بایه‌خی ژیان و نووسین
له باره‌ی ((نانی رِووت))ی (محه‌مه‌د شوكری)یه‌وه
هؤشهنگ شێخ محه‌مه‌د
رِهنگه بۆ زۆرێك له‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییانه‌ی ده‌یانخوێنینه‌وه، گرنگ نه‌بێت ژیانی نووسه‌ر و خاوه‌نه‌كانیان بزانین، چونكه یه‌كسه‌ر ده‌كه‌وینه نێو باری تێكست و له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كه‌دا، دوور له ژیانی نووسه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، به پرۆسێسی خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌ستین، ئه‌گه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه بۆ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كان رِاست بێت، بۆ به‌رهه‌می (نانی رِووت)ی (محه‌مه‌د شوكری) رِاست نییه، چونكه ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه (سه‌رگوزشته‌ی حاڵ)ه، نه‌وه‌ك رِۆمان، واته به‌رهه‌مێكه به پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له نووسینه‌كان، له بری ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌به‌وه به‌ره‌و به‌هایه‌ك و مانایه‌ك بچێت و له دوای به ئهدهببوونی خۆی شتێك دروست بكات، ئه‌و به‌رهه‌مه له ژیان، له سه‌رگوزشته‌ی (محه‌مه‌د شوكری)یه‌وه دێت و به‌ها و مانایه‌كی ئه‌ده‌بیی ده‌خوڵقێنێ.
جیاوازیی ئه‌و به‌رهه‌مه له‌گه‌ڵ زۆرێك له رِۆمان و ئه‌ده‌بیاتی په‌خشان به گشتیدا، ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و له خۆیه‌وه ئه‌ده‌ب خه‌ڵق ده‌كات، نه‌وه‌ك پێشوه‌خت ئه‌ده‌بێك هه‌بێت و قاڵبێك خه‌ڵق بكات، واته ئه‌وه رِۆمان نییه ژیانی (محه‌مه‌د شوكری) ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵكوو سه‌رگوزشته‌ی حاڵی (محه‌مه‌د شوكری)یه رۆمان، یان په‌خشانێكی جوان و پرِبهها و مانای ئه‌ده‌بیی ده‌خوڵقێنێ.
بۆ من ئه‌و جیاوازییه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ جیاوازیی خوێندنه‌وه و بۆ جیاوازیی كرده‌ی به‌رهه‌مهێنانی به‌ها و مانا له ئه‌ده‌بدا، دواتریش جیاوازیی له تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌ده‌ب و پێوه‌ندی ئه‌ده‌ب به هه‌بوون و ژیانه‌وه.
رِهنگه ده‌قگه‌لێكی ئه‌ده‌بیی هه‌بن، چیرۆك یان رِۆمان، یان هه‌ر شێوه په‌خشانێكی دیكه، كه سه‌رچاوه‌یان ژیانی نووسه‌ر بێت، به‌وه‌ی نووسه‌ر ژیانی خۆی له قاڵبێكی ئه‌ده‌بیدا، چ وه‌ك ددانپێدانان، یان یادداشت، دابرِێژێتهوه و بیكاته نووسین، به‌ڵام جیاوازیی (محه‌مه‌د شوكری) له‌م (سه‌رگوزشته‌ی حاڵ)ه، ئه‌وه‌یه كه ژیانی ئه‌و ده‌بێته خودی نووسین خۆی، نه‌وه‌ك ته‌نیا سه‌رچاوه‌یه‌ك بێت بۆ نووسین. به‌و مانایه‌ی (محه‌مه‌د شوكری) نه‌هاتووه خۆی بكاته رِۆمان، یان چیرۆك، یانیش یادداشت، به‌ڵكوو ئه‌وه رِۆمان و چیرۆك و یادداشتن، كه رِۆچوونهته نێو ژیانی (محه‌مه‌د شوكری)یه‌وه.
واته ئه‌گه‌ر له زۆر نووسیندا مانا و به‌هاكانی هه‌بوون و ژیان بدۆزینه‌وه، لێره‌دا به پێچه‌وانه‌وه، له ژیانی (محه‌مه‌د شوكری)دا، به‌ها و مانایه‌كی نوێ بۆ نووسین ده‌دۆزینه‌وه. ژیانی محه‌مه‌د شوكری خۆی جۆره نووسینێكه، كه مانا و به‌های نوێ به ژیان و نووسین و هه‌بوونی ئه‌ده‌بیاتیش ده‌به‌خشێت.
رِهنگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێت كه (محه‌مه‌د شوكری) سه‌رده‌مێكی زۆر ئه‌م نووسراوه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌كرا و و پهراوێزكراوبێت له دنیای عه‌ره‌ب و ئه‌قڵی ئیسلامی‌دا، چونكه نووسینه‌كانی ئه‌و، ته‌نیا قسه نه‌بوون، ته‌نیا هه‌ڵگری چه‌ند به‌هایه‌كی ئه‌ده‌بی و مانای رِۆمانێك و چیرۆكێك نه‌بوون، به‌ڵكوو هه‌ڵگری ژیانێك و هه‌بووێك بوون، كه توانیویه‌تی ئه‌وه له خۆیدا نیشان بدات؛ مرۆڤ له بن ده‌سه‌ڵاتی باوكه دڵرِهق و ده‌سته‌ڵاته نامیهرهبانهكاندا چه‌ند به قووڵی ئازار ده‌كێشێت و چۆن ده‌چه‌وسێنرێته‌وه و چه‌ند بێ نرخ و بێ به‌ها ده‌كرێت.
(محه‌مه‌د شوكری) قسه له‌سه‌ر ژیان ناكات، به‌ڵكوو خودی ژیان به قسه ده‌هێنێت، واته نووسینه‌كه‌ی گێرِانهوهی حیكایه‌ت نییه، نووسینه‌وه‌ی چیرۆكێكی تاڵ، یان خۆشیش نییه، به‌ڵكوو نووسینه‌كه خۆی له خۆیدا ژیانه و حیكایه‌ته، ئه‌وه‌ی دهشیخوێنێتهوه، ده‌بێت به به‌شێك له‌و حیكایه‌ته، به‌شێكی زۆریش له‌و خوێنه‌رانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رگوزشته‌یه رِهت ده‌كه‌نه‌وه، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه، ببن به یه‌كێك له‌و باوكه دڵرِهق و كه‌سه نامیهرهبانانهی به‌شدارن له كوشتنی جوانی و مرۆڤدا.
ترس له خوێندنه‌وه‌ی نانی رِووت، ترسێكه له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی نایانه‌وێ ببن به به‌شێك له حیكایه‌ته‌كانی (محه‌مه‌د شوكری)، چونكه بوون به به‌شێك له‌و حیكایه‌تانه، وێنه‌یه‌كی هه‌قیقیتر و رِاستگۆیانهترت پێ ده‌به‌خشێت، كه له وێنه‌ی واقیعه‌وه دووره، وێنه‌ی واقیعی ئیسلامێك وه‌ك وێنه هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی نییه، وێنه‌ی هه‌قیقیی باوك، وه‌ك وێنه‌ی واقیعه‌كه‌ی نییه، وێنه‌ی سه‌ركرده له تێگه‌یشتنی خۆیدا، وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه نییه كه له حیكایه‌تی (محه‌مه‌د شوكری)دا هه‌یه، ئیدی تێگه‌یشتنه‌كان له خه‌یاڵی ئێمه‌دا و تێگه‌یشتنه‌كان له سه‌رگوزشته و نووسینی (محه‌مه‌د شوكری)دا دژ و ناته‌با و نارِێكن.
نووسه‌ر هه‌ر له رِێی (نانی رِووت)ه‌وه، وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی خۆیمان ده‌داتێ، خۆی، كه‌سێك كه به دوای رِۆمان و چیرۆك و ئه‌ده‌بدا غار نادات، به‌ڵكوو ئه‌ده‌ب و رِۆمان خۆیان به خۆیان په‌لكێش ده‌كه‌نه نێویه‌وه. (محه‌مه‌د شوكری) گه‌مه به زمان و له‌گه‌ڵ زماندا ناكات، به‌ڵكوو ئه‌وه زمانه، كه به پێی خۆی ده‌چێت له نێو (محه‌مه‌د شوكری)دا جێگه ده‌گرێ. دواجاریش (محه‌مه‌د شوكری) نه به دوای فه‌نتازیا و نه به دوای خه‌یاڵ و نه به دوای جیاوازیدا دهگهرِێ، به‌ڵكوو ئه‌وه فه‌نتازیا و خه‌یاڵ و جیاوازیین، كه شوێنێك له نێو (نانی رِووت)دا داگیر ده‌كه‌ن.
(محه‌مه‌د شوكری) زۆر به كورتی له‌و نووسینه‌دا پێمان ده‌ڵێ: (من نووسه‌ر نیم تا بنووسم، به‌ڵكوو ئه‌وه نووسینه خۆی ده‌خاته ناومه‌وه)، ئه‌و جیاوازییه‌ش به بایه‌خ و گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌و نووسینانه‌ی ڤهرِێژی ئه‌قڵێكی خوێنده‌وارن و ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قڵدا قسه‌یه‌كی دیكه له ئیراده‌وه سه‌باره‌ت به مرۆڤ و جه‌سته‌ی مرۆڤ بكه‌ن.
(محه‌مه‌د شوكری) له كتێبی (نانی رِووت)دا خۆی ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام خۆنووسینهوهیهك نا، كه زۆربه‌ی رِۆماننووس و چیرۆكنووسان ده‌یكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌و دێت و وه‌كخۆی قسه‌ی ته‌واوی جه‌سته‌ی ده‌كات، قسه‌ی ده‌ست و پێ و چاو و هه‌ر پارچه‌یه‌كی تر له جه‌سته‌ی ئه‌و ژنانه‌ی سێكسی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. به كورتی: هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی مرۆڤێكی به ئاگا و به شه‌رم پێویسته نه‌یانكات، (محه‌مه‌د شوكری) ده‌یانكات، ئه‌م كردنه‌یش وێنه‌ی نووسه‌رێكمان نیشان ده‌دات، كه به ته‌واوی له ئیراده‌یه‌كی بێگه‌رده‌وه ده‌نووسێ، بێ ئه‌وه‌ی گه‌ردی دین و ده‌سته‌ڵات و سیاسه‌ت و رِۆشنبیری و زمان و ئه‌ده‌ب ئیراده‌ی بگرن.
ئه‌و وه‌ك خۆی، خۆی ده‌نووسێته‌وه، دوور له هه‌ر سانسۆرێك، كه مێشك و لێكدانه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بتوانن خۆیان بخزێنه نێو نانه رِووتهكهیهوه، یان نانه رِهقهكهیهوه. ئه‌و، به نانێكی رِهقهوه، وێنه‌ی مرۆڤ دروست ده‌كات، جا ئه‌و وێنه‌یه له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنه‌كانی دیكه ته‌با بێت یان دژ، ئه‌وه خه‌می (محه‌مه‌د شوكری) نییه.
(محه‌مه‌د شوكری) له ساڵی (1935)دا و له خێزانێكی ئه‌مازیخی له دایك بووه، نه‌چووه‌ته خوێندنگه، تا ته‌مه‌نی بیست ساڵیش فێری خوێندن و نووسین نه‌بووه. له ساڵی (1942)دا، له‌به‌ر برسێتیی، ده‌چێته ته‌نجه. زوبانی عه‌ره‌بیی نه‌زانیوه، له‌وی فێری بووه و زۆربه‌ی ژیانی له ته‌نجه به‌سه‌ر بردووه. باوكێكی زۆر دڵرِهق و نامیهره‌بانی هه‌بووه. ژیانی ئه‌و وایكردووه (محه‌مه‌د شوكری) ببێت به نووسه‌ر و ژیان به نووسین ببه‌خشێت، نه‌وه‌ك به پێچه‌وانه‌وه؛ فه‌نتازیاكانی ئه‌و نووسینیان خه‌ڵق كردووه، نه‌وه‌ك نووسین فه‌نتازیای بۆ بخوڵقێنێت؛ نووسین خۆی رِژاوهته نێو ژیانیه‌وه، نه‌وه‌ك ژیانی خستبێته نێو نووسینه‌وه. وه‌ك ئه‌ده‌ب باسیان ده‌كات، چونكه باسكردنی كاره‌سات و مهرگسات و كوشتن و برسێتی و دزین و قاچاخچێتی و گیران و رِاوهدوونان و سێكسكردن و هه‌ر رِووداوێكی تر، به ته‌نیا به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ها و مانا به رِووداوهكان ببه‌خشن، به‌ڵكوو له پشت ئه‌و رِووداوانهوه ئیراده و رِوحی مرۆڤ گرنگه، كه بتوانێ رِاستگۆیی و به‌هایه‌ك و مانایه‌ك به رِووداوهكان ببه‌خشێت و یۆتۆپیایهكیش بخزێته نێویه‌وه، نه‌وه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، كه به‌ها و مانای حازرمان هه‌بێت، ئینجا بێین رِووداوی بۆ دروستكه‌ین، یان یۆتۆپیایه‌ك له خه‌یاڵمانه‌وه هه‌بێت و بیخه‌ینه نێو نووسینه‌وه.
ئه‌و نووسینه‌ی (محه‌مه‌د شوكری) جیاوازیی گه‌لێك زۆره له‌گه‌ڵ نووسینی ده‌یان رِۆمان و چیرۆكی دی، كه به لانی كه‌میه‌وه، ئه‌وانه‌ی من وه‌ك تاقه خوێنه‌رێك خوێندوومنه‌ته‌وه. ئه‌زموونی (محه‌مه‌د شوكری) له‌وه‌دا جیاوازیی خۆی رِادهگهیهنێ، كه به نموونه (یۆستاین گۆرده‌ر)، كه زیاتر ئه‌و خه‌ریكی دنیای بیركردنه‌وه و پرسیاركردنه له باره‌ی بوون و مرۆڤ و ژیان و ژیانه‌وه و هزر و فه‌لسه‌فه و مێژووه‌وه، یان نووسه‌رێكی لای خۆمان، بۆ نموونه (به‌ختیار عه‌لی)، كه هه‌میشه خه‌ریكی فه‌نتازیا و ته‌كنیكێكی قورسی زمان و لێكدانه‌وه و بیركردنه‌وه و ئاڵۆزییه له رِووداوهكان و له كاره‌ساته‌كاندا؛ (به‌ختیار عه‌لی) ده‌توانێ له رِێی نووسینه‌وه فه‌نتازیا خه‌ڵق بكات، ژیان خه‌ڵق بكات، كارئه‌كته‌ر و یۆتۆپیا و زمان و به‌ها و مانای تایبه‌ت بخوڵقێنێت. (جه‌نگیز ئیتماتۆف)یش یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی تا رِادهیهكی باش ئیش له‌سه‌ر ئیراده‌ی مرۆڤ ده‌كات و له رِێی كارئه‌كته‌ره نموونهییهكانییهوه ژیان ده‌خوڵقێنی. (فه‌رهاد پیرباڵ)یش له رِێی نووسینه‌كانیه‌وه زه‌مینه‌یه‌كی به‌رفراوان به ئیراده و رِوحی مرۆڤه‌كان ده‌به‌خشێت و قسه‌ی كۆمه‌ڵێ حاڵاتی ئینسانی ده‌كات، چ له باری ئاساییی خۆیان، چ له غوربه‌ت و له شێتبوون و به سه‌رخۆشی و ئیدمانی موخه‌ده‌رات، چ له حاڵه‌تگه‌لی دیكه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه له (محه‌مه‌د شوكری) جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه (محه‌مه‌د شوكری) خۆی به دووی نووسین و فه‌نتازیا و ئیراده و یۆتۆپیا و به‌ها و ژیانه‌وه ناچێت، پرسیار له هه‌بوون و ماهیه‌ت و ژیان و دۆزه‌خ و ژیانه‌وه و خوا و ئازادی و ده‌سته‌ڵات و به‌هاكان ناكات، به‌ڵكوو یه‌كسه‌ر له نێو ئه‌و شتانه‌دا ده‌نگ به‌رزده‌كاته‌وه و ده‌مانخاته نێو ژیان رِووداوهكانهوه؛ ده‌مانكات به به‌شێك له‌و حیكایه‌تانه، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كسه‌ر ئه‌زموونیان بكه‌ین، نه‌وه‌ك تیۆرێكمان پێشكێش بكات و ئینجا ببَین پراكتیكی بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر (نانی رِووت) به شانۆگه‌رییه‌ك وه‌سف بكه‌م، هه‌موومان كارئه‌كته‌ری نێو ئه‌و شانۆگهرییهین، هاوكاتیش (محه‌مه‌د شوكری) له‌گه‌ڵماندا رِۆڵ دهگێرِێت. ئه‌گه‌ر نووسینه‌كانی (یۆستاین گۆرده‌ر) به نموونه، به شانۆ وه‌سف بكه‌م، ئه‌وه ئێمه و ئه‌ویش له نێو خه‌ڵكیدا دانیشتووین و پێكه‌وه ته‌ماشای رِووداوهكان ده‌كه‌ین و (یۆستاین گۆرده‌ر)یش ژیان و رِووداو و كارئهكتهرهكانمان بۆ شی ده‌كاته‌وه. دیسانه‌وه ده‌یڵێمه‌وه، ئه‌و جیاوازییه بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه، له تێگه‌یشتنمان بۆ نووسین و خوێندنه‌وه‌شدا، به‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی تا ئێستا به زۆری به دوی خه‌یاڵ و فه‌نتازیا و كۆمه‌ڵێ به‌ها و مانادا رِادهكات، كه وامان لێده‌كات زیاتر خه‌ریكی ئه‌ده‌ب بین، نه‌وه‌ك ژیان، زیاتر سه‌رسامی زمان بین، نه‌وه‌ك به‌هاكان، زیاتر له‌زه‌ت له رِووداوهكان وه‌رگرین نه‌وه‌ك له ماناوه و زیاتریش خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌یان بین، نه‌وه‌ك رِهخنهكردن و گهرِان له ژیان و ئاسووده‌یی و چێژێكی مرۆڤدۆستانه و ژیاندۆستانه و وامان لێبكات، كه نووسن به پاشكۆی مرۆڤ بزانین، نه‌وه‌ك له مرۆڤ گه‌وره‌تر.
زۆرێك له نووسینه كوردییه‌كان، ئه‌وانه‌ی جێگه‌یه‌كیان له ئه‌ده‌ب و رِۆماندا بۆ خۆیان گرتووه، زیاتر خه‌ریكی چاندنی ئه‌و به‌هایه‌ن، كه وامان لێده‌كات وابزانین خودی نووسین له ژیان و فه‌نتازیا و یۆتۆپیا گه‌وره‌تره، چونكه نووسین به سه‌رچاوه‌ی ئه‌و مانا و به‌هایانه ده‌زانێ كه له ژیان و فه‌نتازیا و یۆتۆپیا بۆمان هه‌یه بیاندۆزنه‌وه. پێیان وایه كه نووسین له سه‌رووی مرۆڤیشه‌وه‌یه و پێویسته مرۆڤ به دوی نووسیندا غاربدات و هه‌وڵ بدات خۆی بكات به نێو رِووداو و كاره‌سات و زمان و ته‌كنیك و مانا و به‌هاكانیه‌وه، نه‌وه‌ك نووسین بێت و مرۆڤ به سه‌رچاوه‌ی زمان و رِووداو و كاره‌سات و شادییهكانیهوه ببینێته‌وه.
جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه، كه كرده‌ی نووسین له سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی خۆی دادهبرِێنن. ئه‌وه‌ی (محه‌مه‌د شوكری) له (نانی رِووت)دا شه‌قی تێهه‌ڵده‌دات، ئه‌وان كه ده‌یانه‌وێ خودی نووسین ژیان دروست بكات، نه‌وه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. كرداری دروستكردنی ژیان له لایه‌ن نووسینه‌وه، وابه‌سته‌ی قودره‌تی نووسه‌ره له خه‌ڵقكردنی زمانێكی تایبه‌ت و سرووتێكی تایبه‌ت بۆ تێكست، ده‌ق ده‌كه‌نه پێگه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی نووسه‌ر، رِووداوهكانیش به پلانی نووسه‌ر خۆیه‌وه بهرِێوهدهچن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مانایانه بده‌ن كه نووسه‌ر ده‌یه‌وێن و له دواجاردا وه‌ك په‌یام بیانداته ئێمه‌ی خوێنه‌ر. (محه‌مه‌د شوكری) هیچ په‌یامێكمان ناداتی، هیچ پرسیارێكیش ناكات، تا له دواتردا وه‌ڵاممان بداته‌وه. شوكری مێشكمان به فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و زمان و ته‌كنیك و تێگه‌یشتنه‌كانی خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ناكات، به‌ڵكوو دێت و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان ده‌خاته به‌رده‌سته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان به سه‌رچاوه‌كانی زمان و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌به‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ین، نه‌وه‌ك به نووسین له باره‌ی ئه‌م شتانه‌وه.
واته (محه‌مه‌د شوكری) پێمان ده‌ڵی: ئه‌وه ژیان، ئینجا تۆ خۆت بیفهلسهفێنه و زمانی بكه‌ی وه‌به‌ردا بكه و تێی بگه، نه‌وه‌ك وه‌ك زۆرێك له نووسه‌رانی دیكه، كه دوای ئه‌وه‌ی ده‌فه‌لسه‌فێنن، زمانێكی تایبه‌ت خه‌ڵق ده‌كه‌ن، تێگه‌یشتنی خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئێمه له‌سه‌ر فه‌لسه‌فاندن و زمان و تێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌وان قسه بكه‌ین.
زۆرجار گوتوومه: رِۆماننوسی كورد و نووسه‌ری كورد، به گشتی ناتوانێ كارئه‌كته‌ره‌كانی خۆی ئازاد بكات، چونكه هه‌میشه تێگه‌یشتن و مێشكی خۆی له پشت هه‌موو رِووداو و كارئه‌كته‌ر و زمان و ته‌كنیك و گوێزانهوهیهكهوه حازره. ناتوانێ خۆی نه‌فی بكاته‌وه و كارئه‌كته‌ره‌كانی ئازاد بكات، چونكه ئه‌و پێشوه‌خته خۆی به تێگه‌یشتن و فه‌لسه‌فاندن و زمان و ته‌كنیك حوكم كردووه.
بۆیه‌شه نووسینی كوردی، زیاتر له گه‌مه‌یه‌ك ده‌چێت، كه ژیانی تێدا نه‌فی كراوه، نه‌وه‌ك ژیان خۆی گه‌مه‌یه‌ك بێت له‌و گه‌مه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر گه‌مه‌یه‌ك بێت، خۆش یان ناخۆش، قورس یان سووك، یان هه‌ر تێگه‌یشتنێكی دیكه ببه‌خشێت، له نووسینه‌كه‌ی (محه‌مه‌د شوكری)دا هه‌ست ده‌كه‌ین، ژیان خۆی گه‌مه‌یه، نه‌وه‌ك نووسین، ژیان خۆی سه‌رچاوه‌ی گهمهكانه، نه‌وه‌ك نووسین سه‌رچاوه‌ی گه‌مه‌یه‌ك بێت.
(جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی ده‌یه‌وێ نووسین بخاته پێش هه‌موو شتێكه‌وه، ئه‌مه له دوا رِۆمانیدا، واته له (پێنجه‌مین كتێب)یشدا هه‌ستی پێ ده‌كرێ، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی رِهنگه به ته‌نیا یه‌ك خوێنه‌ر بتوانێ لێی تێی بگات. (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) له‌وێوه ده‌یه‌وێ ژیانێك خه‌ڵق بكات و خوێنه‌ر بچێته نێویه‌وه، نه‌وه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، به‌وه‌ی كه ژیانێك سه‌رچاوه‌ی ئه‌و رۆمانه بێت. ئه‌و ده‌یه‌وێ ئه‌و خوێنه‌ره بدۆزێته‌وه، كه له فه‌لسه‌فاندن و زمان و خه‌یاڵ و تێگه‌یشتنه‌كانی تێبگات، وه‌كچۆن (به‌ختیار عه‌لی)یش هه‌مان شنی ده‌وێ. (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) و (به‌ختیار عه‌لی)، وه‌ك دوو نموونه‌ی رِۆماننووسی كورد، له رِێی نووسینه‌وه خه‌ریكی ژیانكردنن، به‌های هه‌قیقی له لای ئه‌وان، خودی پرۆسه‌ی نووسینه، نه‌وه‌ك ژیان، ئه‌وان دێن و نووسینه‌كانیان پرِ ده‌كه‌ن له ژیان، نه‌وه‌ك ژیان پرِ بكه‌ن له نووسین؛ نووسین ئه‌زموونێكه چێژی لێوه‌رده‌گرن و ئه‌وه‌نده له غه‌می ئه‌وه نین ئه‌و نووسینه تا چه‌ند چێژ به ژیان ده‌به‌خشێت. من نامه‌وێ سانسۆر بۆ (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) و (به‌ختیار عه‌لی) دانێم و بڵێم به‌م شێوه‌یه مه‌نووسن، چونكه ئه‌وه كێشه‌ی منه وه‌ك خوێنه‌ر، كه ناتوانم ئه‌وه ببینمه‌وه كه رِۆمانهكانی ئه‌و دوو رِۆماننووسه، چێژ به ژیان نابه‌خشن و له كن ئه‌وان غه‌می نووسین له به‌ها و مانا و چێژی ژیانی من گه‌وره‌تره، و له كن منیش چێژی ژیان له نووسینه‌كانی ئه‌وان به به‌هاتر و به بایه‌ختر بێت.
بایه‌خ و به‌های نووسین دواجار خوێنه‌ره، كه بۆ خۆی ده‌ستنیشانی ده‌كات، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌وه كێشه‌ی منی خوێنه‌ره كه وام لێده‌كات دواتر له رِووی هزرییه‌وه ململانێیه‌ك له‌گه‌ڵ (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) و (به‌ختیار عه‌لی) و ته‌نانه‌ت هه‌ر رِۆماننووسێكی دیكه بكه‌م.
ئیدی به كێشهبوونی بوونی ئه‌و رِۆمانانه بۆ منی خوێنه‌ر له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كه ئه‌وانه ئه‌ده‌بێك ده‌خوڵقێنن، سه‌رچاوه‌كه‌ی ژیان نییه، به‌ڵكوو فه‌لسه‌فاندنی ئه‌و زاتانهیه، كه رِهنگه فهلسهفاندنێك بێت، بایه‌خی بۆ من نه‌بێت، یان ته‌نانه‌ت رِێی دۆزینه‌وه‌ی ههقیقهتیشم لێ دوور بكاته‌وه؛ هه‌قیقه‌تی هه‌ر شتێك، پێش هه‌مووشیان هه‌قیقه‌تی ژیان و هه‌قیقه‌تی نووسین و پێوه‌ندیی نێوان نووسه‌ر و نووسین.
دواجار ده‌كرێ بڵێم (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) و (به‌ختیار عه‌لی) دوو ئه‌زموونن، ژیان ده‌خه‌نه نێو نووسینه‌وه، نه‌وه‌ك نووسین بخه‌نه نێو ژیانه‌وه. زمان ده‌خه‌نه نێو نووسینه‌وه، نه‌وه‌ك نووسین بخه‌نه نێو زمانه‌وه. به كورتی: ئه‌و دوو نووسه‌ره سنعهتكارن، وه‌ك پیشه‌گه‌ر ته‌ماشای كرده‌ی نووسین ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسین له ئیرادهیهكدا هاتبێ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بخاته نێو ژیانه‌وه. ئه‌و دوو نووسه‌ره په‌لمان ده‌گرن و ده‌مانخه‌نه نێو نووسینه‌وه، محه‌مه‌د شوكری-یش په‌لمان ده‌گرێت و ده‌مانخاته نێو ژیانه‌وه.
محه‌مه‌د شوكری، نانی رووت، سه‌رگوزه‌شته‌ی حاڵ. وهرگێرِانی له فرِهنیسییهوه: نه‌جاتی عه‌بدوڵا 2007 چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ره‌نج.
