كچه‌ى پرته‌قاڵ سێیه‌مین رۆمانى یۆستاین گارده‌ره، دواى
ئه‌وه‌ى ( له ئاوێنه‌یه‌كدا، له نهێنییه‌كدا و ژیان
كورته)دا، له‌و ماوه‌یه‌دا بخوێنمه‌وه.
له رۆمانى یه‌كه‌مدا، گارده‌ر زیاتر شێوه‌ى سۆفییه‌ك و
فه‌یله‌سوفێكى رامانكار وه‌رده‌گرێت له ژیان و مردن و
دیتنى شته‌كانى پشت په‌رده‌وه. له رۆمانى دووه‌مدا
مه‌سیحییه‌كه به چاوێكى دى ته‌ماشاى دین و عه‌شق و روح و
خودا و ئه‌ڤیندارى و ژیان ده‌كات.
له‌و رۆمانه‌شدا، گارده‌ر نووسینه‌كه‌ى خستۆته ژێر یه‌ك
پرسیارى سه‌ره‌كى و گه‌وره‌وه، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا
پێویست ده‌كات ئێمه له ناو ئه‌م گه‌ردوونه پان و
پۆرِه‌دا، له‌م جیهانه‌دا و له‌م دنیایه‌دا ژیان بكه‌ین؟!
ئه‌وه‌یان پرسیارى سه‌ره‌كى گارده‌ره له‌م رۆمانه‌دا،
ئه‌گه‌ر پێشتریش له (ژیان كورته‌دا) جۆره پێشبه‌رییه‌ك
بكات بۆ ئه‌وه‌ى پێویسته ئێمه، به‌لایه‌نى كه‌مییه‌وه
(مه‌سیحییه‌كان) چۆن بژین و چۆن خودا بناسن و چۆن
ئه‌ڤیندارى بكه‌ن و روح و جه‌سته‌یان بكه‌نه یه‌ك بابه‌ت
و رزگارییان بكه‌ن، ئه‌وه له‌و رۆمانه‌دا، گارده‌ر گشتی‌تر
و فره‌وانتر پرسیاره‌كانى پێشكه‌ش به خوێنه‌ره‌كانى
ده‌كات.
گارده‌ر له رێى نامه‌ى باوكێكى مردووه‌وه كه پێش مردنى
بۆ كورِه‌كه‌ى نووسیوه، ناواخنى نامه‌كه بریتییه له
پرسیارێكى گرنگى باوكه‌كه بۆ كورِه‌كه‌ى.پرسیاره‌كه‌ش
بریتییه له‌مه: ( وێناى ئه‌وه بكه كه كاتى خۆى چه‌ند
ملیارد ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و كاته‌ى هه‌موو شتێك
ئافه‌ریده‌كرا، تۆ له‌به‌رده‌م ئه‌م حه‌كایه‌ته‌دا
بوویتایه. مه‌زه‌نده‌ى ئه‌وه بكه كه برِیارى له
دایكبوونت بۆ ناو ژیانى ئه‌م سه‌ر زه‌ویه له‌ده‌ستى خۆتدا
بوایه. نه ده‌زانیت كه‌ى ده‌ژیت و نه ده‌شزانیت بۆ
ماوه‌ى چه‌ندێك ده‌ژیت، به‌ڵام له هه‌موو بارێكدا ماوه‌ى
ژیانت له چه‌ند ساڵێك زیاتر تێناپه‌رِێت. ته‌نها
ئه‌وه‌نده ده‌زانیت ئه‌گه‌ر برِیار بده‌یت رۆژێك له
رۆژان بیێته ناو ئه‌م ژیانه‌وه یان وه‌ك ده‌ڵێن كه "كات
پرِ ده‌بێت" یا خود "له‌كاتى خۆیدا" له‌دایك ببیت، ده‌بێت
به ناچارى رۆژێك له رۆژانیش هه‌موو شتێك به‌جێبهێڵیت.
پێیده‌چێت ماته‌مینیه‌كى گه‌وره داتبگرێت، چونكه
خه‌ڵكانێكى زۆر پێیان وایه ژیانى ناو ئه‌و حه‌كایه‌ته
گه‌وره‌یه هه‌ر زۆر زۆر خۆشه، ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه
له‌وه‌ى كه رۆژێك له رۆژان ده‌بێت به جێیبهێڵن فرمێسك
به چاویاندا دێته خواره‌وه.ره‌نگه سه‌رتاپاى شته‌كانى
ژیان باش و نایاب بن، ئه‌و كاته هه‌ر بیركردنه‌وه
له‌وه‌ى كه رۆژانى تر‌ى به‌دوایدا نایه‌ت، له‌راده‌به‌ده‌ر
ئازارت ده‌دات)
دواتر وتم : ( ئه‌و كاته كامیانت هه‌ڵده‌بژارد جۆرج؟
مه‌به‌ستم له‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هێزێكى وا گه‌وره هه‌بوایه
و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى بخستایه‌ته ده‌ستى خۆته‌وه؟ تۆ
ژیانى سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ت هه‌ڵده‌بژارد؟ گه‌ر ژیانت كورت
بوایه یان درێژ؟ گه‌ر سه‌د هه‌زار ساڵ بوایه یان
سه‌دملیۆن ساڵ)ل 181
لێره‌دا گارده‌ر پرسیارێكى شیمانه‌یى (فه‌ره‌زى) پێشكه‌ش
به ئێمه ده‌كات ، ئایا ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستى خۆمان بوایه
ژیانى سه‌رزه‌مینمان هه‌ڵده‌بژارد؟
سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم،
كه پرسیارى شیمانه‌یى له ناو رۆشنبیرى ئێمه‌دا كه‌ڵك و
بایه‌خ و به‌هایه‌كى ئه‌وتۆى نیه، ته‌نانه‌ت رۆشنبیر
هه‌یه پێى وایه پرسیارى فه‌ره‌زى ته‌نها بۆ زاخاوى مێشك
باشه؟! به‌ڵام ئه‌وه له‌و رۆمانه‌دا له‌وه ده‌گه‌ین كه
پرسیارى شیمانه‌یى ده‌توانێت چ رۆڵێكى كاریگه‌ر و ئه‌رێنێ
ببینێ له هوشیارى ئێمه‌دا. بۆیه وه‌رگێرِانى ئه‌و
رۆمانه ئه‌گه‌ر هیچ نه‌كات ئه‌وه حه‌یایه‌ك به پرسیاره
شیمانه‌ییه‌كان ده‌داته‌وه. له‌هه‌مان كاتیش‌دا هانمان
ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بوێرانه‌تر پرسیارى شیمانه‌یى تر
پێشكه‌ش بكه‌ین.
دواى ئه‌وه خودى پرسیاره‌كه، پرسیارێكه ره‌نگه له زۆر
شوێن و كات و كه‌سانى دیكه‌وه كرابێت و وه‌ڵامیش
درابێته‌وه، ره‌نگه، خه‌یام یه‌كێ له‌و سۆفى و شاعیرانه
بێت وه‌ڵامى زۆرى پێبێت بۆ ئه‌و پرسیاره، شۆپنهاوه‌ر
فه‌یله‌سوفێكى دیكه‌یه و ره‌نگه له گارده‌ریش زیاتر خۆى
به‌و پرسیاره‌وه سه‌رقاڵ كردبێت و وه‌ڵامى
دابێته‌وه.له‌ناو عه‌ره‌به‌كاندا ره‌نگه ده‌نگى
مه‌عه‌رِى به ئێمه‌وه ئاشنا بێت كه وه‌ڵامى ئه‌و
پرسیاره ده‌داته‌وه.
كه‌واته گارده‌ر یه‌كه‌م و دوا كه‌س نیه ئه‌و پرسیاره
ده‌كات و وه‌ڵامیشى ده‌داته‌وه. پرسیارى مردن له لایه‌ن
مرۆڤ به گشتى و له‌لایه‌ن نووسه‌ر و شاعیران و
فه‌یله‌سوفان به تایبه‌تى، هه‌میشه پرسێكى ئه‌نتۆلۆژى و
هزرییه، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام پرسیارى نوێتر و زیاترى
له‌سه‌ر بكرێت، پرسیاركردن له‌باره‌ى مردن، ره‌نگه به
شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گه‌رِان بێت له ژیان و جاویدانى.
له نه‌مریى، چونكه كێشه‌كه له‌وه‌یه مرۆڤ بێ پرسیار و
هه‌ڵبژاردن دێته سه‌ر دنیا و دواتر ده‌زانێت چ زوو یان
دره‌نگ ئه‌و سه‌رزه‌مینه به‌جێدێڵێت. كه تێده‌گا ئه‌و
دنیایه تا سه‌ر نییه، ئینجا پرسیاره‌كان داواى وه‌ڵامى
لێده‌كه‌ن و مردن و بوون و نه‌مریى و دنیاى دیكه ده‌بنه
بابه‌تى رۆژانه‌ى مرۆڤ و بابه‌تى تێكسته ئه‌ده‌بى و
فه‌لسه‌فییه‌كان.
گلگامێش، یه‌كێكه له‌و تێكسته كۆنانه‌ى ترسى مرۆڤ
به‌رامبه‌ر مردن نیشان ده‌دات، پرسیارى خه‌لاس بوون و
رزگاربوون ده‌كات له مردن؟ كاتێك ئه‌نكیدۆ ده‌مرێت .
گلگامێش پرسیار ده‌كات: (ناكرێت له‌م چاره‌نووسه رزگارمان
بێت؟) بۆیه به‌دواى نه‌مریدا ده‌گه‌رِێت و نایه‌وێت
بمرێت.
له لاى بودا له‌دایك بوون و پێنانه ناو ژیان سه‌رچاوه‌ى
شه‌رِ و ناخۆشى و ئازار و مه‌ینه‌تییه، بۆیه مردن لاى
ئه‌و رزگاربوونه له‌و ئێش و ئازارانه، كۆتایى مرۆڤه و
دواى ئه‌وه ناگاته‌وه دنیایه‌كى دیكه. بۆیه مردن لاى
بودا رزگاركه‌رى مرۆڤه له ئازار و مه‌ینه‌تى.
زینۆنیش ده‌ڵێ مادام دنیا هه‌ر ته‌واوبوون و له‌ناوچوونه،
با حه‌ز له مردن بكه‌ین.
لێ با بگه‌رِیێنه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ى گارده‌ر، ئایا
ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ڵبژاردنى سه‌ر دنیاى هه‌بێت ، بێت یان
نه؟ ئه‌و وه‌ڵامى خۆى ئه‌وه‌یه : به‌ڵێ با مرۆڤ بێته
سه‌ر دنیا و بۆ ماوه‌یه‌كى كورتیش بێت با بژى)
(به‌ڵام وا سه‌رئه‌نجام برِیارى خۆممدا و یه‌كێك له
هه‌ڵبژاردنه سه‌خته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌م. له‌سه‌دا
سه‌د دڵنیام كه ژیانى سه‌ر زه‌ویم هه‌ڵده‌بژارد،
هه‌رچه‌نده بۆ "ماوه‌یه‌كى كه‌م"یش بێت) لا 214
وه‌لێ (خه‌ییام) رایه‌كى دیكه‌ى هه‌یه:
هاتن به‌ده‌ستى خۆم نه‌بوو، هێنایانم
ده‌رچوونه‌ده‌ریش چۆن و كه‌یه؟ نازانم
سه‌د خۆزگه نه‌هاتبام، نه‌چووبام، نه‌ببام
له‌م گێره و كێشه‌دا ره‌حه‌ت با گیانم (1)
له لاى خه‌ییامدا، ئه‌گه‌ر هاتنه دنیا به‌ده‌ستى مرۆڤ
بوایه، ئه‌وه خه‌یام ژیان و بوونى هه‌ڵنه‌ده‌بژارد،
به‌ڵكو عه‌ده‌مى پێ باشتر بوو.چونكه ژیان گێره و
كێشه‌یه، گیان ئه‌زیه‌ت ده‌دات و ئاسووده‌ییش ته‌نیا له
عه‌ده‌م و نه‌بوون دایه.
دیاره كێشه‌ى بوون و عه‌ده‌م، مردن و هه‌بوون، كێشه‌یه‌كى
كۆنه به‌قه‌د ته‌مه‌نى مرۆڤ. زۆرێك له‌به‌ر ئێش و
ئازاره‌كانى ژیان و بێ ماناییبوونى ئه‌م هه‌بوون و مردنه،
ئه‌م هاتن و چوونه. عه‌ده‌میان پێ باشتر بووه له
بوونێكى كه‌م خایه‌ن و ته‌مه‌نێكى كورتى پرِ ئێش و ئازار.
ژیان ئێشه و ئازاره و دواتریش له ناوچوون. یان هه‌تا
ئه‌گه‌ر ژیان ئێش و ئازاریش نه‌بێت و با به ئاره‌زووى
مرۆڤیش بگه‌رِێ، به‌ڵام دواتر چى؟ مرۆڤ ده‌گاته كوێ و چى
به‌ده‌ست دێنێ؟ به‌چى دڵى خۆش ده‌بێت؟ مرۆڤ هه‌رچى بكات و
ببینێت و چێژیش له‌م دنیایه وه‌رگرێت سه‌رئه‌نجام عه‌ده‌م
دێت و ده‌یپێچێته‌وه. بۆیه وه‌ك خه‌ییام ده‌ڵێ:
وه‌بزانه جیهان به ئاره‌زووى تۆ ده‌گه‌رِێ
ئه‌م چه‌رخ و خوله‌ى هه‌مووى به فووى تۆ ده‌گه‌رِێ
وه‌بزانه كه سه‌د ساڵى ژیاى، پاشان چى؟
مه‌رگێكه له‌سه‌ر رێگه له دووى تۆ ده‌گه‌رِێ (2)
گه‌رِانى مه‌رگ به دووى مرۆڤدا، خۆى له خۆیدا، بابه‌تێك
و تێگه‌یشتنێكه دنیاى فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بى به‌خۆیه‌وه
سه‌رقاڵ كردووه، مه‌رگ توانیویه‌تى مرۆڤ و فه‌لسه‌فه و
ئه‌ده‌ب و رۆمان و شعر و زانست و ته‌واوى كایه‌كانى دیكه‌ى
مرۆڤایه‌تى به خۆیه‌وه ببه‌ستێته‌وه، زیاتر له‌مه‌ش
مرۆڤ نه‌توانێت ژیانى له مردنى جیا بكاته‌وه. بۆیه ئه‌م
بابه‌ته كاردانه‌وه و تێگه‌یشتنى جیاواز و راى تایبه‌تى
لاى زۆرێك له مرۆڤه‌كان به گشتى دروست كردووه. ئه‌گه‌ر
گارده‌ر له رۆمانه‌كه‌یدا پێى وابێت، پێویسته مرۆڤ به
ئاسووده‌یى ئه‌و ژیانه كورته قبوڵ بكات، ئه‌وه خه‌ییام
پێى وایه مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌و ژیانه كورته به سه‌رخۆشى
و چێژوو رابواردن به‌سه‌رى ببه‌یت، ئه‌گه‌ر نا شایانى ژیان
كردن نییه و خۆ ئه‌گه‌ریش مرۆڤ ده‌ستى له هه‌ڵبژاردنى
ژیاندا هه‌بووایه ئه‌وه باشتر ده‌بوو ره‌تى بكردبایه‌وه
و پێى نه‌نابایه ئه‌م ژیانه كورت و پرِ ئازاره.
شاعیر و فه‌یله‌سوفێكى تر، كه مه‌عه‌رِییه ئه‌ویش وه‌ك
خه‌ییام و ره‌نگه زیاتریش یان سه‌رگه‌رمانه‌تر به
(نه‌خێر) وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌ى گارده‌ر بداته‌وه و پێى
وابێت نه‌خێر ژیان ئه‌وه‌نده نایه‌نێت، پێ بخه‌یته ناوى
و به ئێش و ئازاراوه بتلێیه‌وه و دواتریش بمریت.
مه‌عه‌رِى له زۆرێك له شعره‌كانیدا، ستاییشى مه‌رگ
ده‌كات و عه‌ده‌مى له بوون پێ باشتره. ته‌نانه‌ت دواتریش
ده‌بینین، كه ده‌زانێت مه‌رگ له كۆتاییدا هه‌ر
ده‌یباته‌وه،ئه‌وه پێى باشتره خۆى به‌دواى مه‌رگدا
بگه‌رِێت و هیواى مردنى خۆى ده‌خوازێت. بۆیه مه‌عه‌رِى
له مردن ناترسێت و له‌ده‌ستیشى راناكات، به‌ڵكو پێى وایه
مه‌رگ (جه‌ژنه) ئه‌گه‌ر بێت و بیخاته ناو عه‌ده‌م:
(رۆژى مردنم جه‌ژن ده‌كه‌م)(3)
(ئه‌گه‌ر مه‌رگ لێم نزیك بۆوه
رقم له نزیكبوونه‌وه‌ى نابێته‌وه
ئه‌وه‌ى رێگه‌ى گۆرِى گرت
قایمترین قه‌ڵا ده‌باته‌وه)
جگه له‌مه‌ش مه‌عه‌رِى له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌دابووه، منداڵ یان نه‌بێت یان ئه‌گه‌ر بووش ئه‌وه
یه‌كسه‌ر هه‌ر له كاتى له‌دایكبونیدا بمرێت و به
خواردنه‌وه‌ى یه‌كه‌م قومه شریش رانه‌گات. هه‌ربۆیه‌شه
مه‌عه‌رِى دواتر هه‌موو ئه‌و رق و بێزارییه‌ى له ژیان و
هیواخواستنى مه‌رگ له دێره شعرێكى به‌ناوبانگدا
چرِده‌كاته‌وه. كه ئه‌م دێره شعره ئه‌وه نیشان ده‌دات
كه مه‌عه‌رِى نه‌وه‌ك ته‌نیا وه‌ك نووسه‌ر له ژیان
بێزاره و ئاواته خوازى مه‌رگه و حسابى جه‌ژنى بۆ
ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه وه‌ك
هه‌بووێك له‌م هه‌بوونه بێزاره و ئیدى ناشیه‌وێت خه‌تاى
بوون بخاته ئه‌ستۆى خۆیه‌وه و وه‌چه بنێته‌وه. وه‌ك
ئه‌وه‌ى كه باوكى ئه‌و خه‌تایه‌ى كردووه و مه‌عه‌رِى
هێناوه‌ته بوون. بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى هه‌بوونى خۆى
له‌ده‌ستى خۆیدا نه‌بووه، ئه‌وه هه‌ڵبژاردنى
وه‌چه‌نانه‌وه و هێنانى كه‌سانى دیكه‌ى هه‌یه بۆ نێو
ئه‌م ژیانه. بۆیه نایكات و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ره‌ت
ده‌كاته‌وه، كه كه‌سێك له رێى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ودا بێته
سه‌ر دنیا. چونكه هاتنه‌بوون خه‌تایه. گوناهه مرۆڤێك
(باوك) ده‌رهه‌ق به (منداڵه‌كه‌ى) بیكات. بۆیه وه‌سییه‌ت
ده‌كات له‌سه‌ر گۆرِه‌كه‌ى بنووسن:
(هژا جناه أبی علێ وما جنیت على أحد)
واته له‌به‌رامبه‌ر پرسیاره‌كه‌ى
گارده‌ردا، مه‌عه‌رِیش به نه‌خێر وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
هه‌ر چۆنێك بێت، رۆمانى (كچه‌ى پرته‌قاڵ)
رۆمانى پرسیارێكه، كه خه‌ییام به چوارینه‌یه‌ك
كردوویه‌تى و وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه، مه‌عه‌رِییش به‌چه‌ند
دێره شعرێك و وشه‌یه‌ك كردوویه‌تى و وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه،
وه‌ڵامى خه‌ییام و مه‌عه‌رِى (نه‌خێره) و وه‌ڵامى
(گارده‌ر به‌ڵێ ) یه. ئه‌وه‌ى تر ئه‌وه‌یه گارده‌ر به
رۆمانێك ئه‌م پرسیاره ده‌كات و وه‌ڵامى ده‌داته‌وه. كه
من پێموایه ده‌كرا گۆرده‌ریش زۆر به‌كورتتر ته‌نیا به
چه‌ند لاپه‌رِه‌یه‌ك ئه‌و پرسیاره‌ى له خوێنه‌ر كردبا.
نه‌وه‌ك به(218 لاپه‌رِه)!.
رۆمانه‌كه له هه‌ندێ شوێندا، درێژدادرِیى
تێدایه، به‌تایبه‌تى كاتێك گارده‌ر ده‌كه‌وێته نێو ئه‌و
گریمانانه‌ى بۆ به‌كارهێنانى پرته‌قاڵه‌كانى كچه‌ى
پرته‌قاڵ ده‌كات و پێوه‌ندیشى به بابه‌تى سه‌ره‌كى و
پرسیارى سه‌ره‌كى رۆمانه‌كه‌وه نییه. له هه‌ندێ شوێندا
گارده‌ر كۆمه‌ڵێ یه‌كه‌ى بچووك ده‌خاته ناو تێكسته‌وه،
كه نه‌بوونییان هیچ له كاره‌كه ناگۆرِێت و
هه‌بوونیشییان جوانییه‌ك له تێكسته‌كه زیاد ناكات.
هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێ زانیارى نا پێویستیش له‌و رۆمانه‌دا
جێگه‌یه‌كى زۆرى گرتووه، چ سه‌باره‌ت به ته‌لیسكۆبى هۆبڵ
یان جۆره كۆنه‌كانى كۆمپیوته‌ر و هه‌ندێ زانیارى كه هه‌ر
خوێنه‌رێك ده‌توانێ له سه‌رچاوه‌ى تره‌وه و به
ورده‌كاریى زیاتره‌وه به‌ده‌ستى بێنێت.
له كۆتاییدا، كچه‌ى پرته‌قاڵیش یه‌كێكه
له‌و رۆمانانه‌ى كه گارده‌ر تیایدا به نه‌فه‌سى
گارده‌رییانه‌ى خۆى ده‌ینووسێت و وه‌ك رۆمانه‌كانى دیكه‌ى
من خوێندوومه‌ته‌وه، هه‌مان كارئه‌كته‌رى خۆى به‌سه‌ر
كارئه‌كته‌ره‌كان ده‌سه‌پێنێت، تا راده‌ى ئه‌وه‌ى ئێمه
به ئاسانى گوێمان له ده‌نگى ئه‌و ده‌بێت له نێو ده‌نگى
كه‌سایه‌تییه‌كانى رۆمانه‌كانیدا. هه‌ر لێره‌شدا پێم باشه
ئه‌وه بڵێم، وه‌رگێرِانى كاره‌كانى گارده‌ر، له لاى
وه‌رگێرِ (به‌هرۆز حه‌سه‌ن) كه ئاگادارم جگه له‌م
رۆمانه و (له ئاوێنه‌یه‌كدا له نهێنییه‌كدا)، رۆمانى
(مایا) شى وه‌رگێرِاوه‌ته سه‌ر كوردى. كوردییه‌كه‌ى
جوانه و جێگه‌ى ستایش و ریز گرتنه. چاكیشه كه خوێنه‌رى
كورد بتوانێت چه‌ند رۆمانێكى گارده‌ر یان هه‌ر نووسه‌رێكى
دیكه بخوێنێته‌وه، چونكه كاریگه‌رى خوێندنه‌وه‌ى یه‌ك
كار وه‌ك خوێندنه‌وه‌ى دوو یان سێ كار نییه. هه‌ر له رێى
ئه‌م وه‌رگێرِانانه‌دا ئێستا گارده‌ر له رۆشنبیریى
ئێمه‌دا ، ناوێكى دره‌وشاوه و جوانه. ئه‌و
وه‌رگێرِانانه‌ى به‌هرۆز دڵخۆشییان كردووم و وه‌ك چۆن پێشم
خۆشه كاك به‌هرۆز حه‌سه‌ن بتوانێت ، جگه له كاره‌كانى
گارده‌ر، ناوى تریش و تێكستى دیكه‌مان بۆ بكاته كوردى.
یۆستاین گارده‌ر، كچه‌ى پرته‌قاڵ. رۆمان.
وه‌رگێرِانى له دانیماركییه‌وه: به‌هرۆز
حه‌سه‌ن
چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى: چاپخانه‌ى ره‌نج.
سلێمانى 2006
سه‌رچاوه:
1.
چوارینه‌كانى خه‌ییامم وه‌رگێرِاوى مامۆستا
هه‌ژار، چاپى په‌خشانگاى ئازادى 2008 سلێمانى.ل 51
2.
چوارینه‌كانى خه‌ییامم وه‌رگێرِاوى مامۆستا
هه‌ژار، چاپى په‌خشانگاى ئازادى 2008 سلێمانى ل 233
3.
سه‌باره‌ت به مه‌عه‌رِى ئه‌و زانیارییانه
و زانیارى زیاتریش له چه‌ند ماڵپه‌رِێكى جۆراوجۆر
وه‌رگرتوون وه‌ك:
http://abualala.jeeran.com
http://www.alhawali.com
http://ejabat.google.com/