تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی شته‌كان
له باره‌ی رِۆمانی ((ژیان كورته، نامه‌یه‌ك بۆ
ئاگۆستینی قه‌دیس))ی (یۆستین گۆرده‌ر)ه‌وه
وه‌رگێرِانی: رێبوار سیوه‌یلی
هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د
ژیان كورته، نامه‌یه‌ك بۆ ئاگۆستینى قه‌دیس. رۆمانێكى نووسه‌رى
نه‌رویژى (یۆستین گۆرده‌ره)، كه بریتییه له نامه‌یه‌كى (فلۆریا
ئامیلیا)بۆ ئاگۆستینى قه‌دیس. دیاره پێش ئه‌وه‌ى هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر
رۆمانه‌كه بكه‌م، پێویسته شتێك سه‌باره‌ت به ئاگۆستینى قه‌دیس و
فلۆریا ئامیلیا بزانین، چونكه رۆمانه‌كه ده‌چێته خانه‌ى رۆمانێكى
مێژوویى، كه قسه له‌سه‌ر كه‌سێكى دیار و گه‌وره‌ى مێژووى مه‌سیحى
ده‌كات، كه ئه‌ویش ئاگۆستینى قه‌دیسه، ئاگۆستینى قه‌دیس، ره‌نگه
زیاد له خوێندنه‌وه‌یه‌كى بۆ كرابێت و راى جیاوازى له‌سه‌ر هه‌بێت،
وه‌ك چۆن ئاگۆستین له ژیانى خۆشی‌دا ته‌نیا به یه‌ك شێوه و ناوه‌رۆك
نه‌ژیاوه ، به‌ڵكو له منداڵییه‌وه تا مردنى گۆرِانى گه‌وره به‌سه‌ر
ژیان و بیر‌و باوه‌رِیدا هاتووه. ره‌نگه له‌م رۆمانه‌دا گۆرده‌ر،
ته‌نیا له‌یه‌ك ره‌هه‌نده‌وه روانیبێیته ئاگۆستینى قه‌دیس، كه
ئه‌ویش ره‌هه‌ندى به قوربانى كردنى خۆشه‌ویستى ژنێكه له پێناو
خۆشه‌ویستى خودا، یان رزگاركردنى روحى خۆیدا، كه دیاره له نامه‌كه‌ى
ئامیلیادا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایى ره‌خنه له ئاگۆستین
ده‌گرێت ،تا ده‌گاته راده‌ى تاوانباركردنى به درۆ و خیانه‌ت كردن.
ره‌ت كردنه‌وه‌ى ئامیلیا بۆ (ره‌ت كردنه‌وه‌ى ئه‌ڤین، ئه‌ڤینى ئامیلیا
و خۆهاویشتنه باوه‌شى ئه‌ڤینى خودا) دا، له لایه‌ن ئاگۆستینه‌وه،
ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى نامه‌كه‌ى ئامیلیا و رۆمانه‌كه‌ى گۆرده‌ره، كه به
شێوه‌یه‌ك ده‌نگى ئامیلیا ده‌بێته ده‌نگى گۆرده‌ر خۆى و جیاوازییه‌ك
له نێوان ئه‌و دوو ده‌نگه‌دا نامێنێته‌وه، نامه‌كه ده‌بێته گوتارێك
له لایه‌ن گۆرده‌ره‌وه به ناوى نامه‌یه‌كى ئامیلیا بۆ ئاگۆستین
ده‌نێردرێت.بێ ئه‌وه‌ى نووسه‌ر بارێكى ئه‌وتۆیشى ره‌خساندبێت بۆ
ئه‌وه‌ى ئاگۆستینیش بتوانێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ، له رێى
نووسه‌ره‌وه ، ده‌نگى بگه‌یه‌نه‌ته خوێنه‌ر، خوێنه‌ر هه‌ر له
سه‌ره‌تاوه تا كۆتایى رۆمانه‌كه ته‌نیا گوێى له ده‌نگى ئامیلیایه،
كه ده‌نگى گۆرده‌ر خۆیه‌تى. ئه‌و قسانه‌ى ئاگۆستینیش ده‌یكات، ئه‌وه
هه‌ر ئامیلیا بۆ ئێمه‌ى ده‌گێرِێته‌وه كه له دانپێدانانه‌كانى
ئاگۆستیندا خوێندوویه‌تییه‌وه. بۆیه گۆرده‌ر له‌م رۆمانه‌دا، دابه‌ش
بۆته سه‌ر دوو پارچه، یه‌كه‌میان پارچه‌یه‌كى میهره‌بان له‌گه‌ڵ
ئامیلیادا، پارچه‌ى دووه‌میش دڵرِه‌قییه‌كى گه‌وره به‌رامبه‌ر به
ئاگۆستین. لێره‌شدا رۆماننووس ده‌كه‌وێته بارێكى ناهاوتاى
ده‌روونییه‌وه به‌رامبه‌ر به كارئه‌كته‌ره‌كانى و هه‌وڵیش ده‌دات
ئه‌م باره له لاى خوێنه‌ریش دروست بكات، به‌وه‌ى دواى خوێندنه‌وه‌ى
رۆمانه‌كه ئامیلیامان خۆش بوێت و رقمان له ئاگۆستین ببێته‌وه!
ئامیلیا و ئاگۆستین، ده‌بنه دوو دنیاى دژ به‌یه‌ك، دنیایه‌ك كه مرۆڤ
به‌ره‌و شێوه‌یه‌كى گۆشه‌گیریى و سۆفیگه‌ریى و پشت كردن له نه‌زعه و
حه‌زه مادیى و جه‌سته‌ییه‌كانمان ده‌بات، دنیایه‌كیش خوازیاره له
نێوان روح و ماده‌دا، له نێوان بزركردنى روح و دۆزینه‌وه‌ى گیاندا
هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكات. دوو دنیا به دوو شێوه‌ى جیاواز، ته‌ماشاى
خودا و ئه‌ڤین و ژن و منداڵ و فكر ده‌كه‌ن. هه‌ردوو دنیاش چه‌ندین
پرسیارمان سه‌باره‌ت به ئه‌ڤین، به خیانه‌ت، به روح، به‌رزگاركردن،
به خودا، دین، ئازادى، بیركردنه‌وه، فه‌لسه‌فه، هه‌بوون و زۆر
چه‌مكى دیكه دروست ده‌كه‌ن. له هه‌مان كاتیش‌دا گۆرده‌ر كۆمه‌ڵێ
وه‌ڵاممان پێشكه‌ش ده‌كات، كۆمه‌ڵه وه‌ڵامێك كه خوازیاره ئێمه
برِواى پێ بكه‌ین و به دیوێكى هه‌قیقى هه‌بوون و ژیانى بزانین.
وه‌ڵامه‌كان وه‌ڵامى ئامیلیان، كه ده‌بنه وه‌ڵامى گۆرده‌ر بۆ ئه‌و
پرسیارانه‌ى ئه‌و رۆمانه له لامان دروست ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر بێت
و ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر، بمانه‌وێت، گه‌رِانێكى تایبه‌ت به‌ناو پرسیار و
وه‌ڵامه‌كانى گۆرده‌ردا بكه‌ین، ئه‌وه ده‌بێت له رۆمانه‌كه و
ته‌نانه‌ت پێشه‌كییه‌كه‌ى نووسه‌ر و وه‌رگێرِى ئه‌م كتێبه‌ش (رێبوار
سیوه‌یلى) دوورتر برِۆین. برِۆین و شۆرِبینه‌وه ناو كۆمه‌ڵێ
سه‌رچاوه‌ى تر، كه ده‌ستمان ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌كى
تایبه‌ت به خۆمان بۆ ئه‌و تێكسته بكه‌ین و به‌دووى وه‌ڵامى دیكه‌دا
بگه‌رِێین ، كه ره‌نگه له‌گه‌ڵ گۆرده‌ر هه‌م ته‌با بێت و هه‌م دژ
بێت.
ئاگۆستینى قه‌دیس:
دیاره وه‌ك وه‌رگێرِى ئه‌م رۆمانه (رێبوار سیوه‌یلى) له
پێشه‌كییه‌كه‌یدا، هه‌ندێ زانیارى له‌سه‌ر ئاگۆستین داوه، به‌وه‌ى به
دامه‌زرێنه‌رى تیۆلۆژیا (یه‌زدانناسى) داده‌نرێ. له ساڵى (354) ى
زایینی‌دا له شارى تاگاسته له دایكبووه. كاك رێبوار سیوه‌یلى دواى
ئه‌وه ده‌ڵێت:(به درێژایى ژیانى له لایه‌ن (مۆنیكاى) ى دایكییه‌وه
كۆنترۆڵ كرابوو).ل 8
لێره‌دا پێویست ده‌كات، كه له لایه‌ن خۆمانه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و
پرسیاره بوه‌ستین و هه‌ندێ زانیارى له سه‌رچاوه‌ى جۆراوجۆره‌وه
كۆبكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین : (به‌رِاست.. ئاگۆستین به درێژایى
ژیانى له لایه‌ن مۆنیكاى دایكییه‌وه كۆنترۆل كرابوو؟!) چونكه دیاره
ئه‌وه تێگه‌یشتنى ئامیلیا و گۆرده‌ریشه به‌وه‌ى ئاگۆستین له‌به‌ر
كۆنترۆڵى دایكى دواى پازده ساڵ خۆشه‌ویستى، ئه‌ڤینى ئامیلیا ره‌ت
ده‌كاته‌وه.
زانییارییه‌كان* وا ده‌رده‌خه‌ن، كه ئاگۆستین ره‌گوریشه‌یه‌كى
ئه‌مازیغى هه‌یه و له تاگاست له ساڵى 354 ى زاینییه‌وه پێش هاتنى
ئیسلام له دایك بووه، ئه‌و شاره له‌و سه‌رده‌مدا شارێك بووه له
هه‌رێمه‌كانى رۆما له باكوورى ئه‌فریكادا، له‌ته‌مه‌نى یازده ساڵیدا
ده‌ینێرنه مه‌داورش، شارى نۆمیدیه،كه سى كیلۆمه‌تر له دوورى تاگاست
بووه، له‌ته‌مه‌نى هه‌ڤده ساڵیدا چۆته قه‌رتاج بۆ ئه‌وه‌ى زانستى
به‌یان بخوێنێ. دایكى ئاگۆستین، (مۆنیكا) ئه‌مازیغى بووه،
مه‌سیحییه‌كى برِوادار بووه، به‌ڵام باوكى ئاگۆستین كابرایه‌كى
وه‌سه‌نى بووه. ئاگۆستین هه‌ر زوو كه‌نیسه به جێدێڵێت و ده‌بیته
مانه‌وى.
په‌یرِه‌وكه‌رانى مانه‌وى به زه‌ندیق ناسراون. كه
ئاگۆستینیش یه‌كێك بووه له‌و زه‌ندیقانه، به پێچه‌وانه‌ى حه‌زو
ئاره‌زووه‌كانى دایكى. بێ گومان ئه‌گه‌ر دایكى كۆنترۆڵى ژیانى كردبا
ئه‌وه ئاگۆستین نه‌ده‌بووه مانه‌ویى. ئاگۆستین كه‌به مه‌سیحى له
دایك بوو و كه‌نیسه‌ى به جێهێشت و بووه مانه‌ویى، له گه‌نجییه‌تى
خۆیدا پازده ساڵ_ به پێچه‌وانه‌ى حه‌زى دایكى _ له‌گه‌ڵ كچێك ژیا و
كورِێكیان به‌ناوى (ئادیۆداتۆس) بوو.دیاره ئه‌گه‌ر دایكى كۆنترۆڵى
له‌سه‌ر هه‌بووایه ئه‌وه ئاگۆستین نه‌یده‌توانى پازده ساڵ به
پێچه‌وانه‌ى حه‌زى دایكى له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌دا بمێنێته‌وه و كورِێكیش
دروست بكات.
دواى ئه‌وه ئاگۆستین فه‌لسه‌فه و زانستى به‌یان
ده‌خوێنێ، واته زانستى ئیقناع كردن و وتاربێژى، دیسان ئه‌مه‌ش رێگرێك
بووه له‌به‌رده‌م دایكى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت كۆنترۆڵى ژیانى ئاگۆستین
بكات. له تاگاست و قه‌رتاج ده‌ست به وانه گووتنه‌وه ده‌كات. له
كۆتایى 384 دا ده‌بێته مامۆستاى زانكۆى میلانۆ. تا ئێره‌ش هیچ
ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ى پێمان بڵێت دایكى ئاگۆستین كۆنترِۆڵى
ژیانى كردبوو.
له میلانۆدا، ژیانى ئاگۆستین ده‌ست به گۆرِان ده‌كات،
به‌وه‌ى خۆى له ماناى ژیان ده‌گه‌رِێت و له بیر‌و باوه‌رِى
مانه‌وییه‌كان دوورده‌كه‌وێته‌وه، له میلانۆدا دایكى داواى لێده‌كات
ببێته مه‌سیحى، به‌ڵام ئاگۆستین هه‌رچه‌نده پشت له مانه‌ویى ده‌كات،
به‌ڵام یه‌كسه‌ر نابێته مه‌سیحى. هه‌ر له میلانۆدا قه‌شه ئامبرۆزیۆس
ده‌بینێت و به وتاربێژى و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ى داخبار ده‌بێت،هه‌ر له‌و
ماوه‌یه‌شدا ده‌بێته یه‌كێك له‌سه‌رگه‌رمه‌كانى ئه‌فلاتونییه
نوێیه‌كان.
له هاوینى 386 دا، دواى ئه‌وه‌ى یاداشته‌كانى
ئه‌نتۆنیۆسى گه‌وره ده‌خوێنێته‌وه، ده‌بێته مه‌سیحى، واز له
وتاربێژى و زانكۆى میلانۆ ده‌هێنێت و رووده‌كاته
كه‌هه‌نوتیى.دواى ئه‌وه دانپێدانانه‌كانى خۆى ده‌نووسێته‌وه.دواى دوو
ساڵ واته له 388دا له‌گه‌ڵ دایك و كورِه‌كه‌ى ده‌گه‌رِێته‌وه
ئه‌فریكیا، له رێگه‌دا دایك و كورِه‌كه‌ى ده‌مرن.
لێره‌دا
من پێموایه، دایكى كۆنترِۆڵێكى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر ژیانى ئاگۆستین
نه‌بووه، دواى ئه‌وه‌ش لێره به‌دواوه كه دایكى ده‌مرێت، ئه‌وه
ئه‌گه‌ر كۆنترِۆڵیشى هه‌بووبا، نه‌ده‌ما. به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر بزانین
ئاگۆستین دواى مردنى دایكى له ساڵى 391 له هیپۆ ده‌بێته كاهین.له
ساڵى 430 ده‌مرێت. واته 42 ساڵ دواى مردنى دایكى. بۆیه ئه‌و قسه‌یه‌ى
كه ده‌ڵێ دایكى كۆنترۆڵى هه‌موو ژیانى كردبوو، قسه‌یه‌كى بێ
به‌ڵگه‌یه.
جگه
له‌مه‌ش له سه‌رده‌مى گه‌نجییه‌تییدا ئاگۆستین كورِێكى لاسار بووه.
به‌تایبه‌تیش ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه بێ ئیش و بێ كار له ماڵه‌وه
داده‌نیشێت و ته‌نیا براده‌رایه‌تى سه‌رسه‌رى و قۆشمه‌بازان ده‌كات.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاگۆستین به هیچ شێوه‌یه‌ك گوێ به حه‌ز و
ئاره‌زووه‌كانى دایكى و رێنماییه‌كانى دینى مه‌سیحى نادات. ئاگۆستین
دواى تۆبه‌كردنى له موناجاتێكییه‌وه، له باره‌ى گوێنه‌دانى به
دایكییه‌وه ده‌ڵێت: ( دایكى پاكم قسه‌ى بۆ كردم، وابزانم ده‌نگى دایكم
زایه‌ڵه‌ى ده‌نگى تۆ بوو،زۆر داواى لێ ده‌كردم واز له سۆزانییه‌كان و
خراپه‌كارى بێنم،به‌ڵام من گوێم لێ نه‌ده‌گرت و بایه‌خم به قسه‌كانى
نه‌ده‌دا.)
له ساڵى
382 كه ئاگۆستین ده‌چێته رۆما، دایكى زۆر هه‌وڵ ده‌دات رێ له‌و
سه‌فه‌ره‌ى بگرێت، به‌ڵام ئاگۆستین گوێى پێ نادات. فێڵى لێده‌كات و
ده‌رِوات.
دواتر
مۆنیكا ده‌چێته میلان و داوا له قه‌شه ئامبۆسیۆس ده‌كات، كورِه‌كه‌ى
ئامۆژگارى بكات بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ى خۆى راست بكاته‌وه. به‌ڵام قه‌شه
داواى لێبووردنى لێده‌كات، چونكه ده‌زانێ قسه كردن له‌گه‌ڵ ئاگۆستین
سوودى نییه، دایكى دیسان داواى لێده‌كاته‌وه، به‌ڵام قه‌شه ئاگۆستین
پێى ده‌ڵێ : ئاگۆستین، كورِێكى زۆر زیره‌كه و شێوازێكى سه‌یرى هه‌یه
له موراوه‌غه‌كردن دا، بۆیه له گفتوگۆ كه‌س بارى نابات و قسه كردن
له‌گه‌ڵیدا، سوودى نابێت.
دواى
ئه‌وه ئاگۆستین دایكى به جێدێڵێت و رووده‌كاته رۆما، هه‌رچه‌نده
دایكى زۆر له‌به‌رى ده‌پارِێته‌وه له لاى بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و
هه‌ر ده‌رِوات. بۆیه دایكى به‌رده‌وام بۆى گریاوه، چونكه كورِێكى
لاساره و نابێته مه‌سیحى، ماوه‌ى بیست ساڵ دایكى هه‌میشه ئاواته
خوازبووه، كه ئاگۆستین ببێته مه‌سیحى، به‌رده‌وامیش نزا‌و نوێژى
پارِانه‌وه‌ى بۆ كردووه و گریاوه و فرمێسكى بۆ رژته‌وه، ئه‌وه‌نده
بۆى گریاوه، تا هه‌ندێك به ئاگۆستین ده‌ڵێن: (كورِى فرمێسك؟!)
كه‌واته ئه‌گه‌ر ئاگۆستین به‌م شێوه‌یه بووبێت، چۆن له بن كۆنترۆڵى
دایكی‌دا بووه؟!
لێره‌شدا من بۆیه درێژه‌م به‌و باسه‌دا، نه‌بوونى كۆنترِۆڵى دایكه
مۆنیكا به‌سه‌ر ئاگۆستینه‌وه، چونكه پێموایه یه‌كێك له
خه‌سڵه‌ته‌كانى ئاگۆستین، ئه‌گه‌ر له هه‌موو ژیانیشدا نه‌بێت، به‌ڵام
له به‌شێكى گه‌وره‌ى ژیانیدا، كه‌سێكى یاخى و سه‌رپه‌رِ و خاوه‌ن
ئیرِاده‌ى خۆى بووه، واى ژیان كردووه، كه ئه‌و خۆى برِواى پێى
بووه، نه‌وه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى دایكى یان ئامیلیا یان كه‌نیسه یان زانكۆ
یان دین یان هه‌تا باوكى كه كه‌سێكى به‌رِه‌ڵابووه، ژیان بكات،
ئاگۆستین به پشت به‌ستن به تێگه‌یشتنه تایبه‌تییه‌كانى خۆى
توانیویه‌تى، خۆى له دایكى و ماڵه‌وه‌ى و براده‌رانى و دواتریش له
ئامیلیا و هه‌تا له كورِه‌كه‌شى كه به‌هۆى مردن بووه، جیا بكاته‌وه
و به‌و شێوه‌یه بژى كه ئه‌و خۆى ده‌یه‌وێت، له سه‌رده‌مێكدا، كه
كۆمه‌ڵێ بیروباوه‌رِى كاریگه‌ر له‌سه‌ر ژن و كلاسى كۆمه‌ڵایه‌تى له
دنیاى ئیمپراتۆرییه‌تى رۆمانیدا بڵاوبووه، ئه‌و ماوه‌ى پازده ساڵ
له‌گه‌ڵ كچێك ده‌ژیێ و عه‌شق و ئه‌ڤیندارى و سێكس ده‌كات، كه خۆى
ده‌یه‌وێت، بێ ئه‌وه‌ى گوێ به برِوایه‌كى دینى یان كۆمه‌ڵایه‌تى یان
ره‌سمى ئیمپراتۆرییه‌ت بدات، ئه‌مه‌شیان پنتێكى گرنگه له ژیانى
ئاگۆستیندا دركى پێ بكه‌ین، كه ئامیلیا له نامه‌كانیدا ئاماژه بۆ
ئه‌و ئیرِاده‌یه ناكات، كه ده‌ستهه‌ڵگرتنى ئاگۆستین له‌و، له چ
ئیرِاده‌یه‌كه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟! تاكه سه‌رچاوه‌ى ئامیلیا
ئاماژه‌ى پێده‌دات بیرى ئه‌فلاتونییه‌كان و مانه‌وییه‌كان و
مه‌سیحییه، دواتریش وه‌ك ئامیلیا ده‌ڵێت (به‌ناوى خوداوه) ده‌ست له
ئه‌ڤینى من هه‌ڵده‌گریت. به‌ڵام من پێموایه، پێش ئه‌وانه‌ش سه‌رچاوه‌ى
سه‌ره‌كى جیابوونه‌وه و ده‌ستهه‌ڵگرتنى ئاگۆستین له ئامیلیاوه،
سه‌رچاوه‌كه‌ى ده‌گه‌رِێته‌وه بۆ خودى ئیرِاده و تێگه‌یشتنى تایبه‌ت
به ئاگۆستین بۆ عه‌شق و ئه‌ڤینداریى و ژن و ژیان و هه‌بوون.ئه‌گه‌رچى
دواتریش سه‌رچاوه‌ى هه‌ر ده‌گه‌رِێته‌وه سه‌ر ئه‌و ژێده‌رانه، به‌ڵام
دیسانه‌وه ئه‌وه ئیرِاده‌ى ئاگۆستینه برِیاره‌كانى پێده‌دات، كه
ده‌ست له ئامیلیا هه‌ڵبگرێت و روو له خودا بكات و روحى خۆى رزگار
بكات، رزگاركردنى روح له ژن، له سێكس، نه‌زعه مادیى و
جه‌سته‌ییه‌كان، كارئه‌كته‌رى ئازادیى ئاگۆستین ره‌سم ده‌كات. به
شێوه‌یه‌ك ئامیلیا پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌بینێت، به‌وه‌ى ئه‌و ئازادى
روحییه خیانه‌ته له‌و، به‌وه گوناهبارى ده‌كات، كه ئاگۆستین فریوى
خواردووه و گه‌مژه‌ییه به‌ناوى خوداوه، ده‌ست له ئه‌ڤینى ئامیلیا
هه‌ڵبگرێت.
ئامیلیا، به زمانێكى زبر و هه‌ندێجاریش گاڵته‌جارییانه ، هه‌وڵ
ده‌دات له رزگاركردنى روحى ئاگۆستین كه‌م بكاته‌وه و وه‌ها وه‌سفى
بكات، كه هه‌ڵاتنه له ژیان كردن. هه‌ڵاتنێك كه خوداى مه‌سیحیى
فرمانى پێ نه‌داوه و كارێكه دژى ئیرِاده‌ى خودا.
ئیدى
لێره‌وه پێویست ده‌كات زیاتر به‌ناو ئه‌و تێكسته‌دا شۆرِ ببینه‌وه.
دین و عه‌شق.
روح له نێوان خۆشه‌ویستى خودا و خۆشه‌ویستى مرۆڤدا:
ئامیلیا له نامه‌كه‌یدا، زوو ده‌ست به ره‌خنه و گله‌یى و
تاوانباركردنى ئاگۆستین ده‌كات، به‌وه‌ى: ( بێ وه‌فابووه، خیانه‌تێكى
لووتبه‌رزانه‌ى كردووه، عه‌جه‌ب ره‌فتارى كردووه، خۆشه‌ویسته‌كه‌ى
وێڵ كردووه، زۆر شتى په‌رده‌پۆش
كردووه،فریودراوه،گه‌مژه‌یه،شه‌رمه‌زار بووه) جگه له‌مه‌ش له
چه‌ندین شوێندا ئامیلیا زمانێكى تیزئامێزانه له به‌رامبه‌ر ئاگۆستین
به‌كاردێنێ، به شێوه‌یه‌ك كه (ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌ڤینى مرۆڤ و
رزگاركردنى روح) ده‌بێته كردارێكى كۆمیدى له تێگه‌یشتنى ئامیلییادا.
دیاره لێره‌دا، ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى رۆمانه‌كه ده‌بێته روح له نێوان
ئه‌ڤینى خودا‌و مرۆڤدا، دیاریشه گۆرده‌ر، به بێ شاردنه‌وه، لایه‌نى
ئه‌ویندارى مرۆڤ ده‌گرێت تاوه‌كو ئه‌ڤیندارى خودا، ئاگۆستین وه‌ك
كه‌سێك كه ئه‌مرِۆكه بۆته به‌شێكى گه‌وره‌ى مێژووى كه‌نیسه و
مه‌سیحییه‌ت، خوێندنه‌وه‌ى نووسینه‌كانیشى بۆته خوێندنه‌وه‌ى فكرى
مه‌سیحیى، و بیر‌و باوه‌رِه‌كانیشى كاریگه‌ریى تایبه‌تى خۆیان هه‌بووه
و هه‌یه له‌سه‌ر مه‌سیحییه‌ت. مه‌سیحییه‌ت (كاتۆلیكیى) له‌ودا
ده‌خوێندرێته‌وه و له كاتۆلیكییش ئاگۆستین ده‌خوێندرێته‌وه، واته
په‌یوه‌ندییه‌كى دیاله‌كتیكى له نێوان ئاگۆستین و مه‌سیحییدا دروست
بووه، ئه‌م رۆمانه‌ش دیسان خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ هه‌ردووكییان،
ئاگۆستین له مه‌سیحییدا و مه‌سیحییش له ئاگۆستیندا، به‌ڵام ئامیلییا
له سیپاره‌ى دووه‌مدا، لاپه‌رِه 34 ى كتێبه‌كه. ئاماژه به خاڵێكى
گرنگى كه‌سایه‌تیى و سه‌رچاوه‌ى بیركردنه‌وه‌كانى ئاگۆستین ده‌دات، كه
له‌ده‌ره‌وه‌ى مه‌سیحییدا سه‌رچاوه‌ى گرتووه، سه‌باره‌ت به (مه‌یله
نه‌فسانى) و ( ئاره‌زووه گوناهبارییه‌كان) ئامیلیا ده‌نووسێ: ( له‌و
برِوایه‌دام تۆقینى تۆ له دنیاى هه‌سته‌كان زیاتر له ژێر كاریگه‌رى
مانه‌وییه‌كان و ئه‌فلاتونییه‌كاندا بێت، تا له ژێر كاریگه‌ریى خودى
عیساى مه‌سیحدا) لا 34
مانه‌ویى، وه‌ك دینێكى سۆفیگه‌ریى (عیرفانى و گنوسیى) ناسراوه،
نه‌فره‌ت له مادییاتى ژیان ده‌كات، زۆر له گه‌ڵ زوهد و گۆشه‌گیریى و
ره‌به‌نیدایه. هه‌رچه‌نده زوهد و گۆشه‌گیریى و ره‌به‌نیى له
دینه‌كانى وه‌ك ئیسلام و یه‌هودى ومه‌سیحییشدا هه‌یه، به‌ڵام له‌و
دینانه‌دا ته‌نیا بۆ ده‌سته‌بژێریكى به‌رزى دینییه، ئه‌گه‌ر نا
ئه‌ندامه‌كانى دیكه ئازادن له‌وه‌ى چۆن بژین و چێژ له هه‌سته‌كان و
مه‌یله نه‌فسانییه‌كان وه‌ربگرن، به‌ڵام لاى مانه‌وییه‌كان زۆربه‌ى
ئه‌ندامانى ده‌زگه دینییه‌كانیى موماره‌سه‌ى زوهد و گۆشه‌گیریى و
ره‌به‌نییان كردووه.برِواى مانه‌وییه‌كان ده‌كرێت له‌و سێ خاڵه‌دا
كورت بكرێته‌وه: ( خه‌تا به سێ رێگه‌دا ده‌كرێت، دڵ (نییه‌ت)، زار
(وشه) و ده‌ست (كردار) بۆیه ئامۆژگارى مانى ئه‌وه‌بوو:(خه‌تا مه‌كه،
وه‌چه مه‌نێوه،ماڵ په‌یدا مه‌كه،مه‌چێنه و مه‌دروێنه‌وه، گۆشت
مه‌خۆ و شه‌رِاب مه‌خۆوه).
سه‌باره‌ت به ئافره‌تیش، له لاى مانه‌وییه‌كان، سه‌رچاوه‌ى فریودانى
پیاوه و ژێده‌رى شه‌هوه‌ته مادیى و جه‌سته‌ییه‌كانه، كه پیاو له
سه‌فاى گیانى بێ به‌هر ده‌كات. به بێ سه‌فاى گیانیش پیاو ناتوانێت
بگاته رووناكى خودایى. ره‌نگه سه‌رچاوه‌ى ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه
بگه‌رِێته‌وه چونكه مانى خۆى هه‌ر له منداڵییه‌وه له سۆزى دایك و
ته‌نانه‌ت سۆزى هه‌ر مێیه‌یه‌ك بێ به‌ش كراوه، به منداڵى له دایكى
دوورخراوه‌ته‌وه. باوكى كه (صابئى) یان له تایه‌فه‌یه‌ك بووه كه
له سابییه‌كان جیابوونه‌ته‌وه، مانى له دایكى دوور خستۆته‌وه.ئه‌و
تایه‌فه‌یه‌ى باوكى مانى باوه‌رِى پێهێناوه، دژى ژن بووه و وه‌ك
رجسێك له كارى شه‌یتان ته‌ماشاى كردووه.بۆیه هه‌موو
پێگكه‌یشتنێكییان به ژن قه‌ده‌غه‌كردووه. هه‌تا رۆڵى دایكایه‌تیشییان
له ژن قه‌ده‌غه‌كردووه.بۆیه له‌ته‌مه‌نى چوار ساڵیدا مانى دوور له
دایكى و ژن ژیاوه، له‌گه‌ڵ تایه‌فه‌كه‌ى باوكى به گۆشه‌گیریى و زوهد
و په‌رستنه‌وه خه‌ریك بووه.دوور له ژیانى خراپه‌ى ژن!
له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه كاریگه‌ریى ئه‌فلاتۆنییه نوێیه‌كان له‌سه‌ر
ئاگۆستین، رۆڵى هه‌بووه له دارِشتنى بیر‌و باوه‌رِه‌كانى دواترى،
چونكه وه‌ك دیاره ئه‌فلاتۆنییه نوێیه‌كان، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له
كۆمه‌ڵێ بیر‌و باوه‌رِ و فه‌لسه‌فه‌ى جیاوازى وه‌سه‌نى و یه‌هودى و
نه‌سرِانى، ئه‌فڵاتونییه نوێیه‌كان، برِوایان وایه خودایه‌ك هه‌یه و
هه‌موو شته‌كان له رووناكى ئه‌ودا سه‌رچاوه ده‌گرن و لێى
جیانابنه‌وه، رووناكییه‌ك له زه‌مه‌نێك و مێژوویه‌كدا دیارى ناكرێت و
به‌هیچ ئیرِاده‌یه‌كیش نابه‌سترێته‌وه و نابرِدرێت.سه‌رچاوه‌ى ئه‌م
رووناكییه كه‌م نابێته‌وه و هه‌میشه به‌ته‌واوى ده‌مێنێته‌وه.ئه‌م
خودایه خێرى ره‌هایه و بڵندترین مه‌بده‌ئى هه‌بوونه، یه‌كه و
ده‌ستنیشانكراو نییه.
كردارى رووناكى دانه‌كه‌ش سه‌ره‌تا له ئه‌قڵه‌وه ده‌ست پێده‌كات،یان
له گیاندا، ئینجا نه‌فس و دواتریش واقعى هه‌ست پێكراو له زه‌مان و
مه‌كاندا. كردارى رووناكیدانه‌كه هاوسه‌نگه و هیچ بۆشاییه‌ك و
كه‌موكورِییه‌ك له گه‌ردووندا دروست ناكات. به‌ڵام ئه‌و
كه‌موكورِییه‌ى یان ئه‌و شه‌رِه‌ى له مرۆڤدا هه‌یه ئه‌وه
سه‌رچاوه‌كه‌ى ده‌گه‌رِێته‌وه بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ى مرۆڤ له چاكه و
خواگه‌ریدا. ئه‌مه‌ش واده‌كات مرۆڤ دواتر به‌ره‌و خودا بگه‌رِێته‌وه.
ناتوانین له رێى ئه‌قڵه‌وه به خواگه‌ریى بگه‌ین، چونكه ئه‌قڵ ئه‌و
توانایه‌ى نییه، به‌ڵام ده‌كرێ له‌رێى مه‌عریفه‌یه‌كى دیكه‌وه
بگه‌ینه‌وه خواگه‌ریى، ئه‌ویش ناكرێت ئه‌گه‌ر بێت و به‌سه‌ر حه‌ز و
ئاره‌زووه مادى و جه‌سته‌ییه‌كانماندا زاڵ نه‌بین.ئینجا له
(الواحد)خودادا فه‌نا ببین، ئه‌م حاڵه‌ته، حاڵه‌تى وه‌جد و نه‌شوه‌یه
كه مرۆڤ ته‌ماهى ده‌كات بیگاتێ.
ئه‌فڵاتونیى نوێ ،دیاره كاریگه‌ریى له‌سه‌ر مه‌سیحیى و ئاگۆستین و
ئیسلام و زانا ئیسلامه‌كانیش هه‌بووه، ره‌نگه له ئیسلامدا
دیارترینییان سوهره‌وه‌ردى بووبێت، كه به حیكمه‌تى ئیشراقه‌كه‌ى
ناسراوه.
ئه‌فلاتونییه‌كان، وێنه‌كانى ئه‌فلاتونییان وه‌رگرت و له‌لایه‌كى
دیكه‌شه‌وه پرسیاره‌كانى ئه‌رستۆ سه‌باره‌ت به مانا گشتییه‌كان و
هه‌بوونى سه‌ربه‌خۆ، له رواقییه‌كانیشدا باڵاكردنى گیان و باڵاكردنى
خولقى، له نه‌سرانییه‌كانیشدا كاریگه‌رییه روحانییه‌كان و
خولقییه‌كان،له بودییه‌وه مه‌سه‌له‌ى پاكژبوونه‌وه و ته‌زكییه و
فه‌نابوون. ئه‌فڵاتونیى له فكرى لاهوتى ئه‌وروپى و سۆفیگه‌ریى و
نه‌سرانى و ئیسلامی‌دا بڵاوبۆوه. ئاگۆستینیش یه‌كێكه له‌وانه‌ى
كه‌وتۆته بن كاریگه‌ریى ئه‌فلاتونییه‌كان.
ئامیلیا راست ده‌كات، به‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى هه‌ڵاتنى ئاگۆستین له
نه‌زعه مادیى و جه‌سته‌ییه‌كان و هه‌ڵاتن له ژن و هاوسه‌ردارییه‌تى
سه‌رچاوه‌كه‌ى ره‌نگه زیاتر بگه‌رِێته‌وه بۆ فكرى مانه‌ویى و
ئه‌فڵاتونییه نوێیه‌كان. نه‌وه‌ك فكرى عیساى مه‌سیحیى. ئه‌مه‌ش جگه
له‌وه‌ى ئاگۆستین خۆى، نه‌زعه‌یه‌كى یاخیبوون و ئیرِاده‌یه‌كى
به‌رِه‌ڵابوون و ده‌ق نه‌گرتنى هه‌بووه.ره‌نگه كاریگه‌ریى باوكیشى
له‌سه‌ره‌تاوه به‌سه‌ره‌وه بووبێت به‌وه‌ى كابرایه‌كى وه‌سه‌نى بووه
و گوێى به مه‌سیحییه‌ت نه‌داوه.
هه‌ر چۆنێك بێت كۆمه‌ڵێك ژێده‌رى فكرى و كۆمه‌ڵایه‌تى و دینى و
سیفه‌ته بۆماوه‌یه‌كانى دایك و باوكیشى كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانى
ئاگۆستین هه‌بووه، كارئه‌كته‌رێكى وایان پێ به‌خشیوه، كه ماوه‌یه‌كى
زۆر زیاتر له سى ساڵ، خه‌ریكى عه‌شق و ئه‌ڤیندارى ئامیلیا و كچانى
دیكه‌ش بێت و منداڵى دروست كردووه، بیرى له ژنهێنان
كردۆته‌وه.سه‌فه‌رى كردووه و گه‌رِاوه و خوێندوویه‌تى و مامۆستا
بووه و بۆته قه‌شه و دواتریش ئه‌و ئاگۆستینه‌ى كاریگه‌رییه‌كى زۆرى
كردۆته سه‌ر بیرى مه‌سیحیى و مرۆڤایه‌تیش.
سه‌باره‌ت به‌و ته‌وه‌ره‌ى لێره‌دا، ئێمه باسى ده‌كه‌ین، كه ئه‌ویش
رۆحى ئاگۆستینه له نێوان ئه‌ڤیندارى ژن و ئه‌ڤیندارى خوادا. دیاره
سه‌رتاى ژیانى ئاگۆستین، وه‌ك له نامه‌كانى ئامیلیادا ده‌رده‌كه‌وێت
عه‌شقێكى گه‌وره و قوڵ موماره‌سه‌ده‌كات، ئامیلیا سه‌رچاوه‌ى حه‌ز و
ویسته جه‌سته‌ییه‌كان و روحییه‌كانى ئاگۆستینه. له‌گه‌ڵ ئامیلیادا،
ئاگۆستین قه‌شه و قه‌دیس نییه، به‌ڵكو (ئۆرِلى چووكه‌له‌ى شۆخ و
شه‌نگه) ل 21 به واته‌ى ئه‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى عاشق و خۆشه‌ویست و
ئه‌ڤینداره، روحى قه‌شه‌ى (هیپۆ) ى نییه، هێشتا تۆبه‌ى نه‌كردووه و
ئه‌ڤیندارى له لا نه‌بۆته گوناهكارى و مایه‌ى نه‌فره‌ت لێ‌كردن. ژنیش
نه‌بۆته سه‌رچاوه‌ى گوناه كردن و فریودانى مرۆڤ، به كورتى ئاگۆستین
له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه‌سێكه باوه‌رِیى به مرۆڤ و جه‌سته و عه‌شق و
ئه‌ڤینداریى و سێكس و خۆشه‌ویستى ژن هه‌یه، و هێشتا نه‌بۆته
مه‌سیحیى، به مه‌سیحیى بوونى ئاگۆستین، ئه‌و به‌هایه مه‌عنه‌ویى و
فكرییه له خۆیه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، كه مرۆڤ به شێوه‌یه‌كى دیكه
ته‌ماشاى ژیان و دنیا و ژن و چه‌مكه‌كانى عه‌شق و ئه‌ڤینداریى بكات،
كه دیاریشه له قسه‌كانى ئامیلیادا، به مه‌سیحیى بوونى ئاگۆستین،
واته دابرِان له كه‌سایه‌تییه عاشقانه‌كه‌ى و په‌رِینه‌وه بۆ شێوه
و ناوه‌رِۆكێكى دیكه‌ى ئاگۆستین، ئاگۆستینێكى مه‌سیحیى و هه‌ڵگرى
كۆمه‌ڵێ مانا و به‌هاى مه‌عنه‌وى و روحى تر، كه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیى
پێشووى ئاگۆستیندا دژ و به‌ره‌واژییه، ئه‌مه‌ش تۆرانى عه‌شق و
مه‌سیحییه‌تمان نیشان ده‌دات.
لێ هه‌ر لێره‌دا نابێت ئه‌وه له بیر بكه‌ین، كه ئامیلیا خۆیشى
مه‌سیحییه و په‌یوه‌ندى به ده‌سته‌ى كه‌نیسه‌یى كردووه و بۆته
شاگردى قوتابخانه‌ى مه‌سیحى. لێ وه‌ك خۆى ده‌ڵێت : ( ئه‌مما ئۆرل،
قه‌تاوقه‌ت رێگه‌یان پێناده‌م ته‌عمیدم بكه‌ن.) ئه‌گه‌رچى هۆكارى
ئه‌وه‌شمان بۆ روون ناكاته‌وه بۆ لێناگه‌رِێ ته‌عمیدى بكه‌ن؟ به‌ڵام
ئه‌وه له‌وه ناگۆرِێت بێ ته‌عمید كردنیش ئامیلیا له ده‌سته‌ى
كه‌نیسه‌یه و شاگردى قوتابخانه‌ى مه‌سیحه. كه‌واته لێره‌دا ئێمه
دوو كه‌سایه‌تى مه‌سیحیمان هه‌ن، یه‌كه‌میان ئاگۆستین كه عه‌شق و
مه‌سیحیى لێك ده‌تۆرێنێ، ئامیلیاش ده‌یوێت عه‌شق و مه‌سیحییه‌ت ئاشت
بكاته‌وه، واته دوو فۆرِمى مه‌سیحییه‌تمان هه‌یه. دوو فۆرِمى جودا،
دوو بیركردنه‌وه و روانینه جیاواز بۆ خۆشه‌ویستى و ئه‌ڤینداریى،
دواتریش ئه‌و دوو فۆرِمه دوو وێنه‌ى جیاواز بۆ خودا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن،
دوو باوه‌رِى جیاوازیش بۆ برِوابوون و نه‌بوون به شێوه خوایه‌ك.
لێ پێش ئه‌وه، پێش عه‌شق و مه‌سیحییه‌ت، پێش وێنه‌كانى خوا، با
بگه‌رِیێنه‌وه سه‌ر ئه‌سڵى ئه‌و ته‌وه‌ره، كه ئه‌ویش روحى
ئاگۆستینه له نێوان خودا و ژن‌دا.
ئامیلیا كه ماوه‌ى پازده ساڵ له‌گه‌ڵ ئاگۆستین ئه‌ڤیندارى ده‌كات و
كورِێكیشییان ده‌بێت، له زۆر شویچندا له نامه‌كه‌یدا ئاماژه بۆ
ئه‌وه ده‌كات، كه ئه‌و و ئاگۆستین چه‌ند یه‌كتریان خۆشویستوه، وه‌لێ
ئامیلیا له زۆر شوێندا ئه‌و ئه‌ڤینه وه‌ك وزه‌یه‌كى كۆنترِۆلكه‌رى
ئاگۆستین وه‌سف ده‌كات، به‌وه‌ى ئامیلیا سه‌رچاوه‌ى ئازادى و
ئه‌ڤینداریى (راستى و واقیعییه‌ت و هه‌قیقه‌تى ) ئاگۆستینى مرۆڤ بووه.
له‌م رسته و په‌ره‌گرافانه‌ى خواره‌وه‌دا، ئامیلیا باس له هێز و
وزه‌ى خۆى ده‌كات له‌و عه‌شقه‌دا.
بۆ نموونه با سه‌رنجى ئه‌و ده‌سته‌واژانه بده‌ین:
(
من به توندى دڵم له گرۆى ئه‌ودا بوو، هه‌لا هه‌لا كرا‌و برینێكى
خوێناوى لێهات،) ل 22مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه ئاگۆستین به توندى دڵى
له گرۆى ئامیلیادا بووه.
(مه‌گه‌ر تۆ نه‌بووى تكات لێكردم په‌یمانێكى وه‌هات پێبده‌م؟)ل 22
(گوتت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له خۆمت جوێ ده‌كه‌مه‌وه چونكه بێ سنوور
خۆشمده‌وێى.)ل 23
(ئه‌و روحه‌ى سه‌رده‌مانێ له ئامێزى مندا ئارامى گرتبوو. تا ئه‌و
ده‌مه‌ش كه منت هه‌بووم هه‌رگیز حه‌زت له هاوسه‌ردارى نه‌ده‌كرد) ل
25
(خۆتت نه‌دابووه ده‌ستى من؟) ل 27
(رۆژگارێ هاوجێگاى مه‌ست و سه‌رخۆشى من بوویت)ل 33
(ئه‌و رۆژه‌ت له بیره كه پێكه‌وه له‌سه‌ر پردى رووبار‌ى (ئارنۆ)
پیاسه‌مان ده‌كرد؟ له كاتى رۆیشتندا له پرِ وه‌ستایت چونكه حه‌زت
له‌وه‌بوو بۆن به پرچمه‌وه بكه‌یت.بۆچى حه‌زت له‌وه بوو، ئۆرل؟ ئایا
ئه‌وه هاوارێكى جه‌سته‌یى بوو جارێكى دى خۆى به‌رجه‌سته كردبۆوه؟
له‌و برِوایه‌دا نیم، نه‌خێر، برِوام وایه ئه‌تۆ سه‌رده‌مانێ ماناى
واقیعییانه‌ى ئه‌ڤینت ده‌زانى، وه‌لێ به‌داخه‌وه (ئێستاكێ) له‌بیرت
چۆته‌وه) ل 35
(تۆیه‌ك كه ئه‌سپه بچكۆڵه‌كه‌ى من بویت) ل 37
(تۆیه‌ك كه هاوجێگاى من بوویت) ل 38
(سه‌رنجى تۆم راكێشا) ل 40
(ئایا من جگه له جه‌سته‌ى ئافره‌تێ شتێكى تر نه‌بووم بۆ تۆ؟ بۆخۆت
ده‌زانیت كه ئه‌مه راست نییه. چۆن ده‌توانى له نێوان جه‌سته و
رۆحدا جیاوازى بكه‌یت. ئایا ئه‌مه به ده‌ستێوه‌ردان له‌كارى یه‌زدان
ناژمێردرێ؟ ئۆف، به‌ڵێ پڵنگه سپڵه‌كه‌م، بێگومان وا ده‌ژمێردرێ. ئه‌و
ده‌مه‌ى جه‌سته‌ى من له نێوان په‌نجه‌كانتا بوو به‌دووى رۆحمدا
ده‌گه‌رِایت) ل 45
(هه‌ر به‌و جۆره‌ى رۆح و جه‌سته‌ى خۆت به من به‌خشى، منیش ئاوا رۆح و
جه‌سته‌ى خۆم له‌سه‌ر تۆ وه‌قف كرد)ل 47
(چۆن له چنینى من چێژت وه‌رده‌گرت؟ چۆن بۆنى منت به كه‌پووى گیان
هه‌ڵده‌مژى؟ و خۆراكت له بوونى من وه‌رده‌گرت؟) ل 48
(داوات لێكردم رێگه‌ت پێبده‌م بۆن به مووه‌كانمه‌وه بكه‌ى)ل 51
(من ته‌نیا مایه‌ى سه‌بووریت بووم) ل 53
(
فه‌خرت ده‌فرۆشت و له خۆبایى وه‌ك داگیركه‌رێ به‌وه‌ى منت له كه‌نارا
بووم، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى منت هه‌ڵبژاردبوو، به‌ڵكو زیاتر به‌و
هۆیه‌وه من ئه‌تۆم هه‌ڵبژاردبوو) ل 57
(وه‌ك ئه‌وه‌ى بته‌وێ سه‌راپاى بوونم هه‌ڵمژیته ناو خۆته‌وه) ل 58
(به برِواى من ئه‌وه‌ى تۆ كردت، ده‌ربرِینێكى قووڵ بوو بۆ قه‌بوڵكردنى
ئه‌و راستییه‌ى كه من ئافره‌تى ناو ژیانى تۆم)ل 59
له‌م ده‌سته‌واژه و په‌یڤانه‌دا، ئه‌وه روونه كه ئامیلیا
له‌وسه‌رده‌مدا، كه دواى ده ساڵ، به‌بیرى ئاگۆستینى دێنێته‌وه، كه
ئه‌و هێز و وزه‌یه‌كى ئه‌وینداریى له بن نه‌هاتوو بووه بۆ ئاگۆستین،
ئاگۆستین له رێى هه‌سته‌كانییه‌وه، دیتن و بۆن كردن و گرتن و پیاسه
كردن و سێكس و پێكه‌وه بوون و منداڵ دروست كردن‌دا. خاوه‌نى ژیانێكى
واقیعییانه و راستییه‌ك بووه، ئاگۆستین له راستى و واقعییه‌تێكدا
ژیاوه كه به هه‌موو هه‌سته‌كانییه‌وه موماره‌سه‌ى كردووه، ئه‌مه‌ش
له لاى ئامیلییاوه به‌ها و ماناى هه‌قیقى و واقیعى ئه‌و ژیانه
كورته‌یه كه ئه‌وانى تێدا ده‌ژین. به‌ڵام له‌لایه‌كى دیكه‌وه،
دانپێدانانه‌كانى ئاگۆستین، دێن و واقیعییه‌تێك و راستییه‌كى دیكه به
ئاگۆستین ده‌به‌خشن، كه ئه‌ویش ئه‌و هه‌موو ئه‌ڤینداریى و
خۆشه‌ویستییه‌ى ئامیلیا به راستى و واقیعییه‌تى ده‌بینێت، ئه‌وه له
لاى ئاگۆستین ده‌بێته گوناهكارى و مه‌یله پیسه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤ و
مه‌یله نه‌فسانییه سووك و بێ كه‌ڵكه‌كان، كه مرۆڤ به‌ره‌و زه‌ڵكاوى
تاوان و دووركه‌وتنه‌وه له خوداى ده‌به‌ن. یه‌ك واقیع و موماره‌سه‌ى
یه‌ك رووداو ده‌بێته دوو فۆرِمى جیاوازى ژیان كردن و تێگه‌یشتن. له
لاى ئامیلیاوه خۆشه‌ویستى مرۆڤ هه‌قیقه‌تێكه و راستییه‌كه، له لاى
ئاگۆستینیش تاوان وخه‌تایه‌و پێویستى به پاكبوونه‌وه و تۆبه‌كردن
هه‌یه.
تێگه‌یشتنه‌كانیش ته‌نیا له پاكبوونه‌وه له گوناه و تۆبه‌كردن
ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌په‌رِێته‌وه بۆ سه‌ر مانا‌و به‌ها به‌خشینه‌وه
به چه‌مك و رووداوه‌كان و مرۆڤه‌كانیش، چونكه تێگه‌یشتنه‌كانى
ئاگۆستین دواى تۆبه‌كردن له‌مه‌رِ (جه‌سته، ژن، مه‌یله
نه‌فسانییه‌كان، بۆن كردن، گوڵ و سرووشت، جوانى، منداڵ و مردن،
ته‌عمیدكردن، رێوره‌سمه‌كانى مه‌سیحییى، ئه‌ركه‌كانى تاكى مه‌سیحیى،
عه‌شق، هاوسه‌ردارییه‌تى و ژیان كردن به گشتى ) ده‌گۆرِێن و به‌ها و
ماناى نوێ وه‌رده‌گرن، سه‌ره‌تاى ئه‌و مانا و به‌هایانه له لاى
ئاگۆستینه‌وه، له‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن، كه: ( یه‌زدان له سه‌رووى
هه‌موو شتێكه‌وه‌یه خوازیارى ژیانێكى پاكژانه‌یه بۆ من)ل 24
به‌و واته‌یه‌ى پێش تۆبه‌كردن، ژیان كردن بریتى بووه له چڵك و پیسى،
لێ له لاى ئامیلیاوه، ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ى تۆبه‌كردنى ئاگۆستین لاى
ئه‌و ده‌بێته خیانه‌ت كردن : (ئایا خیانه‌تى له‌وه گه‌وه‌ره‌تر
هه‌یه مرۆ له پێناوى رزگاركردنى رۆحى خۆیدا خۆشه‌ویسته‌كه‌ى وێڵ
بكات؟) ل 24
ئیدى لێره‌وه وه‌ك نموونه ده‌بینین، له لاى ئاگۆستین و ئامیلیاوه،
تێگه‌یشتنه‌كان به‌ره‌و دوو ئاراسته‌ى دژ به‌یه‌ك ده‌رِۆن، ئاگۆستین
برِوا به‌وه ده‌هێنێت، یه‌زدان له‌سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌یه،
له‌سه‌رووى مرۆڤه‌كان، له‌وانه‌ش له‌سه‌رووى ئامیلیاوه، و باوه‌رِ
ده‌كات به‌وه‌ى پشت كردنه عه‌شقى ئامیلیا پاكژبوونه‌وه و گه‌یشتنه
به خاوێنى و ژیانێكى پاك، كه یه‌زدان خوازیارییه‌تى بۆ ئه‌و، لێ له
لاى ئامیلیاوه ئه‌م هه‌ڵگه‌رِانه‌وه‌یه له عه‌شق و خوازیارى
پاكژبوونه‌وه، گه‌وره‌ترین خیانه‌ته. هه‌ردووكیشیان، چ ئامیلیا و چ
ئاگۆستین، تێگه‌یشتنه‌كانییان وه‌ك راستى و واقیعییه‌ت و هه‌قیقه‌ت
پێشبه‌ر ده‌كه‌ن،هه‌ردووكیشیان راستى و هه‌قیقه‌تى ئه‌ویدیكه ره‌ت
ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نیا برِوایان به هه‌قیقه‌تى خۆیان هه‌یه و ئه‌وه‌ى
تر به تاوان و گوناه و خیانه‌ت ده‌زانن.
ئیدى بۆ ئه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه لێره‌دا زۆر درێژنه‌كه‌مه‌وه، خوێنه‌ر
ده‌توانێت بگه‌رِێته‌وه سه‌ر رۆمانه‌كه و به‌ده‌یان نموونه له‌و
تێگه‌یشتنه جیاوازانه ببینێته‌وه، كه له نێوان ئامیلیا و
ئاگۆستیندا دروست بوون، دواى تۆبه‌كردنى ئاگۆستین و جیابوونه‌وه‌ى له
ئامیلیا.
پنتى سه‌ره‌كى له‌م جیاوازییانه‌دا ئه‌وه‌یه، كه هه‌ردوو كه‌سایه‌تى
ره‌سمى شێوازێك بۆ روح ده‌كات، تا خۆشه‌ویستى پێ بكات، ئاگۆستین له
رێى رزگاربوونى روحه‌وه پێى ده‌گات، ئامیلیاش پێى وایه روح له رێى
عه‌شقى ئینسانێكى دیكه‌وه رزگار ده‌بێت.ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ى ئاگۆستین
ده‌یكات فریو خواردن و گه‌مژه‌یى و هه‌ڵه‌یه.لێ هه‌ردووكیشییان ئه‌وه
ده‌دركێنن، كه هه‌ردووكیان عه‌وداڵى راستین نه‌وه‌ك شتێكى تر.
روح له نێوان راستى خودا و راستى مرۆڤ ده‌بێته دوو به‌ش، یان دوو
راستى، كه یه‌كیان ئاماده‌نییه ئه‌ویدیكه قه‌بوڵ بكات.
له‌و ساته‌دا كه له‌لایه‌ك خودا ده‌بێته راستى و پێویسته روح
ئاراسته‌ى ئه‌و بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئازاد بێت، له‌ولاتریشه‌وه كه مرۆڤ
ده‌بێته راستى و پێویسته روح ئاراسته‌ى ئه‌و بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئازاد
بێت. له‌هه‌ردوو بارى فه‌نده‌مێنتالدا، مانا و به‌هاى ئازادى روح له
به‌ین ده‌چێت، چونكه هیچ كامێكییان ناتوانێت ئه‌رگومێنتێكى وه‌ها به
لایه‌نى دیكه ببه‌خشێت بۆ ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتنه‌كه‌ى خۆى به‌سه‌ردا
بسه‌پێنێت. ئێمه‌ش لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌ر، كه هه‌ست ده‌كه‌ین گۆرده‌ر
ده‌یه‌وێت ئه‌رگۆمێنته‌كانى ئامیلیامان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت،بۆ ئه‌وه‌ى
ئێمه و ئاگۆستینیش قه‌ناعه‌ت به‌و ئه‌رگۆمێنت و تێگه‌یشتنانه‌ى
ئامیلیا بكه‌ین، بۆیه من لێره‌دا ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌م: ( ئایا
گۆرده‌ر پێى وایه ئێمه هه‌موومان ئاگۆستینین؟!) ئه‌گه‌ر پێى وانه‌بێت
ئێمه هه‌موومان وه‌ك ئاگۆستین بیر ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ده‌یه‌وێت
گووتارێكى وامان ئاراسته بكات؟ بۆ دواى ئه‌و هه‌موو زه‌مه‌نه نزیكه‌ى
1600 ساڵ دێت و ئاگۆستین له‌و رۆمانه‌دا ریسوا ده‌كات، یان هه‌ر چ
نه‌بێت دادگه‌یى ده‌كات و برِیارێكى توندى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت و
تۆڵه‌ى ئامیلیاى لێده‌كاته‌وه؟! ئایا ئه‌مه نامه‌یه‌كى گۆرده‌ره بۆ
فكرى مه‌سیحى به گشتى و كه‌نیسه‌و قه‌دیسه‌كان به‌تایبه‌تى؟! بۆ
ئه‌وه‌ى له ئه‌ده‌بدا تۆڵه‌ى ئه‌و بیروبۆچوونانه بكاته‌وه كه
هاوكاربوون له دروستكردنى بیر‌و باوه‌رِو بۆچوونه‌كانى قه‌شه
ئاگۆستین؟ و دواتریش بیروباوه‌رِه‌كانى ئه‌و هاوكاربوون بۆ دروستكردنى
چه‌ندین وه‌چه‌ى مه‌سیحى كه له رێى خوداوه روحى خۆیان ئازاد بكه‌ن؟
كه‌واته گۆرده‌ر ده‌یه‌وێت مرۆڤ له مرۆڤ نزیك بێته‌وه و له‌و
رێیه‌وه خۆى ئازاد بكات؟ له رێى ژیاندا، نه‌وه‌ك ئاسماندا؟
لێ له نێوان ژیان و ئاسماندا ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌هه‌یه به چى پرِ
بكه‌ینه‌وه، روح له نێوان خودا و مرۆڤدا به‌چى بگات؟ ده‌ست به
چییه‌وه بگرێت؟
(ئۆرِڵ ئێمه مرۆین، پێویسته یه‌كه‌مجار بژین و دواى ئه‌وه، به‌ڵێ
ئه‌و كاته ده‌توانین بفه‌لسه‌فێنین) ل 44
به‌ڵام ئه‌مه‌ش چاره‌ى ئه‌و مه‌ودایه ناكات كه له نێوان روحه‌كان
خۆیان و له‌نێوان روحه‌كان و خودا هه‌یه، سه‌ره‌تا ئامیلیا و ئاگۆستین
ژیان، پازده ساڵ عه‌شق و ئه‌ڤین و سێكس و پیاسه و ژیانیان كرد، لێ
دواى ئه‌وه كه فه‌لسه‌فاندییان چى روویدا؟ ئاگۆستین كه‌وته باوه‌شى
خودا‌و كه‌نیسه‌وه. ئامیلیاش باوه‌شى ته‌نیایى و دواییش هه‌روه‌ك
ئاگۆستین خۆى له باوه‌شى كه‌نیسه‌دا دیته‌وه.
لێره‌دا پێموایه یه‌كێك له كێشه‌كانى گۆرده‌ر و ئه‌و رۆمانه
له‌وه‌دایه، كه به شێویه‌كى گشتى ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌ك له
شێوه‌كان، مه‌وداى نێوان عه‌شق و دین كه‌م بكاته‌وه، یان راستتر بڵێم
ئاشتییان بكاته‌وه، گۆرده‌ر به به‌لاش ئه‌و شته ناكات، ئه‌و كه
ئاگادارى فه‌لسه‌فه و سۆفیزم و مێژووى دوورودرێژى دین و خودایه، بێ
مه‌به‌ست نیه ئه‌و رۆمانه به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵكو من واى
ده‌خوێنمه‌وه كه هه‌وڵێكى جدییه بۆ ئه‌وه‌ى پێمان بڵێت له ژێر
سێبه‌رى كه‌نیسه‌شدا ئێمه ده‌توانین عاشق ببین و ئه‌ڤینداریى بكه‌ین.
ده‌توانین عاشق ببین بێ ئه‌وه‌ى روحى خۆمان بفرۆشینه یه‌زدان.
ده‌توانین ماڵ و مناڵ و هاوسه‌رگیریى دروست بكه‌ین و خودا په‌رستیش
بین، ده‌توانین برِوامان به‌خوداش هه‌بێت و برِواشمان به ژن و هێز و
وزه و ئه‌ڤینداریى مرۆڤیشه‌وه هه‌بێت.
به‌ڵام به‌رِاست ده‌كرێت له بن سێبه‌رى دینه‌كاندا ئه‌ڤینداریى
بكه‌ین؟!یان راشكاوانه‌تر له بن سێبه‌ریى خوادا و به‌ربه‌رچاوى ئه‌ودا
عه‌شق بكه‌ین؟!
وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره بۆ به‌شێكى دیكه‌ى ئه‌م نووسینه به‌جێدێڵم كاتێ
دیێنه سه‌ر وێنه‌كانى خوا له‌و رۆمانه‌دا.
به‌ڵام لێره‌دا پێویسته وه‌ڵامێكى ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه: (ئایا
دین و عه‌شق به‌یه‌كه‌وه ئاشت ده‌بنه‌وه؟)
مه‌سیحییه‌تیش وه‌ك مانه‌وییه‌كان و وه‌ك ئیسلام، كۆت و به‌ندى زۆرى بۆ
جه‌سته و مه‌یله نه‌فسانییه‌كان و جه‌سته‌ییه‌كان داناوه،
مه‌سیحییه‌تیش كۆتى زۆرى بۆ ئازادى ژن و ئه‌ڤینداریى و عه‌شق و
هه‌وه‌سبازیدا داناوه، بۆیه‌شه به شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌میشه
مه‌سافه‌یه‌ك و بۆشاییه‌ك له نێوان دین و عه‌شقدا هه‌بووه، دینه‌كان
هه‌میشه شه‌ریعه‌تێكییان بووه، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان ژن و
پیاو، له چوارچێوه‌یه‌كى یه‌زدانى و قانونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و
ئابووریدا رێك بخات، له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌سه‌ڵاتى پیاو له‌سه‌ر ژن‌دا
سه‌پێنراوه و به‌ده‌یان شێوه‌ى راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ، نێره‌كان زاڵ
بوونه به‌سه‌ر مێیه‌كاندا.له‌شى ژنیش زۆرجار وه‌ك جه‌سته‌یه‌كى
فریوده‌رى پیاوه و دووركه‌وتنه‌وه‌ى له خودا و له پاكى و له سه‌فاى
ده‌روونى و ره‌وانى وه‌سف كراوه. ژن سه‌رچاوه‌ى پیسى و گوناه و
خه‌تاكردنى پیاو بووه. جه‌سته‌ش به شێوه‌ى جۆراوجۆر مه‌ڵبه‌ندى
خه‌تاو تاوان و گوناه بووه.
به‌وه‌ى جه‌سته‌ش به‌شێكى بنه‌رِه‌تییه له كردارى خۆشه‌ویستیدا، دین
نه‌یتوانیوه جه‌سته‌ى ژن و پیاوه‌كان ئازاد بكات، جه‌سته هه‌میشه
به شه‌یتان و به فریوده‌رى مرۆڤ ناسێنراوه، جه‌سته جێگه‌ى
پۆخله‌وات و كانگاى پیسبوونى رۆح بووه، جه‌سته روح پیس ده‌كات و
ناهێڵێت روح ئازاد ببێت، ئازادبوونى روح په‌یوه‌ست بووه به
ئازادبوونى مرۆڤ له جه‌سته و حه‌زه جه‌سته‌ییه‌كانى خۆیدا. دینه‌كان
به شێوه‌یه‌كى گشتى نه‌فره‌تیان له جه‌سته كردووه و ستایشى روحیان
كردووه، هانى گیانیان داوه بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر جه‌سته‌دا زاڵ بێت و
له رێى زوهد و سێكس نه‌كردن و ره‌به‌نى و شاردنه‌وه‌ى له‌ش و داپۆشینى
و ده‌رنه‌خستنى به‌شه‌كانى له‌ش و خه‌ساندن و چه‌پاندنى حه‌زه‌كاندا،
مرۆڤ جه‌سته‌ى خۆى ده‌سته‌مۆى روحى بكات. ئه‌وكاته پیاو ده‌توانێت
روحى خۆى ئازاد بكات و خۆى باوێته باوه‌شى خودا و بگاته به‌هه‌شت.
پاكبوونه‌وه‌ى جه‌سته له گوناه و تاوان، رێگه‌یه‌كه بۆ گه‌یشتن به
رووناكى و فه‌یزى خودا. گه‌یشتن به فه‌یزى خودا پێویستى به ره‌وانێكى
پاك و بێگه‌رد هه‌یه، دووركه‌وتنه‌وه له ژن، یه‌كێكه له‌و بنه‌ما
سه‌ره‌كییانه‌ى پیاو ده‌گه‌یه‌نێته سه‌فایه‌كى روحى و دواتریش به
فه‌یزى خودا.بۆیه ئه‌وه‌ى عاشقى خودا بێت ده‌بێت نه‌فره‌ت له جه‌سته
و جوانییه‌كانى بكات، نه‌فره‌ت له ژن و شه‌هوه‌ت و سێكس بكات. ده‌بێت
جه‌سته‌ى خۆى له‌و خۆشه‌ویستییه‌دا فه‌نا بكات، كه خودا خوازیارییه‌تى
بۆ ئه‌و. نه‌وه‌ك ئه‌و حه‌ز و عه‌شق و ئه‌ڤیندارییه‌ى شه‌یتان له
شێوه‌ى ژن‌دا بۆى ده‌خوازێ.
ئاگۆستینیش وه‌ك كه‌سێك كه عه‌وداڵى راستى ده‌بێت، راستیش خۆشه‌ویستى
خوایه، رزگاربوونى روحى خۆیه‌تى له جه‌سته و له ئامیلیا و له حه‌ز
و ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌كان، پێویست به‌وه ده‌كات بگاته ئه‌و
ئیراده‌یه‌ى كه ئه‌و هێزه‌ى پێ ببه‌خشێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ده‌ست له
جه‌سته و ژن و ئامیلیا و حه‌زه مادییه‌كانى ژیان هه‌ڵبگرێت و به‌ره‌و
یه‌زدانى خۆى به ئیرِاده‌یه‌كى پاك و بێگه‌رد پێ هه‌ڵبرِێت.
له لایه‌كى دیكه‌وه، ئامیلیا، ئه‌ویش خوا وه‌ك راستییه‌ك ده‌بینێت،
به‌ڵام پێى وانیه خودا به‌و وێنه‌یه بێت، كه داوا له به‌نده‌كانى
خۆى بكات واز له عه‌شقى ژن و وێڵبوونى ژن بكات. لێره‌دا كه
ده‌گه‌ینه به‌رده‌م وێنه‌كانى خودا له نێوان ئاگۆستین و ئامیلیادا،
یان راستتر له نێوان ئاگۆستین و گۆرده‌ردا، ئه‌وه گۆرده‌ر وه‌ك نیچه
خوا ناكوژێت، به‌ڵكو خودا وه‌ك خۆى به ده‌سه‌ڵات و هه‌یبه‌ت و ویقارى
خۆى ده‌هێڵێته‌وه، به‌ڵام فۆرِمێكى میهره‌بان و خۆشه‌ویستیى مرۆڤى
پێده‌به‌خشێت.
ئایا گۆرده‌ر بۆ ئه‌و فۆرِمه به خوا ده‌به‌خشێت؟ راڤه‌ى من ،
ئه‌وه‌یه كه گۆرده‌ر پێمان بڵێت: ده‌كرێت له بن سێبه‌رى دینى
مه‌سیحیدا، هه‌م خۆشه‌ویستى خودا و هه‌م خۆشه‌ویستى ژنیش ببه‌ینه‌وه.
یان به شێوه‌یه‌كى گشتی‌تر ده‌كرێت روح هه‌م خۆشه‌ویستى خوا بێت و
هه‌میش ئه‌ڤینداریى له‌گه‌ڵ مرۆڤدا بكات.ئه‌مه‌ش تێگه‌یشتنێكه كه
ره‌نگه لگه‌ڵ زۆرێك له ئێمه‌دا ته‌با بێت و له‌گه‌ڵ زۆرانێكیش دژ
بێت. دواتر ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه عه‌شق چ عه‌شقى خودا،
چ عه‌شقى مرۆڤ، ئه‌زموونێكى فه‌ردییه و كه‌س ناتوانێت، ته‌نزیر بۆ
عه‌شقێكى ره‌ها و گشتگیر بكات، به‌وه‌ى له بن سێبه‌رى دیندا هه‌موومان
ده‌توانین عاشقى ژن و جه‌سته و حه‌ز و مه‌یله نه‌فسانییه‌كان و چێژ و
له‌زه‌ت بین، یان نا. با ئه‌و ته‌نزیره هى گۆرده‌ریش بێت. وه‌ك چۆن
ناكرێت باوه‌رِ به‌و ته‌نزیره‌ش بێنین به‌وه‌ى عه‌شقى خودایى پێویستى
به پاكبوونه‌وه‌ى جه‌سته و دووركه‌وتنه‌وه له ژن و حه‌زه
جه‌سته‌یى و مادییه‌كان هه‌یه، با ئه‌و ته‌نزیره هى ئاگۆستینیش بێت.
من پێموایه تا ئێره،گۆرده‌ر نه‌یتوانیوه له ره‌گه‌وه ده‌ستكارى
دین و مه‌سیحییه‌ت بكات، چونكه كۆمه‌ڵێ چه‌مك كه له سه‌ر زارى
ئامیلیاوه ده‌رده‌برِێ، به زۆر شێوه سه‌رچاوه‌كه‌ى دیسان هه‌ر دین و
هه‌ر مه‌سیحییه‌ته. تاوانباركردنى ئاگۆستین به (خیانه‌ت كردن و
گه‌مژه‌یى و فریودان و هه‌ڵپه‌رستى و درۆكردن و هتد...) كۆمه‌ڵێ
ده‌سته‌واژه‌ن، ژێده‌رییان فكرى دینى و مۆدیله‌كانى هزرى دینییه،
گۆرده‌ر دین ده‌هێڵێته‌وه، مه‌سیحییه‌ت نه‌مر ده‌كات، خوا ناكوژێت،
چه‌مكه‌كانى خیانه‌ت و فریوخواردن و هه‌ڵپه‌رستى و عه‌شق و جه‌سته
ته‌فروتونا ناكات، به‌ڵكو ته‌نیا له كۆرِنه‌یه‌كى دیكه‌دا
ده‌یانخوێنێته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه دیسان ده‌مانباته‌وه سه‌ر
هه‌مان ژێده‌ر و هه‌مان ئه‌نجام، ئامیلیا پێى وایه ئه‌گه‌ر ئاگۆستین
برِواى وایه دواى تۆبه‌كردنى ده‌چێته به‌هه‌شت، ئه‌وه ئه‌و له خودا
ده‌پارِێته‌وه كه بیبه‌خشێ، واته هه‌ردووكیان له دوو بارى
جیاوازدا، یه‌كه‌میان له‌بارى تۆبه‌كردندا ده‌چێته به‌هه‌شت و ناچێته
دۆزه‌خ،ئامیلیاش پێى وایه له‌بارى عه‌شقدا ده‌كرا ئاگۆستین بچێته
به‌هه‌شت و دواى تۆبه‌كردنیش ئه‌وه خه‌تاى كردووه و له خوا
ده‌پارِێته‌وه بیبه‌خشێت. به‌و واته‌یه‌ى هه‌ردووكیان، ئاگۆستین و
فلۆریا، برِوایان یه‌كه به‌وه‌ى خودایه‌ك هه‌یه، مرۆڤه‌كان ده‌باته
به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى ئاگۆستین یان
ئامیلیا پێى وایه راستییه و واقیعییه‌ته. كه‌واته هه‌ردووكیان
خاوه‌ن راستییه‌ك و واقیعییه‌تێكن، كه سه‌رچاوه‌كه‌ى خودا و
مه‌سیحییه‌ته. ئاگۆستین چ بچێته به‌هه‌شت و چ بچێته جه‌هه‌نه‌م،
ئه‌وه خودایه ده‌ینێرێته ئه‌وێ. نه‌وه‌ك عه‌شق یان ئه‌ڤینداریى.
وه‌ك چۆن ئاگۆستین چاوه‌رِێى به‌هه‌شته بۆ خۆى و چاوه‌رِێى دۆزه‌خیشه
بۆ ئامیلیا، ئامیلیاش هه‌روه‌ك ئه‌و چاوه‌رِێى به‌هه‌شته بۆ خۆى و
چاوه‌رِێى ئه‌وه‌شه، ئه‌گه‌ر خودا ئاگۆستین نه‌به‌خشێت، ئه‌وه جێگه‌ى
دۆزه‌خ ده‌بێت.
وێنه‌كانى خودا
له‌م
رۆمانه‌دا، خودا دوو وێنه‌ى هه‌یه، وێنه‌ى ئاگۆستین بۆ خودا و وێنه‌ى
ئامیلیا فلۆریا بۆخودا. وێنه‌ى ئاگۆستین بۆ خودا، وێنه‌یه‌كه كه خودا
مرۆڤه‌كان له (پێویستییه جه‌سته‌ییه‌كان) دوور ده‌خاته‌وه،
خودایه‌كه، پێمان ده‌ڵێت: له مه‌یله نه‌فسانییه‌كان و چێژى جه‌سته
و له‌ش په‌رستییه‌وه دوور بكه‌وینه‌وه.ده‌بێت مرۆڤ جیاوازیى له
نێوان (ئه‌ڤینى پاكژ ) و (ئاره‌زووى ناپاكدا) بكات.و مرۆڤ خۆى نه‌خاته
ناو لافاوى گه‌وره‌ى خه‌سله‌ته دزێو و ناپه‌سه‌نده‌كانه‌وه.ئه‌وه‌ش
به خۆپارێزیى و داوێنپاكییه‌وه ده‌كرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ره‌نگه
باشتر بێت مرۆڤ خۆى بخه‌سێنێت. ( چاتر بوو له لاوێتیدا و له پێناوى
مه‌له‌كووتى باڵادا خۆمم خه‌ساندبا) ل 37 چونكه ئاگۆستین پێى وایه،
ئه‌ندامه جنسییه‌كانى له‌شى مرۆڤ كه‌متر یه‌زدانین له به‌شه‌كانى
دیكه‌ى له‌ش.دوور كه‌وتنه‌وه له چێژه جه‌سته‌ییه‌كان رێگه‌ى ئامێزى
خودا كورت ده‌كاته‌وه، چونكه جه‌سته‌ى مرۆڤ له هزرى ئاگۆستیندا،
مرۆڤ سه‌رگه‌ردان ده‌كات. ( ئه‌و كاتانه‌ى ده‌متوانى ببمه خاوه‌نى
جه‌سته‌ى مه‌عشوق و هه‌ر ئا به‌و جۆره‌ش بوو كه كانییه قووڵه‌كانى
هاورِێیه‌تیم به‌هۆى ئاره‌زووه شه‌هوانییه‌كانه‌وه شێلو كردن و
دره‌وشانه‌وه شووشه‌ییه‌كه‌یان به‌هۆى وه‌سواسه دۆزه‌خییه‌كانه‌وه
تاریك بوو) ل 43
خوداى
ئاگۆستین، له رێى جه‌سته‌وه نابینرێت، به‌ڵكو ئه‌و خودایه به نیگاى
گیان له شێوه‌ى رووناكیدا به‌ده‌یده‌كرێت.
ئه‌ڤینى جه‌سته‌یى و هاورِێیه‌تى ژن، رووچوونه به قوڵایى زه‌ڵكاودا،
ته‌نیا خودا ده‌توانێ دڵى مرۆڤ بكاته‌وه و دڵى پیاو له روحى حه‌وادا
بستێنێته‌وه. خوداى ئاگۆستین داواى داوێنپاكیى له مرۆڤ ده‌كات بۆ
ئه‌وه‌ى په‌رده‌یه‌ك له نێوان خۆى و عه‌شقى ژن‌دا دروست بكات. بۆ
ئه‌وه‌ى له ژن‌دا دوور بكه‌وێته‌وه.
خوداى
ئاگۆستین له نێوانى دوو جه‌سته‌دا وه‌ك رووبارێك وایه، كه برِیارى
به‌ستنه‌وه‌ى هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ى رووباره‌كه‌ى له‌ده‌ستدایه و له
یه‌كدییان جودا ده‌كاته‌وه. دواتریش له پاش مه‌رگدا رۆحى مرۆ درێژه
به ژیان ده‌دا و خودا سزایه‌كى له پاداشتى كاره‌كانى ده‌داتێ.
خوداى
ئاگۆستین، تاكه رێگه‌یه بۆ هێوریى گیان.هه‌ر ئه‌ویش ده‌توانێت
گوناهه‌كانى مرۆڤ وه‌رگێرِێته سه‌ر شتى قه‌شه‌نگ و جوان. ته‌نێ ئه‌و
سه‌رچاوه‌ى به‌زه‌یى و ویسته‌كانه. شایانى سوپاسگوزاریى و ستایشه.
(
په‌روه‌ردگارا، تۆ په‌یوه‌ندیت له ده‌ره‌وه‌ى هاوسه‌ردارى
حه‌رامكردووه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوسه‌ردارى موباح بكه‌ى، ئێمه‌ت
هانداوه روو بكه‌ینه شتێكى باشتر و له‌وێشه‌وه كه پاكژیت به‌خشییه
من) ل 92
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م وێنه‌یدا، ئامیلیا وێنه‌یه‌كى دیكه به خودا
ده‌به‌خشێ، بۆیه كه ئاگۆستین ده‌نووسێ: ( یه‌زدان له سه‌رووى هه‌موو
شتێكه‌وه‌یه و خوازیارى ژیانێكى پاكژانه‌یه بۆ من) ئامیلیا ده‌نووسێ:
( چه‌نێ سه‌خته برِوا كردن به خودایه‌كى ئه‌وتۆ) ل 24
ئامیلیا باوه‌رِه كه خودا مرۆڤى به نێر و مێ دروستكردووه، و رێى
داوه ژن و مێرده‌كان پێویستیى و هه‌سته‌كانى خۆیان ده‌رببرِن. خودا
خۆى تواناى جه‌سته‌یى و ئاره‌زووى به مرۆڤ به‌خشیوه. ئامیلیا ئه‌و
كاره‌ى خوا بۆخۆى پیرۆز ناكات ،كه ئاگۆستینى فێركردووه : (به‌هه‌مان
شێوه خۆراك بخۆ كه مرۆڤ ده‌رمان به‌كارده‌هێنێ)ل 34 ئه‌و برِواى
وایه مرۆڤ رێگه‌پێدراوه بخوات و چێژ له خواردن و بۆن كردن و حه‌زه
جه‌سته‌ییه‌كان وه‌ربگرێت. خوا چۆن چاو و گوێى به‌خشیوه ئاواش
ئه‌ندامى جنسیى پێ به‌خشیوه.هه‌روه‌ها خوا چۆن جه‌سته‌ى به‌خشیوه
ئاواش روحى به‌خشیوه و لێكیان جیاناكاته‌وه.ئامیلیا برِواى هه‌رگیز
به خوایه‌ك نییه كه جه‌سته‌ى مرۆڤه‌كان له‌یه‌كترى جیا بكاته‌وه.
هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ى ئاگۆستین، برِواشى به خودایه‌ك نییه كه
تورِه بێت و كرده‌ى به‌نده‌كانى خۆى تا ئه‌به‌دییه‌ت سزا بدات و به
عه‌زاب گرفتارییان بكات. یان بۆ جوبرانكردنه‌وه‌ى گوناهه‌كانى مرۆڤ
كورِه تاقانه‌كه‌ى له خاچ بدات. ئه‌گه‌ر خودایه‌ك به‌و شێوه‌یه
هه‌بێت ئه‌وه ته‌نیا خوداى ئاگۆستینه نه‌وه‌ك خوداى ئامیلیاش.
(خوزگه خوداكه‌ى تۆش) ل 59 ( جارێكى دى ده‌سته‌و دامێنى خودایه‌كه‌ت
ده‌بى) ل 92. هه‌روه‌ها ئه‌ڤینى خوداییش ته‌نها به‌هانه‌یه‌كه بۆ
خیانه‌ت كردن له ژن. خوداى ئامیلیا ئه‌و خودایه‌یه كه هه‌م عه‌رد و
ئاسمانى دروستكردوون و هه‌م ڤینۆس ( ره‌مزى جوانى) درووست
كردووه.پیاویش كه ژنێك په‌سه‌ند ده‌كات، له خودا دوور
ناكه‌وێته‌وه.چونكه ( وێده‌چێ خوداوه‌ند مه‌به‌ستى نه‌بێ مامه‌ڵه
به روحى ئێمه‌وه بكات، ره‌نگه و وا پێده‌چێ ئه‌و خودایه‌كى
میهره‌بان و پرِ به‌زه‌یى بێ، خواوه‌ندێ كه ئێمه‌ى ئه‌فراندووه تا
ده‌و جیهانه‌دا بژین) 98
ئاگۆستین و ئامیلیا هه‌ردووكیان باوه‌رِ ده‌كه‌ن، خودایه‌ك هه‌یه،
سه‌ربارى جیاوازییه‌كان، به‌ڵام باوه‌رِ ده‌كه‌ن كه خودا به‌خشنده‌یه
و مرۆڤ (زیندوو ومردوو) ده‌به‌خشێت.وه‌ك چۆن دادگاییشى ده‌كات.(
ئه‌گه‌ره كو خودایه‌ك هه‌یه، لێگه‌رِێ با چاو ده گوناهه‌كانى تۆ
بپۆشێ، به‌شكم رۆژێكیش به‌وهۆیه‌وه كه جه‌نابت پشتت له هه‌موو
چێژه‌كانى ژیان كرد، دادگاییت بكا) 99
به
كورتییه‌كه‌ى، ئاگۆستین و ئامیلیا دوو وێنه‌ى خودامان بۆ ره‌سم
ده‌كه‌ن، سه‌ربارى جیاوازییه‌كان، یبه‌ڵام چه‌ندین خاڵى هاوبه‌شیشیان
هه‌یه، له‌وانه كه ئه‌و خودایه مرۆڤى ئه‌فراندووه، ده‌یانبه‌خشێت
و پاداشتییانده‌داته‌وه و دادگاییان ده‌كات و سزایان ده‌دات.
ئه‌گه‌رچى خوداكان دوو وێنه‌ى جیاوازیشیان هه‌یه، به‌ڵام له
ئه‌نجامدا هه‌ر خودان، یه‌كیان مرۆڤ به‌ره‌و روح ده‌بات و ئه‌وه‌یدیكه
به‌رو جه‌سته، یه‌كیان به‌ره‌و ژیانێكى دى و یه‌كیان به‌ره‌و ئه‌و
دنیایه، یه‌كیان حه‌زه جه‌سته‌ییه‌كان قبوڵ ده‌كات و ئه‌وه‌ى دیكه
نه‌فره‌تى لێده‌كات، یه‌كیان خوداى پیاوه ونه‌فره‌ت له ژن ده‌كات،
ئه‌ویدیكه‌یان خوداى ژنه و ئافره‌تى خۆشده‌وێ.
له
ئاكاندا، ئاگۆستین و ئامیلیا و گۆرده‌ر، خودایه‌كیان هه‌یه.
چاره‌سه‌رى گۆرده‌ر بۆ كێشه‌ى خودا وه‌ك هه‌بوویه‌ك، ئه‌وه‌یه كه
خودا ته‌نیا یه‌ك دیوى تۆقێنه‌ر و ترسێنه‌ر و مه‌رگدۆستى نییه، به‌ڵكو
دیوێكى میهره‌بان و مرۆڤدۆست و ژیاندۆستیشى هه‌یه.هه‌ردوو خودا‌ش خوداى
مه‌سیحیین، گۆرده‌ر خودا ناكۆژێت به‌وه‌ى هێزى ژیانى لێبستێنێته‌وه.
به‌وه‌ى له بن سێبه‌رى خوادا عه‌شق ناكرێت و جه‌سته‌ش پاك نابێته‌وه،
به‌ڵكو ئه‌و پێى وایه ده‌كرێت ئه‌و وێنه مه‌رگدۆست و رقاوییانه‌ى كه
خوا هه‌یه‌تى بۆ ژیان و بۆ مرۆڤ له خودا دابماڵرێت و خودایه‌كى جوان و
ژیكه‌له‌ى میهره‌بان و هونه‌ردۆستمان پێشكه‌ش بكات، كه په‌رستنیشى
ده‌بێته هونه‌رى ژیان.
ئه‌مه
وێنه‌یه‌كى گۆرده‌ره بۆ خودا كه‌له‌سه‌ر زارى ئامیلیاوه پێشكه‌شمان
ده‌كات، وێنه‌یه‌ك كه نیچه زۆر به توندى مه‌حكومى ده‌كات و ته‌نها
به‌كوشتنى خودا، ده‌توانێت مانا‌و به‌هایه‌كى نوێ به جه‌سته وعه‌شق و
هه‌قیقه‌ت ببه‌خشێت. گۆرده‌ر وه‌ك نیچه نه‌یتوانیوه له وێنه‌كانى
خودا و مه‌سیحییه‌ت ده‌رباز ببێت و بپه‌رِێته‌وه سه‌ر ته‌فروتوناكردنى
چه‌مكه‌كان، ته‌نیا به‌وه‌نده وازى هێناوه كه وێنه‌یه‌كى دیكه‌ى
پێچه‌وانه پێشكه‌ش بكات. گۆرده‌ر هێرِش ده‌كاته سه‌ر خوداى
مانه‌وییه‌كان و ئه‌فلاتونییه‌كان، به‌ڵام پێى وایه مه‌سیحییه‌ت شتێكى
دیكه‌یه و خوداى ئامیلیا خوداى هه‌قیقى مه‌سیحییه‌كانه، كه
خودایه‌كى ژیكه‌له و مرۆڤدۆست و ژیاندۆسته. خوداییه‌ك كه قبوڵى
نییه به‌ناوى ئه‌وه‌وه، ئه‌ڤین بكرێته قوربانى، خوداییه‌ك كه‌داواى
ئه‌وه‌ى نه‌كردووه مرۆڤ نه‌فره‌ت له ژیان وجه‌سته و حه‌زو
شه‌هوه‌ته‌كانى ژن بكات. خوداییه‌ك كه نه‌یویستووه مرۆڤ پشت له
حه‌زوو ئاره‌زوو هه‌سته‌كانى بكات، خودایه‌ك تێى گه‌یاندووین كه (ژیان
كورته) و ئێمه‌ى بۆ ئه‌وه ئه‌فراندووه بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ژیانه
كورته‌دا بژین و چێژ وه‌ربگرین.
هه‌رچۆنێك بێت، ئێمه وێنه‌ى هه‌ر خودایه‌ك قبوڵ بكه‌ین و ره‌ت
بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه ماناى ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه یه‌كێك (ئاگۆستین
یان ئامیلیا) خوداناسه‌و ئه‌وه‌ى دیكه خوانه‌ناسه، نه‌خێر
هه‌ردووكیان خودا ناسن. خودا‌ش ده‌كرێت هه‌ردوو وێنه‌كه بێت و له
ئه‌نجامیش خودا وه‌ك بابه‌ت جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى نابێت و
خواناسه‌كانیش دیسانه‌وه جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆیان نابێت و بۆ ئه‌وه‌ى
له‌ره‌گه‌وه ئێمه بگۆرِن و له خودامان دوور بخه‌نه‌وه یان نزیك
بخه‌نه‌وه، هه‌ردوو كارئه‌كته‌ر ئه‌وه‌مان له‌ناودا شین ده‌كه‌ن، كه
خودا هه‌یه. پاداشت و سزامان ده‌داتێ. ره‌نگه ژیكه‌له و ره‌نگه
دڵرِه‌ق بێت. بۆیه هه‌وڵه‌كه‌ى گۆرده‌ر سورِانه‌وه‌یه له‌ناو
بازنه‌یه‌كدا كه سه‌رئه‌نجام هه‌ر ده‌گه‌ینه‌وه به‌ر قاپییه‌كه‌ى
خودا، جا چ له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌كانمان بین، یان به زووگرتى و كۆڵێ
گوناهه‌وه.
گۆرده‌ر دواى نیچه خودامان بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه. ده‌شیهه‌وێت
له‌گه‌ڵ ئه‌و خودایه‌دا، زه‌وق و ژیان بكه‌ین و چێژ له‌و ژیانه كورته
وه‌رگرین، گۆرده‌ر پێمان ده‌ڵێت، با مرۆڤ هه‌سته‌كانى خۆى تێر كات،
ژیان كورته و فریاى ئه‌وه ناكه‌وین به‌ناوى خوداوه ئه‌ڤین و
خۆشه‌ویستى و شه‌هوه‌ت و مه‌یله نه‌فسانییه‌كان بكه‌ینه قوربانى
خودایه‌ك كه ئاگۆستین ئه‌فراندوویه‌تى.
هه‌ر
لێره‌وه، گۆرده‌ر ده‌توانێت ئه‌وه‌مان له‌ناودا بچێنێت كه ژیان
بكه‌ین و پرِ به هه‌سته‌كانمان بژین، به پێچه‌وانه‌ى ئاگۆستین
عه‌وداڵى دنیایه‌كى دیكه نه‌بین و هه‌سته‌كانمان له پێناو روحماندا
نه‌چه‌پێنین. روحیش به ژیان كردنه‌وه رزگار ده‌بێت نه‌وه‌ك به
دووره په‌رێزى و فه‌رامۆش كردنى ژیان.
به‌ڵام
ئه‌وه ماناى وانییه، كه ئاگۆستین و خوداى ئاگۆستینمان فه‌رامۆش كرد
و ژیاین، ئیدى ده‌بێت ئێمه‌ش ببینه ئامیلیا فلۆریا و وه‌ك ئه‌و خودا
بناسین.به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت ماوه‌یه‌كى زۆریش له خوداى ئه‌ویش
دووربكه‌وینه‌وه و وه‌ك خۆمان له ئیرِاده‌ى خۆماندا، خۆمان بۆ ژیان
به‌رِه‌ڵاكه‌ین، چونكه به راستى ژیان كورته!!
یۆستین گۆرده‌ر، ژیان كورته، نامه‌یه‌ك بۆ ئاگۆستینى
قه‌دیس، وه‌رگێرِانى : رێبوار سیوه‌یلى. ده‌زگاى چاپ و په‌خشى
سه‌رده‌م. چاپى یه‌كه‌م ساڵى 2009 كوردستان سلێمانى.
ژێده‌ر:
*
خوێنه‌رى خۆشه‌ویست بۆ نووسینى ئه‌و بابه‌ته سوودێكى زۆرم له
ویكبیدیا دیت، به نووسینى ناوى (ئاگۆستین ، مۆنیكا،مانه‌ویى و
ئه‌فلاتۆنییه نوێییه‌كان) له به‌شى گه‌رِاندا، هیوادارم تۆش بتوانیت،
له لایه‌ن خۆته‌وه راسته‌وخۆ بچیته ناو ئه‌و سه‌رچاوانه‌وه.
http://ar.wikipedia.org/wiki
حیران محتار - " مانی" یرپ "زرادشت" و "محمد"ورپهما
http://el7ad-el7ad.blogspot.com