رانانێكى كورت بۆ (ئیسكه‌نده‌ر)ى هێرمان شوڵتز
هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د
پاڵنهریى سه‌ره‌كیم بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و رۆمانه، ئه‌وه‌بوو كه وهرگێرِهكهى (ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د)ه، چونكه یه‌كه‌م به‌رهه‌مى وهرگێرِدراوى ئه‌و وهرگێرِهم كه خوێنده‌وه (له‌به‌ر ده‌رگه‌ى ده‌ره‌وه- ى ڤۆڵڤگانگ بۆرِشێرِت)، زۆر چێژم لێوه‌رگرت، بۆیه ئه‌وه‌م له‌خه‌یاڵدا بوو، كه ئه‌و كابرایه شتى باش وهردهگێرِێت و باشیش وهریاندهگێرِێت. بۆیه ده‌ستم دایه ئیسكه‌نده‌ر.
ئیسكه‌نده‌ر رۆمانى نووسه‌ر (هێرمان شۆڵتز) ه ، كه وهرگێرِ كورته‌یه‌كى له‌سه‌ر ژیانى له پێشه‌وه‌ى په‌رتووكه‌كه‌دا نووسیوه.
نووسه‌رى ئه‌و رۆمانه، له‌و به‌رهه‌مه‌دا زۆرێك له پارادۆكسهكانى ژیانمان بۆ ده‌خاته روو، هه‌ر له نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا ، گوند و شاردا، ، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند دا، ژن و پیاودا، باوك و كورِدا، دایك و كچدا، زان و مردن‌دا و گه‌وره و بچو‌وكدا.
كۆمه‌ڵێ رووداوى خێرا، ، له نێوان توركیا و ئه‌ڵمانیادا، دنیاى رۆمانه‌كه دروست ده‌كه‌ن. دنیایه‌ك كه ده‌توانێت زۆرترین پارادۆكسه‌كان له خۆیه‌وه بگرێت و له نێو خۆیدا دوو جیهانى جیاواز كۆبكاته‌وه. به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م دوو دنیایه، هه‌رچه‌نده تێكه‌ڵاوى یه‌ك ده‌بن، به‌ڵام له نێو یه‌كدا نه ده‌توێنه‌وه و نه ئاوێته ده‌بن، كه تێكه‌ڵیش ده‌بن، دواتر جیهانێكى نوێ دێته به‌ر، له شێوه‌ى (ئیسكه‌نده‌ر) نه‌خۆش، ته‌نها، مات و بێده‌نگ. بێ دایك و باوك.
رووداوى رۆمانه‌كه، پێوه‌ندییه‌كى به تینى به واقیعه‌وه هه‌یه و له‌سه‌ر راستییه‌ك بیناكراوه، به‌ڵام (ئیسكه‌نده‌ر) ته‌نیا واقیع نییه، به‌ڵكو ئه‌و خهونهشه كه هه‌ر كه‌سێك حه‌ز ده‌كات بیكاته راستى، له‌وه‌ى ژیانێكى ئیرِادهییانه و به ویست و حه‌ز و خواستى خۆى بژیه‌ت، به‌وه‌ى له خه‌ون و راستییه‌كانى ئاوێته ببن و واقیعێكى به‌خته‌وه‌رى لێ له دایك بێت.
مرۆڤه‌كان چی‌یان ده‌وێت؟
1. سه‌فه‌ر كردن بۆ ده‌ره‌وه و كاركردن و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و گهرِانهوه بۆ وڵات.
2. له‌باوه‌شى سرووشتدا منداڵ و مهرِو ماڵهتهكه ببینێت، پێكه‌وه ئێواران به‌شادى بگهرِێنهوه نێو ماڵ. ئه‌و ماڵه‌ى باوه‌شى نه‌نه و باپیره گه‌رمییان كردووه.
3. كورِى دوور بگهرِێتهوه (یهنیكۆیا)، چاوێكى له دنیا بێت و چاوێكیش له دایك و باوكى پیر.
4. پیاسه‌یه‌ك به‌نێو توركیادا، شهرِابێك و ماچ وتێكئاڵان.
5. موزیك و سه‌فه‌ر و كاركردن.
6. گهرِانهوه بۆ وڵات و له ئامێزگرتنهوهى پارچه‌كانى دڵ و جه‌سته.
ئه‌مه و كۆمه‌ڵێك خواستى دیكه‌ى له‌و بابه‌ته، هیوا و خه‌ونى هه‌ر یه‌كێك له كارئه‌كته‌ره جیاوازه‌كانى ئه‌م رۆمانه‌یه، ئه‌و كارئهكتهرانهى له گوند و شار و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا، پێكه‌وه ژیانێك دروست ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌ت كه ئه‌ویش (مرۆڤ _ ئیسكه‌نده‌ر)ه، كۆده‌بنه‌وه. هه‌موویان ته‌با و رێكن له‌سه‌ر چاره‌نووسى ئه‌و منداڵه. كه له‌باوه‌شى سرووشت و نه‌نه‌و باپیره‌یدا بمێنێته‌وه و به‌رده‌وامى به ژیان بدات.
ده‌كرێت له‌و رۆمانه‌دا چه‌ندین پنت و خاڵ كۆبكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى سرووشت و شاردا، ته‌كنه‌لۆجیا و زانست و تهبیعهتتدا، هه‌روه‌هاش هه‌وڵده‌ین له زۆر شوێندا بزانین نووسه‌ر چ په‌یامێك ده‌داته خوێنه‌ر لهمهرِ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌وه، یان لهمهرِ ژیان و جیهانى رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا به‌گشتى، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ بنه‌ماى ئابوورى و سیاسى و رۆشنبیریى و فه‌رهه‌نگى قسه‌ى هه‌یه، له‌سه‌ر منداڵبوون و سێكسبازیى و رابواردن و خۆشه‌ویستى و عه‌شق و هاوسه‌رگیریى كۆمه‌ڵێ ئاماژه‌مان ده‌داتێ. له‌سه‌ر باوكایه‌تى و دایكایه‌تى و داپیریى و باپیریى و پێوه‌ندییه‌كانى نێوان سێ نه‌وه‌دا كۆمه‌ڵێ شت ده‌بێژێ.
ئیدى ئه‌و رۆمانه قسه‌ى زۆره و چێژى خوێندنهوهشى له‌وه‌دایه خوێنه‌ر بتوانێت بچێته نێو ئه‌و باس و خواسانه‌دا.
پێوه‌ندییه مرۆییه‌كان، پنتى سه‌ره‌كى ئه‌و رۆمانه‌ن ، ئه‌و هه‌ستانه‌ى كه‌سه‌كان له‌به‌رامبه‌ر مرۆكانى دیكه‌دا ده‌كرێت، به جیاوازى كه‌لتوور و ره‌گه‌ز و دین و ته‌مه‌ن و زمان و جوگرافیا و مێژوودا هه‌ستى پێبكه‌ن. به جیاوازى بارى ده‌روونى و بیركردنه‌وه و وشیاریدا دركى پێبكه‌ن.
ئه‌و رۆمانه رۆمانى جیاوازییه‌كانه، كه خۆشه‌ویستى ده‌توانێت هه‌موو پارادۆكسه‌كان كۆبكاته‌وه و هارِمۆنییایهك و گونجانێك له نێوان كه‌سه‌كاندا دروست بكات و ریتمى رۆیشتنى ژیانیش خۆشتر و هێمنتر و ئاسووده‌تر بكات. به شێوه‌یه‌ك كه جیاوازییه‌كان له كۆتاییدا له (هه‌ست) ى مرۆڤه‌كاندا به ته‌بایى له‌گه‌ڵ خود و له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تردا به بێگه‌ردیى كۆ ده‌بنه‌وه.
