نووسین له په‌نجه‌ره‌وه
شاڵاو حه‌بیبه- سلێمانی
به‌شی یه‌كه‌م
به‌یانی زوو، بۆ نموونه سه‌عات ده له خه‌و رِادهبم. ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت بچمه بازارِ و چاوهرِێی رِابهر فاریق بكه‌م، هه‌ستێكی حیز و بێهووده‌م پێ ده‌به‌خشێت. به گشتی به‌یانیان دنیام به هه‌موو جوانی و قێزهونیهكانییهوه له كن بێهووده‌یه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه كه مهكینهكانم دره‌نگ وه ئیش ده‌كه‌ونه‌وه. هاتنی رِابهر بۆ سلێمانی به مه‌به‌ستێكی بێماناوه، كه تاقه‌تم نییه باسی بكه‌م، چونكوو ئه‌ركێكی حكوومییه نه‌ك تاكه‌كه‌سی، مانگانه دوو جار خه‌وی به‌یانیانم لێ تێك ده‌دات، به‌ڵام هاتنی ئه‌م كهرِهتهی جوایه‌زه. وه‌ك شتێك بۆ گه‌ووادی كردن دێت، په‌نجا كتێبێكی له یه‌كه‌مین كتێبی چاپكراوی خۆی دێنێت و ده‌بێت دابه‌شی بكه‌ین. له ئێسته‌وه بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه حه‌مماڵ بومایه ئهمرِۆ زۆر ده‌كه‌وتم، به‌ڵام ده‌زانم زۆر باشه ئافه‌رینیش وه‌رناگرم. پێویستیشم نییه، چونكوو گیرفانی من زۆر له‌و زۆر باشه ئافهرینانهی تێدایه. له‌و ساته‌دا كه من وا بیر ده‌كه‌مه‌وه، بێگومان ئه‌ویش هۆشی لای كه‌سێكه، ئه‌گه‌ر فریای خۆی نه‌كه‌وێت رِۆژ و نیوێك مێشكی ده‌گێت. ته‌نیا رِابهر و كه‌سێكی دی -كه پێویست به ناوه‌كه‌ی ناكات- ئه‌وه ده‌زانن كه من چه‌نێك حه‌زم لێیه وه نێو كه‌وم.
له كورسییه‌كی ته‌نیادا جێگیر ده‌بم. ئێسته بیرم نه‌ماوه ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم ژن بوو یان پیاو؟ ئه‌گه‌ر ژن بوایه له‌وانه بوو ئێسته له یاده‌وه‌ریم دا مابوایه. جار جار چاوێك به‌و خه‌ڵكه غه‌مگین و بێگیانهدا دهگێرِم، ئاخۆ ئه‌مانه كه‌سیان ده‌زانن رِابهر فاریق كتێبی چاپ كردووه؟ ئاگایان له‌وه هه‌یه كتێبه‌كان له تهكسییهكدان به‌ره‌و ئه‌م شاره؟ پاشان تێده‌گه‌ن شار له‌و رِستهیهدا و له‌مه‌شدا چه‌نێك بێمانایه. ئه‌گه‌ر زۆر بیر له‌وه بكه‌مه‌وه كه جگه له من كه‌س نازانێت رِابهر به خۆی و كتێبه‌كه‌یه‌وه دێت، ناچار ده‌بم لای گۆرِستانهكه بڵێم: دابه‌زین هه‌یه. كه‌ی هه‌واڵی چاپبوونی كتێبێكی باش، كورد دادهچڵهكێنێت؟ ئاخۆ هۆكار گهمژهییمانه، یان شتێكی تر، كه كتێبه‌كان دێن و تێدهپهرِن، به بێ ئه‌وه‌ی شتێك له ئێمه بگۆرِدرێت. وه‌ك كارزان رِهحمان ده‌ڵێت -ئه‌و كورِهی كه رِابهر ده‌ڵێت زۆر له خۆی ناشیرینتره، من نه‌مدیوه، به‌ڵام پیاو كه له رِابهر ناشیرینتر بوو ده‌بێت چۆن بێت؟!- ئێمه‌ی نووسه‌ران" ئێمه‌ی گوناحـ" كتێب چاپ ده‌كه‌ین و هاورِێ نووسه‌ره گوناحه‌كانمان ده‌یخوێننه‌وه. رِستهكهم پیس ده‌ستكاری كردووه. ئه‌و مافهشم سه‌یر به خۆم داوه. منیش رِۆژێك له رِۆژان ئاشنای خوێنه‌رێك نه‌بووم پاش حه‌فته‌یه‌ك ده‌فته‌رێك شیعرم بۆ نه‌نێرێت. به گشتی ئه‌وه‌ی ده‌خوێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌یه رِۆژێك ده‌ست به نووسین بكات و شتێك -كه شتیش نییه- لێیه‌وه شاره‌زا بێت. گومانم له‌و رِستهیهی كۆتاییش هه‌یه كه ئی خۆم نه‌بێت، له‌وانه‌شه ته‌نیا گومان بێت. ده‌با هیی كه‌سێكی دی بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه خوینهرگهلی مه وریان وریا. نووسهرگهل ناتوانن فێڵیان لێ بكه‌ن. لێره‌دا به جۆرێك پێده‌كه‌نم، باوكم له قه‌بری نه‌نكیدا خه‌به‌ری ببێته‌وه و وا بحه‌په‌سێت، كه هیچی پێ نه‌گوترێت.
كتێبه‌كه به جۆرێكی وه‌ها به ده‌سته‌وه ده‌گرم، نووسینی سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی بخوێنرێته‌وه و خه‌ڵكی بیبینن. برِێك كتێبی بچووك و جوان هه‌ن، ناوم ناون كتێبی نێو پاس. رِۆژێك بیرم له‌وه كرده‌وه ئه‌مسه‌ر نیو سه‌عات، ئه‌وسه‌ریش نیو سه‌عات، بۆ من به‌خته‌وه‌رییه یه‌ك سه‌عات له یه‌ك پاسی پهرِپووتدا زیاد له كهرِهتێك تف -تفی باش- له‌م بوونه بكه‌م، كه له كن مه نییه. هه‌تا رِۆژێك گۆڤاری نهوشهفهقم برده ته‌والێت، ئه‌مه‌ش شه‌ق تێهه‌ڵدانه له‌و دۆخه‌ی كورد تێی كه‌وتووه. ئه‌گه‌ر له رِابهر ده‌پرسن، من ده‌ڵێم: كورد له رِووی رِۆشنبیرییهوه له شوێنێكدایه كه شوێن نییه.
ئه‌وه‌تا ئه‌م خه‌ڵكه هیچیان نازانن رِابهر فاریق كتێبی چاپ كردووه. ناشزانن من ده‌چمه لای ئه‌و و رِێگهم بۆ ناكه‌نه‌وه.
"بهرِێز من دوا ده‌كه‌وم."
ناچار خۆپێوه‌نان رِوو ده‌دات، له‌گه‌ڵ كێ دا، گرنگ نییه. خه‌ڵكێك له بێ ئیشیدا ناخوێننه‌وه، هه‌ر بۆ ئه‌وه باشن له قه‌بری باوكه حیزهكهتدا نا، به‌ڵكوو له شوێنێكی تر دا، كه شوێنیش نییه، خۆتیان پێوه بنێیت.
ورده ورده هه‌ست ده‌كه‌م دره‌نگ ده‌بێت "ئه‌م گوێره‌كه‌یه‌ی هاورِێم هه‌ر نه‌گه‌ییشت." ده‌ڵێت گوایه له باغی گشتیی‌دا دانیشتووه. ئه‌مه ئیتر سه‌یره. ده‌ڵێم شوكر بۆ خوا هوشیار بوَوه مه‌حوی. مانگگه‌لی به‌ری ئه‌مه كه ده‌هات، ده‌یگوت: شاڵاو له ته‌كسییه‌كه دابه‌زیوم، زووكه فریام كه‌وه. له‌وانه‌یه نووسین بۆ شوێنێكم به‌رێت كه پێشتر نه‌چووم. دڵنیابن ئه‌وی گوتم پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی به رِستهكانی پێش خۆیه‌وه هه‌یه، چونكوو دڵنیا نیم ئه‌وه‌ی سه‌ری مانگان ده‌یبینم هه‌ر ئه‌وه‌یه كه به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م یان نا؟ ئاخر مرۆڤ له نامه‌دا كه‌سێكه، له ته‌له‌فزیۆندا كه‌سێكه، له ته‌له‌فۆندا كه‌سێكه، له رِاستیدا كه‌سێكه و له یادوهریشدا كه‌سێكی دیكه‌یه... پاش گوتنێكی وه‌ها، مرۆڤ وا باشه پشوویه‌ك بدات. باشه. با بچم كه‌مێك پشتی دایكم بشێلم. پێده‌چێت نووزه نووزهكهی وهرِزی كردبێتن.
مهرِۆن... من دێمه‌وه. ته‌نیا كه‌مێك ده‌چمه‌وه كن بیره‌وه‌رییه‌كانی دایكم.
***
سه‌لفادۆر دالی، نموونه‌ی پیاوی بێ ئه‌خلاقه. برِوام وایه مرۆ وه‌ك ئه‌و باشتر ده‌ژی، بۆیه جێی خۆیه‌تی ئاكاره‌كانی ده به‌ر چاو بگیرێن و هه‌مدیس رِهوچاو بكرێنه‌وه. با كه‌س قسه‌ی تیا نه‌كات، خودی ئاكار ده‌مێكه له نێو نووسه‌رانی مه‌دا كۆچی كردووه. رِوونكردنهوهی ئه‌وه‌ی گوتم، كتێبگه‌لی گه‌وره‌ی گه‌ره‌كه، كه رِهنگه سه‌رده‌مێك برِێك له ژیانی پووچی خۆمی بۆ ته‌رخان بكه‌م. تۆزێك له‌مه‌وبه‌ر كه جێمهێشتن، بیرم نه‌بوو پێتان بڵێم كه گوگوش ده‌یگوت: مرۆی باش غه‌مه‌كان وێرانی ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه نووسه‌ری مه به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ن رِێزیان بگریت و به ئه‌خلاق بیت له‌گه‌ڵیاندا، چونكوو مرۆی باش له نێو ئه‌م كه‌م ئاكارییهی هه‌نووكه هه‌یه، وه‌ك كۆمیدیایه‌كی گه‌وره وه‌هایه، خودی ژیانیش كه‌مێك بێ ئه‌خلاقیی گه‌ره‌كه. مرۆی ئاكارخواز هه‌ر زوو توورِدهدرێته ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر شتێكه‌وه كه پێی بڵێن ژیان.
ئینجا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم و یادوه‌ری پووچم فێڵم لێ نه‌كات، ئه‌م سهلفادۆره، پاش مردنی لۆركا ده‌یگوت، گوایه لۆركا له‌به‌ر ئه‌وه هاورِێیهتی ئه‌وی كردووه، تا نێوبانگ ده‌ربكات. ئه‌م حاڵه‌ته پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی به نێوانی نووسه‌رانی مه‌وه هه‌یه. ئه‌وی رِۆژێك نووسه‌رێكی له نزیكه‌وه ناسیبێت، ده‌زانێت چیی ده‌ڵێم و له‌وه‌ش تێده‌گات ئه‌و رِۆژانه چه‌نێك به‌خته‌وه‌ر بووه، كه دوور بووه له ژیانی بۆگه‌نی نووسه‌رانه‌وه. من حاڵه‌ته‌كه بۆ سه‌ر خۆم كورت ده‌كه‌مه‌وه، له‌وان دهگهرِێم. لێره‌وه‌یه كه هه‌مدیس دهگهرِێمهوه كن رِابهر فاریق. ئه‌م كابرایه برِێك بێ ئه‌خلاقیی تێدایه، كه من خۆشم ده‌وێت، پێده‌چێت ئه‌وه برِه گه‌لێكیش بێت. لای مه هه‌موو شتێك هاورِێیهتی دروست بكات، نووسین دروستی ناكات. له‌به‌ر ئه‌وه گوو به نووسینی رِابهر، گوو به ئی شاڵاویش، ئه‌گه‌ر بووبێتنه هۆكار بۆ هاورِێیهتیمان. كه‌چی برِێك، برِێك گوناح، له ئێسته‌وه وه‌ك موریدی رِابهر له من دهرِوانن. "رِابهر له كوێی شاپێك له خۆت هه‌ڵده‌ی." هه‌ڵبه‌ت بیریش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه من بۆ ئه‌وه خۆم له رِابهر نزیك كردووه‌ته‌وه، تا ناوم بێنێت، یان له باره‌مه‌وه بنووسێت. با هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه كه‌ینه‌وه؛ بۆ كه‌س بیر له‌وه ناكاته‌وه، كه پێده‌چێت رِابهر خۆی له من نزیك كردبێته‌وه؟ چونكوو ئه‌وان "ئه‌وان هه‌ر كه‌سێكن كه خۆیان به ئه‌وان ده‌زانن" رِابهر به گه‌وره‌تر ده‌زانن. هه‌نووكه هه‌ر نووسه‌رێك یه‌ك دوو جار له‌گه‌ڵ نووسه‌رێكی ناو رِۆییشتوودا ببینرێت، ده‌سبه‌جێ باس له‌وه ده‌كرێت، كه ئه‌وه ئیشی پێیه‌تی. ئه‌وه ده‌ڵێت به‌شكم ناوم بێنێت. خۆ ده‌زانم ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام مه‌به‌ستی من له‌م ساته‌دا ئه‌وه نییه.
رِۆژگارێكی سه‌یره كورِه. ده‌بینی هه‌تا لێ ناگهرِێن هاورِێیهتیش بكه‌یت.
"بززهبت كوێ؟ باشه باشه. لێی گهرِێ. بۆ خۆم ده‌تدۆزمه‌وه."
- په‌له‌كه كه‌ره‌كه‌م.
***
پێوه‌ندیی من و رِابهر وشه‌كانمان دروستی ناكه‌ن، به‌ڵكوو جنێو و بێ ئه‌خلاقیمان دروستی ده‌كه‌ن. برِوام وایه مرۆڤ وا باشتره به‌رده‌وام كێشه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ رِابهردا هه‌بوو، نه‌یبێت باشتره. له رِووی ئه‌ده‌بییه‌وه هیچمان پێویستمان به‌وی دیكه‌مان نییه. ئه‌وه له‌مێژه برِاوهتهوه كه نووسه‌رێك ناتوانێت هاوكاری داهێنانی نووسه‌رێكی دی بێت. خۆ نووسین بلۆك دانان و مانگا دۆشین نییه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان كه زۆر به لامه‌وه ئاسایییه ئه‌وان به وههم تێبگه‌ن، دێن رِابهر وه‌ك كه‌سێك گه‌وره ده‌كه‌ن، كه هێشتا كه‌سێكی ته‌واو نییه، به‌ڵكوو له سه‌ره‌تای بێ سهرهتاییشدایه. ئه‌مه‌ش رِێگهكهیه، من بڵێم چی. له‌به‌ر ئه‌وه شهرِی ئه‌وان كه بۆ تێكشكاندن و كه‌م نرخ كردنه، بێ‌ئاگا له پووچی خۆیان، دهگۆرِێت بۆ به گرنگ زانین و گه‌وره‌كردنی كه‌سێك. له كاتێكدا ئه‌مانه نایانه‌وێ كه‌س وه‌ك گرنگ و گه‌وره بناسێنن. ئه‌مه حاڵه‌تێكه هه‌ر ئێسته ئه‌گه‌ر له ده‌وروبه‌ری خۆت برِوانیت، نموونه‌یه‌كی زیندوو ده‌بینیت.
من و رِابهر زۆر جاران به‌و شهرِانه پێكه‌نیوین كه خاڵه دۆنكیشۆتیش نه‌یكردوون.
"شاڵاو ئه‌وانه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێكدان."
"باشه رِابهر جگه‌ره‌یه‌كم بده‌رێ". هه‌نووكه گه‌لێ ئاسایییه پاش مانگێك یه‌كتر نه‌بینین، هه‌موو شتێكیش به قسه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌وه ده‌ست پێ بكات. ژیان له‌وه خێراترێكه به چۆنی و باشی و كه‌ش و هه‌وات چۆنه و سایكۆلۆژیات له چیدایه، به‌م قسه قۆرِانه، كه هه‌مووشیان ترِی كهرێكن، به فیرِۆ بده‌ین.
له باغی گشتیدا یه‌كه‌مین كتێب ده‌ده‌ینه ئارام غه‌مبار. به مه‌وله‌ویدا سه‌رده‌كه‌وین و من مه‌كینه‌كه‌ی بن زمانم به گهرِ ده‌خه‌م. رِابهریش هه‌ر وایه، به‌ڵام ئه‌و ماندووه. به ده‌م ماندوویه‌تییه‌وه سه‌ری له‌م ژنه جوانانه‌ی سلێمانی سورِماوه. ده‌ڵێم گه‌لۆ ئه‌وانه هه‌مووی هیی منن. ده‌زانێت من و ژن دیواری سه‌یر سه‌یرمان له نێواندایه، دیوارگهلێك كه خۆم چێم كردوون و ناشخوازم نه برِووخێن، نه باسیان بكه‌م. ده‌ڵێت: "مێشكهستوور، ئه‌توو كه‌ری كه‌ر".
رِابهر كتێبه‌كه ده‌خاته‌وه عه‌لاگه‌كه‌ی، من ده‌چمه‌وه خۆم و ده‌حه‌په‌سێم. كابرا -خاوه‌نی كتێبخانه‌ی هاوڵاتی- وه‌ك شتێك گوو وه‌رگرێت، كتێبی شیعر وه‌رناگرێت. یه‌كی دی كه له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووه و بۆ خۆی نازانێت له چاوی مندا چه‌نێك ناشیرینه، به توانجه‌وه ده‌ڵێ: "بیبه‌ن بۆ به‌رده‌ركی سه‌را". رِابهر تێناگا، به‌ڵام من ده‌زانم مه‌به‌ستی قهحبهخانهكهیه. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ئیشه‌كه‌مان قۆرِ نه‌بێت، وه‌ڵامێكی وه‌های ناده‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر نا شتێكم پێ ده‌گوت، له قه‌بری نهنكیشیدا بیری نه‌چێته‌وه.
من ورِ بووم. سه‌یر ورِ بووم. ئه‌وه‌ی رِوویدا ناچێته عه‌قڵی كه‌ره‌وه. پاشان كه له كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه دێینه ده‌ره‌وه، سه‌باره‌ت به كتێبی شیعر، به باشی قسان ده‌كه‌ین. جارێ ده‌مه‌وێ رِهوتهكه به گێرِانهوه بسپێرم. زۆر په‌ست و بێمانام له‌م ساته‌دا، كه‌چی رِابهر نه "با"ی دیبوو، نه باران. ده‌یگوت: "چاوهرِێی ئه‌وه‌م ده‌كرد" من حه‌ز ده‌كه‌م زوو كتێبه‌كان دابه‌ش بكه‌ین و له‌و كهرچێتییه رِزگارم بێت. باڵم ده‌كشێت. زۆر هه‌ست به وڵاخچێتیی خۆم ده‌كه‌م. ئه‌م باره بۆ من زۆر قورسه رِابهر؛ ده‌رنابه‌م.
شیعر ئه‌وه ناهێنێت به‌م نیوهرِۆ گه‌رمه بۆی بكه‌ویته‌وه ئه‌م شه‌قامه حیزانه‌وه.
پلێشهرێكی حیزی دیكه‌ی لێ وه‌رده‌گرم. ئه‌وه بوو به سێ دانه. سێ چوار قومی له‌به‌ر عه‌یبه لێ ده‌ده‌م و فرِێی ده‌ده‌م. هه‌موو جارێك پێی ده‌ڵێم: "ئه‌م شته حیزه‌م پێ ناكێشرێت، ئه‌گه‌ر هاتی له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆتدا رِۆیاڵسێكی دووسه‌د و په‌نجا دیناریم بۆ بكرِه"، به‌رده‌وامیش بیرم ده‌چێت پێی بكرِم. بیرم بێت ئه‌م كهرِهته پێی بكرِم. نازانم ئه‌و گووه‌ی چۆن پێ ده‌كێشرێت.
چواره‌مین جگه‌ره پێده‌كه‌م و ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ چای یه‌كێك له چایخانه‌كانی ته‌نیشت رِهشهمۆڵدا، كه‌مێك باشتر له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌كه‌م. رِابهر برسییه‌تی. شتێكی قۆرِ ده‌خوات. سه‌موون به ساردییه‌وه، كه‌چی ده‌ڵێت: "شاڵاو سه‌موون به شه‌ربه‌ته‌وه زۆر خۆشه". كتوپرِ كتێبه‌كه‌م له ده‌ست ده‌كه‌وێته خواره‌وه. خۆم لار ده‌كه‌مه‌وه، سه‌رم به‌و هه‌موو قژه‌وه به‌ر پیاڵه‌كه ده‌كه‌وێت و چای دهرِژێته سه‌ر كاشییهكه. نیو سه‌موون ده‌خوسێت. ئه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌ی ملت بشكێ، ئه‌وه چی بوو؟" ده‌ڵێم: "چی بوو، به كه‌لله لێم دا و كه‌وته سه‌ر عاردی". ده‌ڵێت: "كوو قژ لوول؟" به ده‌م پێكه‌نین و شه‌رمه‌زارییه‌وه وه نێو ده‌كه‌وم: "زۆر مه‌ڵێ. راكه پهرِۆیهكم بۆ بێنه مێزه‌كه بسرِمهوه". چایچییه‌كه دێت. رِابهر پاره‌كه ده‌دات و ده‌رده‌چین. میوان و میوانداری و شتی وا له گۆرِێدا نییه. من پاره ناده‌م و ته‌واو. چیرۆكی ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ رِابهردا به ده‌گمه‌ن نه‌بێت قه‌ت ده‌ست ناكه‌م به گیرفانمدا، شتێكی جوایه‌زه و لێره‌دا تاقه‌تی باسكردنیم نییه، چوزانم، له‌وانه‌شه باسی بكه‌م.
ته‌ماشای كتیبه‌كان ده‌كه‌ین. ئه‌و زیاتر له من ده‌توانێت له كن كتێبه‌كان بمێنێته‌وه. چه‌ند جارێك ئاگه‌داری ده‌كه‌مه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ بكرِین، به رِێ ده‌كه‌وین. به‌ر ده‌ركی سه‌را به‌جێ ده‌هێڵین و له سه‌ره‌تای شه‌قامی پیره‌مێرددا، كه به‌ره‌و كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه به رِێگهوهین، یه‌ك- دوو جار ئاگادارم ده‌كاته‌وه كه ئه‌و گوێیه‌ی كهرِه و بچمه لاكه‌ی تره‌وه چه‌ڵته چهڵت بكه‌م.
***
پیاوه چاو خێلهكه، كه خاوه‌نی هوتێلهكهیه، ده‌ڵێت: "ژوورمان بۆ یه‌ك كه‌س نییه". رِابهر پاره‌ی دوو كه‌س ده‌دات و پێكه‌وه په‌نجا كتێب له ژوورێكی دوو كه‌سیی بچو‌وكدا، كه په‌نجه‌ره‌كه‌ی رِووه و شه‌قامی بێ گیانی پیرمێرد دهرِوانێت، داده‌نێین. ئه‌م هوتێله وابزانم نێوی مه‌وله‌وییه، ئه‌وه رِابهر حه‌وت هه‌شت مانگه، مانگی شه‌وێك له‌م ژووره ده‌نوێت، من یه‌كه‌م جارمه كه ده‌یبینم و ده‌زانم ئه‌م نوقته‌یه‌ی سلێمانی هوتێله و به ته‌نیشت كتێبفرۆشه‌كانی به‌ر ده‌ركی سهراوهیه. قورسه پیاو به ته‌نیشت ئه‌و تاجیرانهوه ئاسووده بێت.
سواڵی جگه‌ره‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌م. دڵنیام ته‌نانه‌ت تاقه‌تی داگیرساندنیشیم نییه. له نێو چرِه دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌ی ئه‌ودا بیر له چاره‌سه‌رێك ده‌كه‌ینه‌وه. من له‌و غه‌ریبترم له شاره‌كه‌دا -خۆ شاریش نییه-.
ورده ورده ته‌می جگه‌ره و ماندوویه‌تی لێكمان دوور ده‌كاته‌وه. پشوویه‌ك ده‌ده‌ین. به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و پشووه ته‌واو ببێت، نووسینه‌كه بۆ ئێسته ده‌گوازمه‌وه، كه خهیكم ده‌نووسم. وا نه‌خته نه‌خته دنیا رِووناك ده‌بێته‌وه. به‌ر له‌وه‌ی بێهووده‌یی دامبگرێت. ئێخه‌ی ئه‌م كاغه‌زه به‌رده‌ده‌م. كه هاتمه‌وه، با بیرم نه‌چێت و ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م، ده‌بێ سه‌باره‌ت به جیاوازییه‌كانی كتێب فرۆشتن له سلێمانی و هه‌ولێر بنووسم. به مه‌به‌ستی رِوونكردنهوهی ئه‌وه‌ی بۆچی ناوی بازرگان له‌م كتێبفرۆشانهی لای خۆمان ده‌نێم.
"كه‌مێكی دی، ده‌چین ته‌ماشای كچان ده‌كه‌ین."
من ده‌بێت بخه‌وم.
***
به‌شی دووه‌م
گه‌شته‌كه‌مان ده‌ستپێ ده‌كه‌ین. كهرِهتهكانی رِابردوو فریای ئه‌وه نه‌ده‌كه‌وتین، كاتێك بۆ ئه‌م هه‌موو ژنه جوانه ته‌رخان بكه‌ین. ئه‌گه‌ر سلێمانی شتێكی جوانی تێدا بێت، ته‌نیا ژنهكانێتی. من جگه له ژن، شتێكی جوانی دیكه‌م تێدا نه‌بینیوه، به‌ڵام سهرهرِای ئه‌و هه‌سته‌ی كه به ته‌نیایی چێژێكی فره‌تر له شته‌كان وه‌رده‌گرم، قه‌ت نه‌متوانیوه ئه‌م گه‌شته به ته‌نیا بكه‌م. هه‌ستێكی ترسناكم هه‌یه به ته‌نیا، به نێو كۆمه‌ڵێك ژن‌دا تێپهرِم. ئه‌مه پێوه‌ندیی به شه‌رمه‌وه نییه. برِوام وایه ژنێك به ئاسانی ده‌توانێت پیاوێك -له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بێت- رِیسوا بكات. ئه‌وه‌ی له بازارِدا ژنێك ده‌نگت لێ به‌رز بكاته‌وه، له گاندان ئابرِووبهرتره.
هه‌ندرێنیش وه‌كوو مه له كتێبی گوڵناره‌كانی شوێنپێی نازانم چیدا، ده‌ركی به كراوه‌یی و جوانیی ژنانی سلێمانی كردووه، له چاو هه‌ولێردا. ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی به جۆرێك قۆرِ و وشكه، هه‌رگیز ناتوانێت له یادوه‌ریدا جێگیر بێت، به‌ڵام كتێبه‌كه له‌و جۆرانه‌یه كه من خۆزگه‌ی درێژتربوونیم ده‌خواست. هه‌ر له نێو پاسه‌كه‌دا چوار به‌شی ههوهڵیم ته‌واو كرد. ده‌كرێ وه‌ك تێفكرین و یادوه‌ری و سهفهرنامهش هه‌زمی بكه‌ین. ئه‌مه هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و شیعره‌دا كه له سه‌ره‌تاوه درێژ ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا هاورِێیه. ورده‌كارییه‌كی سه‌مه‌ره‌ش سه‌باره‌ت به گواستنه‌وه‌ی كات هه‌یه؛ لێره‌وه بۆ سوید، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وریا نه‌بێت سه‌ری لێ تێك ده‌چێت. جگه له‌وه‌ی كه ئاماژه‌م بۆ كرد، بیرم نه‌ماوه ئاخۆ سه‌باره‌ت به ژن له‌م دوو شاره‌دا چی دیكه‌ی گوتووه. له‌گه‌ڵ رِابهر به‌رده‌وام باسی ئه‌وه ده‌كه‌م: هه‌ولێر حهیاچوونهكهی له‌وه‌دایه، كه پایته‌ختی وڵاته‌كه‌مانه و -كه وڵاتیش نییه- كچی جوانیش نییه، بۆچی؟ به كۆڵانی به‌رانبه‌ر مزگه‌وتی گه‌وره‌دا له سه‌رخۆ هه‌نگاوان ده‌نێین و ئه‌و ده‌ڵێ: "هه‌یه، به‌ڵام نایێنه ده‌رێ". به لای رِاستدا ده‌چینه ته‌لاری نه‌قیبه‌وه، نازانم جگه له ژنه‌كانی -كه لێره‌دا به هۆی زۆریی پۆشاكی كورِانهوه، كه‌میشن- چیی دیكه‌ی تێدایه، كه ئه‌دۆنیس له شیعره‌كه‌یدا ناوی بردبوو. هیچم له شیعره‌كه‌ی بیر ناكه‌وێته‌وه و له كاتێكدا وریای شهقاوهكانمم؛ نهخلیسكیم، ده‌ڵێم: "باشه بۆ نایه‌نه ده‌ره‌وه"؟ بۆ خۆی ته‌ماشای ژنه‌كان ده‌كات. باشتره بڵێم كچگهل، چونكوو ئه‌و به پێچه‌وانه‌ی منه‌وه، من ژنی سی و پێنج بۆ چل ساڵم خۆشده‌وێت، كه‌چی ئه‌و حه‌زی له ئی گه‌نج و ناسكه. ئه‌گه‌ر لێی گهرِێم وه‌ڵام ناداته‌وه. ده‌یه‌وێ له جوانیی ژن‌دا بێده‌نگ بێت، به‌ڵام من گوێ ناده‌مێ. ده‌ڵێم: "ها؟" وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی من نه‌بێت، چاو له‌سه‌ر كچێك، كه نازانم كامه‌یانه، هه‌ڵناگرێت و ده‌ڵێت: "برا دێنه ده‌رێ، دوو قلیان دێنه ده‌رێ، به‌س سه‌عات دووی شه‌و و ئه‌و كاتانه دێنه ده‌رێ و به ته‌نیا من ده‌یانبینم. ماریان به‌رامبه‌ر مارمانه." ئێسته كه بیر ده‌كه‌مه‌وه، وای بۆ ده‌چم پاش (مارمانه) گوتبێتی: "نازانم به‌و شه‌وه‌ی چ ده‌كه‌ن؟". كه ده‌گه‌ینه رِاپهرِین، هه‌ر زوو شه‌رم دایده‌گرێت: "ئه‌رێ شاڵاو عهییب نییه؟". منیش هه‌ووه‌ڵ جار وه‌ها بووم، كتوپرِ كه خۆم له نێو ئه‌و هه‌موو ژنه جوانه‌دا بینی، گوتم: "هاكا به‌ر شه‌قیان دام. ئه‌وه ئێره كوێیه؟" تا رِۆژێك گوێم له كچێك بوو، كه ده‌یگوت: "نازانم ئه‌م كورِانه لێره چی ده‌كه‌ن". من به په‌له تێم ته‌قاند. به‌ڵام هه‌نووكه بوومه‌ته پیاو. ده‌زانم كه‌س ئه‌م بازارِانهی دابه‌ش نه‌كردووه. ئه‌مه‌ش خۆ ئه‌ده‌ب نییه، كه بۆ هیی ژن و هیی پیاو دابه‌شی كه‌ن. به گشتی، من په‌ست ده‌بم به‌و شه‌قامانه‌دا تێپهرِم، كه ژنگه‌ل هاتووچۆی پێدا ناكه‌ن. بۆ نموونه كۆڵانێكی ته‌سك هه‌یه شوێنی كرِین و فرۆشتنی مۆبایلی كۆنه‌یه. ئه‌گه‌ر مه‌زادخانه ناوه‌كه‌ی نه‌بێت، نازانم. یه‌ك ژن چییه -وه‌ك ده‌ڵێن- بۆ ده‌رمانیش پێیدا تێناپهرِێت. رِۆژێك، نازانم كێ بوو پێی گوتم: "هه‌تیو به‌و قژه‌وه نه‌چیته ئه‌وێ، دهتگێن." تا ئێسته رِابهرم نه‌بردووه‌ته ئه‌وێ. ئه‌گه‌ر بیبه‌م، جارێكی دی به‌م شاره‌دا عه‌ره‌بانه‌كه‌ی لێ ناخورِێتهوه.
تا ده‌چینه ئه‌وسه‌ری ده‌بۆكه و دهگهرِێینهوه و ئه‌م فه‌رع و ئه‌وی تر پاته ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌و پتر له بیست و ئه‌وه‌نده جار ده‌ڵێ: "براكه‌م قسه مه‌كه، مه. لۆ خۆت ته‌ماشا كه". دوایین جار كه له هه‌ولێر بووم، یه‌ك كچم نه‌بینی، خۆ نهبینینهكه باشتریشه. خۆ به‌خۆ كه كچی هه‌ولێر ده‌بینم، گوێنیم دێته به‌رچاو. هه‌ستی كچ بینین و ناسك بینینم، ده‌كوژن. جاران له لهنگهكه جاروبار هیی جوانم ده‌بینی، به‌ڵام ئێسته نازانم له‌نگه كه‌وتووه‌ته كوێوه. ده‌پرسم: ده‌بێت هۆكاری ئه‌م جوایه‌زییه گه‌وره‌یه‌ی ژنگه‌ل له سلێمانییه‌وه بۆ هه‌ولێر، كه به پاس ته‌نیا چوار سه‌عات دووره، چی بێت؟ بۆ شه‌قامه‌كانی سلێمانی جمه‌یان له ژن دێت و هیی هه‌ولێر له ژن به‌تاڵ ده‌بنه‌وه؟ بۆ جلوبه‌رگی ژنان لێره ورده ورده داده‌كشێن و هه‌ڵده‌كشێن، كه‌چی له‌وێ پێچه‌وانه‌كه‌ی رِاسته؟ ئاخۆ كچی هه‌ولێر سانسۆر ده‌كرێن، یان خۆیان سانسۆر ده‌كه‌ن؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسانه ئێره شوێنه‌كه‌ی نییه و منیش پێیان ناوێرم. به‌ڵام جێی سهرسورِمانی ئه‌م دوو كه‌ره‌یه كه هه‌ولێر له گوندێكی چۆڵی گه‌وره ده‌چێت.
ده‌خوازم پتر له كنی وه‌مێنم، به‌ڵام ده‌بێ فریای پاس كه‌وم، چونكوو ئه‌گه‌ر به تاكسی برِۆمهوه، ده‌بێ ئه‌و پاره‌كه‌ی بدات. لێره‌دا شتێكی سه‌یرم دێته یاد، كه برِێك له هاوكێشه‌كه تێك ده‌دات. برِێك سلێمانیش ده‌خاته پاڵ هه‌ولێره‌وه. نه‌خته نه‌خته كه به‌ره‌و ئێواره ده‌چین، كچ و ژنه جوانه‌كان به‌ره‌و ماڵ ده‌بنه‌وه و جێیان له ده‌بۆكه و رِاپهرِین و ئوَرزدی و نازانم كوێی تردا خاڵی ده‌بێت. كه‌وابوو یاسایه‌ك ئه‌مانیش بهرِێوه ده‌بات، كه ده‌بێت به‌ر له‌وه‌ی دنیا تاریك دابێت، له ماڵه‌وه بن. به جۆرێك دوا چوار پاسی گه‌راجه‌كه به ده‌گمه‌ن نه‌بێت یه‌ك (مێ)یان تێدا نا‌بینیت. ئه‌گه‌ر تێشیاندا بێت، پیره‌ژنێكه، ماڵه‌وه له خوایان ده‌وێ سه‌یاره لێی بدات و نهگهرِێتهوه. هۆكار چییه كه باوكێك، یان چه‌ند برا گه‌وره‌یه‌ك رِێگه ده‌ده‌ن كچه‌كه‌یان سنگی رِووت بكات، به‌ڵام بۆی نییه به‌ر له ئێواره له ماڵ نه‌بێت؟ وه‌ك خۆم تاقه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌م نییه؛ ته‌نیا خه‌ریكی نووسینم، یاخود گوتن. زۆر بێهووده‌یه هه‌وڵ بده‌ی له مرۆڤگه‌لێك تێ بگه‌ی، كه بۆچی وه‌ها ده‌كه‌ن؟ له كاتێكدا خۆیان نه‌زانن چی ده‌كه‌ن!
سه‌روه‌ختی ئێوارێ رِابهر ده‌یه‌وێ بچێته كتێبخانه‌كه‌ی بهرِێوهبهرێتی چاپ و بڵاو كردنه‌وه‌وه. هێشتا ماڵئاواییمان نه‌كردووه؛ هێنده‌ی فراوانیی دوكان و نیوێكی پۆشاكفرۆشی شه‌قامی مه‌وله‌وی، لێی دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: "شه‌و ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌كه‌م". پێده‌چێ سبه‌ینێ تا كن محه‌مه‌د كوردۆ بچین، هه‌ڵبه‌ت بۆ سه‌ردان و ئه‌حواڵپرسین نا. به هۆی وه‌رگرتنی پۆسته نوێكه‌یه‌وه، ده‌رفه‌تی ئه‌و شتانه‌ی نه‌ماوه. ئاسایی، رِابهر ئیشی پێیه‌تی و منیش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌چم. كێ چوزانێ؟ له‌وانه‌شه نه‌چین.
له پاسه‌كه‌دا بیر له‌و نواندنه ده‌كه‌مه‌وه، كه له ماڵه‌وه ده‌بێ وه‌ها خۆم بنوێنم، كه بهرِۆژووم. خۆ گاندان له‌وه باشترێكه برسی نه‌بیت سه‌رسامی خۆت له هه‌مبه‌ر سفره رازاوهكه نیشان بده‌یت و پارووی گه‌وره گه‌وره‌ش بكه‌یت. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌م؛ خوازیاری نووسینم له باره‌ی رِهمهزانهوه، چۆن؟ نازانم.
پاسه‌كه وهرِێ ده‌كه‌وێت. لای رِابهرهوه ده‌مباته‌وه كن خۆم.
***
كاك هه‌ژاری خاوه‌نی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه، كه به‌رده‌وام له كن ئه‌و كتێب دهكرِم، چه‌پۆكێك به تازه‌ترین كتێبی شیعریی ئه‌نوه‌ری رِهشی ئهوڵادا ده‌كێشێت و -به‌داخه‌وه ناوه‌كه‌یم بیر نه‌ماوه- ده‌ڵێ: "ئاخر من چی له‌مه بكه‌م؟!" رِابهریش تێ ده‌گا مه‌به‌ستی ئێمه‌یه، بۆیه ده‌ڵێ: "چی بكه‌ین؟ قسه‌ی خۆمان بسووتێنین؟" پێی ده‌ڵێین، كاك هه‌ژار ده‌ڵێ: "به‌س شیعر نه‌بێ، كێشه‌مان نییه". له رِێگهدا كه دهگهرِێینهوه تا ژوورێك له هوتێل مه‌وله‌وی بۆ رِابهر وه‌رگرین، پێم ده‌ڵێ: "باشه تۆ نه‌تگوت هاورِێمه؟!" نازانم كه‌ی ئه‌مه‌م گوتووه و بۆ چیش؟ به‌ڵام له خۆرِا وه‌های بۆ چووم، كه كه‌س لێمان وه‌رنه‌گرێت، ئه‌ندێشه هه‌ر وه‌ری ده‌گرێت. باش بۆی نه‌چووم. خاوه‌نی ئه‌و كتێبخانانه، كه كتێبگه‌لی شیعری وه‌رناگرن، له‌به‌ر ئه‌وه نییه كتێبه‌كان خراپن، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه شیعرن. لێره‌وه‌یه ئه‌گه‌ر نووسینێكی بێ كه‌ڵكی وه‌ك ئه‌مه وهربگێرِدرێت بۆ زمانه بیانییه‌كان، مانیفێستی نه‌زانین و گومرِابوونی كورد به ئاسانی به دنیادا بڵاو ده‌بێته‌وه.
تا رِابهر له ژووره ته‌سكه‌كه‌ی مه‌وله‌ویدا سێ چوار سه‌عاتێك ده‌خه‌وێت، من ده‌مه‌وێ چه‌ند پرسێكی دیكه بێنمه گۆرِێ، به‌ڵام ئه‌و كهرِهتهیان مه‌یلی شرۆڤهكردنم هه‌یه. "شاڵاو شه‌و ته‌له‌فۆنت بۆ ده‌كه‌م." باشه. ئه‌وه پرسیاره‌كانن:
- وهشێنهرهكان بۆ ده‌ڵێن شیعر چاپ ناكه‌ین؟ ئه‌م قسه‌یه به‌رئه‌نجامی چییه؟
- كتێبخانه‌كان بۆ به بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای كتێبه شیعرییه‌كان بكه‌ن، رِهتیان ده‌كه‌نه‌وه؟ ئه‌رێ خاوه‌نی كتێبخانه‌كان ده‌زانن كتێبی باش و خراپ چییه؟
- كورد بۆ شیعر ناخوێنێته‌وه؟
وه‌ڵامه‌كه‌ی من وه‌ڵامێكی گشتی ده‌بێت. ده‌بێ كه‌مێك په‌له‌ش بكه‌م؛ كوتوپر رِابهر خه‌به‌ری ببێته‌وه ته‌له‌فۆن ده‌كات، من له ئێوه و وشه له كاغه‌ز دادهبرِێین.
***
هه‌ست ده‌كه‌م محه‌مه‌د كوردۆ چاوی له نیگاكانم ده‌دزێته‌وه. نازانم ئه‌مه چه‌نێك پێوه‌ندیی به‌و كۆشیعره‌وه هه‌یه، كه به مه‌به‌ستی چاپكردن بۆم رِهوانه كردووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و رِۆژێك خۆی ئه‌و ته‌ماحه‌ی وه به‌رنام، كه هایكۆكانم بۆ چاپ بكات، به‌ڵام ئێسته برِوام له‌ق بووه، ئه‌وانیش وه‌ك شتێك (كتاب)یان بۆ چووه، كه شیعر چاپ نه‌كه‌ن. ئاراسیش ده‌ڵێن شیعر چاپ ناكه‌ین و كوتوپر تازه‌ترین كتێبی ع. ع. یووسف به لۆگۆی ئه‌وانه‌وه چاپ ده‌كرێ. خاوه‌نی ده‌زگای سه‌رده‌میش له كاتێكدا وا رِێكلام بۆ كۆبهرههمهكهی -كه شیعره- ده‌كرێ، هه‌مان گوته‌ی ئاراس ده‌ڵێته‌وه، كه‌چی كۆشیعرێكی دڵسۆز حه‌مه به بێ لۆگۆی ده‌زگاكه‌ی چاپ ده‌كات، ئه‌مه‌ش كۆمیدیایه‌كی دیكه‌ی ئه‌م دوو ده‌زگایه‌یه، كه به چه‌ند گه‌نجێكیان گوتووه: برا شیعرتان بۆ چاپ ده‌كه‌ین، به‌ڵام به بێ لۆگۆی خۆمان. وه‌ك ئه‌وه‌ی لۆگۆكه‌یان جێی سه‌رنجی ئه‌كادیمیای سویدیی خه‌ڵاتی نۆبڵ بێت. تێناگه‌م كورد جگه له شیعر نووسین چی دیكه‌ی كردووه، كه ئه‌مانه ئه‌م برِیاره عه‌جیب و غه‌ریبانه ده‌رده‌كه‌ن.
برِوام وایه: كورد هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌و جۆره رِادههێندرێ، كه شیعر بۆ رِامان نییه، به‌ڵكوو بۆ له‌به‌ركردن و ده‌ره‌جه وه‌رگرتنه، لێره‌وه‌یه سیمای شیعر له سیمایه‌كی هونه‌رییه‌وه بۆ كۆمیدیا دهگۆرِێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه كورد خوێندن ته‌واو ده‌كات، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت ناگهرِێتهوه كن شیعر. بیانووی ده‌زگاكان بۆ بڵاو نه‌كردنه‌وه‌ی شیعر، ته‌نیا نه‌بوونی خوێنه‌ر و نه‌فرۆشتنی كتێبه شیعرییه‌كانه، به‌ڵام ئه‌مه بیانوویوكی سه‌قه‌ته، پێشم وایه ته‌نیا رِووبهرِووی گه‌نجان ده‌كرێته‌وه. ئاخۆ ده‌زگای ئاراس ده‌توانێ كتێبێكی شیعریی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن رِهت بكاته‌وه؟ خۆ هه‌موان ده‌زانین نه‌خته نه‌خته كوردی ناشاعیر نامێنێ، به‌ڵام ده‌بێ شیعرمان هه‌بێ، ئینجا ده‌زانین خوێنه‌رمان هه‌یه، یاخود نا؟ ده‌فرۆشرێت، یان نا؟ به گشتی، بیانوویان قسه‌ی قۆرِه، بۆ نموونه یه‌كێك له شاعیره جددییهكانمان هه‌ندرێنه، كه تازه‌ترین كتێبی شیعریی به شێوه‌یه‌كی وه‌ها نافرۆشترێت، ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ش ئاگاداری ئه‌وه نین، كه ئه‌و كتێبی چاپ كردووه. بۆ خۆشم ناوه‌ی كتێبهكهییم ئه‌ز به‌ر نییه.
ئه‌وه‌ی منی حه‌په‌ساندووه، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن سلێمانی له رِووی رِۆشنبیری و هونه‌رییه‌وه له هه‌ولێر له پێشتره. رِابهر ده‌ڵێت: "شاڵاو، له هه‌ولێر زیاد له سێسه‌د دانه‌یان لێ وه‌رگرتم"، كه‌چی له سلێمانی ته‌ماشای كتێبهكهشیان نه‌ده‌كرد، تا بزانن ئاخۆ شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه، یاخود نا؟ سه‌یره. هه‌ر له كتێبخانه‌ی هاوڵاتی، كه كتێبه‌كه‌یان لێ وه‌رنه‌گرتین، چاپی وابزانم چواره‌می كۆشیعری رِنج سه‌نگاوییان دانابوو. له‌و ساته‌دا خۆ به‌خۆ رِابهرم وه‌ك مشكێك هاته به‌رچاو؛ باران خوساندبێتی.
"حكوومه‌ت ده‌ڵێن ده‌بێت بیكه‌نه رِهمهزان، من وه‌ك خۆم نهمكردووهته رِهمهزان."
محه‌مه‌د كوردۆ وه‌های گوت، داوای له منیش كرد وه‌ك رِابهر هه‌ستم ده‌به‌یه‌ك ئاو بۆ خۆم ده‌ركه‌م. تا ده‌رگه‌ی به‌فرگره بچووكه‌كه‌م كرده‌وه، ده‌هری بووم. چه‌ند جارێكیش گوتم: "رِابهر، رِابهر"، به هۆی نزمیی بێ ئه‌ندازه‌ی ده‌نگه حیزهكهمهوه، به تایبه‌ت له كاتی ته‌نگانه‌دا، دیسان وه‌رام نه‌بوو. كه‌وتمه‌وه یادی هه‌زار و نه‌وه‌د و ئهوهندهكان...
ماڵمان له ئۆردووگایه‌ك بوو، كه سه‌ر به شاری سه‌قز بوو. ده ساڵ له‌وێ ژیاین. له‌و ده ساڵدا دوو جار -ئه‌ویش به هۆی نه‌خۆشییه‌وه- شارم بینی. نازانم چۆنه له شیعرێكدا نه‌مگوتووه: شار نه‌خۆشییه. ئه‌وكات كه جه‌ژن ده‌هات، گرنگ نه‌بوو كێ ده‌ناسی، كێ ناناسی. منداڵانی گه‌ره‌ك كۆده‌بووینه‌وه و هه‌موو ئۆردووگاكهمان ده‌كرد. گیرفانی شهرِواڵه كوردییه‌كانمان پرِ له چوكلێت ده‌بوون. هه‌ر كۆڵانێكی تازه‌ی ئه‌وكات بۆ من وه‌ك شیعرێكی تازه‌ی هه‌نووكه وه‌هابوو. ئه‌وێ رِۆژێ له سه‌رخۆ رِۆییشتن زۆر ده‌گمه‌ن بوو. كه‌م و زۆر له دهرگهیهكهوه بۆ یه‌كی دی، كه دوو شه‌قاو له یه‌كدییه‌وه دووربوون، غارمان ده‌دا. ئه‌وی به‌رده‌وام لێی ده‌ترسام، رِۆژێك رِووی دا. منداڵه هاورِێكانم غاریان ده‌دا، منیش به دویانهوه بووم. ژنه‌كه، كه دانه‌یه‌كی كه‌مێك ده‌موچاو رِهق و ته‌ق و باریك ئه‌ندام بوو. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان دوو دوو هه‌ڵی نه‌گرن، خۆی دانه دانه چوكلێتهكانی ده‌كرده مشتیانهوه. به شه‌رمه‌وه وه پێش كه‌وتم. له‌و هه‌مووه‌دا منی جیا كرده‌وه و گوتی: "تۆ دووه‌م جارته. لاچۆ". من كه دڵنیا بووم یه‌كه‌م جاری ته‌واویشم نییه، ویستم به‌رگری له خۆم بكه‌م، نه‌متوانی. هه‌ستیشم كرد هه‌وڵه‌كه‌م بێ سووده. پێده‌چێ ئه‌وه یه‌كه‌م جارم بووبێ، كه بێ هوودیی دایگرتبم. لێره‌دا سێ شت هه‌ن:
- له‌و ژنه نابوورم، كه وای كرد به ده‌م رِۆییشتنهوه بۆ ماڵه‌وه، نه‌خته نه‌خته چوكلێتهكان فرِێ بده‌م.
- ئه‌و كه‌سه‌ش ده‌گێم، ئه‌گه‌ر وه‌ی دۆزم، كه له من ده‌چێت.
- هۆكار چییه جه‌ژنه ئاییینییهكان تا ئێسته نه‌كه‌وتوونه‌ته نێو ئهدهبیاتمانهوه، كه‌چی به ده‌گمه‌ن رِۆمانی بیانی ده‌خوێنینه‌وه جه‌ژنه ئایینییه‌كان تێیاندا ده‌رنه‌كه‌ون؟ سه‌یر ئه‌وه‌یه نووسه‌رانی مه ته‌نانه‌ت ناویشیان ناهێنن. ئاخۆ ئه‌مه به‌رئه‌نجامی ئاگایی، رِق، نه‌زانین، یانیش رِێكهوته؟ من به ده‌یان گه‌نج ده‌ناسم له‌ملا و له‌ولاوه به رِووتی دژایه‌تیی دین ده‌كه‌ن، جنێو به خودا و پێغه‌مبه‌ران ده‌ده‌ن، به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیتران به رِۆشنبیر و عه‌لمانییان تێبگه‌ن. ده‌ڵێن كابرایه‌كیش چوو خوشكی خۆی گا، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن برا ئه‌وه بێ نامووسه.
هه‌نووكه له كن مه، ئه‌وی دوو دێری نووسیبێت، له شه‌عب نه‌بێت چای پێ ناخورێته‌وه. نازانم بۆ؟
محه‌مه‌د كوردۆ دواجار له باره‌ی ئه‌و كتێبهمهوه هیچ ناڵێت، كه بۆ چاپ له كنێتی. منیش هیچ ناپرسم. گله‌یی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌توانێت بهرِێوهبهراێتییهكه به بیست فه‌رمانبه‌ری شاره‌زاوه بهرِێوهبهرێت، كه‌چی پتر له سه‌د فه‌رمانبه‌ری له كنه. ناچار، ئه‌گه‌رچی ئیشی پێ ناكه‌ن، سێ- چوارێكی له‌سه‌ر بهدالهكه داناون. كوتوپر كچێك وه ژوور ده‌كه‌وێ. پاش ئه‌حواڵ پرسینێكی گه‌رم له‌گه‌ڵ كوردۆدا، سڵاوێكی شهرمنۆكانهش له ئێمه ده‌كا. چی دیكه ناڵێ، بێده‌نگ ده‌بێ. كوردۆ، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش. رِابهر ده‌ڵێ: "ئاوه‌كه‌م ته‌واو ده‌كه‌م و دهرِۆین". به ده‌م بهرِێكردنمانهوه، له‌به‌ر ده‌رگه، كوردۆ ده‌ڵێ: "خۆشم ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كه‌م، ئێوه ته‌نیا بیبه‌ن و خه‌متان نه‌بێت".
چه‌ند رِۆژ دوای گهرِانهوهی رِابهر، به‌یانییه‌ك ده كتێبم برده كتێبخانه‌ی بهرِێوهبهرێتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه وه. كابرا -یه‌كی خرِكهڵانه بوو- گوتی: "به‌س شیعر نه‌بێت." گوتم: "وه‌ڵا ساف شیعره" نیازی وه‌رنه‌گرتنی هه‌بوو. باسی ئه‌وه‌م كرد گوایه محه‌مه‌د كوردۆ گوتوویه‌تی بیبه‌ن وه‌ری ده‌گرن، خۆیشی ده‌بێ ته‌له‌فۆنی كردبێ. نه‌یكردبوو. كابرا گوتی: "براكه‌م، محه‌مه‌د كوردۆ خۆ نایفرۆشێ، من ده‌یفرۆشم". خۆم پهرِاندهوه، به‌وه‌ی گوایه كارم به‌مه‌وه نییه: "خۆ كتێبی من نییه، ته‌نیا منیان رِاسپاردووه ئه‌م ده كتێبه‌تان بۆ بێنم. هی شاعیرێكی هه‌ولێرییه"، كه‌چی كاتێك وهسڵهكهی ده‌نووسی، ناوی خاوه‌ن كتێبه‌كه‌ی لێ پرسیم؟ من گوتم و ئه‌ویش نووسیی:
شاڵاو حه‌بیبه.
له گه‌ڵ رِۆژنامهی هه‌ولێردا، پاش خویندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی، وهسڵهكهم خسته ته‌نه‌كه‌ی زبڵه‌كه‌وه.
***
بۆ وه‌رگرتنی مكافهئهی شیعرێكی رِابهر، ده‌بوو بچینه رِ. كوردستانی نوێوه، بینایه‌ك هه‌یه هیی یه‌كێتی نیشتمانی كورستانه، نازانم ناوی چییه، تا لێره‌دا بینووسم. چووینه پرسگهكهیهوه. له‌گه‌ڵ كابرای پرسگه‌دا، كه گه‌نجێك بوو، تووشی كێشه هاتین. ده‌یگوت: ده‌بێت پێم بڵێن بۆ لای چه‌ند كه‌س ده‌چن، یه‌ك یه‌ك ناوه‌كانم ده‌وێ. گوتم: حه‌و، جا ئه‌وه چۆن ده‌بێت. ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ بچنه ژووره‌وه، وه‌هایه. رِابهر ده‌یگوت: ده‌بوو زانیارییه‌كی وه‌هات له ده‌رگه‌ی ده‌رێ دایه. تا كه‌س وه ژوور نه‌كه‌وێت. خۆ مه دز نین. كابرا هه‌ر دهیرِێسا. به ده‌م دهرچوونمانهوه، له‌و ده‌رگه‌یه‌وه كه لێی وه ژوور كه‌وتین، رِابهر ده‌یگوت: "وه نییه برا، وه نییه".
تاكسیهكمان گرت و له باخی گشتی دوو پلێشهری دیكه‌مان داگیرساند. گوو به‌و مكافهئهش شاڵاو، گوو. گوو شاڵاو، گوو گوو، گوو كوانێ، با بچین گوو بخۆین. تۆپیم له برسان. هه‌ردووك برسی و شه‌كه‌ت. به‌دوای لهفهخانهیهكدا دهگهرِاین. یه‌كه‌مجارم بیر ده‌كه‌وێته‌وه، كه رِابهر له سلێمانی گوتی: "شاڵاو برسیمه". من دنیام لێ وێكهاتهوه. گوتم: "ئه‌م كهربابه داوای رِیستۆرانت و شتی وه‌هام لێ نه‌كات". به به‌رده‌م چه‌ند رِیستۆرانتێكدا بردم، هیچی نه‌گوت. برسییه‌تی هورووژمی بۆ هێنایه‌وه: "برا مردم له برسان". لهفهخانهیهكم نیشان دا و گوتم: "ئه‌وه چۆنه؟" گوتی: "حه‌یبی نییه، لێده با برِۆین". گوتم: "لێده‌وه. برا من وامزانی قه‌لی به گووت ده‌وێ".
پاره‌كه‌ی دا و گوتی: "ئه‌دی كتێبخانه‌ی سلێمانی؟" ئه‌م كتێبخانه‌یه له هه‌ره باشترین كتێبخانه‌كانه. كتێبی زۆر نایابیشی تێدایه، به‌ڵام گوێی ناده‌مێ. چونكوو خاوه‌نه‌كه‌ی كه وابزانم ناوی جووتیاره، زۆر توورِه و گرژ و مۆنه. كهرِهتێك به كۆمه‌ڵێك رِیشهوه و عه‌لاگه‌یه‌ك به ده‌سته‌وه وه ژوور كه‌وتم. گه‌لێك قه‌ره‌باڵغ بوو. پشت له هه‌موان ته‌ماشای پێرِستی گۆڤارێكم ده‌كرد. كوتوپرِ هاوچه‌شنی فیلمه خهوفهكان، كه پاش بێده‌نگییه قووڵه‌كه، له ناكاو قه‌پۆزه به خوێنه‌كه نیشان ده‌دات، كه‌سێك گوتی: "ئه‌وه چ ده‌كه‌یت؟" ته‌ماشام كرد جووتیار بوو. گوتم: "ته‌ماشای گۆڤار ده‌كه‌م". گوتی: "ئه‌و شته رِهشه چییه؟" گوتم: "عه‌لاگه‌یه". داده‌ی ناوه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش ناوه‌كه‌ی: ده‌فته‌رێك و دوو قه‌ڵه‌م بۆ مه‌كته‌ب. ئێسته چیت ده‌وێ؟ هیچ. وه ده‌ر كه‌وتم. له‌به‌ر ده‌رگه ته‌ماشای رِۆژنامهكانم ده‌كرد. چاوم لێ‌بوو به ئاماژه به براده‌ره‌كانی ده‌گوت: "ئاگاتان له‌و گه‌نجه به رِیشه بێ". به هۆی ئیشێكه‌وه، كه نازانرێ چی بوو، له كتێبخانه ده‌رچوو. یه‌ك- دوو جاریش ئاورِی بۆ دامه‌وه. نه‌مزانی ئه‌و پیاوه كۆنه به دز لێم تێگه‌ییشت، یان تیرۆریست؟ وه دووی كه‌وتم. گوتم: به‌س ئه‌مجاره ئاورِ بداته‌وه عه‌لاگه‌كه‌ی تێده‌گرم. جا بزانه چۆن زراوی ده‌چێت. هه‌ر زوو له نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا ون بوو. ئینجا نازانم رِابهر بیبه‌ین، یان نا؟ بردمان و گوتی: "به چه‌ند ده‌یفرۆشی؟" رِابهر گوتی: "نازانم، تا هه‌نووكه نه‌مفرۆشتووه. خۆت به چه‌ند دهیكرِیت؟" ده دانه‌ی به هه‌شت هه‌زار لێمان كرِی و وه ده‌ر كه‌وتین.
رِێبین له سه‌ر عاردی بڵاڤۆكان ده‌فرۆشێت. جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، یان جه‌مال جه‌بار غه‌ریب -له‌م ساته‌دا دڵنیا نیم- ئه‌مه به سوكایه‌تیكردن به كتێب ئه‌ژمار ده‌كا. قسه‌م له‌و باره‌یه‌وه نییه. هه‌نووكه رِابهر كتێبی كتێبی پێنجه‌می ده‌خوێنێته‌وه، له‌و رِووهوهش دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا ساز ده‌كا. من سه‌ره‌تا كتێبی چناری شیریم خوێنده‌وه. نیو سه‌عاتێك پاش كرِینی، له دوكانێكدا كه شیرمۆزم تێدا ده‌خوارد، لێم به‌جێ ما. گهرِامهوه و گوتم: كوانێ. گوتی: چی؟ گوتم: چناری شیر. كابرای جامانه به سه‌ر حه‌په‌سابوو، ده‌یگوت: ئه‌وه تۆ چی ده‌ڵێی؟ چناری شیر چییه... یه‌عنی چی؟ جارێك سه‌یری مینۆكهی كرد كه هه‌ڵواسرابوو، وابزانم چناری شیر و شیرمۆزی تێكه‌ڵ كردبوو. رِۆمانهكه بهرٍِاستی ورد و قورسه. نووسه‌ر گه‌ره‌نتیی ئه‌وه به خوێنه‌ر ده‌دا، كه ئه‌گه‌ر ده جار بیخوێنێته‌وه، بۆ هه‌ر ده جاره‌كه شتی تازه‌ی تێدایه. من ئه‌وه‌ی به بیرم ماوه و ئه‌وه‌یشی تێگه‌ییشتم، هه‌ر ئه‌وه بوو كه شتگه‌لێك ئاورِیان ده‌دایه‌وه، نه‌شمده‌زانی چ بوون.
گوتمان: "كاك رِێبین، كابرا له هه‌ولێر ئه‌م كتێبه‌ی چاپ كردووه، ئێمه لێره بۆی دابه‌ش ده‌كه‌ین، ته‌نیا ده‌یده‌ینه توو". گوتی: "برام چه‌ند داده‌نێن دانێن". ده دانه‌مان له عاردی دانا و رِۆییشتین... له سلێمانی ئه‌وه بوو به سی. چ نییه. ته‌نیا دووسه‌د و قسوور له هه‌لێر دوورین.
به به‌ر ده‌ركی سه‌را دا تێدهپهرِینهوه. چه‌ند مانگ به‌ری ئه‌مه، له سلێمانی رِابهر ژیاننامه‌ی خۆنووسی مه‌سعوود محه‌مه‌د (گه‌شتی ژیانم)ی به شه‌ش هه‌زار كرِی، چه‌ند حهفتیهكیش نابێت هاورِێیهكم هه‌ر لێره به شه‌ش هه‌زار بۆی كرِیم. گوتم: "رِابهر ئه‌وه كتێبه‌كه‌ی مه‌سعووده." گوتی: "ئه‌وه كوو ده‌بی؟" گووتم: "چ؟" گوتی: "ته‌ماشای سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی بكه". ده‌بینم نووسراوه هه‌ژده هه‌زار. كۆمیدیا و قه‌حبه‌خانه پێكه‌وه. ئه‌مه ته‌نیا له كن مه وایه، ئه‌گه‌رنا له هه‌ولێر وا نییه. لای مه كتێبفرۆشه‌كانی سه‌را خوا خوایانه تیراژی كتێبێك كه‌مبێته‌وه، ئیدی لۆ خۆیان نه‌خته نه‌خته وه نێو كه‌ون. خۆ ئه‌گه‌ر كتێبه‌كه كه‌مێك كۆن بێت، نرخه‌كه‌ی تا بیست- سی هه‌زار، بگره پتریش سه‌ر ده‌كه‌وێ. له كاتێكدا من كتێبێكم پاش نۆ ساڵ چاپكردنی و تیراژ نه‌مانی، له هه‌ولێر ده‌سكه‌وتووه و هه‌ر به نرخه‌كه‌ی خۆیشی كرِیومه، له كاتێكدا سه‌رده‌م چاپی كردووه.
وابزانم كاتی خۆی نهێنی یاری كاغه‌زی یۆستاین گارده‌ر به دوو هه‌زار بوو. كابرا داوای پازده هه‌زاری لێ ده‌كات، رِابهر ده هه‌زاری ده‌داتێ و دهرِۆین. هه‌رزان كرِیی، چونكوو سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر منیش به ده هه‌زار كرِیومه.
شه‌قامی مه‌وله‌وی وه پێش خۆمان ده‌ده‌ین. جانتا قورسه‌كه‌ی له شانی مندایه. له‌وانه‌یه ئێسته ئه‌وان بڵێن:
"ته‌ماشا، جانتاشی بۆ هه‌ڵده‌گرێت".
گوێ ناده‌مێ، ئه‌ویش بیری ناچێت جگه‌ره‌یه‌ك دابگیرسێنێت.
من بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه: له كوێ جێی بهێڵم. به‌ر له‌وه‌ی تاكسییه‌كی بۆ رِاگرم، پشوو ده‌ده‌ین. مه‌به‌ستم خوَم و خۆتانه، نه‌ك خۆم و ئه‌و، چونكوو ئه‌و پیس قه‌له‌قی رِِۆیشتنهوهیه. هه‌تاو دیسان وا دێته‌وه. نه‌خته نه‌خته پێڵووهكام شۆرِ ده‌بنه‌وه. وه‌خته بڵێم من نوستووم. نازانم چم بیرچووه، یان نا؟ به‌ڵام تا ئه‌م حه‌له، ئه‌وه‌ی ده‌مویست بینووسم، نووسیم. دڵم ئاو ناخواته‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم: قسه‌ی دڵی خۆمم كرد. ئه‌ڵا چه‌ند جوانه؛ قسه‌ی دڵی خۆمم كرد. هه‌نووكه دیسان ده‌چمه‌وه كن بیره‌وه‌رییه‌كانی دایكم. چاوی ئه‌و یادانه پرِ له ته‌من. له كن ئه‌و دا: بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كاتێك هاتمه‌وه لاتان، چتان بۆ بنووسم. ده‌زانم بیر كردنهوهكهم قۆرِه. رِۆژگارێكی هێنده سه‌یره، له‌سه‌ر كاغه‌ز بترازێ شوێنێكی شیاوتر بۆ بیر كردنه‌وه نییه. برِواشم وایه، نووسین له‌وه بێ هوودهترێكه به‌ده‌ر له كن كاغه‌ز، له شوێنه‌كانی دیكه‌دا بوونمان داگیركا. ئه‌گه‌ر نووسه‌ربم، به دیار كاغه‌زێكه‌وه نووسه‌رم، ئه‌گه‌رنا نیم. به‌ده‌ر له‌وه، هه‌ر بیر كردنه‌وه‌یه‌كی تر له نووسهرێتیم، هه‌ڵه‌یه... ئهمرِۆ له پاسه‌كه‌دا نامه‌یه‌كی كافكام خوێنده‌وه، نووسیبووی: ئه‌ها دیسان زۆرم گوت.
چوومه‌وه كن بیروه‌رییه‌كانی دایكم.
لای من كاره‌سات ئه‌وه‌یه بتوانیت له‌گه‌ڵ ژنێكدا له ژوورێكدا بژیت.
رِابهر له‌مێژه كێری په‌شیمانیی ده‌مژێت.
من بیر له كۆتایی ده‌كه‌مه‌وه، له كاتێكدا له‌مێژه له رِۆخی خهرهندهكهدا، پێمان خلیسكاوه.
كن بیره‌وه‌رییه‌كانی دایكم شێداره،
ده‌ستێك كه له خه‌ونێكی كۆنه‌وه دێت...
له رِوومهتم ده‌خشێت.
ئه‌و رِوومهتهی رِابهر هیچ سه‌ری مانگێك ماچی نه‌كرد.
***
به‌شی سێیه‌م
من ده‌فته‌رێكی سه‌وزی گه‌وره‌م هه‌یه. دامناوه بۆ یادوهرییهكانم. خوازیاری تۆماركردنی ئه‌و ساتانه‌م، كه ژیانی پیریم سیحراویتر ده‌كه‌ن. هه‌نووكه بۆ پێنج- شه‌ش مانگ ده‌بێت، ته‌نیا چوار- پێنج لاپهرِهم له‌سه‌ری نووسیوه. رِۆژێك خوێندمه‌وه. نه‌متوانی وه‌به‌ر یادوه‌ری كه‌وم، چونكوو پتر له ده‌فته‌ری تێبینی ده‌چێ، نه‌ك یادوه‌ری. ئه‌و رِۆژه بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ستم به بۆشیی ژیانی خۆم كرد. ئه‌وه‌ی كه ژیانت هیچی تێدا نه‌بێ، به كه‌ڵكی گێرِانهوه بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ژیابی، وه‌هایه. پرسیم: ئاخۆ بیست و ئه‌وه‌نده ساڵه چیم كردووه؟ ئاخۆ چه‌شنی نیرۆدا، شایه‌دی ناده‌م كه ژیاوم؟ ئه‌رێ منیش وه‌ك هه‌موان حیكایه‌تێكم نییه؟ پاش بیست و ئه‌وه‌نده ساڵ، زۆر قورسه تازه به تازه تێبگه‌ی شوێنێكی ئیشه‌كه‌ت هه‌ڵه‌ی تێدایه. رِۆژێك چیرۆكێكی درێژم له‌م رِووهوه نووسی: پیاوێك بۆ ماڵ دهگهرِێتهوه، كڵاوه‌كه‌ی هه‌ڵده‌دا، ئیدی سه‌رتاپای ژیانی تێكده‌چێ. ئه‌و ده‌فته‌ره سه‌وزه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ژیانم له بنه‌وه هه‌ڵته‌كێت.
ده‌مه‌وئێواره رِابهر له پشت پهیڤگهلێكهوه كه هیچیان لێ حاڵی نه‌ده‌بووم، سیگاری ده‌كێشا و منیش ده‌ستم له تاكسییه‌ك رِادهگرت. به جۆرێك ده‌په‌یڤی، چه‌شنی ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ یه‌كدی ببینینه‌وه. نه‌ختێك كه‌رانه بۆ یه‌كدی پێده‌كه‌نین. نازانم ته‌وقه ده‌كه‌ین، یان نا؟ به‌ڵام بێ تاقه‌ت نابین. شێ ده چاومان ناكه‌وێ. شه‌و ته‌له‌فۆن ده‌كات و ده‌ڵێ له تاكسییه‌كه‌دا بیری زۆر بڵێییتم ده‌كرد... من هیچ ناڵێم...
هاوكات؛
پیاوێك له پشت ئه‌م په‌یڤانه سیگار ده‌كێشێ.
كه ده‌یبینم ده‌چێته تاكسییه‌كه‌وه، ژیانم وه‌سه‌ر رِهوتی خۆی ده‌كه‌وێته‌وه. ده‌فته‌ره سه‌وزه‌كه‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه. تێ ده‌گه‌م هێشتا شتێك له ژیان بۆ پێكه‌نین ماوه، به‌ڵام ده‌زانم ژیان به‌رگه‌ی پێكه‌نینی گه‌وره ناگرێ. ئه‌وه‌ی ئهمرِۆ مسته‌ر بین، یاخود كاك فاسۆلیا ده‌یكا، ئه‌وه نییه كه شاری شاپڵ ده‌یكرد. ئه‌و پێكه‌نینه‌ی پێكه‌نین دروستی ده‌كا، ئه‌وه‌شی له رِوحی كاره‌ساته‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، ته‌واو له یه‌كدی جوایه‌زن. له‌م رِووهوه نموونه‌یه‌كی سه‌یرم له كنه، كه پێشتهاتێكی نێوان رِابهر و دڵخوازی ژنێتی، به‌ڵام ته‌كسییه‌كه وهرِێ ده‌كه‌وێت.
له‌به‌ر خهیاڵكوژی و بێ ماناییی شه‌قامه‌كان، به یادوه‌ری شه‌قامی مه‌وله‌ویدا دهگهرِێمهوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه؛
زوو زوو دهخلیسكێم.
كاتژمێر: 12 و نیوی شه‌و، بۆ 4 و نیوی به‌یانی
