خوێندنه‌وه‌ی مێژوو له رِۆماندا
له باره‌ی رِۆمانی ((خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان))ی (ماردین ئیبراهیم)ه‌وه
هؤشهنگ شێخ محه‌مه‌د
ئه‌م رۆمانه له بڵاوكراوه‌كانى گۆڤارى ئاینده‌یه و له ساڵى 2008دا چاپ كراوه.
(1)
له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى سه‌ره‌تاى رۆمانه‌كه، ترسى ئه‌وه‌م لێ‌نیشت، كه كۆپییه‌كى رۆمانى (سه‌مه‌رقه‌ند) ى (ئه‌مین مه‌علوف) بێت، كه نووسه‌رى كورد (ئه‌حمه‌دى مه‌لا) وهریگێرِاوهته سه‌ر زمانى كوردى. وێكچوونى ئه‌و رۆمانه له كه‌شكۆڵى چوارینى خه‌ییام و دهستنووسهكهى داستانى مهم و زین ده‌ست پێده‌كات. له سه‌مه‌رقه‌نددا كه‌شكۆڵى خه‌ییام ده‌ورێكى بالا ده‌بینێت و رووبه‌رێكى گه‌وره‌ى رۆمانه‌كه داگیر ده‌كات. له خه‌ونى پیاوه ئێرانییهكانیشدا، دهستنووسهكهى مهم و زین ده‌ورێكى ئاواى پێدراوه. لێ چه‌ندین جیاوازى له نێوان كۆشكۆڵهكهى خه‌ییام له سه‌مه‌رقه‌ند دا و دهستنووسهكهى مهم و زینى ئه‌حمه‌دى خانى له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه. له رۆمانى سه‌مه‌رقه‌ند دا، كه‌شكۆڵى خه‌ییام، ده‌بێته ره‌مزێك بۆ رۆژهه‌ڵات به كۆمه‌ڵێ چه‌مك و بابه‌ت و تێگه‌یشتن لهمهرِ دین، خواپه‌رستى، ئازادى، ده‌سه‌ڵات و عیرفان. لێ له رۆمانى خه‌ونى پیاوه ئێرانییه‌كان هه‌ست ناكه‌ین نووسه‌ر ویستبێتى له رێى ده‌ستنووسى مهم و زینه‌وه بچینه ناو كۆمه‌ڵێ بابه‌ت و چه‌مك به تێگه‌یشتنى تایبه‌تى نووسه‌ر بۆ ئه‌و ده‌ستنووسه. له سه‌مه‌رقه‌ند دا ئێمه تێده‌گه‌ین كه‌شكۆڵه‌كه‌ى خه‌ییام، ده‌بێته روحى رۆژهه‌ڵات و ده‌بێته روحى خه‌ییام و روحى سه‌رده‌مێك كه تیایدا ده‌یان كێشه‌ى فكرى و دینى و سیاسى ده‌ته‌قنه‌وه و نووسه‌رى رۆمانه‌كه (ئه‌مین مه‌علوف) وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌یبینێت ئه‌و رووداوه مێژوویانه هه‌م دهگێرِێتهوه و هه‌میش وێنه‌ى خۆى به كارئه‌كته‌ره‌كان ده‌به‌خشێت و له پاڵ كه‌سایه‌تییه مێژووییهكانییان كه‌سایه‌تییه‌كى هونه‌ریشیان بۆ دروست ده‌كات، به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا وێنه‌یه‌كى هونه‌رى بۆ ئه‌حمه‌دى خانى نابینینه‌وه كه ماردین ئیبراهیم كێشابێیى. بۆیه ماردین پێمان ناڵێت هه‌ڵبژاردنى ئه‌و ده‌ستنووسه و كه‌سایه‌تى خانى له‌م رۆمانه‌دا به چ نیازێك و بۆ گه‌یاندنى چ مانایه‌ك یان به‌هایه‌ك بووه؟
(2)
سووتاندنى كتێب و ده‌ستنووس، له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان و له كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا و له بن سته‌مى زۆرێك له ده‌سه‌ڵاته سیاسى و دینییه‌كاندا روویداوه. به ده‌یان نووسه‌ر و سۆفى و شاعیر نه‌ك ههرنووسینهكانییان ، به‌ڵكو خۆشیان بوونه‌ته قوربانى بیر‌و باوهرِ و فه‌لسه‌فه و شعر‌و نووسینه‌كانییان.لێ دیسانیشه‌وه له‌م رۆمانه‌دا دیار نییه، ده‌ستنووسى مهم و زین بۆ بسووتێنرێت؟! له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به كوردى نووسراوه؟ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسى داستانێكى عه‌شق ده‌كات؟(ئه‌وه ئه‌گه‌ر عه‌شق بێت؟!) یان هۆكارى دیكه‌ى سیاسى،دینى و كۆمه‌ڵایه‌تى دیكه‌ى له پشته؟
مهم و زین له رووى مێژوویه‌وه چ وه‌ك به‌یت و چ وه‌ك داستانهكهى ئه‌حمه‌دى خانى و چ وه‌ك نووسینى دیكه له مێژووى ئه‌ده‌بیاتى ئێمه‌دا پارێزراوه و ته‌نانه‌ت من هه‌ست ناكه‌م گه‌فى له‌ناوچوون و سووتاندن و نه‌مانى له‌سه‌ر بووبێت. دیسانه‌وه ده‌پرسم هه‌ڵبژاردنى ئه‌م ده‌ستنووسه بۆچ؟ یان هه‌ڵبژاردنى ئه‌حمه‌دى خانى بۆچ؟ ئایا چ مانا و به‌هایه‌كى ئه‌ده‌بى له‌پشت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌بینینه‌وه؟ ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى داستانه‌كه به شعر نووسراوه‌ته‌وه؟ یان به‌ها و ماناى داستانه‌كه پاڵدهربوونه بۆ ئه‌وه‌ى ببێته گرێژهنهى ئه‌م رۆمانه؟
من وه‌ڵامى راست و ههقیقیم بۆ هۆكارى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پێ نییه و ناشزانم لاى نووسه‌ر مهم و زین چۆن خوێندراوه‌ته‌وه و تێگه‌یشتنى ئه‌و چییه بۆ ئه‌و داستانه، چونكه له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا ناتوانین شتێك له‌م باره‌وه بزانین.مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌نده بزانین كه له‌سه‌ر زمانى باوكى ئه‌حمه‌دى خانى ئه‌وه ده‌دركێنێ كه ئه‌م داستانه ده‌ستنووسێكى گرانبه‌هایه، به‌ڵام گرانبههاییهكهى له چیدایه؟ دیار نییه. بۆچیش (ده‌سته‌ى خهنجهرهكانى نیوه‌ى شه‌و) ده‌ستنووسى گرانبه‌ها ده‌سووتێنن، دیسان ئه‌وه‌ش دیار نییه.
له رووى مێژووییه‌وه دهستنووسهكهى ئه‌حمه‌دى خانى، گه‌فى له‌ناوچوونى له‌سه‌ر نه‌بووه، چه‌ندین ده‌ستنووسى هه‌بووه و گه‌یشتۆته ئه‌رشیفى كتێبخانه‌كانى لینینگراد وله ساڵى 1751-1752 له لایه‌ن هه‌مزه مۆكسى ئاماده‌كراوه و له ساڵى 1919 دا چاپ كراوه.(بۆ زیاتر زانیارى برِوانه ئه‌حمه‌دى خانى، مهم و زین، پێشه‌كى و له چاپدانه‌وه‌ى : نه‌جاتى عه‌بدولڵا.بڵاوكراوه‌ى ئاراس ژماره 689 چاپى یه‌كه‌م هه‌ولێر-2008) هه‌ر ئه‌م چاپه‌ش له لایه‌ن كهمالیستهكان به‌شێكى زۆرى سووتاوه.به‌ڵام چه‌ند دانه‌یه‌كیش ماون و دواتریش چه‌ندین جارى دیكه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئیدى وه‌ك ده‌ستنووس (مهم و زین) مه‌ترسى له‌ناوچوونى نه‌بووه و هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌دى خان‌یش مه‌ترسى كوشتن و له‌ناوچوونى له‌سه‌ر نه‌بووه.
نووسینى مهم و زین، كه پێشتریش وه‌ك به‌یت هه‌بووه، سه‌رچاوه‌كه‌ى دهگهرِێتهوه بۆ مهمى ئالان، له‌و سه‌رده‌مدا مه‌ترسییه‌ك نه‌بووه، بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و دینى عوسمانییه‌كان.ئه‌گه‌ر مهم و زین له‌به‌رهه‌ر هۆیه‌ك بۆ كورد یان بۆ عوسمانییه‌كان ،گرانبه‌هاش بووبێت، به‌ڵام جێگه‌ى مه‌ترسى نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سته‌یه‌ك ئه‌ركى سووتان و فه‌وتانى له ئه‌ستۆ بگرێت.
ره‌نگه ئه‌گه‌ر له رۆمانه‌كه‌دا ئاماژه بۆ سه‌رده‌مى كهمالیستهكان كرابا و به‌وه‌ى دهستنووسهكهى هه‌مزه مۆكسى دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى مه‌ترسى له‌ناوچوونى له‌سه‌ر بووایه له رووى مێژووییه‌وه راستگۆتربا.ئه‌وكاته ده‌مانزانى هۆكاره سیاسى و خه‌ونه‌كانى ئه‌تاتورك له‌پشت ئه‌و مهترسییهوهن، به‌ڵام له‌سه‌روبه‌ندى ئه‌حمه‌دى خانى خۆیدا، ئه‌مه زۆر به راستگۆیى خۆى نمایش ناكات.
(3)
گهرِانهوه بۆ مێژوو له رۆمان‌دا، كارێكى چێژدارهو ده‌توانێت كۆمه‌ڵێ مانا و به‌هاى نوێ له گهرِانهوهیهدا به‌رهه‌م بێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش هه‌ر به قسه ناكرێت. به‌ڵكو پێویستى به زه‌مینه خۆش كردن و تێگه‌یشتنێكى نوێ هه‌یه بۆ مێژوو و بۆ خوێندنه‌وه‌ى مێژوو و سه‌وداكردن له‌گه‌ڵ مێژوودا له رێى ئه‌ده‌بدا. چونكه رۆمان ته‌نیا مێژوو ناگێرِێتهوه له پێناو گێرِانهوه و به‌س، به‌ڵكو ئه‌ده‌ب ده‌توانێت ماناى نوێ له مێژوودا به‌رهه‌م بینێت، به‌ڵام ئه‌م رۆمانه لهگهرِانهوى بۆ مێژوودا توانیویه‌تى مانایه‌كى نوێ به كه‌سایه‌تییه مێژوویى و رووداوه مێژوویه‌كان و خودى مێژووش ببه‌خشێت؟ وه‌ڵامى من ئه‌وه‌یه : (گومانم هه‌یه) چونكه كاره‌كه‌ى ماردین، له‌و رووه‌وه ئه‌ده‌بێك نییه ماناى نوێم بداتێ سه‌باره‌ت به مێژوو. بۆ نموونه مهم و زین له تێگه‌یشتنى ماردیندا له‌وه ده‌رناچێت كه داستانێكى خۆشه‌ویستییه و ماناى خۆشه‌ویستى ده‌توانێ به كه‌سێكیش ببه‌خشێت كه دڵرِهقه و بیرى له سووتاندنى ئه‌و ده‌ستنووسه كردۆته‌وه. (شه‌وكه‌ت) كه ده‌ستنووسه‌كه ده‌دزێت و ده‌یخوێنێته‌وه دڵبهستهى ده‌بێت، چونكه برینى كۆنه عهشقهكهى ده‌هێنێته‌وه یاد. (ئه‌و ده‌مه‌ى شه‌وكه‌ت له خوێندنه‌وه‌ى ده‌ستنووسه‌كه‌دا ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ى مهم له‌گه‌ڵ تاژدینى براده‌رى ده‌كه‌ونه ناو په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵۆز و به ئازاره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كچه‌كانى میر زێندینى بۆتان ستێ و زین، ئینجا زیندانیكردنى مهم له لایه‌ن میره‌وه به قسه‌ى نۆكهرێك به ناوى به‌كر مهرگهوهرِ، دوواتریش ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ى مهم به چ عهزابێكهوه له زینداندا ده‌مرێت، عه‌شقى ناكامى خۆى بیردێته‌وه ئه‌و كاته‌ى تازه لاوێك بوو به‌ته‌واوى مووى ریشى نه‌هاتبوو له ترسى ههرِهشهى كه‌سوكارى گراویهكهى خۆى گونده‌كه‌ى خۆیان جێده‌هێڵێت و له‌گه‌ڵ براكانى روو ده‌كه‌نه ماڵاتیا، دره‌وشانه‌وه‌ى ئه‌و برینانه‌ى عه‌شقێكى كۆنهساڵ له دڵى شهوكهتدا جێیهێشتبوون واده‌كات شه‌وكه‌ت هه‌ست به بێئارامى و پهشیمانییهكى زۆر بكات له دزینى ئه‌و ده‌ستنووسه) لاپهرِه 32 له رۆمانه‌كه.
له‌م پهرهگراڤهى سه‌ره‌وه‌دا، ده‌ستنووسى مهم و زین هه‌روه‌ك خۆى بێ ده‌ستلێدان له ماناكانى ماوه‌ته‌وه، هه‌موو چه‌مكه‌كانى (خۆشه‌ویستى، نۆكهریى،عه‌شق، برینى دڵ و دزین و په‌شیمانى) وه‌ك خۆیانن و هه‌مان ماناكانى ئه‌حمه‌دى خانى به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. نه‌وه‌ك شتێك كه ئه‌و مێژووه ببرِێت و له‌وێوه ده‌ربازى ساڵى 2008 بێت و ماناى نوێ له هه‌ناوى ئه‌و داستانه‌دا به‌رهه‌م بینێت.ئه‌م مانایه‌ش چ له‌و سه‌رده‌م و چ له ئێستادا، هۆكار نین بۆ سووتان و له‌ناوبردنى ئه‌و مانا و به‌هایانه. بۆیه سهوداكردنى ماردین له‌گه‌ڵ مێژووى ئه‌و ده‌ستنووسه و ئه‌حمه‌دى خانى سه‌ودایه‌كه له گێرِانهوه تێناپهرِێت و مانایه‌كى نوێ خه‌لق ناكات.
(4)
دابه‌شكردنى رۆمانه‌كه به پێى رووداوه‌كان بۆ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى جیاواز، له‌رووى مێژوو و كاتى گێرِانهوهكان و جوگرافییاى جیاواز و رووداوى جیاواز و كارئه‌كته‌رى جودا، بۆ من خۆشییه‌ك و چێژێك بوو، چونكه رۆمانه‌كه له ئه‌لبوومێك ده‌كات كه ده‌یان فۆتۆى تێدایه، هه‌ر لاپهرِهیهكى ئه‌و ئه‌لبوومه وێنه‌ى كه‌سێك و شوێنێك و رووداوێك نیشان ده‌دات، كه دیسانه‌وه له لاپهرِهكانى دى ده‌یانبینییه‌وه، فۆتۆیهكان بریتین له قوربانى و جه‌لاد، نه‌خۆش و مردن، دیل و چه‌كدار، كورد ، ئه‌لبانى، عه‌ره‌ب ، تورك ، ئێرانى و بیانى، كۆمه‌ڵێ شكل و شه‌مایل و ده‌روون و بیركردنه‌وه و ده‌سه‌ڵات و هێز و هزرى جیاواز له‌ناو ئه‌و وێنانه‌دا جێگه‌یان گرتووه. ماردین له گێرِانهوهى ئه‌و وێنانه‌دا له شهرِ و كوشتن و نه‌خۆشى و خوێنرِشتن و خنكان و مردن‌دا به هورِوژم هێرِشى سه‌ر هه‌سته‌كانمان ده‌كات و ته‌نانه‌ت دهشمانگریهنێت! كه وه‌ك مرۆڤێك ته‌ماشاى ئه‌م فۆتۆیانه ده‌كه‌ین به تایبه‌تى له (تفه‌نگه ره‌شه‌كان، دۆڵى فه‌قێكان، ئه‌و كورِى خانه‌دانێك بوو،هه‌ڵسانه‌وه‌ى ئیشماعیلۆف، ده‌نكه هه‌نار و كوشتنى دووسهربازى دیل) تووشى حاڵه‌تێكى سۆزداریى و هزریى ئینسانى قوڵمان ده‌كات به‌رامبه‌ر به كوشتنى ئینسان. حاڵه‌تێك كه به كورتى پێمان ده‌ڵێت: مرۆڤ چه‌ند به‌دبه‌خته؟!
دیاره كوشتنى مرۆڤ، شتێكى غه‌ریب نییه. به‌تایبه‌تیش ئێستا له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى فلیم و سینه‌ماى ئه‌كشن، بینینى كوشتنى مرۆڤ، هه‌تا له‌و فلیمانه‌ى باسى رووداوه‌كانى شهرِه جۆراوجۆره‌كان ده‌كه‌ن، بۆته كه‌ره‌سته‌یه‌كى ئیستهلاكى به شێوه‌یه‌ك، كه چێژ ده‌به‌خشێته بینه‌ر، بینهریى مرۆڤ ! به‌ڵام ماردین له گێرِانهوهى ئه‌و چیرۆكانه‌دا زۆر به قوڵى به‌ره‌و ئیرِادهیهكمان ده‌بات كه نه‌فره‌ت له جه‌نگ و شهرِكهرهكان بكه‌ین هه‌تا ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ى كوردیش بن؟! ئه‌م حاڵه‌ته ئینسانییه له گێرِانهوهى كوشتنهكاندا، كارێكى جوان و پێویسته بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته قوڵانه بژین كه پێمان ده‌ڵێت به‌راستى مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤ درِندهیه.ئه‌م درِندایهتییهش كه مرۆڤ به‌د به‌خت ده‌كات، لهعنهتێكى خودایى و غه‌یبى نییه، به‌ڵكو تێگه‌یشتنى شۆرِشگێرِ و ئه‌قڵى پووتى سه‌ركرده‌كانى له پشته، كه له دین و سیاسه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
(5)
له‌و رۆمانه‌دا، ده‌توانین له رێى ئه‌و فۆتۆیانه،سێ ئاراسته ببینینه‌وه، كه ئه‌وانیش ئاراسته‌ى سیاسه‌ت، دین و ئه‌ده‌بن، له ئاراسته‌كانى دین و سیاسه‌تدا، ده‌بینین مرۆڤ به‌ره‌و كوشتن و كاولكاریى و ماڵوێرانى و ده‌چێت، منداڵ و سرووشت و زانین و خانهدانیى و به‌هاو مانا‌و جوانه‌كان فت ده‌كرێن.چ له بۆسنه و چ له‌كوردستان رووداوه‌كان كاره‌ساتى گه‌وره ده‌نێنه‌وه،كه ئه‌قڵى دینى و سیاسى له پشته.دزینى رۆحى مرۆڤه‌كان، (برِینهوهى سه‌ریان و بردنیان بۆ پایته‌خت به‌رامبه‌ر پاره‌و دزینى منداڵ و كوشتنییان له دۆڵێكى تاریكدا، برِینهوهى كیر و گونى ئینسان و فرِێدانى بۆ ناودۆڵێكى تهرِ و به‌جێهێشتنى له‌به‌ر باراندا، مانه‌وه‌ى ته‌رمى مرۆڤێك بۆ ماوه‌ى چل رۆژ له ته‌نهایى و بۆگه‌نى بووندا)، هه‌موویان دزینى جوانى و دزینى به‌ها و مانا ئینسانییهكانه له ژیاندا.
دواتریش دزینى ده‌ستنووس و دزینى وشه و ئه‌ده‌به. كه‌له پێناو ئه‌م دهستنووسهشدا، ده‌یان كه‌س خوێنییان ده‌رژێ و ده‌كوژرێن. چ پیاوه ئێرانییه‌كان و چ هه‌ڵاتنى خانى و كوشتنى لاس و دایكى لاس.
(6)
خه‌ون، وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه به قوڵى په‌یوه‌ندى به رووداوه‌كان هه‌یه، كراوه‌ته ئه‌و هۆكاره‌ى كارئه‌كته‌ره‌كان، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به دهستنووسهكهى مهم و زینه‌وه هه‌یه، (پیاوه ئێرانییه‌كان و لاس) له رێى خه‌ونه‌وه ده‌گه‌نه (خوسره‌وى) و چاره‌نووسییان به كوشتن ده‌گات. له خه‌ونه‌كه‌دا پیاوه ئێرانییه‌كان (مریه‌مى مهجدهلى) و كۆمه‌ڵێ هێماى دینى ده‌بن ( مزگه‌وت، ئینجیل، میحراب،قورئان و پهرِۆى سه‌وزى تۆخ) به‌كاربردنى كارئه‌كته‌رى مریه‌مى مهجدهلى و ئه‌و ره‌مزه دینییه مه‌سیحى و ئیسلامییانه له‌و خه‌ونه‌دا.گێرِانهوهى رووداوه‌كانه بۆ ناو فانتازییایهك كه به به‌رگى دینییه‌وه داپۆشراوه. ئایا ئه‌م رووداوانه بۆ بۆ دین گهرِاونهتهوه؟ ئامانجى نووسه‌ر له‌م خه‌ونه دینییه چییه؟ هه‌ر له رێى ئه‌م خه‌ون و ره‌مزه دینییانه‌دا ده‌یه‌وێت پیرۆزییه‌ك به دهستنووسهكهى مهم و زین ببه‌خشێت؟
دین رێى غه‌یبانییه‌ت و خورافهمان بۆ خۆش ده‌كات، خه‌ونیش ده‌مانباته ناو فانتازیا. جیاوازى غه‌یب و فانتازیا له‌وه‌دایه، كه فانتازیا مرۆڤ بهرِهڵادهكات، به‌ڵام غه‌یب و خورافه به پێچه‌وانه‌وه قۆڵبهستى ده‌كه‌ن، فانتازیا ده‌توانێ پیرۆزییه‌كان تێك بشكێنێت، به‌ڵام غه‌یب خۆى سه‌رچاوه‌ى پیرۆزییه. له‌گه‌ڵ فانتازیادا چاره‌نووسى مرۆڤ ناگیرێت، لێ خورافه و غه‌یب قۆڵبهستییان ده‌كات. ماردین له‌و خه‌ونانه‌دا زیاتر له غه‌یب خورافه نزیك ده‌بێته‌وه نه‌وه‌ك فانتازیا.بۆیه چاره‌نووسى پاڵه‌وانه‌كان پێشوه‌خته له‌لایه‌ن خوسره‌وییه‌وه ده‌خوێندرێنه‌وه و برِیاریان له‌سه‌ر ده‌درێت. ئه‌گه‌ر سرووتى رۆمانه‌كه فانتازى بووایه ئه‌وه ده‌كرا چاره‌نووسه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌كانى خوسره‌وى بۆ خهونهكان به شێوه‌یه‌كى دیكه خۆیان نمایش كردبا.ئه‌م خه‌ونه خوارفهیه، نه‌وه‌ك فانتازیا.
(7)
له‌م رۆمانه‌شدا ، وه‌ك هه‌موو رۆمانه كوردییه‌كان بێ ئاورته، نووسه‌ر كۆنترۆڵى كارئه‌كته‌ره‌كانى ده‌كات، كارئه‌كته‌ره‌كان ئه‌وه‌نده‌ى (پاڵه‌وان) ن، ئه‌وه‌نده كارئه‌كته‌رى ئاسایى و ئازاد نین. ده‌ڵێم پاڵه‌وان، چونكه رۆماننووسى كورد به گشتى هه‌میشه خه‌ریكى خوڵقاندنى پاڵه‌وانه، به‌و مانایه‌ى كه‌سایه‌تییه‌ك كه له مێشك و بیركردنه‌وه‌ى نووسه‌ر ده‌رژێت وه‌ك ئه‌وه‌ى نووسه‌ر ژێده‌رى بێت و تا دوا ساتیش ئه‌و پاڵه‌وانه نابێته كارئه‌كته‌ر بۆ ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست نووسه‌ر رزگارى بێت و ئازادانه به ئیراده‌ى خۆى له ناو رۆمانه‌كه‌دا بژیه‌ت.سه‌رچاوه‌ى ئه‌و گرفته له رۆمانى كوردیدا له‌وه‌دایه، كه نووسه‌رى كورد به گشتى، برِواى به خه‌ڵق كردنى پاڵه‌وانه، نه‌وه‌ك كارئه‌كته‌ر، پاڵه‌وانیش هه‌میشه مه‌حكومه به بیركردنه‌وه‌ى نووسه‌ر و سه‌رچاوه فكرییه‌كانى نووسه‌ره‌وه، كه ئه‌ویش مێشكى نووسه‌ره، سه‌رچاوه فكرییه‌كانى مێشكى نووسه‌رى كورد خوێندنه‌وه و كتێب و سه‌رچاوه رۆشنبیرییه جیاوازه‌كانن، ئه‌و قسه‌یه‌ى نووسه‌رى كورد له شعر و رۆمان و ئه‌ده‌بدا ده‌یكات، مه‌حكومه به تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه و مێشكى نووسه‌ره‌وه، مێشكى نووسه‌ریش هه‌میشه پاڵه‌وانه‌كان به بنده‌ستى قسه‌كانى خۆى خه‌ڵق ده‌كات، هه‌ر وشه‌ى (پاڵه‌وان) ئاماژه‌یه‌كه بۆ كۆنترۆڵى نووسه‌ر له خه‌ڵق كردنى كه‌سایه‌تییه‌كانى نووسینهكهى و رژانى قسه‌كانى مێشكى بۆ ناو ئه‌و پاڵه‌وانه. پاڵه‌وانه‌كان ته‌نیا مێشكییان هه‌یه نه‌وه‌ك جه‌سته، چونكه نووسه‌ره‌كان ته‌نیا به مێشكیان ده‌نووسن و به‌ته‌واوى جه‌سته‌یان نانووسن. نووسین به مێشك و به‌ته‌واوى جه‌سته (پرۆژه‌ى نووسینێكى دیكه‌ى سه‌ربه‌خۆیه) جیاوازییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه، تا ئێستا كورد نووسه‌رى نه‌بووه، تاك و ته‌را نه‌بێت ! توانیبێتى قسه‌كانى چاو و دڵ و ده‌ست و په‌نچه و به‌شه‌كانى دیكه‌ى بگوازێته‌وه ناو ئه‌ده‌ب.له‌م رۆمانه‌شدا ئه‌وه‌ى له مرۆڤه‌كاندا گوێزراوه‌ته‌وه ته‌نیا قسه‌ى مێشكییانه نه‌وه‌ك ته‌واوى جه‌سته‌یان.
(8)
له كۆتایى ئه‌م سه‌رنجانه‌م دا، ئه‌وه ده‌ڵێم، خۆشحاڵ بووم به خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م رۆمانه، زمانه‌كه‌ى ره‌وانه و ساده‌یى به خوێندنه‌وه ده‌به‌خشێت و چێژ ده‌دات، رۆمانێكى كوردییه، خۆشم هه‌رگیز برِوام به سه‌ركه‌وتن و بن كه‌وتنى نووسین نییه، تا بڵێم سه‌ركه‌وتووه یان نه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى من برِوام به خوێندنه‌وه و سه‌رنج دان و ره‌خنه و قسه له‌سه‌ر كردن هه‌یه، ئه‌وه‌ى لێره كردم نه ره‌خنه‌یه و نه خوێندنه‌وه، ته‌نیا قسه‌ى به‌شێكى جه‌سته‌ى منه و هیواداریشم ماردین ته‌واوى جه‌سته‌ى كاردانه‌وه‌یه‌كى جیاوازترى هه‌بێت له مێشكى. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به ته‌واوى جه‌سته بابه‌تێك بخوێنێته‌وه كه له‌سه‌ر رۆمانێكى ئه‌و نووسراوه.
من ماردین ناناسم و ئه‌ویش نامناسێ، به‌ڵام دڵنیاشم له رێى ئه‌م نووسینه‌وه چۆن ده‌یان كه‌سى له من نزیك كرده‌وه و پێى ئاشناكردم، ئه‌وه ئه‌و نووسینه‌ش ماردین به چه‌ند كه‌سێكى دى ئاشنا ده‌كات، پێش هه‌مووشییان گیانى كارئه‌كته‌ره‌كانى ناو رۆمانه‌كه‌ى خۆى.كه ده‌كرێت دواى ئه‌و نووسینه‌م، ئۆفیلیا به‌ناوى هه‌موویانه‌وه نامه‌یه‌ك بۆ ماردین بنووسێت و باسى چه‌ندین به‌شى دیكه‌ى ژیانى كه‌سه‌كان بكات و له پاڵه‌وانه‌وه بیانكاته كارئه‌كته‌رى ئازاد و خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كى بێگه‌رد.
كه‌واته ماردین گیان چاوهرِێى نامه‌یه‌ك بكه له ئۆفیلیا، كه رۆژێك له رۆژان بگاته ناو پۆسته‌كه‌ت!
