێكى شيعريى و نووسينه‌كه بخاته دڵييه‌وه؟
خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر تايبه‌ت نه‌بێت چى ده‌بێت؟
بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسياره، له پهرهگراڤهكهى جه‌بار جه‌مال غهريبدا، له‌وه ده‌گه‌ين خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر تايبه‌ت نه‌بوو، (وا) نه‌بوو، ئه‌وه شايانى ئه‌وه نييه بۆى بنووسى، چونكه خوێنه‌ر نييه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر يه‌ك تاقه خوێنه‌رى (وا) هه‌بوو، ئه‌وه شايانى ئه‌وه‌يه رۆمانى بۆ بنووسى. لێ من ده‌پرسم خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر تايبه‌ت نه‌بێت، چى ده‌بێت؟
تايبه‌ت به چ مانايه‌ك؟ تايبه‌ت به نووسينه‌كانى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب و ئه‌و نووسه‌رانه‌ى وه‌ك ئه‌و بير ده‌كه‌نه‌وه؟ يان وه‌ك ئه‌و ده‌نووسن؟ يان تايبه‌ت به‌و مانايه‌ى حه‌زى له سه‌ركێشى و زمان و فه‌نتازيا و خه‌ياڵ هه‌بێت؟ له هه‌ردوو باردا و به‌ده‌ر له‌و دوو باره‌ش، خوێنه‌ر خۆى تايبه‌ته، هه‌ميشه خوێنه‌ر تايبهتيى خۆى هه‌يه، تواناى خۆى هه‌يه، حه‌زى خۆى هه‌يه، له زمان و خه‌ياڵ و فه‌نتازيا و حاڵه‌تى شيعريدا خوێنه‌ر خۆى سه‌رپشكى خۆيه‌تى و ئازاده له‌وه‌ى به چ ههناسهيهك و حه‌زێك و مه‌راقێك و ئاره‌زووێك تێكه‌ڵ به خوێندنه‌وه ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادييه نه‌بوو، ئه‌ى چى بۆ خوێنه‌ر ده‌مێنێته‌وه؟ شتێك كه هه‌رگيز خوێنه‌ر تايبه‌ت ده‌كات، ئه‌و ئازاديهيه كه خوێنه‌ر هه‌يه‌تى و نووسه‌ران ده‌يانه‌وێت لێى بستێنه‌وه، ئه‌و سهربهخۆيهيه، ئه‌و خه‌ياڵ و زمان و سهركێشيى و فه‌نتازيا و حاڵهتهنانهن كه خوێنه‌ر له نووسه‌ر جيادهكهنهوه و دهيكهنه زينده‌وه‌رێك كه تواناى تێگه‌يشتنى تايبه‌ت به خۆى و زمانى تايبه‌ت و خه‌ياڵى تايبه‌ت و چيرۆكى تايبه‌تى خۆى هه‌بێت. ئه‌و پهرهگراڤهى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب، دهربرِين له‌و باره ده‌كات، كه ده‌يوێت ئازادييه‌كانى خوێنه‌ر ته‌سك بكاته‌وه، ته‌نيا ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌تى هه‌بێت تا نووسينه‌كه بخاته نێو خوێنى دڵييه‌وه و له‌وێوه لافاوێكى خوێن، خوێنه‌ر بباته نێو كتێبه‌وه، به‌ڵام من ده‌ڵێم، خوێنه‌ر پێويسته ئازاد بێت له‌وه‌ى ئه‌و كتێبه ده‌خاته خوێنى دڵييه‌وه يان نا؟ يان دڵى خوێنه‌ر لافاوى خوێنه يان كانييهكى رهنگينى رێحان؟ ئيدى ناكرێت نووسه‌ر داوا له خوێنه‌ر بكات، كتێبه‌كه‌ى چۆن بخوێنێته‌وه و چۆن تێى بگات و چۆنيش بكه‌وێته نێوييهوه و پێيه‌وه داخبار بێت.
ره‌گى ئه‌م سنووردانانه بۆ خوێنه‌ر به‌ناوى (خوێنه‌رى تايبه‌ت) ته‌نيا كۆيله كردنى خوێنه‌ر و بندهستكردنييهتى به مانا و به‌ها و دنيابينى نووسه‌ران بۆ نووسين و بۆ خوێندنه‌وه، خه‌ساندنى خوێنه‌ريش له‌وه‌ى ئازاد نه‌بێت، چۆن بێ ترس و بێ ههرِهشه بخوێنێته‌وه و ئازاد بێت له‌وه‌ى كتێبه‌كه بخاته نێو خوێنى دڵييه‌وه يان سه‌رييه‌وه.
نووسين به‌وه جوانه كه نووسه‌ر ئه‌وه‌نده ئازاد بێت، له خوێندنه‌وه‌ى خوێنه‌ر نه‌ترسێت، ئه‌و گيانهى هه‌بێت كه خوێنه‌رانێك هه‌بن، هێرِش بكه‌نه سه‌ر خۆى و تێكسته‌كه‌ى، ره‌خنه‌ى لێ بگرن و نووسينهكهشى فرِێدهنه هه‌ر شوێنێك ته‌نيا دڵى خوێنه‌ر نه‌بێت. ئيدى خوێنه‌رى تايبه‌ت ئه‌و كه‌سه نييه كه جه‌بار جه‌مال غه‌ريب، يان من و هه‌ر كه‌سێكى ديكه، به راسته‌وخۆ يان ناراسته‌وخۆ سنوورى بۆ داده‌نێين، ره‌گى سنووردانان له لاى نووسه‌ران، بۆ خوێنه‌ران و جۆرى خوێندنه‌وه و چۆنييه‌تى خوێندنه‌وه و هه‌ڵگرتنى كتێب له نێو چ قولاجێكى له‌شى مرۆڤدا، بۆته به‌هايه‌كى بێ بنه‌ماى هزرى و زياتر له باوهرِێك ده‌كات، كه نووسه‌ران به هۆكارى گه‌وره‌بوون و بهزلزانيى و زمانزانى و خهياڵبازيى و وزه‌ى فهنتازيى خۆيانه‌وه گه‌يشتوونه‌ته ئه‌و برِوايهى ئه‌وان خواوه‌ندن و برِياريش له‌سه‌ر خوێنه‌ر و دابهشكردنيى خوێنه‌ر ده‌ده‌ن، لێره‌شدا ئه‌وه‌ى ده‌بێته پێوه‌ر بۆ خوێنه‌رى سه‌ركه‌وتوو، يان خوێنه‌رى تايبه‌ت، ته‌نيا به‌رژه‌وه‌ندى نووسه‌ره، نه‌وه‌ك مهسهلهيهكى هزرى يان فه‌نتازى يان خه‌ياڵ و يان هه‌ر به‌هايه‌كى ديكه‌ى رۆشنبيريى.
سنووردانان به‌ناوى خوێنه‌رى تايبه‌ت، سنووردانه بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى نووسه‌ر، كه نووسينيش بووه ته‌نيا مه‌نجه‌ڵى بهرژهوهندييهكان، ئيدى هيچى واى تێدا ناكوڵێت ئومێدى جوانبوون به نووسه‌ر ببه‌خشێت له‌لاى مرۆڤى خوێنه‌ر.
دواتريش، ئه‌وه رۆمان و رسته و به‌هاى كتێبه وا ده‌كات، خوێنه‌ر حه‌ز له زمانى نووسه‌ر يان فه‌نتازياى نووسه‌ر و خه‌ياڵى جياوازى نووسه‌ر بكات، خوێنه‌ر تا نه‌خوێنێته‌وه نازانێت (پێنجه‌مين كتێب) خاوه‌ن زمان و سيحر و خه‌ياڵ و فهنتازيايه يان نه؟ هه‌روه‌ها ناشزانێت ره‌گى بيركردنه‌وه‌كانى جه‌بار جه‌مال غه‌ريب، سه‌باره‌ت به نووسين و خوێندنه‌وه، دهگهرِێنهوه سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك؟ بۆيه خاس ئه‌وه، دواى بڵاوكردنه‌وه، بێده‌نگ بين، رێ بده‌ين خوێنه‌ر به ئازاديى خۆى بێت و به‌تايبه‌تى بمانخوێنێته‌وه.
