وه‌ك یاداشت
هۆشه‌نگ شێخمحه‌مه‌د
(0) بوونه بۆشايى
20/02/2010
ئێستا بۆشاييه، بێ ره‌نگى و بێ ده‌نگييه، ته‌نيا هه‌ندێ وشه‌م هه‌ن كه ئه‌وه ورده ورده دێنه سه‌ر ئه‌و كاغه‌زه و شتێك به ئێوه ده‌ڵێن، كه هيچ مه‌رج نييه ئه‌و شته هه‌قيقه‌ت بێت، يان راستى بێت يان هه‌تا درۆش بێت، چونكه ده‌مێكه ئه‌و خهيالهم تورِ هه‌ڵداوه به‌وه‌ى ههقيقهتێك هه‌بێت له مندا و پێويست به‌وه بكات خه‌ڵكانى ديكه‌ى لێ ئاگه‌دار بكه‌مه‌وه.
(مرۆڤێكتان ديووه بێ هه‌قيقه‌ت پياسه بكات؟ ئه‌ى بۆ پياسه ده‌كات؟ تا بگاته هه‌قيقه‌ت يان له هه‌قيقه‌تى پياسه بگات؟) به‌رده‌وام پرسيارى وا خۆيان ده‌كه‌ن به ژيانمدا، زۆر جارى وا هه‌بووه، چه‌ند چركه‌يه‌ك خۆم به پرسيارێك سه‌رقاڵ كردووه، ته‌نيا چه‌ند چركه‌يه‌ك ، بهڵاَم دواتر وام هه‌ست كردووه من هه‌موو ژيانم له پێناو ئه‌و پرسياره‌دا خه‌رج كردووه.
زۆر جار ده‌بينم كه‌سانى ديكه ده‌بنه كۆپى خه‌ڵكانى تر، حه‌زم له‌وه نه‌بووه، ببمه سێبه‌رى كه‌س، بهڵاَم ههميشهيش ئه‌و كێشهيهم هه‌بووه چۆن سێبه‌ر نه‌بم؟ له‌و ژيانه بێ تامه‌دا چۆن خۆم بم؟
ئێستا هه‌ست به به‌خته‌وه‌رى ناكه‌م، هه‌تا ئه‌گه‌ر بهختهوهريش بم، هه‌ست به چێژوه‌رگرتن ناكه‌م، به چێژوهرگرتنيش دڵخۆش نيم.. بارێكى سه‌يره؟ ئه‌ى نه‌مگووت، من له بۆشاييدا ده‌ژيم....
ژيان له بۆشاييدا، كه‌وتنه خواره‌وه‌يه به‌ناو خۆتدا، كه ناوخۆشت له كۆشێكى بێ وشه و بێ هه‌ست ده‌كات، بهربوونهوهيه به‌ناو تاريكييهكدا، كه نووتهكى تێدا نييه، ته‌ماشاى ئه‌م دێره بكه: (تاريكى نووتهكى تێدا نه‌بێت)، ماناى چييه؟ هيچ هه‌وڵ ناده‌م مانا به‌م دێره ببه‌خشم، چونكه دهربرِين له بێ ماناييى ژيان ده‌كات، له ديدى مندا.
پهيوهندييهكانم، وه‌ك خۆيان له مندا، بۆشاييهكه گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن، تێگه‌يشتن و تێنه‌گه‌يشتن، كێشه‌يه‌كى ئهزهڵييه، كه زۆر بێ بايه‌خ بووه. كێشه‌م زۆرن له‌و پهيوهندييانهدا، بهڵاَم دواتر كه‌سه‌كان و كێشهكانييان وه‌ك خۆم بێ بايه‌خ ده‌كه‌ونه‌وه، بێ ئه‌وه‌ى كۆتاييشييان پێ بێت.
ئێستا بير له‌وه ده‌كه‌مه‌وه، له‌و بۆشاييه، ده‌رچم ، دڵم پرِكهم له بۆنى رێحان و به‌و دنيايه‌دا، وه‌ربم و په‌رش و بڵاَو ببمه‌وه. بهڵاَم ئه‌وه قسه‌ى قۆرِه، نه‌وه‌ك فانتازيا.
بۆيه ده‌بێت كێشه‌يه‌كى ديكه خه‌ڵق كه‌م، كه به‌و كێشه‌يه ناخم به شتێك پرِكهمهوه، شتێك كه من شايانى بم ... يان ئه‌و شايانى من بێت، ئه‌و جياوازييه گه‌وره‌يه.
ئێستا و ئێستا، ده‌بێته به‌شێكى ديكه له‌و تورِههاتييهى ژيانم ده‌پێچێته‌وه، ته‌نيا نووسين و وشه و زمان، كۆتاييان نايه‌ت، ئه‌وان له‌ناو ئه‌و بۆشايهدا دواجار ره‌نگێك به هه‌ست و دهربرِينهكان ده‌به‌خشن، (هه‌ست و دهربرِينهكان) كامهى پاش كامهى ده‌كه‌وێت؟ هه‌ر كامهى بێت.. من له‌دواى ئه‌وانم
با هه‌ستم برِۆم پياسهيهك به پاركێكدا بكه‌م، زۆرجار وا ده‌لێم، با برِۆم سه‌ر بكه‌م به قهبرستانێكدا، گه‌لێك جار واش ده‌لێم و زۆرجاريش هه‌ر له‌خۆمه‌وه هه‌ڵده‌ستم و ده‌ست ده‌كه‌م به سه‌ما، لێ رۆژانه‌ش ئه‌وه دوو ساله ده‌لێم ده‌ى كورِه ده ئهورِۆش برِۆ ده‌وام، ده ئهورِۆش برِۆ كۆلێژ. ده‌ى ده ئهورِۆش بژى؟!
كه‌سێك كه له هيچ كه‌سێك نه‌كات، شتێك وه‌ك هيچ شتێك نه‌بێت، له ژيانى مندا نين، زۆربه‌ى ره‌نگ و شهمايلهكان له‌يه‌ك ئاوێنه‌دا هاتوونه‌ته ده‌ر، كه منم.
حهڵاج و نيچه و سوهرهوهرديم خۆشده‌وێن، له‌به‌ر هيچ نا، ته‌نيا له‌به‌رئه‌وه‌ى ويستوويانه، بهرِهڵا َبن
كه‌سه‌كان زۆرييان هه‌وڵيانداوه، به دين، ژيان تێك بشكێنن، هه‌شيانه هه‌وڵيداوه به سياسه‌ت وڵاَت خاپوور بكات، هه‌شيانه به‌عه‌شق دين و سياسه‌ت وێران ده‌كات، هه‌شيانه به خۆى ژيان ته‌فروتونا ده‌كات، منيش به بۆشاييدا ده‌چمه ناو حه‌رفى گۆرانييه‌كى (شهجهرياندا) كه ئه‌وه‌نده درێژده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌وێ دانيشم ئه‌وه ده‌بمه گه‌رديله‌ى بچووك و بچووك و وه‌ك تۆز به‌هه‌وادا په‌رش ده‌بم، ئه‌گه‌ر به‌له‌زه‌تى ئه‌و حه‌رفه كه درێژ ده‌بێته‌وه، په‌رش ببم ، ئه‌وه بێگومان به‌هه‌شت و قيامه‌ت تێكده‌شكێنم
من ئه‌گه‌ر چێژێك مابێت و تامى لێ نهبينم، گوێدانه مۆزيكه، گۆرانييه‌كانى كامگارانم له ڵا قابيڵى ره‌خنه‌گرتن نييه، تا ئێستا نه‌متوانيوه ئه‌وه‌نده‌ى سه‌ره دهرزييهك ره‌خنه له‌وانه بگرم، تۆ بلێى ئه‌وان پێرفێكت بن؟! نزانم ، بهڵاَم هه‌ست ده‌كه‌م خۆشمده‌وێن .. زۆرم خۆشده‌وێن... ئه‌گه‌ر نا بۆ ره‌خنه‌يان لێناگرم؟ ئه‌دى دێمه‌وه سه‌ر عه‌هدى قهديم و پرسياره‌كان ده‌كه‌مه‌وه، ره‌خنه‌و براده‌رايه‌تى، ستاييش و نه‌ياره‌كان، ئيدى موزيك و كامكارانيش ده‌بنه‌وه كێشه، بۆخۆم ده‌بمه‌وه كێشه و شته‌كان بێتام ده‌بن...
كێشه‌ش ئه‌وه‌يه، حه‌زم له هه‌موو شتێكه، له خواردن، جگه‌ره، پياسه، براده‌رايه‌تى، عاشقايهتى، گهرِان و سه‌فه‌ر، وه‌رزش، خوێندنه‌وه، نووسين، گۆرانى گووتن، غاردان، دانيشتن، قسه‌كردن و زۆر شتى ديكه‌ش ، لێ كه ئيرادهت فت كرا.. با هه‌ر حه‌زت لێبێ.. به چى ده‌چێ، شته‌كان بێتام ده‌بن.. كێشه‌كانيش دهتگهيهنه كوێ؟ وا به‌خۆم ده‌لێم.
ئيرِاده ، ماوه‌يه‌كه به‌و وشهيهم گرتووه، له زۆر قسه و باس و نووسينه‌كانمدا پێم گرتووه و وه‌ك خواردنى رۆژانه‌ى لێهاتووه، ئيرِاده .. جه‌سته‌يه، حه‌ز و ويستهكانى جه‌سته‌يه، ئه‌و حهزانهى بێ بيركردنه‌وه به‌خته‌وه‌رى مرۆڤييان تێدايه، لێ دواتر كه بير ده‌كه‌يته‌وه، جه‌سته دهخهيتهوه زيندانى خۆى، له زينداندا جه‌سته فت ده‌بێت، ئيرِادهش فتتر.. ئيدى ئهتوخوا باس له روح مه‌كه...به خۆم ده‌ڵێم، (ترِحێو)ێك، ده‌بێت دواى ئه‌و باسانه خۆى بينێته پێشه‌وه، پێكه‌نين يان زهردهخهنهيهكى شه‌رمن ئه‌گه‌ر به‌ته‌نيا بم و له پاركێكدا پياسه بكه‌م...رووم ده‌خوێنێته‌وه، كه له‌ناوه‌وه‌دا تفى لێده‌كه‌م.
(1)
شهجهريانێكييان كوشتووه!
30/03/2010
ئه‌و رۆژانه دنيام لا بۆته ده‌نگ، به هۆى ئه‌وه نييه كه هێزى بيستنم زيادى كردووه، به بهرهواژييهوه هه‌ست ده‌كه‌م گوێچكه‌ى راستم تۆزێك كزبووه، به‌ڵام ده‌نگى شه‌جه‌ريان و ده‌نگى خۆم زياتر دنيايان له لا كردوومه‌ته ده‌نگ.
كچێك ده‌بێته سه‌رپۆش، ئه‌وه‌نده كاريگه‌ريى له‌سه‌ر من نييه. ههوهستى خۆيه‌تى كه هه‌ست ده‌كه‌م، بێ ههوهسته. ئێ ده‌ى كورد زۆرجار كه وه‌سفى بێتاقهتييهك ده‌كات، ده‌ڵێت:(به‌گان چووم)، بير له‌وه ده‌كه‌مه‌وه بهگانچوون، ئه‌وه‌نده ناخۆشه كه مرۆڤ وه‌سفى كردارێك يان حاڵه‌تێكى بێتاقهتبوونى پێ بكات؟!
ئه‌وانه‌ى وا ده‌ڵێن گومانم نييه يه‌ك جاريش گانييان نه‌داوه، به‌ڵام ده‌ى ئه‌وه‌ش خوو گرتنه به قسه‌يه‌كى بێ مانا و بێ هه‌وه‌س.
هه‌ر چۆنێك بێت، تۆمۆبێلهكهم دههاژۆشت، پهنچهرهكانم قه‌پات كردبوون، باران ده‌بارى و گوێم له شه‌جه‌ريان ده‌گرت. ده‌نگى دهيبردمه شوێنێكى ديكه، كه جێگه‌ی واقيعى تێدا نابێته‌وه، ئه‌وه‌ى دهشيبردم و به‌رده‌وام ده‌مبا، ده‌نگيى ئه‌وه نه‌وه‌ك شتێكى ديكه.
كه رۆمانى (عه‌تر)م خوێنده‌وه، گرينۆى باپتيست، به لووتييهوه به دنيا وه‌ربوو، هه‌ر لووتيشى بوو جيهانى پيشان ده‌دا. منيش هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه گوێمه جيهانم بۆ تهفسير ده‌كات و ده‌بێته باڵ بۆ فڕين به نێو فانتازيا و خه‌ياڵ و چوونه نێو دڵدا،
ئا دوا گۆرانيى گۆرانيبێژێكم بيست، بهيارهكهى ده‌گووت (دڵت تژى خوێن كردووم) پێكهنيم و ديسان گووتمهوه : كورد چه‌ند خۆشه؟! مه‌گه‌ر دڵ هه‌موو كاتێك پرِ خوێن نييه؟!. ئه‌و بێ زه‌وقى و ههوهسييهى نووسه‌رى كورد و هونه‌رمه‌ندى كورد سه‌يره، هه‌تا له گاڵته كردنيش ناتوانێت شتێكى نوێ دروست بكات؟!
براده‌رێك له‌ده‌ره‌وه گهرِاوهتهوه، پێكه‌وه(من و ئه‌و و سێ براده‌رى تر) دانيشتين و پێكهكانمان هه‌ڵدان، هێشتا سه‌رخۆش نهببووين، بابه‌تى سێكس و ژن و خۆشه‌ويستى هاته گۆرِێ، كه‌مێك سه‌رم گه‌رم بووم، پێمگووت تۆ بێ ئه‌خلاقى! بۆ ئه‌وه‌ى سهرخۆشييهكه تێكنه‌ده‌م زوو گووتم، بێ ئه‌خلاقى وه‌ك حوكمێكى كۆمه‌ڵايه‌تى نا، به‌ڵكو مه‌به‌ستم له تێگه‌يشتنێكى هزرييه، كه ناتوانێت بگاته راده‌ى ئاوێته بوون له‌گه‌ڵ كه‌سێكى ديكه‌دا، كه له‌و حاڵه‌ته‌ى ئێمه‌دا ئه‌و كه‌سه ژنه. براده‌ره خهپهكهم پێيگووت: (ددانپێدابنێ كه بێ ئه‌خلاقى بۆ ئه‌وه‌ى زۆر سه‌رت نێشينى، چونكه به ئه‌نجام ده‌گه‌ينه ئه‌وه‌ى كه وه‌ك ئێمه بێ ئه‌خلاقى)
ئه‌و ده‌يويست بسه‌لمێنێت، كه بێ ئه‌خلاق نييه، ژنه‌كه‌ى خۆش ده‌وێت و رابواردنيش له‌گه‌ڵ كچ و ژنى ديكه ده‌كات و ماناى وانييه ژنه‌كه‌ى خۆش ناوێت.
دواى له‌غوه كردنێكى نيو سه‌عاتى، گهيشتمه ئه‌وه‌ى پێى بڵێم: ( ئه‌گه‌ر زانيت ژنه‌كه‌ت، هه‌ر نيو سعات مه‌جالى هه‌بێت و رابكاته باوه‌شى پياوێكى ديكه، ئه‌و كاته شێوه‌ى واقيع لاى تۆ چى ده‌بێت؟!) ئه‌لێره تێگه‌يشت، واقيع شتێكى وههمييه و نييه، ته‌نيا له‌سه‌ر ئه‌و زانييارييانه دروست ده‌كرێت كه لاى مرۆڤ نين و هه‌ن، ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ر ژنێك يان پياوێك ته‌واوى زانييارييهكانى له‌سه‌ر ئه‌ويدى له لا بێت جيهان و دنيا و ژيان و خۆشه‌ويستى و چه‌مكه‌كان و ناو و كه‌سه‌كان واقيعێكى ديكه دروست ده‌كه‌ن.
ئيدى ئێمه‌ى پياوان و ژنان، هه‌موومان وه‌ك (حه‌سه‌ن سه‌باح) كه بارتۆل له رۆمانه‌كه‌ى (قه‌ڵاتى هه‌ڵه‌مووت) باسى ده‌كات، واين. به درۆ به‌هه‌شتێك بۆ جه‌نگاوه‌ره‌كان ، ده‌كه‌ينه واقيع.
ده‌نگى شه‌جه‌ريان دێ: (ئاه باران، ئاه باران، ئه‌ى ئومێدى جانى بێداران!) ده‌نگه‌كه دێته نێو دڵم، خوێنم كهف ده‌كات و هه‌ر بهكهفهوه به خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌ر و جه‌سته‌م وه‌رده‌بێت، نزانم چ له خانه‌كانى مێشكم دێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مه خرِۆكهيهكى سوور يان سپى خوێنم ده‌بووم.
ده‌نگى خۆم بۆ گۆرانى گووتن زۆر ناخۆشه، لهقسهكردنيش هه‌روا، قه‌ت حه‌زم لێنييه گوێم له‌ده‌نگى خۆم بێت، كه‌سيش نزانێت چه‌ند حه‌زم ده‌كرد ده‌نگم خۆش بووايه و گۆرانيم گووتبا، لێ نيمه و نه‌مبوو و ناشمبێت.
كه ده‌موێت له واقيع راكه‌م، ده‌بێت په‌نا بۆ ده‌نگ ببه‌م، ئه‌گه‌ر چى هه‌موو ده‌نگه‌كانى ديكه، هه‌موويان دووباره و سه‌د باره بۆم ده‌سه‌لمێنن،(واقيعى ببه!) به‌ڵام من چى له‌و واقيعه تورِههاته بكه‌م كه به‌كه‌ڵكى من نايه‌ت؟! چى لێبكه‌م؟ تێيدا بژيم يان بمرم؟! ئيدى واقيعێك بۆ ئه‌وان ده‌بێته ژيان بۆ منيش مردن.. جا وه‌ره سه‌ر له‌وه ده‌ركه، كه من ده‌ڵێم ئه‌وه مردنه، ده‌نگه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وه ژيانه، له نێوان من و ده‌نگه‌كاندا، هه‌ميشه ئه‌و زۆرانبازييه به‌رده‌وام ده‌بێت، ئيسلام ده‌بێته شهرِ و ئاشتى، ژيان ده‌بێته مردن، عه‌شق و خۆشه‌ويستى و خيانه‌ت و ناپاكيى و هتد......، شته‌كان دوو روون، چونكه مرۆڤ دوو رووه.
ئيدى ئه‌و ده‌نگانه لاى من له‌وه نامێنن ده‌نگ بن، به‌ڵكو ده‌نگدانه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى ديكه‌ن. ده‌نگى شته‌كانى ديكه..
لێره‌شدا، كه جيهان ده‌بێته ده‌نگ، نابێته جيهانى من، جيهانى من له دوو ده‌نگدا شهمايل ده‌گرێت، شه‌جه‌ريان و خۆم. ئه‌وه‌ى شه‌جه‌ريان له‌سه‌ر لابتۆپ و تۆماركهريى تۆمۆبێلهكهم دێت، ئه‌وه‌ى خۆشم وه‌ك ئه‌وه وايه كه به‌ته‌له‌فۆن گوێم لێبێت، كه له‌گه‌ڵ خۆم ده‌كه‌ومه قسه و باس و بابه‌تى بێ برِانهوه. زۆر جاران ئه‌وه‌نده گوێ له ده‌نگى خۆم ده‌گرم، نزانم چى ده‌ڵێت؟ به‌ڵام من هۆشم هه‌مووى له‌سه‌ر ده‌نگه‌كه ده‌بێت، چۆن له ژيێهكاندا هه‌ڵده‌ستێت و ده‌چێته گه‌روو له‌وێ سه‌رده‌كات بۆ زمان و لێوه‌كان و دهفرِێته نێو قوڵايى گوێچكهكهم. جارى وا هه‌بووه، ته‌نيا گوێم بۆ ئه‌و پێكهنينانه شل كردووه كه له ده‌نگم له دايك ده‌بن، تا ئێستا تێبينى شه‌ش جۆر پێكهنينم كردووه. هه‌ندێجار له‌سه‌ر قوڵپى ئه‌و گريانه وه‌ستاوم، كه‌له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى شيعرێك يان نامهيهك درووست ده‌بێت. نامه كۆنه‌كان ئه‌وانه‌ى پێش چه‌ندين ساڵ بۆ خۆم نووسيوون و هێشتا نه‌گه‌يشتوون. تازه هه‌ندێ رسته و وشه‌م به‌ده‌ست ده‌گه‌ن و دهيانخوێنمهوه، دواى ئه‌و هه‌موو ساڵانه، نه‌مده‌زانى ئه‌و هه‌موو نامهيهم بۆ خۆم نووسيوون و به‌ده‌ستم نهگهبشتوون.ئيدى ده‌بێت خهفهتێكى تازه بۆ نامهيهكى كۆن بخۆم.
كه ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ى نامهيهك ده‌كه‌م، ده‌نگم بێده‌نگ ده‌بێت و ههناسهكانيشى ده‌وه‌ستێنێت:
چه‌ند وشه‌يه‌ك، رستهيهك،هه‌ستێك، خۆشه‌ويستييه‌كى گه‌وره، نائومێدييهكى گه‌وه‌رتر... و ده‌ست ده‌كات به گريان و وه‌ك تۆفان هه‌ڵبستێت، دڵم كهف ده‌دات، رامدهماڵێت، ده‌بمه ده‌نگ و هيچى ديكه نا، قوڵپ قوڵپ خۆم ده‌خۆمه‌وه، به‌سه‌ر خۆمدا دهرِشێمهوه، بارانێك هه‌ر له‌ده‌نگ ده‌بارێت و تهرِم ده‌كات.. تهرِ تهرِ وه‌ك ئه‌و ئێواره‌ى شه‌قڵاوه تهرِ.. گوێ لهشهجهريان ده‌گرم و ده‌مه‌وێت بفرِمهوه، هه‌ڵمده‌گرێت و ده‌چم له قوڵايى ئاسمان نا، له قوڵايى ده‌نگى خۆمدا، خۆم له تاريكيى وهردهپێچم و ده‌بمه نووتهكى، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو ده‌نگه‌كان له‌ناو خۆمدا بكوژێنمه‌وه و ته‌نيا گوێ له خۆم و شه‌جه‌ريان بگرم، ده‌نگى خۆم ده‌بێته گۆرانييه‌كه‌ى (ئاه باران) له جياتى شه‌جه‌ريان خۆم ئه‌و گۆرانييه بۆخۆم ده‌ڵێم و وشه ده‌بێته هه‌نسك، تێده‌گه‌م، من چ ده‌نگێكم له ناخدا هه‌يه و شين نه‌بووه.
(مارييا ڤينه) ده‌يزانى شێرێكييان له‌و كوشتووه، منيش تێده‌گه‌م (شهجهريانێك) له مندا كوژراوه!
(2)
(چى تر؟)م ، به خۆم گووت: دوای ئه‌وه‌ی نووسیم: (شهجهريانێكييان له مندا كوشتووه)
به‌وه‌دا خۆم ده‌ناسمه‌وه، كه گوێ له ده‌نگى خۆم ده‌گرم، نامه‌كانم ده‌خوێنمه‌وه، كه بۆ كه‌س نا، بۆ خۆم نووسيوون و تازه به‌ده‌ستم ده‌گه‌ن. له يه‌كێك له نامه‌كان نووسيومه: حه‌ز ده‌كه‌م له زۆر شوێندا بمرم، بۆ نموونه بهيارێكى شين.. بن تهرِاشێكى فێنك و تهرِ، له ژێر ئاسمانێكى بێگه‌رد...
لێ ئێستا ده‌زانم من رۆژانێك خه‌مى چ شتێكى بێبايهخم خواردووه.. ئێستا نامه‌وێت له‌سه‌ر، دواى مردنى خۆم، بنووسم. كه مردم جياوازى له نێوان شوێنه‌كاندا نامينێت، ناچمه هيچ جێگهيهكهوه. كه ده‌شچم ئيدى من لێره نيم و خه‌م بۆ ئه‌وه ناخۆم چيم به‌سه‌ردێ..
دواى مردن،جياوازييه‌ك نييه، له كوێ دهرِزم، له بن تهرِاشێك، ئاسمانێكى بێگه‌رد، سێبه‌رى گوڵه نێرگزێكى قهتمهر يان نێو كانياوی رهزێكى كه‌سك؟
جياوازييه‌ك نييه، كه شته‌كان له مندا نامێنن، خه‌مى ئه‌وه‌م نييه، له باوه‌شى چ ده‌منێژن. ئه‌گه‌ر ئومێدێك هه‌بوايه بهجوانييهك له‌دواى مردنى خۆمدا دهيبينم، ئه‌وه ده‌مگووت هه‌ر له‌نێو ده‌نگى خۆمدا بمشارنه‌وه.. من ته‌نيا ئه‌وكاته ره‌نگه غه‌ريبى ده‌نگى خۆم و موزيك بكه‌م، گۆرانييه‌كى كامگاران و ده‌نگى شه‌جه‌ريان ئه‌گه‌ر نا شوێنه‌كانى دى، من خۆش !
هه‌ڵده‌ستمه‌وه، (ئيسكهندهر) ده‌خوێنمه‌وه، ده‌چمه نێو رووداوه‌كان و مێشكى كارئه‌كته‌ره‌كان، ههندێكييان به جوانى و خۆشنوودييهوه ده‌ژين، به‌دووى چێژ‌و ژياندا دهگهرِێن. له‌گه‌ڵ ده‌نگى خۆيان‌دا ته‌بان.
كه‌سييان نووسه‌ر نييه، يه‌كێكييان كورِێكى ئه‌ڵمانه‌و و موزيكژهنه.. ئه‌وان ده‌ژين و بير له ژيان ناكه‌نه‌وه.. ئيرِادهيهك ده‌ستييان ده‌گرێت .. يان به ئيرِادهى خۆيانه‌وه ده‌ستى ژيان ده‌گرن و له‌گه‌ڵ خۆيان‌دا دهيبهنه شار‌و گونده‌كانى توركيا .. ئه‌رێ ! ژيان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا رێ ده‌كات نه‌وه‌ك بهبهرهواژييهوه.. ئه‌وێ واقيع نييه، شتێكه وه‌ك به‌خته‌وه‌رى.. وه‌ك پێكه‌نين، وه‌ك ده‌نگى من له‌نێو خوێنمدا...
